دیکتاتۆره‌کان .. دڕنده‌کان .. له‌ ئاوێنه‌ ده‌ترسێن !
 

  

کامه‌ران عه‌زیز
Kamaran91@gmail.com


ئاوێنه‌ کامێرایه‌کی ڕاستگۆیه‌ و بێ مونتاجکردن وێنه‌ی ڕوداوه‌کان پیشان ده‌دات ..! ئاوێنه‌ هه‌موو شتێکی به‌رجه‌سته‌ و بینراو ته‌نانه‌ت سێبه‌ر و ڕه‌نگه‌کانیش به‌ بێ گۆڕان وه‌ک خۆی ده‌داته‌وه‌‌ ..! ئاوێنه‌ ده‌توانێ وێنه‌ی ده‌نگی ڕوداوه‌کان پێچه‌وانه‌ بکاته‌وه‌ و جارێکی دی بیکاته‌وه‌ به‌ ده‌نگ .. به‌ڵام ده‌نگێ که‌ جیاواز و دژ به‌ ئاراسته‌ی ده‌نگی پێشو بێت ..!
هه‌موو مرۆکان ناتوانن وه‌ک یه‌ک و به‌ هه‌مان بڕوابون له‌ به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌دا خۆیان ڕابگرن ! به‌ تایبه‌ت ئه‌و مڕۆڤانه‌ی که‌ گومانیان له‌ خۆیان هه‌یه‌ و هه‌ست به‌ ناشیرینی چه‌ند ڕوویی و درۆزنی که‌سایه‌تی خۆیان ده‌که‌ن ، هه‌ست به دژ‌ بونی ویژدانی مرۆیی ده‌که‌ن له‌ که‌سیه‌تی خۆیاندا .. ! چونکه‌ ئاوێنه‌ راستگۆترین وه‌ڵام و کاردانه‌وه‌ی پێ‌یه‌ ، که‌ به‌ هیچ ده‌سته‌ڵاتێک ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و درۆی پێ بکرێت ..! وه‌ به‌ داخراوترین کولتور شه‌رمن ناکرێت ..! وه‌ به‌ په‌یامی هیچ ئاینێک ته‌ڵخ و تاریک ناکرێت ..! به‌ خه‌یاڵی هیچ ئایدۆلۆژیایه‌ک ڕه‌نگ ناکرێت..! وه‌ به‌ هیچ یاساو شه‌رعێک وێنه‌کانی به‌ند نا‌کرێت ..! وه‌ به وه‌رگرتن و کاردانه‌وه‌ی ‌وێنه‌ی دڕنده‌ترین دیکتاتۆر ناله‌رێت و ناله‌رزێت ..!

ئاوێنه‌ له‌ پیشاندانی هیچ جیاوازیه‌کیش شه‌رم نا‌کات و ناتوانێت جیاوازی له‌ نێوان سروشتی و ده‌ستکردا نه‌کات و هه‌ریه‌ک وه‌ک خۆیان پیشانیان نه‌داته‌وه‌!.
وه‌ ئاوێنه‌ ناتوانێت درۆ و مه‌رایی بکات و به‌ درۆ ناشیرینی و پیسی و بێ میهری به‌ جوانی و پاکی و میهره‌بانی ، به ‌پێچه‌وانه‌ی یه‌کتر پیشان بدات ..!
ئاوێنه‌ ناتوانێت به‌ درۆ ستایشی سه‌رۆکه‌ دیکتاتۆر و لوت به‌رزه‌کان بکات و وێنه‌کانیان له‌ سه‌ر ڕوو و سنگی خۆی به‌ به‌رزی وجوانی ڕابگرێت ..! ناتوانێت وێنه‌ی چاوی سورو ده‌ست به‌ خه‌نجه‌ر و باڵای وه‌حشیه‌تیان بشارێته‌وه‌ ! وه‌ ناتوانێت له‌ ساتی پیری ده‌سته‌ڵاتیاندا به‌ ناشیرنی و قێزه‌ونی پیشانیان نه‌دا!

گه‌ر که‌مێک ڕۆچین و به‌راوردێک له‌ نێوان ڕابه‌ر و سه‌رۆکه‌ دیکتاتۆره‌کان و گیانه‌وه‌ره‌ دڕنده‌کان بکه‌ین ، ده‌بینین لێکچونێک له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ ..! ئه‌ویش ڕه‌نگ و ڕووی ترسناکیانه‌ !
بۆیه‌ گیانه‌وه‌ره‌ دڕنده‌کانیش له‌ کێو و جه‌نگه‌ڵه‌کاندا کاتێک وێنه‌ی خۆیان له‌سه‌رابی ئاوی که‌نار ڕوبار و گۆماوه‌کان ده‌بینن به‌ هه‌مان شێوه‌ی دیکتاتۆره‌کان به‌بینینی وێنه‌کانیان ڕاده‌چڵه‌کێن و به‌شه‌ڕ دێن ..! چونکه‌ له‌ دڕنده‌یی و که‌ڵبه‌ی درێژی خۆیان ده‌ترسێن و بڕوا به‌ وێنه‌ی دڕنده‌یی خۆیان ناکه‌ن .. !
به‌ڵام مرۆ میهره‌بان و به‌ سۆزه‌کان له‌ به‌ر ئاوێنه‌دا زیاتر خه‌نده‌ ده‌یانگرێ و پێ ده‌که‌نن ، وه‌ له‌به‌ر ئاوێنه‌دا زیاتر هه‌ست به‌ جوانی خۆیان ده‌که‌ن ، وه‌ له‌ به‌ر ئاوێنه‌دا بۆ خۆیان ده‌له‌نگێن و سه‌ما ده‌که‌ن . وه‌ مرۆ .. به‌ریئه‌کان .. ئازادیخوازه‌کان .. ژیان دۆسته‌کان ، به‌ پێچه‌وانه‌ی دیکتاتۆره‌کانه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو باری خۆشی و ناخۆشی .. هیوا و بێ هیوایدا شه‌یدای ئاوێنه‌ن و ناتوانن بۆ ته‌نها ساتێک به‌بێ بونی ئاوێنه‌ بژین ! چونکه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وام ژیانیان ببینن ..جه‌سته‌یان ببینن .. جونکه‌ ئه‌و کات هه‌ست به‌ ژیان کردن ده‌که‌ن هه‌ست به‌ نوێ بونه‌وه‌ ده‌که‌ن .. هه‌ست به‌ هه‌ستانه‌وه‌ ده‌که‌ن ،وه‌ له ‌بینینی بچوکترین نه‌گۆڕان و وه‌ستاویاندا هه‌ست به‌ بێزاری و توڕه‌یی ده‌که‌ن ..!
سه‌یرنی‌یه‌ گێرانه‌وه‌ی چیرۆک و سه‌رگوزشته‌ی پێشمه‌رگه‌کان ،زیندانه‌کان، بریندار و نه‌خۆشه‌کان بێ ئاوێنه‌ نی‌یه‌ ..! وه‌ک هه‌ناسه‌ و نان و ده‌رمان و هێز و ئازادی ، باسی بونی ئاوێنه‌ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن به‌ دوای ئاوێنه‌دا زۆر ماندوو بوون ، وێڵ بوون ، چوون و گه‌ڕاون تا پارچه‌یه‌کیان وه‌ ده‌ست که‌وتوه‌ ‌‌، چونکه‌ ئاوێنه‌ دڵنیایی و ئومێد و به‌رگری و مانه‌وه‌ به‌ ژیانی مرۆڤ ده‌به‌خشێت .. !
گه‌ر مرۆکان بونی خۆیان و ئاستی ژیانی یه‌کدیان له‌ سایه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌کاندا به‌ بێ گه‌ردی و ڕوونی وه‌ک ئاوێنه نه‌دییایه‌ ،ئه‌وا هیچ شۆڕش وهه‌ڵـمه‌ت و گۆڕانکاری و پێشکه‌وتنێک ڕووی نه‌ده‌دا ..!

که‌واته‌ دیکتاتۆره‌کان بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای حه‌قیقه‌ت ون بکه‌ن ، بۆئه‌وه‌ی زهنی ئاگایی ون بکه‌ن ، ده‌بێت هه‌میشه‌ له‌ گه‌ڵ ڕاستگۆیی ئاوێنه‌دا شه‌ڕبکه‌ن ده‌بێت زریان و تۆفان هه‌ڵکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئاوێنه‌ ته‌ماوی بکه‌ن ! ده‌بێت ته‌پ و تۆز و ڕه‌شه‌ با هه‌ڵکه‌ن تا ڕووی ئاوێنه‌ی تۆزاوی بکه‌ن ! ده‌بێت جه‌نگ و ئاگر و دوكه‌ڵ هه‌ڵگرسێنن تا ژیانی ئاوێنه‌یی پێ لێڵ بکه‌ن ! ده‌بێت که‌له‌بچه‌ دروست بکه‌ن تا مرۆڤه‌ ئاوێنه‌یی‌یه‌کانی پێ به‌ند بکه‌ن ! ده‌بێت یاساوڵ و جه‌لاد زیندان دروست بکه‌ن تا ڕۆژنامه و ئامێر‌ ئاوێنه‌یی‌یه‌کانی پێ سانسۆر بکه‌ن ! بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی ته‌واوکراوی وێنه‌ ئاوێنه‌یی‌یه‌‌کانی پێ کپ بکه‌ن ..!

ئه‌و ئامرازه‌ ئاوێناییانه‌ی که‌ دیکتاتۆره‌کان زیاتر ده‌ترسێنێت و له‌ خه‌و و خه‌یاڵی گورگانه‌ ڕایان ده‌چڵه‌کێنێت میدیا و ڕۆژنامه‌ ئازاد و ئاوێنه‌یی‌یه‌کانه‌ ، ئه‌و ئامرازه‌ ئاوێنه‌ییانه‌ی نه‌ک ته‌نها وه‌ک ئاوێنه‌ ده‌توانێت وێنه‌ی سایه‌و سێبه‌ری دیکتاتۆره‌کان به‌ کۆمه‌ڵگا پیشان بدا به‌ڵکو به‌ هۆی هه‌واڵنێر و نوسه‌ر و ڕۆشنبیره‌ ئازاده‌کانه‌وه‌ گیان و زمان و عه‌قڵ ده‌کات به‌ به‌ری میدیا ئاوێنه‌ی‌یه‌کاندا ‌ که‌ بتوانێت بێته‌ ده‌نگ و هه‌نگاو هه‌ڵگرێت و به‌ دوای هه‌نگاوه‌ نهێنیه‌کانی ده‌سته‌ڵاتدا بچێت و په‌رده‌ له‌ سه‌ر نهێنی‌یه‌کان لا بدات .. وه‌ک نهێنی باوه‌ڕ و ئایین و ئایدۆلۆژیا .. نهێنی به‌رنامه‌و یاسا و بڕیاری سیاسی .. نهێنی ده‌سته‌ڵات و شێوه‌ی ده‌سته‌ڵات .. نهێنی گه‌نده‌ڵی و دزی و ناعه‌داله‌تی ده‌سته‌ڵات .. نهینی بێ مافی و بێ به‌شی له‌ سایه‌ی ده‌سته‌ڵات .. نهێنی کێشه‌ و ڕوداوه‌کان بۆ کۆمه‌ڵگا ئاشکرا ده‌کات ، میدیای ئازاد ئه‌و ئامرازه‌ ئاوێنه‌ییانه‌یه‌ که‌ ده‌توانێت ببێته‌ ئاوێنه‌یه‌کی بێگه‌ردی ڕوون له‌ ژیانی چرکه‌ به‌ چرکه‌ی مرۆڤه‌کان ، که‌ هه‌رچی خه‌م و ئازارو کێشه‌ی مرۆڤه‌ دوور و نزیکه‌کانه‌ له‌ هه‌ر کوێ بن له‌ دیوی هه‌ر سنورێک بن له‌ سه‌ر زه‌وی بێت یان له‌ ئاسمان بۆ مرۆڤه‌کانی ئه‌و شوینه وه‌ربگرێت و بداته‌وه‌ ، رۆژنامه‌ی ئازاد نوسه‌ر و ڕۆشنبیر و هه‌واڵنێری ئازاد له‌ خۆ ده‌گرێت تا بتوانێت بیر و وشه‌ و وێنه‌ و ده‌نگ و ڕه‌نگی ئازاد به‌ ئازادی بۆ کۆمه‌ڵگا په‌خش بکات ، که‌واته‌ ڕۆژنامه‌ی ئازاد له‌ کۆمه‌ڵگای ئازاد دا ده‌توانێت بێ سانسۆر چاپ و بڵاو بکرێته‌وه‌ و به‌ ئازادی ڕۆژانه‌ بگاته‌ نێو پۆست و ده‌ستی هاوڵاتیان .

رۆژنامه‌ی ئازاد ئه‌و ئامرازه‌ ئاوێنه‌یی‌یه‌ که‌ده‌توانێت باز بدات به‌ سه‌ر سنوره‌کاندا وه‌ زنجیری سسته‌م و حوکم بکاته‌وه‌و بچێته‌ نێو ده‌رونیه‌وه‌ .. وه‌ په‌نجه‌ره‌ و ده‌رگای ماڵه‌کان .. ده‌زگاکان .. به‌ندیخانه‌کان .. کۆشکه‌کان .. واڵا بکات و هه‌موو کێشه‌ و ڕوداوه‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌کان وه‌ربگرێ و په‌خش بکاته‌وه‌ ، رۆژنامه‌ی ئازاد ، کاری راسته‌و خۆ له‌ سه‌ر ئاگای گشت کۆمه‌ڵگا ده‌کات له‌ کاره‌ دزێو و نا مرۆیه‌کان ئاگاداریان ده‌کاته‌وه‌ .. رؤژنامه‌ی ئازاد خۆڕسکانه‌ به‌ پێ‌ی کاری خۆی په‌یوه‌ندیه‌ دژه‌کان ، په‌یوه‌ندی‌یه‌ کۆمه‌ڵاتیه‌کان و په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵگاو ده‌سته‌ڵات دیموکراتیزه‌ ده‌کات و ده‌بێته‌ پردێکی زیندوی چه‌ند جه‌مسه‌ر له‌ نێوان ده‌سته‌ڵات و کۆمه‌ڵگادا بۆ ڕوو به‌ ڕوو کردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی داوا و خواسته‌ هاوتا و دژ به‌ یه‌که‌کان به‌ یه‌ک .

رؤژنامه‌ی ئازاد زۆرجار ده‌توانێت ببێته‌ پێشه‌نگی هه‌ڵمه‌ت و هه‌ستانی خه‌ڵک بۆ به‌دیهاتی گۆڕانکاری له‌ پێداوێسته‌کانی ژیان و چۆنیه‌تی کاری ئیداری و سیاسی ده‌سته‌ڵاتداران . بۆیه‌ کاتێک ڕۆژنامه‌ و میدای ئازاد گاریگه‌ری له‌ سه‌ر هۆ ش و ئاستی هوشیاری و ئاگایی و ده‌نگی مرۆکان داده‌نێت ده‌بێت ده‌سته‌ڵاتیش بیر له‌و سنوره‌ بکاته‌وه‌ که‌ ده‌توانێت ڕێگر بێت له‌ به‌رده‌م کاریگه‌ری میدیا و ڕۆژنامه‌ی ئازاد ، تا ده‌سته‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کان به‌ پێ‌ی به‌رنامه‌ و سیاسه‌تی خۆیان میدیا و ڕۆژنامه‌کان کۆنترۆڵ بکه‌ن و چه‌نده‌ها مه‌رج و قه‌ید و به‌ند بۆ میدیاکان دابنێن تا به‌ پێ‌ی مه‌رجه‌کانی ده‌سته‌ڵات کار بکه‌ن ، که نابێت ڕۆژنامه‌ ڕه‌خنه‌ گربێت له‌ ده‌سته‌ڵات به‌ڵکو ده‌بێت ستایشکاری ده‌سته‌ڵات بێت، ده‌بێت گوێڕایه‌ڵی ده‌سته‌ڵات بێت و داواکانی ده‌سته‌ڵات بۆ کۆمه‌ڵگا به‌یان بکات و داواکانی کۆمه‌ڵگاش سه‌ره‌و ژێر بکات ، نابێت نوێخوازو داهێنه‌ر بێت به‌ڵکو ده‌بێت سنوردار و باودار بێت ، ده‌بێت میدیا و رۆژنامه‌کان ئاگاداری یاسای ده‌سته‌ڵات بن و رێزی یاسای ده‌سته‌ڵات بگرن ، ده‌بێت میدیا و ڕۆژنامه‌کان فشار و ویسته‌کانی ده‌سته‌ڵات به‌ کۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نن و داواکانی کۆمه‌ڵگاش بخه‌نه‌ ژێر به‌ڕه‌وه‌ و بێ ده‌نگی لێ بکه‌ن دیکتاتۆره‌کان ده‌یانه‌وێت ڕۆژنامه‌ وه‌ک ئاوێنه‌ ڕووی له‌ دیوه‌ جوانه‌کانی ده‌سته‌ڵات بێت و پشتی له‌ دیوه‌ ناشیرینه‌کانی خۆیان بێت .. ! واتا ده‌یانه‌وێت رؤژنامه‌ بکه‌نه‌ ئاوێنه‌یه‌کی درۆزنی بێ گیان و زمان و سوڕانه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی خۆیاندا بێت و دڕنده‌یی ده‌سته‌ڵاتیان به‌ به‌ریئی په‌خش بکات ، وه‌ جوانی داوا و ژیان دۆستی و مرۆ دۆستی مرۆڤه‌کانیش به‌ شه‌ڕه‌نگێزی و نائارامی له‌ ڕؤژنامه‌کاندا‌ به‌ کۆمه‌ڵگا پێشان بدا ..!

له‌ سایه‌ی دیکتاتۆره‌کاندا میدیاو ڕۆژنامه‌ کاری ئه‌وه‌یه‌ هاوسه‌نگی بزواندنی چاو و گوێ و گه‌رو و بیرو هه‌ست و ده‌ستی گشت مرۆکان له‌ گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدا ڕێکبخات ، واتا کاتیك ده‌سته‌ڵات هاواری کرد کۆمه‌ڵگاش به‌ هه‌مان ڕیتمی ده‌سته‌ڵات هاوار بکات .. !
کاتێک ده‌سته‌ڵات کوێر بو کۆمه‌ڵگاش چاوی خۆی بگرێت ..! کاتێک ده‌سته‌ڵات که‌ڕ بوو کۆمه‌ڵگاش گوێ‌ی بئاخنێت ..! کاتێک ده‌سته‌ڵات ژیانی تاڵ و ناخۆشی مرۆکانی له‌ بیر کرد ، گشت مرۆکانیش ده‌سته‌ڵات له‌ بیر بکه‌ن ! کاتێک ده‌سته‌ڵات کپ و مه‌نگ بوو کۆمه‌ڵگاش ده‌بێت بێ ده‌نگ بێت ، به‌ڵام گه‌ر ده‌نگی خه‌ڵک پێچه‌وانه‌ی ده‌سته‌ڵات بو له‌کاتی ناکاتدا خه‌ڵک هاوار و ده‌نگی ئازادانه‌ی به‌رز کرده‌وه‌ ئه‌وا وه‌ک ئه‌و که‌ڵه‌شێرانه‌ که‌ له‌ نا کاتدا ده‌خوێنن سزای سه‌ربڕین وه‌رده‌گرن ! ئاواش ده‌نگی ئازادانه‌ی خه‌ڵک و رۆژنامه‌ ئازاده‌کان سزا وه‌رده‌گرن ، جونکه‌ هه‌روه‌ک چۆن خوێندنی که‌ڵه‌شێره‌کان له‌ نا کاتدا مانای هاتنی هه‌واڵی ناخۆشه‌..! ئاواش ده‌نگی ئازاد و پێچه‌وانه‌ و به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سته‌ڵات هه‌واڵێ ترسناکی پێ‌یه‌ دژ به‌ ده‌سته‌ڵات بۆیه‌ ده‌بێت کپ بکرێت سه‌رببڕڕێت ..!
02.10.2007
......................................................................
تێبینی :
ئەم وتارە لە ڕۆژنامەی ئاوێنەدا لە ژمارە (٨٨ ،٩٠ ) بە دوو بەش بڵاو بۆتەوە . بە پێویستم زانی بە هۆی شەهیدکردنی رٶژنامە نوسی لاوی هەمیشە زیندوو ( سەردەشت عوسمان ) جارێکی دی بڵاوی بکەمەوە ...!!
04.06.2010

 

           

 

09/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com