زۆر لە پیاوانمان هەمیشە باسی ڕەوشت و مامەڵەی مرۆڤانە
لەسەر دەمیانە، بە شێوەیەک بەر لە هەموو شتێک بەهای
ڕەوشت لە پێش هەموو هەنگاوێکی ژیاندا دادەنێن، بەڵام
گەر سەرنجێک لەو وێنانە بدەینەوە، کە ڕۆژانە لە ناو
کۆمەڵگاکەدا دەیانبینین، دەگەینە ئەو دەئانجامەی، کە
وێنەکان زۆر جیاوازن: پیاوێکی خاوەن بیری
پێشکەوتووخواز، کە لە دەسەڵاتدا خاوەنی شوێنی خۆیەتی،
جگە لەوەی ژنی سێهەم و چوارەمی هێناوە، شەوانەش لە
ژوورە سوورەکاندا ڕۆژ دەکاتەوە. لاوێکی کورد، کە لە
ئەوروپا دەژی کیژۆڵەیەکی کورد دەترسێنێت بە
بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لە ئینتەرنێتدا، گەر
داواکارییەکانی بەجێ نەهێنێت. پیاوێک هەرچەندە بە پێێ
وتەکانی خۆی دووپاتی بەهای ڕەوشتی بەرز و پاکی لە
نێوان پەیوەندی دوو هاوسەردا، بەڵام هەمان پیاو
کڕیارێکی هەمیشەیی لەشفرۆشەکانی شارە، بەشێکی گەورەی
پیاوان و کوڕانمان، کە باسی ماف و سەربەستی ئافرەت
دەکەن و ماف بە خۆیان دەدەن بۆ پەیوەندی خۆشەویستی،
بەڵام ڕێگەگرن لە هەر پەیوەندییەکی خۆشەویستییدا، کە
خوشکەکانیان یان کچەکانیان لەگەڵ یەکێکدا بیەوێت
بنیاتی بنێت.
ئەمانە ئەو وێنانەن، کە ڕۆژانە دەیانبینین لە ناو
کۆمەڵگاکەدا، کە نمایشی پیاوێکی پیاوسالار دەکات، لە
لایەکەوە لە ناو بیرۆکەی پیاوسالاری دواکەوتووی خۆیدا
وون بووە و لە لایەکی تریشەوە ئاستی نزمی ڕۆشنبیریی
بناغەی بیروبۆچوونەکانێتی، کە بە پەروەردەیەکی چەوت و
ئاین، دابونەریت، بیروبۆچوونە کۆنەکان ئابڵوقەی ئەو
هزرانەیان داوە، کە ڕێگە نادەن بە مرۆڤ ئاوڕێکی
واقیعییانەی پێشکەوتووخوازانە لە بەها و سەربەستی مرۆڤ
بدات، کە خودی کەسایەتیی پیاوەکە بەشێکە لەو ماف و
سەربەستییە. ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە بەشێکی
زۆری پیاوانمان لە بارێکی دووڕەوشتی و سێڕەوشتیدا
دەژی. واتە خاوەنی چەند کەسایەتییەک و چەند ڕەوشتێکی
جیاوازن و هەر یەکێک لەمانە بەو شێوەی، کە بۆیان
بلوێت، بەکاری دەهێنن. جا قوڵبوونەوەی پیاو لە ناو
بەندیخانەی پیاوسالارییدا هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی
نەتوانێت خودی خۆی لەو بەندیخانەیە ڕزگار بکات، کە
ئەمەش پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی پیاو ئافرەت وەک کەرەسەیەکی
سێکسیی و ئەمرازێک بۆ دەسەڵاتی خۆی تەماشا بکات.
گەشەی پیاوان و ئافرەتانی ئەم کۆمەڵگایەش لە ناو کێشەی
هزریی و دەروونیدا خۆی دەبینێتەوە و هەروەک زۆر لە
لایەنەکانی تری ژیان تاک لێرە ڕووبەڕووی چەندەها ڕێگر
لە گەشەدا دەبێتەوە، کە هەر ڕێگرێکیان دەبێتە هۆی
درووستبوونی کاردانەوەیەک، کە هەندێک جار ئاشکرا دەبێت
و هەندێک جاریش شاراوە دەبێت، بەڵام ڕەفتار و
مامەڵەکان بەڵگەنەویستێکی ئاشکران بۆ ئەو کێشانە.
هەرچەندە کۆمەڵگای ئێستای کوردی بە ڕووکەش گەشەیەکی
زۆری بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام لە لایەنی پێناسەی بۆ
دەستەواژەکانی ژیان و تێڕوانینی بۆ تاکەکەس، سەربەستی،
ماف، ڕەوشت و . . . هتد زۆر جار هەر لە سنوورە
کۆنەکاندا دەخولێتەوە. بەمەش هەتا ئێستا ڕەوشت لە ناو
کۆمەڵگادا پابەند دەکرێت بە لەشی ئافرەت و مامەڵەی
خوشک، دایک، کچ و بەڵکو ئافرەتانی خزمی تاکەکەس، بە بێ
ئەوەی ئاوڕێک لە مامەڵەی پیاوەکان بدرێتەوە لە ڕەفتاری
ڕۆژانەیان.
ئایا هزر لە کوێدایە لەم پێناسانەدا؟ لەم بنەمایانەدا؟
گەر مرۆڤ خاوەنی ڕۆشنبیرییەک و بنەمایەکی پتەوی ژیان
بێت، ئەی ڕەوشتی پیاوانمان بە چ پێوانەیەک دەبێت
بپێوین؟ گەر پێناسەی ڕەوشت بە پێناسەی پیاوسالاریی
بکەین و بەسەر ئافرەتدا بیسەپێنین، ئەی کێ هەیە کە
بەشداری ئەو پێناسەیە دەکات؟ تەنها ئافرەتانن یاخود
هاوسەرەکان، براکان، باوکەکان و کوڕەکانیش بەشداری ئەو
پێناسەیە دەکەن؟ گەر لە ڕووداوێکدا ئافرەتێک بە
بەدڕەفتار پێناسە بکەین، ئەی ئەو پیاوەی کە بەشداری لە
"بەدڕەفتارێتیی" ئەو ئافرەتەدا کردووە بە چی
هەڵیبسەنگێنین؟
بە داخەوە هەموو ئەو ڕەفتارە ناڕەوشتییانەی هەندێک لە
پیاوان، کە ڕۆژانە دەیانبینین، ئاوێنەی ئەو بارە
ڕۆشنبیریی و کولتوری و پێشکەوتنەیە، کە تیایدا دەژی،
هەرچەندە خۆهەڵخڵەتاندنی خود و دەوروبەر شێوازە
وێنەیەکی تر دەخاتە ڕوو. پیاوانی کۆمەڵگاکەمان دەبێت
ئەوەش تێ بگەن، کە ئەوانیش قوربانی بیرۆکەی
پیاوسالارین، ئەگەرچی شانازی پێوە بکەن و دڵشاد بن بەو
دەسەڵاتەی کە لە ناو کۆمەڵگادا هەیانە، چونکە پیاو و
ژن لە ناو ئەم کۆمەڵگایەدا پێکەوە لە ناو
بەندیخانەیەکدان کە ناوی بەندیخانەی پیاوسالارییە، جا
کێیان لە ناو بەندیخانەکەدا خاوەن دەسەڵاتە ئەوا هیچ
ڕۆڵێک نابینێت.
|