ته‌نیا هه‌نگاوێك ماوه‌ بۆ بردنه‌وه‌
 

  

كاردینا ی سپی


له‌ سه‌رقه‌برانه‌وه‌ بێده‌نگی
له‌ باخه‌كانی وتنه‌وه‌ بێده‌نگی
له‌خوداوه‌ بێده‌نگی

ئاوڕ له‌ قریشكه‌ ناده‌مه‌وه‌
خۆڵه‌مێش له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كانی ڕووت بونه‌وه‌م ناسوم

تارماییه‌كانیش توڕه‌ ده‌بن
زۆر جار شه‌وه‌زه‌نگ نوێژ ده‌كا
قورئان ده‌ست به‌سه‌ری ئایه‌تێكیا ئه‌هێنێ‌
شعرێك ده‌رگایه‌كی به‌ردین له‌سه‌ر ئاوازێك دائه‌خا
ئاوێنه‌یه‌ك ڕێگه‌یه‌ك به‌درۆ ئه‌خاته‌وه‌
منیش ترسم لای كۆڵانه‌ له‌یه‌ك چوه‌كان جێهێشت


مناڵیم زۆر جار خوێن به‌ ده‌میدا ئه‌هاته‌ خوار
به‌رات له‌و دیو ده‌رگا داخراوه‌كانی حه‌وشه‌وه‌ ژیری ئه‌كردمه‌وه‌
ئه‌وه‌تا كچێنیشم هه‌ر نزا ئه‌چنێ‌


كه‌ خۆم ئه‌كه‌م به‌ ژووری داگرسانی تۆفانێكا
هه‌ناسه‌كانم په‌نجه‌كانم چاوم لێوم ده‌بنه‌ شعر

لێره‌ ژنبوون خۆڵ بارانی نیشتمانی شه‌ره‌فه‌
گاڵته‌كردنه‌ به‌ گومه‌زی مزگه‌وته‌كانی خودا
ئیتر ده‌بێ‌ سكاڵای وه‌رزێكی له‌ده‌ست چوو چیبێت؟!!!!

لێره‌ له‌ترسی _له‌ده‌ستدان_ چاوه‌كانمان پڕه‌كه‌ین له‌ خۆڵ
پاكی ئه‌ده‌ین به‌ ده‌می سه‌گه‌وه‌
به‌رد ئه‌خه‌ینه‌ سه‌ر بینینی جوانی

ئێواره‌ زمانی له‌ به‌یانیه‌كدا بپژێ‌
ئاسمان خۆرئاوابون ناداته‌وه‌ له‌ پرچی
ڕوناكی سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ‌

من ته‌رزێكی بزێوم
لێناگه‌ڕێم بێ‌ مانابونی خۆیان بده‌ن به‌پرچمدا
لێناگه‌ڕێم قوڕقوشمی ڕق بده‌ن به‌ده‌می خه‌ونه‌كانی گه‌ڵاوه‌

زه‌رده‌خه‌نه‌ی گۆرانیه‌ك مه‌ستم ده‌كا
ماڵه‌باجێنه‌ی وه‌رزێك
حیكمه‌تی بێده‌نگیم فێر ده‌كا
هه‌ڵكردنی وشه‌كانی ئه‌و
تینوێتی پرسیارێكم ئه‌شكێنێ‌


له‌و دیو ده‌رگای حوكمی ئه‌وانه‌وه‌
ته‌ماشای نوێژه‌ نهێنیه‌كانم مه‌كه‌
من جوانترین باوه‌شی مانه‌وه‌م
هه‌موو ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌و ڕێگاكانی خۆیان بده‌ره‌وه‌
لێناگه‌ڕێم وه‌ڕزبون بده‌ن به‌ته‌ماشاتدا
با درێژه‌ به‌ سه‌مای بۆیه‌ك بوون بده‌ین

ته‌نیا هه‌نگاوێك ماوه‌ بۆ بردنه‌وه‌
بردنه‌وه‌ی ماچی ژوره‌ یاقوتیه‌كان
بردنه‌وه‌ی ده‌یان ڕووت بوونه‌وه‌
بردنه‌وه‌ی سبه‌ی

لێره‌به‌
با حوزن پڕمان نه‌كا له‌ بێئومێدی
با شه‌ڕی به‌رله‌قیامه‌ت نه‌فرۆشنه‌وه‌ به‌ ئێمه‌



كاردینا ی سپی

 

           

 

28/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com