جه‌نابی سه‌رۆک سه‌رده‌شت به‌ته‌نیا خوێندکار نه‌بوو، ئه‌و ی ڕۆژنامه‌ نووس بوو
 

  

کاوه‌ حه‌سه‌ن
 Kja21@sfu.ca
 


چه‌ند جارێک له‌میدیاکانه‌وه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌ گوایه‌ سه‌رده‌شت عوسمان ڕۆژنامه‌ نووس نه‌بوو، به‌ڵکو خوێندکار بوو. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و مه‌سخه‌ره‌یه‌ له‌م ده‌ربڕینه‌ی سه‌رۆکدا به‌کارهێنانی ووشه‌ی خوێندکاره‌ که‌ بۆ ته‌م ومژاویکردنی سه‌یلقه‌‌ ڕۆژنامه‌نووسیه‌که‌ی سه‌رده‌شت عوسمان به‌کاری دێنێت. له‌ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌وه‌‌ سه‌رۆک پێی وایه‌ ئه‌و مرۆڤه‌‌ی له‌ژێر ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی ئه‌ودا تیرۆر کرا خوێندکارێک بوو نه‌وه‌ک ڕۆژنامه‌ نووسێک. بۆیه‌ سه‌رۆک پێمان ده‌ڵێت تیرۆرکردنی خویندکارێک زۆر گه‌وره‌ نه‌که‌ین. ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی فه‌خامه‌تی سه‌رۆک له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گریت که‌ ئه‌و ئه‌یه‌وێت تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمانی ڕۆژنامه‌نووس به‌خێرا تێپه‌ڕێنێت و ئه‌و به‌هایانه‌ی که‌ سه‌رده‌شت گیانی له‌پێناویاندا به‌خشی بێنرخ بکات. ئه‌م هه‌وڵه‌ چه‌وته‌ی سه‌رۆک به‌ مه‌به‌ستی هێورکردنه‌وه‌ی شه‌پۆلی تووڕه‌بوونی خه‌ڵکی کوردستان بوو‌ له‌به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی ئه‌و و هاوپه‌یمانه‌کانی که‌دوا دیارییان بۆ خه‌ڵکی کوردستان‌ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووسێک بوو که‌گشت هه‌وڵه‌کانی خستبوو گه‌ڕ بۆ دژایه‌تی کردنی گه‌نده‌ڵی و چاسوورکردنه‌وه‌ی حزبه‌کان و تووڕهه‌ڵدانی ئه‌و بته‌ بێکه‌ڵکه‌ به‌ناو پیرۆزانه‌ی که‌ بۆ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ خه‌ڵکی کوردستان ناچار کراون‌ بیان په‌رستن.
سه‌رۆکی هه‌تایی،سه‌رده‌شت عوسمان ده‌کرا ببێت به‌ به‌شێک له‌ سیما‌ی ئازادی خوازی و ژیانێکی پڕمانای نه‌ته‌وه‌یه‌ک، که‌چی له‌چاوتروکاندنێکدا له‌په‌نای ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی تۆدا له‌نێو چوو. هه‌ڵوێسته‌ چه‌وته‌کانی سه‌رۆک له‌به‌رامبه‌ر تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شتدا به‌ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی ده‌ربڕین چاوسوورکردنه‌وه‌کانه‌وه‌ نییه‌ له‌خه‌ڵکی‌، به‌ڵکو‌ ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی تێگه‌شتنه‌ هه‌ڵه‌‌کانی تری سه‌رۆکمان سه‌باره‌ت به‌زۆر گرفتی تر پیشان ده‌دات. ده‌رئه‌نجامی ئاخافتنه‌کانی سه‌رۆک گیرۆده‌ بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌مان پێڕاده‌گه‌یه‌نن‌ که‌ سه‌رۆک و سه‌رکرده‌کانی هێنده‌ بێده‌ربه‌ست "یاخوود" ناحاڵین که‌ نازانن سیمبول یاخوود سیما به‌رچاوه‌کانی نه‌ته‌وه‌کان چیتر به‌ که‌تافه‌ له‌به‌ر و پاڵه‌وانه‌کانی شه‌ڕه‌ خوێناویه‌کانیان ناناسرێنه‌وه‌. نه‌ته‌وه‌کان به‌ سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانیان‌ ناناسرێنه‌وه‌ که‌ بۆ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ سه‌رۆکن و که‌چی که‌ که‌سێک تانه‌یه‌کیان لێده‌گرێت، بیجگه‌ له‌لوله‌ی تفه‌نگ و زبانی هه‌ڕه‌شه‌ و پاوانخوازی خۆیان و بنه‌ماڵه‌کانیا بۆ حوکمڕانی هیچ شتێکی تر به‌بیریاندا نایاته‌وه‌.
جه‌نابی سه‌رۆک، ئه‌مڕۆ پۆپیوڵاره‌تی نه‌ته‌وه‌کان به‌ته‌نیا بیره‌ نه‌وته‌کان نییه‌، به‌ته‌نیا زیندوو ڕاگرتنی سه‌رکرده‌ مردووه‌کانی نییه‌، ئه‌مڕۆ سیما و سامانی نه‌ته‌وه‌کان به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی به‌رز و میوانداریکردنی کۆمه‌ڵێ کۆمپانیای دز و سه‌رکرده‌ی سیاسی تاوانکار و خوێنڕیژ نییه‌. جه‌نابی سه‌رۆک ئه‌مڕۆ سیما و سامانی نه‌ته‌وه‌کان، ئه‌و توانایانه‌یه‌ که‌ ژیان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ئاسانتر و ئارامتر ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌مڕۆ نه‌ته‌وه‌کان به‌وه‌ ئه‌ناسرێنه‌وه‌ چه‌ند له‌کاروانی پێشکه‌وتن و ئاشتی و ئارامی و ڕاگرتنی حورمه‌تی ئینسانی تاکه‌کان و هاوڵاتیانی خۆیاندا دوا نه‌که‌وتوون. سیمای نه‌توه‌کان به‌وه‌‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌ که‌ سه‌رکرده‌ و ده‌سته‌ڵاته‌کانیان چه‌ند ئازادییان، نه‌ک به‌ته‌نیا له‌بازاڕدا، به‌ڵکو له‌گشت چه‌مکه‌کانی تری ژیاندا به‌رقه‌رار کردووه‌ له‌ کۆمه‌ڵگاکانیاندا.
جه‌نابی سه‌رۆک، ‌ له‌گشت ئه‌مانه‌ش گرنگتر، سیمای ووڵاتان به‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ که‌ چه‌ند مۆرڤی کاراو لێهاتوویان به‌رهه‌م هێناوه‌ یاخوود هه‌یه‌. جه‌نابی سه‌رۆک، کاتێک باس له‌ تبێت ده‌کرێت، مرۆڤ ناتوانێت ئارامی و ئاره‌زووی ئاشتی خوازانه‌ی "دلای لاما" پشتگوێ بخات. کاتێک باسی مێژووی خه‌باتی ڕزگاری خوازانه‌ی خه‌ڵکی هندستان ده‌کرێت، ئێمه‌ ناتوانین چاوپۆشی له‌ وینه‌ ووشک و زڕهه‌ڵاتووه‌که‌ی گاندی بکه‌ین که نیگای ته‌پوتۆزای ئه‌و،‌ وانه‌یه‌که‌ خه‌باتکردن به‌ بێ توندوتیژیمان فێر ده‌کات. سه‌رۆک نمونه‌ زۆره‌ بۆت ڕیزبه‌که‌م، تۆ ته‌ماشای خوێندکارێکی تر بکه‌ " Terry Fox" که‌ ته‌مه‌نی ئه‌ویش له‌ته‌مه‌نی سه‌رده‌شتی ژێرده‌سته‌ڵاته‌که‌ی تۆ درێژتر نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و سه‌رباری ڕه‌خنه‌ توند و تیژه‌کانی له‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی ووڵاته‌کی "که‌ندا" سه‌باره‌ت به‌ که‌مته‌رخه‌می کردنیان و دابین نه‌کردنی پاره‌و‌پووڵی پێویست بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشی شیرپه‌نجه. که‌چی ئه‌و نه‌ک ‌تیرۆر نه‌کرا، به‌ڵکو بوو به‌ سیمبولی ووڵاته‌که‌ی له‌گشت دنیادا. ئه‌و توانی به‌ ته‌نیا یه‌ک قاچه‌وه‌ هه‌زاران کیلۆمه‌تر ڕابکات و گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشی کوشنده‌ بکاته‌ نه‌ک به‌ته‌نیا کێشه‌ی ووڵاته‌که‌ی ، به‌ڵکو زۆربه‌ی دانشگاکانی دنیاش شپرزه‌ بکات بۆ گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشی شیرپه‌نجه‌.
فه‌خامه‌تی سه‌رۆک، سه‌رده‌شت به‌ته‌نیا خوێندکار نه‌بوو، ڕۆژنامه‌نووسیش بوو، وه‌ئه‌گه‌ر حه‌وسه‌ڵه‌ی ته‌سکی سیاسی هه‌رێمه‌که‌ی تۆ به‌رگه‌ی قسه‌و ووتاره‌کانی ئه‌وی بگردابایه‌،‌ گشتمان سوودمه‌ند ده‌بووین و رزگارمان ده‌بوو له‌و گه‌نده‌ڵی و پاشاگه‌ردانییه‌ی که‌له‌ده‌سته‌ڵاتی کوردی له‌گه‌ڵێدا خه‌ریکه‌ پیروخه‌ڕۆ ده‌بێت‌‌. فه‌خامه‌تی سه‌رۆک، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م دێڕانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هاویشتنی تیرێکه‌ بۆ نیشانه‌یه‌کی زۆر دوور که‌چانسی پێکانیشی زۆر زۆر که‌مه‌، به‌ڵام ده‌کرێت‌ تۆ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و جۆره‌ پاساوه‌ نادرووستانه‌ ببیت. ده‌کرێت له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵکی کوردستان بکه‌یت که‌ ئاسایشی هه‌رێم ده‌شێوێنن و‌ پاساو بۆ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووسێک بهێنیته‌وه‌، دان به‌وه‌دا بنه‌یت که‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسێکی خویندکار بوو، تیرۆر کردنه‌که‌شی به‌ته‌نیا له‌به‌ر هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌کانی بوو به‌ڵام هیچی تر.

سه‌ره‌تای مانگی شه‌ش

2010

 

           

 

11/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com