گه‌ڵۆ بۆ هه‌ر کورد له‌ میکۆنۆس کوژران؟
 

  

کاوه‌ سوور



له‌ هه‌ر تڕوتڕه‌ماشێکی ( سات وسه‌و ) ئه‌و دنیایه‌دا هه‌ر کورده‌ ده‌بێ بۆ تێرۆر بوون و دانه‌وه‌ی قه‌رزی ئه‌م و ئه‌و ببێته‌ کۆچی قۆربانی وتێرۆرو کوشتن و ته‌سلیم کردن و هێرش کردن و به‌قاچاخ کردن هه‌ر بۆ ئه‌م بێت و هه‌موو شین وزاری بی ده‌نگ و تێکڕمانی پێببڕیت و نه‌یاران و به‌دروێ یاران له‌ خۆیان بفشنن و زوو یان دره‌نگ خۆیان له‌سه‌رمان هه‌ڵکێشن و له‌ کۆتایی دا برێکیشمان قرزدار بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ستیان له‌و به‌ قۆربانبوونه‌ی ئێمه‌دا بۆوه‌ و له‌ بری ئه‌ویش به‌ میزاجی خۆیان کلکه‌سووته‌مان پێ بکه‌ن . له‌وانه‌یه‌ رۆژێک دابێ که‌ ده‌وڵه‌تی ئۆتریش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتی پیرۆزی ئه‌وان کۆماری ئیسلامی تێرۆریست که‌ چه‌ند کوردیان له‌ خوێنا شه‌ڵاڵ کرد له‌ بری ئه‌و سێ چوار وێنانه‌ی ئه‌و تێرۆرکراوانه‌ که‌ به‌ رۆژنامه‌کانیانه‌وه‌ خۆیان پێوه‌ زه‌حمه‌ت دابوو ، خه‌م ناکات چه‌نده‌ " بێ ده‌نگانه‌ی " ئه‌و کاره‌ساته‌ تێرۆریسته‌یان وه‌رگرتبێت برێکیتریش له‌ کورد به‌ منه‌ته‌وه‌ داوا بکه‌ن . یان ده‌وڵه‌تی فیدراڵی ئاڵمان له‌سه‌ر کاتی به‌ فیرۆدراو و شڵه‌ژاوی زێراویان له‌ مه‌ڕ تێرۆره‌ ئاشکراکه‌ی میکۆنۆس سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی که‌ دادگای به‌رزیان نه‌چوه‌ ژێر باری گیپشه‌ی دیپڵۆماسی و سات وسه‌ودای به‌ دزی و له‌بنه‌وه‌یان له‌ گه‌ڵ کۆماری تێرۆرپه‌روه‌ران داوای سه‌رانه‌ی ساڵانه‌ (ته‌کس ) ی ره‌ستۆرانی میکۆنۆس به‌ چاوسووریه‌وه‌ له‌ کوردی په‌شۆکاو بکه‌ن یان ئیسرائیل و ئه‌میرکا بۆ دارژتن و به‌رێوه‌به‌ری پیلانی هێنان و بردنی عه‌بدووڵا ئۆجه‌ڵان بۆ تێکشکانی هێز و وره‌ی کوردان بۆ ده‌وڵه‌تی تورکیا سه‌ره‌رای قوربانی کردنی کوردان بۆ لابردنی یاسای ئێعدام به‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا داوای شاباش له‌ کورد بکه‌نه‌وه‌ .
ئه‌وه‌ی که‌ منی هان دا ئه‌و چه‌ند وشانه‌ی ناخی ئاخناوم خه‌ری بخه‌مه‌ ده‌رێ هه‌ڵوێستی !! به‌ ناو دڵسۆزانه‌ !! و ئاشکرا کردنی دوای 18 ساڵ !! ی رێبه‌رانی سۆسیاڵ دێمۆکراتی سۆئێد ێه‌ ، پاش 18 ساڵ له‌ تێرۆری میکۆنۆس که‌ تازه‌ پشوویان وه‌به‌ره‌ خۆ هاتووه‌ته‌وه‌ و دوای دوو له‌ سێ ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی خه‌ریکن تڕو منت به‌ سه‌ر کوردان دا لێده‌ده‌ن و تازه‌ ترس و له‌رزی خۆیان باس ده‌که‌ن و بێ ئه‌وه‌ی له‌ خۆیان بپرسن ده‌ڵه‌ی دوای ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ هاتوون خه‌ڵک له‌ قه‌یران رزگار ده‌که‌ن !! یا خۆ ئه‌وانیش وه‌ک خزمانی ئۆتریش و ئاڵمان و ئیسرایل و ئه‌میرکه‌ داوای قه‌رز وقۆڵه‌ی نه‌دراوه‌ !! ده‌که‌نه‌وه‌ . له‌وانه‌یه‌ زۆری وه‌دوو بکه‌وین و چه‌پڵه‌یان بۆ لێ نه‌ده‌ین و داوای لێبوردنیان لی نه‌که‌ین ئه‌وه‌ خه‌ریکی سووکردنیشمان ده‌بن . ئه‌گه‌ر موقه‌ده‌راتی عیسا و ئیمام زه‌مان !! نه‌با ئه‌وانیش گیانی پاکیان له‌ گه‌ڵ کوردی به‌ڵه‌نگاز وبێ که‌س و کار تێکه‌ڵ ده‌کرا و ده‌بوو به‌ خوێنی سیاوه‌ش ؟!! هه‌ر چه‌نده‌ هۆی راسته‌قێنه‌ی نه‌چوونیان نه‌بێژراوه‌ ، پرسیاری منیش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاخۆ ئه‌وانیش وه‌ک ئه‌و چه‌ند غه‌یره‌ کورده‌ که‌ شان به‌ شانیان دانێشت بوو ده‌کوژران ؟ خۆ رێبه‌رانی حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی سوئێدیش نه‌ وه‌ک کوردان ده‌چوون و نه‌ جل و به‌رگی کوردی و پێشمه‌رگانه‌یان ده‌به‌ر ده‌کرد تا بزانن ئه‌وانیش کوردن .
تێرۆریستانی لوبنانی و ئێرانی ده‌بێ دوکتور سه‌عید و هاورێیانی رانکوچۆخه‌ و که‌ڵاش و جامانه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیان له‌ ناوه‌ راستی شاری برلینی ئاڵمانێ له‌به‌ر دابووه‌؟ بۆیه‌ دانه‌دانه‌ هه‌ر ئه‌وانیان کوشت و ئه‌وانی دیکه‌ له‌ دوور ڕا دیار بوون که‌ کورد نین !!! بۆیه‌ نه‌کوژران . گه‌لۆ سه‌ڵا له‌ ئاقڵمان گه‌ر به‌ فرمێسکی گۆماناوی دڵمان نه‌رم بێت .
ئه‌گه‌ر رێبه‌رانی سۆسیال دێمۆکراتی سۆئێدێ چووبان بۆ ئه‌و دانیشتنه‌ و میوانیه‌ ،زۆر حه‌سته‌م بوو ئه‌و تێرۆره‌ سه‌ری گرتبا و ئه‌و هۆی نه‌چوونی ئه‌وان و مه‌رته‌ق له‌ به‌ر نه‌هاتنیان و بێ ده‌نگی 18 ساڵه‌یان منی تووشی ئه‌و پرسیاره‌ کردووه‌ . گه‌لۆ بڵه‌ی ئه‌وان راست بکه‌ن و راسه‌وخۆ یان له‌ لابه‌لادا ئاگادار نه‌بن و نه‌کرابنه‌وه‌ له‌ سووسه‌ی ئه‌و تێرۆره‌ ، بۆیه‌ نه‌چوون ؟ هه‌ر وه‌ها خۆئه‌وانه‌ نه‌ چوون و به‌ قه‌ولی خۆیان له‌ مردن گه‌راونه‌وه‌. خۆ مرۆڤ له‌ وڵاتانی رۆژ ئاوایی ناوێرێ به‌ کایه‌ کردنیش پاپی و کتکه‌و بووکوڵه‌ی ئه‌وان بترسێنێ و پشتی لێ بکه‌ی ، زوو ده‌یکێشن به‌ دادگا یه‌ و سووی ده‌که‌ن که‌ بۆته‌ هۆی دڵه‌ خورته‌یان .ئه‌ی بۆ چی خۆ هه‌ر نه‌بی وه‌ک که‌سانێک گه‌ر چووبان گیانی ئه‌وانیش ده‌ مه‌ترسیدا ده‌بوو، تا ئێستا بێ ده‌نگ بوون و دوای 18 ساڵان راست بوونه‌وه‌و منتی ترسی مردنیان به‌ سه‌رماندا ده‌فرۆشن. به‌و هیوایه‌ رۆژێک رێم ده‌سوئێد که‌وێت و ئه‌و پرسیاره‌ له‌و سۆسیال دێمۆکراتانه‌ بپرسم.
گه‌لۆ وه‌رن با ئێمه‌ش ئاقڵی خۆمان بۆ خۆمان ده‌ کار بکه‌ین و بێ وردبوونه‌وه‌ ی قووڵ نه‌ به‌ دۆستی بێ که‌ڵک هه‌ڵا نه‌ڵێن و نه‌ خۆشمان له‌ به‌رانبه‌ری خه‌ڵکانی تر سه‌ر سواڵکه‌ر و خۆ نزم و داماو پێشان نه‌ده‌ین.

 


2010/06/01
کاوه‌ سوور
kawesoor@yahoo.com



 

           

 

05/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com