تاوه‌ بارانی به‌هارو
وه‌رزی وه‌رینی، گوڵ‌و عه‌شق
 

  

كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر


1
وه‌ره‌ تاوێك
له‌ نێو دیمه‌نی باخچه‌ی
گوڵه‌ ژاكاوه‌كانی ئه‌م زه‌مه‌نه‌دا بڕوانین،
خۆمان بده‌ینه‌ ده‌ستی خه‌یاڵ‌و
به‌ئه‌سپایی بێن‌و بچین
بۆن به‌هه‌ناسه‌ی غه‌مباری
گوڵه‌كانه‌وه‌ بكه‌ین
بزانین وورشه‌ی فریشته‌یه‌ك
په‌ڕوباڵی چۆن لێك كردوون
تاوه‌ بارانی به‌هاریش
چۆن سینه‌یانی وه‌راندون
2
ئه‌ی گوڵ تۆ تیشكی خۆری ناواده‌ی
وه‌ك شه‌به‌نگی به‌ربه‌یانی
چرۆ ده‌كه‌یت
به‌ئه‌سپیایی له‌خۆر هه‌ڵدێت
نه‌مده‌زانی بۆنی په‌ڕت
رۆژی روناكم وون ده‌كاو

زۆرجاریش ده‌بیته‌ په‌رچه‌می
دروه‌شاوه‌ی قژی من‌و
وه‌كوو عاشقێكی سه‌رشێت
تاوناتاوێك هه‌ڵده‌ورێت
3
ئه‌ی گوڵی سور
ئه‌ی ره‌نگی ژاكاوی باخچه‌
تۆ ترپه‌یه‌كی له‌جوانی
كاتێك كۆچی سورت ده‌ست پێ ده‌كات
دوا هه‌ناسه‌ت ده‌سپێریه‌ دڵی من‌و
زه‌وی ده‌بێته‌ مه‌نزڵت
تۆ به‌شێكی له‌ ره‌ونه‌قی باخچه‌كان‌و
به‌شێكی له‌بوژانه‌وه‌ی دڵ‌و
به‌هه‌شتی سه‌مای به‌یانیان
وه‌ره‌ تاوێك
ببه‌ به‌چراخانی دڵم‌و
ئاسمانی من پڕ باران كه‌
4
ئه‌ی گوڵ
كاتێ بۆن به‌ هه‌ناسه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ن
چاوه‌ڕوانی سپێده‌یه‌كی روناك به‌
تاكوو جۆگه‌له‌ی دڵ‌و
په‌نجه‌ره‌ی ئه‌ستێره‌یه‌كی خه‌یاڵ
په‌یامی عشقێكم بۆدێنێ
تاكوو نه‌بمه‌ مۆمی شه‌وه‌زه‌نگ‌و
باخچه‌ی پایزێكی ئه‌به‌دی
5
ئه‌ی گوڵ
ته‌مه‌ن زۆری نه‌ماوه‌
وێستگه‌ی ژیان كۆتایی دێ
ده‌بێت چاوه‌ڕوانی چی بین
یان گڕی دڵداری بسپێرین
یاخوو به‌عه‌شقه‌وه‌ بژین
6
وه‌ره‌ تاوێك
له‌ناو باخچه‌ زه‌رده‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی گوڵدا
سه‌رنج بده‌ین‌و
بزانین زریان چ تۆفانێكی پێه‌و
له‌قه‌دی چ گوڵێك ده‌ئاڵێ
بابزانین زه‌وی تینووی
پێده‌شت‌و ئاودامانی گژوگیایه‌
یاخوود تینووی ماچی عاشقێكه‌،
وه‌ره‌ تاوێك
به‌چاوێكی گومانه‌وه‌
له‌هه‌ناوی وه‌رینی گوڵدا پشووبده‌ین
بزانین چ ته‌نهاییه‌ك
له‌زمانی بێده‌نگیان ده‌گات
بزانین حیكمه‌تی حه‌قیقه‌تێكی تاڵ
به‌نیگایه‌كی شه‌رمنده‌، به‌روویاندا ده‌كرێته‌وه‌
7
گوڵه‌كانی باخچه‌ ، كاتێك هه‌ڵده‌وه‌رن
ماڵی ته‌نهایی ده‌چنێته‌وه‌
گوڵ په‌ڕه‌یه‌كی دڵی شكاوه‌
بۆ سه‌رده‌می به‌فری سپی ،
تارماییه‌كه‌ تریفه‌ی خه‌م
له‌خۆی ده‌گرێ‌و
ناسكی‌و شنه‌ی خۆی ده‌خوێنێته‌وه‌
8
وه‌ره‌ تاوێك
له‌نێو دیمه‌نی باخچه‌كانی
ته‌مه‌نی وه‌ریووی گوڵ‌و
وه‌رزی وه‌رینی گه‌ڵا دا
سه‌رنج بده‌ین
بزانین چ گۆرانیه‌ك نه‌شئه‌ده‌دا
به‌كۆچی سووری گه‌رٍانه‌وه‌یان
بزانین چ وێنه‌یه‌كی ،شێواو شه‌رمن
چ عاشقێكی نامراد
نامه‌كانی ده‌نێرێته‌ ناو باخچه‌كان‌و
ره‌نگی شێواویان ده‌نوسێته‌وه‌
9
كه‌وه‌رزه‌كان دێن‌و ده‌ڕۆن
گوڵیش پێویستی به‌وه‌رین هه‌یه‌
تاكوو عه‌شقی چرۆكانی
بۆوه‌رزی ئاو
بۆدیده‌نی سیمای زه‌وی
سه‌رله‌نوێ بگێڕێته‌وه‌
10
كه‌وه‌رزه‌كان تێ ده‌په‌ڕن
گوڵیش ده‌بێته‌ به‌خشنده‌
سروشت پێناسه‌ی عشق ده‌كات
كه‌وه‌رزه‌كان دێن‌و ده‌چن
گوڵ عه‌شقی خه‌یاڵی خۆی
وه‌ك ئه‌ستێره‌ ده‌به‌خشێته‌
ته‌زووی خۆشه‌ویستی
نیگاو ملوانه‌كه‌ی گه‌ردنی من
11
كه‌وه‌رزه‌كان تێده‌په‌ڕن
ته‌رمی وه‌رینی گوڵه‌كان
ده‌سپێرێته‌ ئه‌ستێره‌و مانگ
كاتێك بارانێكی به‌خۆڕ داده‌كا
خه‌می توڕه‌یی خۆمان
به‌سه‌رچنینه‌وه‌یان ده‌بارێنین
تاكوو په‌رژینێكی ره‌نگین
بۆباخچه‌كانیان رابخه‌ین‌و
مۆمی ته‌مه‌نیان ،له‌نێو سه‌ماو ئاوازی
كپ‌و بێده‌نگیدا، بنوسینه‌وه‌
12
كێ هه‌یه‌ وه‌رزی وه‌رینی گوڵه‌كانی نه‌بینیبێ
خه‌می عه‌شق‌و ،شه‌رمنی زه‌وی‌و
حه‌زه‌ جوانه‌كانی گوڵ‌و
روخساری په‌شۆكاوی په‌پوله‌كان‌و
سێبه‌ری ئه‌وانی نه‌كردبێته‌
سه‌ربرده‌یی رانه‌بردووی خۆی
13
ئێمه‌ی عاشق چوار وه‌رزی ساڵ
په‌نا بۆوه‌رینی دره‌ختی ناسكی گوڵ ده‌به‌ین
تاكوو ئه‌ستێره‌ی رۆحی عاشق
ساتێك له‌ئامێزی بێده‌نگیدا
بكه‌ینه‌ دیاری شه‌وانه‌
تاكوو تیشكێكی وه‌نه‌وشه‌یی
دورگه‌ی رۆحمان له‌بێزاری روناك كاته‌وه‌
14
ئێمه‌ی عاشق
هه‌موو تارمایی به‌یانیه‌ك
چاوه‌ڕوانی گوناهی هه‌ڵوه‌رینی گوڵێكین
تاكوو لاپه‌ڕه‌ی به‌خوێن نوسراوی خۆمان‌و
نامه‌ی بیره‌وه‌ری ئه‌وان بۆن بكه‌ین،
تاكوو دره‌ختی باڵامان زیندوو بێته‌وه‌
15
ئێمه‌ی عاشق، سات له‌دوای سات
چاوه‌ڕوانی چركه‌كانی هه‌ڵوه‌رینی گوڵین‌و
ده‌زانین چ شه‌وگارێكی تارو نامۆیی
میوانداریان ده‌كات،
ئێمه‌ی عاشق ده‌زانین ،چركه‌كانی هه‌ڵوه‌رین‌و
وه‌رزی سوریان هه‌ر رۆژێك بێت كۆتایی دێ‌و
باوه‌شی پایزێكی ته‌نهایی‌و
بۆزه‌مه‌نی هه‌ڵوه‌ریوویان ده‌گێڕنه‌وه‌.


 

           

 

15/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com