پرووشه‌كانی عه‌شق
 

  

که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر




1
كه‌ ئاشنات بووم
به‌بێ ئاگر گڕم گرت‌و
له‌به‌رپێتا توامه‌وه‌
هه‌ر زوو زانیم
كانگای عه‌شق وخۆشه‌ویستی
به‌ عه‌شقێكی زۆر شێتانه‌
له‌ ناختدا گیرسامه‌وه‌
2
من به‌ر له‌وه‌ی تۆ بناسم
له‌خه‌ونی چاوه‌ڕوانیدا
تۆم بینیبوو
من به‌ر له‌وه‌ی تۆ بناسم
تامه‌زرۆی سه‌مای په‌نجه‌ت ‌و
عاشقی روخساری گه‌ش‌و
دوو چاوی پڕ ئه‌وینت بوو
3
كه‌ تۆم ناسی
گردێك بووم ،بووم به‌چیا
كانیه‌ك بووم‌و بووم به‌ ده‌ریا
شه‌وێكی ئه‌نگوسته‌ چاوو بووم
بووم به‌ گزنگی به‌یانی
باڵدارێكی ناو قه‌فه‌ز بووم
گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ سه‌رچڵی دره‌خته‌كان
بۆ نه‌غمه‌ی خۆش، بۆ گۆرانی
4
یه‌كه‌م دیدار
میوانێكی ناوه‌خت بووم
تۆش گڵكۆی پیاوچاكێك بووی
هاتم تاكوو
دوو به‌رد بنێم،به‌نێو چاوانی پیرۆزته‌وه‌
چاره‌نووسی رۆژانی رانه‌بردووی خۆم
له‌ نێو مه‌رقه‌دی باڵاتدا تاقی بكه‌مه‌وه‌
5

له‌و رۆژه‌وه‌ ده‌سته‌كانی تۆم ناسیووه‌
ده‌ستی هیچ شێخێك ماچ ناكه‌م
هه‌ر به‌ته‌نیا تۆ شێخم به‌و
من كچه‌ گاور
هه‌ر به‌ته‌نیا
تۆ ده‌روێشه‌كه‌ی رۆحم به‌و
منیش ته‌كیه‌ی زكرو نزات
6
له‌یه‌كه‌م دیداری تۆوه‌
من قه‌رزاری هه‌ورو زه‌ویم
هه‌ور هات رێگه‌ی ژوانی
نیشاندام
زه‌وی بۆنی خۆڵی تۆی
پێناساندم
7
كاتێ وشه‌ی ناوتم نوسی
هه‌موو وشه‌كان لێم زویر بوون
چونكه‌ له‌ناو هه‌موویاندا
بۆ پیرۆزترینیان گه‌ڕام


8
به‌ڵێنمدا
هه‌رگیز بۆنی گوڵێ نه‌كه‌م
بۆنی وه‌ك هه‌ناسه‌ت نه‌بێ
له‌هیچ ئاوێك نه‌خۆمه‌وه‌
وه‌ك خوێنه‌كه‌ت شیرین نه‌بێ
پشوو ناده‌م
له‌ژێر سێبه‌ری چنارێ
به‌رز نه‌بێ به‌قه‌د باڵات
من تیشكی خۆرم هه‌رناوێ
روناكیه‌كه‌ی نه‌گا به‌جوانی
چاوانت‌و گه‌شی سیمات
9
ده‌تۆش وه‌ره‌ جێم مه‌هێڵه‌
ده‌رگای دڵتم بۆ واڵاكه‌
با له‌ناختا بتوێمه‌وه‌
خۆت ده‌زانی كه‌ ووشك بووم
ته‌نیا به‌عه‌تری هه‌ناسه‌ت
ده‌ژێمه‌وه‌





به‌پێنوسی ژنێك

1
ئه‌ی پیاو
تۆ بۆچی نوێژ بۆ به‌هه‌شت ده‌كه‌یت
كه‌ خواوه‌ند له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆتدا
به‌هه‌شتێكی پێ به‌خشیووی كه‌ژنه‌
2
سه‌یره‌ من گوڵم‌و تۆ هه‌نگیت
هه‌نگ له‌ پێناوی گوڵدا گیان ده‌به‌خشێ
من له‌ پێناوی تۆدا تیرۆر ده‌كرێم
3
ژن له‌ رووبارێك ده‌چێ
نه‌تینوێتیتان لێی ده‌شكێ،نه‌كه‌م ده‌كات
به‌ڵام كامتان ده‌توانن
مه‌له‌ی تیا بكه‌ن‌و نه‌خنكێن
4
ئاواتم بوو
تۆ ژن بوویتایه‌و منیش پیاو
به‌ڵام جیاوازیه‌ك نه‌بوو
ئه‌وكاته‌ من تۆم ده‌چه‌وسانده‌وه‌
5
حه‌ز ئه‌كه‌م ببمه‌ ته‌وارێك
باڵ بگرمم‌و بفڕم
به‌ڵام تۆ هه‌میشه‌ باڵه‌كانم ده‌دزی
6
ئێمه‌ هه‌ردووكمان زیندانین
تۆ زیندانی داب‌و نه‌ریت
منیش زیندانی ترس
7
جیاوازیه‌ك له‌من‌و تۆدانیه‌
به‌ڵام ئه‌بێ
من له‌ئاگری دۆزه‌خا بسوتێم‌و
تۆ له‌به‌هه‌شتێكی خه‌یاڵیدا بژیت
8
كچه‌كه‌م ناوێرێ له‌وانه‌ی سروودا
گۆرانیه‌كانی كازم بڵێ
چونكه‌
له‌وانه‌یه‌كی تردا (سفر)وه‌رده‌گرێ
9
ژیانی تۆ
خه‌ونێكی بێ ئومێدو
ژیانی من هه‌گبه‌یه‌
پڕ له‌ووشه‌ شاراوه‌كانی خۆشه‌ویستی‌و
عه‌شقی خه‌یاڵ‌و ماچی دزراو
10
نیشتیمانه‌كه‌م
شه‌قامه‌كانی پڕن له‌بۆنی ترس‌و
ده‌سته‌كانی پڕن له‌بۆنی خیانه‌ت‌و
زمانه‌كانی پڕن له‌درۆ
ئه‌م نیشتیمانه‌ ناو بنێم چی
11
به‌ پاكیزه‌یی له‌دایك بوون‌و
نه‌مانتوانی پاكێتی خۆمان بنووسینه‌وه‌
چاوێك نیه‌ بۆ عه‌شق‌و
دڵێك نیه‌ بۆ خۆشه‌ویستی
ناچارین
به‌م خاكه‌ بڵێن ماڵئاوا
12
له‌بری ئه‌وه‌ی دوو مرۆڤی جیاوازین
ده‌كرا دوو ره‌نگی تێكه‌ڵ باین
یا دووگوڵ یه‌ك بۆنیان هه‌با
ئه‌سته‌مه‌ سه‌مای ئاره‌زووه‌كان
كێ له‌نزای عه‌شق ده‌گا ؟





به‌ده‌ستی خۆت قژم ببڕه‌

1
به‌ده‌ستی خۆت قژم ببڕه‌
من قژێكم بۆچییه‌
تاڵه‌كانی تاڵی ژێی كه‌مانێك بن
ئاوازی خه‌مم بۆ لێده‌ن
من هه‌رگیز ئه‌و قژه‌م ناوێ‌
نه‌زانه‌كان وه‌كو گوریسێك،
بیهۆننه‌وه‌
بۆ ساتێ‌ ئاسووده‌ییان
كۆرپه‌ی رقیانی له‌ناودا
بخه‌وێنن
دڕنده‌كان بیكه‌نه‌ په‌تی سێداره‌و
هه‌موو گه‌ردنه‌ بێ‌ گه‌رده‌كان
بخنكێنن
2
به‌ده‌ستی خۆت قژم ببڕه‌
با شانه‌ی په‌نجه‌كانی تۆ، بۆم دابێنێ‌
با شنه‌بای هه‌ناسه‌كه‌ت
بینه‌خشێنێ‌
نه‌كا دایكم
له‌ ڕقێكی زۆر ناوه‌ختا
ده‌ست بنێته‌ هه‌موو قژم‌و
له‌ڕه‌گه‌وه‌ ده‌ریبێنێ‌
3
هێزی هه‌موو په‌نجه‌كانت به‌كاربێنه‌
گرێی له‌چكه‌كه‌م بكه‌ره‌وه‌
ئه‌و په‌رده‌ پۆشه‌ بشكێنه‌
جوانیه‌كانمی وون كردووه‌
هه‌موو تاڵه‌كانی قژمی بۆ خۆی
زیندانی كردووه‌..
4
به‌تاڵه‌كانی قژت بڵێ‌
هێنده‌ بۆنی قژم نه‌كا
زۆر ئه‌ترسم
له‌گه‌رانه‌وه‌ی ژوانێكا
باوكم بۆن به‌قژمه‌وه‌ بكا
5
ده‌ تۆ وه‌ره‌ قژم ببڕه‌
بیبه‌ بۆ خۆت
من دڵنیام رۆژێ‌ ئه‌بێ‌
ئاگر له‌جه‌سته‌م به‌رئه‌ده‌ن
یه‌كه‌یه‌كه‌ی تاڵه‌كانی قژیشم
ده‌سووتێنن..
هه‌ر به‌ته‌نیا خۆڵه‌مێشێ‌
له‌دوای قژم جێده‌هێڵن
6
تۆ باخێكی پڕ له‌گوڵزار
هه‌ناسه‌كه‌شت شنه‌با
خه‌مه‌كانم له‌كۆڵ ده‌نێ‌
ده‌ڕواو ده‌ڕوا
به‌ دیاری ده‌یدا به‌ده‌ریا
ده‌ریا گه‌لێ‌ فراوانه‌
هه‌موو شتێ‌ له‌گه‌رویدا حه‌شارده‌دا
هه‌ر به‌ ته‌نیا..
قژی من نا
7
ئه‌و نیگار كێشه‌ زیره‌كه‌
سنگی ژنێك وێنه‌ ناكا
نه‌زانه‌كان تفی تێكه‌ن
ئه‌و نیگاركێشه‌ راست ئه‌كا
قژی ژنێك دروست ناكا
پێنووسه‌كان یاری پێ بكه‌ن
8
كراسێكت بۆ كڕیووم
كچی پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند هات
دڕاندی
خه‌ونێكی تۆم له‌باوه‌شما
شاردبۆوه‌، دایكم دۆزییه‌وه‌
سوتاندی،
ئه‌ڵقه‌یه‌كت كرده‌ په‌نجه‌م
چاره‌نووس خێرا ونیكرد
گوڵێكت دابوو له‌قژم
هه‌رزوو وه‌ری بۆنم نه‌كرد..
9
مه‌ڵێ‌ قژت زه‌رد بكه‌ جوانه‌
با هه‌ر ره‌نگی خه‌نه‌یی بێ‌،
من ده‌مه‌وێ‌ وه‌كو قژی هه‌موو ژنانی ووڵاته‌كه‌م
ره‌نگی سووری خوێناوی بێ‌..




وشه‌كانی دوای ماڵئاوایی
1
ملوانكه‌
وه‌ره‌ با ئه‌و ملوانكه‌یه‌ت بكه‌مه‌ مل
به‌په‌نجه‌كانم بۆم هۆنیویته‌وه‌
موروه‌كانی له‌ماچی تۆیه‌و
ده‌زوله‌كانی له‌تاڵه‌كانی قژی من
2
به‌فر
دوێنێ زۆر زۆرت بۆ گه‌ڕام
هه‌ر دیارنه‌بووی
ووتیان ئێمه‌ بینیومانه‌
بۆته‌ تۆپه‌ڵێ به‌فر
له‌سه‌ر به‌رزترین لوتكه‌
بڕوام نه‌كرد؟
تاخۆت هاتی‌و دڵۆپ،دڵۆپ
به‌سه‌ر لاشه‌مدا توایته‌وه‌
3
شعر
من تۆ‌و شعرم زۆر خۆش ده‌وێ
ده‌پێم بڵێ
شعر عه‌شقی تۆی فێركردوم
یان عشقت شعری فێر كردم
4
ره‌شه‌با
به‌مناڵی زۆر رقم له‌ره‌شه‌با بوو
رۆژێك هات‌و
بۆكۆكه‌و بێشكه‌كه‌می برد
به‌ڵام ئێستا
له‌وه‌ته‌ی ئه‌م ره‌شه‌بایه‌ دێ
دڵم شاده‌
ده‌ڵێم ره‌نگه‌ له‌لای تۆوه‌
هه‌ڵی كردبێ‌و
بۆنی هه‌ناسه‌ی تۆی لێ بێت!
5
مانگ
ده‌ڵێن مانگ نازانێ ،گۆرانی بڵێ
ئه‌مشه‌و من‌و مانگ
تابه‌یانی گۆرانیمان ووت
ئه‌و بۆ ئه‌ستێره‌كان
منیش بۆ چاوه‌كانی تۆ
6
پێوانه‌
من‌و تۆ هه‌رده‌م شه‌ڕمانه‌
كه‌تۆ زیاترت خۆش ده‌وێم،
یاخوود من
دوێنێ هێنده‌ سه‌یری یه‌كتریمان كرد
چاوه‌كانی تۆ هیلاك بوون
چاوه‌كانی من هه‌ر گه‌شتر
ئینجا زانیم كه‌من زیاترم خۆش ده‌وێی
7
مردن
من ده‌مه‌وێ بۆ عه‌شقی تۆ بمرم
به‌ڵام ده‌زانم ،نه‌ده‌توانن
شینم بۆ بگێڕن
نه‌ده‌وێرن ناوم بێنن !




شه‌ڕو ئاشتی په‌نجه‌كان
1
له‌نێوانی په‌نجه‌كانی من‌و تۆدا
من ئێستا وه‌ك نابینایه‌ك
په‌نجه‌كانم ناناسمه‌وه‌
له‌ورۆژه‌وه‌ی په‌نجه‌كانم‌و
په‌نجه‌كانت ئاوێزان بوون
ره‌نگ‌و بۆنی یه‌كیان گرتوو
خۆیان بۆ جیاناكرێنه‌وه‌
2
په‌نجه‌كانی ده‌ستی چه‌پم
گه‌لێ جاران وه‌كوو دوژمن
به‌گژ ده‌ستی راستما ده‌چن
ده‌زانێ بۆ ؟ به‌غیلی‌و ئیره‌یت پێده‌به‌ن
چونكه‌ په‌نجه‌ی ده‌ستی راستم
ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستت ده‌كه‌ن؟
3
بیرمه‌ ئێستاش كه‌ مناڵ بووم
دایكم په‌نجه‌ی شایه‌تمانی راده‌وه‌شاند
به‌ده‌نگی به‌رز پێی ده‌ووتم
ئه‌تۆ كچی
مه‌چۆ بۆ ئه‌وێ شه‌رمه‌
بۆ ئه‌و لایه‌ش شووره‌ییه‌
نه‌كه‌ی بچی ؟
كه‌گه‌وره‌ بووم
په‌نجه‌كانت فێریان كردم
ئه‌و په‌نجه‌یه‌م هه‌ر بشكێنم
له‌كچه‌كه‌می راوه‌شێنم
4
كه‌مناڵ بووم
په‌نجه‌ گه‌وره‌م له‌توێی لێوه‌كانما
ده‌مژی
تاكوو دواجار بێ به‌زه‌یی
به‌ئاگری جگه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی باوكم
په‌نجه‌ گه‌وره‌یان داخ كردم
تۆبڵێی گه‌ر، وه‌كوو سه‌رده‌می مناڵیم
ئاره‌زووكه‌م ،
هه‌موو په‌نجه‌كانت بمژم
تۆ دڵت بێ داخم بكه‌یت.
5
ده‌ڵێن كافرن ئه‌وانه‌ی
رۆژی پێنج جار په‌نجه‌كانیان ته‌ڕ ناكه‌ن‌و
ئه‌و په‌نجانه‌ بێ ده‌ست نوێژن
من پێنج فه‌رزه‌ په‌نجه‌كانم
به‌بارانی چاوت ده‌شۆم
له‌سه‌ر تاشه‌به‌رده‌كانی روخسارتدا
نوێژه‌كانی عشقت ده‌كه‌م
6
عاشقان سه‌یری چاوت ده‌كه‌ن
من هه‌ر سه‌یری په‌نجه‌كانت
ئه‌وان عشق نین عاشقۆكه‌ن
بۆیه‌ وه‌ك من
له‌زمانی سه‌ماو تێكه‌ڵاو بوونی
په‌نجه‌كانت تێ ناگه‌ن
7
له‌سووچێكی كه‌شكۆڵی پێشمه‌رگه‌یه‌كدا
به‌هه‌ناسه‌ی په‌نجه‌كانت
ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ت بۆ هاوڕێیه‌كت نووسی بوو
ئه‌ی هاوڕێكه‌م زۆر دڵنیام
ئه‌وكاتانه‌ی كه‌پێكی عه‌شق هه‌ڵده‌گری
سروودی شه‌هید بوون ده‌چڕی
ئافره‌تێكیش له‌برساندا
له‌سایه‌ی كۆشكێكی بڵندا
له‌ده‌رگای ئاسمان ده‌دا
كێ ده‌زانێ دایكی تۆیه‌
كێ ده‌زانێ ئێستا گڵكۆكه‌ی له‌كوێیه‌؟!
8
تۆشێخێكی گه‌وره‌یت‌و
منیش كه‌نیشكێكی بچووك
رێگه‌م بده‌ له‌به‌رده‌متا به‌چۆكدا بێم
كڕنووش بۆ گه‌وره‌یت به‌رم
به‌شه‌رمه‌وه‌ په‌نجه‌كانت تێر ماچ بكه‌م
9
چه‌ند تامه‌زرۆم بۆن
به‌په‌نجه‌كانته‌وه‌ بكه‌م
ئه‌و په‌نجانه‌ زۆر پیرۆزن
نه‌بۆنی فرمێسكی ژنی لێ دێ‌و
نه‌خوێنی پیاو
10
هه‌موو په‌نجه‌كان جوانن
ته‌نیا ئه‌و په‌نجه‌یه‌ نه‌بێ
ئه‌ڵقه‌یه‌ك داگیری ده‌كا؟




چه‌ند پارچه‌ شیعرێك
1
په‌یكه‌ر
پێیان وتم:
تۆ چۆن ئه‌وت خۆش ویستووه‌
كه‌ تۆ په‌یكه‌رت له‌ به‌فره‌و
چاوه‌كانی ئه‌و له‌ هه‌تاو
منیش وتم:
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ساتێ
له‌ حزوریا بتوێمه‌وه‌
ببم به‌ئاو
2
ره‌یحانه‌
هه‌زار خۆزگه‌
ئه‌و دووچڵه‌ ره‌یحانه‌ ره‌شه‌ی سه‌ر
سنگی سپی دایكت بام
جار ناجارێ‌
له‌گه‌ڵ باوه‌شی دایكتا
بۆنت كردبام
3
مێخه‌ك
ماوه‌یه‌كه‌ بۆنی مێخه‌كت گرتووه‌
من نازانم
له‌بۆنی مێخه‌ك به‌نده‌كه‌ی
دایكته‌وه‌یه‌
یان له‌ گه‌ڵاكانی ده‌ستی من؟!
4
گوڵ
كه‌ رۆشتی
هه‌رچی گوڵ و خونچه‌ی شار بوو
له‌گه‌ڵ خۆت برد
بیرت چووبوو
ئه‌گینا من خونچه‌ی گوڵی لێوه‌كانم
له‌ قه‌راغ ده‌ریاچه‌ی لێوتا
جێ هێشتووه‌
5
تابلۆ
پێیان وتم:
تۆ باشترین وێنه‌كێشی
كاتێك ئه‌و تابلۆیه‌یان دی
به‌ سوراوی لێوه‌كانم
له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی ده‌سته‌كانت نه‌خشاندبووم
6
لێو
من ده‌زانم، كاتێك
دووچاوی عاشق به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
چ سه‌مایه‌ك دروست ده‌كه‌ن
ئه‌ی كه‌ دوو لێو به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
چ ئاوازێك دروست ده‌كه‌ن..!
7
سپێده‌
ئه‌م سپێده‌یه‌ زۆر نامۆیه‌
نه‌بۆنی گوڵی مێخه‌ك دێ‌و
نه‌ سۆزی خۆشه‌ویستی‌و ماچ
له‌وه‌ ده‌چێ عاشقێك كۆچی كردبێ‌و
هه‌مووی له‌گه‌ڵ خۆی بردبێ..
8
عاشق
كه‌من هێنده‌ شه‌یدای تۆبم
كه‌ تۆ هێنده‌ عاشقی من
ده‌بێ من ببمه‌ په‌پووله‌و
تۆش گوڵێكی باخه‌كه‌ی من
9
دایك
من دوو كه‌سم زۆر خۆش ده‌وێ‌
یه‌كه‌م دایكم
دووه‌م دایكت
دایكم كه‌ منی بۆ تۆ گۆش كرد...
دایكت كه‌ تۆی بۆ من گۆش كرد...
10
بۆن
هه‌رچی گوڵ و خونچه‌ی شاره‌
هه‌موو بۆنی تۆی گرتووه‌
ده‌ڵێن گوایه‌ به‌ر له‌رۆشتن
عه‌تری هه‌ناسه‌ت ڕشتووه‌..
11
ئاسك
من نازانم له‌كه‌یه‌وه‌
بوویته‌ ئه‌و ئاسكه‌ كێویه‌ی
كه‌س ناتگرێ‌
منیش ئه‌و ڕاوچییه‌ داماوه‌ی
پاش هیلاك بوون
به‌بێ هیوا خه‌م دام ده‌گرێ‌
12
هه‌وارگه‌
ده‌ڵێی ده‌ڕۆم
هه‌وارگه‌ی دڵت جێدێڵم
تكا ده‌كه‌م تاپۆكه‌ی دڵم بده‌یته‌وه‌
تۆ پێت وایه‌ زۆر ئاسانه‌
تاپۆی دڵت وه‌رگریته‌وه‌
پێم ناڵێی چۆن
قه‌رزی ئه‌و هه‌موو ماچانه‌م ئه‌ده‌یته‌وه‌
13
ته‌سبیح
ده‌ڵێی بوومه‌ ده‌روێشی تۆ
تۆش ببه‌ به‌ته‌سبیحی ده‌ستم
با هه‌ر زكرت پێوه‌ بكه‌م تاكو ده‌مرم
بۆ هه‌ر كوێ‌ چووم له‌ گیرفانما
به‌نهێنی هه‌ڵت ده‌گرم
ده‌ڵێم گیانه‌
زۆر ئاسانه‌ كه‌من
ته‌سبیحی گه‌ردنت ببم
به‌ڵام تۆ بڵێی
ئه‌گه‌ر رۆژێ‌ ئه‌و ته‌سبیحه‌ی پچڕا
تۆنه‌توانی ده‌نكه‌كانی كۆبكه‌یته‌وه‌ و
بڵێی من خاوه‌نی هه‌موویانم.......




چه‌ند خونچه‌ شعرێكی بێ ناو نیشان
1
تۆ چه‌ند خۆت دوورده‌خه‌یته‌وه‌
زیاتر هه‌ست ده‌كه‌م نزیكیت
په‌نجه‌كانم هه‌مووی پڕن له‌بۆنی تۆ
روومه‌ته‌كانم له‌ ره‌نگت
چاوه‌كانم پڕ له‌ نیگات
قژم له‌بۆنی سه‌ر سنگت
2
تۆ هه‌ندێ جار پایزیت‌و
هه‌ندێ جاریش وه‌رزی به‌هار
كه‌وون ده‌بی خه‌زان له‌ باڵام داده‌كاو
كه‌ ئه‌تبینم ژیانم پڕ ده‌بێ له‌گوڵزار
3
كاتێك له‌ عشقمدا ده‌توێیته‌وه‌
له‌ پیاوێكی سه‌رخۆش ده‌چی
سه‌رخۆشی عه‌شق
نه‌وه‌كوو مه‌ی
4
به‌ده‌ست من بێت
هه‌رچی جوانی دنیا هه‌یه‌
له‌ نێو باڵای تۆدا كۆی ده‌كه‌مه‌وه‌
تا ئه‌و وێنه‌یه‌ بنه‌خشێنم
كه‌ پێم ووتی له‌ تێڕوانیننی چاوی مندا
له‌هه‌موو جوانیه‌كان جوانتری
5
ووتت شۆڕێ
به‌و به‌رگه‌ شل‌و شۆڕه‌وه‌
كت‌ومت له‌تاوس ده‌چی
منیش دوێنێ
له‌باخچه‌ی ئاژه‌ڵاندا
تاوسێكی جوانكیله‌م دی
له‌سه‌ر قسه‌ی تۆ
باڵه‌كانیم وه‌كوو خۆم هاته‌ به‌رچاوم
گه‌ردنه‌ به‌رزو شینه‌كه‌ش
وه‌ك گه‌ردنی تۆ ؟
6
گه‌ر نه‌متوانی
وه‌ك عاشقێك پێناسه‌ت بكه‌م
لێم ببوره‌، من به‌رله‌وه‌ی تۆ بناسم
له‌ ئه‌هلی ئه‌و ژنه‌ فریشتانه‌ بووم
وانه‌ی عه‌شقیان نه‌خوێند بوو
7
تۆ زۆر له‌ گوڵی نێرگز ده‌چی
له‌ هه‌موو گوڵه‌كان جوانترو
له‌ هه‌مووشیان بۆن خۆشتری
8
ئه‌گه‌ر ویستت خوازبێنم كه‌یت
به‌دایكم بڵێ
بیانووی پشتێنت پێ نه‌گرێ
من هه‌ردوو قۆڵی تۆم به‌سه‌ بۆكه‌مه‌رم
9
كه‌ چاوه‌كانم له‌ تێڕوانینی چاوانتا
ده‌توێته‌وه‌
لێوه‌كانم نوقڵانه‌ی خۆشه‌ویستی
ده‌به‌خشنه‌ هه‌موو دڵدارانی جیهان
10
دوو كڵۆ خه‌ڵوز بێنه‌و
به‌ده‌ستوری كورده‌واری
له‌سه‌ر سه‌رم بیكوژێنه‌وه‌
باترسی خۆشه‌ویستی تۆم له‌دڵ ده‌رچێ‌و
بتگرمه‌ ئامێزمه‌وه‌ .





نزای ماچ
ماچ
1
لێم ببوره‌ وا راهاتووم
هه‌موو سپێده‌یه‌ك
كه‌مانچه‌ی دڵه‌ شێته‌كه‌م
بكه‌وێته‌ ئاواز لێدان
په‌نجه‌كانم له‌نێو باوه‌شی
په‌نجه‌تا سه‌ما بكات !
من ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ په‌یمان نوێكردنه‌وه‌ی
خۆرو پێده‌شت
گوڵ‌و هه‌نگ
باڵنده‌و ئاسمان
ده‌ریاو زه‌مه‌ند، منیش له‌گه‌ڵ په‌نجه‌كانتا
په‌یمان نوێ بكه‌مه‌وه‌و
به‌یادی یه‌كه‌م گوشینی په‌نجه‌كانته‌وه‌
په‌نجه‌كانت ماچ بكه‌م‌و
پێت بڵێم ئازیزه‌كه‌م
ئه‌مڕۆ له‌دوێنێم زیاتر خۆش ده‌وێی؟
2
پرسیار
ره‌مه‌زان بوو
پیره‌مێردێكی ردێن سپی
ووتی كچم تۆكه‌ی به‌رۆژوو ده‌بی
ووتم كاتێ ،رێگه‌تان دام
له‌بری لوقم، به‌ماچ به‌ربانگ بكه‌مه‌وه‌و
به‌باوه‌شی ئه‌ڤینه‌كه‌م
رۆژووم بشكێ ؟
3
ئازادی
باهه‌ردووكمان ده‌مان قفڵ ده‌ین
باس له‌ئازادی نه‌كه‌ین
كه‌ هه‌ردووكمان به‌ئازادی له‌دایك بین
بۆچی ده‌بێ ، به‌س بۆ ماچێك
له‌چاوی منداڵێك بترسین
4
خۆشه‌ویستی
ده‌ڵێن سه‌یره‌
ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی ئێوه‌
بۆ هێنده‌ به‌گڕو به‌تینه‌؟
ده‌ڵێم چونكه‌
ئه‌و خواوه‌ندی عه‌شق‌و سۆزه‌
منیش به‌نده‌ی ئه‌م ئه‌وینه‌ !
5
ئامێز
هه‌ركات ویستم
خۆم بخزێنمه‌ باوه‌شته‌وه‌
رێگه‌م بده‌
من ئه‌و منداڵه‌ بێ نازه‌م
له‌باوه‌شی تۆدا نه‌بێ
ژیر نابمه‌وه‌ ؟
6
وه‌ڵام
هاوڕێیه‌كم لێم پرسی
ئه‌رێ كچه‌كه‌ تۆ پێم ناڵێی
ئه‌م شعرانه‌ بۆ ده‌نووسی؟
منیش ووتم : لێم ببوره‌
هه‌رگیز ،هه‌رگیز، شعرم بۆ كه‌س نه‌نوسیووه‌
ئه‌وه‌ ،گوڵه‌، خوێنمه‌، هه‌ستمه‌
هه‌ڵۆیه‌كی به‌رزه‌فڕه‌
شاده‌مارێكی نێو دڵمه‌ .
7
نوێژ
له‌سه‌ر كانی گونده‌كه‌تان
نوێژم ده‌كرد
شێخێك به‌لامدا تێپه‌ڕی
ووتی : كچم هانێ به‌رماڵ
نوێژه‌كه‌تی له‌سه‌ر بكه‌
ئه‌و نه‌یزانی به‌رماڵی رۆحم راخستووه‌و
نوێژه‌كانی عه‌شقت ده‌كه‌م
8
گریان
كه‌مجار هه‌یه‌، پێڵوی چاوم
تارمایی خه‌فه‌ت دایبگرێ
به‌ڵام كاتێ سیمای گه‌شت
بۆساتێ بزه‌ی لێده‌بڕێ
له‌ناخمه‌وه‌
بوركانی گریان هه‌ڵده‌ستێ
9
فێرم بكه‌
ووشه‌كانت بخه‌ره‌ فڕین
وه‌ك چۆن فێرت كردووم
خۆزگه‌كان هه‌ستم داگیر بكه‌ن
له‌م ووڵاته‌ بێ خۆزگه‌دا
وه‌ك چۆن فێرت كردووم
كه‌دڵم بوو به‌ئاگردان
به‌به‌فراوی هه‌ناسه‌كه‌ت بیكوژێنمه‌وه‌
جگه‌ له‌تۆ بیر له‌هیچی تر نه‌كه‌مه‌وه‌
10
ماڵئاوایی
نه‌كه‌ی بڕۆی من دڵنیام
هه‌رگیز ده‌ستم له‌ده‌ست جیانابێته‌وه‌
هه‌ردوو چاوم
له‌تێڕوانینی چاوانتا ده‌توێته‌وه‌ ؟


بۆ وون بوون ........ ئاماژه‌یه‌ك
1
كه‌ رۆیشتی من بیرچوو
به‌ ئه‌ستێره‌كان بڵێم ، پاسه‌وانت بن
ئێستا شه‌وان
وه‌كوو منداڵ هێور، هێور
فرمێسك ده‌بارێنم‌و
لێیان ده‌پاڕێمه‌وه‌
له‌و به‌رزایه‌وه‌ تۆم بۆ بدۆزنه‌وه‌
2
به‌ماچێك ماڵئاواییم لێكردی
نه‌مزانی شار هه‌مووی ماچ
بارانی رێگه‌كه‌ت ده‌كا
نه‌مزانی باڵنده‌كان به‌ده‌م
نه‌غمه‌یه‌كی تاساوه‌وه‌
هه‌موویان دوای تۆ سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن
3
منیش ده‌مه‌وێ وه‌كوو گه‌ڵایه‌ك
له‌ژێر سێبه‌ری دره‌ختی قژه‌كه‌تدا بمرم
ده‌مه‌وێ له‌دوا ئاڵوگۆڕی هه‌ناسه‌ماندا
هه‌ناسه‌م به‌تۆ بسپێرم
ده‌مه‌وێ رووه‌و قیبله‌گای تۆ
سه‌ر به‌رزبكه‌مه‌وه‌و
نوێژه‌كانی عه‌شقت بكه‌م
4
نازانم قیبله‌گات كوێیه‌
تۆ هه‌موو شه‌وێك هه‌واڵی منت پێده‌گا
چونكه‌ په‌پوله‌ی رۆحم
ئۆقره‌ ناگرێ‌و ده‌گاته‌ لات
5
چاوه‌ڕێم بێیته‌ خه‌ونمه‌وه‌
تابڕژێمه‌ ده‌ریای چاوه‌كانته‌وه‌
من ئێستا خه‌و به‌لاشه‌ی
مردووه‌كانه‌وه‌ ده‌بینم
شه‌وانه‌ ئه‌و گۆرانیه‌ غه‌ریبه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌
كه‌ فێرت كردووم
6
ئه‌ی هاوڕێكه‌م له‌م ووڵاته‌دا
گازینۆكان گۆڕستانی پیاوه‌كانه‌و
پیاوانیش زیندانی ژنانن
7
من زه‌مه‌نێكم خۆش ده‌وێت
ئاسمان‌و خۆرو ده‌ریاو
مرۆڤی وه‌كوو تۆبن
تۆ مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نیت
8
وه‌ره‌ باتێر بۆنت بكه‌م
من له‌هه‌موو بۆنێك بێزارم
ته‌نها له‌بۆنی قژی تۆ نه‌بێت
9
دوێنێ به‌هه‌موو خونچه‌
گوڵه‌ مێخه‌كه‌كانم ووت
كوا هاوڕێكه‌م؟
دڕكه‌كانی ده‌وربه‌ری په‌نجه‌یان گه‌ستم
10
كه‌ رۆیشتی وانه‌یه‌كی نوێت فێر كردم،
چۆن هه‌ست به‌لێدانی به‌په‌له‌ی دڵم بكه‌م
چۆن له‌گه‌ڵ مه‌رگدا بجه‌نگم.


كاتێك دڵم بۆت ده‌دوێ

1
پێم بڵێ له‌تۆ گه‌وره‌تر كوا
چاوه‌كانم به‌نده‌ ئاسا
سوژده‌ بۆ گه‌وره‌یت ببه‌ن
په‌نجه‌كانم
له‌به‌رده‌م ده‌لاقه‌ی جوانیتا
بێنه‌ سه‌ما..
2
به‌باخه‌وانه‌كه‌ی دڵت بڵێ
باگوڵه‌كان له‌باخچه‌كانی عشقدا
زیاتر بڕوێن
ده‌ڵێم ئه‌وسا له‌بری گوڵێك
تۆ هه‌زاران گوڵ بۆن ده‌كه‌ی
3
بۆنی هه‌نگوینی هه‌ناسه‌ت
له‌هه‌ناسه‌م نابێته‌وه‌
بۆكوێ بچم ده‌مناسنه‌وه‌
من له‌باڵی په‌پوله‌ ره‌نگاڵه‌ییه‌كانه‌وه‌
تۆم ناسی
تۆ له‌بۆنی گوڵه‌مێخه‌كانه‌وه‌
4
ئه‌ی ووشه‌ پیرۆزه‌كه‌ی
ئایه‌ته‌كانی نوێژی من
تۆخۆری، یاخۆر تۆی
من كاته‌كانی شه‌و رۆژم
بۆجیا ناكرێته‌وه‌..!
گه‌رچاوه‌كانی تۆ نه‌بێ، ده‌بێ من نابینابم
ئه‌وسا نازانم
هه‌وره‌كان چ كاتێك
تۆفان داده‌بارێنن.
نازانم نێرگز چ كاتێك سڵاوم لێده‌كاو
چ كاتێك له‌ته‌مه‌نێكی كورتدا جێم دێڵێ..!
گه‌ر تۆنه‌بی نازانم كه‌ی
ره‌شه‌با هه‌ڵده‌كاو داروبه‌رد وێران ده‌كات
كه‌ی لافاوو گه‌رده‌لوول كه‌ناره‌كانی
دڵم ده‌خوات ..!
5
من نابێ له‌تۆ دوور بم
تادڵنیابم كه‌خۆمم وون نه‌كردووه‌
تۆم له‌گه‌ڵ خۆمدا هه‌ڵگرتووه‌
هیچ نهێنیه‌ك له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌دا نیه‌
كه‌زه‌مه‌ن منی كوشت؟
لێم ببوره‌ گه‌ر جێم هێشتی
هیچم نیه‌ بۆت جێبێڵم
جگه‌ له‌چڵه‌ مێخه‌كێك ‌و ره‌یحانه‌یه‌ك
هه‌ناسه‌ت گوڵاو پرژێن كات
چونكه‌ هه‌ر ئه‌وان ده‌زانن
شه‌وانه‌ چه‌ند گۆرانیمان بۆتۆ ووتووه‌
6
به‌رووباره‌كان بڵێ، ماچه‌كانت بده‌نه‌وه‌
من له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ژوانه‌كانمدا
پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌وه‌ لای باوكم
ماچه‌كانم به‌رووبارێك سپاردووه‌
به‌نهێنی هه‌ڵیان بگرێ
به‌زه‌مه‌ندوو زه‌نوێره‌كان بڵێ
خه‌ونه‌كانم لای ئه‌وان شاردۆته‌وه‌
بابۆت بگێڕنه‌وه‌
ئه‌وسا ده‌ست نوێژێك بگره‌و
نوێژی عه‌شق ته‌واو بكه‌و
ماچه‌كانت له‌سه‌ر به‌رده‌
نوێژه‌كه‌ جێبهێڵه‌..!
7
به‌ڵام بیرت نه‌چێ، من نابێ بمرم
من له‌ناو لاشه‌ی تۆدا جێده‌مێنم
هه‌ر چۆنێ بێ، ده‌بێ
له‌ پێش تۆدا بمرم
ماچه‌كانم لای خۆت كۆكه‌ره‌وه‌
هه‌رگیز رێگه‌ نه‌ده‌ی كه‌س بیان بینێ
باپێت نه‌ڵێن،تۆ راست ناكه‌ی
ئه‌و كچه‌ عاشقه‌ كێ بووه‌
ئه‌و هه‌موو ماچانه‌ی كردووی
8
من ماڵێكم ده‌وێ به‌خشتی
سوور هه‌ڵچنرابێ
تۆ به‌گوڵی ماچه‌كانت وێنه‌ی بكه‌ی
من به‌لێوم بۆیه‌ی بكه‌م.
9
من ئه‌و كیژه‌ له‌خۆباییه‌ نیم
كۆشكێكی بڵندم بوێ
له‌ناوه‌وه‌ زیندانێكی داخراو،
تۆ ده‌زانی هه‌رگیز نابێ
دڕك ده‌زگیرانی هه‌نگ بێ‌و
مانگیش عاشقێكی به‌ردی رووت!
10
من ده‌مه‌وێ ببمه‌ مۆم‌و
له‌شه‌وانی ئه‌نگوسته‌چاو بۆت بسوتێم
پێیان ووتم له‌ژوورێكی پڕ چراخاندا
چاوه‌كانت كز ده‌بینێ ؟
خواوه‌ند ئێمه‌ی به‌هه‌ڵه‌ دروست كردووه‌
بۆیه‌ هه‌رده‌م قه‌رزاری تۆم
ده‌تۆ وه‌ره‌ با سه‌رله‌نوێ
خۆمان دروست بكه‌ینه‌وه‌
تۆ كوڕه‌ جوتیارێك به‌و
منیش بێریه‌كی بچووك
هه‌موو سپێده‌یه‌ك
جامێك شیرت به‌ ماچێك پێده‌گۆڕمه‌وه‌
ئه‌وسا وه‌ره‌و فێرم بكه‌
ده‌سته‌ پاك‌و پیسه‌كان جیا بكه‌مه‌وه‌
هه‌روه‌ك فێرت كردم نهێنیه‌كانی
گه‌ردوون بپارێزم
هه‌روه‌ك فێرت كردم
ئه‌و هه‌ورانه‌ بناسم
ئه‌م ره‌شه‌با نه‌گریسه‌ بوه‌رێنه‌
زمانی دڵم له‌ره‌گه‌وه‌ ده‌ربهێنه‌
نه‌وه‌ك رۆژێك له‌رۆژان بێته‌ دوان‌و
پێت بڵێ:
ده‌بوو خۆشم نه‌ویستبای
ده‌بوو خۆشت نه‌ویستبام ..!






جارێكی تر شه‌ڕو ئاشتی په‌نجه‌كان

1
له‌نێوان په‌نجه‌ ته‌ڕه‌كانی من و
په‌نجه‌كانی ئه‌ودا
په‌نجه‌ی ئه‌و بۆ شایه‌دی ته‌حیات‌و
هی منیش
بۆ شیعرو ئه‌ڤین
2
خه‌وی په‌نجه‌كانی ئه‌و
له‌سه‌ر شابه‌ردی نوێژ،
یا به‌رماڵی خوداییه‌
هی من
له‌سه‌ر په‌ڕه‌یه‌كی سپی،
یا ڕو‌ومه‌تی كچێك
3
په‌نجه‌ هه‌یه‌،
له‌دنیای ژیانی ئێمه‌دا
له‌گه‌روی مرۆڤ ده‌ئاڵێ و ده‌یخنكێنێ
په‌نجه‌ش هه‌یه‌
پاروه‌ نانێ ئه‌خاته‌ گه‌روی برسیه‌ك‌و
مردنی لێ ئه‌ستێنێ
4
په‌نجه‌كانم له‌په‌نجه‌كانی ئه‌و ناچێ
په‌نجه‌ی ئه‌ویش له‌هی من ناكات
ئه‌وانه‌ی ئه‌و دزی له‌من‌و
له‌ماڵی خواو
له‌ژیان ده‌كه‌ن
هی من پارێزه‌ری ژن‌و
شیعرو ژیانن
په‌نجه‌كانی ئه‌و بكوژی خونچه‌و
جه‌لادی سه‌ربڕینی كه‌نارین
هی من
فریشته‌ی باخچه‌كانی ئازادی‌و
كه‌ناری سه‌ردره‌خته‌كانی ئه‌ڤینن
5
په‌نجه‌ی كرێكارێك وشك وشك
نانێكی ڕه‌قی له‌نێو ده‌سته‌
هی گه‌دایه‌ك
چاره‌نوسی ژیانی من‌و
كرێكارێك و برسیه‌كی
ته‌وق كردووه‌
ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م خه‌ون به‌ئاڵای نانه‌وه‌ ده‌بینێ
تا توند له‌ده‌سته‌كانی بگرێ و
هی دووه‌م بیری له‌خه‌زێنه‌ی خوێن و
نانی منه‌
6
گه‌ر په‌نجه‌ فریشته‌ییه‌كانی تۆ
هێنده‌ی په‌نجه‌ی شێخه‌كانی هه‌موو دونیا پیرۆز نه‌بێ
هێنده‌ی خه‌ونی مناڵێكی هه‌ورامانم قه‌شه‌نگ نه‌بێ
وه‌ك گوڵی سه‌رگڵكۆی شه‌هیدێك
بۆنی پڕ له‌عه‌تری ئه‌وین نه‌بێ
ڕۆژی سێ جار
ته‌وقه‌ ناكه‌م
بۆنی ناكه‌م
ماچی ناكه‌م
7
په‌نجه‌كانی مۆسیقارێك ئاوازێك بۆ ڕۆح ئه‌ژه‌نێ
په‌نجه‌كانی نیگار كێشێك وێنه‌یه‌ك بۆ چاو ئه‌نه‌خشێنێ
په‌نجه‌كانی هونه‌رمه‌ندێك
هونه‌ر بۆ دڵمان و له‌نێو دڵمان ئه‌چێنێ
ئاخ له‌په‌نجه‌ی تیرۆریستێك
په‌نجه‌ی من‌و
په‌نجه‌ی مۆسیقارو نیگاركێش و هونه‌رمه‌ندێك
ئه‌قرتێنێ
8
په‌نجه‌كانی دیكتاتۆر
له‌په‌نجه‌كانی من ناچێ
هی ئه‌و له‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی تفه‌نگ و
فڕۆكه‌و زریپۆش
هی من له‌سه‌ر روپه‌ڕو، قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست
هی ئه‌و
میحنه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌ چێ ده‌كاو
دۆزه‌خی ئه‌نفال ئه‌خوڵقێنێ
هی منیش شیعر‌و
زامی هه‌ڵه‌بجه‌و
خه‌می ئه‌نفال

ده‌خونچه‌ له‌شعری ماچ‌و خۆشه‌ویستی

1
خه‌ون
دوێنێ شه‌وێ له‌خه‌وم بینی
له‌خه‌ونمدا له‌ژێر دارگوێزه‌كه‌ی
به‌رماڵتاندا
تێرتێر ماچ بارانم كردی
كه‌سپێده‌ خۆر بانگمی كرد
هه‌زاران خونچه‌ گوڵی لێو
له‌ژێر دارگوێزه‌كه‌ رووابوون ؟
2
ماچ
چه‌ند حه‌زده‌كه‌م كه‌ ئه‌تبینم
هه‌موو جه‌سته‌م بێ به‌ده‌م‌و
تێر ماچت كه‌م
به‌ڵام ئازیز زۆر ده‌ترسم رۆژێك دابێ
له‌ناو هه‌موو ماچه‌كانا
خۆم وون بكه‌م ؟
3
رۆژوو
هه‌رگیز ئه‌و رۆژه‌م بیرناچێ
به‌هه‌ڵه‌داوان گه‌یشتمه‌ لات
پڕ له‌هه‌وری ماچ بوو گه‌رووم
تۆ به‌ده‌ست پاڵت پێوه‌نام
ووتت دوور كه‌وه‌ به‌رۆژووم .

4
له‌یه‌ك چوون
منداڵه‌ نه‌شیمیله‌كه‌ی
دراوسێمانم زۆر خۆش ده‌وێ
بۆئه‌وه‌نا !
خه‌پۆله‌یه‌و چاوی جوانه‌و پێده‌كه‌نێ
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌مێك ره‌نگه‌ ئه‌سمه‌ره‌كه‌ی
له‌تۆ ده‌چێ ؟
5
هێلانه‌
كه‌تۆم خۆش وویست
رقم له‌هه‌موو كه‌سێك بۆوه‌
چونكه‌ دڵم ته‌نها جێگه‌ی
تۆی تیا بۆوه‌
6
جوانی
له‌ناو كۆمه‌ڵێ هاورێدا دانیشتبووم
باسی جوانی مرۆڤێكیان بۆده‌كردم
توڕه‌بووم‌و هه‌ستام له‌وێ
ئێستا له‌خۆم ده‌پرسم
بشێ له‌تۆ جوانتر هه‌بێ ؟
7
توانه‌وه‌
واده‌زانی زوویر ده‌بم
قڵان‌و فیسار واده‌ڵێن
كه‌من به‌نده‌ی چاوانت بم !
كه‌ی عاشقم ،گه‌ر گوێ بگرم
ئه‌م چی ده‌ڵێ‌و ئه‌و چی ده‌ڵێ ؟!
8
سنوور
ده‌ڵێم نه‌رۆی
ئه‌و سنووره‌ دوور دوورانه‌
به‌بێ په‌ساپۆرت ناپسێ
ئه‌وه‌ سنوری دڵم نیه‌
هه‌زاران جار بێیت‌و برۆی
كه‌س هه‌واڵی ناو ناسنامه‌ت نه‌پرسێ ؟
9
پرسیار
خوێندكارێك بووم تۆم خۆش ده‌ویست
مامۆستاكه‌م هاتوو پرسی
كێ ده‌زانێ چ شتێ ،
بێ ئه‌وی دی ناژی
خوێندكاره‌كه‌ی ته‌نیشتم هه‌ستاو ووتی :
ماسی بێ ئاو
ئه‌وی تریان
مرۆڤ بێ هه‌تاوو ناونیشان
خوێندكارێكی تر له‌و لاوه‌
مناڵ به‌بێ نازی دایك‌و
هه‌نگیش بێ گوڵ
من حه‌په‌سام هه‌رچه‌ندم كرد
زمانم بۆ نه‌هاته‌ گۆ
چونكه‌ من وام زانی بوو
ئه‌وه‌ی به‌بێ یه‌كدی ناژی، منم بێ تۆ؟

10
ده‌رگا
بۆ ده‌رگاكه‌ت داخستووه‌
كێونشینان ده‌رگایان واڵایه‌ بۆ میوان
له‌هه‌موو ئاوایی‌و گوندێ
بۆ ده‌رگاكه‌ت داخستووه‌
هه‌ستی شه‌شه‌م پێی نه‌ووتی
میوانت دێ؟!










جه‌ژنی مه‌رگ

شوبات
به‌پرتاو هات
به‌ده‌ست ریشێكی درێژه‌وه‌ ئه‌یناڵاند
قوربان
به‌گریان هات
له‌چنگ فتوای شێتێك ئه‌ینوزاند
له‌ شوبات‌و له‌قوربانا
له‌ناو مه‌جلیسی ئه‌وین‌و پاكیزه‌یی
له‌ناو له‌پی ده‌ستی رووناكیدا
ته‌متومانه‌كانی تاریكی‌و
شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كانی جه‌هل
له‌یه‌كی شوبات‌و
له‌یه‌كی قوربان‌و
له‌یه‌ك چركه‌دا
سه‌د چرایان كوژانده‌وه‌
سه‌د چرایان له‌تاقی دیواری مزگه‌وتێك داگرت
سه‌د ماڵیان له‌رووناكی بێبه‌ش كرد
ئه‌وان هه‌زاران ساڵه‌
جگه‌ له‌مه‌رگ‌و كوشتن هیچ گه‌مه‌یه‌كی تر نازانن
شوبات
به‌پرتاو هات
به‌فتوای (كولله‌یه‌ك)
هه‌رچی گوڵه‌ گه‌نم هه‌بوو كوشتی
قوربان هات
به‌گوێی شه‌یتانی كردوو
ده‌یان ئیسماعیلی سه‌ربڕی
ئیبراهیم (شایه‌دبه‌)بۆ خواوه‌ندی بگێڕه‌وه‌
بڕۆ لای پێی بڵێ
مێزه‌ری مه‌لایه‌ك
به‌دوای كه‌لله‌سه‌ری به‌هه‌شتیه‌كدا ده‌گه‌ڕا
ته‌سبیحی زیكری موفتیه‌ك
توند ده‌سته‌كانی شاخه‌وانی گرتبوو
تانه‌ڕوا
(خه‌سره‌وم بینی)
له‌ناو خوێنی پاكیزه‌یی
ده‌ریا شه‌رابیه‌كانی به‌هه‌شت
به‌تفه‌نگی ژه‌نگاوی شۆڕش
سه‌وڵی مردنی لێده‌دا
ئیبراهیم درودت لێ بێ
بڕۆ پێی بڵێ
من ئیسماعیلم سه‌رنه‌بڕی تۆووتت
مرۆڤ بۆ ژیان نه‌ك بۆ مردن
مل بۆملوانكه‌یه‌ نه‌ك قرتان
سه‌ربۆ مه‌ندیله‌یه‌ نه‌ك بڕین
ئه‌وان به‌گوێی تۆیان نه‌كرد خودا
ئه‌وان هه‌موو شتێكیان بڕیه‌وه‌
ده‌ستی به‌ده‌ست نوێژ
ده‌ستی به‌تفه‌نگی خه‌بات
ده‌ستی پاك داوێن
له‌قوربان دزه‌كان هاتن
رۆحی تێكۆشانیان دزی
گیرفانی پڕ چوكلێتی مناڵانیان به‌تاڵان برد
ده‌شتێكی كاكی به‌كاكی هه‌ولێریان
به‌غه‌نیمه‌ت برد
شوبات به‌پرتاو هات
له‌و رۆژه‌دا شه‌یتان
له‌به‌رگی ئیرهابیه‌كدا خۆی كرد
به‌نێو مه‌جلیسی قوربانا
فه‌رقی نه‌كرد
له‌نێوان گه‌ردنی تێكۆشه‌رێك‌و
زاكیره‌ی پاكی منداڵێك‌و
په‌نجه‌و پێنوسی رۆژنامه‌نو‌وسێك
هه‌موویانی له‌ فڕین خست
چیم بینی
ئاخر له‌و رۆژه‌دا ئیبراهیم چیم بینی
ده‌ستێكی بڕاو ده‌ست نوێژه‌كه‌ی
نه‌شكا بوو
منداڵێك گوڵه‌ سووره‌كه‌ی له‌خوێنا سوورببوو
مه‌لایه‌ك هێشتا له‌زیكر نه‌وه‌ستابوو
گیانی پاكی تێكۆشه‌رێك ببوو به‌خۆڵ
بڕۆ پێی بڵێ ئیبراهیم
ئیدی چیتر ئێمه‌ به‌تاسووقه‌وه‌
چاوه‌ڕێی قوربان ناكه‌ین
تاغه‌زه‌ب نه‌یه‌ت‌و
ریشی شه‌یتانه‌كان به‌ئاگری دۆزه‌خ نه‌سوتێنێ
تاعه‌زاب نه‌یه‌ت‌و
جه‌سته‌ی تیرۆریست هه‌ڵنه‌قرچێنێ
ئێمه‌ قوربانی ناكه‌ین
ئێمه‌ هه‌موو ساڵێ ناتوانین
مناڵه‌كانمان بكه‌ینه‌ به‌رخی نێرو
بۆ سه‌ربڕین ئاماده‌یان بكه‌ین
ناتوانین ده‌رگای ماڵه‌كانمان
بۆ ڕه‌وه‌ كوله‌ی بیابانه‌كانی نه‌فامی
بخه‌ینه‌ سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت
ئیتر نوقڵ نابه‌خشینه‌وه‌ چیتر
ئه‌وان نوقڵ‌و مناڵ‌و گوڵه‌كانیان
خسته‌ رووباری خوێنه‌وه‌
ئیدی ئێمه‌ جه‌ژن ناكه‌ین
تا عه‌زاب
تاغه‌زه‌ب
شه‌مشه‌مه‌كانی تاریكی نه‌كوژێ



كه‌كۆ

له‌شوباتی ئاگرو خوێن
له‌قوربانی خوێنی تۆدا
ره‌شه‌بای ژه‌هرو قین هات‌و
تۆی برده‌وه‌
بۆباوه‌شی دایه‌ ئاسمان
بۆلای عه‌رش‌و
میهره‌بانی فریشته‌كان.
هه‌موو ئاسمانه‌كانت به‌ فڕین
ره‌نگ كرد،
په‌پوله‌كان باڵه‌كانیان پێ به‌خشی‌و
گوڵه‌كان بۆن‌و
ئێمه‌ش فرمێسك .
هه‌رچی عه‌رشی ئاسمان هه‌یه‌
پیایدا فڕیت،
فه‌رمانبه‌رانی به‌هه‌شت
ئه‌سپی میعراجیان دابوو پێت
من ده‌مزانی
به‌ناو رووباری ئه‌و هه‌موو خوێنه‌دا
ده‌ڕۆی ..
بێ ئه‌وه‌ی كه‌شتی سحری نوح
رێبدا بخنكێ‌
ده‌نگ دێ ده‌نگ
بۆن دێ بۆن دێ
ئه‌مه‌ بۆنی سیمای پاك‌و بێ گه‌ردی
پیاو چاكانه‌
ئه‌م ده‌نگه‌
هاواری مه‌رگی جه‌سته‌یه‌كی
پاكیزه‌یی
رووباره‌كانی جه‌ننه‌ته‌..
ده‌نگێكه‌ ده‌قیژێنێ
كه‌كۆ نامرێ،
رۆژانی خه‌باتی شاخ‌و
رێبازه‌كه‌ت هه‌ر زیندووه‌‌و
رۆح زیندووه‌‌و عه‌شق نامرێ
بۆن دێ بۆنی
ئاوێته‌ بوونی خوێنه‌ له‌گه‌ڵ خۆڵ
ئاوێزان بوونی خوێن‌و خاك
ئه‌مڕۆ یه‌كه‌مین رۆژی
پێنجه‌مین وه‌رزی ساڵه‌،
له‌دوای تۆوه‌ كاكه‌ كه‌كۆ
ساڵ وه‌رزێكی خسته‌ سه‌رخه‌رمانی
رۆژژمێر
رۆژژمێر ناوێكی تازه‌ی
خسته‌ باوه‌شی خۆیه‌وه‌
ئه‌م وه‌رزه‌ش ناونراوه‌ (خوێن)
له‌ یه‌كه‌م رۆژی وه‌رزی خوێندا
یه‌كه‌م چركه‌ی ده‌ست پێكردنی
مه‌وسیمی مه‌رگ
ریش هات‌و
تیرۆر خۆی كرد به‌باوه‌شی
نوقڵدا ،
یه‌كه‌م چركه‌ی ،وه‌رزی شه‌هید بوون
بۆمبا هات
خۆیدا له‌تاوێره‌كانی ئه‌وین
پۆلێ په‌پووله‌ی تیا فڕاند
یه‌كه‌مین دڵۆپه‌ خوێنت
بوو به‌جۆگا
بوو به‌ رووبار
ده‌ریا،زه‌ریا
زه‌ویه‌كانی ئه‌م ووڵاته‌ی
به‌لافیته‌ی ڕه‌ش داپۆشی
كه‌سێ نه‌ما
له‌كه‌ناری ئه‌م زه‌ریای خوێنه‌دا
قاچه‌كانی تا ئه‌ژنۆ هه‌ڵنه‌كات
مناڵ به‌دوای به‌زه‌یدا
ده‌گه‌ڕاو
ژنه‌ شه‌هید به‌دوای ویژدان
سه‌نگه‌ر به‌شوێن جه‌ربه‌زه‌یی.
تۆ رۆیشتی‌و خه‌مه‌كانت
بۆ هاوڕێكانت به‌ جێهێشت
چاوه‌ كزه‌كانی
(رامێن‌و، ڕاهێن‌و،داهێنت)
له‌چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌دا هێشته‌وه‌
په‌له‌ت بوو بۆ ماڵئاوایی،
هێشتا ره‌هه‌ند ..
فێر نه‌بووه‌ بانگ بكا كه‌كۆ
چاوه‌ڕێیه‌ بۆ ماچه‌كانی لێوی تۆ
ئاخر پێم بڵێ چۆن دڵت هات
روومه‌ته‌ په‌مییه‌كانی (په‌روین )
بخه‌یته‌ به‌ر هێرشی نینۆكه‌كان
چاوه‌گه‌ش‌و ماندووه‌كانی
له‌ده‌ریای مه‌نگی فرمێسكا
سوور بكه‌ی
تۆ رۆیشتی‌و
خه‌مه‌كانی دڵی (دایك)ت
به‌به‌رگێكی ڕه‌ش،ره‌ش سپارد
هه‌ناسه‌كانی مام (هادی)ش
به‌دووكه‌ڵی جگه‌ره‌كه‌ی
رۆیشتی‌و ئێمه‌ت به‌خه‌م سپارد
له‌دوای خۆتا
خۆشه‌ویستی‌و به‌خشنده‌یی‌و
دڵێك پڕپڕ له‌ گه‌وره‌یی‌و
عشقی نیشتیمانت جێ هێشت




*كه‌كۆ ناوی شه‌هید خه‌سره‌وه‌ له‌به‌رخۆشه‌ویستی ناونرابوو
*په‌روین خێزانی شه‌هیده‌
1-رامێن،راهێن ،داهێن..منداڵه‌ چاوگه‌شه‌كانی شه‌هیدن
2-ره‌هه‌ند ..منداڵێكی تازه‌ له‌دایك بووی شه‌هیده‌
3-مام هادی ..باوكی شه‌هیده‌

حیكمه‌ته‌كانی خه‌ون
1
ئه‌بێ‌ ئاشنام بكه‌یت به‌ ووشه‌كانی ڕۆحت
پێویسته‌ وه‌ك مه‌له‌ ئازاده‌كانی لێوه‌كانت بفڕم
ئاوێزانم بكه‌ به‌خه‌ونه‌ وه‌نه‌وشه‌یه‌كانت
ئه‌ی ساده‌ترین رۆح كام گوڵا له‌ لێوه‌كانی تۆ ده‌چێ؟
كوا فه‌رهه‌نگێك ته‌نیا ووشه‌كانی
ناوی تۆی تیادا تۆماركرابێت
2
من بۆنێك مه‌ستم ده‌كات
تۆ بڵێی بۆنی په‌نجه‌ی مێخه‌كه‌كانی تۆ بێ
خه‌ونێك ده‌مباته‌
باوه‌شی دارستانێك، تۆ بڵێ‌ی
ئه‌و دارستانه‌ قژی تۆ بێ
3
من له‌م خه‌ونه‌ سامناكه‌ وه‌خه‌به‌ر دێم
باڵه‌ ناسكه‌كانی په‌پوله‌یه‌ك
له‌ترسی دانه‌تیژه‌كانی دڕكێك هاواریه‌تی
چاوه‌ ماندووه‌كانی باڵنده‌یه‌ك
له‌نێو قه‌فه‌زی ماڵێكی ده‌وڵه‌مه‌نددا
مانی له‌خواردن گرتووه‌
گوڵه‌ باڵابه‌رزه‌كان
له‌داخی ده‌مه‌پاچه‌كان شین ده‌گێرن
قاچه‌كانیان بڕیونه‌ته‌وه‌
4
من چۆن بتوانم
خه‌ونه‌كانم پاك بكه‌مه‌وه‌
وه‌ك ڕۆحی تۆ؟
زه‌وی چاوه‌ڕێی ده‌ستی به‌زه‌یی
ئاسمانه‌
تینویه‌تی گه‌رووی بشكێنێ‌
كه‌چی خۆی ده‌ستگیرانی ده‌ریایه‌و
له‌په‌نایه‌كا
قۆڵیان كردووه‌ به‌قۆڵی یه‌كا
5
خۆر خۆی به‌شاژنی گه‌ردوون ده‌زانێ‌
له‌ترسی ده‌ركه‌وتنی مانگ
شه‌وانه‌ ده‌چێته‌ باوه‌شی تاریكیه‌وه‌
دره‌خته‌كان تاڵه‌ سه‌وزه‌كانی قژیان
ده‌كه‌نه‌ سابات بۆ پشوودانی چۆله‌كه‌كان
ئه‌مان بێوه‌فایانه‌
گلێنه‌ی چاوه‌كانیان پیس ده‌كه‌ن‌و
پڕی ده‌كه‌ن له‌خوێن
6
ره‌شه‌با بێ‌ ویژدانانه‌
گوڵ‌و ته‌وقه‌ی مناڵه‌ بێ نازه‌كان
ده‌فڕێنێ‌و
خه‌ونه‌ جوانه‌كانیان له‌جانتاكه‌یدا
هه‌ڵده‌گرێ‌و ده‌یبا
به‌ڵام رۆژێ‌ نه‌یوێرا له‌ده‌رگای
ئه‌و ماڵه‌ بداو بڵێ‌
كیژۆڵه‌ ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵانه‌كه‌
ئه‌و به‌رماڵه‌تم بده‌یه‌
كه‌ی تۆ ته‌مه‌نی نوێژكردنته‌
7
ئه‌مه‌ حیكمه‌تی خه‌ونێكه‌ گوێم لێ‌ بگره‌
باوكت پێی تاوان بوو
دڵداری له‌گه‌ڵ دایكتا بكات
به‌ڵام هه‌موو شه‌وێ‌
ده‌ست نوێژی له‌و ده‌ریایه‌ ده‌گرت
كه‌ شه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ تریفه‌ی مانگه‌ شه‌ودا
ژوانی ده‌به‌ست‌و
گوڵی ماچه‌كانی له‌سنگی ده‌ریا ده‌دا
8
ده‌ تۆ له‌و رۆحه‌ ساده‌یه‌ت بپرسه‌
تۆ چۆن‌و بۆچی دروست بوویت
تامنیش بزانم ژیان‌و خه‌ونه‌كانم بۆ ترسناكن؟!



راكشێ‌

توند، توند، په‌نجه‌ ناسكه‌كانت
له‌م شه‌قامه‌ ساردو سڕه‌ توند بكه‌ بنوو
تۆ نه‌ دایك، نه‌ باوك، نه‌ له‌تێ‌ نان
نه‌بستێ‌ خاكی نیشتمان
نه‌ كه‌سێك‌و نه‌بێ‌ كه‌سێ‌
له‌م جه‌نجاڵی خه‌راباته‌ شك نابه‌ی
سڵاوێكت لێ‌ بكا..
بمره‌و په‌شیمان مه‌به‌وه‌
میهر، درۆیه‌كه‌ گه‌وره‌كان
به‌ ئێمه‌یان به‌خشیوه‌
به‌زه‌یی حه‌زێكه‌ به‌ بۆنی جه‌سته‌وه‌
حه‌زت ده‌كرد
هاوڕێی ئه‌و منداڵانه‌ بویتایه‌
ئێستا له‌نێو پانتیلۆنی
باوك‌وخوای خۆیان خه‌وتوون
هێشتا قاوه‌
له‌نێو به‌ختی سپی خۆیان
بۆ به‌خته‌وه‌ری ڕۆژانیان ده‌گرنه‌وه‌
ده‌یانه‌وێ‌ جارێكی دی
ته‌مه‌نیان له‌ئه‌لفه‌وه‌ ده‌ست پێ‌ بكات
نه‌كا بمرن
وا تێ ده‌گه‌ن تۆ پاسه‌وانی ئه‌ستێره‌یت‌و
ناتوانی بچیته‌ كه‌لاوه‌یه‌ك
پێیان وایه‌
سه‌رمای مه‌عشوقت وون كردووه‌و
ئه‌بێ‌ بیدۆزیته‌وه‌
تێر تێر بگری
له‌گه‌ڵ پروشه‌ی به‌فرو
فرمێسكه‌كانی باراندا..
ئه‌مشه‌و شه‌وی(له‌یله‌تولقه‌دری)تۆیه‌
چاوه‌ فریشته‌ییه‌كانت
لێك بنێ‌‌و بنوو
ئاخر خودا چ زوو رۆحی له‌باوكت سه‌ندوو
له‌دڵی دایكیشت سۆزو به‌زه‌یی
چ هێزێك باوكتی لێ‌ سه‌ندیو
چ پیاوێكی جه‌هه‌نه‌میش، دایكت
هه‌ڵمه‌سته‌وه‌ دڵی سه‌رما مه‌ڕه‌نجێنه‌
ئه‌و به‌و هه‌موو عه‌تفه‌وه‌
رایه‌خی مه‌رگی پێدادای
به‌و هه‌موو عه‌شقه‌وه‌
له‌بری باوكت خستیته‌ نێو ئامێزی گه‌رمی مردنه‌وه‌
ئه‌و ووتی:
مناڵێك باوكی وون كرد
ئه‌بێ‌ له‌به‌رزه‌خ بۆی بگه‌رێ‌
سۆزی دایكی خۆی له‌ده‌ست بدات
ئه‌بێ‌ ئه‌م ژیانه‌ بێ‌ سۆزه‌
جێ‌ بهێڵێ‌
بفڕه‌ بفڕه‌ ئه‌ی په‌پوله‌ باڵ شكاوه‌كه‌
بمره‌ ئه‌ی مناڵی بێكه‌س












نزای ژنێك
1

تۆ له‌پایزێكی ره‌نگ زه‌ردی پایزدا
به‌ ناخی مندا گوزه‌رت كردو
خه‌مێكی پیرۆزت ئاشنای خه‌مه‌كانم كرد
تۆ له‌به‌هارێكی ته‌مه‌نی مندا
گوڵاوی بۆنی چڵه‌ نێرگزێكت دا له‌قژم‌و
به‌ڕه‌نگی په‌لكه‌ زێڕینه‌و ده‌نگی باڵنده‌
كۆچه‌رییه‌كان ئاشنات كردم
2
ده‌زانم له‌شه‌وه‌ زه‌نگێكدا
ئاوێزانی خه‌مه‌كانت ده‌بم‌و
خه‌مه‌كانم تێكه‌ڵ به‌ كۆڵانه‌كانی ڕۆحت ده‌بێ‌و
ده‌زانم شه‌وێك له‌گه‌ڵ شیعرێكمدا
سه‌رده‌بڕدرێم‌و كه‌سێك له‌خوێنه‌كه‌م ناپرسێ‌
3
تۆ شنه‌بای پێده‌شتی به‌هه‌شتی هه‌ستم
بوویت‌و
دڕكه‌كانی مه‌رگ‌و چاوه‌كانی گوناهت
ڕاپێچ كرد
تۆ په‌رداخێ‌ شه‌راب بوویت‌و
له‌به‌رده‌م حه‌زێكی سه‌رشێتدا
ڕژایت‌و ناتوانیت خۆت كۆبكه‌یته‌وه‌
4
ئه‌ی باڵنده‌
به‌سه‌ر خه‌ونه‌كانی مناڵیما بفڕه‌و
ده‌نوك له‌حه‌زه‌كانم بگره‌
تۆوی گوڵه‌ گه‌نمه‌كانم بۆ بێنه‌
با له‌باخچه‌كانی دڵما بیچێنم‌و
وه‌ك دوو مناڵی لادێ‌ نشین
ده‌سكه‌نه‌ی گوڵه‌ گه‌نمه‌كان كۆ بكه‌ینه‌وه‌
5
ئه‌ی باڵنده‌ ده‌نووك مه‌گره‌
له‌په‌ڕه‌ی گوڵه‌كان
تۆ فێر نه‌بووی خوێنی په‌ڕه‌ی گوڵ بڕێژی
بۆن به‌ جه‌نگه‌وه‌ مه‌كه‌
كه‌ تۆ كوڕیژگه‌ی ژێر ده‌واری هه‌وارێكی
سازگاری كوێستانی

6
پێم بڵێ‌
له‌نێوان مه‌ستی چاوه‌كان‌و
مه‌ستی پێكی شه‌رابه‌كه‌تدا
كامیان هه‌ڵده‌بژێری
له‌نێوان خه‌ونه‌كانی ئێستاو مناڵیما
كامیان فه‌رامۆش ده‌كه‌ی
له‌نێوان په‌نجه‌ ناسكه‌كانی كچه‌كانی نێو قه‌ڵاو
په‌نجه‌ قڵیشاوه‌كانی كچه‌ قه‌ره‌جه‌كان‌و
په‌نجه‌ به‌شیر ته‌ڕبووه‌كانی بییه‌كدا
كامیان هه‌ڵده‌بژێری
7
كه‌ مردم
ره‌نگی كفنه‌كه‌م بگۆره‌
به‌ ره‌نگی روخساری خۆت
چۆن ڕازی ده‌بی
ڕه‌نگی كفنه‌كه‌م‌و جلی بوكێنیه‌كه‌م
سپی ره‌نگ بێ‌
8
تۆ نابێ‌ هاوڕێ‌ی مردوو شۆره‌كان بی
ئه‌وان هه‌میشه‌ له‌چاوه‌رێی مه‌رگدان‌و
نانیان له‌مه‌رگی تۆو
تیرۆری مندایه‌
9
هه‌ور له‌من ئاسوده‌تر ،كه‌ گریا
زه‌وی فرمێسكه‌كانی ده‌خواته‌وه‌
من چوار وه‌رزه‌ بۆت ده‌گریم‌و
ده‌مێ‌ نییه‌ فرمێسكێكم بخواته‌وه‌
10
به‌رله‌وه‌ی تۆ بێی من هاتم
به‌رله‌وه‌ی من بێم تۆ هاتی
نه‌بڵێ زۆرت خۆش ده‌وێم
نه‌ ده‌ڵێم زۆرم خۆشده‌وێی

خونچه‌ هه‌ڵوه‌ریوه‌كانی شیعر

هاورێكه‌م
1
نه‌ من وون بوم‌و نه‌گوڵ‌و خونچه‌ی شیعره‌كانم
بۆنیان كزه‌
تۆ نه‌شاره‌زای هاتوویت‌و ماڵی شیعرم پێ‌ نازانیت
بۆ ئه‌وه‌ی بمدۆزیته‌وه‌..
بڕۆ تێر تێر بۆنی ده‌سته‌ ماندووه‌كانی
باوكم بكه‌و
ته‌نیا دوو دڵۆپ له‌فرمێسكی نیگا
كاڵبووه‌كانی دایكم‌و
شه‌رمی قه‌یره‌ كچه‌كانی وڵاته‌كه‌م
بخۆره‌وه‌
من وام له‌وێ‌..
دواتر له‌نێو سۆزی هه‌ناسه‌ به‌گوڵ چێنراوه‌كانی
كۆرپه‌كانمدا هه‌ناسه‌كانم به‌دی بكه‌و
له‌نێو باخچه‌ ره‌نگینه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌مدا
ساباتێكم هه‌یه‌ بۆ پشوو
وه‌ره‌ له‌وێم ..
2
سوراو
كچه‌ ناسكۆڵه‌كه‌ ..
به‌م وشه‌ خه‌ڵه‌فاوانه‌ بڕوا مه‌كه‌
كه‌ پیاوه‌كان
مه‌ستی نیگات ده‌بن و پێت ده‌ڵێن
وه‌ك مه‌جنون بۆ عه‌شقی له‌یلێ
عاشقم به‌ لێوه‌كانت ..
ئه‌وان تامه‌زرۆن به‌ ئاڵی سووراوه‌كه‌ت
نه‌ك لێوه‌كانت
وه‌ك هه‌نگێك
له‌ یه‌ك ساتدا دوا سووراوی لێوه‌كانت ده‌مژن و
بێ باكانه‌
په‌ره‌ی گوڵی لێوه‌كانت جێ ده‌هێڵن
مه‌رقه‌د
3
ئه‌گه‌ر كه‌سێ له‌ خه‌ویشا
نیگاو روخسارت ببینێ
من زیز ده‌بم
گه‌ر مناڵێكی بێ نازی شاره‌كه‌م
ماچت بكا
خه‌م له‌ ناخم ده‌بارێ و
وه‌كو دره‌ختێكی بێ ئاو
ووشك ده‌بم
لێم ببووره‌ ، من پێم وایه‌
تۆ مه‌رقه‌دی رۆحی منی
نابێ هیچ كه‌س بۆنت بكا
له‌خه‌ویشا سه‌یرت بكا
4
ره‌نگ
ره‌نگی سوورم كرده‌ به‌رم
شه‌هید وتی خوێنی منه‌
ره‌نگی زه‌ردم كرده‌ به‌رم
حزبێك وتی ره‌نگی منه‌
ره‌نگی سه‌وزم كرده‌ به‌رم
خاكێك وتی بۆنی منه‌
ره‌نگی مۆرم كرده‌ به‌رم
گوڵێك وتی په‌ره‌ی منه‌
ره‌نگی سپیم كرده‌ به‌رم
چه‌ندان شمشێر
له‌سه‌ر سه‌رم هاتنه‌ وه‌ڵام
خێرا ئه‌و به‌رگه‌ فڕێده‌
ئه‌م ره‌نگه‌ ره‌نگی ژن نییه‌
ئه‌مه‌ ره‌نگی په‌ڵه‌ی هه‌وره‌
ره‌نگی هه‌موو فریشته‌كان
ره‌نگی ناسنامه‌ی مردووه‌كان
5
رێم بده‌
رێم بده‌ بێمه‌ دڵته‌وه‌
تا بزانم له‌نێو دڵتا
خه‌م‌و گریانی ژن هه‌یه‌
ئه‌ی تۆ بڵێ‌ی له‌نێو دڵتا
وڵاتێكی جیاواز هه‌بێت
بۆ عاشقانی وڵاته‌كه‌م
ژوانگه‌یه‌كی ئازاد هه‌بێ‌..
6
یاد
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی یادت نه‌كه‌م
گشت وێنه‌كانتم نارده‌وه‌
كتێبه‌كه‌‌و كراسه‌كه‌ت‌و پێنوسه‌كه‌تم
شارده‌وه‌
كه‌ شه‌و داهات، له‌دووری تۆ
خه‌م دایگرتم
شنه‌ی شیعرێ‌ لای تۆوه‌ هات
خۆی خزانده‌ ئامێزمه‌وه‌
ئه‌م ئازارانه‌ی پێ رشتم
7
كۆچ
كه‌ رۆیشتی
گوڵی ناو ئینجانه‌ی ماڵه‌كه‌م
كزوومات بوو
ده‌می نا به‌ گوێچكه‌مه‌وه‌
به‌ ئه‌سپایی پێی ووتم
ئه‌مشه‌و هه‌تاكوو به‌یانی نه‌خه‌وتم
بۆ ژوانێكتان ئێشكگربووم

8
ئیره‌یی
مێژووی ژیانی من وایه‌
قه‌ت ئیره‌یی به‌كه‌س نه‌به‌م
هه‌ر به‌ ته‌نیا
به‌و چڵه‌ گوڵه‌ نه‌بێ‌
چوار وه‌رزی ساڵ، عاشقانه‌
ده‌ستی كردۆته‌، ملی وێنه‌كه‌ت‌و
بێ باكانه‌ بۆن به‌قژته‌وه‌ ده‌كا..
9
پیاو
هه‌رگیز بڕوا ناكه‌م
پیاوان رقیان له‌ژن بێ
ته‌نها ئه‌و كاتانه‌ نه‌بێ‌
كه‌ ده‌بینن ژنێك
له‌وان گه‌وره‌تره‌..

10
ماچ
كه‌س هێنده‌ی دایكانی وڵاته‌كه‌م
رقیان له‌ماچ كردن نیه‌
چونكه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نیان
فێرنه‌بوون
باوكه‌كان ماچیان بكه‌ن؟

نان

1
هه‌ر به‌ته‌نیا منم رقم له‌ نانه‌
یاخود ئێوه‌ش هه‌ر وه‌كو من
خه‌ونێكی سامناك ده‌بینن
وه‌ك خه‌ونی چاوانی ژنه‌ شه‌هیدێك
هه‌ست بزوێن و ره‌نگاڵه‌یی بێت
ئێوه‌ كامتان
شه‌ونمی ئه‌و ئازارانه‌ ده‌مژن
له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی روخساری ئه‌و ژنه‌
نیشتووه‌ خه‌ون ده‌بینێ
له‌ سپێده‌یه‌كی ته‌نیایی دا
به‌ گوشینی په‌نجه‌كانی به‌ دوو ماچی
لێوه‌كانی ، نانێك ده‌كڕێ
به‌و دوو نانه‌
ووشه‌ی دایك له‌ ده‌روونی
هه‌ردوو كۆرپه‌كه‌ی خۆی ده‌سڕێ
2
هه‌ر به‌ته‌نیا منم رقم له‌ نانه‌
یاخود ئێوه‌ش هه‌ر وه‌كو من
ئه‌و ساتانه‌ی به‌ شه‌قامه‌كانی بازاڕا
تێده‌په‌ڕن
تابلۆی كام له‌ نیگاركێشان هێنده‌ی وێنه‌ی
نانی نێو ده‌ستی ئه‌و كیژۆڵه‌
روومه‌ت ته‌زیوه‌ی سه‌ر شه‌قام
له‌ ناخه‌وه‌ ده‌ت هه‌ژێنێ
هێنده‌ی ده‌می وشك و برسی
پیره‌مێردێكی لا كۆڵان ؟
سینه‌ی سوتاوی ژنێكی به‌ر خۆره‌تاو
ده‌ستی نزای ده‌رۆزه‌كه‌ر
ده‌تگرێنێ
3
من هه‌ر له‌ منداڵیمه‌وه‌
فێریان كردم رقم له‌ نان ببێته‌وه‌
كاتێ دایكم، وه‌ك پاسه‌وان
له‌ دیار ساوه‌ره‌كه‌ی سه‌ربان
له‌به‌رامبه‌ر تیشكی خۆره‌تاوی هاوین
له‌ به‌یانی تا ئێواره‌ ده‌یهێشتمه‌وه‌
كاتێ باوكم
هه‌موو عه‌قڵی له‌گه‌ڵ عه‌قڵی
چۆله‌كه‌یه‌ك ده‌گۆڕییه‌وه‌
مرۆڤێكی له‌ په‌ڕۆ دروستكراوی
بۆ چاوترسێنی چۆله‌كه‌ دروست ده‌كرد
كه‌ چۆله‌كه‌ ده‌نیشته‌وه‌
له‌سه‌ر قاچ و شان و مل
نه‌ك ته‌نیا به‌ عه‌قڵی باوكم
به‌عه‌قڵی هه‌موو جوتیاران ،پێ ده‌كه‌نی
4
ئێوه‌ش وه‌ك من رقتان له‌ نان ببێته‌وه‌
به‌م چاوانه‌ی خۆم بینیم
له‌ رۆژگارێكی زۆر ڕه‌شدا
هه‌ستی جوانی شۆڕه‌ ژنان
به‌سه‌ر تۆزی پێڵاوی جه‌لاده‌كاندا
ده‌نیشتنه‌وه‌
5
ده‌یبینن ئه‌مه‌ وێنه‌ی
كچێكی ده‌زگیران ئه‌نفاله‌و
ئه‌وه‌ش دایكی شه‌هیدێكه‌
بوونه‌ په‌یكه‌ر له‌ به‌رده‌می مزگه‌وتێكدا
6
ئێوه‌ پێم بڵێن
من چۆن رقم له‌ نان نه‌بێت
له‌سه‌ر به‌ردو ورده‌ گیای
نێو سه‌نگه‌رێكدا سێ جۆگه‌ی
سووری خوێن رژابێت
یه‌ك بۆن و یه‌ك ره‌نگیان هه‌بێت
7
وێنه‌گرێك گیانی سپارد به‌ تابلۆیه‌ك
كاتێ بینی داڵێك له‌ دارستانێكدا
به‌دیار مه‌رگی منداڵێكه‌وه‌
وه‌ستاوه‌و چاوه‌ریێه‌
دوا هه‌ناسه‌ی ژینی بدا
گه‌ده‌ی برسی
له‌لاشه‌ی ناسك و پیرۆزی
ئه‌و فریشته‌یه‌ تێر بكات




جه‌نگی به‌رد

به‌ردو جه‌نگ
هه‌ر به‌ردێك چه‌ندان حیكایه‌ت‌و
هه‌رجه‌نگێك چه‌ندان تابوت‌و
هه‌رخاكێك چه‌ندان
جۆگه‌له‌ی خوێن
ئه‌م شعره‌ بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌نووسم!
مانای مرۆڤ
له‌به‌رده‌م سه‌ربازه‌كانی
برسیه‌تی‌و
دیلی‌و نه‌خۆشی‌و، جه‌نگ‌و ئایدز
خودایه‌..
پاش ئه‌وه‌ی جه‌نگ
ته‌ڵقینی هه‌موومانی دا
تۆ ته‌ڵقینی هه‌موویان بده‌ی
خودایه‌
پاش ئه‌وه‌ی برسیه‌تی
وێنه‌ی نانی له‌نه‌ستماندا
سڕیه‌وه‌
تۆش به‌ پارچه‌ نانێكه‌وه‌ ده‌ركه‌ویو
برسیێتیمان بیربه‌ریته‌وه‌
به‌رد
نازانم له‌كام حیكایه‌ته‌وه‌
ده‌ست پێ‌بكه‌م
گوێبگره‌
تۆ(لات‌وعوزای)،
خودا مێینه‌كانی قوره‌یشی
یا به‌ردی ره‌شی پیرۆزی مه‌ككه‌
تۆ تفه‌نگی مناڵانی فه‌له‌ستینی
یا تاته‌ نوێژی گوندێكی چۆڵی
ئه‌ی به‌رد
تۆش وه‌ك ئێمه‌ی ئاده‌می
هه‌ندێكتان به‌ر نه‌فره‌تی خودا كه‌وتن
ڕووتان ڕه‌ش بوو
به‌شێكتان ئه‌وه‌نده‌ پارانه‌وه‌
كڕنوشتان برد
تا خودا سپیه‌تیو نوری
فریشته‌كانی پێ‌ به‌خشین
زۆرێكتان،
ئه‌وه‌نده‌ له‌به‌رده‌م شه‌ڕ كاڵفام بوون
تا له‌خوێنی یه‌كتریدا سووربوون
ئه‌ی به‌رد
هه‌ندێكتان له‌ترسنۆكیدا
ڕوو زه‌ردو
هه‌ندێكیشتان بێ‌ ڕه‌نگ
ئه‌ی جه‌نگ
تۆ قه‌تاره‌یه‌ك تابووت به‌ڕێ‌ ده‌خه‌ی
تۆ چ دارتاشێكی زرنگی
له‌ چێكردنی داره‌ مه‌رگ
شه‌ڕی براو، شه‌ڕی خێڵ‌و شه‌ڕی سامان
له‌ هه‌موویان تۆ سروودێكی
له‌پێشی‌و
به‌رده‌وام ده‌تچڕین..
ئه‌ی خاك، تۆ كیشوه‌رێكی جوانی
پڕ پڕی له‌باخی فیرده‌وسی‌و
له‌ تاوه‌ری باڵای خوایی
لێوانی له‌پانتیلۆنی ئه‌و پاشا داوێن پیسانه‌ی
ده‌تگۆڕنه‌وه‌
به‌ له‌زه‌تی چه‌ند چركه‌یه‌ك
تۆ سروودمانی
ده‌تبێژن‌و باوه‌ریان پێت نییه‌
حیكایه‌تی
ده‌تخوێننیه‌وه‌و به‌ بێ‌ ئه‌زموون
ده‌تسڕنه‌وه‌
ئه‌ی خاك
تۆ ووڵاتی دڵی ئێمه‌ی
با هیچ نه‌بێ‌ له‌ووڵاتێكی بچكۆله‌دا
له‌ژێر پیاڵه‌ی فنجانی مه‌مله‌كه‌تێك دا
مرۆڤایه‌تی سه‌ربخه‌ی











دوو كۆپله‌ شعر

ده‌ڵێن

ده‌ڵێن كاتێ بته‌وێ
چه‌پكێ ووشه‌ بكه‌یته‌ دیاری
بۆئه‌و كه‌سه‌ی خۆشت ده‌وێ
چی گه‌وهه‌ری ووشه‌ هه‌یه‌
له‌ناو ده‌ریای ئه‌ندێشه‌تا
دێنه‌ ده‌رێ
ئه‌ی بۆكاتێ من ده‌مه‌وێ
خونچه‌ گوڵی ووشه‌یه‌كت
پێشكه‌ش بكه‌م
په‌راو له‌ده‌ستم راده‌كاو
پێنووسه‌كه‌ش وه‌كوو
گۆچان داده‌چه‌مێ !



دیاری

هاتیته‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆتا
گه‌ردانه‌و گواره‌و بازنت بۆ هێنا بووم
تا به‌گوێچكه‌و مه‌چه‌ك‌و گه‌ردنما
وه‌كوو ئه‌وین پێناسه‌ بێ‌و
هه‌ڵیان واسم!
به‌ڵام ئازیز باش بزانه‌
له‌تۆ دوور بم ئه‌مانه‌ گشت
خاوه‌ن خه‌من
وه‌كوو گیانم وه‌كوو ناخم
ئاسمانێكی پڕ له‌ته‌من !




بڕیار

بڕیار وابوو ببین به‌به‌رد
كام بارانه‌ كام تۆفانه‌
زۆر به‌خوڕه‌
ئێمه‌ پێ نه‌توێته‌وه‌
بریار وابوو
ببین به‌ داربه‌روویه‌كی جوان
كام ره‌شه‌با زۆر به‌هێزه‌
ره‌گه‌كه‌كانمان هه‌ڵنه‌كه‌نێ‌و
كامه‌ ته‌ور ده‌می تیژه‌
لاقه‌كانمان نه‌بڕێته‌وه‌
ئازیزه‌كه‌م …
پێش ئه‌وه‌ی باران ببارێ‌و
پێش هه‌ڵكردنی ره‌شه‌با
تۆ رۆیشتی‌و نه‌هاتیه‌وه‌
(نه‌تده‌زانی ئه‌وه‌ی بچێ ماسی بگرێ
(ده‌بێ قوله‌ی پێشی ته‌ڕبێ ؟












سواڵكه‌ر

دایكم ده‌یگووت
ئه‌و كاتانه‌ی كه‌مناڵ بووی
هه‌رچی كاتێ
مناڵێكی جل پینه‌كراو
پیره‌مێردێكی كۆڵ له‌پشت
پیره‌ژنێكی به‌رگ دراو
بۆله‌تێ نان
بۆ ئاسۆیه‌ك خۆری شادی بدا به‌ژیان
له‌ده‌رگای ماڵمانیان ده‌دا
تۆ ده‌ترسایت‌و ده‌ست به‌جێ
ده‌گاكه‌شت له‌روویاندا پێوه‌ ده‌دا
ئه‌وا ئه‌مڕۆش كه‌گه‌وره‌ بووم
من بوومه‌ته‌ سواڵكه‌ری ده‌رگای دڵه‌كه‌ت
له‌بری خۆر له‌بری نان
خۆشه‌ویستی تۆم پێویسته‌
هه‌وێنی ژیان
ده‌تخوا تۆش به‌كۆرپه‌ی چاوو دڵت بڵێ
ئه‌گه‌ر بێ‌و رۆژی چه‌ند جارێ
په‌نجه‌كانم له‌ده‌رگای دڵه‌كه‌ت بدا
كۆرپه‌كانی لێم زیز نه‌بێ‌و
ده‌رگاكه‌ش له‌رووم دانه‌خا .


















چه‌ند په‌یڤێ له‌ نێوانماندا

1
ده‌توانی ده‌ستم بگری بۆ سه‌ما
قژم بده‌ی به‌سه‌ر شانتا
به‌ڵام هیچ كاتێ ناتوانێ
به‌ربه‌ستێ بی
له‌ئاستی تیرۆركردنما؟!
2
چاوت ده‌كه‌یته‌ باڵنده‌
ده‌یبه‌خشیته‌ هێلانه‌ی من
لێوت ده‌كه‌یته‌ خونچه‌یه‌ك
ده‌یده‌یت له‌ ئێخه‌و سنگی من
به‌ڵام تا ئێستا ناتوانی
ده‌سته‌كانت بكه‌یته‌ چه‌قۆ
بۆ بڕینی ئه‌و زمانه‌ی
بوونه‌ مایه‌ی ئازاری من
3
پایز گه‌ڵاكانی زه‌رد كرد
خۆیان وه‌راند
كیژێك كراسه‌كه‌ی خۆی
زه‌رد كرد
ره‌شه‌با له‌به‌ریا دڕاند
كاتێ سیما گه‌شه‌كه‌ی تۆ
زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕا
چی دره‌ختی ئه‌م شاره‌ بوو
به‌ری ئاسمانیان ته‌نی بوو
په‌رده‌یاندا به‌ڕووی خۆردا
4
تۆ به‌شێكی له‌ گیانی من
منیش به‌شێك له‌ دڵی تۆ
به‌ڵام تاكوو رۆژی مردن
گه‌ر بگه‌م به‌سێبه‌ری خۆم
ناگه‌م به‌ تۆ؟!
5
سه‌رت بنێ به‌ سنگمه‌وه‌
له‌من زیاتر كه‌سێ نیه‌
له‌ئازاری دڵه‌ی په‌شۆكاوت بگا
كه‌سێ نیه‌
وانه‌ی عه‌شقی له‌گه‌ڵ خوێندبی
كێ له‌زمانی هه‌ناسه‌ی
ده‌رو‌ونت ده‌گا ؟!
6
به‌شه‌و میوانی دڵ نابی
به‌رۆژیش هه‌رگیز هه‌رنایه‌ی
تۆ ئه‌ستێره‌ی له‌خۆر وون بی
یاخۆریت له‌شه‌و هه‌ڵنایه‌ی ؟!
7
عاشقێك هه‌یه‌
له‌تۆ ده‌چێ‌و له‌تۆ ناچێ
جوانێك هه‌یه‌
له‌تۆ ده‌چێ‌و له‌تۆ ناچی
چه‌ند ده‌مه‌وێ
له‌ده‌رگای دڵێكی تر بده‌م
هیچ ده‌رگایه‌ك
له‌ده‌رگای دڵت ناچێ ؟!
8
دڵێ دوو دڵ‌و سێ دڵ
ئه‌یكه‌م به‌ مه‌نزڵگایه‌ك
بۆ حه‌وانه‌ی گیانی تۆ
چاوێك دوو چاوو سه‌دان چاو
بۆ بینینی په‌پووله‌ی
حه‌زه‌كانی تۆ
لێوێك دوو لێو ده‌یان لێو
بۆ ناو هێنانی ناوی تۆ
گه‌ر ئه‌مانه‌ش هیچیان نه‌مان
روحم ده‌كه‌مه‌ فیدای تۆ






به‌ بێ ده‌نگی بۆت ده‌دوێم

1
ئه‌گه‌ر یه‌كێ لێم بپرسێ
شعر بۆچاوی كێ ده‌ڵێ ی
كه‌مانچه‌ی دڵه‌ شه‌یداكه‌ت
به‌چ ئاوازێ لێده‌ده‌یت
چی پێ بڵێم كه‌من هێشتا
نازانم بۆ خۆشم ده‌وێیت
كه‌من هێشتا ده‌تپه‌رستم‌و
نازانم چیت ، نازانم كێیت
2
ده‌ستێكم بده‌یه‌، ده‌ستێكم بۆتۆ
چاوێكتم بده‌یه‌،چاوێكم بۆتۆ
لێوێكتم بده‌یه‌، لێوێكم بۆتۆ
بادڵنیابم به‌شێكی له‌من
به‌شێكم له‌تۆ
3
تۆ حه‌زت له‌ره‌نگی زه‌رده‌
منیش هه‌روا
ئه‌و ساته‌ی كه‌ خۆشم ویستی
كازیوه‌ی به‌یانیه‌ك
هه‌ردووكمانی له‌ ئامێزنا
4
كه‌ باوكم مرد
دایكم به‌رگی ره‌شی پۆشی
منی مناڵ
زۆر رقم له‌ ره‌نگی ره‌ش بوو
كاتێ ره‌شی چاوانتم دی
هێنده‌ شه‌یدای ره‌نگی ره‌شبووم
به‌قه‌د ره‌شی چاوه‌كانت‌و
روخساری تۆ
وه‌كوو شه‌وه‌ زه‌نگێكی ره‌ش
تێكه‌ڵ به‌شه‌وقی مانگی تۆ
له‌چاوانما بوون به‌ تابلۆ
5
ده‌ڵێن داری چنار به‌رناگرێ
باڵای تۆ چناره‌و
چه‌ندان ساڵه‌ ده‌می من
هه‌نگوین ‌و به‌رسیله‌ی لێده‌دزێ
6
ده‌مه‌وێ دوای مردنم
له‌نێو باوه‌شی تۆدا بمنێژن
چونكه‌ به‌هه‌شتێك نییه‌
له‌باوه‌شی تۆ ئاسووده‌ تربێ‌و
دۆزه‌خێك نییه‌
وه‌ك ئاگری خۆشه‌ویستیت بمسوتێنێ
7
مانگ له‌و به‌رزاییه‌وه‌
دڵداری له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كان ده‌كاو
ئاو به‌ده‌م رێگه‌وه‌
ماچی به‌رده‌كان ده‌كا
من له‌ ژێر لێفه‌كه‌مه‌وه‌
بیر له‌چاوه‌كانی تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌
8
له‌به‌رده‌متا
هێشتا هه‌ر له‌ منداڵ ده‌چم
وه‌كوو شه‌وانی جه‌ژن
یادگاریه‌كانت لای خۆم ده‌خه‌وێنم
به‌یانیان گیرفانه‌كانم پڕ ده‌كه‌م
له‌ نوقڵی لێوت
9
ده‌زانی چه‌ند رقم له‌و سه‌رپۆشه‌یه‌
چونكه‌ ئه‌و
رێگره‌ له‌نێوان سه‌مای
په‌نجه‌كانی تۆ تاڵه‌كانی
قژی من
10
له‌مناڵێكی نێرگز فرۆش ده‌چی
كه‌به‌لاما تێ ده‌په‌ڕی
ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌بێ به‌هار
11
كه‌من هێشتا له‌به‌رده‌متا
ببم به‌ئاو
تۆش بۆ من ببه‌ به‌هه‌تاو
بمكه‌ به‌هه‌ڵم
باهه‌ردووكمان له‌ هه‌ورێكا
كۆبینه‌وه‌
له‌یه‌كتری جیا ئه‌بینه‌وه‌
12
كه‌ئه‌تبینم
له‌شووشه‌یه‌ك گوڵاو ده‌چیت
به‌سه‌رسه‌رو قژما ده‌پرژێت
بۆیه‌ هه‌میشه‌
بۆنی تۆم لێدێت
13
له‌به‌رده‌متا مێرووله‌یه‌كی بچووكم
ئه‌گه‌ر ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ش دابخه‌ی
له‌درزێكه‌وه‌ دێمه‌ دڵته‌وه‌
14
من سوێند ده‌خۆم
هه‌رگیز ئاگرت نه‌بینیووه‌
بۆیه‌ هه‌ست به‌سووتانی رۆحم
ناكه‌یت
15
ده‌كرێ تۆ هه‌موو شتێ بی
من هیچ
ده‌كرێ من هه‌موو شتێ بم
به‌ڵام ده‌بێ له‌ تۆ بچووك تربم ؟!
















به‌ر له‌وه‌ی خۆشت بوێم
1
فێری پێكه‌نینم مه‌كه‌
له‌و رۆژه‌وه‌ی به‌گریان چاومكرده‌وه‌
من به‌ته‌نیا
له‌زمانی گریان تێده‌گه‌م!
2
ده‌ستت مه‌خه‌ره‌ نێوو ده‌ستم
با ده‌ستم ره‌نگی تۆ نه‌گرێ
نه‌وه‌ك له‌ته‌وقه‌ كردنێكدا
كیژۆڵه‌یه‌ك ره‌نگت بدزێ
3
سه‌رت مه‌نێ به‌سنگمه‌وه‌
باهێنده‌ بۆنی تۆ نه‌گرم
زۆر ده‌ترسم كه‌لێم دووربی
به‌بێ ئه‌و بۆنه‌ی تۆ بمرم ؟!
4
هێنده‌ سه‌یری چاوم مه‌كه‌
خۆت ده‌زانی چه‌ند عاشقم
ره‌نگه‌ له‌و سه‌یركردنه‌دا
تیری حه‌زێكمت تێبگرم
5
هه‌ناسه‌تم تێكه‌ڵ مه‌كه‌
نه‌كا وه‌ك اقێ دره‌ختێ
به‌رگه‌ی شنه‌بات نه‌گرم‌و
به‌سه‌ر تۆدا بشكێمه‌وه‌
6
لێوت مه‌نێ به‌ لێومه‌وه‌
من ده‌زانم له‌ نێوانی لێوه‌كانمان
سه‌نگه‌رێك ، كه‌مینێك نیه‌
به‌ڵام گه‌ر به‌یه‌ك بگه‌ن
ئه‌بێ یه‌كێكیان شه‌هید بن
7
له‌لای كه‌س ناوم مه‌هێنه‌
بانه‌زانن خۆشم ئه‌وێ ی
تا ساباته‌كانی عه‌شق ‌و
باخچه‌كانی خۆشه‌ویستی‌و
په‌نجه‌كانی من نه‌سوتێن؟!
8
ده‌ستت مه‌هێنه‌ به‌قژما
جێگه‌ی ده‌ستت نابێته‌وه‌
پڕپڕیه‌تی له‌ چه‌پۆكه‌كانی دایكم‌و
گۆچانه‌كه‌ی ده‌ستی باوكم
9
له‌گه‌ڵ پێما هه‌نگاو مه‌نێ
بۆمن كارێكی گرانه‌
له‌مه‌مله‌كه‌تی ئازادی‌و تیرۆر
خۆشه‌ویستی سزادانه‌؟

10
به‌ر له‌وه‌ی هیچ شتێك بڵێی
فێرم بكه‌ له‌مانای لێ بوردن بگه‌م
تا له‌و گوناهانه‌ خۆشبم
به‌دیاری درانه‌ ده‌ستی من


له‌روانینی چاوه‌كانت

1
كه‌سه‌یری چاوانت ده‌كه‌م
وا هه‌ست ده‌كه‌م
یاری له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م ده‌كه‌م
ئه‌و ساتانه‌ی ده‌ڵێ دایه‌
باتێر سه‌یری چاوی یه‌ك بكه‌ین
ئاخۆ كاممان پێش ئه‌وی تر
چاوه‌كانی ده‌تروكێنێ
یارییه‌كه‌ ده‌دۆڕێنێ .
2
كه‌سه‌یری چاوانت ده‌كه‌م
له‌ده‌ریایه‌ك راده‌مێنم
ده‌مباته‌وه‌ سه‌رده‌می مناڵیم‌و
له‌دوامه‌وه‌ دایكم هاوارم لێ ده‌كا
كچێ ،نه‌ڕۆی ئه‌و ده‌ریایه‌ ده‌تخنكێنێ
3
له‌ تێڕوانینی چاوانتا
خه‌یاڵ ده‌مباته‌وه‌ دنیایه‌ك
دوور له‌ نیگای چاوه‌كانت
به‌ڵام له‌وێ
من كوێر ده‌بم هیچ چاوێكی تر نابینم
4
چاوه‌كانت مامۆستان‌و
وانه‌ی عه‌شق ده‌ڵێنه‌وه‌
من خوێندكارێكی ته‌مبه‌ڵم
له‌به‌رده‌متا وڕوكاسم
نه‌وه‌ك جارێ
به‌سه‌دان جار بیڵێنه‌وه‌
5
له‌هه‌موو ئه‌ندامه‌كان زیاتر
چاوه‌كان عاشقن
به‌ڵام هه‌میشه‌ لێوه‌كان بزه‌
ده‌یانگرێ‌و
په‌نجه‌كان سه‌ما ده‌كه‌ن
6
كه‌تێر سه‌یرت ده‌كه‌م
له‌نێو چاوه‌كانی تۆدا خۆم وون ده‌كه‌م
نازانم تۆ له‌چاوه‌كانی مندا
ده‌توێیته‌وه‌
یان من له‌چاوانی تۆدا
7
مامانه‌كه‌ به‌مناڵی
هه‌ردوو چاوی بۆ ره‌ش كردی
كه‌سێ نه‌یووت … هه‌ڵه‌ی كرد
من نه‌بێ ،
به‌بارانی چاوه‌كانم بۆم شوشتییه‌وه‌
8
باران به‌ئاره‌زووی خۆی ده‌بارێ
بۆیه‌ ناچار بووم، هانام هێنا
بۆ ئاسمانی چاوه‌كانت
زه‌وی وشكه‌وه‌ بووم تێربكات
9
هه‌ركاتێ بڕیارتدا
بۆ هه‌میشه‌ چاوه‌كانت بخه‌وێنی
ئه‌وسا منیش
هه‌موو خه‌ونه‌كانم له‌ده‌ست ده‌ده‌م .
10
جوانترین پێناسه‌ بۆ خۆشه‌ویستیت
لای من چاوه‌كانته‌



وشه‌ هه‌ڵوه‌ریوه‌كانی عه‌شق

1
هاتووم تاكو به‌خوێنی هه‌ر ده‌په‌نجه‌كه‌م
له‌مرواری په‌ڕه‌ی ڕۆحم
یه‌ك دێڕ وشه‌ت، بۆ بهۆنمه‌وه‌
به‌لاشه‌یه‌كی شه‌كه‌ت‌و
دوولێو وشك‌و خه‌ماوی، بڵێم ماڵئاوا
ئه‌ی خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی
وه‌فا،عه‌شق، خۆشه‌ویستی
له‌كوێیه‌و كوا ؟!
2
هاتووم تاكوو ده‌سته‌كانت تێبگه‌یه‌نم
بۆ له‌مه‌ودوا هاوڕێی ده‌سته‌كانم نه‌بێ
چاوه‌كانت تامه‌زرۆی،بینینم نه‌بێ
زمانم ده‌یه‌وێ نه‌ترسێ‌و بڵێ بڕۆ
تۆ له‌مه‌ودوا خۆشه‌ویستی دڵم مه‌به‌ .
3
تاوان تۆیت‌و دڵم ده‌ڵێ
بێنه‌ كۆرپه‌ی خۆشه‌ویستیت بابڕۆین
ئه‌و بۆنی گوڵه‌ نێرگز‌و میلاقه‌و به‌یبون
له‌یه‌ك جیاناكاته‌وه‌
ئه‌و په‌ڕه‌ی ناسكی گوڵه‌باخ‌و
ده‌می تیژی دڕكیك
وه‌كو یه‌ك ماچ ده‌كا ؟!
4
تۆ نه‌تزانی
من خه‌و به‌چاوی ئه‌ستێره‌و
په‌پووله‌و مانگه‌وه‌ ده‌بینم
دڵیشم له‌ ئاستیاندا
په‌ڕه‌ی ناسكی گوڵێكه‌
5
ئێستا له‌راوچیه‌ك ده‌چیت
هه‌ندێ جار وه‌ك گیانله‌به‌رێكی دڕنده‌و
هه‌ندێ جاریش وه‌ك باڵنده‌یه‌كی بێده‌سه‌ڵات
سه‌یری جه‌سته‌ی ژنێتیم ده‌كه‌یت
بۆیه‌ زۆرجار واگه‌ره‌كته‌
به‌چه‌قۆ سه‌رم ببڕیت‌و
هه‌ندێ جاریش
به‌گوڵه‌ چاوترسێنم بكه‌یت؟!
6
حه‌زده‌كه‌م بزانی
من هاوڕێی ئه‌و شۆڕه‌ ژنانه‌م
كه‌چۆن جورئه‌تیان به‌ئاگری
دۆزه‌خا كردوو
تۆپه‌ڵێ خۆڵه‌مێشیان
به‌یادگاری جێهێشت ؟!
7
چه‌ند جوانه‌ وشه‌ی خۆشه‌ویستی
ئه‌وكاته‌ی له‌ده‌رونێكی پاكه‌وه‌
دێته‌ ده‌رێ
چه‌ند پیرۆزه‌ وشه‌ی ماڵئاوایی
له‌دوای خیانه‌ت چاو هه‌ڵدێنێ
8
هه‌رگیز نه‌كه‌ی
داوای لێبووردنم لێبكه‌ی
چونكه‌ تۆ ناتوانی
فرمێسكه‌ راژوه‌كانی چاوم كۆبكه‌یته‌وه‌
9
من ده‌ڕۆم‌و ئه‌بێ
یه‌ك یه‌ك پیته‌كانی ناوی من
له‌فه‌رهه‌نگی بیری خۆتدا بسڕیته‌وه‌
نیگام بۆنم هه‌ناسه‌كه‌م بنێریته‌وه‌
10
بڕۆ ئیتر ناتبینمه‌وه‌
ده‌ڕۆم ئیتر نامبینیه‌وه‌
كاتێك دڵشكا
عه‌شق شوێنی خۆی ناگرێته‌وه‌؟!




گه‌ر بتوانم

1
له‌ده‌ستم بێ وه‌كوو ئاگر
هه‌موو لاشه‌ت ئه‌سوتێنم
خۆ هیچ نه‌بێ
چنگێ خۆڵه‌مێشی گیانت
بۆ خۆم دێنم ؟!
2
گه‌ر بتوانم
هه‌موو خوێنه‌كه‌ت ده‌گوشم
تێكه‌ڵ به‌رووباری ده‌كه‌م
خۆ هیچ نه‌بێ من ده‌توانم
په‌رداخێ له‌و ئاوه‌ بنۆشم؟!
3
گه‌ر بۆم بكرێ
زۆر بچووكت ده‌كه‌مه‌وه‌
وه‌كوو باڵدار
گه‌ر نه‌توانم له‌گه‌ڵتا بێم
خۆ ده‌توانم
په‌ڕێكی باڵت بدزم‌و بیده‌م
له‌یه‌خه‌ی به‌رۆكم
4
ئه‌تكه‌مه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك‌و
به‌دیاری ئه‌تده‌مه‌ ئاسمان
گه‌ر له‌خه‌ویشا نه‌تبینم
شه‌وان چاو ده‌بڕمه‌ چاوتان
5
ویستم بزانم ئه‌م عه‌شقه‌ی تۆ
چ هه‌ڵچوونێكی ناخمه‌و
چ سۆزێكی ده‌روونیه‌
ووتیان باسی هیچیان مه‌كه‌
ئه‌وه‌ سحرێكی خواییه‌ ؟!
6
شعره‌كانت بۆ ده‌نێرم مه‌یفوتێنه‌
ئه‌مه‌ سوتانی عه‌شقمه‌و
زه‌رده‌خه‌نه‌ی دوو لێوی
پڕ ئه‌ڤینه‌ ؟!
7
چیت لێم ده‌وێ پێشكه‌شی بكه‌م
جگه‌ له‌ خۆشه‌ویستیه‌كه‌م
ده‌سته‌كانم بوونه‌ رێگات
چاوه‌كانم بوونه‌ ده‌ریات
قژم كرده‌ ساباتی پشوودانی تۆ
هه‌ر به‌ته‌نیا رۆحم ماوه‌
ئه‌ویش بۆ تۆ !
خۆشه‌ویستیم سه‌ره‌تاو كۆتاییه‌
من عاشقی عاشقێك بووم
سه‌رچاوه‌ی خۆشه‌ویستیه‌ ؟!

8
تۆ بڵێی رۆژێ
تۆو ده‌ریا هاوڕێ نه‌بووین
تۆ هه‌موو هه‌ڵچووه‌كان‌و
ده‌نگه‌كانت دابێته‌ ئه‌و
ئه‌و هه‌موو هێمنیه‌كه‌ی
دابێ به‌تۆ !


ژن‌و شعرو شاعیر

1
شیعرێكم بۆ ئاسمان نووسی
زه‌وی خۆی لێی توڕه‌ كردم
شعرێكم بۆ هه‌تاو نووسی
هه‌ور خۆری لێ وون كردم
شعرێكم بۆ باران نووسی
ته‌رزه‌ به‌رد بارانی كردم
شعرێكم بۆ نێرگز نووسی
ده‌می دڕكێك په‌نجه‌ی گه‌ستم
شعرێك بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌م
هاتن گۆڕیان بۆ هه‌ڵكه‌ندم ؟!
2
چه‌پكێ ووشه‌م
له‌باخی هه‌ستم چنیه‌وه‌و
كردمه‌ دیاری
بۆخاك‌و نیشتیمانه‌كه‌م
هه‌موو دایانه‌ پێكه‌نین
پێیان ووتم
خاك كه‌ی ئیلهامه‌ بۆ نووسین !
3
من‌و شاعیرێكی پیاو
دوو پارچه‌ شیعرمان نووسی
ئه‌و شعرێكی ته‌ڕ بۆ كچێك
منیش كۆپله‌یه‌ك بۆ كوڕێك
كوڕه‌كه‌ هۆنراوه‌كه‌می برد
به‌هاوڕێكانی نیشاندا
هه‌موو كردیان به‌ گۆرانی
كچه‌كه‌ خستیه‌ كه‌نتۆره‌كه‌ی
تووند كلیلی دا ؟!
4
ووتم دایه‌ ، گوێم لێ بگره‌
ئه‌م شعره‌ت بۆ ده‌خوێنمه‌وه‌
باس له‌كیژۆڵه‌ی ده‌ست قڵیشاو
له‌مناڵی برسی ده‌كا
دایكم قاقا پێم پێكه‌نی !
چه‌ند مناڵی
كه‌ی شعر برسی تێرده‌كا !
5
پێنووسه‌كه‌م هاته‌ دوان‌و
پێ ووتم رێگه‌ نه‌ده‌ی له‌ناخمدا
مانای چه‌ند ووشه‌یه‌ك بڕوێ
(دووروویی ،خیانه‌ت ، حه‌ساده‌ت)
ئه‌و نه‌یزانی له‌م ووڵاته‌ بێ ئه‌مانه‌
پێنووس، بێ لاشه‌و، بێ گیانه‌ ؟
6
شعره‌كانی (شیركۆ بێكه‌س)فێریان كردم
ئه‌بێ شعر گۆرانی بێ
بۆمناڵه‌ ئه‌نفاله‌كان
تۆڵه‌ بێ بۆ جه‌سته‌ی سووتاو
لووتی بڕاوی كیژۆڵه‌كان
ئه‌بێ تاجه‌ گوڵینه‌ بێ
بۆسه‌ر لاشه‌ی شه‌هیده‌كان
تێنه‌گه‌یشتم ئێوه‌ هه‌مووتان شاعیرن
یان به‌ته‌نها (شێركۆ بێكه‌س)؟!
7
ووتیان وه‌ره‌
گه‌ر ده‌ته‌وێ شاعیر بیت‌و
خاوه‌ن ده‌نگ‌و ره‌نگی خۆت بی
وازبێنه‌ له‌شعری ماچ‌و خۆشه‌ویستی
له‌هه‌ناسه‌ی مناڵێك‌و
له‌عشقی په‌پوله‌و گوڵێك
ئه‌مه‌ مانای شاعر نیه‌ ؟!
8
لێوه‌كانت سوور سوور بكه‌
به‌وێنه‌ی كه‌و
قژت زه‌ردبكه‌ وه‌كوو تاڵه‌كانی هه‌تاو
به‌رگێكی شه‌راب له‌سه‌ر مێزه‌كه‌مان بنۆشه‌
ئه‌وسا ده‌ڵێن
تۆ ئه‌و كیژۆڵه‌ شاعیره‌ی
سه‌دان ساڵه‌ بۆ شیعرو ووشه‌ ده‌سوتێی !
9
من نازانم ئێوه‌ شعرتان لێم ده‌وێ
یاخود قژو لێو گۆنام
ئێوه‌ هاتوون وه‌سفی ووشه‌كانم بكه‌ن
یاخود له‌ش و لارو باڵام !
10
من شاعیر نیم
به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێم بپرسن
كۆرپه‌ی كام هۆنراوه‌ جوانه‌
ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی
ژانی سروشتی كێشاوه‌و
به‌بێ به‌نج ‌و بێ دكتۆرو بێ ده‌رمانه‌ ؟!

**دێڕی یه‌كه‌م هۆنراوه‌ی به‌رێز (شێركۆ بێكه‌س)ی شاعیره‌ له‌ كۆپله‌ی (10)




زایه‌ڵه‌ی ووشه‌كان

1
ویستم وه‌ك گوڵ ناوت بێنم
گوڵێك نه‌بوو بگات به‌تۆ
ویستم وه‌ك جوان بتنه‌خشێنم
جوانێك نه‌بوو له‌ وێنه‌ی تۆ
له‌نێوانی پێناسه‌ی تۆو وشه‌كانما
من تێ ناگه‌م
خم وون ده‌كه‌م یاخود تۆ؟!
2
ناتوانی وه‌ك كه‌سانی تر
لێم زیزبیت‌و نه‌مدوێنی
چاوه‌كانم لێت خۆش ده‌بن
ده‌سته‌كانم لێت خۆش ده‌بن
به‌ڵام هه‌رگیز پێنووسه‌كه‌م
كه‌خوێنی لاشه‌ی بۆ رشتووی
لێت خۆش نابێ ؟!
3
ده‌ڵێن په‌نجه‌كانی عاشق كه‌زیز ده‌بن
هه‌رچی گوڵه‌ ده‌یوه‌رێنن
په‌نجه‌كانی من عاشق نین
به‌ڵام رۆژنیه‌، له‌ پێناوتا
ملی گوڵێ نه‌قرتێنن .
4
له‌ده‌فته‌ری یاداشته‌كه‌م
قه‌ت ناوه‌كه‌ت تۆمارناكه‌م
له‌ نێو هه‌ستمدا ده‌ینوسم
ده‌شێ ، ده‌بێ
ده‌فته‌ر وون بێ‌و بدڕێ
به‌ڵام هه‌رگیز له‌ناخمدا
ناوت ناسڕێ
5
شه‌وێك خه‌وم پێوه‌ بینی
ووتم خودایه‌ خه‌ون بێ
شه‌وێكی دی خه‌وم بینی
ووتم خودایه‌ به‌راستی بێ
له‌ نێوانی خه‌ونه‌كانما، ئه‌وه‌ی بینیم
نه‌مزانی خه‌و بوو یاراستی
6
دڵی من‌و كاتژمێره‌كه‌ی
ژوورسه‌رم له‌یه‌ك ده‌چن
ئه‌و چه‌نده‌ بۆكات لێده‌دا
دڵی منیش هێنده‌ بۆ تۆ
7
تۆ وه‌ك ئه‌سپ سوارێكی چالاك
دێیت‌و ده‌چی
هه‌ندێ جار وا پێ ده‌چێ
له‌شه‌ڕێكی خوێناویا هاتوویته‌وه‌و
هه‌ندێ جاریش له‌زه‌ماوه‌ند
بۆیه‌ زۆر رۆژ من له‌تۆوه‌
مانای پێكه‌نین فێرده‌بم ‌و
هه‌ندێ رۆژیش مانای گریان
8
من‌و هاوڕێكه‌م زۆرشتمان
له‌یه‌ك ده‌چێ
چاومان ، قژمان‌و به‌رگمان
ته‌نیا جانتاكه‌مان نه‌بێ
له‌جانتاكه‌ی مندا شعرو
له‌جانتاكه‌ی ئه‌ودا پاره‌
9
ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ی من تۆ
ده‌وری تیادا ده‌بینین
بناری كوێستانه‌كان شانۆیه‌تی
عشق نوسه‌ریه‌تی
هه‌ر خۆم‌و خۆت ئه‌كته‌ر‌و
ده‌رهێنه‌رو ره‌خنه‌گرین
تۆ هه‌ڵۆیه‌كی ته‌ریوو
من په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌كی ته‌ریوو
شانۆیه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ كۆتایی دێت
من ئاو دێنم تۆ چیلكه‌دار
با ئه‌و هێلانه‌یه‌ دروست كه‌ین
ته‌نیا من‌و تۆ تێی ده‌گه‌ین
10
من نه‌هاتووم ببمه‌ په‌یكه‌ر بۆ دیده‌نیت
هاتووم تاكوو په‌نجه‌كانم گوڵ ده‌ربكه‌ن
لێوه‌كانم چۆڕاوگه‌ی حه‌ز بیانشواته‌وه‌
من ئه‌و پرده‌م
هه‌ر روبارێك كه‌ نه‌توانی مه‌له‌ی تیا بكه‌یت
لای من بپه‌ڕیته‌وه‌







بۆ پاكیزه‌كانی ئه‌نفال كه‌ فرۆشران

فریشته‌كان كه‌ گوێیان له‌ حیكایه‌ته‌كانی ئێوه‌ بوو
شه‌رمه‌نده‌ بوون
كه‌ گوێمان له‌ حیكایه‌تی فرۆشتنی ئێوه‌ بوو
حیكایه‌تی به‌كاڵابوونی جه‌سته‌و
مه‌زادی لاشه‌ی كیژۆله‌َ گه‌رمیانیه‌كان
شه‌رم له‌به‌ردو دار ده‌تكا
فریشته‌كان،
له‌حزور پاكیزه‌یی ئێوه‌ خه‌جاڵه‌ت و
زه‌وی له‌به‌رده‌م به‌رائه‌تی ئێوه‌ شه‌رمه‌نده‌
هه‌موومان قسه‌مان كرد
من شعرێكم نوسی و
رۆژنامه‌یه‌ك تێر تێر گریا..
فریشته‌یه‌ك گوناهه‌كانی سڕیه‌وه‌و
به‌خێر نووسی
خودا ئاگری دۆزه‌خی گه‌رم تر كرد
تا پیاوه‌ عه‌گال به‌سه‌ره‌ شه‌هوانیه‌كان باشتر بقرچێن
كۆشكه‌كانی به‌هه‌شتی قه‌شه‌نگ تر كرد
تا پاكیزه‌كانی ئه‌نفال نیشته‌جێ بن و
له‌وێدا چاوه‌ڕێ ی ئازیزان بكه‌ن
(سینۆهه‌) تفی له‌مه‌مله‌كه‌تی خواكانی فیرعه‌ون و
ئایه‌ته‌كانی له‌زه‌ت كرد
هه‌ره‌مه‌كان مانیان له‌نمایش گرت و
بڕیاریان دا قفڵ له‌ده‌رگاكانیان بده‌ن
(زانا) حیكایه‌تی فرۆشتنی خۆی و پاكیزه‌كانی ئه‌نفالی
له‌سه‌ر عه‌گالێك نوسی و سوتاندی
ئاگر خۆش نه‌ك خامۆش
به‌ڵكو له‌زه‌تی پیاوانی عه‌ره‌ب له‌نێو دوكه‌ڵی خۆتدا وون بكه‌ی
(نادیا) به‌نوزانه‌وه‌ی هاواری لێ هه‌ڵسا
خودایه‌، ئێمه‌ قوربانی و غه‌نیمه‌تی جه‌نگ نین
تا به‌كه‌نیزه‌ك بكرێین
ئێمه‌ قوربانی شه‌هوه‌تی ئه‌و پیاوانه‌ نین
كه‌به‌باشترین شێوه‌ خه‌ڵقت كردن
هه‌موویان قسه‌یان كرد
گه‌رمیان چه‌ند بروسكه‌یه‌كی پێ گه‌یشت
بۆسنه‌ نوسیبوی هه‌ردووكمان هاوده‌ردین
ته‌یمور به‌هیوای ئازادی و
كه‌ركوك به‌هیوای گه‌ڕانه‌وه‌
ئه‌ی پاكیزه‌ شۆخه‌كانی ئه‌نفال
كه‌ی دێنه‌وه‌
ئێره‌ پڕده‌كه‌نه‌وه‌ له‌گوڵ
پڕی ده‌كه‌ن له‌ پاكیزه‌یی و
له‌بۆنی سه‌دوهه‌شتاو دووهه‌زار سێو
پڕی ده‌كه‌ن له‌تامی سه‌دو هه‌شتاو دوو هه‌زار گوڵه‌گه‌نم
لێوانه‌ی ده‌كه‌ن له‌ده‌نگی سه‌دوهه‌شتاو دوو هه‌زار چریكه‌
سیخناخی ده‌كه‌ن
له‌ته‌هلیله‌ی سه‌دوهه‌شتاو دوو هه‌زار ئایه‌تی ئه‌نفال
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سینوهه‌:پزیشكی تایبه‌تی فیرعه‌ون
زانا: پاڵه‌وانی رۆمانی فرۆشراو كچێكی فرۆشراو له‌یه‌مه‌ن
نادیار: خوشكی زاناو پاڵه‌وانی رۆمانی فرۆشراو












دڵ و ره‌نگ

له‌نێو ره‌نگی بێ‌ ره‌نگی زه‌مه‌ندا
دایكم دڵێكی هه‌یه‌ ره‌نگاوره‌نگ
له‌ئاسمانی دوای شكستێكی شۆڕش ده‌چێ‌ ‌و
ره‌نگه‌كان به‌یه‌كدا نووساون
دڵی دایكم ره‌نگی سپییه‌،
شیری سپی له‌مه‌مكه‌كانی ده‌چۆڕێ‌و
سپیه‌تی به‌فر به‌سه‌ر قژیدا باریوه‌
دایكم سپییه‌….
كه‌ ده‌شخه‌وێ‌ خه‌ونی سپی
ئابڵوقه‌ی وڵاتی نه‌ستی ده‌ده‌ن
كه‌ ده‌شگریا رۆندكی سپی
بۆ گه‌ردێ‌ گوناهی سپی
به‌ ڕومه‌تیا دێته‌ خوارێ‌
دایكم سپییه‌….
كه‌چی وێنه‌ی قه‌ترانیه‌تی
قژی زه‌مه‌نی منداڵی
به‌ روخساریا داباریوه‌
(وه‌كو بیستومه‌ داوی ره‌ش له‌سه‌ر به‌فرێ‌
به‌كار نایه‌
ئه‌رێ‌ بۆ هێنده‌ له‌ رووت جوانه‌ ئه‌و بسكه‌
تاتایه‌)(1)
دڵی دایكم ره‌نگی سووره‌
جۆگه‌له‌ی خوێنی ره‌نگێكی درێژ
به‌وێدا ره‌تده‌بێ‌
خوێنی كوڕ له‌شه‌ڕی براكان‌و
خوێنی كچ له‌ جه‌نگی بوكێنی
دایكم سووره‌….
به‌رده‌وام دووكه‌ڵی سوور
له‌جگه‌ری سوتاوی هه‌ڵده‌ستێ‌
دڵی دایكم ره‌نگی ره‌شه‌!
له‌پرسه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی‌و
له‌ لافیته‌ی ژێر باڵی مزگه‌وت ده‌چێ‌
دایكه‌ ره‌شه‌….
ره‌ش..ره‌ش
له‌ گومان ده‌چێ‌
ره‌شیه‌تی چاره‌نووس
ره‌شیه‌تی به‌خت‌و
ره‌شیه‌تی ژیان
دڵی خاكم چه‌ند به‌رته‌سكه‌..
له‌كۆڵانه‌كانی ئاوایی ئه‌نفال ده‌كا
له‌ئازادییه‌كانی ژنێك ده‌چێ‌
كه‌ به‌ قانونی ته‌ماشا
ناتوانێ‌ باكورو باشورو رۆژهه‌ڵات‌و
رۆژئاوای
جه‌سته‌ی خۆی سه‌یر بكا
له‌ ژنێك ده‌چێ‌
كه‌ ده‌بێ‌ ده‌ست نوێژ به‌ خوێنی خۆی بشوا
(چییه‌ دنیا ژنێكه‌ هه‌ر شه‌وێك سكپڕ به‌
سه‌دقینه‌
به‌یانی زوو به‌ خوێنی جه‌رگی ئه‌هلی دڵ
ده‌كا بێزو)(2)
دڵی ئاسمانی چه‌ند به‌رینه‌
نه‌نه‌ڕه‌ی توڕه‌ی ره‌عدێك‌و
تریفه‌ی هێمنی نه‌سیم‌و
ئاپۆره‌ی ئه‌ستێره‌ی گه‌لێك‌و
ژیانێكی خاڵی له‌ مرۆڤ
له‌ باوه‌شیا
جێی بۆته‌وه‌
دڵی زه‌ریا چه‌نده‌ قوڵه‌
كیشوه‌رێك
نه‌ جه‌نگی براكانی تێدایه‌و
نه‌ ئه‌نفال‌و
نه‌ ریشی بستێك درێژ
نه‌ شمشێری تیرۆر ده‌یگاتێ‌‌و
نه‌ قه‌تڵ ‌و عامی مه‌لا‌و
نه‌ هی دیكتاتۆرێكی كوێر.
دڵی كچه‌كه‌م چه‌ند بێگه‌رده‌
دڵێكه‌ هێشتاش به‌ ئاسوده‌
ده‌بێته‌ هێلانه‌ی باڵنده‌‌و
ئێستاش خه‌ت‌و خاڵی
ئه‌م ژیانه‌ جه‌نجاڵه‌ی پێوه‌ نییه‌.
چ هاوسه‌رێكی پیرۆزیو
دڵت چ ئۆقیانوسێكی به‌رینه‌
ئازادی له‌وێدا به‌ ته‌نیا دروشم نییه‌
قانونیش گۆرانییه‌كی ر‌ووت‌و
نه‌ سه‌ربه‌ستیش شه‌ڕێكی درێژ خایه‌نه‌
دڵی رێبوار كاروانێكه‌ هه‌زار رێبوار له‌خۆی ده‌گرێ‌
به‌رزه‌خێكه‌ خه‌می هه‌رچی بنیاده‌می سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌
وه‌خۆ ده‌گرێ‌.
ئاخ دڵی ئه‌وان چه‌ند بچووكه‌….
بچووك‌و ورد
وه‌ك هه‌ڵماتی منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌م
هه‌ر رۆژێك گیرفانێك ماڵیانه‌و
منداڵێك ده‌یباته‌وه‌
(ئه‌وان) هه‌میشه‌ له‌ یارییه‌كی منداڵانه‌ش
پاڵه‌وانێكی دۆراون
ئه‌ی مرۆڤه‌ كاڵفامه‌كان،
بچووكترن له‌ هه‌ڵمات‌و
ته‌نكترن له‌ رۆژنامه‌یه‌كی بێكه‌س
دڵی ئێوه‌ له‌ رۆژنامه‌ ده‌چێ‌
نایخوێننه‌وه‌
ئه‌وان رۆژنامه‌یه‌كن
به‌ڵام ناواخنێكی خاڵی
یا ده‌بنه‌ سفره‌ی نان خواردن
یا بۆ نێو زبڵدان
یا هه‌ر نه‌بێ‌ له‌گه‌ڵ دوو پیره‌ داری رزیودا
ده‌سوتێنرێن
هه‌ندێك جاریش
منداڵان ده‌یكه‌نه‌ كۆلاره‌و
نه‌سیم به‌ ئاسانی به‌ ئاسماندا ده‌یفڕێنن
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* (1)شیعرێكی مامۆستا هێمن موكریانییه‌.
* (2)شعرێكی مه‌حوی شاعیره‌.
دونیای شێت و عاقڵه‌كان

به‌كۆڵانه‌كانی ژیاندا بگه‌ڕێ
كام ته‌لاری زاكیره‌ی جوان هه‌یه‌ بیبینه‌
له‌كانیاوی عه‌قڵی مرۆڤدا خول بخۆ
كام ئاوی پاكی یاده‌وه‌ری جوان هه‌یه‌
بزانه‌
ئه‌مه‌ جێ پێی شێته‌كانه‌
ئه‌و شێتانه‌ی گوڵا ده‌خه‌نه‌
ئینجانه‌كانی ژیانه‌وه‌
ئه‌مه‌ش هه‌نگاوی عاقله‌َكانه‌
ئه‌و عاقڵانه‌ی دونیا به‌خوێن داده‌پۆشن
تێ په‌ڕه‌ ئازیزم تێ په‌ڕه‌
شێته‌كان به‌كوێدا ڕه‌تده‌بن
تۆش له‌وێوه‌ تێ په‌ڕه‌
ئه‌وان نه‌له‌گه‌ڵ فریشته‌كان شه‌ڕیانه‌و
نه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤ
ئه‌وان نه‌ له‌سه‌ر كورسی خوێنی یه‌كتر ده‌ڕێژن و
نه‌سامان مه‌حكومیان ده‌كات
ئه‌ی شێت ترین ئاده‌م
له‌م ڕێگایه‌وه‌ تێ په‌ڕه‌
ڕێگه‌ی ئه‌وان نه‌چاڵی قه‌هری عاقڵه‌كان و
نه‌ته‌ڵه‌ی ڕاوچییه‌كانی لێ یه‌
ڕێگه‌ی ئه‌وان هه‌میشه‌ ڕه‌نگڕێژ كراوه‌
به‌ به‌رائه‌ت
ماڵه‌كانیان پڕ كراوه‌ له‌ میهر
خودایه‌ توگه‌وره‌یی خۆت
شێتم بكه‌
وه‌ك ئه‌وانه‌ی به‌هه‌شتیان
بۆ ده‌خه‌یته‌ سه‌ر پشت
شێتم بكه‌ هاوڕێم شێتم بكه‌ وه‌ك خۆت
تا ببمه‌ به‌خشنده‌ترین ئاده‌م
من نامه‌وێ له‌ڕیزی ئه‌وانه‌ ئه‌ژمارد بكرێم
كه‌به‌خوێن دونیا داده‌پۆشن
كه‌ به‌چه‌قۆ سه‌ری مرۆڤ ده‌بڕن
ئه‌وانه‌ی جه‌سته‌ی ژن ده‌خه‌نه‌
به‌رنه‌فره‌تی چه‌قۆ
چه‌نده‌ جوانه‌ دونیای شێته‌كان
بێ كڕنوش بردنه‌ بۆ پاره‌
بۆ ئاغا، بۆ مرۆڤ
ئه‌و كوڕه‌ شێتانه‌ ئه‌جووڵێ
شێت نی یه‌
له‌گۆڤه‌ندی مانگی هه‌نگوینی خۆی دا
جه‌للاده‌ عاقڵه‌كانی به‌عس
فریشته‌ی نێو به‌هه‌شتی خێزانه‌كه‌یان
وه‌ك كاڵایه‌ك به‌تاڵان برد
له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئه‌و كوڕه‌ خۆی لێ وون بووه‌و
شێتانه‌ به‌دوای خۆیدا وێڵه‌
ئه‌و كچه‌ هاوڕێیه‌م شێت نیه‌
خۆیو كتێب و قه‌ڵه‌م و جانتاكه‌ی
وه‌ك نێچیر كه‌وتنه‌ ده‌ست ڕاوچیه‌كانی
له‌زه‌تی دیكتاتۆر
قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی سه‌ربڕاو
كتێبه‌كانی له‌خوێن گه‌وزاو
جانتاكه‌ی پڕكرا له‌ئه‌شكی نامووس
جه‌سته‌ی تیرۆكراو عه‌قڵی كوژرا
ئه‌و پیره‌مێرده‌ شێت نییه‌
به‌ڵام تۆزی بیابانه‌كه‌ی عه‌رعه‌رو
گردی دۆزه‌خی نوگره‌سه‌لمان
عه‌قڵ و سۆزو ڕۆحیان
هه‌ڵقرچاندووه‌
ئه‌و ژنه‌ی من بینیم شێت نییه‌
ئه‌وه‌ لێشاوی هێزی ڕه‌شه‌با
به‌و هه‌موو قه‌هرو نه‌فره‌ته‌وه‌
به‌سوپاگه‌لێكی زۆره‌وه‌
عه‌قڵیان دزیوه‌
هاوسه‌ره‌كه‌یو دووكۆرپه‌یان بۆ سه‌ر بڕیوه‌
ئێمه‌ تێناگه‌ین كێ شێته‌؟
عاقڵه‌كان كێن
كێن عاقڵه‌كان
ئه‌وه‌ی مرۆڤ سه‌ر ده‌بڕێ
ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ژن ئه‌تك ئه‌كا
ئه‌وه‌ی مناڵا ئه‌نفال ئه‌كا؟ !







تابلۆ

دوو هونه‌رمه‌ندی شاره‌كه‌م
دوو تابلۆی خه‌ماوییان نه‌خشاند
وێنه‌ی یه‌كه‌م
گرمه‌ی تۆپ‌و ناڵه‌ی گیان‌و
مه‌رگ‌و هاوار
وێنه‌ی دووهه‌م
كاره‌ساتی (6)ی ئاب‌و
فرمێسكی شار











گله‌یی

(1)
ببووره‌ من و تۆ
جاران یه‌ك كه‌س بووین
ئه‌مشه‌و دوانین
دووهه‌ناسه‌و دووگیانی
له‌ یه‌ك جیاواز
تۆتۆیت و منیش خۆمم
2
كه‌ تۆدڵه‌كه‌ت په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌ك بێ‌
به‌ ئاره‌زووی خۆی
گه‌رمیان وكوێستان بكات
چۆن ده‌توانێ‌ هێلانه‌كه‌ی
له‌ سه‌ر سینه‌ی نه‌رمی ئافره‌تێ‌
دروست بكات
3
من ئێستاكه‌ نامه‌وێ‌ بزانم
تۆ بۆمن كێ‌ بوویت وكێیت ؟
هێنده‌ به‌سه‌ بۆ ناسینت
بۆگه‌یشتن به‌ خونچه‌یه‌ك
هه‌رچی گوڵه‌ ناته‌ ژێر پێت !
4
هه‌رگیز هه‌رگیز
جارێكی تر
بیر له‌ تۆ ناكه‌مه‌وه‌
له‌گه‌ڵ ژان وئازاره‌كانتا ناژیم
له‌ناو بیره‌وه‌ریه‌كانتا ناتوێمه‌وه‌
چونكه‌ تۆهه‌ست به‌ ئازاری عه‌شقانه‌ ناكه‌یت
5
من وئه‌وانی دی
دوو دژی ناو كوانویه‌كین
ئه‌وه‌ی بیكه‌م ئه‌وه‌ی بیڵێم
نیوه‌ی ئه‌وانی دی نابێ‌
6
ئه‌مشه‌و چاوه‌كانت
كامێرایه‌كی فۆتۆگرافه‌ و
به‌ دوای نیگای مندا وێڵه‌
وێنه‌ی بگری
تا به‌دیواری ته‌مه‌نتا هه‌ڵیواسی
لێم ببوره‌ من نامه‌وێ‌
تابلۆیه‌كی ،ژووره‌ داخراوه‌ كه‌ی تۆبم
دوا هه‌ناسه‌ی خۆشه‌ویستی و
حه‌زی تیا بده‌م
7
ده‌ڵێ‌ ی ده‌ڕۆمتا دێمه‌وه‌تا دێمه‌وه‌
تۆپیاوی ماڵكه‌م به‌ منیش ده‌ڵێم به‌ سه‌رچاو
من ده‌توانم پیاوی ماڵه‌كه‌ی تۆ بم
به‌ڵام كه‌ سبه‌ینێ‌ گه‌ڕایته‌وه‌
تۆناتوانی دان به‌و ڕاستی یه‌دابنێ‌ ی
نیوه‌ی پیاوی ته‌واویش بم
8
به‌ هیواوه‌ بڕۆو
بارگه‌ی بیره‌وه‌ریه‌كان
بۆمن جێ‌ بهێڵه‌
خونچه‌ی پێكه‌نینه‌كان له‌گه‌ڵ خۆت به‌ره‌و
دره‌ختی خه‌ونه‌ قورسه‌كان
لێره‌ بنێژه‌
چاو به‌ ئاوێنه‌ی ئاسمان و مانگ و
ئه‌ستێره‌كاندا مه‌گێڕه‌
ڕوخساری منی تیادا نادۆزیته‌وه‌
ئه‌م ئه‌شقه‌ی من تروسكای
له‌ چاوی هیچیاندا نه‌هێشتۆته‌وه‌ ؟
9
شه‌وێكی پڕگه‌واڵه‌ هه‌وره‌
لافاوی خه‌م كه‌شتی توڕه‌ییم
ڕاو ده‌نێ‌
چ ئازارێكی ناوه‌خته‌
ئائه‌م دڵه‌كوكوختی یه‌م
نامۆ ده‌كا
10
ئه‌مشه‌و دوا دیری ئه‌و ووشانه‌م
له‌فه‌رهه‌نگی بیره‌وه‌رییه‌كانما
كوژانده‌وه‌
كه‌ ناوی تۆی لێ‌ پێك هاتبوو !






چاوه‌كانت

دوو ماسی نێو هه‌ستی وونن
له‌ ده‌ریای مه‌نگی ئه‌وینا
مه‌له‌ ده‌كه‌ن
چه‌ند ده‌مه‌وێ‌ ده‌ریان بێنم
ڕزگاریان كه‌م
به‌ڵام سیمای سه‌رابێكن و
خۆ وون ده‌كه‌ن




له‌ حزوری زیكری ئه‌مشه‌و

ئای چ حه‌زێكی سه‌ر شێته‌
جه‌سته‌تی كرد به‌خواوه‌ند
لانه‌كه‌شت به‌په‌رستگا
چ سڕێكه‌ نه‌ده‌روێشی خانه‌قام و
نه‌ئێیشكچی
بۆچی ده‌بێ‌ هه‌موو شه‌وێ‌
به‌چوار ده‌وری وێنه‌كه‌تدا
زیكرێ‌ بكه‌م
وه‌ره‌ ئازیز
بابه‌رله‌وه‌ی سیمای ڕه‌نگاڵه‌یت ون بێ
به‌ته‌لیسمی خه‌ونی ره‌ش پۆش بشێوینرێ‌
باخه‌مه‌كان له‌خه‌ونێكی هه‌میشه‌یی
ده‌ریای ئه‌ڤین به‌ڕێ‌ بكه‌ین
من دڵنیام له‌ قوڵابی ئاوازه‌كان
هیچ وزه‌یه‌ك كار له‌جه‌سته‌ی عه‌شقه‌ت ناكات
ته‌نها پڕشنگی سوتماكمه‌ به‌ تۆ ده‌گات
ئێستا نزای دوا ساتمه‌
تا دوانیگای چاوه‌كانم
له‌ به‌ر شنه‌ی هه‌ناسه‌یه‌كتا لێك بنێم
ئای له‌وساتانه‌ی
تیشكی گیانم عه‌شق بارانی تۆ ده‌كات
گوڵاڵه‌كان لێوی حه‌زیان
له‌گه‌ڵ بزه‌ی تۆدا ده‌كه‌نه‌وه‌
بۆیه‌ ئێستا دوا بڕیار ده‌ده‌م
خۆم بكه‌مه‌ په‌ڵه‌هه‌ورێك و
تۆ بكه‌م به‌ مانگ
بۆ ئه‌وه‌ی له‌باوه‌شما بتشارمه‌وه‌
تا هه‌رچی رووناكیت هه‌یه‌
به‌س بۆ من بی‌و كه‌سی تر نا؟!

سێبه‌ر

خودایه‌
حه‌زده‌كه‌م تۆ هه‌میشه‌ هه‌تاوبیت
تا به‌هۆی سێبه‌ره‌كه‌ته‌وه‌
مرۆڤ له‌ته‌نهایی رزگار بكه‌یت
***
هه‌تاو زۆرجاران ‌و تاوناتاوێك
له‌ترسی هه‌ور خۆی وون ده‌كات
هه‌ر بۆئه‌وه‌ی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ تێبگات
ئاسمان وێنه‌یه‌كی ده‌ستكرد نیه‌ وه‌ك تێگه‌یشتوون
**
ئه‌ی مرۆڤی راسته‌قینه‌ ،
سێبه‌ری خۆت مه‌گۆره‌وه‌ به‌هه‌موو دنیا
چونكه‌ سێبه‌ر هاوڕێیه‌كی هه‌میشه‌ییه‌
هه‌رگیز حه‌زناكات خۆی وون بكات
سێبه‌ر نه‌قسه‌ ده‌كات
نه‌ڕق‌و كینه‌و بوغز هه‌ڵده‌گرێ
نه‌درۆ ده‌كات .
نه‌چاڵی قۆڵیش بۆ پێیه‌كانی مرۆڤ
هه‌ڵده‌كه‌نێ
**
سێبه‌ر ئاوێنه‌یه‌كی جوانه‌
مرۆڤ هه‌موورۆژێ خۆی تێدا ده‌بینێ ‌و
زۆرجارانیش خۆی حه‌شارده‌دات
به‌ڵام قاقاو پێكه‌نینه‌ ناوه‌خته‌كانی
فرمێسكه‌ گه‌رم‌و گوڕه‌كانی
به‌تاریكی نیشان ده‌دات
**
بۆ برسیه‌كان سێبه‌ر زۆركات ده‌بێت به‌نان
ده‌بێت به‌حه‌سانه‌وه‌و شوێنی پشوودان
بۆ عاشقێكی تینووی رۆخۆش
سێبه‌ر ره‌نگ‌و نواڵه‌ی جوانه‌
عاشق ووشه‌ی بۆده‌نوسێ
تاكوو ئه‌ویش له‌ته‌نهایی رزگاری بێ
**
سێبه‌ر هاوڕێیه‌كی كاتیه‌
زۆرجار له‌ترسی هه‌تاو ،به‌قینی ده‌وڵه‌مه‌ند
رووده‌كاته‌ منزڵگایه‌ك
تاكوو چاوی هه‌ژاران ببینێ ؟
***
سێبه‌ر زۆركات له‌گه‌ڵمانه‌
نازانین چۆن خۆشمان بوێت
كه‌ته‌نها بین ده‌یپه‌رستین
كه‌بووینه‌ دوان لێی وون ده‌بین؟

له‌به‌رد چوون
ته‌ماشا ئه‌و به‌رده‌ش هاتۆته‌ قسه‌
سه‌یركه‌ ئه‌و كێوه‌ش خه‌ریكه‌ ده‌فڕێ
كۆت دڵت هێنده‌ ره‌ق بێت
ئیدی به‌رد چ مانایه‌كی هه‌یه‌
ته‌ماش ئه‌و چیایه‌ له‌ئاسمان چۆن خوول ده‌خوات
له‌ژێر پێدا قوڵپی قینه‌ هه‌ڵده‌دات
له‌به‌رچاوت دیواره‌كان وه‌ك زیندانن
ته‌ماشاكه‌ ئه‌ی مرۆڤی دڵ به‌ردین
من له‌وسه‌ری حه‌ساری چاومه‌وه‌ ده‌تبینم
له‌ناو كتێبه‌ مێژوویه‌كانی پێڵومدا ده‌تخوێنمه‌وه‌و ده‌تبینم
منداڵێك گیرفانی پڕ ده‌كات له‌به‌رد
دانه‌ دانه‌ ده‌یگرێته‌ سێبه‌ری چۆله‌كه‌كان
ژنێك كۆڵوانه‌كه‌ی سیخناخ ده‌كات له‌ ورده‌ به‌ردوو
ده‌ینێ به‌گۆری شێخێكه‌وه‌
تۆش ئه‌و چیایه‌ت پارچه‌ كردوو
تاشه‌ به‌ردێكی گه‌وره‌ت خسته‌ دڵته‌وه‌
ئه‌ی دڵ به‌رد
له‌و سه‌ر له‌ته‌نیشت باڵه‌فڕێی جه‌سته‌ی
كه‌لاوه‌یه‌ك كه‌ باوكته‌
له‌ته‌نیشت مه‌ستبوونی گۆزه‌یه‌ك به‌گریان
كه‌ دایكته‌
هه‌رچی حیكایه‌ت هه‌یه‌ بیخوێنه‌وه‌
له‌ته‌نیشت هه‌موو په‌نده‌كانی خۆڵ
له‌ته‌نیشت هه‌موو دروست كراوه‌كانی قوڕ
له‌سه‌ر به‌ردێك چی نوسراوه‌ بیخوێنه‌وه‌
چی نوسراوه‌ له‌سه‌ر شه‌ونمی چیاكان
ئاوی كانییه‌كان بیخوێنه‌وه‌ ..
نوسیویانه‌
مرۆڤ كه‌ عه‌شقی تێدا بوو دڵی سووره‌
كه‌ میهره‌بانی تێدا بوو دڵی سپیه‌
كه‌وه‌فای تێدا بوو وه‌ك ئاسمانه‌
كه‌ ئومێدی تێدابوو دڵی سه‌وزه‌
به‌ڵام كه‌رقی تێكه‌وت ره‌ش ده‌چێت
دڵت ره‌شه‌
ره‌ش ،ره‌ش
وه‌ك به‌ردی ناو كانیه‌كان.








ئاوێنه‌ی گه‌ردوون

ئه‌وه‌ ئاوێنه‌ی گه‌روون نی یه‌
تاكاته‌كان
به‌خێرایی بچنه‌وه‌ ژێر
پله‌ی سفرو
بێ‌ ئاگای جڵه‌وی مرۆڤ
بگرێته‌ده‌ست
ئه‌وه‌ ئه‌ندێشه‌ی یه‌كه‌مینه‌
له‌ بیرو تۆدایه‌
مێژووی سووری ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ بێ‌ نازه‌
بێ ئاگا نیه‌ له‌من و تۆ
تۆ سه‌یركه‌ هه‌موو ڕۆژان
شه‌ره‌فخان
به‌نیگایه‌كه‌وه‌ ئه‌ی روانی و
به‌سه‌دایه‌كی به‌رزیش ئه‌ووت
هۆگه‌لی برا ی ده‌پێم بڵێن
كوائه‌وكورده‌یی
نووكی شمشێری (سه‌عدئاسا)
خوێنی سووری جه‌سته‌ی كوردانی
لێ ده‌تكا !
ده‌پێم بڵێن
بریاره‌كه‌ی شێخی نه‌مرو شمشێره‌كه‌ی
سه‌لاحه‌دین له‌مه‌زاتخانه‌كانی مافی مرۆڤ
بۆ مه‌زات كرا
كپ‌و بێده‌نگ هه‌ڵوێست نه‌بوو
ئه‌وساته‌ی وا به‌عسی فاشست
هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد به‌خه‌زان‌و
قه‌ڵادزێی قه‌ڵای شێرانی كرده‌
مه‌مه‌له‌كه‌تی ئافات
حیله‌ی ئه‌سپی سپی
له‌ نێو جه‌نگڵستانی ره‌شدا
هه‌ڵی كردوو ،وه‌ك گه‌رده‌لوول
تاریكایی‌و شه‌وه‌زه‌نگی
راماڵ كردوو وه‌پێش خۆیدا
ووڵاتی كرد به‌چراخان
من ئه‌وكاته‌ له‌ژێر نوای خامه‌كه‌مدا
پشووم ده‌دا
بۆیه‌ دواسات بریارمدا
ئه‌م نه‌سیمه‌ ره‌نگاڵه‌یه‌،
بۆ كه‌شكۆڵی پۆله‌ شعرێ
بنه‌خشێنم له‌دیده‌مدا!!












ته‌مه‌نێك ناسكتر له‌چرۆ

له‌ده‌روازه‌ی ئاوابوون‌و
ترافیته‌ی مه‌مله‌كه‌تی ئافات
ته‌مه‌نێك ناسكتر له‌چرۆ
به‌مه‌لوولی راوه‌ستا بوو
ده‌سته‌كانی خستۆته‌ سه‌ر
هه‌ردووشانی دره‌ختی خه‌م
دیده‌كانی مۆڵه‌ق بوون
سه‌راسیمه‌ی ئه‌م زه‌مه‌نه‌
رێچكه‌ی ئه‌سرین به‌تاشه‌به‌رده‌كانی
روومه‌تیا ئه‌هاته‌ خوار
تا ئاوێزان به‌خه‌م ده‌بوو
دوای چه‌ند ساتێ
به‌ناچاری
رێگه‌ی سه‌ختی ترس‌و له‌رزوسه‌رماو سۆڵه‌ی
له‌پێناوی ئه‌م خاكه‌دا
به‌شه‌و ئه‌بڕی
وه‌ك مرۆڤی نێنده‌رتاڵش
په‌نای ده‌برده‌ به‌ر ئه‌شكه‌وت‌و
بن به‌ردو دار
ده‌هات ده‌چوو ماڵ به‌ماڵیش هه‌رده‌گه‌ڕا
تاكوو خه‌م‌و پیشه‌ی ژیان‌و
به‌ری دره‌ختی خه‌میخاكیش
بێته‌ پریاسكه‌و نانی













جامێ‌ مه‌یی

1
ڕێگای چاوت
كانی چاوم ئه‌شڵه‌قێنێ‌
جامێ‌ مه‌یم
بۆپڕئه‌كا له‌ ئه‌سرین و
یا هه‌مووم پێ‌ ئه‌نۆشێ‌
یا له‌ناوبا ئه‌مهه‌ژێنێ‌
2
له‌ سه‌فه‌ری ئه‌م جاره‌مدا
بڕیار ئه‌ده‌م
پڕڕاو پڕپریاسكه‌كه‌م
مووروی جوان و
ملوانكه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ببینم
تا به‌بیانووی ئه‌وانه‌وه‌
بۆساتێك بێ‌
باڵنده‌ی حه‌زه‌ شێته‌كه‌م
له‌ سینه‌تا بخه‌وێنم

غه‌زای كوشتنی تاریكی

وه‌رن بۆ غه‌زای كوشتنی تاریكی...
وه‌رن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ورده‌ ته‌رمی یه‌ڵدا،
ئێمه‌ له‌وێوه‌ هاتوینه‌وه‌،
له‌و شوێنه‌ی له‌ناو كتێب و فه‌رموده‌كانی "نور"دا،
روناكی حه‌ڵاڵ و
تاریكی حه‌رامه‌.....
له‌و شوێنه‌ی له‌ناو بیره‌وه‌ری مانگدا،
شه‌ڕی تار، شه‌ڕێكی ئه‌زه‌لییه‌...
وه‌رن بۆ غه‌زای كوشتنی تاریكی..
ئه‌وه‌ی بێت ...
حه‌فتاو چوار ئه‌ستێره‌ی كه‌نیزه‌ك و
سه‌دان چرای باڵا ژن ،
حه‌فتاو چوار مانگی كه‌له‌پچه‌و
سه‌دان مۆمه‌ كچی به‌رز به‌ژن ،
به‌دیاری بۆ خۆتان ده‌به‌نه‌وه‌.....
وه‌رن بۆ غه‌زای كوشتنی تاریكی،
ئه‌گه‌ر بێن له‌گه‌ڵ كوشتنی هه‌ر بستێك له‌ تاریكی
فرسه‌خێك له‌ جه‌هل ده‌مرێت،
وه‌رن با تاریكی بكوژین،
وه‌رن با شه‌و له‌ كات و
كات له‌ تاریكی و
یه‌ڵدا له‌ پایز و
پایزییش له‌ مێژوو ببڕینه‌وه‌،
وه‌رن با شه‌و به‌و هه‌موو ئه‌فسانه‌ درۆزنه‌و
به‌و هه‌موو حیكایه‌ته‌ چه‌په‌ڵه‌وه‌ سه‌ره‌نگون بكه‌ین....
وه‌رن با غه‌زای كوشتنی تاریكی جاڕبده‌ین
چونكه‌ به‌هه‌شتی روناكی بۆ ئێمه‌یه‌





ئه‌و ده‌یه‌وێت وه‌ك خودا بێت

ئه‌و ده‌یه‌وێت وه‌ك خودا بێت...
له‌ناو كێڵگه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤه‌ كڵۆڵه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌
رۆح بكێشێت، توڕه‌ ببێ،
ئازارمان دات ،برسیمان كات،
خه‌و خۆراكمان تێك بدات
هه‌ركات ویستی‌و ئاره‌زووی بوو بمانكوژێت......
ئه‌و ده‌یه‌وێت وه‌كو خودا بێت،
ئاسمان شه‌ق بكات،خوێنی شه‌هیدان بمژێت
كچی جوانی ئه‌م زه‌مینه‌ بۆخۆی ده‌سته‌مۆ كات
،ئه‌وه‌ی پێی خوار دانا ،
له‌فرمانه‌ی ده‌رچوو ده‌ریبكات .
ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ وه‌ك خودا بێت
گه‌رده‌لولی رقی خۆی،ئازاری جه‌سته‌ی تێكشكاوی
به‌سه‌ر خه‌ڵكا تاقیبكاته‌وه‌
ئه‌وه‌ی لادات سه‌ری بقرتێ‌،
چاوی كوێر بێت
بیكات به‌ په‌ند...
ئه‌و ده‌یه‌وێت وه‌كو خوا بێت،
دۆزه‌خێك له‌ دڵی خۆیدا دروست بكاو
به‌هه‌شتیش له‌ ڤێلاكه‌ی
له‌دۆزه‌خی دڵی خۆیدا،
سزای نان‌و
سزای ژیان‌و
سزای توڕه‌بوونمان بدات،
له‌به‌هه‌شتی ڤێلاكه‌شی
حۆریه‌هه‌رزه‌كاره‌كان به‌سه‌ر پێوه‌نده‌كانیدا ببه‌خشێته‌وه‌......
ئه‌و ده‌یه‌وێت وه‌كو خوا بێت،
له‌نوكی قه‌ڵه‌مه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌جه‌ل‌و
له‌سیله‌ی چاویه‌وه‌ دۆزه‌خ و
له‌توڕه‌بوونییه‌وه‌ سووتان به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ببه‌شێته‌وه‌...
تۆ خودا نیت، به‌ڵكه‌ مرۆڤێكی و هیچی تر
خودا، میهره‌بانی هه‌یه‌و تۆش رق
خودا، عه‌شقی هه‌یه‌و تۆش توڕه‌بوون
خودا، خێری ده‌وێ و تۆش شه‌ڕ
تۆ خودا نیت.. به‌ڵكه‌ شوێن كه‌وته‌ی شه‌یتانی
خودایه‌كی شاردراوه‌ نیت كه‌س نه‌تبینێت،






شه‌وێكی بێ‌ تۆیی

ئه‌مشه‌و بێ‌ تۆم
له‌ته‌نیایی ته‌نیا ترم
ده‌نگێك نیه‌ گوێ له‌رازه‌كانم بگرێ
سه‌رده‌مانێك به‌ده‌م شنه‌ی ئازاره‌وه‌
تۆ گۆرانیت بۆده‌ووتم
ئه‌مشه‌و ته‌نهاو بێ هاورێم
ده‌سته‌ له‌ملانی شه‌پۆله‌ زیوینه‌كانم
مانگیش به‌ته‌وقی سه‌رمه‌وه‌
چاوشاركێ له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌
دووره‌كان ده‌كات
ئه‌مشه‌و بێ تۆم
مردنه‌ ئه‌م بێ تۆییه‌
نیوه‌شه‌وه‌و كه‌س به‌نهێنی دڵی به‌ژانم نازانێ
هه‌ربه‌ته‌نها كاتژمێره‌كه‌ی سه‌رره‌فه‌ی دڵم نه‌بێ
ئه‌ویش واخه‌ریكه‌ ده‌نوێ‌و بێزار ده‌بێ
یاده‌كانت ته‌زوویه‌كن
له‌خه‌یاڵما دێن‌و ده‌چن
گرێی هه‌گبه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌
ئه‌و هه‌گبه‌یه‌ی بیره‌وه‌ری‌و یادگاری
تۆم تیا هه‌ڵگرتوون
ووشه‌ی په‌مه‌یی رووحت‌و
خونچه‌ی كراوه‌ی ده‌مت‌و ئاوێنه‌ی
روونی رووخسارو دووتاڵ له‌قژی تۆێ تیایه‌
ووشه‌كانم نایه‌ سه‌ر ئاسمانی سه‌رم
خونچه‌ كه‌وا به‌ده‌ممه‌وه‌
ئاوێنه‌كه‌ به‌ رووحمه‌وه‌ تاڵه‌ قژه‌كانیشم
سێبه‌ری برژانگه‌كانمی شاره‌ده‌وه‌
ده‌رگای به‌هه‌شتی خه‌یاڵه‌ به‌رینه‌كه‌ت
ده‌كه‌مه‌وه‌ ،هه‌نگاوه‌كانت
كاروانی به‌هارێكی وه‌نه‌وشه‌ییه‌و
به‌كۆچی شه‌وه‌ سامناكه‌كان ده‌ره‌وێته‌وه‌
چاوه‌كانت ده‌بینم
له‌به‌رده‌م ده‌واری شڕی هه‌موو ماڵه‌
هه‌ژارێكدا سه‌رخه‌و ده‌شكێنن
ووشه‌كانت
ده‌نگێكن له‌به‌رده‌م ئه‌و گوڵانه‌ی
هه‌وری خامۆش‌و لوره‌ی ره‌شه‌با
ده‌یانوویست به‌ناكامی هه‌ڵیان وه‌رێنن
ده‌تبینم هێدی هێدی سه‌رده‌ردێنێ
باڵی سپیم نیشان ده‌ده‌ی
هه‌گبه‌كه‌م گرێی ده‌كه‌مه‌وه‌
كۆمه‌ڵێ خه‌می كه‌ی تیایه‌
نه‌تۆ بیان بیسته‌و
نه‌من باسیان ده‌كه‌م .



بیابانی گریان

ئه‌مشه‌و تۆ بوركانێكی
كانیه‌كانی پێكه‌نین ئه‌ته‌قێنی
منیش گه‌واڵه‌ هه‌ورێكی به‌هار
بۆ ژوانی زه‌ویه‌كی ووشك هه‌ڵاتوو
ده‌كشێمه‌ خوار
ئه‌مشه‌و تۆ بۆ نیگای ئافره‌تێ
گه‌ڵای خه‌نده‌ت ئاگر ئه‌گرێ
هه‌موو شتێ به‌روونی له‌چاونیدا
ده‌بینرێ،جگه‌ له‌واتایه‌ك نه‌بێ
كه‌ پێی بووترێ خۆشه‌ویستی
ئه‌و كۆرپه‌ی په‌روه‌رده‌كراوی
ووڵاتێكه‌ ئاونگی عه‌شق
له‌گوڵ‌و گیای نه‌پژاوه‌
تۆش له‌ده‌ریای حه‌زه‌ سه‌ر شێته‌كاندا
نقم بوویت‌و
بێ ئه‌وه‌ی بزانی بۆ خۆشت ده‌وێ
ده‌یپه‌رستی
منیش به‌دیار گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی تۆوه‌
بووم به‌بیابانی گریان
خۆشه‌ویستیم ده‌ریایه‌ك بوو
به‌تۆم به‌خشی
واله‌ژێر ته‌لیسمی حه‌زه‌كانتا
په‌نجه‌كانت یاری پێده‌كه‌ن
رۆژانێك بوو من ئاسمان بووم‌و تۆش زه‌وی
گوڵ بارانی رووتم ده‌كرد
شه‌وانێك بوو
ده‌مم كانیاوێكی سازگار بوو
لێێوه‌كانت كاروانچیه‌كی تینوو
تۆ هه‌موو شه‌وێ
له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ی كاروان كوژه‌
له‌ئاوی ئه‌و كانیاوه‌ت ده‌خوارده‌وه‌و
له‌ژێر دره‌ختی قژه‌كه‌مدا پشووت ده‌دا
به‌ڵام ئه‌مشه‌و ژیان شووشه‌یه‌ك شه‌رابه‌و
له‌سه‌ر مێزی سنگی مندا
سه‌رخۆشێك یاری پێ ده‌كا..!
وه‌ره‌ گوێ له‌ره‌نگم بگره‌
من به‌ره‌نگم له‌گه‌ڵتا ده‌دوێم
لاپه‌ڕه‌ی عه‌شق هه‌ڵده‌ره‌وه‌
ته‌نیا به‌عه‌شق ئاشنایه‌ گوێم
تۆ ده‌ته‌وێ له‌دوانیگای ماڵئاوایتا
به‌چركه‌یه‌ك به‌خته‌وه‌رم كه‌یت‌و
خه‌وه‌كانم له‌تاریكایی ئه‌و شه‌وه‌دا
زینده‌به‌چاڵ كه‌یت..
نابڕۆ..نا
هه‌رگیز من خه‌ون به‌ مرۆڤێكه‌وه‌ نابینم
له‌یه‌ك ساتدا
چه‌ندكه‌سێكی به‌یه‌ك پێوانه‌ خۆشبوێ‌…!
تۆ ڕۆیشتی
كتێبه‌كه‌ت وپێنووسه‌كه‌ت و
گوڵدانه‌كه‌ی به‌رده‌م ژووره‌كه‌ت
هه‌ر هه‌موویان
بۆنی غه‌ریبی تۆده‌كه‌ن
به‌س من نه‌بێ‌
چونكه‌ به‌ر له‌ ڕۆیشتنت
قومێ‌ له‌ ئاونگی خۆشه‌ویستی و
شنه‌یه‌ك له‌ هه‌ناسه‌ت جێ‌ نه‌هێشت بۆم
ئێستا من حه‌زده‌كه‌م
ئیزرائیل شه‌و میوانم بێ‌ و
ده‌ست بنێته‌ بینه‌ قاقام
هه‌ناسه‌م
كێش كات بۆئاسمان
بۆئه‌وه‌ی پێت بڵێم
له‌ دڵه‌وه‌
پێم ده‌وتیت (هه‌ناسه‌م)تۆیت
له‌ تۆ دوربم بێ‌ هه‌ناسه‌م !









ئه‌مشه‌و

شه‌وێكی ئه‌نگوسته‌ چاوه‌و
خه‌و له‌ چاوانم تۆراوه‌
هه‌مووشتێ‌ له‌م زه‌مه‌نه‌ نه‌گریسه‌دا
جیاوازه‌
ڕووباره‌كان ده‌نگیان نایه‌
باڵنده‌كان مات وغه‌مگینن
گۆرانی ناڵێن بۆ ژیان
شاره‌كه‌م شارێكی وێرانه‌
ده‌بێ‌ چی بێ‌؟
گوێم له‌ ئاهووناڵه‌یه‌كه‌
له‌كه‌لاوه‌كانی ئه‌وبه‌ره‌وه‌
هاواری ژنه‌شه‌هیدێكه‌
له‌ پێناوی برسێتی منداڵه‌كانی
بۆ له‌تێ‌ نان
شوشه‌ی شه‌رم وئابڕووی
چه‌ند ساڵه‌ی خۆی شكان





ئه‌گه‌ر

ئه‌گه‌ر كه‌و
هێنده‌شه‌یدا و وێڵی چیا نه‌بوایه‌
له‌ كڕێوه‌و به‌فری زستانا
ده‌بووچیای جێهێشتایه‌
ئه‌گه‌ر مێشه‌نگ
هێنده‌ ئاشقی مژینی
ده‌م ولێوی گوڵ نه‌بوایه‌
ده‌بوو ڕۆژێ‌ لێ‌ یتێر ببێ‌ و
ته‌نها ساتێ‌ لێ‌ ی زیزبوایه‌
ئه‌گه‌ر برسی
ئه‌گه‌ر برسی تامه‌زرۆی له‌تێ‌ نان نه‌بوایه‌
ئه‌ی كێ‌ خه‌ونی
به‌نانه‌وه‌ بدیبایه‌
ئه‌ی ئه‌گه‌ر من
هێنده‌ تۆم خۆش نه‌ویستایه‌
تۆ بڵێ‌ ی له‌م شاری نامۆیه‌ چۆن بژیمایه‌





لێت دوور نابم

ده‌ڵێی بڕۆ
بۆكوێ‌ بڕۆم
كه‌تۆ ئه‌ستێره‌ی ئاسمانم بی و
منیش چراخانی ڕێگات
كه‌تۆدیده‌ی چاوانم بی و
منیش گلێنه‌ی نیگات
ئه‌گه‌ر بشڕۆم
تۆ له‌گه‌ڵمای هه‌روه‌كو بوون
له‌هه‌ناومای
له‌شه‌وی په‌ژاره‌ و ته‌ما
ده‌نگت زه‌نگوڵی كاروانه‌ و
دێته‌ به‌رگوێم
ئه‌و ڕۆژانه‌ی خۆر هه‌نگاوه‌كانم شل ئه‌كا
هه‌ناسه‌كه‌ت شنه‌بایه‌و
به‌سه‌ر لاشه‌ی شه‌ته‌ك بووما
گوزه‌ر ئه‌كا
چاوم لێ‌ یه‌ ده‌بێته‌ كۆترێكی سپی
هه‌ڵم ده‌گرێ‌
بۆ ئاسمانی ته‌نیا پڕ له‌ جوانی و خۆشه‌ویستی



سه‌فه‌ری عه‌شق

له‌نێوانی من و تۆدا
له‌ نێوانی ئازاری سه‌رده‌م و
جیهانێكی پڕ دۆزه‌خی نامرۆدا
ئه‌وه‌ منم
به‌ره‌و ئاینده‌ی بێ‌ وچان
ئه‌نێم هه‌نگاوم بۆ ژیان
ڕۆح و په‌راوێز بۆ ئێوه‌
من هاوشانی شه‌پۆله‌كان
ئه‌ژیم ئه‌مرم
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌تانه‌وێ‌
مێژووی ژه‌نگاوی پڕ له‌ خه‌و
خۆری گه‌شمان
لێ‌ بكاته‌ ده‌یجوری شه‌و
منی هه‌نگاو
له‌گه‌ڵ دنیای پڕله‌ ته‌ما
هه‌ڵ ئه‌كه‌م و
هه‌رچی برسی و ئاواره‌یه‌
له‌ ناو خامه‌ی په‌نجه‌كانما
ماڵێ‌ بۆ خۆیان جێ‌ ئه‌كه‌ن
گرمه‌ی هه‌ورێ‌ نامترسێنێ‌
من ئه‌ڕۆم له‌گه‌ڵ عه‌شقا
ئه‌ژیم بۆ تۆ
ئه‌ی دنیای پڕله‌عیشوه‌ و جوانی
ئه‌ی سروشتی پڕ له‌ شه‌وبۆ
ئه‌گه‌ر بێت و
وه‌كو هه‌ربێ نازێكی ئه‌م خاكه‌
سه‌رمای زستان
ده‌ست و په‌نجه‌م له‌ گۆ نه‌كا و
هه‌موو گیانم نه‌ته‌زێنێ‌
یاڕه‌شه‌بای گه‌رمی هاوین
هه‌موو گیانم نه‌سوتێنێ‌
ئه‌ی باشه‌ چۆن
شادی به‌هار ڕێگه‌ ده‌دا
ماچی چاوی نێرگز بكه‌م
ئه‌ی شنه‌با چۆن شاباش و
مژده‌ی نه‌ورۆزم بۆ دێنێ‌












ره‌نگه‌كانی په‌لكه‌زێرینه‌

پایز له‌ خه‌می وه‌رینی گه‌ڵاكان
له‌ حه‌سره‌ت كاڵبوونه‌وه‌ی ره‌نگی دره‌خت‌و
له‌ مه‌راقی تینوویه‌تی كانیه‌كان، ره‌نگه‌ بمرێ
ئه‌گه‌ر مرد به‌ پێی وه‌سێته‌كانی هه‌تاوو
ده‌خرێته‌ نێو تابووتی به‌فره‌وه‌
تۆش گه‌ڵای په‌رتووكه‌كانت ده‌وه‌رن‌و
حیكایه‌تی مناڵیت كاڵ ده‌بنه‌وه‌
تۆش هه‌ناسه‌كانت تێكه‌ڵ به‌وورده‌ ئاخی
نێو دووكه‌ڵی جگه‌ره‌ی عاشقێك ده‌بێ
كانیاوی چاوت ووشك ئه‌كاو
ره‌نگه‌ وون بی وه‌ك خه‌ونه‌كه‌م دووربێ بمرێ
به‌ڵام تابووتی جه‌سته‌ی تۆ دڵی منه‌
ئه‌ی كه‌شتیه‌وانه‌كه‌ی نێو زه‌ریای رۆحی من
ئه‌وه‌ی من پێت ده‌ڵێم
ئه‌فسانه‌ی نێو كتێبی پێغه‌مبه‌ران‌و
چیرۆكی به‌رئاگردانی شه‌وان نیه‌
هه‌موو كتێبه‌كانی دڵی من، پێم ده‌ڵێن
تۆ به‌شێكی له‌ خوداو به‌شێكی له‌ژن‌و عشق‌و
وه‌فای تێدا كۆبۆته‌وه‌
تۆ به‌شێكی له‌پیرۆزی،كه‌نازو جوانی‌و
پاكیزه‌یی له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌
تۆ به‌شێكی ده‌ستێكت پڕه‌ له‌شه‌رابی به‌هه‌شت‌و
ده‌ستێكت ئاوێزانه‌ به‌میهری دره‌خته‌كان
بیرته‌ كه‌ هاتی ،ئه‌وه‌نده‌ رووناكیت
له‌سه‌ر روومه‌تی خۆتدا نابوو
هه‌رچی په‌یكه‌ری تاریكیه‌ تێك شكا
ئه‌وه‌نده‌ مرواری ئه‌ڤینیت
به‌گه‌ردونه‌وه‌ هه‌ڵواسی بوو
هه‌رچی ملوانكه‌ی رقه‌ یه‌خه‌ی خۆی داده‌ڕی
له‌وه‌ ناچێ مردن بتوانێ، ته‌شی عومرت
وه‌ك ته‌شی شیرێن بیڕێسێ‌و
له‌كۆێدا وویستی بیپسێنێ
به‌وخه‌ونه‌ هه‌ڵه‌یه‌م بڕوا مه‌كه‌ تۆ نامری
له‌ ئه‌فسانه‌ی (گلگامێشدا)نوسراوه‌
مرۆڤ به‌دوای به‌خته‌وه‌ری نه‌مریدا گه‌ڕاوه‌
شاربه‌شارو ،بیابان به‌بیابان
نه‌یتوانیووه‌ له‌نه‌فره‌تی مه‌رگ خۆی قووتاركا
پاشاو خواكانی سه‌رزه‌ویش
له‌پێناوی نه‌مریدا ئاماده‌بوون
هه‌موو شتێك ببه‌خشن جگه‌ له‌ژیان
به‌ڵام تۆ نه‌به‌دوای دره‌ختدا گه‌ڕای
نه‌گژوگیای بیابانه‌كانت راوكرد
نه‌له‌كه‌س پاڕایته‌وه‌
نه‌له‌ناخمدا هه‌رده‌م به‌نه‌مری ده‌مێنیته‌وه‌
نازانم له‌ كوێوه‌ باشی موعجیزه‌و
حكایه‌ته‌كانی په‌رستنت بكه‌م
له‌كوێوه‌ تاكوێ
بیرم ناچێ، له‌ نێو كتێبه‌ پیرۆزه‌كان
چۆن بوویته‌ ئه‌فسانه‌ی یاده‌وه‌ریم
تۆ ده‌توانی مانگ بكه‌یت به‌ دووكه‌رته‌وه‌و
نه‌مری به‌به‌فر ببه‌خشی
هه‌تاو بۆ ئه‌به‌د
له‌نێو له‌پی ده‌ستی خۆتدا هه‌ڵبگری
ئه‌و مانگه‌ سێوی دڵی من‌و
ئه‌و به‌فره‌ حكایه‌ته‌ ته‌زیووه‌كانی زمانی عه‌شق‌و
هه‌تاویش تیشكی چاوه‌كانی تۆیه‌
به‌م وه‌رزه‌ ته‌زیووه‌
چیرۆكی گه‌رم‌و رسته‌ی میهرت ووشه‌ سۆزداره‌كانت
بپژێنه‌ شه‌قامه‌كانی بیستنمه‌وه‌
وه‌رزێك له‌سه‌ر لێوی زه‌ردی نێرگزێك
هاته‌ ووڵاتی بوونمه‌وه‌و
له‌گه‌ڵ ره‌نگه‌كانی په‌لكه‌زێڕینه‌ باوه‌شت كرد
به‌گوڵه‌كانی باخچه‌كه‌مدا
له‌گه‌ڵ باران باریت‌و نم نم
چوویته‌ نێو درزه‌كانی دڵی من
ده‌سته‌كانت به‌په‌لكه‌ زێڕینه‌وه‌ گرت
ئه‌تویست پێش ئاوا بوون ئه‌م ئێواره‌ش بتبینم
له‌وه‌رزی هه‌ڵقرچانا
له‌ نێو رۆژه‌ جه‌هه‌نمیه‌كانی هاویندا
تۆ ده‌ستی شه‌ماڵت گرت‌و
به‌شه‌قامه‌كانی جه‌سته‌مدا په‌ڕیته‌وه‌
هاتیته‌ نێو دڵی سووتاووم
هاوه‌ڵی ئه‌و فریشتانه‌ بووی
كه‌ به‌پریاسكه‌یه‌ك شه‌رابی سارده‌وه‌
به‌مه‌ستی‌و به‌ده‌م سترانی عه‌شقه‌وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌
ئه‌م وه‌رزه‌ عاشقانه‌ نه‌تهێشت
تاڵاوی فیراقم بنۆشم ئه‌مه‌ دوا وه‌رزه‌و
گه‌ڵاكان وورده‌، وورده‌ ده‌وه‌رن
حیكایه‌تی وه‌رزێك‌و
سترانی مه‌وسمێكی تریان ئه‌نوسنه‌وه‌
پایز هات‌و، تۆله‌سه‌ر به‌رماڵی گه‌ڵایه‌ك
له‌باران ده‌پاڕایته‌وه‌
له‌به‌رده‌م هێلانه‌ی چۆله‌كه‌یه‌كی بابردوو
دوعات ده‌كرد خودایه‌ له‌ چاوتروكانێكدا
دنیا به‌قه‌د سێوێك بچووك بكاته‌وه‌
تا به‌زووی وه‌رزه‌كان تێپه‌ڕن‌و
دونیا ببێ به‌سێوی ده‌ستی عاشقێك‌و
عومری خه‌مه‌كان كه‌م بێته‌وه‌
عومری سه‌فه‌ری دووری كه‌م بێته‌وه‌
ده‌اخه‌كه‌م
چاوترووكانێك ته‌مه‌نی سه‌فه‌ری تۆ بوو
من نه‌موویست چركه‌یه‌ك له‌ بینینم وون بێ‌و
له‌سه‌ده‌یه‌ك بارته‌قای چاووترووكانێك
خۆت له‌ته‌ماشام بشاریه‌وه‌
هه‌رگیز ناتوانێ لێم وون بی
له‌نێو هه‌ناسه‌ی ئاودا ده‌نگت ده‌بیستم
ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ هاواری خۆزگه‌یه‌ك بێ‌و
قیژه‌ی نزایه‌ك له‌ خودا بپاڕێته‌وه‌
زه‌ڕه‌یه‌ك پاكیزه‌یی تۆی ده‌ست بكه‌وێت .















بمبه‌خشه‌ ئایلا

من هاتووم زیاره‌تی ده‌سته‌كانت بكه‌م
ئه‌و وه‌خته‌ی تك تك پیرۆزییان لێ ده‌تكێ
هاتووم گۆرانی له‌مس بوون
ئه‌و ساته‌ی
حه‌رام به‌شمشێرێكه‌وه‌
بۆ كوشتنی گوناه دانیشتوه‌و
منیش به‌و هه‌موو به‌رائه‌ته‌وه‌
سه‌رابی خولیایه‌ك فریوم ئه‌دات
بمبه‌خشه‌ ئایلا..
من ده‌مویست هه‌موو عه‌تری چاوه‌ڕوانیم
ببه‌خشمه‌ ئه‌و تووله‌ رێیه‌ی
به‌یانیان سێبه‌ری لێ جێ دێڵی‌و
ئێواران مه‌ كۆی ده‌كه‌مه‌وه‌
بۆ ده‌ته‌وێ
له‌كۆژنی ئه‌و هه‌موو به‌فره‌ ره‌شه‌ی
كه‌هه‌ناسه‌ سووتاوه‌كانی ئه‌و ره‌شیان كردبوو
من له‌ خۆڵه‌مێشه‌كه‌یدا بزربم
بمبوره‌ ئایلا..
گه‌ر ئه‌مجاره‌ گه‌شتێ به‌نێو ئاوێنه‌ی
ناخما بكه‌یت
ئه‌وسا دووبه‌ردت له‌كه‌ڵه‌كی ژوانه‌كه‌ی
دوێنێ بۆ ده‌ردێنم
ده‌یان وشه‌ش له‌ بنمچیه‌كانی زمان
تا پێت بڵێم
لای من به‌چی ده‌ڵێن عه‌شق‌و
ئاخۆ لای تۆ شوناسی عه‌شق چیه‌ ؟
تابزانی من توانیوومه‌ گۆرانیه‌كی سپی
له‌نێو ره‌شایترین ره‌شی چاوو قژتا
بۆ ئۆقره‌ی دڵم هه‌ڵێنجم
ئاواش بزانه‌
چۆڕاوی هه‌موو نزاكانی دایكم‌و
ده‌نگی هه‌موو نوێژه‌كانی باوكم
له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌ی ته‌مه‌نی تۆدا
بۆ رووناكی به‌هه‌شتی تۆم كۆكردونه‌ته‌وه‌
بمناسه‌ ئایلا..
وامه‌زانه‌ منی ژن
كۆیله‌ی كه‌لتوری خێڵم‌و
جگه‌ له‌ ساویلكه‌یی چیدی شك نابه‌م
با منیش وا تێنه‌گه‌م
تۆی پیاو تۆپه‌ڵێ غروری‌و
چیترنا !



***ئایلا واتا خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی ..










باخچه‌ی عه‌شق

له‌باخچه‌كانی عشقما
سێ گوڵت پێشكه‌ش ده‌كه‌م
یه‌كه‌میان بۆ ده‌ستت، سه‌مای پێ بكه‌ی
دووه‌میان بۆ لێوت، گۆرانی پێ بڵێی
سێیه‌میان بۆ چاووت، فرمێسكه‌كانی پێ بسڕی
تا بزانی باخه‌كه‌ی من
ده‌ستێكی تیا نیه‌ ،بۆ خوێن رشتن
لێوێكی تیا نیه‌ بۆ توڕه‌بوون
چاوێكی تیا نیه‌ بۆ گریان
**
له‌ماڵی دڵه‌وه‌
به‌به‌چنه‌یه‌ك ماچه‌وه‌
ده‌بمه‌ میوانی دڵه‌كه‌ت
تا خونچه‌ی حه‌زه‌كه‌نم
له‌كه‌ناری موولووله‌ خوێنه‌كانی دڵتدا بنێژم
من چیم ده‌وێ له‌مه‌ زیاتر
پێناسه‌یه‌ك بۆ خۆشه‌ویستیت
بدۆزمه‌وه‌
***
هه‌موو په‌یڤه‌ جوانه‌كان
هه‌موو زمانه‌ عاشقه‌كان‌و
خواوه‌ندی خۆشه‌ویستیت
پێ ده‌ناسێنم
له‌نێو سه‌مای نێرگزه‌كاندا
له‌گه‌ڵ ئاوازه‌ پڕ جۆشه‌كاندا
ئه‌بینه‌ دوو په‌پوله‌و
وانه‌ی عه‌شق فێری گوڵه‌كان ده‌كه‌ین











نا پڕ بوونی نیشتیمان له‌ته‌رم

نا بۆ پڕ بوونی نیشتیمان له‌ته‌رم
ئه‌و وه‌خته‌ی نیشتیمان
له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كانی شه‌ڕدا
ده‌بێته‌ گۆرانیه‌كی وه‌ڕس بۆ مردن
ده‌ستێكی پڕاوپڕ ده‌بێ له‌ خوێن‌و
ئه‌وه‌ی تر سیخناخ له‌ته‌رم
ئه‌و كاته‌ی شه‌ڕ ده‌رگا به‌نیشتیمان ده‌گرێ،
چاوێكی مه‌رگێكی هیواشی تێده‌زێ‌و
چاوه‌كه‌ی تر ده‌بێته‌ گۆڕستانێكی سه‌وز
ئه‌و ده‌مه‌ش شه‌ڕ به‌تونێله‌كه‌دا،
هه‌ناسه‌كانی ره‌وان ده‌كا
نیشتیمان پێ یه‌كی ده‌بێت وێرانی‌و
پێ یه‌كه‌ی تری كفنی مێژوو،
سه‌روه‌رییه‌كانی تۆمار ده‌كا
نا بۆ شه‌ڕ..
نا بۆ پڕ بوونی نیشتیمان له‌ته‌رم
نا بۆ هه‌ڵوه‌رینی په‌نجه‌كان‌و
مه‌رگی هێواشی رۆڵه‌كان
كه‌ شه‌ڕ به‌ بۆراقی مه‌ئساتدا دێنه‌ ئێره‌
نا بۆ سوینی شیرو تیره‌ توڕه‌كان له‌یه‌كترو
تێكچوونی كۆشكه‌ جوانه‌كانی مێژوومان
به‌ده‌ست هه‌ناسه‌ توڕه‌كانی شه‌ڕه‌وه‌ ؟
ئه‌وانه‌ خه‌جاڵه‌ت نیشتیمان
سوینی ده‌می خه‌نجه‌ری ده‌سته‌كانمان
بۆ دوژمن بوو
نه‌ك بۆ شه‌قاركردنی جه‌سته‌ت
پاسه‌وانی بازگه‌كانی سه‌ر سنورت
له‌ترسی سه‌ربازه‌ دۆرٍاوه‌كانی دوژمن بوو
نه‌ك بۆ بۆسه‌ی برایه‌كی هاوزه‌مان
ئه‌وان خه‌جاڵه‌ت نیشتیمان
ئه‌و هه‌موو خوێنه‌مان بۆ كات
به‌ڕێكردن سه‌رف كرد
ئه‌و هه‌موو ته‌رمه‌یان به‌خشیه‌
مه‌رگی هێواشی شه‌ڕ
ئه‌وان خه‌جاڵه‌ت نیشتیمان .






كاممان تاوانبارین

1
له‌به‌رده‌م دادگایه‌كی بێ دادوه‌ردا
وه‌ستاوین،كاممان تاوانبارین له‌ئاستی
ئه‌وی ترماندا
تۆ كه‌كاروانچیه‌ك بوویت‌و تووله‌
رێگه‌كانت نه‌ناسی
ئه‌و رێگایانه‌ی ده‌یانگه‌یاندیه‌
مه‌ڵبه‌ندی دڵ
من كه‌ بێریه‌ك بووم‌و نه‌متوانی
گه‌رووی ووشكت به‌ قومێ شیر
ته‌ڕبكه‌م
خه‌تای تۆ بوو فێری زمانی رووبار نه‌بووی
تا له‌ شه‌پۆله‌كان بتپه‌ڕێنێته‌وه‌و
بتگه‌یه‌نێته‌ لای من
خه‌تای من بوو له‌سه‌ر خواردنی گوڵه‌ گه‌نمه‌كان
چۆله‌كه‌كانم له‌خۆم زویركرد
2
من چیبكه‌م نه‌تتوانی له‌ گێژه‌نی
كه‌نارێكدا رابگری
ده‌تزانی خه‌وتن له‌ نێوه‌ڕۆیه‌كی هاویندا
له‌ژێر دره‌ختێكی بێ گه‌ڵادا سووتانه‌
ده‌تزانی كه‌س ناتوانێ رێگه‌ له‌ته‌رزه‌ بگری‌و
نه‌هێڵیت هه‌ڵاڵه‌ی گوڵه‌كان بوه‌رن
وه‌ره‌ ئه‌و سروودانه‌م بۆ بچڕه‌
له‌ دوای خۆر ئاوابوون ده‌تنووسین
3
ئازیزم دره‌نگ گه‌یشتی
نه‌تتوانی بۆن به‌قژو ده‌ستمه‌وه‌ بكه‌ی
نه‌تتوانی گیانی رژاوی هه‌ناسه‌م
بگه‌ڕێنیته‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌
فریای پرسه‌ی خونچه‌ گوڵه‌كانی دڵ نه‌كه‌وتی
نه‌تتوانی میوانێكی ناوه‌خت بی‌و
له‌سه‌ر سفره‌ی سینه‌م پێكێك له‌شه‌رابی
حه‌زه‌ شێته‌كانم نۆش بكه‌ی
4
پێم بڵێ چۆن ئه‌و دادوه‌ره‌ تێ بگه‌یه‌نێم
بێ تاوانم
چۆن ئه‌و مناڵه‌ رازی بكه‌م بیانووی
شیرم پێ ده‌گرێ‌و له‌سنگم نابێته‌وه‌
چۆن ئه‌و راستیه‌ لای دایكم بدركێنم ‌و
له‌ كاتێكدا ئه‌و بێ ئاگایه‌
له‌ خه‌ونه‌ وه‌نه‌وشه‌ییه‌كانم
5
به‌چی ده‌چێ ئازیزم
خه‌ونه‌كانی ئه‌وسا
ناتوانن له‌شه‌ققه‌ی باڵ بده‌ن‌و
بگه‌نه‌ باخچه‌
فرمێسكه‌كانی مناڵی ناتوانن
بچنه‌وه‌ شانه‌كانی پێكه‌نین
چی له‌ده‌ په‌نجه‌ی وه‌ری‌و بكه‌م
نه‌یزانی بنووسێ ده‌زگیرانم به‌
چی له‌ دوو لێوو زمانم بكه‌م
نه‌یوێرا بڵێ خۆشه‌ویستم به‌
6
ئای چ حه‌زێكی گه‌وره‌ی له‌ ناخمدا
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ رۆحت
یا دڵۆپی ئاوی لێ بخۆمه‌وه‌
له‌ كاتێكی نادیاردا هاتیته‌ ته‌مه‌نمه‌وه‌
تاوانم نه‌بوو
نه‌متوانی بۆ تۆبژیم
ده‌خوازم بۆ تۆ بمرم








شه‌وێك پڕ له‌ عه‌شقی تۆ

1
له‌زه‌مه‌نێكی بێ ده‌نگیدا
چركه‌كان تێ ده‌په‌ڕن
تارماییه‌ك ده‌مگرێته‌ ئامێز
نه‌خۆم ده‌ناسم نه‌تۆ
چۆن ده‌كرێ به‌ژنی زرافی
دوو لاوولاوو بزانرێ
كه‌ هه‌ردووكیان له‌گه‌ردنی یه‌كتری ئاڵابن؟
2
خۆزگه‌كان سه‌مفۆنیای پێكه‌نین لێ ده‌ده‌ن
چاوه‌كان عاشقتر سه‌ما ده‌كه‌ن
له‌ئاهه‌نگی ئه‌م شه‌وی پڕ له‌عشقه‌دا
من ته‌مه‌نی خۆمت پێشكه‌ش ده‌كه‌م‌و
تۆش ته‌مه‌نی خۆت
3
فڵچه‌ی كام هونه‌رمه‌ند ده‌توانێ
تابلۆی دوو عاشق بكێشێ
له‌ژووانێكی شه‌وه‌زه‌نگدا
ئه‌مه‌ ئه‌م خه‌ونه‌یه‌
ساتێ ده‌مگه‌یه‌نێته‌ لای تۆ
ساتێ دوورم ده‌خاته‌وه‌ له‌تۆ
4
وه‌ره‌ له‌ماڵی پڕ له‌عشقی منا ئازادبه‌
ده‌مێكه‌ چڵه‌ رێحانه‌ی گیانم
هه‌ناسه‌ی عشقت ده‌به‌خشێ
با چیتر بۆنی گوڵه‌ مێخه‌كه‌كان به‌نهێنی
تێكه‌ڵ به‌هه‌ناسه‌ت نه‌بن
باچیتر گه‌ڵای ماچه‌كان به‌دزی نه‌وه‌رن
5
ئه‌مشه‌و پڕیه‌تی له‌تۆ
هه‌ناسه‌م پڕبووه‌ له‌شنه‌بای هه‌ناسه‌ت‌و
هه‌موو گوڵه‌ تۆراوه‌كان شادبوونه‌وه‌
چاوم پڕیه‌تی له‌تۆ
هه‌موو خه‌ونه‌ وونه‌كان له‌دایك ده‌بنه‌وه‌
ته‌مه‌نم پڕیه‌تی له‌عشق
رۆژانی رابردووی بێ تۆیی دێننه‌وه‌
6
ئه‌م ژوانه‌ ناوبنێم چی
كه‌من هێشتا هه‌ڵگری ناسنامه‌ی
ترس‌و گومان بم..
ئه‌م خه‌ونه‌ ناوبنێم چی
من ئاوم ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ
ره‌نگه‌كانی تۆدا تێكه‌ڵاوبم
7
چركه‌كان به‌په‌له‌ تێ ئه‌په‌ڕین
لێوێكت پڕكردم له‌بزه‌و
لێوێكم له‌ فرمێسك
خه‌ونێكی چه‌ند سه‌یره‌ ژیان
لای ئیوانه‌ی به‌ئاسووده‌یی ناخه‌ون
په‌پوله‌یه‌كی چه‌ند ره‌نگاڵه‌ییه‌
له‌نێو ئامێزی دوو عاشقدا
له‌ نێوان پیرۆزی ئه‌مشه‌ودا
له‌منداڵدانی عشقما
كۆرپه‌له‌ی ئه‌م شعره‌ دروست بووه‌
تۆ پێم بڵێ‌و ناوی بنێم چی ؟!
































گریانی ووشه‌كان

به‌یانیت باش
گه‌وره‌ترین ئازاروجوانترین به‌خته‌وه‌ری
به‌یانیت باش پیرۆزترین ناو
پاكترین ناونیشان
بمبه‌خشه‌
تۆ هه‌رگیز ناتوانی به‌دوای
ئه‌وراستیه‌دا بگه‌ڕێی كه‌ له‌ناخی مندایه‌
بۆیه‌ نه‌شاره‌زا له‌ دنیای
بێ ئاگایدا نغرۆ بوویت
تۆ هه‌رگیز ناسكی ئاورنگی
سه‌ركوڵمی گوڵێكت نه‌بینیووه‌
به‌یانیان پێی بڵێ سپێده‌ باش
تۆ ناخێكی وا بێگه‌ردت نه‌بینیووه‌
پێت بڵێ وه‌ره‌
به‌رگێكی سپی سپی به‌باڵاتا ببڕم
بمبه‌خشه‌
من ده‌مویست چڵه‌ مێخه‌كه‌كانی
سه‌ر رێگه‌و ره‌یحانه‌و
ره‌شه‌كانی نێو په‌نجه‌م
شاباشی وه‌فاداریت پێ بسپَیرن
من ده‌مویست دڵۆپێ له‌ خوێنت سوراوبێ‌و
لێوانم سوور بكات
ئه‌مه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ ترسناكه‌یه‌ كه‌ترساندوومی
ئه‌و شمشێره‌ ژه‌هراوییه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی
كوشتنم ده‌كات
تۆ هه‌رگیز نه‌تزانی
لووره‌ی ره‌شه‌با سامناك تره‌، یا خوڕه‌ی ئاو
دڵی په‌پووله‌یه‌ك ناسكتره‌ یا په‌ڕه‌ی گوڵێكی هه‌ڵوه‌ریوو
نه‌تزانی پێناسه‌ی ته‌مه‌نی به‌هارو پایز
له‌یه‌ك جیا بكه‌یته‌وه‌
تێناگه‌ی حیكمه‌تی باران له‌ چیدایه‌و
گوڵه‌ گه‌نمه‌كان بۆ له‌ تینواندا ده‌خنكێن
ده‌نكه‌ ته‌سبیحه‌كانی رۆحم هۆنیه‌وه‌و
دامه‌ ده‌ستت زیكری پێبكه‌ی
پێم وابوو ده‌روێشی دڵه‌كه‌می
شیله‌ی گوڵه‌كانم كۆكرده‌وه‌و
به‌دیاری دامه‌ ده‌ستت
وامزانی هه‌نگێكی عاشقی
تۆ به‌چاویلكه‌یه‌كی ره‌شه‌وه‌ ده‌ڕوانیه‌ ده‌وروبه‌ر
بۆیه‌ چاوه‌كانت هه‌موو جیهان
به‌تاریكی ده‌بینێ
كه‌ خه‌وتی له‌باوه‌شی ئازارێكدا سه‌رخه‌و ده‌شكێنی
بۆیه‌ خه‌و به‌چاوی تفه‌نگ‌و شمشێرو چه‌قۆوه‌ ده‌بینی
تۆ زیندانی نێو ماڵێكی
ده‌ته‌وێ‌و ناوێری قفڵه‌كه‌ی بشكێنی
ئه‌ته‌وێ فێری ته‌مه‌ڵی بی‌و وه‌ڵامه‌كان نازانی
من ناتوانم له‌و به‌رزاییه‌وه‌ هه‌ور
له‌ئاسمان داگرم‌و
تكا بكه‌م نه‌بارێ به‌سه‌رما
من ناتوانم به‌رووبار بڵێم
شه‌پۆله‌كانت به‌ره‌و دواوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌و
به‌پایز بڵێم گه‌ڵاڕێزانی ته‌مه‌نت راگره‌و
تاڵه‌كانی قژت مه‌وه‌رێنه‌
نابێ به‌فر سپێتی خۆی وون بكاوو
به‌ره‌شی ببارێ
وه‌ره‌ ده‌ستتم بده‌یه‌
تا فێرت بكه‌م وانه‌ی میهرو
پاكیزه‌یی له‌ نێو ده‌روونه‌
پڕ سۆزه‌كاندا بخوێنیته‌وه‌
ئه‌و ده‌ستانه‌ بناسه‌و
بۆ سێبه‌ری باڵات ده‌گه‌ڕێن
تا لێت بدزن‌و له‌ژێریا پشوو بده‌ن
تۆ خۆت وون مه‌كه‌،
پێناسه‌ی خۆت بیر نه‌چێته‌وه‌
چڵێك نێرگزی
دڕكه‌كان ده‌یانه‌وێ خوێنت بمژن
گوڵه‌كان ده‌یانه‌وێ سه‌مات بۆ بكه‌ن
من ده‌مه‌وێ له‌ سنگمت بده‌م
بۆنت بمژم
یه‌كه‌یه‌كه‌ی گه‌ڵاكانت
له‌نێو ده‌مما بتوێنمه‌وه‌






كۆبه‌ندی چه‌ند حوزنێك بۆتۆ ئه‌ی شار

1
ئه‌ی شار
وه‌ختێ كزی چاوه‌كانمان
ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌ نه‌بینێ‌و
له‌شه‌كانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو
كفنانه‌ی گۆڕستان بێ ئاگایین
تۆ چی ده‌ڵێی
ئۆباڵ به‌ چاویلكه‌ شكاوه‌كانمانه‌وه‌ ده‌دووری
یا ته‌پڵ بۆ بێ وه‌فایمان لێ ده‌ده‌ی
2
كاتێ ده‌چیته‌وه‌ ماڵی كۆمه‌رگ
منداڵێك پێت ئه‌ڵێ
لاشه‌ی باوكم هاته‌وه‌و
سه‌ری بزره‌
زانكۆیه‌ك بانگت ده‌كاو ده‌بێژێ
ئه‌وه‌ ناسنامه‌ی خوێندكارێكی میوانه‌
تۆ چی ده‌ڵێی ؟!
3
ئه‌ی شار
كه‌كلو به‌فرێك هاته‌ خوار
ووتی ئاسمان رقی لێته‌و
كه‌ په‌ڵه‌ی هه‌ورێك دابه‌زی
نه‌خشه‌ی كاره‌ساتێكی دی پێبوو
تۆچی ده‌كه‌ی ؟!
4
ئه‌ی شار
كه‌گوێت له‌نوزه‌یه‌كی ئامینه‌ بوو
له‌خه‌می سه‌ربڕینی سنه‌وبه‌ره‌كان
كه‌كاره‌سات
جارێكی دی به‌گوێیدا چرپاندی‌و
وتی (ده‌بی بمری) تۆ چی ده‌كه‌ی
ده‌چیته‌وه‌ گۆڕستان
قه‌برێك هه‌ڵكه‌نی
یاكاره‌سات ده‌كوژی!!
5
ئه‌ی شار
كه‌ئه‌تبینم له‌نێو كتێبه‌
جه‌هه‌نمیه‌كانی كاره‌سات
به‌كۆڵانی ئه‌نفالدا ره‌تده‌بێ‌و
به‌هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێ ؟!
وه‌ره‌با مانڤێستی مه‌رگێكی سه‌ربڵند بنوسین
كه‌ ئه‌بیستم سه‌رێك له‌ مۆزه‌خانه‌كانی جه‌سته‌ ده‌ده‌ی
بۆ بینینی ئه‌و عومه‌ره‌ی
له‌نێو دووكه‌ڵی هه‌ڵه‌بجه‌دا بزره‌و
بۆ ته‌ماشای ئه‌حمه‌د مریه‌می بێ سه‌رو
منداڵێكی ئه‌نفالی بێ ناونیشان
من هه‌میشه‌ ئه‌تبینم‌و
تۆ هه‌میشه‌ بمانبینه‌ .





لاپه‌ره‌كانی مێژوو

ده‌شێ ئاسمان له‌چاوه‌كانی تۆوه‌
فێری گریان بووبێ
ده‌شێ هه‌ور له‌ تووڕه‌یی دوژمنانه‌وه‌
فێری هاوارو گرمه‌ بووبێ
ئه‌شێ نێرگز
له‌چاوی مناڵه‌ بێ تاوانه‌كانه‌وه‌
فێری مژده‌ هێنان بووبێ
ئه‌بێ كه‌ی بێ ،
فرمێسك‌و توڕه‌بوونه‌كان بگۆڕینه‌وه‌ به‌نێرگز
ئه‌وسا شه‌قه‌مه‌كان بۆنی خوێن ناگرن
دایكان واز له‌نزا ده‌هێنن‌و به‌سه‌ر ژانی
كۆرپه‌كانیانه‌وه‌ نامرن
ئه‌وسا ژنه‌ سك پڕه‌كان
بێزوو به‌خۆره‌وه‌ ده‌كه‌ن
ئه‌سته‌م نیه‌
گواستنه‌وه‌ی چراكان بۆ ژووره‌ تاریكه‌كان
زه‌حمه‌ت نیه‌
باڵنده‌كانی قه‌فه‌ز بۆ باخچه‌كان
هه‌موو شتێك به‌پاكیزه‌یی له‌دایك بوو
ئێمه‌ ته‌ڵخمان كرد
مێژوو به‌راستی تۆمار بوو
ئێمه‌ هه‌ڵه‌مان كرد
ده‌سته‌كانمان به‌پاكی ماچ كران
ئێمه‌ قوڕاویمان كرد
خاڵی گومان‌و ته‌نوری سووتان‌و
ماتماتیكی ژماره‌ی مردووه‌كان
مێژوویان شپرزه‌ كردین
بۆیه‌ مێژوو بڕیاریدا
كه‌سمان نه‌نوسێته‌وه‌
ئاوازه‌كان گۆرانیه‌كانیان تۆراند
گه‌ڵاكان ئاونگه‌كانیان ته‌كاند
په‌پووله‌و گوڵ به‌شه‌ڕ هاتن
كه‌ویش سوراوی لێوه‌كانی
به‌كڵۆ به‌فره‌كان سڕیه‌وه‌
ئای چه‌ند گوناهین، چه‌ند نامۆین
مێژوو ئاوڕێك
له‌و منداڵانه‌ بده‌ره‌وه‌
مه‌مكی دایكی شه‌هید ده‌مژن
به‌شداری له‌پرسه‌ی ئه‌م پاساریانه‌ بكه‌
به‌بێ ده‌نگی له‌ هێلانه‌كانیاندا
شین ده‌گێڕن
جووتێ پێڵاو ببه‌خشه‌ به‌و پێیانه‌ی
له‌ توله‌رێیه‌كاندا بریندار بوون
مێژوو گوێم لێبگره‌
زه‌مه‌نێك بێ هێڵنج دان‌و رشانه‌وه‌
به‌كیژۆڵه‌كان بڵێ به‌رده‌گاكانیان
گسك بده‌ن
به‌و ژنانه‌ بڵێ گوڵه‌ نازنازو رێحانه‌كانی
سه‌ربان‌و به‌رده‌رگاكان ئاوڕشێن بكه‌ن
جێ ژوانه‌كان ئازادبكه‌ن
ره‌شه‌باكان چیتر دره‌خته‌كان رووت نه‌كه‌نه‌وه‌
گوێ له‌خه‌ونی ئه‌و منداڵانه‌ بگرن
خه‌و به‌ فریشته‌كانه‌وه‌ ده‌بینن
چۆڕاوگه‌كانی حه‌سره‌ت‌و
رووباره‌كانی یه‌قین ڕاگره‌
به‌هه‌گبه‌یه‌ك ئازاره‌وه‌ تێ مه‌په‌ڕه‌و
سه‌فه‌ری مه‌رگیان پێ مه‌سپێره‌ !



دوا هه‌ناسه‌

1
پێشكه‌شه‌ به‌دواهه‌ناسه‌كانی بابه‌ بایز
هه‌ولێر ووتی
سوارچاكێكم وون كردووه‌
كێ دیوویه‌تی بمداته‌وه‌
مرۆڤێكه‌ پاك‌و بێگه‌رد
رووخسارێكه‌ سپی نورانی
دوو لێوی ووشكی پڕ له‌خه‌م
دوو چاوی پڕ له‌ نیگه‌رانی
2
دوو ده‌ستم دی به‌ ئه‌سپایی
له‌ده‌رگای مزگه‌وتیان ده‌دا
ده‌ستێك بۆ ته‌سبیح ده‌گه‌ڕا
ده‌ستێك بۆ گۆچان ده‌گریا
كه‌ سه‌یرم كرد میوانه‌كه‌ی
شاری قه‌ڵاو مناره‌ بوو
وه‌ك هه‌ڵۆیه‌كی به‌رزه‌ فڕ
رووه‌و ئاسمان به‌رز ده‌بوو
مردن چه‌ند په‌له‌ت بوو
سپێده‌یه‌ك هێشتا پرشنگی خۆر
میوانی دارو دره‌خت‌و ده‌ریاكان نه‌ببوو
تۆ له‌ده‌رگای دڵی میوانێكتدا
پرسیارێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی
بێ وه‌ڵامت بۆ جێهیشتین
دڵی ساواكانت له‌ شكۆفه‌ی شادی وه‌راند
كوا ئه‌و دره‌خته‌ باڵا به‌رزه‌ی
له‌ژێر سێبه‌ره‌كه‌یدا پشوومان ده‌دا
وه‌ك ره‌شه‌بایه‌كی نه‌گریس
خۆت كرد به‌ماڵی ته‌نیایی‌و ئاواره‌ییدا
لێوه‌كانت ووشك هه‌ڵگه‌ڕاند
چ تاوانێك له‌نێو تیشكی زه‌رده‌ په‌ڕدا هه‌بوو
تا نیگا گه‌شه‌كان به‌ڵێڵی بنواڕنه‌ ژیان
سروشتمان دایكێكی جگه‌ر سووتاوه‌
ئه‌م سپێده‌یه‌ش خه‌مێكی تر ده‌گرێته‌ ئامێز
تارماییه‌ ره‌شه‌كان
سپێتی چاومان ره‌ش ده‌كه‌ن
وه‌ك هه‌ڵۆیه‌كی به‌رزه‌فڕ له‌ شه‌ققه‌ی باڵا ده‌داو
له‌سه‌ر شاری قه‌ڵاو مناره‌ ده‌نیشێته‌وه‌
ده‌نووكی تیژ
له‌ خوێنی ئه‌و خوێن مژانه‌ ده‌گرێ
هێلانه‌كان ده‌ڕوخێنن
چه‌ند بێ سۆزن ئه‌و ده‌ستانه‌ی
رێزی هه‌نگاوه‌كانی گۆچان ناگرن
قه‌ڵا سه‌ر هه‌ڵبڕه‌
ئه‌مشه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌خزێ‌و
ژوانێكت له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێ
مزگه‌وته‌كان بانگی هه‌ق بده‌ن
سوارچاكێك دوا نوێژی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌كا
په‌نجه‌ره‌كانی ماڵئاوایی بخه‌نه‌ سه‌ر پشت
هه‌ناسه‌یه‌ك له‌دوا چركه‌ی ته‌مه‌نیدا
گوڵاو پرژێنی روحتان ده‌كات
پێیه‌كان هه‌نگاوه‌كانتان تیژتر بكه‌ن
ئه‌م عاشقه‌ په‌له‌یتی روحی پاكی
تێكه‌ڵ به‌ (دایه‌ مامز)بكاو
زه‌ماوه‌ندی بوكێنی تازه‌ بگێرٍێ
سه‌رسامم له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و
نامه‌یه‌ی فریشته‌كان
بۆم ده‌خوێننه‌وه‌ ئارامی به‌گیانم ده‌به‌خشن
(چه‌ند سه‌ربه‌رزی ، چه‌ند پاكی ،چه‌ند نه‌مری)
بابه‌ بایز ..
پێڵوی چاوه‌ ماندووه‌كانت بكه‌وه‌و بنواڕه‌
ئه‌وه‌ شوێن پێی ئه‌و هه‌نگاوانه‌یه‌
كه‌له‌گه‌ڵ گۆچانه‌كه‌تدا هه‌نگاوه‌كانت ده‌بڕی
سڵاوێك له‌م ئێواره‌ دره‌نگ وه‌خته‌ بكه‌
له‌ژێر سێبه‌ری دره‌خته‌كانی (كاریتان)
پشوویه‌ك بده‌و قومێ ئاو بخۆره‌وه‌
ئاوڕێك له‌ژووانی گه‌نجێتی بده‌ره‌وه‌
عاره‌قی دوای هیلاك بوونی زه‌وی كێڵان‌و
سه‌وزه‌ ئاودان بسڕه‌
نیگاكانت تێكه‌ڵی ره‌نگه‌كانی په‌لكه‌زێڕینه‌ی
دوای باران بكه‌
بابه‌ بایز..
چه‌ند زوو بوو به‌جێت هێشتین
چه‌ند زه‌حمه‌ت بوو ماڵئاوایی
چیمان له‌ده‌ست دێ
ته‌نیا ده‌توانین ئاهه‌نگێك
بۆ به‌خاك سپاردنت بگرین
ئاهه‌نگێك باس له‌سه‌روه‌رییه‌كانی تۆ ده‌كا
ته‌نیا ده‌توانین فرمێسكت بۆ بڕێژین
ئه‌و فرمێسكانه‌ی باس له‌ته‌نیایی تۆ ده‌كه‌ن
تۆ له‌هه‌ر كوێ بی
ئێمه‌ له‌ناو نیگا كاڵه‌كانی تۆدا ده‌ژین
سروشت هه‌موو سپێده‌یه‌ك
ئاوازی زه‌رده‌خه‌نه‌كانتمان پێشكه‌ش ده‌كا
به‌مردووه‌كان بڵین هه‌ستن
پێشوازی له‌و دره‌خته‌ باڵابه‌رزه‌ بكه‌ن
له‌سه‌ر گۆڕه‌كانتان ده‌ینێژین
سێبه‌ر بۆ باڵای هه‌مووتان بكا .



له‌دوا گه‌شتی ئه‌مجاره‌دا

له‌بێده‌نگیدا، بۆبێده‌نگیت گه‌ڕام
له‌نێو ژێی كه‌مانێكدا دۆزیمه‌وه‌
به‌په‌نجه‌كانم كه‌وتمه‌ لێدانی
ده‌نگم‌و بێ ده‌نگیت ئاوێزان بوون
كه‌سێك هاوه‌ڵم نه‌بوو،
كه‌سێك له‌تۆ نه‌ده‌چوو
شه‌رابیش به‌ لێوه‌كانم ئاشنا نه‌بوو
تا ساته‌ دووره‌كانی تۆم بیربه‌رێته‌وه‌
ناچار بووم هاوه‌ڵی ئه‌و باڵندانه‌بم
كه‌ هاوڕێی په‌ڕه‌سێله‌كه‌ن
تا فێرم بكه‌ن ئارام بگرم
چۆن ئه‌وان هاوڕێكانیان جێدێڵن‌و
گه‌رمیان‌و كوێستان ده‌كه‌ن
به‌دارستانه‌كانی ته‌مه‌نا شۆڕبوومه‌وه‌
پڕ له‌ته‌رمی مردووه‌كان‌و
له‌نیگا نامۆكان‌و لێوه‌ بێ بزه‌كان بوو
ته‌نیا گریانی ئاسمان‌و په‌لاماری
هه‌وره‌كان‌و كوشتنی لاشه‌ی گوڵه‌كان ده‌بیسترا
وه‌ك په‌پوله‌یه‌ك به‌دوای سۆزی
گوڵێكدا وێڵ بووم
هه‌ناسه‌ی پشوو هه‌ڵمژن
له‌زمانی فرمێسكه‌وه‌ ده‌ستم پێكرد
تالووتكه‌ سه‌خته‌كانی گریان
له‌نمه‌ بارانه‌وه‌ هه‌نگاوم نا
تا قوڵایی ده‌ریاكان شۆڕبوومه‌وه‌
له‌شوێن په‌نجه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ گه‌ڕام
له‌سه‌ر ته‌خته‌ره‌ش‌و ده‌رگاو
خوێندنگاكان گه‌ڕام ناوی تۆم هه‌ر نه‌بینی
چاوه‌كانم لێك نا خه‌ونه‌كانت بردبووم
چاوه‌كانت قیبله‌گای ئارامی‌و ئاشتی بوون
له‌چاوی ئه‌م خه‌ڵكه‌دا
ته‌نیا تووڕه‌ بوونێك رێگه‌م نادا
ئاسمان به‌شینی‌و ئه‌ستێره‌ به‌گه‌شی ببینم
نازانم چۆن رۆیشتی‌و جێتهێشتم
كه‌ هێلانه‌ت له‌سه‌ر دره‌ختی قژه‌كه‌م كردبوو
بمبه‌خشه‌، نه‌ده‌بوایه‌ له‌حزورتا
من‌و تۆ نه‌وه‌ی جیهانێكی وێرانین
په‌یڤه‌ حه‌رامه‌كان
هه‌ناسه‌ به‌زۆر كێشراوه‌كان
رێگه‌ ناده‌ن هه‌ناسه‌مان تێكه‌ڵ بكه‌ین
بمبه‌خشه‌، من هیچ سپێده‌یه‌ك
ناتوانم پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵدا بكه‌م‌و
هیچ ئێواره‌یه‌ك ناتوانم
ژوانێكت له‌گه‌ڵدا ببه‌ستم
ئێمه‌ سپێده‌و ئێواره‌یه‌كمان لێ زه‌وت كراوه‌
ته‌نیا شه‌ومان هه‌یه‌
شه‌ویش بۆ باسی مه‌رگی باوك‌و باپیرم
بۆ فێربوونی زمانه‌ حه‌رامه‌كان
بۆ جیاوازی ده‌روێش‌و شاعیر
مزگه‌وت‌و یانه‌
چ كاره‌ساتێكه‌، ئه‌م غوربه‌تی نیشتیمانه‌
له‌مه‌یدانی جه‌نگه‌كاندا
هه‌موو ته‌رمه‌كانم بۆن كرد
لاشه‌ی هه‌موو كیژه‌كانم هه‌ڵدایه‌وه‌
هیچ كامێكیان
بۆنی خیانه‌تیان لێ نه‌ده‌هات
هاوارم كرد
مانگ رووی گه‌ششت به‌ده‌رخه‌
ئه‌ستێره‌ سه‌رت هه‌ڵبڕه‌
تیشكێكی تر ده‌گاته‌ رووت
ده‌روێشه‌كان زیكر راگرن
ده‌نگێكی تر گه‌یشته‌ گوێمان
باخچه‌ باوه‌شت بكه‌ره‌وه‌
گوڵێكی تر، چه‌پكێ نێرگز
به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ باخچه‌كه‌ت .


دابڕان

1
ده‌كرێ له‌یه‌كتر داببڕێن
هه‌ر وه‌كوو چۆن
له‌عیشقی چاوی نیشتمان
له‌سۆزی باوه‌شی دایكم دووركه‌وتمه‌وه‌
ده‌كرێ له‌یه‌كتری داببڕێین
به‌ڵام چی بكه‌م
چاوه‌كانم نیگاكانت ناده‌نه‌وه‌
په‌نجه‌كانم له‌په‌نجه‌ی تۆ جیانابنه‌وه‌
لێوه‌كانم له‌شه‌رابی ماچه‌كانتا
سه‌رخۆشن‌و گۆرانی عشق ئه‌ڵێنه‌وه‌
2
ده‌كرێ له‌یه‌كتری دابڕێین
به‌ڵام چی بكه‌م
یادگاره‌كان شێتم ده‌كه‌ن
ده‌مبه‌نه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا
ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ی تۆتیایدا
سنووری حه‌زه‌كانم بووی ؟
3
ناكرێ بڕۆی
ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌مووی شوێنی
یادگاریه‌كانی من‌و تۆیه‌
به‌رد په‌یكه‌ری ژووانه‌كانه‌و
رووبار فرمێسكی چاومانه‌
گوڵاڵه‌كان خونچه‌ گوڵی ماچه‌كانن ؟!
4
چیت پیبَڵێم من ناتوانم
وه‌ك په‌ڕه‌سێلكه‌ بێ وه‌فایم
هێلانه‌ له‌سه‌ر دره‌ختی قژت بكه‌م‌و
به‌جێی بێڵم
من ناتوانم وه‌كوو ماسی
له‌ئاوه‌كه‌ت بخۆمه‌وه‌و
سه‌رچاوه‌كه‌شت بشێوێنم
5
باڵنده‌كان زۆر له‌ ئێمه‌ ئازاترن
ئازادانه‌ یه‌كتری ماچ ده‌كه‌ن
دره‌خته‌كان زۆر له‌ ئێمه‌ عاشق ترن
به‌بێ ترس
ده‌ست له‌ملی یه‌كتری ده‌كه‌ن !
6
تۆ جه‌سته‌یه‌كت ده‌وێ له‌ جوانی
من دڵێكم ده‌وێ له‌ خۆشه‌ویستی
تۆ دیوارێكت ده‌وێ له‌ گه‌وهه‌ر
من ساباتێكم ده‌وێ له‌ سۆز
ئێمه‌ ناوبژیوانێكمان ده‌وێ
بێ سۆز ،بێ عشق ، بێ دڵ !
7
له‌به‌هاردا خۆشم ویستی
بۆیه‌ چاوم
هێنده‌ تامه‌زرۆی گریانه‌
له‌پایزدا خۆشم ویستی
چوار وه‌رزم گه‌ڵاڕێزانه‌
له‌هاویندا خۆشم ویستی
باخی دڵم هه‌ر سووتانه‌
له‌زستانا خۆشم ویستی
بۆیه‌ سنه‌وبه‌ری عیشقم
روو له‌رووت بوون‌و نه‌مانه‌
8
ئه‌گه‌ر هاتی، به‌چرپه‌وه‌ پێت ده‌ڵێم
عشق هه‌مووی هه‌ر سووتانه‌
گێژاوی ره‌شه‌باو ده‌ریاو
مه‌رگه‌ساتی داڕمانی خه‌ونه‌كانه‌
9
چیت پێ بڵێم له‌مه‌ زیاتر
كه‌ تۆ هێشتا گوێم لێ ناگری
وانه‌ی عه‌شق بنووسمه‌وه‌
هۆنراوه‌كان بخوێنمه‌وه‌
كڵۆ شه‌كری حه‌زه‌كانم
له‌شه‌ربه‌تی خۆشه‌ویستیت
بتوێنمه‌وه‌.؟
10
هه‌موو رۆژێ عاشقی منی
هه‌موو رۆژێ عاشقی تۆم
هه‌موو ساتێ خۆشم ده‌وێ‌ ی
هه‌موو ساتێ خۆشت ویستم
كه‌چی هێشتا
نه‌من له‌ بێ وه‌فایی تۆ
نه‌تۆ له‌سووتانم ده‌گه‌یت ؟!





سپَیده‌كانی نائومێدی

كاروانی رازو حه‌زه‌كانی تۆ
باوه‌شی عه‌شق‌و خۆشه‌ویستی من
ئه‌پێچیته‌وه‌
شه‌وی ئاهه‌نگم لێ ده‌شوێنێ‌و
بووكی ئاره‌زوو
بۆ ماڵه‌باوان ئه‌نێرێته‌وه‌
***
گۆرانیه‌كانی شه‌وی ڕابردوو
ئه‌دا به‌ ده‌ریاو ژێر ئاوی ده‌كا
ملوانكه‌ی ماچم ئه‌هۆنێته‌وه‌
به‌ سنگی شۆڕه‌ ژنێكی دائه‌كا
***
باڵنده‌ی حه‌زم ئه‌بنه‌ فریشته‌و
له‌ ده‌وری سه‌رت ئه‌سوڕێته‌وه‌
چاوی خه‌وااڵوت به‌ خه‌به‌ر دێنن
شه‌و وه‌لا ده‌نێن رۆژ ئه‌بێته‌وه‌
***
سه‌رنج ئه‌ده‌نه‌ سیمای كاڵ بووت و
رووخساری شێواو به‌ بێ‌ نهێنی
په‌نجه‌م ئه‌نێمه‌ تاڵه‌كانی قژ
ئه‌بنه‌ نێرگز و دێنن مزگێنی
***
هه‌رچه‌نده‌ یادت كه‌م هه‌زار هێنده‌ی تر
ناوت ئه‌نووسم ناكوژێته‌وه‌
حه‌زو تامه‌زرۆی رۆژانی پیشوو
وه‌ك زه‌نگ له‌ناخما ئه‌زرنگێته‌وه‌
***
بۆهه‌ر كوێ بڕۆی هه‌نگاوه‌كانم
رووه‌و هه‌واری عیشقت مل ئه‌نێت
گوڵ سه‌ما ئه‌كاو كاكه‌ی شوانیشم
ئاوازی تازه‌و شمشاڵ ئه‌ژه‌نێت
***
لێوه‌كانیشم دوا بڕیاریاندا
خه‌نده‌ جێ بێڵن سنووره‌كانت
ته‌سلیم كه‌نه‌وه‌
هه‌گبه‌ی پڕ ئازار له‌كۆڵ ئه‌نێن‌و
رووه‌و هه‌واری كۆن ئه‌ڕۆنه‌وه‌
***
هه‌زار جار ده‌ست‌و چاوم ماچ بكه‌ی
سۆزی عشقمت پێ نابه‌خشمه‌وه‌
خه‌نده‌ بۆ لێوو دڵم بۆ دڵت
هه‌رگیزاو هه‌رگیز ناگه‌ڕێنمه‌وه‌
***
چه‌ندیش لێم دووربی رۆژێ هه‌ر ئه‌بێ
بۆ ماڵی دڵم بگه‌ڕێیته‌وه‌
به‌فری خه‌مه‌كان كه‌ڵه‌كه‌ بوون‌و
نه‌ به‌خۆری تۆ نه‌ به‌تۆفانیش ناتوێته‌وه‌
***
چیشم پێ ئه‌ڵێی فه‌رموو پێم بڵێ
كه‌ی بێ وه‌فایت له‌من بینیووه‌
گه‌ر عاشق نه‌بای من لێت خۆش ئه‌بووم
خۆت باش ئه‌زانی ، كڵپه‌ی سووتان‌و
لێزمه‌ی ئاونگی فرمێسكمت دیووه‌
















له‌به‌رده‌م حه‌زێكی مه‌ئیوسدا

1
ده‌مێك نه‌بوو نیگاكانت نه‌بنه‌ هه‌ورو
بارانی خه‌م نه‌بارێنن
ده‌مێك نه‌بوو گڕی عه‌شقت
بێ سۆزی تۆ نه‌بنه‌ پشكۆ
هه‌موو لاشه‌م به‌بێ گوناه نه‌سوتێنن؟
2
من خۆشه‌ویستیم وون كردووه‌
یان تۆ عشقت شێواندووه‌
تۆ ژه‌هری حه‌زێكی شێتم پێ نۆش ده‌كه‌ی
من یادگاری ماچه‌كانت ئه‌نێرمه‌وه‌
3
قه‌ت تۆ نه‌بووی زه‌مه‌نی عه‌شق جێ بێڵی
له‌ گیژه‌نی سیمایه‌كی ته‌ڵخ بوودا بتوێیته‌وه‌
هه‌موو حه‌زه‌ جوانه‌كانم بۆ ماڵی دڵ بنێریته‌وه‌
4
بیرت نه‌چوو ئه‌م عیشقه‌ی من
هه‌ندێ جار وه‌ك مۆمێك وایه‌
له‌ژێر پێتا ئه‌توێته‌وه‌
هه‌ندێ جاریش جه‌نگاوه‌رێكی شه‌ڕكه‌ره‌
یان به‌چه‌پڵه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌وه‌
یان به‌شه‌هیدی دێته‌وه‌
5
هه‌رچه‌نده‌ مات‌و غه‌مگین بم
پێكه‌نینی لێوه‌كانی تۆم هه‌رناوێ
هه‌رچی فرمێسكی تۆ هه‌بوو
به‌پێكه‌نین گۆڕیمه‌وه‌
كردته‌ دیاری ئه‌و لێوانه‌ی
مانای پێكه‌نین تێ ناگه‌ن ؟
6
تۆ بڵێی لای تۆ خۆشه‌ویستم
شه‌پۆلێك بێ‌و بێت‌و بچێ
وه‌ها حه‌زو عشق‌و ماچم
له‌ساڵێكدا بۆ رووخسارێكی تر ده‌چێ؟
7
ده‌بوو هه‌رگیز نه‌میوانی دڵه‌كه‌ت بم
نه‌ عاشقی رووت
كه‌ تۆ هێشتا نه‌قه‌دری عشق ده‌زانی‌و
نه‌خانه‌ خوێ ؟









سوتانی رۆح له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌ی گریاندا

پێم گوناه بوو
ئه‌وكاته‌ی ده‌مبینی رۆح ده‌سووتاو
دووكه‌ڵ له‌عشق هه‌ڵده‌ستا
ئاو به‌و هه‌موو نه‌رمییه‌وه‌
هه‌ڵچوونی به‌كه‌س نه‌وه‌ستا
شه‌پۆلی توڕه‌یی توڕی دام
ناچار بووم ئاگر بنێمه‌ جه‌سته‌ت،
ئه‌ی جوانترین ژوان
نه‌بادا جارێكی تر بگه‌ڕێیته‌وه‌
ئه‌و ماڵه‌ پڕ ترسه‌ی لێهاتووی
بسووتێ ئه‌ی عشق، سوتانێك خۆشتره‌
له‌سواربوونی بۆراقی تووڕه‌بوون
بگریه‌ گریانێك جوانتره‌
له‌ تریقانه‌وه‌ی مرۆڤه‌ كاڵفامه‌كان
ئه‌و ده‌مه‌ی ته‌مای شه‌ڕم هه‌بوو
له‌گه‌ڵ ئاگر
ئیدی زانیم من مرۆڤێكی دۆزه‌خیم
ئاگر دایكمه‌و دووكه‌ڵ باوك
ناچار ده‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ ئامێزیان‌و
تا به‌ئاسووده‌یی بسووتێم
كه‌ بیستم شاره‌كه‌م بۆته‌ وێرانه‌
منیش ویستم
ئه‌و واقیعه‌ قێزه‌ونه‌ جێ بهێڵم‌و
سه‌رێك له‌ كۆڵانه‌كانی شێتی بده‌م
ئای خودا به‌ ئیزرائیل بڵێ:
باقدومی بفه‌رمووێ بۆ كێشانی رۆحم
كه‌س شك نابه‌م شه‌هاده‌ی عشقی پێبێنم
چه‌ند قێزه‌ونه‌ كه‌ ژیانت دۆزه‌خ بێت
تا له‌به‌ر باران نه‌وه‌ستم ئاسووده‌نیم
چونكه‌ ئاسمان له‌ چاوه‌ سحراوه‌یه‌كانی تۆ ده‌كاو
له‌ساڵ رۆژی له‌دایك بوونی حوزنمدا
ته‌مای بارینی هه‌یه‌
به‌نیازم چاوم له‌سه‌ر رێگه‌ی سه‌فه‌ر راخه‌م
تابێ سنور بێ سانسۆر
نیگای چاوه‌كانت بكات
نه‌مزانی پێده‌چوو له‌مێژبێ نیازت بێت
گۆرانی بۆ مه‌رگی عه‌شق بڵێی
به‌نیازبووی دڵی من‌و باران‌و ئاگر
دڵی دووكه‌ڵ‌و عه‌شق‌و ژوان
دڵی چاوم ئاسان زویر بكه‌ی .









عه‌شقت له‌ رۆحم ده‌چۆڕێ

1
سپَده‌یه‌ك وه‌رینی گوڵه‌كان
له‌حه‌سره‌ت وونبوونی دره‌خته‌ بێ گه‌ڵاكانا
ئاوازه‌كانیان ده‌وه‌ستێنن
خه‌مێكی تاریك له‌چاوی عشقما
گه‌وره‌ ئه‌بێ‌و
له‌كێوی نامۆبووندا پشوو ئه‌دا !!
2
عه‌زیزم به‌ختی من‌و تۆ وابوو
وه‌كوو دوو هێڵی ته‌ریب لێك جیابین‌و
نه‌گه‌ین به‌یه‌ك
قاوه‌گره‌وه‌كه‌ هه‌ڵه‌ی كردو
من به‌ختی خۆم‌و تۆم
له‌ پیاڵه‌ ره‌شه‌كه‌دا جێ هێشت
3
هه‌موو شه‌وێ مه‌رگی خۆم
له‌نیگای مانگدا ده‌بینم
له‌سیمای تۆ كفن به‌باڵاما ده‌بڕێ
قه‌ده‌ر وام لێ ده‌كا
ببمه‌ فریشته‌یه‌ك‌و له‌ ئاسمانه‌وه‌
بێمه‌وه‌ ئامێزی تۆ
4
تاوانم نیه‌ خۆشم ده‌وێی
لای تۆ كات بۆ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و
په‌نجه‌كانم ده‌گه‌ن به‌ تۆ
بۆیه‌ من هه‌موو رۆژێ
ته‌مه‌نم نوێ ده‌بێته‌وه‌
5
تۆ فرمێسكه‌كانت فێر كردم
نه‌بنه‌ به‌فرو نه‌ڕژێنه‌ سه‌ر
زه‌وی حه‌زو خۆزگه‌كانم
ناچارم له‌گه‌ڵ حه‌زه‌كانی تۆدا
هه‌نگاو بنێم
چونكه‌ له‌مانای سه‌فه‌ر تێ ناگه‌م ؟
6
تاڵه‌كانی قژم كۆبكه‌ره‌وه‌
بیئاڵێنه‌ گه‌ردنت
با چیتر شانه‌كانی ره‌شه‌با
قژم به‌دیاری نه‌با
بۆ باڵنده‌كان
ئه‌وانیش دوای خۆیان
به‌لقی دارێكه‌وه‌ جێی بێڵن
7
عاره‌قی سه‌ر رووت مه‌سڕه‌
با رۆژوی ئه‌م ئێواره‌یه‌می پێ بشكێنم
من له‌وه‌ته‌ی به‌ره‌نگی سپیت ئاشنا بووم
زانیومه‌ سپی چه‌ند بێ گه‌رده‌
8
چاوه‌كانم بۆ ژوانێكت ده‌كه‌مه‌ چراو
پێكه‌وه‌ ده‌بینه‌ خه‌ونێك‌و
خه‌ونێك تیایدا باوه‌شم بۆ كردویته‌
جۆلانه‌و رات ده‌ژێنم
خه‌ونێك تیایدا سۆزو عه‌شقی
دایكت پێ ده‌به‌خشم‌و
له‌ نێو دڵه‌كه‌مدا ده‌تخه‌وێنم
هه‌ر هێنده‌م له‌ده‌ست دێ
ئه‌م په‌ڕه‌ ره‌نگاڵه‌یانه‌ به‌باڵای
خه‌یاڵتا ببڕم
وه‌ك تابلۆیه‌ك بۆ خه‌ونه‌ هه‌میشیه‌كانم
له‌ژوور سه‌رم هه‌ڵت ده‌واسم
9
ئه‌و به‌یانیه‌ هیچ تاوانێك نه‌بوو
سێوێكیان تیا دووله‌ت كردوو
من‌و تۆیان له‌چاوه‌ڕوانیدا هێشته‌وه‌
زه‌میله‌یه‌كیان دایه‌ ده‌ستم
تا گوناهه‌ ئه‌رخه‌وانیه‌كانی
به‌هه‌شت كۆبكه‌مه‌وه‌
ئه‌و به‌یانیه‌ خۆر پرشنگه‌ مرواریه‌كانی
به‌لاملی دره‌خته‌كه‌وه‌ جێهێشت
گوڵێك بۆ مه‌رگی له‌ناكاوی
هه‌نگێك چاوه‌كانی لێك نا
ده‌ریا بوو به‌هه‌ڵم‌و
تێكه‌ڵ به‌ پاكیزه‌یی ئاسمان بوو
10
من ئه‌وكاته‌ عه‌شقت له‌پرچم
باری بوو
نه‌مده‌توانی عاشق بم
مناڵیم گڕوگاڵی ده‌كرد
له‌دوو ڕیانی زه‌مه‌ندا
سۆزو عشقم وون كردبوو
سه‌راب له‌ گیانم ئه‌چۆڕا
بۆیه‌ هه‌میشه‌ دوا پێكی
خه‌مم ئه‌نۆشی
11
ته‌نیا تۆ ده‌توانی به‌وره‌نگه‌
خۆڵه‌مێشیه‌ته‌وه‌
ئه‌ساره‌تی بینای دڵم بسڕیه‌وه‌
بانه‌بمه‌ ئه‌و كیژۆڵه‌ هه‌تیوه‌ی
له‌رێگه‌ی ئاوهێنانێكدا گۆزه‌كه‌ی
شكاندوو ناوێرێ بۆ ماڵ بگه‌ڕێته‌وه‌










پیته‌كانی پایز

پیربوون له‌ بیابانی ته‌مه‌نه‌وه‌، به‌ پێی په‌تی،
خۆی ده‌كات به‌ كۆڵانه‌كانی جه‌سته‌دا.
ده‌ستێكی پڕه‌ له‌به‌فرو سپی ده‌چێ،
ئه‌وه‌ی تری به‌هه‌ڕه‌شه‌كانی یه‌زدان.
كه‌ دێت له‌سه‌ر بیابانی جه‌سته‌دا،
ئه‌فسانه‌ی وێران بوون ده‌نوسێته‌وه‌.
به‌سه‌ر لێوه‌ سوره‌كانیدا ره‌تده‌بێ‌و
ره‌نگه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات.
سه‌رده‌دات له‌رۆح‌و
هه‌ناره‌ ناسكه‌كانی باغه‌كه‌ی ده‌ڕنێته‌وه‌
سێو له‌ده‌سته‌كان ده‌سه‌نێ‌و
پڕپڕیان ده‌كات له‌دوعا،
لێوان لێو ده‌بن له‌ نزا،
له‌و ساته‌دا چاوه‌كان به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌و
ته‌ماشایان ده‌خاته‌ نێو بینایی خۆیه‌وه‌.
كه‌پیربوون دێت،
هه‌موومان پیته‌كانی چركه‌و ووشه‌كانی خوله‌ك‌و
رسته‌كانی كاتژمێر وون ده‌كه‌ین،
كه‌دێت زه‌مه‌ن له‌ نێو خۆڵی كه‌ناره‌كان بزر ده‌بێ‌و
ئێمه‌ش سه‌رگه‌رمی پیاسه‌ جه‌نگه‌ڵیه‌كه‌ی خۆمانین
پیربوون دێ‌و
ئێمه‌ حیكایه‌تی جه‌سته‌و هێزی بیرو
چرای چاومان لێ وون ده‌بێ،
تاڵی ره‌ش‌و سنه‌وبه‌ری رۆحی گه‌نجی بزر ده‌بێ‌و
نایه‌نه‌وه‌
ده‌بێ له‌وه‌سیه‌تی دارستان‌و
ئه‌فسانه‌كانی داره‌مه‌یتا بۆی بگه‌ڕێن،
من ئێستاكه‌ ته‌نها چه‌ند پاسارییه‌كی ته‌مه‌ن خۆره‌ ده‌ناسم.
ئه‌وان، هێلانه‌یان له‌ نێو جه‌سته‌و روحی مندا دروست كردووه‌
گه‌وره‌ ده‌بن‌و ده‌نكه‌ هه‌ناره‌كانی لێوم ده‌خۆن
ته‌ماشام ده‌ده‌نه‌ به‌رقارس‌و
له‌ نیشتیمان ده‌سته‌كانی،
جوانیه‌ك * ئه‌خوڵقێنن….
پیری، تازه‌ له‌باغی ته‌مه‌نی مندا
چاوه‌كانی تروكاوه‌ ،ده‌مێك نیه‌
نواڵه‌یه‌كی به‌فری له‌نێو سه‌به‌ته‌یه‌كی قژمدا
دروست كردووه‌و
دڵمی له‌ئاگردانه‌كانی سۆزدا ده‌رهێناوه‌
من له‌ بیرمه‌ كاتێ پیربوون،
شه‌رمنانه‌ له‌ده‌رگای ته‌مه‌نی منی دا
له‌پشت ده‌رگاكانی چركه‌وه‌
هاته‌ قسه‌:"ژیان یانسیبێكی گه‌وره‌یه‌و
براوه‌ی تێدانیه‌،
مردن نه‌فره‌تیه‌كی جوانه‌و خواوه‌ند كه‌سی لێده‌رناكات،
به‌ڵام له‌ نێوانی ژیان‌و مردن من هه‌م،
من پیربوونم،
له‌وه‌ته‌ی هه‌م به‌رله‌وه‌ی چراكان بكوژێنه‌وه‌،
به‌شێك له‌ رووناكیان لێده‌دزم،
به‌رله‌وه‌ی رسته‌كانی ته‌مه‌نیان بسڕمه‌وه‌
به‌شێك له‌پیته‌كانیان وون ده‌كه‌م".به‌شه‌رمه‌وه‌ پیربوون،
كارنامه‌ی فرمانه‌ ترسناكه‌كانی خۆی ده‌خوێنده‌وه‌
"ئێوه‌ هه‌رگیز له‌ده‌ستی من،
بۆهیچ په‌نایه‌ك راناكه‌ن،
قه‌ده‌ری چاره‌نووسی ئێوه‌م پێیه‌،
حیكایه‌ت‌و ئه‌فسانه‌م بۆ هێناون..
من له‌لای خواوه‌نده‌وه‌ هاتووم..
دیاری ئه‌وم پێیه‌ به‌ر له‌مردن،
پیربوون نه‌فره‌تێكی جه‌سته‌یه‌و
به‌ر له‌مردن خواوه‌ند به‌ مرۆڤه‌كانی ده‌به‌خشێ
پشوویه‌كه‌ ،له‌نێوانی ژیان‌و مه‌رگ
خودا بۆ به‌نده‌كانی جێ دێڵێ….
په‌نجه‌ره‌كانتان دامه‌خه‌ن،ده‌رگاكانتان ،
له‌سه‌رگازه‌ڵای پشت بكه‌نه‌وه‌..
هاكا خۆمان ‌و سوپامان گه‌یشت..
سه‌ربازه‌كان ده‌ستێكیان پڕه‌ له‌به‌فر
بۆ نێو دارستانه‌كانی سه‌رتان ‌و
ده‌سته‌كه‌ی تریش پڕه‌ له‌مه‌رگ
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش ده‌سه‌ته‌كانمان هه‌ر دووك نه‌گه‌ن،
تۆزێك به‌فرت پێ ئه‌به‌خشن
زۆر ده‌مێك نیه‌ پیربوون گه‌یشتتووه‌،
سوپاكه‌یان تا ئێستاكه‌،
پی َبه‌پێ دێ به‌ره‌و روومان…
یه‌كه‌م جاربوو كه‌هات بۆ لام، من مرواری چركه‌كانم
دڵۆپ، دڵۆپ له‌ده‌سته‌كانم هه‌ڵوه‌ری
خوله‌ك، خوله‌ك ‌و كاتژمێربه‌كاتژمێر، وون ده‌كرد
قه‌ڵاكانی عومرم به‌ده‌ست ره‌شه‌بای پیربوونه‌وه‌،
تۆزو گه‌ردی چركه‌كانیان هه‌ڵده‌گرتم و لێم وون ده‌بوون…
له‌وه‌ته‌ی (ئاو) گه‌یشتووه‌.
له‌ماڵه‌ شوشه‌ییه‌كه‌ی خۆم دانانیشم،
روبه‌ڕو له‌گه‌ڵ ئاوێنه‌دا قسه‌ ناكه‌م
له‌جۆگه‌له‌كان ئاو ناخۆمه‌وه‌
نه‌بادا شوشه‌و ئاوێنه‌‌و جۆگه‌له‌
(خۆم)نیشانی(خۆم)بده‌ن
نه‌بادا ،دارسنه‌وبه‌ره‌ سپیه‌كانی قژ ده‌ربكه‌وێ‌و
هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵای ده‌ستم ببینم
ئه‌م پایزه‌ نه‌فره‌تیه‌ ،
به‌خۆی‌و حیكایه‌ته‌ خه‌ته‌ره‌كانیه‌وه‌،
ده‌یه‌وێت له‌ناو شاباڵی جێگادا من نه‌خه‌وم ‌و
سه‌یری قه‌تاره‌ی كاروانی چركه‌یه‌ك بم
له‌قه‌ده‌ری تێپه‌ڕینی ته‌مه‌ن‌و
بچووك بوونه‌وه‌ی خه‌وندا ،خۆم بخه‌وم.
ئیدی منیش ئه‌ی پیربوون رێگاناده‌م تۆ بگه‌ی،
له‌وه‌ زیاتر په‌نجه‌ره‌كان بۆتۆ ناكرێته‌وه‌،
ده‌رگاكان ناخرێنه‌ سه‌ر گازه‌ڵای پشت،
ئیدی له‌تۆ ، نه‌ حوزنم ده‌ویًَ و نه‌خه‌ون
بڕۆ پیربوون جارێكی تر
سه‌رنه‌كه‌ی به‌ كۆڵانه‌كانی جه‌سته‌مدا
ا

پیته‌كانی وه‌رزی پاییز

ئافات تێپه‌ڕی‌و نایه‌ته‌وه‌،
له‌گه‌ڵ گه‌ڵاكانی ئه‌م وه‌رزه‌ دا
به‌قوڵایی ره‌شه‌بادا رۆچوو..
ئافات نه‌یهێشت،
ئاو ئه‌م وه‌رزه‌ دره‌خت بنوسێته‌وه‌..
رێگه‌ی نه‌دا،
باران به‌ده‌سته‌ میهره‌بانه‌كانی خۆی
ته‌وقه‌یه‌كی ته‌ڕ له‌گه‌ڵ زه‌وی بكات.
هێشتا په‌ڕه‌كانی ئه‌م چیرۆكه‌ ،
به‌ئاوی چاوم ته‌ڕنه‌ببوون
كه‌نهێنی یارییه‌كانی كاغه‌ز پێی ووتم :
(ئه‌م وه‌رزه‌ سامناكه‌ یه‌كێك وون ده‌بێ)
نه‌مزانی ئه‌وه‌ی وون ده‌بێت (منم) یان باران
من لێره‌م …
له‌ نێو چرای هێلانه‌ی ووشه‌دام،
له‌ نێو دره‌ختی میهره‌بانی باڵنده‌و
له‌ نێو پریاسكه‌ی (نامرێ)‌و
له‌ژێر سێبه‌ری (نواڵه‌)دام
من لێره‌م،
پادشای نێو حیكایه‌ته‌كان نایه‌ڵێ وون ببم
كه‌چی ئاو له‌ هیچ ووڵاتێكه‌وه‌ دیارنیه‌
چاوێكم لای باكوور داناوه‌و
چاوه‌كه‌ی تریشم لای باشوور
ئاوێنه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر رۆژهه‌ڵات‌و
ئاوێنه‌یه‌كیش له‌ ده‌روازه‌ی رۆژئاوا
كه‌چی نه‌چاوم ئاو ده‌بینێ‌و
نه‌ئاویش له‌ ئاوێنه‌كه‌وه‌ خۆی لێ دیاره‌؟
شه‌كه‌ت‌و ماندووبووم
به‌ قوڵایی زه‌ریادا گه‌ڕام
به‌به‌رزایی تاڤگه‌كاندا سه‌ركه‌وتم
به‌درێژایی بیابان‌و پێده‌شته‌كاندا
عه‌وداڵی بووم.
هه‌ر دیارنییه‌و پێده‌چێت وون بووبێ.
له‌و ده‌شته‌ ووشكه‌ی شاره‌زوور،
كێوێكی بڵندی تینوو هات‌و
لێی پرسیم ؟
(ژنێك ئه‌گه‌ر سه‌راب نه‌بێ
چۆن ده‌توانێ له‌و بیابانه‌ تینووه‌ی من
به‌ پێی په‌تی به‌دوای وه‌ریندا بگه‌ڕێ )
بگه‌ڕێوه‌…
ئائه‌و تووله‌ رێیه‌ی ده‌یبینی،
ووشه‌كانی خۆته‌ كه‌وتووه‌
مرواری شعره‌كانی خۆته‌ هه‌ڵوه‌ریووه‌
كۆیان بكه‌وه‌
من ده‌زانم،
ژنه‌ به‌فرێكی وه‌ك تۆو
كچه‌ بارانێكی وه‌ك ئاو
ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك خێڵی پاكیزه‌یی
بگه‌ڕێوه‌..
ده‌نك به‌ده‌نكی مرواری ووشه‌كانت كۆبكه‌وه‌و
له‌ نێو جومله‌ی شعره‌كانتا بۆ ئاو بگه‌ڕێ,
ئاله‌و ساته‌ خواوه‌ند زوویر بوو,
چیا بووه‌ دوو كه‌رت,
ئاسمان گریاو
ئاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ به‌هه‌ناسه‌ بڕكێ هات
به‌ قوڵایی بیابانه‌كاندا روانیم،
به‌درێژایی ده‌ریاكاندا سه‌یرمده‌كرد
ئاو، كه‌شتییه‌ك له‌ پاكیزه‌یی
له‌سه‌ر سه‌ری خۆی دانابوو
به‌ هێمنی جارجاره‌ سه‌ری هه‌ڵده‌بڕی‌و
به‌تكاوه‌ پێكێكی خۆی بۆ زه‌وی تێده‌كرد
ئاخر ئاو،
هه‌رگیز نایه‌وێ دوا بكه‌وێ،
قه‌د حه‌زناكات
من‌و ئاوێنه‌‌و زه‌وی لێی زوویر بین
چۆن رێ ده‌دات،
زه‌وی له‌ تینوانا بمرێ‌و
مه‌ستی له‌و جه‌نجاڵه‌دا وون بكا،
دره‌خت له‌ عه‌شقیدا بوه‌رێ‌و
ده‌ریاش له‌ بێكه‌سیدا ووشك.
ئیدی نابێ جارێكی تر
من‌و ئاو،
ئاو‌و،زه‌وی
زه‌وی‌و ژن
ژن‌و شعر، لێك وون ببین
ئیدی نابێ، له‌ نێو رسته‌كانی داهاتوودا،
ئاو بێ شوێن بێ‌و
له‌ نێو تێكسته‌كانی رابردوودا،
بێ مێژوو بێ…..
ئێستا، من‌و ئاو لێك ده‌چین !
له‌به‌رده‌می ئاوێنه‌یه‌كدا وه‌ستاوین،
ئافات ناتوانێ زه‌فه‌رمان پێ ببات،
ره‌شه‌با ناتوانێ رێمان لێ وون بكات،
كه‌س ناتوانێ‌ كاكێشانی ئه‌و وه‌رزه‌ بشێوێنێ‌.
ئای چ وه‌رزێكی سه‌خته‌!
چ بیابانێكی ره‌زا قورسه‌،
ده‌ته‌وێ له‌ هه‌ر كه‌نارێك بپرسی (ئاو) ده‌ناسی
خۆی له‌ تینوویه‌تیدا ووشك بووه‌.
له‌هه‌ر باڵنده‌یه‌ك پرسیار بكه‌ی
خۆی له‌حه‌ژمه‌ت چاوه‌ڕوانی
دڵۆپه‌كانی ووشك بووه‌.
ئافات، ئه‌م وه‌رزه‌ی برده‌ قوڵایی به‌رده‌وه‌
ئاخر ئه‌گه‌ر
به‌ قوڵایی شابه‌رێكدا وون نه‌بووبێ‌و
به‌نێو هه‌ناسه‌كانی كێوێكدا رۆنه‌چووبێ، بۆ زیز ده‌بێ…..
هێشتا پووشی هێلانه‌كه‌م له‌ ده‌مما بوو،
به‌ردێكی چڵكنی بیابان پێی ووتم:
سه‌رده‌مێكه‌،
له‌ خه‌ونیشدا ره‌نگ‌و رووخساری بارین‌و
قیژه‌ی هه‌ورو
زریكه‌ی ئاسمانم نه‌بینیووه‌‌و نه‌بیستووه‌
به‌ ئه‌سپایی ئه‌و پێی ووتم:
سێ ئه‌فسانه‌ به‌ تۆ ده‌ڵێم:
تا به‌رێبواره‌ تینووه‌كانی ئه‌ورێگه‌یه‌ی بڵێی
یه‌كه‌میان
(ئه‌گه‌ر چیایه‌ك بوو به‌دووكه‌رت،
به‌شێكیان ده‌بێته‌
كێلی گۆڕێكی زه‌وی‌و
ئه‌وی تریان به‌دڵی ئاسمان.
له‌ نێو ئه‌و دوو تاشه‌به‌رده‌
ره‌زا قورسه‌
كانیه‌كی خنجیله‌ی وورد سه‌رده‌ردێنێ)
دووه‌میان
ئاسمان ره‌نگه‌ به‌م زووانه‌،
بۆ وه‌رینی گه‌ڵاكانی
هێنده‌ بگری.
هه‌رچی كانی بیمار هه‌یه‌،
هه‌رچی ده‌ریای ووشك هه‌یه‌،
چه‌نده‌ زه‌ریای تینوو هه‌یه‌،
پڕبن له‌ ئاو…
سێیه‌میان
ئه‌گه‌ر شه‌یتان زه‌وی تێكدا
ره‌نگه‌ خواوه‌ند تفێك هه‌ڵدا
هه‌رچی زه‌وی تینوو هه‌یه‌،
پڕبێ له‌ئاو………
له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ فێربووین،
وه‌رین ناتوانێ بارین یاساغ بكات.
چونكه‌ ئێمه‌ بێ یه‌ك ناژین،
ئێمه‌ هه‌ردووك ده‌چینه‌وه‌
سه‌ریه‌ك خێڵی پاكیزه‌یی،
به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ نێو دارستانه‌ ته‌ڕه‌كان،
پیاسه‌یه‌ك بۆ ژیان ده‌كه‌ین
له‌سه‌ر قه‌دی دره‌خته‌ باڵابه‌رزه‌كان ده‌نووسین:
"ئێمه‌ ژیانمان خۆش ده‌وێ،
جارێكی تر له‌ بیابانی ووشكی مندا
له‌ نێو دونیای تینووی شاردا
قه‌د وون نابین..
له‌نێو رسته‌ی خۆمان ده‌بین
له‌ ئاوێنه‌ی بێگه‌ردیشدا
یه‌كتری ده‌ناسینه‌وه‌..
له‌ناو هێلانه‌ی خۆماندا
له‌ناو ئه‌م دارستانه‌ ته‌ڕه‌دا
به‌رده‌وام هه‌ین".

(ی)
یارانی من باران دره‌نگ هات،
پێده‌چوو شه‌قامه‌كانی ئاسمان،
له‌به‌ر پیاسه‌ی روحیانه‌تی عاشقه‌كان به‌رنه‌كه‌وێ‌.
له‌سه‌ر لووتكه‌ی هه‌ناسه‌ی دڵم،
له‌ نێوانی زه‌وی‌و ئاسمان
چاوه‌كانمان سوركردوه‌و وه‌كو فه‌رش رامان خستووه‌،
په‌نجه‌ره‌كانی دڵمان،
به‌رامبه‌ر قیبله‌ی وه‌رین كردۆته‌وه‌.
چه‌پكێك گوڵی چاوه‌ڕوانی ‌و
باقه‌یه‌ك دره‌ختی تامه‌زرۆیی
له‌ رێگه‌كه‌ دانراون..
باڵنده‌كانی دارستان،
مارشی تێنوویه‌تی ده‌ڵێن‌و
هه‌تاو خۆی ده‌خاته‌ ژێر پێخه‌فی هه‌وره‌وه‌..
باران نه‌هات!
وا پێده‌چێ له‌به‌رده‌می ئاوێنه‌دا،
دۆش دامابێ‌‌وتا قه‌شه‌نگ بێت،
هه‌رچی مرواریی مێژوو هه‌یه‌
له‌ نێو نمه‌كانی خۆیدا هه‌ڵیواسێ…
له‌و رۆژده‌ا ژنێكی پیری دنیا دیده‌،
تازه‌ له‌ چیای چاوه‌ڕوانی گه‌ڕابۆوه‌.
هاواری كرد:
له‌وه‌ته‌ی باران هه‌یه‌ هه‌روایه‌!
هه‌ركاتێك دره‌نگ گه‌یشته‌ زه‌وی
بزانن سترانی نیه‌ بۆ ووتن..
ئاخر وایه‌!
ئه‌و، راست ده‌كات
به‌بێ ده‌نگی نایه‌وێت ببارێ
به‌بێ هه‌ورو ،به‌بێ تریشقه‌و
به‌بێ نه‌غمه‌و، به‌بێ ستران
چۆن ده‌یه‌وێ دڵۆپه‌كانی بگاته‌ دڵی زه‌وی
چۆن ده‌یه‌وێ پیانۆی
ره‌عده‌كان بێ ده‌نگ بێ…
باران ئه‌م وه‌رزه‌ تاقه‌تی چووه‌ له‌بارین!
ئه‌گه‌ر نه‌یه‌ت،
من ناچارم چاوه‌كانم هه‌ڵگرمه‌وه‌و خۆم ببارم،
به‌بێ بارین
من و زه‌وی ناتوانین بژین..
ئاخر ئێمه‌ گه‌ر ئولفه‌تمان به‌ته‌ڕبوونه‌وه‌ گرتبێ،
چۆن ده‌توانین؟
له‌و بیابانه‌ رق ئه‌ستورو
له‌سه‌ر ئه‌و لووتكه‌ ووشكه‌دا
بێ ئه‌و بژین..
من ده‌زانم هه‌رده‌بارێ،
ئێستاش نه‌بێ، تاوێكی تر
له‌ماڵه‌كه‌ی خواوه‌نده‌وه‌
نمه‌كانی فڕێ ده‌داو
خۆی ده‌بارێ.
من ده‌زانم ئه‌و ناتوانێ هه‌تا دره‌نگێ،
له‌ناو هێلانه‌یه‌كی چۆڵ‌و بێ ده‌نگ
خۆی راگرێ
هه‌روابووه‌، ئه‌م ئێواره‌ش گه‌ر رێی گۆڕی،
سبه‌ی هه‌ردێ
ئه‌و ناتوانێ، به‌بێ زه‌وی‌و
لووتكه‌و به‌ردوو
بیابان ‌و دره‌خته‌كان
له‌لای خاكی ئه‌سپی بۆراق خۆی رابگرێ..
ئه‌گه‌ر باران گه‌یشته‌ ئێره‌،
من پێی ده‌ڵێم:
جارێكی تر خۆت وون مه‌كه‌











په‌نجه‌ره‌ له‌ ئه‌فسانه‌ داده‌خه‌م

ئه‌فسانه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌،
په‌نجه‌ره‌ هه‌رگیز ئازاری هه‌تاو نادات.
چرا، قه‌د په‌روانه‌ له‌نێو جه‌هه‌نه‌می خۆی ناسووتێنێ‌و
ده‌یخاته‌ به‌هه‌شتی خۆیه‌وه‌
به‌پێی حیكایه‌تی ئه‌فسانه‌ بێت،
(ژن‌و چراو په‌نجه‌ره‌) له‌یه‌ك ده‌چن.
یه‌كه‌میان ئامێزی بۆ منداڵ جه‌ننه‌ته‌و
دووه‌میان بۆ په‌روانه‌ سێبه‌رو
سێیه‌میان بۆ هه‌تاو خه‌ونه‌ شارێكه‌ له‌ رووناكی.
ئه‌فسانه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌:
پێویسته‌ مرۆڤ، حیكمه‌ته‌كانی ئه‌فسانه‌ تێبگاو
له‌چراوه‌، هه‌رچی په‌روانه‌ی عاشق هه‌یه‌،
بیانخه‌ینه‌ نێو مۆزه‌خانه‌ی چاومانه‌وه‌…
له‌هه‌تاویشه‌وه‌ ئاشنا بین،
هه‌رچی په‌نجه‌ره‌ی دونیا هه‌یه‌،
بیكه‌ینه‌ مه‌عشوقی رووناكی خۆمان…
له‌ژنیشه‌وه‌ تێبگه‌ین،
منداڵ له‌باڵه‌خانه‌كانی دڵدایه‌و
له‌و دڵه‌ بچكۆله‌ی ژندا ده‌ژی‌و
له‌وێدا بۆ ئه‌به‌د ده‌مێنێته‌وه‌….
یه‌كه‌م ئایه‌تی ئه‌فسانه‌،
به‌حونجه‌یه‌كی جه‌هه‌ننه‌می خوێنرایه‌وه‌،
كلوه‌ رسته‌كانیان به‌زریكه‌ ده‌خسته‌ گوێمه‌وه‌:
"ئه‌ی ئاده‌میه‌ نه‌خۆشه‌كه‌،
وه‌ره‌ناو حیكایه‌ته‌كانی هه‌تاو.
ئه‌ی ژنه‌ شاعیره‌ی دڵشكاو،
سه‌رێك بده‌ له‌په‌رستگای چراو
پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ په‌روانه‌دا بكه‌…
تۆ ده‌زانی،
ئه‌ی ژنه‌ ره‌نگ زه‌رده‌كه‌ی پایز،
تۆو ئه‌فسانه‌ له‌یه‌ك ناچن،
تۆ، په‌ڕه‌سێلكه‌كانی مه‌رگ
هێلانه‌ له‌ماڵی ڕوحتدا چێ ده‌كه‌ن،
ئه‌فسانه‌ش جێگایه‌كی نیه‌ بۆ هێلانه‌".
من هه‌رگیز به‌ ئه‌فسانه‌ رازی نابم،
گه‌رچی ئه‌و وه‌رزێكی ته‌مه‌نمی دزی،
درامایه‌ك له‌ میهره‌بانی به‌ند كردم،
ته‌مه‌نێك تریقه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد.
رازی نابم‌و هاتوومه‌وه‌…
ئیدی له‌ووڵاتی درۆو ده‌له‌سه‌كانی تۆ ناژیم،
مادام هه‌نارو سێبه‌رو گوڵ نه‌بوو
مادام دره‌خت‌و به‌هه‌شت‌و ئاو نه‌بوو
من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ رووناكی
ئاخر نابێ ،چی بكه‌م له‌وێ؟
چۆن ده‌بێ من نه‌مربم‌و
سێبه‌رو گوڵ‌و ئاو بمرن….
ئیتر ناگه‌ڕێمه‌وه‌ لای ئه‌فسانه‌
گوێ له‌ قسه‌ بێ سووده‌كانی ناگرم،
نه‌مریی بۆ من له‌ رسته‌یه‌كدا جێی نابێته‌وه‌،
نه‌مریی وانه‌یه‌كی بێ واتا ده‌رده‌چێ،
ئاخر چۆن نه‌مری مانای ده‌بێ
ئه‌گه‌ر ژیان به‌ئاسمان‌و ئه‌ستێره‌كانه‌وه‌ بمرن…
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌و گوێشت لێ ناگرم،
من نامه‌وێ هه‌تا ئه‌به‌د دۆسته‌كانم
ته‌نیا هه‌تاوو په‌نجه‌ره‌‌و
په‌روانه‌و چرابن….
ده‌مه‌وێ پایزه‌ جوانه‌كانی پارو
به‌هاره‌ پڕ تریقه‌كانم له‌ده‌ست نه‌چێ….
نامه‌وێ هاوینی توڕه‌و
زستانی خه‌مناكم لێ وون بێت
ئه‌فسانه‌ لێم گه‌ڕێ….
من خورافه‌ی حیكایه‌ته‌كانی تۆم بیرچۆته‌وه‌،
له‌ده‌ست قه‌هری پاڵه‌وانه‌ خه‌یاڵیه‌كانت رزگارم بوو،
من ژنم‌و ئه‌فسانه‌ له‌ تۆنیم
لێم گه‌ڕێ
ئیتر زینی ئه‌سپی جه‌سه‌ته‌م،
جه‌نگاوه‌ره‌ عاشقه‌كه‌ی دڵم
تاوی ده‌دات
نه‌فره‌ت له‌ تۆ ئه‌فسانه‌
وه‌رزێكت له‌ئازار،
له‌ نه‌خۆشی
له‌ حوزن،
له‌ترس پێبه‌خشیم
من چیترچرای ماڵه‌كه‌م ناگۆڕمه‌وه‌
به‌هه‌تاوو رووناكی تۆ
چیتر ژیانم سه‌ودا به‌خه‌یاڵی
تۆ ناكات.
نه‌فره‌ت له‌ تۆ ئه‌فسانه‌،
ئه‌مجاره‌ش خه‌وم لێ سه‌ندیه‌وه‌و
ئیتر رێگه‌ ناده‌م،
هیچم لێ زه‌وت بكه‌یت .


بۆ دوا هه‌ناسه‌كانی ژنه‌ سه‌ر سپیه‌كه‌
وه‌ك به‌فر كاكۆڵی سپیت
بارانده‌نێو
دنیا بچكۆله‌كه‌ی تابووته‌وه‌و
گۆڕێكت پڕكرد ،له‌ نوری سپی
له‌میهری سپی،
وه‌ك نه‌یزه‌كێك كشایت‌و
خۆت خسته‌ باوه‌شی خاك‌و
هه‌ناوی زه‌وییه‌وه‌
كانی ئاسا به‌سه‌ر لێوه‌كانی خاكدا
سه‌قه‌رت كردوو،دوا مه‌نزڵت
رووبار باوه‌شی بۆ كردییه‌وه‌و ده‌ریا
له‌ ئامێزی گرتی‌و
زه‌ریاش له‌ نێو قوڵایی رۆحیدا
به‌هه‌شتێكی بچووكی حسته‌ ژێر پێت
ئه‌ی ژنه‌ سه‌ر سپیه‌كه‌
وه‌ك به‌فر
قژه‌ سپیه‌كانت كۆكه‌ره‌وه‌و
وه‌ك نوور
به‌سه‌ر شه‌قامه‌ جه‌نجاڵه‌كان
ببه‌خشیه‌وه‌
وه‌ك كۆتر، به‌ده‌نووك هه‌ناسه‌كانی
ژیان
هه‌ڵگره‌و بیخه‌ره‌ به‌رده‌م بێچووه‌كانی
كاروانی ژینه‌وه‌
ئه‌ی ژنه‌ سه‌ر سپیه‌كه‌
بۆ رۆیشتی كه‌ده‌شڕۆی جار جار
له‌ نێو دووكه‌ڵی جگه‌ره‌كانی قه‌ڵاوه‌و
له‌ مناره‌ی مزگه‌وتی نێوان دووزێ‌و
له‌ مه‌ندیلی سنه‌وبه‌رێكی نورانی‌و
له‌ باوه‌شێكی پڕمیهرو
له‌ ئامێزێكی پڕ به‌فر بڕوانه‌،
تۆ ده‌زانی ،ئێستاو سبه‌ینێش
هه‌ناره‌كانی سه‌ر گۆڕه‌كه‌ت
كلو،كلو به‌فر ده‌گرن
ئه‌ی سپی تر له‌به‌فرو
جوانتر له‌ هه‌ناسه‌كانی هه‌تاو
به‌رێگاكاندا جارێك سه‌فه‌ر بكه‌و
بگه‌ڕێوه‌ بۆ نێو باوه‌شی ماڵ‌و
بۆ نێو هێلانه‌ی ئه‌وین

جه‌نگ

ئه‌م زه‌مه‌نه‌
زه‌مه‌نی گیانه‌ڵاو ئاواره‌بوونه‌
زه‌مه‌نی خه‌نده‌و قاقاو پێكه‌نینی
پێكی شه‌رابی دوژمنه‌
گلانی شاباڵی ئه‌و شۆڕه‌ سوارانه‌یه‌
كه‌ ته‌لیسمی دڕكاویان هه‌ڵده‌ته‌كاند
مه‌رگی له‌ناكاوی ئه‌و په‌پولانه‌یه‌
كه‌شیله‌ی گوڵانیان هه‌ڵده‌مژی
جه‌نگ..
ئه‌ی گه‌وره‌ترین دوژمنی
به‌خته‌وه‌ری ئاده‌م
ئه‌ی بزه‌ تۆراوه‌كه‌ی
سه‌ر رێگه‌ی كۆچبه‌ره‌ خه‌مباره‌كان
جه‌نگ داستانی جوانیت نه‌غرۆ كردین
جیهانه‌ ئه‌فسووناویه‌كه‌ت رووه‌و
مه‌رگ راپێچ كردین
كاتێ گوڵه‌كانی ئاشتی
چاوه‌ڕێی ماره‌كردن بوون
نهێنیه‌ شاراوه‌كان، رازو نیازه‌كانت
له‌به‌رده‌م لێواری مه‌رگدا هه‌ڵووشی
جه‌نگ بڕۆ خوات له‌گه‌ڵ
ئێمه‌ شه‌یدای ئه‌و تیشكه‌ زێڕینه‌ین
كه‌ماچی گوڵ بكات
خولیای لێدانی ئه‌و شمشاڵه‌ین
كه‌سنگمان جۆش بدات
مناڵانمان چاوه‌ڕێن
چاوه‌كانیان له‌به‌رده‌م په‌لكه‌زێڕینه‌ی
دوای باراندا هه‌تاو ده‌ركات
بابه‌س له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌ی دڵی
دایكی شه‌هیدێكدا سه‌ما بكات.


ده‌رۆزه‌كه‌ر
پێشكه‌شه‌ به‌و پیاوه‌ هه‌ژاره‌ی له‌سه‌ر رێگه‌ی
كاره‌كه‌مدا هه‌موو به‌یانیان ده‌یبینم

1
له‌گه‌ڵ به‌فر نه‌باریووی
بۆچی په‌یكه‌رت له‌به‌فره‌
له‌گه‌ڵ هه‌تاودا نه‌هاتووی
تۆ جه‌سته‌یه‌كی سوتاوی، نێو ئاگری
كام پێنووسه‌ ئه‌م دێڕه‌ی له‌نێو چاونتدا
نووسی‌و پێی ووتی :
(( میوانی )) ((راسته‌ شه‌قامه‌كان به‌))
2
كام ئاوازه‌ هه‌ڵده‌بژێری
ده‌نگی ترپه‌ی پێی مرۆڤه‌كانی سه‌ر رێگه‌
یاخشپه‌ی ئه‌و گه‌ڵا پایزانه‌ی
داده‌بارن به‌سه‌رتدا
یاته‌قه‌ی ئه‌و دینارانه‌ی
وه‌كوو زه‌نگ داتده‌چڵه‌كێنێ
3
سه‌ر هه‌ڵمه‌بڕه‌
با ئه‌و نیگا كزانه‌ت به‌دی نه‌كه‌م
كێ تاوانباره‌ له‌ئاستی تۆ
شه‌وگار، یارۆژگار
شه‌ڕ، یائاشتی
ئێمه‌ ، یاتۆ
4
من ده‌زانم تۆ هه‌موو كاتێ
سه‌رخۆشیت‌و له‌گوناهه‌كانی زه‌مه‌ن ده‌خۆیته‌وه‌
بۆیه‌ له‌چاوی تۆدا
گوڵێك نه‌ماوه‌ بۆ بۆن كردن
كاتێك نه‌ماوه‌ یۆ شكاندنی تینوێتیت .
5
نه‌ له‌نهێنی ده‌ریا ده‌گه‌یت
تا حه‌ز بكه‌یت مه‌له‌ی تیا بكه‌یت
نه‌ له‌نهێنی سه‌رو قژی دره‌خته‌كان
تا له‌ژێریا پشوو بده‌ی
ته‌نیا له‌دڵی پیاوه‌ گه‌وره‌كان تێده‌گه‌یت
ئه‌و پیاوانه‌ی حه‌زیان له‌تۆ گه‌وره‌تره‌
گیرفانیان له‌تۆ پڕتره‌
به‌ڵام ناخت له‌وان ئاسووده‌تر.
6
كه‌سی وه‌ك تۆ
له‌مانای بێ مانای ژیان تێناگات
بۆیه‌ په‌نجه‌ره‌كانی ئومێدوو
ده‌رگاكانی حه‌زت داخستن
خۆت ته‌سلیمی
دۆزه‌خه‌ جه‌نجاڵه‌كان كرد
7
تۆ په‌یكه‌رێكی راسته‌ شه‌قامه‌كانی،
به‌ڵام په‌یكه‌رێكی بێ ئاو
تۆ تابلۆیه‌كی دیواره‌كانی
به‌ڵام تابلۆیه‌كی شێواو
تابلۆیه‌ك نمه‌ باران
ته‌ڕی كردبێ‌و
هه‌موو ره‌نگه‌كان تێكه‌ڵ بێ !

ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بۆ دوێنێ
1
له‌باوه‌شی چیاكاندا
خه‌مه‌كان ئاوێزان ده‌بوون
نیشتیمانم دوو هه‌وێ بوون
له‌چاوی پیاوێك رامابوون
گیانی ئێمه‌ش
وه‌ك دره‌خته‌كانی پایز
ره‌شه‌با ره‌نگی راماڵی‌و
رووت بووینه‌وه‌ !
2
باڵدار نه‌بووین باڵمان گرت‌و
چه‌شنی پاساریه‌ كۆچه‌ره‌كان
كۆچه‌كانمان رووه‌و كوێستان ده‌سپێكردو
خۆمان ونكرد، خاكمان ونكرد
ناونیشانمان ونكرد
3
روخسارم به‌فرمێسكه‌كانی دایكم و
ئاهی ئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌م ته‌ڕكرد
بومه‌ باڵدار به‌سه‌ر خه‌مه‌ وه‌نه‌وشه‌ییه‌كانه‌وه‌
گوزه‌رم كرد
وشه‌كان وه‌ك دوو په‌ڕه‌سێلكه‌ی ته‌زیو
ده‌كه‌وتن‌و هه‌ڵده‌ستانه‌وه‌
له‌ نێوانی دڵی من‌و خاكه‌ به‌جێماوه‌كه‌مدا
شتێك نه‌ما بۆ سه‌بوری
4
هه‌ناسه‌ت بۆ كردمه‌ چه‌تر
ڕێگه‌ت نه‌دا ده‌سته‌كانی
ته‌رزه‌و باران بگاته‌ دڵم‌و
شكۆفه‌ی حه‌زم هه‌ڵوه‌رێ‌
5
به‌مه‌قه‌ستی په‌نجه‌كانم
تاڵێ له‌ قژتم بڕی
بۆ ئه‌وه‌ی نێرگزه‌كانی ته‌مه‌نمی
پێببه‌ستم
تا ته‌مه‌نی منیش وه‌ك تۆ بۆمنداڵی بگه‌ڕێته‌وه‌
6
ئه‌و گه‌ڵاو گوڵانه‌ی له‌ هه‌رزه‌كاریمدا
هه‌ڵم گرتبوون بوون به‌قه‌تره‌یه‌ك ئاو
به‌ گۆڕستانی غوربه‌تدا شۆڕبونه‌وه‌
7
زوو پێم ووتی:
سه‌رت بنێ به‌سنگمه‌وه‌
با ئاوازه‌كانی ده‌رونمان تێكه‌ڵاوكه‌ین
با به‌چاو بۆ یه‌كدی بدوێین
من ناتوانم به‌زمانی عاشق بۆت بدوێم
له‌م وڵاته‌ هه‌موو شتێ ئاساییه‌
ته‌نها خۆشه‌ویستی نه‌بێ !
8
به‌لاولاوی كوێستانه‌كانم ووت
كه‌ به‌باڵای دارچناره‌كاندا هه‌ڵزنابوون
بۆ حه‌ز ده‌كه‌ن هێنده‌ باڵاتان به‌رز بێ
9
پایز هه‌نگاوه‌كانی نا
گه‌ڵاكانیش به‌سه‌ر روخساری زه‌ویدا داده‌بارن
گه‌ڵارێزانی من‌و تۆش ده‌ستی پێكرد
دره‌خته‌كان گه‌ڵاكانیان وه‌راندن‌و
لێوه‌كانی من ماچ
ئه‌وان بۆ سه‌ر سنگی زه‌وی
من بۆ نیگای سیحراوی تۆ
10
كه‌ گوێمان له‌ كاسێته‌كه‌ گرت
هیچ كام له‌ ئاوازه‌كان
خه‌مه‌كانیان نه‌گرتمه‌ خۆ
یادگارییه‌ سه‌وزه‌كانت دامێ‌
بوو به‌نێرگز له‌ئه‌لبومی سه‌روه‌ریمدا
وشه‌ ئارامه‌كانتم له‌ده‌فته‌ری ڕۆحما نوسیه‌وه‌
11
چه‌ند بۆن خۆش بوون
ئه‌و گوڵانه‌ی دات له‌ قژم
پێشت ووتم:
ئه‌م عه‌شقه‌ی ئێمه‌ گۆرانییه‌
غه‌مباره‌كان ناگرنه‌ خۆ
چه‌ند پیرۆز بوون ئه‌و وشانه‌ی
به‌ گوێتدا چرپاندم‌و ووتت:
ئێمه‌ وه‌كو په‌شمه‌ك واین
كه‌ گه‌یشتینه‌ ناو ده‌می یه‌كتریه‌وه‌
ناتوانین تامی یه‌كتركه‌ین ده‌توێنه‌وه‌

شاری شه‌هید

له‌ لوتكه‌ی ئه‌م چیایانه‌ خوێن ده‌چۆڕێ
له‌ بناری ئه‌و زامانه‌ ئازار ده‌دوێ‌
ئه‌مه‌ شاری خه‌م و فرمێسك و گریانه‌
ئه‌مه‌ شاری ئه‌وین‌و به‌هارو ژانه‌
***
ده‌یان ساڵه‌ له‌ پاڵ لوتكه‌ی ئه‌م هه‌واره‌
خوێنی سه‌دانم ڕژاوه‌
له‌ هه‌یوانی هه‌موو ماڵێكی ئه‌م شاره‌
گۆرانی ئه‌وین تۆراوه‌
***
خوێنی منداڵانی ئێمه‌
شمشێری ڕه‌شی ئه‌ژدیها
رژاندییه‌ سه‌ر خاكی سروشت
خه‌نده‌ی پڕ نازی ئه‌م شاره‌ی
به‌ چه‌قۆی نه‌فرینه‌وه‌ كوشت
***
ده‌با هه‌نگاو له‌ناو جه‌رگه‌ی
نیوه‌ شه‌ودا هه‌ر باڵا بێ
با گۆرانی وێردی زمان
با سرودی قاره‌مانی
ببێته‌ ئاسۆی مل نه‌دان
***
با گشت ڕابین
با مارشی چاوه‌ڕوانی
بانگی سه‌ركه‌وتن هه‌ڵبدا
با ڕقی پیرۆزی گه‌لم
پاشماوه‌ی ئازارو زام‌و
خه‌می چه‌ند ساڵی تۆڕبدا
تا له‌باوه‌شی شادیدا
هه‌موو ده‌ستی شایی بگرین
به‌یه‌كه‌وه‌ دوا فرمێسكی
چاوی دایكی شه‌هید بسڕین


له‌ ژێر تریفه‌ی مانگه‌شه‌ودا

حه‌زه‌كانت وه‌ك ملوانكه‌ كرده‌ ملم‌و
ووتت وه‌ره‌ ده‌ست له‌ ملان به‌و
له‌ باوه‌شتا بملاوێنه‌
ووتم نابێ،
حه‌زو خۆشه‌ویستی من‌و تۆ
وه‌كو دوو هێڵی ته‌ریبه‌ وایه‌
ستوون ده‌بێ و به‌یه‌ك نابێ؟

شه‌پۆله‌ سه‌رشێته‌كان

كه‌ ئه‌تبینم..
ئاسمانی نیگاكانی تۆ،
پڕ گه‌واڵه‌ هه‌وری ره‌شه‌و
بارانی خه‌م ده‌بارێنێ
ره‌شه‌بای ئازاره‌كانم
له‌به‌ر په‌ساری دڵمه‌وه‌ هه‌ڵده‌كات‌و
تارمایه‌كی ئێجگار ره‌ش
له‌ئامێزی خۆیا دێنێ
وه‌رزه‌كان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن
مه‌وسیمه‌كان ده‌كه‌ونه‌ سه‌ما
ئێواره‌ به‌هاریه‌كانم
لێ ده‌كاته‌ پایزێكی ره‌نگ زه‌ردوو
خه‌زانی خه‌م لق‌و پۆپی
نێرگزه‌كانی ته‌مه‌نم‌و
مێلاقه‌ی دڵم ده‌وه‌رێنێ
كه‌ئه‌تبینم
تۆبه‌ندییه‌كی به‌ریئی‌و
پاسه‌وانێكی بێویژدان
ده‌روازی ده‌مت كڵوم ده‌دا
بۆمرۆڤه‌ ده‌روون نه‌خۆشه‌كان
خه‌نده‌ی لێوه‌كانت ده‌با
ده‌مم ده‌بێته‌
ده‌می موردێكی به‌رخانه‌قاو
وێردوو نزا بۆتۆده‌كا
بابه‌س بێت به‌س
تاڵ‌وتفتی نیگا كاڵبووه‌كان
تاكه‌ی هه‌وارگه‌كه‌ت
له‌بیابانێكی بێڕه‌حما ئه‌خه‌ی
ناترسیت ئه‌م شه‌پۆله‌ سه‌رشێتانه‌
لاشه‌ی به‌ریئت وردوو خاش كه‌ن
ئای كه‌بێ به‌زییه‌ ئه‌و زه‌مه‌نه‌
ته‌نانه‌ت شه‌پۆله‌ ئاوییه‌كانیش
له‌موحیببه‌ت نازانن
ئه‌ترسم رۆژێ بێ له‌گه‌ڵ خۆیاندا
بۆگه‌رووی ماسیه‌ گه‌وره‌كانت به‌رن



ماڵئاوا

ماڵئاوا بارانه‌ په‌مه‌ییه‌كانی روح
شه‌پۆله‌ ئاوییه‌كانی ده‌ریای چاوم
نێرگزه‌ جاڕی به‌هاری ته‌مه‌ن ؟
ماڵئاوا
په‌لكه‌ زێڕینه‌ی دوای باران
خه‌ون‌و خۆشه‌ویستی كوێستان
ماڵئاوای
هه‌ناسه‌یه‌ك بوو له‌فه‌رهه‌نگی بیرمدا نه‌بوو
ئاوازێكی خه‌مناكی تۆمار نه‌كراوو بوو
به‌بیرت دێ
پێم ده‌ووتیت هه‌رگیز بێ یه‌كتر هه‌ڵناكه‌ین
ئه‌وكاتانه‌ی نیگاو تاسه‌ت
تێكه‌ڵاوی خه‌مم ده‌بوو
پێم ده‌ووتی ده‌بێت برۆم
ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆم نیگای پایز
به‌هاری ته‌مه‌نم ده‌دزێ
ئه‌گه‌ر نه‌رۆم
گوڵی ئومێدم ده‌ڕزێ
شه‌پۆلێكم ،له‌ناو ده‌ریای چاوه‌ڕوانی
هه‌رچه‌نده‌ ده‌ریاش به‌رین بێ
زۆر دڵنیام ده‌چمه‌ كه‌نار به‌ئاسانی.







نامرێی نه‌مر

لێم ده‌پرسن ناوت چیه‌؟
ده‌ڵێم نامرێ
پێده‌كه‌نن ده‌ڵێن سه‌یره‌ !
تۆ نامری ؟
پێمه‌كه‌نن سه‌یر نیه‌،به‌ڵێ نامرم
شاری قه‌ڵادزێی نه‌مرم
شاری داستانی خوێناوی‌و
به‌هار بزر
نیشتیمانه‌ شیرینه‌كه‌ی
(دایكه‌ گوڵه‌و محمود خدر)
شاره‌كه‌ی دووجار شه‌هیدم
چه‌ند جارێكیش بۆمباباران
هه‌زار جاریش زیندانی‌و له‌سێداره‌دان
به‌ڵام گه‌لۆ چاك بزانن
نه‌دره‌خت گه‌ڵاو لقی خۆی هه‌ڵوه‌راند
نه‌نێرگز سه‌ری نزم بوو
نه‌چیا بێ به‌فر مایه‌وه‌
نه‌باڵنده‌ له‌جریووه‌ كه‌وت
نه‌كه‌و له‌ره‌وه‌ز تۆراوه‌
نه‌دایكه‌ ئامینه‌ پیربووه‌
نه‌سنه‌وبه‌ریش گۆراوه‌
نه‌من له‌قه‌ڵادزێی شه‌هیدو نه‌ئه‌و له‌من
ئه‌ی دوژمنانی ووڵاته‌ شیرینه‌كه‌م
چاوه‌ڕێی مردنم مه‌كه‌ن
دڵنیابن ،قه‌ت نامرێ
لاشه‌ی خه‌بات‌و خوێنی من.

***
نامرێ ناوی شاری قه‌ڵادزێیه‌ ساڵی (572)پێش زاینه‌
**دیكه‌ گوڵه‌ و محمود خدر ،،دایك‌و كوڕ بوون دوای گولله‌ باران كردنیان
له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ له‌گۆڕستانی گردی سه‌یوان دۆزرانه‌وه‌.
**دایكه‌ ئامینه‌و خوشكه‌ سنه‌وبه‌ر له‌ رۆژی 24/4/1982 له‌شاری قه‌ڵادزێ له‌راپه‌رینه‌كه‌ شه‌هید كران.




له‌حزوری وه‌سێـت نامه‌یه‌كدا
بۆ ماملێ پێشكه‌شه‌

فریشته‌ به‌رئیه‌كانی جه‌نه‌ت به‌شه‌وق بوون
له‌حزوری دوا سه‌مای مه‌رگی تۆدا
نیگا سیحراویه‌ مه‌سته‌كانیش مۆله‌ق بوون
له‌روانینی رێچكه‌ی كاروانی ده‌نگت
نێرگزه‌ مه‌ست‌و بێداره‌كان
نمه‌ نمه‌ به‌سه‌ر باڵای مه‌وسیمی
ته‌رم رێزانتا وه‌رین‌و
بۆ هه‌تایه‌ش ماڵئاواییان
له‌میهری سروده‌ جاویدانیه‌كانت كرد
قه‌ندیل له‌حه‌زره‌ت سه‌دای
گۆرانیه‌ مه‌حزونه‌كه‌ی
(شه‌وه‌ دنیا وه‌كوو زوڵفت سیاپۆش)
مه‌ندیله‌ سپیه‌كه‌ی فڕێداو
شه‌ده‌كه‌ی تۆی له‌سه‌رنا
په‌پوله‌كان به‌ئه‌سه‌فه‌وه‌
له‌ئامێزی گوڵه‌كاندا ژاكان‌و
كه‌چی تۆ به‌ئه‌سپایی
له‌سێ به‌ری گۆرانیه‌كدا دوا پشووتداو
هه‌ناسه‌ت به‌سروشت سپارد
ئاله‌وچركه‌ ساته‌نامۆیه‌دا
فریشته‌یه‌ك به‌شه‌وقه‌وه‌
له‌غه‌یبه‌وه‌ هات‌و ووتی "
وه‌سیه‌ت نامه‌ی گۆرانیه‌ جاویدانیه‌كانی
(ماملێم)پێیه‌و بۆم هێناون
گوێی لێ بگرن
(ئه‌ی عه‌زیزان به‌ر له‌وه‌ی ماڵ ئاوایتان لێ بكه‌م)
به‌ره‌و عه‌ده‌م بكه‌ومه‌ رێ
به‌رله‌وه‌ی پریاسكه‌ی ده‌نگم له‌ كۆڵ بنێم
ئالێره‌وه‌ گوزه‌ر بكه‌م‌و
بگه‌مه‌ هه‌وێزێكی نوێ
وه‌سیه‌ت ده‌كه‌م
هه‌رگیز ده‌نگم له‌یاد نه‌كه‌ن
تا شادمان بم له‌ئامێزی گۆره‌كه‌مدا
خه‌و له‌چاوه‌كانم نه‌سره‌وێ .




نیگاكانت له‌ئه‌ستێره‌ ده‌چێ

تۆ له‌ رۆژانی به‌هاردا
له‌چاوی ئاسمانه‌وه‌ نم نم كه‌وتیه‌
ئامێزی نێرگزه‌وه‌و
نیگاكانت له‌ ئه‌ستێره‌ ده‌چێ
هه‌ناسه‌شت بۆنی مه‌ستی نێرگزو
چاوه‌كانت دوو عاشقی سه‌وز ....
من به‌هارو ئه‌ستێره‌م خۆش ده‌وێ
چونكه‌ تیشكه‌كانی ئاوێزانی
باڵام ده‌بێ
بۆیه‌ هه‌ر كاتێك پشووی ئه‌ستێره‌
كۆتایی دێ
من دێم تاكوو به‌ژن‌و باڵام
بۆنی نێرگز بكاو
به‌ره‌و رووت بێ ...















كیژێكی ده‌زگیران ئه‌نفالكراو


چه‌ند ساڵێكه‌ ،په‌رتوكێكی خۆشه‌ویستی،
ده‌تخوێنمه‌وه‌و لێت تێر نابم
په‌ره‌ په‌ره‌ ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریه‌كانت
هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌و سه‌ر له‌نوێ
ده‌ست پێده‌كه‌مه‌وه‌
چه‌ندان شه‌وه‌
خه‌وبینین پڕ له‌عه‌شق‌و ئه‌ڤین‌و
ده‌ست له‌ملانی
له‌خه‌به‌ر بوونه‌وه‌م بێزار ده‌بم
روخسارت پێشنگایه‌كه‌و
منیش بینه‌رێكی شێت
به‌دیار وێنه‌كانته‌وه‌ هه‌ندێ جار ده‌گریم‌و
هه‌ندێ جاریش پێده‌كه‌نم
بێ ده‌نگی به‌سه‌
وه‌ره‌ پێم بڵێ،گه‌ر له‌م جیهانی ونبونه‌دا
وه‌كوو فریشته‌یه‌ك
له‌ئاسمانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتیت‌و هاتیته‌وه‌
شه‌پۆلی حه‌زه‌ سه‌ر شێته‌كه‌م
ئامێز به‌ده‌ریای كام چاوتدا بكات
چاوی راستت ،یان چاوی چه‌پ
بیرت نه‌چێ ،
من كیژێكی رێواس چنم
ده‌ست‌و په‌نجه‌كانم قڵیشاوه‌
گه‌رهاتیه‌وه‌
زه‌وی ووشكه‌وه‌بووی گه‌روم
له‌سه‌رچاوه‌ی شیرینی لێوه‌كانت ته‌ڕكه‌م
یان له‌ رووباری گه‌ردنت
نیوه‌شه‌وه‌و گیانم وه‌كوو پشكۆی نێو ئاگردانی
سوپایه‌كی لادێ نشین ده‌سوتێ
شه‌خته‌و سه‌رماو كڕێوه‌یه‌
نم نمه‌ی بارانه‌كه‌ به‌په‌نجه‌ره‌ی
ژووره‌كه‌مدا دێته‌ خوارێ
ئه‌م بارانه‌ له‌بارانی چاوه‌كانی تۆ ده‌چێ
كه‌له‌ ژوانه‌كانمدا به‌سه‌ر لاشه‌مدا ده‌تباراند
من له‌گه‌ڵ ئه‌و بارانه‌دا بیرت ده‌كه‌م
ئێستا من كیژێكی گوندی
ده‌زگیران ئه‌نفالكراوم
له‌به‌رده‌رگاكه‌ت دانیشتووم
چاوه‌كانم له‌چاوی چاوه‌ڕوانیدا
بێزار نابن .هه‌ناسه‌كه‌ت ،پێكه‌نین‌و
ووشه‌و نیگاكانت .
زایه‌ڵه‌ی ده‌نگت
مۆسیقایه‌كی پڕ ئه‌ڤین و سۆزه‌ له‌ گوێچكه‌مدا
هه‌ست ده‌كه‌م زۆر دوریت
نا ...هه‌ست ده‌كه‌م زۆر دووریت
له‌گه‌ڵ خوێنمدا ،له‌گه‌ڵ گیانما
تێكه‌ڵاوی ‌و لێم جیانابیته‌وه‌
پێم ده‌ڵێی و پێم وایه‌
تۆ ئه‌و خۆره‌یت كه‌ سپێده‌ له‌ گۆێژه‌وه‌
سه‌ر ده‌ردێنێ‌و
پرشنگه‌كانت به‌سه‌ر لاشه‌مدا دابه‌ش ده‌كه‌یت
تادێ گه‌وره‌تر ده‌بێ‌و
پرشنگه‌كانت زیادده‌كه‌ن
منیش ده‌ڵێم‌و پێم وایه‌
تۆ خواوه‌ندی خۆرو روناكیت
به‌ڵام سه‌یره‌
هه‌ندێ جار پێویستت به‌مۆمێكه‌
دایگرسێنی.
دایكم ده‌ڵێ "
هه‌ر كاتێ كۆتر له‌سه‌ر باڵێك بكه‌وێ
چۆله‌كه‌ له‌سه‌ر گوێسوانه‌كان بجریوێنێ
میوانێكی ئازیزت دێ
ئه‌وه‌ چه‌ند رۆژه‌ كۆتره‌كه‌ی دڵم
باڵی خستووه‌ چۆله‌كه‌ی چاوه‌كانم
ده‌جریوێنێ
ئه‌ی میوانی ئازیزی من ،بۆ دیار نه‌بووی
بیرت ده‌كه‌م و خه‌م ده‌خۆم
خه‌مێك وه‌كوو گیانه‌ پڕ ئازاره‌كه‌ی
(سیروا رووف)
وه‌كوو ژانه‌ له‌بیرنه‌كراوه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و
په‌یكه‌ره‌ نه‌مره‌كه‌ی (عومه‌ری خاوه‌ر)
وه‌كوو وه‌سێتنامه‌ی ،گۆرانیه‌ جاویدانیه‌كه‌ی (ماملێ)
وه‌كوو هه‌ناسه‌ به‌زۆر كێشراوه‌كانی گه‌له‌كه‌م
له‌دووریتا باڵنده‌كان له‌جریووه‌ ده‌كه‌ون
مناڵه‌كان له‌پێكه‌نین ده‌تۆرێن
دڵداره‌كان بێ ژوان ‌و ئه‌وین ده‌بن
ئه‌ی گه‌وره‌ترین ئه‌وین‌و دڵداری بێ ژوان؟






 

           

 

07/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com