له چیرۆکی مه‌رگی مه‌سیحدا،ئێمه مه‌سیحێک ده‌بینین
له مه‌رگ هه‌ڵنایه‌ت،به‌ڕێی چیرۆکه‌که،مه‌سیح
ئاگه‌رداری نه‌خشه‌ی کوشتنه‌که‌یێتی،واته ئه‌و
ده‌زانێت ده‌یگرن و سوکایه‌تی پێده‌که‌ن و دواجاریش
له خاچی ده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا قسه له سه‌ر
ڕه‌هه‌ندی خورافیی چرۆکه‌که‌و ژیان و سه‌ربورده‌کانی
مه‌سیح له ڕوانگه‌ی میتافیزیکیێوه نییه،ئه‌وه که
له‌وانه‌یه ئه‌و چیرۆکه‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له
باره‌ی ئه‌وه‌وه گوتراون،هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه
جۆرێکی‌تر بووبێتن،به‌ڵکو قسه له‌سه‌ر حیکایێتی
ڕاستگۆیی و له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌یی ئه‌و
(مه‌سیح)ـه بۆ مه‌رگ.مه‌سیح له پێناو باوه‌ڕه‌که‌یدا
نه‌ک له مه‌رگ هه‌ڵنایه‌ت، به‌ڵکو له ڕێگه‌ی نان و
شه‌رابه‌وه که ئاماژه‌ن بۆ جه‌سته‌و خوێنی
ئه‌و،مه‌رگی خۆی به هاوه‌ڵانی ڕاده‌گه‌یێنێت،پێیان
ده‌ڵێت ئه‌و نان و شه‌رابه،جه‌سته‌و خوێنی منه،له
پێناو ئێوه‌دا به‌خت ده‌بێت و ده‌ڕژێت.
(سه‌رده‌شت)یش ده‌ڵێت:(له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا بۆ
یه‌كه‌مین جار پێیان گوتم، كه ته‌مه‌نت چه‌ندی
نه‌ماوه، یان به‌گوته‌ی خۆیان مۆڵه‌تی هه‌ناسه‌دانم
له‌م شاره‌دا نه‌ماوه، به‌ڵام نه باكم به‌مردنه و
نه ئازاردان، له‌چاوه‌ڕوانی كۆتاییهاتنی
مۆڵه‌ته‌كه‌مم تا دیداری بكوژه‌كانی خۆم بكه‌م)
لێره‌دا خاڵی لێکچووی مه‌سیح و سه‌رده‌شت چاوه‌ڕوانیی
جه‌لادو ئاماده‌گییانه بۆ مه‌رگ،ئه‌وه که هێشتا
مه‌سیح و سه‌رده‌شت له ژیاندان و هه‌ناسه
ده‌ده‌ن،په‌یوه‌ندی به کاته‌وه هه‌یه،له‌وانه‌یه
بتوانین بێژین ئه‌وان به‌ر له ساتی هاتنی جه‌لاد،
زیندوویێکی مردوو بوونه،سه‌رده‌شت وه‌ک مه‌سیح_وه‌ک
خۆیشی له نوسینێکیدا ئاماژه‌ی پێده‌دا:( هه‌وڵ
ده‌ده‌م هێنده‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح راستگۆبم
له‌گوته‌كانما...)هوشیار بووه هه‌م به ته‌حه‌دا
کردنه‌که‌ی و هه‌میش به‌ڕاستگۆیێکه‌ی خۆی،هه‌روه‌ها
ده‌توانین ئه‌وه‌ش بێژین که سه‌رده‌شت تا ڕاده‌یێکی
زۆر له‌مه‌رگی خۆی دڵنیا بووه،ئه‌و جۆره له
دڵنیابووه‌نه‌ش به‌شێکی په‌یوه‌ندیی به بیرتیژیی
وهه‌ستیاریی سه‌رده‌شته‌وه هه‌بو‌وه(واته ناسینی
ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ئه‌و تێیدا ده‌ژێت و دیتنی ئه‌و
ژێرزه‌مینانه‌ی تێیدا شانه‌ی ده‌مانچه‌کانی بێده‌نگ
پڕگولله ده‌که‌ن!) به‌شه‌که‌ی تریشی به‌و فه‌زا
سیاسیی و ئاساییشییه ترساناکه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی
حکومه‌تی کوردییێوه و به‌تایبه‌تیش به‌پارتی
دیموکراته‌وه وه‌ک کوێخاێکی ڕه‌فتاردیکتاتۆری ئه‌و
ده‌ڤه‌ره.
به‌ڵام خاڵی لێکجیای جه‌وهه‌ریی مه‌سیح و سه‌رده‌شت
ئه‌وه‌یه که یه‌که‌میان"مه‌سیح"ڕاستگۆیانه‌و
ئازایانه له پێناو باوه‌ڕو ئامانجه‌کانیدا کۆیله‌تیی
هه‌ڵده‌بژێرێت و خۆی ته‌سلیمی هێزێکی
میتافیزیکی"خودا"ده‌کات و له‌وێشه‌وه کۆیله‌تیی
مرۆڤایێتیی بۆ هه‌مان هێزی خورافیی سه‌روو مرۆڤ و
سه‌روو سروشت بانگه‌واز ده‌کات،واته ئاماده‌گیی
مه‌سیح بۆ مه‌رگ له پێناو ئازادییدا نییه،بۆ ئه‌وه
نییه خۆیی و مرۆڤایه‌تیی له زنجیریی کۆیله‌تیی ڕزگار
بکات، به‌ڵکو بۆ کۆیله‌بوونێکی هه‌تایی و بۆ
کڕنوشبردنێکی هه‌تاییه بۆ خۆ‌و بۆ مرۆڤایه‌تی.
ئاماده‌گیی دووه‌میان "سه‌رده‌شت" بۆ مه‌رگ،بۆ ئازادیی
خود‌و له‌وێشه‌وه بۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تییه،
ئاماده‌گیی" مه‌سیح"ێکیتره له دونیا‌و
سه‌رده‌مێکێتردا،نه‌ک بۆ کۆیله‌تی،به‌ڵکو بۆ ئامانج
وخه‌ون و خولیایێکی هه‌ره‌مه‌زن و هه‌ره‌باڵا،که
ئازادییه.
به‌بۆچوونم ئه‌م جه‌وهه‌ره_خۆ ئاماده‌کردنی سه‌رده‌شت
بۆ مه‌رگ،ڕاوه‌ستانی و هاوارکردنی له‌به‌رده‌م قه‌ڵای
جه‌لادانا بۆ ئازادیی،شتێک نییه بتوانین ئاسان
به‌سه‌ریدا بازبده‌ین.نابێت ئه‌وه‌ش بێت که هه‌ر که‌س
و لایێنێک سه‌رده‌شت بکه‌نه بابه‌تی پڕوپاگه‌نده بۆ
ئامانجی سیاسیی و ڕێکخراوه‌یی نزم و بێبه‌ها
(ئه‌گه‌رچێ هه‌ندێک ماڵپه‌ڕو لایه‌ن ته‌واوی هه‌وڵ و
تێکۆشانیان له‌و پێناوه‌دا بوو)به‌ڵکو سه‌رده‌شت
په‌یکه‌رو ڕۆح وجه‌سته‌ی خودی ئازادییه،سه‌رده‌شت
جه‌نگی ئازادیی بوو له‌به‌رامبه‌ر نه‌یارانی
ئازادییدا، سه‌رده‌شت گه‌رووی ئازادیی بوو به‌ڵام
به‌گولله هه‌ڵیان دڕیی.واته کوشتنی سه‌رده‌شت کوشتنی
مرۆڤێکی ڕووت و بێڕه‌گ وڕیشه نییه‌و
نه‌بوو،(ئه‌گه‌رچی هیچ مرۆڤێک ڕووت و بێڕه‌گ نییه‌و
هیچ مرۆڤێک و له ژێرهیچ بیانوویێکدا قابیلی کوشتن و
له‌ژیان ده‌رکردن نییه) کوشتن له"سه‌رده‌شت"دا
ئاماژه‌یێکی ترسناکه،کوشتن له‌سه‌رده‌شت دا کوشتنی
ئازادییه،ڕۆخساری هه‌لاهه‌لای ئازادییه له‌ژێر
سایه‌و چه‌پۆکی ده‌سه‌ڵاتێکی تاریک‌دا.کوشتن
له"سه‌رده‌شت"دا ئه‌وه‌ی پێگوتین ئێمه له‌نێو
دێوزمه‌ی ج ده‌سه‌ڵاتێکدا ده‌ژین و هه‌ناسه ده‌ده‌ین
و هاوار بۆ ئازادیی ده‌که‌ین،له‌نێو چ قه‌فه‌سێکداین
که هه‌ر کاتێک ڕاوچیێکان ئاره‌زووی خوێن ڕشتن
بکه‌ن،چڵێک له‌قه‌فه‌سه‌که بکه‌نه‌وه‌و بیچه‌قێننه
سه‌ر دڵمان،بیکه‌ن به ده‌ممانداو ده‌نووکی هاواری بۆ
ئازادیمانی پێوێران بکه‌ن...!
له‌م ڕوانگه‌یێوه،به‌باوه‌ڕم به‌هێمابوونی سه‌رده‌شت
بۆ ئازادیی،دیتنی سه‌رده‌شت وه‌ک مرۆڤێکی مه‌زن،یان
دیتنی وه‌ک ته‌قه‌لایێکی بوێرانه بۆ شکاندنی بته‌کان
و دواجار گه‌یشتن به‌سه‌رزه‌مینی ئازادیی،کۆمه‌ڵگه‌و
به‌تایبه‌ت ئازادیخوازان ده‌خاته به‌رده‌م تێکۆشان و
به‌رپرسیارێتیی هه‌میشه‌یی،به‌رپرسیارێتیی هه‌میشه‌یی
به‌و مانایه،نابێت سه‌رده‌شت له بیر
بکرێت،له‌بیرکردنی سه‌رده‌شت له‌بیرکردنی ئازادییه‌و
ئه‌و له‌بیر کردن و که‌مته‌رخه‌مییه‌ش دواجار له
کوشتنی ژیاندا کۆتایی دێت.
مه‌زنیی سه‌رده‌شت،یا به‌سیمبول بوونی سه‌رده‌شت و
به‌رجه‌سته‌کردن و گرێدانه‌وه‌ی به خودی ئازادییێوه،
هه‌ویرێک نییه قه‌ڵه‌مه‌کان به ئاره‌زووی خۆیان
بیشێلن و شتی جۆراوجۆری خورافیی لێ‌دروست بکه‌ن،یان له
بۆته‌ی زمان درێژیی و گه‌مه‌ی زمانییدا ئه‌فسانه‌ی
خه‌یاڵیی و ناواقیعیی لێ‌دروست بکه‌ن،به‌ڵکو سه‌رده‌شت
قوربانیی نه‌ک به‌رته‌سکیی و نه‌بوونیی
ئازادییه،به‌ڵکو قوربانیی نێو دونیا‌و جوگرافیایێکی
سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی هێند ترسناکه،شتێک که ئاسان
بتوانێت به پێکه‌نینه‌وه پێی له‌سه‌ر دا‌نێت
ئازادییه،ئه‌وه‌ش سه‌رده‌شت بوو وه‌ک"مه‌سیح"ی
ئازادیی له چاوه‌ڕوانیی جه‌لاده‌کانیدا بوو تا له
خاچی بده‌ن.
واته له ده‌ره‌وه‌ی چه‌واشه‌کاریی و ڕییاکاریی
ڕاگه‌یاندنه‌کانی پارتی و بڕێکی قه‌ڵه‌م فرۆشان،که
زمانیان له ئاستی ڕۆژنامه‌نووسبوون و نوسه‌ربوونی
سه‌رده‌شتدا به گۆ نایێت و نه‌ده‌هات،ئه‌وه که
ده‌ڵێن سه‌رده‌شت
خوێنـــــــــــدکـــــــــــــــــــــار
بــــــــــــــــــوو..گوللـــــــــــــــــــــه
له‌پێــــشــــــــــــــــی ســـــــــــــــــه‌ری
دراوه نـــــــــــه‌کـــــــــــــــــــ له
ده‌مـــــــــــــــــی و زۆر به‌د
مۆراڵییتر...!به‌ڵکو سه‌رده‌شت قوربانیی نوسینه،
قوربانیی وشه‌یه،ئه‌و وشانه‌ی وه‌ک تاشه‌به‌رد
ئاراسته‌ی سه‌ردڵی بت و پیرۆزیێکانی خێڵ و ده‌سه‌ڵاتی
به‌زۆر سه‌پاوی کوردیی ده‌کردن.
ته‌قه‌لاو جه‌نگ،هاوار کردن بۆ ئازادیی،به‌ده‌نگ هاتن
له‌به‌رامبه‌ر سته‌م و زۆردارییدا،دواجاریش نوسه‌ربوون
و ڕۆژنامه‌نوسبوون،گرێدراوی نوسینی زۆر به‌ڵام پووچ و
نوسینی کتێبی زل و زڕو بێناوه‌ڕۆک نییه،مێژووی
فکرونوسین پڕه له هه‌زاران کتێبی قه‌به‌و بێناوه‌ڕۆک
که هیچ کاریگه‌ریێکیان له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ و هیچ
مه‌ترسییێکیان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سته‌م و زۆرداریی
نه‌بووه.
زۆر جاران،ئه‌وه وشه‌یه باڵ به ئازادیی
ده‌به‌خشێت،وشه‌یه ئاسمانی ئازادیی ناکۆتا
ده‌کات،ئه‌وه وشه‌یه نه‌ک کتێبه زل و زڕه‌کان.به‌گۆ
دێت و گوێی بته‌کان،خواکان ئازار ده‌دات و هه‌ره‌سیان
پێدێنێت..به‌ڵێ وشه،وه‌ک وشه‌کانی
سه‌رده‌شت.سه‌رده‌شت خاوه‌نی کتێبی زل و بێناوڕۆک
نه‌بوو،ئه‌و هیچ کتێبێکی نییه،سه‌رده‌شت وشه‌ی
هه‌بوو،وشه‌کان بوون چه‌کیان به پیاوکوژان
هه‌ڵگرت،وشه‌کان ده‌سته وپه‌نجه له‌رزۆک و
ترسنۆکه‌کانی به‌جوڵه‌خست و له‌سه‌ر به‌له‌پیتکه‌ی
ده‌مانچه‌کانی بێده‌نگی دانا!
به‌ڵێ.. ده‌بێت له هه‌موو کوچه‌و کوڵانێکدا په‌یکه‌ری
سه‌رده‌شت دروست بکرێت،په‌یکه‌ری وشه‌کانی سه‌رده‌شت
،په‌یکه‌ری سه‌رو ڕۆخسارێک گولله کون‌کونی کردووه،
په‌یکه‌ری دوو ده‌ست...دوو باڵی گه‌وره تاشه‌به‌رد بۆ
بته‌کان ده‌هاوێت..په‌یکه‌ری دوو باڵ،ئه‌میان لێره‌و
ئه‌ویتریان له‌وسه‌ری زه‌مین!
کازم قادر
11.06.2010
Kazmkader72@yahoo.com
|