وشه‌و شیعره‌كانی جه‌مال غه‌مبار؛ دزران
 

  

لارا


: فۆتۆ-سه‌فین ئیسماعیل‌ له‌ كوردستانی نوێوه‌
 


له‌نێوان سه‌عات (11 بۆ 1)ی پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی (3/6/2010) له‌ئه‌دیلایدی ئوسترالیا دزی له‌ماڵی جه‌مال غه‌مباری شاعیر كرا..!
ئه‌وه‌نده‌ی زانراویشه‌ ئه‌وكه‌سانه‌ی ئه‌و كاره‌یان كردووه‌، پێده‌چێت له‌دوو كه‌س زیاتر بن و پاشئه‌وه‌ی زانیوویانه‌ كه‌ هیچ كه‌سیك له‌ماڵه‌كه‌دا نییه‌، له‌په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌كه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ژووره‌وه‌و كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌و پێداویستی تایبه‌تی قه‌باره‌ مامناوه‌ندو بچووكی خێزانه‌كه‌یان له‌گه‌لا خۆیان بردووه‌، له‌وانه‌ كه‌لوپه‌لی تایبه‌ت به‌ خاتوو په‌یمان و رۆزا خان و كاك ره‌وه‌زو له‌نێویشیاندا دوو لاپتۆپ هه‌یه‌، كه‌یه‌كێكیان لاپتۆپه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی جه‌مال غه‌مباری شاعیری هه‌ست ناسك و مرۆڤدۆسته‌.
بێگومان ئه‌و لاپتۆپه‌ به‌شێكی زۆر له‌ئه‌رشیفه‌كه‌ی غه‌مباری له‌خۆگرتووه‌، هه‌ر له‌دیوانه‌ شیعریی و قه‌سیده‌كانییه‌وه‌ تا نووسینه‌ تایبه‌ته‌كانی، هه‌روه‌ك ره‌شنووسی دوایه‌مین كۆڕی غه‌مباریشی له‌سه‌ربووه‌، كه‌ بڕیاربوو رۆژی (5/6/2010) له‌هه‌رێمی ڤیكتۆریا و له‌شاری میلبۆرن، له‌رووی یاسایی و مافی مرۆڤه‌وه‌ باسێك له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان پێشكه‌ش بكات.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و كامێرایه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاو له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ كوردستان هێنابووییه‌وه‌‌و وێنه‌ی خۆی و هاوڕێ‌ و دۆست و خۆشه‌ویستانی پێگرتبووه‌.
دوالاپه‌ڕه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و هه‌واڵپرسینی غه‌مباری شاعیر په‌یوه‌ندی پێوه‌كرد، ئه‌گه‌رچی شه‌و لای ئه‌وان دره‌نگی كردبوو به‌ره‌و نیوه‌ شه‌و ده‌چوو، به‌لام غه‌مباری شاعیر، هێشتا هه‌ر بێداربوو.. له‌خه‌یاڵ و بیری ئه‌و ساته‌دابوو، كه‌باشبووه‌ هیچ كه‌سێك له‌ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له‌ماڵه‌وه‌ نه‌بوون، هه‌روه‌ك خۆی وتی (دڵخۆشی خۆم به‌وه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌، به‌س نییه‌ كه‌سمان له‌ماڵه‌وه‌ نه‌بوون و تووشی حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو نه‌بوونه‌ته‌وه‌).
هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ئێمه‌ دڵته‌نگی خۆمان و زۆرێك له‌ هاوڕێیانمان پێڕاگه‌یاندو غه‌مباریش وه‌ك هه‌میشه‌، كه‌ كێوی عه‌شق و خۆشه‌ویستی و دڵسۆزی بووه‌ بۆ هه‌مووان، به‌ئارامییه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ خۆشه‌ویستی و سوپاسگوزاری خۆی بۆ سه‌رجه‌م ئازیزانی راگه‌یاندو حورمه‌ت و وه‌فای خۆی دووباره‌ كرده‌وه‌.

 

           

 

05/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com