شورایه‌ك له‌ ڕه‌نگه‌کان
 

  

له‌تیف ئۆمه‌ر


له‌ سۆراختا
هه‌نگاوه‌کان
به‌ شه‌که‌تی په‌نجه‌کانم
بۆ ده‌روازه‌ی نزرگات
ماندوبوونیان هێناوه‌ته‌
گوڵزاری ئه‌م گوڵستانه‌
هه‌موو ڕه‌نگی گوڵه‌کان
شورایه‌کی هه‌مه‌ڕه‌نگن
ته‌نها ڕه‌نگی چاوه‌کانت نه‌بێ

خانه‌قام کوا
ئه‌ستێره‌ی چی له‌ خه‌ڵوه‌ت من
بێ رووناکیم
ئه‌گه‌ر سیمات نوورم نه‌بێ
کوا ئاسمان
شه‌و و ڕۆژم که‌ی هه‌یه‌ من
جگه‌ قووبه‌ی
دوو چرای سه‌ر سینه‌ت نه‌بێ

فریشته‌کان
ڕووه‌و ئاسمان به‌باڵی یه‌ك
سه‌رکه‌وتن و
جه‌هه‌نمی سه‌رزه‌مینیان
بۆ جێهێشتین
له‌ جه‌نگه‌ڵی
ساڵه‌ ساتی یه‌ك وه‌رزینه‌
هه‌مووی وه‌رزی پایزه‌یه‌و
زه‌مه‌ن سازی
مه‌مك ڕێزانه‌
له‌ ژێر تیغی با تیژه‌یا

سارایه‌ داروبێدار
ئه‌م به‌ژن ژن دارستانه‌
ڕه‌شه‌ قژه‌و هه‌ڵوه‌ریوه‌
وه‌ك ئاژه‌ڵی ده‌رده‌ دارن
به‌ پاڵ یه‌کا وا که‌وتوونو
له‌ نیگایه‌کی
کزوماتا
ئه‌چپینن به‌ڕووی یه‌کا
ماڵ ئاوا

مانگه‌ شه‌وی شه‌نه‌ ڕه‌نگه‌
تریفه‌ی شه‌ماڵ کزه‌ی نایه‌
نه‌با خه‌رمانی گوڵ شه‌ن
وه‌رزی وه‌یشوومه‌ شینیکا
ئیتر سه‌مای مه‌مکانی گوڵ
بێڕه‌نگ ئه‌بن
یه‌ك وون ئه‌که‌ن
نه‌ په‌مه‌یی، نه‌ گه‌نم ڕه‌نگ
ڕه‌شو سپی هیچیان نابن
شوورایه‌کی بێ ڕه‌نگ ئه‌بن
له‌ داستانی مه‌مکه‌کانا

25/02/2010
هۆڵندا/ له‌تیف ئۆمه‌ر

 

           

 

03/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com