"شوان ئه‌حمه‌د" ئه‌و نووسه‌ره بوێره‌ی به‌گژ
ده‌زگایه‌ک و گه‌له‌کۆمه‌یه‌کدا چۆته‌وه خه‌ریکه له
ئه‌نجامی هه‌ندێ ته‌شهیر و قسه‌ی بێسه‌روبه‌ر و
تۆمه‌ته‌وه ده‌رگای ڕاگه‌یاندنه‌کانی به‌ڕوودا
دائه‌خرێ و ئامانجیش له‌م کاره که‌نارخستنه‌وه‌ی کاک
شوان ئه‌حمه‌د و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیعتباره بۆ سه‌رده‌م و
سه‌رۆکه‌که‌ی و بره‌و دانه به ئه‌و بێڕێزییه
گه‌وره‌یه‌ی که ده‌رحه‌ق به خه‌ڵکی کوردستان ئه‌کرێ.
من ئه‌وه‌م لا ڕوونه چ ده‌زگای سه‌رده‌م و چ
سه‌رۆکه‌که‌ی و چ نێوه‌ندی ڕه‌هه‌ند بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی
کوردی وه به‌تایبه‌تی "به‌ختیار عه‌لی و ئاراس فه‌تاح
و ڕێبین هه‌ردی" ئاشنان به‌و زمانه شه‌فافه‌ی که
به‌رگری له ئازادی و تاکی کۆمه‌ڵگه و ئازادی نووسین
و بڵاوکردنه‌وه ده‌کات، به‌ڵام له‌م کێشه‌یه‌دا ئه‌م
ئاشنایه‌تییه‌یان له‌ده‌ست داوه و پێی بزانن یان نا
که‌وتوونه‌ته به‌ره‌ی دژی ئازادییه‌وه. من ئه‌وه‌ش
ڕاده‌گه‌ینم که ئامانج له‌م نووسینه‌م به‌رگریکردن
نییه له به‌ڕێز شوان ئه‌حمه‌د، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی
به‌رگرییه له ئازادی بڵاوکردنه‌وه و ڕا ده‌ربڕین و
ڕه‌خنه. من ئه‌مه‌وێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌نگه‌ره
قێزه‌وه‌نه بوه‌ستمه‌وه که خه‌ریکه ئازادیمان
له‌به‌رچاو ناشرین ئه‌کات. ئه‌و گه‌له‌کۆمه‌یه‌ی
به‌ختیار عه‌لی و ڕێبین هه‌ردی و ئاراس فه‌تاح چ
له‌ده‌رکردنی ڕوونکردنه‌وه‌که‌یان و چ له هه‌ڵوێستی
موقاته‌عه‌ی هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه ده‌رخه‌ری ئه‌و
ڕاستییه‌ن که له‌لایه‌که‌وه ده‌یانه‌وێ شوان
ئه‌حمه‌د بێده‌نگ بکه‌ن و له‌لایه‌کی تریشه‌وه
مه‌سجێکیشه بۆ میدیای ئازاد(ئه‌ڵێن میدیای ئازادمان
هه‌یه به‌ڵام من به‌گومانم له‌وه‌ی میدیای ئازاد
هه‌بێ له کوردستانی عێراق) به‌وه‌ی که ئێمه‌ی
پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری کوردیی ئه‌گه‌ر
به‌ویستی ئێمه هه‌ڵنه‌سوڕێن و بچنه ده‌ره‌وه‌ی
بازنه‌ی هه‌ڵوێست و چالاکییه ڕۆشنبیریی و
فیکرییه‌کانمان ، ئه‌وا چانسی هه‌ناسه‌دانتان که‌متر
ئه‌بێ و ئه‌که‌ونه به‌ر مه‌قه‌ستی
ڕه‌خنه‌کانمانه‌وه. ئه‌و سیناریۆی گه‌له‌کۆمه‌یه
به‌ر له‌هه‌ر شتێک زه‌مینه‌ی بێئیعتبار بوونی ئه‌و
نووسه‌رانه فه‌راهه‌م ده‌کات و ده‌رخه‌ری ئه‌و
ڕاستییه‌شه که ئاگاهانه ده‌یانه‌وێ مافی قسه‌کردن و
ڕه‌خنه‌ی نووسه‌رێکی ترپێشێل بکه‌ن. ئه‌مه جگه له‌و
نهێنی و مه‌ترسیانه‌ی که‌له‌پشت ئاشکراکردنی ئه‌و
گه‌نده‌ڵییه‌وه خۆیان مه‌ڵاس داوه له‌گه‌ڵ
به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی براده‌رانی گه‌له‌کۆمه‌که‌ر
که‌له‌مه‌ترسیدان.( ئه‌م سات و سه‌ودا نهێنییانه‌ی
نێوان ده‌زگای سه‌رده‌م و گروپی ڕه‌هه‌ند و نووسه‌رانی
تری ناوهاتوو له نووسینه‌کانی کاک شوان ئه‌حمه‌د
جێگای ئه‌م نووسینه‌ی من نییه و ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه کاری
کاک شوان وشوانه‌کای تره).
ئایا ئه‌بێ دوو جۆر ئازادی سیاسی هه‌بێ؟ ئایا ئه‌شێ
دوو جۆر مافی قسه‌کردن هه‌بێ؟ ئایا ئه‌کرێ دوو جۆر
ئازادی بڵاوکردنه‌وه هه‌بێ؟ ئه‌گه‌ر به‌رگری
له‌ئازادی سیاسی ئه‌که‌ین ئه‌وا ئه‌بێ
به‌رگرییه‌که‌مان له هه‌مووان بێ به‌بێ جیاوازی.
ئه‌گه‌ر به‌رگری له مافی قسه‌کردن ئه‌که‌ین ئه‌وا
ئه‌بێ هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ بێ جیاوازی ئه‌و مافه‌ی
بۆ ده‌سته‌به‌ر بکرێ . ئه‌گه‌ر به‌رگری له ئازادی
بڵاوکردنه‌وه‌ش ئه‌که‌ین ئه‌بێ هه‌ڵوێستمان هه‌بێ
له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژنامه و هه‌فته‌نامانه‌ی که
ده‌رگاکانیان به‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی نووسه‌راندا دائه‌خه‌ن.
شه‌رمه‌زارییه بۆ ئه‌و هه‌فته‌نامه و ڕۆژنامانه‌ی
که‌له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت ڕه‌خنه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی
ده‌زگایه‌کی ڕۆشنبیری بڵاو ناکه‌نه‌وه.
شه‌رمه‌زارییه له‌ژێر ناوی ئازادی ڕاگه‌یاندن ڕێگه
له‌نووسه‌رێک بگیرێت نووسینێکی بڵاو بکاته‌وه. زۆر
شه‌رمه بۆ ئه‌و سه‌رنووسه‌رانه‌ی که سه‌ری زمان و
بنی زمانیان ئازادی سیاسی و میدیای ئه‌هلی و
مۆدێرنه‌رایزکردنی ڕاگه‌یاندن و سنووربه‌زاندنی شته
حه‌رام و سووره‌کانه، ئاماده نین نووسینێک بڵاو
بکه‌نه‌وه له‌پێناو مۆدیرنه‌رایزکردنی ڕاگه‌یاندن. تا
میدیای به‌ناو ئه‌هلی کوردیی خاوه‌نی ئه‌م شێوه
کادیرانه‌ی ڕاگه‌یاندن بێ دڵنیام ئه‌و تروسکاییه
بچووکه‌ی ئازادی بڵاوکردنه‌وه و ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌ش
که‌به‌ری ڕه‌نج و خوێنی خه‌ڵکی هه‌ژاری کورده به‌ره‌و
کوژانه‌وه‌ی ئه‌چێ.
بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌ر ئه‌و پرسیاره به‌ئاماده‌یی له
زه‌ینماندا هه‌یه که بۆچی ئه‌و گه‌له‌کۆمه‌یه ساز
کرا؟ له‌کاتێکدا ده‌بوایه ئه‌و گه‌له‌کۆمه‌یه
له‌ئاست ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی شێرکۆ بێکه‌س و ده‌زگای
سه‌رده‌م و ئه‌و هه‌فته‌نامه و ڕۆژنامانه بووایه.
ده‌بووایه ڕۆژنامه و هه‌فته‌نامه به‌ناو ئه‌هلی و
ئازاده‌کان(ئه‌گه‌ر ئازاد بن وه‌ک گووتم گومانم
هه‌یه) به‌ئاشکرا و ئازادی بلاوکردنه‌وه‌یان بکردایه
مانشێتی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م و به‌گه‌رمییه‌وه
له‌پێشوازی نووسینه‌کانی شوان ئه‌حمه‌د و شوانه‌کانی
تر بوونایه.
باشه میدیا به‌ناو ئازاده‌کان، چ جیاوازییه‌ک هه‌یه
له‌نێوان ئێوه‌یه‌ک که ده‌رگای بلاوکردنه‌وه‌تان له
نووسینه‌که‌ی شوان ئه‌حمه‌د داخست له‌گه‌ڵ ئه‌و میدیا
حیزبییانه‌ی که له‌وه‌ته‌ی هه‌ن تووتی حیزبه‌کانن و
"ڕۆبۆته‌کانی حیزبی عه‌قائیدین" و پارێزه‌ری
به‌رژه‌وه‌ندی نووسه‌ر کوژه‌کانن. ئێوه فرمێسکی
تیمساحانه هه‌ڵئه‌ڕێژن بۆ تیرۆر کردنی سه‌رده‌شت
عوسمان و سۆرانی مامه‌حه‌مه و عه‌بدولستار تاهیر
شه‌ریف و هه‌فته‌ی بێده‌نگ نابین ڕائه‌گه‌ێنن و وتاری
گه‌رم ئه‌نووسن و ئه‌ڵێن که‌نابێ بێده‌نگ بین له‌ئاست
ئه‌و کاره قێزه‌وانانه، ئه‌ی ئه‌وه چۆنه له‌ئاست
گه‌نده‌ڵی ده‌زگایه‌کی ڕۆشنبیریی وه‌ک ده‌زگای
سه‌رده‌م بێده‌نگ ئه‌بن؟ تۆ بڵیی دزی و گه‌نده‌ڵی بۆ
هه‌ندێک ڕه‌وا بێ و بۆ هه‌ندێکی تریش تاوان بێ؟
بڵاونه‌کردنه‌وه‌ی نووسینه‌که‌ی شوان ئه‌حمه‌د
ڕه‌واجدانه به‌و عه‌قڵییه‌ته گروپگه‌راییه‌ی
که‌ساڵانێکه جێگای ڕه‌خنه‌ی ئێمه بوونه و
ڕه‌واجدانه به‌و جیهانبینییه‌ی که میدیای حیزبی
له‌ژیانی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی کردۆته‌وه و ئه‌یکات.
ئیتر قسه کردن له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ئایاتی
له‌چه‌شنی ئیتیکی ڕۆژنامه‌گه‌ری بۆ ئێوه‌ی نائازاد و
دژ به‌ئازادی پۆلێکی قه‌ڵپ ناهێنێ.
گه‌له‌کۆمه‌که‌ره‌کانی نێوه‌ندی ڕه‌هه‌ند بۆ
لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کتان هه‌یه
له دیفاعکردن له گه‌نده‌ڵی ده‌زگای سه‌رده‌م و
سه‌رۆکه‌که‌ی؟ گه‌نده‌ڵی چ شێرکۆ بێکه‌س بێ یان هه‌ر
که‌سێکی تر هه‌ر یه‌ک ماهییه‌تی هه‌یه یه‌ویش دزینی
سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م میلله‌ته به‌دبه‌خته‌یه.
به‌رگری ئێوه له شێرکۆ یان بێهه‌ڵوێستیتان
به‌رامبه‌ر به گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌زگای سه‌رده‌م
له‌وه‌وه دێت که شێرکۆ شاعیرێکی به‌رزه و خاوه‌نی
سه‌دای شیعری جوان و خاوه‌ن مێژوویه‌که له داهێنان،
یان له‌به‌ر شتی تره؟ ئێوه خۆتان چاک ئه‌زانن که
خه‌ڵکی کوردستان چه‌ند له گه‌نده‌ڵچییه‌کان تووڕه‌ن ،
پێم ناڵێن ئێوه چیتان پێئه‌بڕێ کاتێ ئه‌چنه
سه‌نگه‌ری دژ به خه‌ڵک؟ سوودێک که‌ئێوه هه‌تانه
له‌م دژ وه‌ستانه‌وه‌یه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و
ڕاستییانه‌ی که کاک شوان ئه‌حمه‌د ئه‌یه‌وێ ده‌ری
بخات و وه ده‌ریشی خست،ئه‌ویش هه‌وڵدانه بۆ
هێشتنه‌وه‌ی ڕێزێک که خوێنه‌ری کورد له ئێوه و له
نووسینه‌کانتانی ئه‌گرت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و
ڕێزه ئه‌که‌وێته ژێر پرسیاره‌وه و خوێنه‌ری کوردیش
ئه‌و مافه به‌خۆی ده‌دات که ڕێز ته‌نها له‌و
ڕۆشنبیرانه بگرێ که قسه‌ی دڵی ئه‌و ده‌که‌ن. ئێوه
به چ میتۆدێک ئه‌تانه‌وێ خۆڵ له‌چاوی ئێمه‌ی خوێنه‌ر
بکه‌ن. ئه‌ی پێتان وا نییه خوێنه‌ری کورد هێنده
به‌رچاو ڕۆشنه که هه‌ڵوێستی پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤ
له‌یه‌کتر جیا بکاته‌وه. پێموایه به‌و هه‌ڵوێسته‌تان
توانای خۆجیاکردنه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵچییه‌کانی
کوردستان له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن و ئه‌و هه‌فته‌نامه و
ڕۆژنامانه‌ش هه‌مان پشکی دیفاعکردن له
گه‌نده‌ڵچییه‌کانی کوردستانیان وه‌کو ئێوه پێئه‌بڕی و
شه‌ریکی برا به‌شتان ئه‌بن.
27-06-2010
ڤانکۆڤه‌ر – که‌نه‌دا
|