پرۆژه‌كه‌ی كامل ژیر هه‌مان پرۆژه‌ی سه‌دام حوسه‌ێنه‌...!
(ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ بێ خوین)
 

  

موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا
mozafar_as@yahoo.com

 



له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له‌ سایتی ده‌نگه‌كاندا له‌م لینه‌كه‌http://www.dengekan.com/doc/2010/6/kamilZhir17.pdf
نوسینێكم به‌ سه‌ردیری پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ بێ خوێن، كه‌ واژۆی كامیل ژیر ،سه‌رۆكی كۆنگره‌ی نیشتمانی كوردستان – سه‌ركردایه‌تی باشوری له‌سه‌ر بوو به‌رچاو كه‌وت.
كامیل ژێر له‌ كۆتایی دا ئه‌و تێبینی یه‌شی نوسیوه‌ كه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ڕۆژی 22-11-2008 كۆمه‌ڵێك كه‌سی ئه‌كادیمی گفتوگۆیان له‌سه‌ر كردوه‌و و هاوكات وێرای كۆنگره‌كه‌ی ئه‌و، پارتی كاری سه‌ربه‌خۆ و لایه‌نی تریش هاوڕڕای بوونه‌.
به‌ جیا له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ چه‌ند ناڕیالیستی ،و دوره‌ له‌ به‌دیهاتن ،به‌ڵام به‌و راده‌یه‌یی پرۆژه‌یه‌كی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر فاشستی و مایه‌ی زیاتر جیاكاری قه‌ومی یه‌و هه‌روه‌ها پشت ده‌به‌ستێ به‌ جیاكاری جنسی و چه‌وسانه‌وه‌ی ڕه‌های ژنانه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ نه‌ك هه‌ر بدرێته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ ، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه‌ ڕیسواو ئیدانه‌ بكرێت.
هه‌ڵبه‌ت خاڵی یه‌كه‌م له‌م پرۆژه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌، وه‌ك نوسه‌ریش خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌، پرۆژه‌كه‌ به‌جۆریك لاسایی پرۆژه‌و سیاسه‌ته‌كانی سه‌دام حوسه‌ین و حزبی ناسیونال قومی فاشی به‌عس ده‌كاته‌وه‌.
بۆیه‌ كامل ژیر به‌ ژیرانه‌ و ئاشكرا خۆی خزاندۆته‌ جێگه‌و ڕێگه‌ی سه‌دام حوسه‌ین و حزبه‌كه‌یه‌وه‌.
ئه‌و ده‌ڵێت به‌عس ده‌یه‌ویست هه‌موو كوردستان ته‌عریب بكات له‌ ڕێگای هێنانی 3 ملیۆن فه‌له‌ستینی یه‌وه‌ و نیشته‌جێ كر دنیان له‌ كوردستان .ئه‌میش ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای هاوردنی كورده‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان و دانی ئیمتیاز پێیان به‌هه‌مو شێوه‌ك له‌ بری ئه‌و كرێكارانه‌ی كه‌ له‌ به‌شه‌كانی تری عیراق و وڵاتانی تره‌وه‌ هاتوون، تا ڕێژه‌ی كورد له‌ عیراق دا ئه‌وه‌نده‌ زیاد ده‌بێت كه‌ له‌هه‌ر ده‌نگدانێكدا بتوانن ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ریان هه‌بێت به‌ قازانجی پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی یه‌ بێ خوێنه‌كه‌ی ئه‌مان.
له‌ جهانی ئه‌مڕۆدا ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌سه‌ر پرۆژه‌كانی هه‌مو ڕه‌وته‌ ناسیونالیستی یه‌كان بده‌ین ،جا ناسیونالیزمی كوردو حزبه‌كانی بێت ،یاخود ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب و تورك و حزبه‌كانیان هه‌موویان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌ك هه‌ر له‌ هێڵی گشتی دا به‌ڵكو له‌ تاكتیكی ڕۆژانه‌شیان هه‌موو یان هاوشێوه‌ی یه‌كن و له‌ كۆتایشدا هه‌مویان ئاو ده‌ڕژیننه‌ ده‌ریای فاشیزم و نازیسمه‌وه‌.
له‌م ڕووه‌وه‌ كامیل ژیر و پرۆژه‌كه‌ی و هه‌موو ئه‌و كه‌سایه‌تی یه‌ ئاكادیمی و لایه‌نه‌ سیاسی یانه‌ بیانه‌وێت یان نه‌یانه‌وێت پیاده‌كه‌رو لاسایی كه‌ره‌وه‌ی سیاسته‌ فاشی یه‌كانی سه‌دام و حزبی به‌عسن.
ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش ئه‌و تیزه‌ ده‌سه‌لمێنێته‌وه‌ كه‌ ناسیونالیزم له‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی چۆن مرۆڤ هه‌رگیز وه‌ك مرۆڤ كه‌ ،بونه‌وه‌ریكی سروشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خاوه‌ن كۆمه‌ڵیك كاره‌كته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌، نابینێ. وه‌ له‌و ڕووه‌ مرۆیی یه‌وه‌ سه‌رنجی مرۆڤ نادات و هه‌میشه‌ له‌ گۆشه‌ نیگای به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ ئایدیۆلۆژی و ئابوری و سیاسی و نه‌ژادی و قومی و ته‌نانه‌ت عه‌شیره‌تیشه‌وه‌ سه‌رنجی مرۆڤه‌كان ده‌دات و له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر ڕایان ده‌گرێت و ده‌یانكاته‌ دوژمنی یه‌كتر . به‌م شیوه‌یه‌ ناسنامه‌ی قومی و میللی و عه‌شیره‌تی و ئه‌م ناسنامه‌ دارزیوانه‌ به‌ ناسنامه‌یه‌كی ئه‌به‌دی و ئه‌زه‌لی ده‌زانیت و ئه‌م جیاوازیانه‌ به‌ جیاوازی جینی به‌شه‌ر داده‌نێت و پیرۆز ڕایان ده‌گرێت.هه‌رگیز ئه‌وه‌ نابینێ كه‌ هه‌موو ئه‌م دیارده‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ ئاكامی كێشه‌و ململانێی چینایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی مێژوویین.
خاڵێكی كۆنه‌په‌رستانه‌و دژی ئینسانی تری ئه‌م پرۆژه‌یه‌ خاڵی لێوه‌ هه‌ڵسانی دژی ژنی یه‌تی.
كامل ژیر و هاوبیره‌كانی له‌م مه‌یدانه‌دا سه‌د هه‌نگاو له‌ پارتی و یه‌كێتی واوه‌تر چونه‌و دژه‌ ژنترن له‌وان.
ئه‌وانه‌ به‌ حیسابی خۆیان له‌گه‌ڵ مافه‌كانی مرۆڤ و ژناندان به‌ڵام پَییان وایه‌ مادام قه‌ومه‌كه‌ی ئه‌وان ده‌چه‌وسێته‌وه‌ ئه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌موو ڕیگه‌یه‌ك بگیرێته‌ به‌ر بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌ربه‌خۆییان.جا با ژنان كه‌ نیوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ن ببنه‌ قوربانی سیاسه‌ته‌ دارزیوه‌كانی ئه‌مان و حه‌ز و ئاره‌زووه‌ پیاوسالاره‌كانیان. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ قه‌ومه‌كه‌ی ئه‌وان رزگاری بێت .كه‌ بێ گومانه‌ قه‌ومه‌كه‌ی ئه‌وان جگه‌ له‌ چینی بۆرژوازی و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی له‌ ئاغاو ده‌ره‌به‌گ و مه‌لا و شێخ زیاتر هیچی تر نی یه‌.
ئه‌مه‌ش هه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی حزبی به‌عس و سه‌دام حوسه‌ین بوو. به‌ تایبه‌تی له‌م ساڵانه‌ی دواییانه‌دا كه‌ شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ی نیوان ئیران و عیراق درێژه‌ی به‌ خۆی دا و به‌عیسش زیاتر پێویستی به‌ سه‌ریاز بوو بۆ نادریان و به‌ كوشتن دانیان له‌ به‌ره‌كانی شه‌ره‌كه‌یاندا .بۆیه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ به‌عس بانگه‌شه‌ی فره‌ ژنی ده‌كرد له‌ پێناوی زیاد بوونی كوڕاندا. ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ك ئیمتیازی ده‌دا به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كوڕیان ده‌بوو .تا له‌ ناوه‌راستی نه‌وه‌ده‌كان كه‌وته‌ به‌ریخستنی هه‌لمه‌تی ئیمانی و كوشتن و له‌ سیداره‌دانی به‌ ئاشكرای ژنان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ به‌رچاوی خه‌لكی یه‌وه‌و به‌مه‌ش ده‌ستی كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی و عه‌شیره‌تی زیاتر زیندو كرده‌وه‌ .
هه‌ڵبه‌ت وه‌ك ووتمان چه‌وسانه‌وه‌ی قومی كه‌ خۆی زاده‌و به‌رهه‌می ناكۆكی و چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی و جوڵانه‌وه‌ی قه‌ومی و حزبه‌كانێتی هه‌رگیز كۆتایی نایه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م جوڵانه‌و حزبانه‌ . له‌م ڕوه‌وه‌ كێشه‌ی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین و خه‌ڵكی كوردستان
نمونه‌ی زیندویی ئه‌م واقعیه‌ته‌یه‌ كه‌ نزیك به‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌و سه‌ره‌ڕای ڕشتنی ئه‌و هه‌موو خوین و قوربانیانه‌و رووداوه‌ تراژیدییایانه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌م كێشانه‌ به‌ ته‌واوی كۆتاییان پێ نه‌هاتووه‌ ته‌نانه‌ت كێشه‌و ململانی و شه‌ڕه‌كانی نێوان جولانه‌وه‌و حزبه‌ قومی یه‌كانی زیاتری كردووه‌.
سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌ كامل ژیر و هاوبیره‌ ڕۆشنبیرو ئه‌كادیمی و ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسی یه‌ به‌رچاوته‌نگانه‌ به‌ حیسابی خۆیان پرۆژه‌كه‌یان به‌ شێوه‌یه‌ك داڕشتوه‌ كه‌ به‌ بێ خوین ڕشتن بگه‌نه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وانه‌ چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان و فره‌ مناڵی و فره‌ ژنی و په‌ره‌ گرتنی جیاوازی قه‌ومی و عه‌شیره‌تی و زیندو كردنه‌وه‌و باڵاده‌ست بوونی كه‌لتوری كۆنه‌په‌رستانه‌و دژی ژنان ...هتد ئه‌مانه‌ مادام خوینی قومیان له‌به‌ر ناروات به‌ كارێكی گونجاو ڕه‌وا ده‌زانن له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا به‌ بێ خوێن.
20 جونی 2010


 

           

 

26/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com