سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی ئازادی وتیرۆری ڕۆژنامه‌نوسان له‌کوردستان
چاوپێكه‌وتنی ڕادیۆی ده‌نگی ئازادی و یه‌كسانی له‌ گه‌ڵ نه‌وزاد بابان

 

  

 


ڕادیۆی ده‌نگی ئازادی و یه‌كسانی: سه‌ره‌تا سوپاست ده‌كه‌ین كه‌ داواكاریه‌كه‌مانت بۆ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ قه‌بوڵكرد. هه‌روه‌ك خوتان ئاگادارن ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌حساب به‌ هه‌ریمیكی ئارام ده‌ناسرێت, چه‌ند كه‌سێك ڕووبه‌ڕووی ڕفاندن و تیرۆر بوونه‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌ به‌ڕاستی زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و به‌جۆرێك ڕووبه‌روبوونه‌وه‌كه‌ ته‌نها خاوه‌ن قه‌ڵه‌می نه‌گرته‌وه‌ و چووه‌ ناو توێژه‌كانی تریشه‌وه‌ به‌تایبه‌تی خوَیندكاران. هۆكاری ئه‌مه‌ بۆ چی ده‌گێڕنه‌وه‌؟
نه‌وزاد بابان: سه‌ره‌تا سوپاسی ڕادیوَكه‌تان ده‌كه‌م. كوردستان له‌ 18 ساڵی ڕابردوودا له‌ ژێر چه‌تری ئه‌حزابی میلیشیایی كوردی و ئیسلامی سیاسیدا, بووه‌ به‌ هه‌رێمێكی ترس. به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌ ڕابردوو تا ئێستا, ده‌یان كه‌سی ئازادیخواز له‌ پێشیانه‌وه‌ كۆمۆنیسته‌كان بوونه‌ته‌ قوربانیی ئه‌م وه‌زعیه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌. وه‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌مه‌ ده‌یان جار ناڕه‌زایه‌تیمان به‌ شێوازی جۆراوجۆر ده‌ربڕیووه‌. وه‌ له‌ كوردستاندا ئازادیی وئارامی‌ هاولاتیان له‌به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌دابووه‌ و ترساندن و تۆقاندن جیگای‌ گرتۆته‌وه‌.هه‌ر بۆ نمونه‌ به‌كر عه‌لی نوێنه‌ری خه‌ڵكی بێ خانه‌ و لانه‌ی حامیه‌ی‌ سلێمانی بوو به‌ قوربانیی ئه‌م وه‌زعیه‌ته‌ و له‌و پیناوه‌دا گیانی له‌ده‌ستدا و له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاَتدارانی شاری سلێمانیه‌وه‌ به‌ ڕۆژی ڕووناك و به‌ پێش چاوی خه‌ڵكه‌وه‌ تیرۆریانكرد. نه‌زیر عومه‌ر و شاپور و قابیل و فه‌رهاد فه‌ره‌ج و كامه‌ران ئه‌سعه‌د و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و ده‌یان كه‌س له‌ كه‌سایه‌تیه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی به‌هه‌مان شێوه‌ بوونه‌ قوربانیی ئه‌م زنجیره‌یه‌ له‌ تاوانی تیرۆری كه‌سانی سیاسی كه‌ له‌كوردستاندا به‌ڕێوه‌ چووه‌. هۆكاری ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و یاسا له‌ كوردستاندا. وه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌ ده‌سه‌لاَتی ئه‌حزابی میلیشیاییه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ملهوڕی ده‌كه‌ن و مل به‌ ئازادیی بێقه‌ید و شه‌رتی سیاسی ناده‌ن و له‌و پێناوه‌یشدا سڵ له‌ هیچ تاوانكاریه‌ك ناكه‌نه‌وه‌.
ڕادیۆی ده‌نگی ئازادی و یه‌كسانی: له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر قسه‌ له‌سه‌ر ئازادیی ڕاده‌ربڕین و دیموكراسی ده‌كرێت, به‌و مانایه‌ی كه‌ تاكه‌كان و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌كان ئازادن له‌ ڕاده‌ربڕین و ڕه‌خنه‌گرتن به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رلایه‌ن و ده‌سه‌لاَتیش. به‌ بڕوای ئێوه‌ ئه‌مه‌ چه‌نده‌ حه‌قیقه‌تی هه‌یه‌؟
نه‌وزاد بابان : ئه‌م پرسیاره‌ له‌هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگا بكه‌یت یه‌كسه‌ر وه‌لاَمه‌كه‌ی به‌پیچه‌وانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌. له‌راستیدا ئازادی ته‌نها بۆ ده‌سه‌لاَتدارانه‌, ئازادی بۆ مه‌لا و سه‌رۆك خیل و فه‌تواچی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی‌ داوای مافی خۆی كردبێت ئازاردراوه‌, سوكایه‌تی پێكراوه‌, ناو و ناتۆره‌ی ناشیرینیان شوێنخستووه‌ و ته‌نانه‌ت تیرۆریش كراون. ته‌نانه‌ت قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستێك, ڕۆژنامه‌نووسیك ڕه‌خنه‌یه‌كی گرتبێت ڕاپێچی دادگاكراوه‌, زیندانیكراوه‌, ڕۆژنامه‌كان ڕووبه‌رووی غه‌رامه‌ی مالیی زۆر قورس بوونه‌ته‌وه‌. دواترینیان كوشتنی سه‌رده‌شته‌ كه‌ سه‌لمێنه‌ری هه‌موو ئه‌و ڕاستیانه‌یه‌. له‌ كوردستاندا ئه‌گه‌رچی‌ فه‌زایه‌كی‌ ئاوه‌لای‌ سیاسی‌ هه‌یه‌ به‌لام به‌مانای‌ واقعی‌ ئازادی وجودی نیه‌. ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بیت به‌ ئازادی ناوببرێت ئه‌وه‌ ئازادیه‌كه‌ به‌ پێوه‌ری ده‌سه‌لاَت.
رادیۆی ده‌نگی ئازادی و یه‌كسانی: به‌داخه‌وه‌ سه‌رده‌شت عوسمان تیرۆر كرا, به‌لاَم تا ئێستا تاوانبارانی ئه‌سڵی نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌. پێت وایه‌ ئه‌مه‌ چ ده‌ستێك له‌ پشتیه‌وه‌یه‌ و هۆكاره‌كه‌ی چی بوو؟ ئایا به‌ڕاستی سه‌رده‌شت عوسمان تاوانیكردبوو؟
نه‌وزاد بابان : تاوانی سه‌رده‌شت ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی په‌رده‌ی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی لاده‌برد و ئه‌و قه‌ڵشت و جیاوازیه‌ چینایه‌تیه‌ زه‌قه‌ی‌ نێوان ده‌سه‌لاَتداران و زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگای نیشانده‌دا. به‌لاَم ده‌سه‌لاَتداران ئه‌مه‌یان به‌شێوه‌ی خه‌ونیكیش پی قه‌بوڵنه‌كرا و تیرۆریانكرد. مه‌علومه‌ تیرۆری سه‌رده‌شت هه‌ر له‌درێژه‌ی ئه‌و زنجیره‌یه‌ له‌تیرۆردا بووه‌ كه‌ دوو ده‌یه‌یه‌ له‌ ژێر سایه‌ی حاكمیه‌تی حزبه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تا ئێستایش درێژه‌ی هه‌یه‌. به‌لاَم ئه‌مجاره‌ ڕق و بێزاریی خه‌ڵك له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆر گه‌یشته‌ لوتكه‌. رفاندنی سه‌رده‌شت له‌ به‌رده‌م حه‌ره‌می زانكۆ و پاسه‌وانه‌كانیدا و به‌ به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ پاشان كوشتنی و بردنی بۆ شاری موسڵ به‌ناو ئه‌و هه‌موو بازگه‌یه‌داو فڕێدانی ته‌رمه‌كه‌ی له‌وێ راسته‌وخۆ ئه‌و پرسیار و گومانانه‌ی لای خه‌ڵك دروستكردووه‌ كه‌پارتی‌ له‌پشتی‌ ئه‌م تاوانه‌وه‌بیت، هه‌ربۆیه‌ ڕق و بێزاریه‌ك كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا هاتۆته‌ ئاراوه‌ رووی‌ كردۆته‌ پارتی‌ و داواده‌كه‌ن تاوانباران ئاشكرابكه‌ن. تیرۆری سه‌رده‌شت له‌كاتێكدا بووكه‌ مه‌لای مزگه‌وته‌كان و فه‌تواچیه‌كان هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكان و داوای لغاوكردنیانیان له‌ ده‌سه‌لاَت ده‌كرد. له‌ كاتێكدا بوو كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ كوردستاندا سووكایه‌تی به‌ ژنان ده‌كرێت و به‌ بیانوی كۆنه‌په‌رستانه‌وه‌ به‌ به‌رچاوی ده‌سه‌لاَتدارنه‌وه‌ ده‌كوژرێن. وه‌ له‌هه‌مانكاتیشدا ڕۆژانه‌ كتێب و نامیلكه‌و سیدی فه‌تواو هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌خه‌ڵك بلاَو ده‌كرێته‌وه‌. ئه‌مانه‌یش هه‌مووی‌ نیشانده‌ری نه‌بوونی ئازادی سیاسی و ڕاده‌ربرینه‌ له‌ كوردستاندا.
به‌لاَم بۆ به‌رگرتن به‌م هێرشانه‌ ئه‌وه‌ هێزی ڕێكخراوو یه‌كگرتووی خه‌ڵكی كوردستان كه‌ به‌ هاتنه‌ مه‌یدانی ده‌توانێت له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆریستاندا بوه‌ستێته‌وه‌و پارێزگاری له‌ ماف و ئازادیه‌كانی بكات و فشار بۆ ده‌سه‌لاَتداران بینێت بۆ ئاشكراكردنی تیرۆریستا و بكوژانی سه‌رده‌شت و هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ پێش ئه‌ویش تیرۆر كراون. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و تاوانه‌ له‌ شوێنێك ڕوویبدایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت و یاسای هه‌بێت ئه‌وانه‌ی له‌ پاراستنی ئه‌منیتی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ خۆیان به‌ به‌رپرس ده‌زانن ده‌ستیان له‌كارده‌كێشایه‌وه‌. چونكه‌ تاوانی ئاوا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ ئه‌منیه‌تی هه‌موو كۆمه‌ڵگا, هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ ئازادیی هه‌موو كۆمه‌ڵگا.بۆیه‌ ده‌بێت ته‌واوی ئازادیخوازانی كۆمه‌ڵگا چیتر ڕێگانه‌ده‌ین سه‌رده‌شته‌كان و سۆرانه‌كان و شاپور و قابیله‌كان تیرۆربكرین. نابێت ڕێگا بده‌یت دۆسیی سه‌رده‌شت دابخرێت, ده‌بێت ڕیكخراوو و یه‌كده‌ست له‌مه‌یداندابین هه‌تا ده‌ستی ڕه‌شی تیرۆر و تیرۆریستان له‌ كوردستان ڕیشه‌كێش ده‌كه‌ین و سایه‌ی ڕه‌ش و دزێوی له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ڕاده‌ماڵین. ئیدانه‌كردن و ڕیسواكردن له‌ شوێنێك ده‌بێت كه‌ ده‌وڵه‌ت و یاسا هه‌بێت نه‌ك له‌شوێنێك میلیشیا حاكم بێت.
ڕادیۆی ده‌نگی ئازادی و یه‌كسانی: هه‌روه‌ك خۆتان ئاگادارن چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌و پێش ڕژێمی جینایه‌تكاری جمهوریی ئیسلامی ئێران, پێنج زیندانیی سیاسی له‌سێداره‌دا.وه‌ ئه‌مه‌ بووه‌ مایه‌ی ناڕه‌زایه‌تی هه‌م له‌ كوردستانی ئێران و هه‌م له‌ ولاَتانی تریش. خه‌ڵكی شاری سلێمانیش وه‌ به‌تایبه‌تی كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌كان له‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 13\5\2010 ویستیان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ركی سه‌را به‌ڕێخه‌ن, به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ ڕێگه‌یان پێنه‌درا. ئه‌گه‌ر بكرێت سه‌باره‌ت به‌مه‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ گوێگره‌كانی ڕادیۆكه‌مان بده‌یت.
نه‌وزاد بابان: ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك حزب و ڕێكخراوه‌وه‌ بانگه‌وازی بۆ كرابوو, بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌ ئیعدامكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ و حزبی ئێمه‌یش یه‌كیك له‌لایه‌نه‌ ریكخه‌ره‌كانی‌ ئه‌م چالاكیه‌بوو. هاوڕێیانمان به‌ لافییته‌ و دروشمه‌كانی حزبمانه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دابوون , من خۆم شیعاری بژی ئازادی, له‌ هه‌ر شوێنیك تیرۆر و ئیعدام هه‌بێت ئێمه‌ دژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌ ومه‌رگ بۆ جمهوری ئیسلامیم ده‌دا و ئاپۆرای ئاماده‌بووانیش ده‌یانوته‌وه‌. له‌وكاته‌دا پیاوانی ئاسایش ووتیان ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامبیت, ده‌تگرین. منیش ووتم بێمنه‌ت بن. ئێمه‌ دژی تیرۆر و ئیعدام ده‌وه‌ستین, ئێوه‌ ئازادی پێشێل ده‌كه‌ن. من ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی لایه‌نێكم, به‌لاَم چونكه‌ ئه‌مانه‌ هێزێكی میلیشیایین و هیچ حه‌سانه‌یه‌ك به‌ڕه‌سمی ناناسن, ئه‌وه‌بوو كه‌له‌پچه‌یانكردم به‌لاَم سه‌دان كه‌س له‌ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕێگه‌یان لێگرتن و ناچاریانكردن كه‌ هه‌رله‌وێدا ئازادم بكه‌ن و ودواتریش ووته‌یه‌كم پیشكه‌شكرد . به‌ڕاستی هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئاماده‌بووی كۆبوونه‌وه‌كه‌ زۆر مایه‌ی خۆشحاڵی بوو. وه‌ هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌م و ده‌ستیان ده‌گوشم بۆ دیفاع كردنیان له‌ ئازادی و وه‌لاَمی ددانشكێنیان به‌ جمهوریی كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی. به‌لاَم دواتر هێزه‌كانی ئاسایش وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان به‌مه‌به‌ستی ده‌ستگیركرنمان شوینمان كه‌وتبوون و له‌ نزیك بازاڕی كاسۆ مۆڵ, من و دوو هاوڕێی ترمانیا ن ده‌ستگیركرد. وه‌ جێی خۆیه‌تی كه‌ لێره‌دا بڵیم كه‌ ئێمه‌ وه‌كو حزب به‌یاننامه‌مان هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌و حه‌مله‌ی‌ ئیعدامانه‌ی ئه‌م دواییه‌. رووخان و له‌گۆڕنانی ڕژێمی جمهوریی ئیسلامی زه‌مانه‌تی دوور خستنه‌وه‌ی‌ په‌تی سێداره‌یه‌ له‌ ملی ئازادیخوازانی ئێران و دوور خسته‌وه‌ی‌ مه‌ترسیی تیرۆریش له‌ سه‌ر ولاَتانی ناوچه‌كه‌.


 

           

 

03/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com