بۆچی‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌به‌رامبه‌ر ئاشکراکردنی بکوژانی سه‌رده‌شت عوسمان و
ئازادی سیاسی و بیروڕا له‌كوردستان راسته‌وخۆ نادوێ !
 

  

نوری به‌شیر


هاتنه‌مه‌یدانی بزوتنه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌رتاسه‌ری کوردستان، به‌دوای ڕفاندن و تیرۆری سه‌رده‌شت عوسماندا، چه‌ند ده‌لایلی خۆی هه‌بوو له‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی چینایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌کان و حزبه‌کان زۆر به‌ئاشکرا خۆی نیشانداوه‌ به‌تایبه‌ت هه‌م چینی ده‌سه‌ڵاتدار و بۆرژوازی وهه‌م حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌هه‌موو باڵه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانیه‌وه‌ که‌ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه‌و سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگایان له‌ژێرده‌سه‌ڵاتدایه‌و له‌19 ساڵی ڕابردوودا هیچ گومان و خۆشباوه‌ڕیه‌کیان لای خه‌ڵكی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان نه‌هێشتۆته‌وه؛‌ له‌تاڵان و بڕۆ و گه‌نده‌ڵی و کوشتن و تیرۆری مخالفینی سیاسی و لێدان و تیرۆری ڕۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر و برسیکردن و ڕاونان و هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن خه‌لكه‌وه‌ ناوهێنانه‌کانی ‌فرعه‌وناواو دۆلاراواو ناساندنی ده‌سه‌ڵاتداران و حزبه‌کانیان به‌نوێنه‌ری کۆنه‌ جاش و مسته‌شارو عه‌شایه‌ر و فایلدارو میلیشیاو سه‌رمایه‌داران و ماستاوچیانی ئیسلامیه‌کان و نۆکه‌رانی حکومه‌تانی ناوچه‌که‌و ئه‌مریکا.. ئه‌وه‌ نیشان ئه‌دات كه‌کۆمه‌ڵگای كوردستان قوتبی بۆته‌وه‌ وبه‌سه‌ر دووبه‌ره‌ی‌ ئازادیخوازی‌ وكۆنه‌په‌رستیدا دابه‌شبووه‌. كه‌له‌سه‌رێكیدا ده‌سه‌ڵاتداران و ناسیونالیزمی کوردو حزبه‌کانی و له‌سه‌رێكی‌ تریشیدا خه‌ڵكی‌ ئازادیخواز وكرێکاران وزه‌حمه‌تكێشان ڕاوه‌ستاون.. له‌سه‌ری‌ ده‌سه‌لات وحزبه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تیدا كارنامه‌یه‌ك ده‌بینرێ ‌ كه‌تێیدا هه‌ر حزب و لایه‌ن و که‌سێک كه‌ مخالفی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بێت و له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و حکومه‌ته‌که‌یان قسه‌یکردبێت، ئه‌وا که‌وتۆته‌ به‌رهێرش له‌ڕاونان و زیندان و نانبڕین و لێدانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ تیرۆر‌، نمونه‌ی‌ ئه‌م ڕۆژانه،‌ تیرۆری سه‌رده‌شت جارێکی تر لاپه‌ڕه‌ی میدیاکانی کوردستانی‌ به‌هه‌ندێک له‌و میژووه‌ ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌له‌ڕابردوودا ‌به‌ده‌ستی حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له‌نزیکه‌ی دووده‌یه‌ی ڕابردوودا ئه‌نجامدراون. تیرۆری‌ نه‌زیر عومه‌ر، ره‌وف کامل، ابونصیر، فرانسیس، به‌کر عه‌لی، محمه‌د حه‌لاق و چه‌ندکه‌س له‌گه‌ڵیدا، شاپور عبدالقادرو قابیل عادل، فرهاد فه‌ره‌ج، پێنج له‌هاوڕێی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، کامه‌ران ئه‌سعه‌د، سۆرانی مامه‌حه‌مه‌و عبدالستار تاهیر شه‌ریف و تا ده‌گاته‌ سه‌رده‌شت عوسمان.. ئه‌مانه‌ هه‌موویان گۆشه‌یه‌ك له‌میژووی‌ تیرۆرو ئینسان كوژی‌ حزبه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ ئاشكراده‌كات و ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌سهلمێنێ‌ كه‌بزوتنه‌وه‌ی‌ ناسیونالیزمی‌ كورد وده‌سه‌لاته‌كه‌ی‌ له‌بنه‌ماوه‌ دژی‌ ئازادی‌ سیاسی‌ وڕه‌خنه‌و بیڕورایه‌. دژی‌ مخالیفینی‌ سیاسی‌ و هه‌رجۆره‌ به‌یانێكی‌ پێشكه‌وتنخوازانه‌یه‌.
له‌سه‌رێكی‌ تری‌ ئه‌م ڕووداوانه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ناره‌زایه‌تی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ ناوه‌رۆكێكی‌ ئازادیخوازانه‌ی‌ هه‌یه‌و بۆ خۆاستی‌ ئازادی‌ سیاسی‌ و به‌یان وبیروڕاو ڕه‌خنه‌ تێده‌كۆشی‌ و به‌ته‌واوی‌ توانایه‌وه‌ له‌دژی‌ تیرۆری‌ سیاسی‌ له‌مه‌یداندایه‌. بۆئه‌م خواستانه‌ش ده‌یان خۆپیشاندان وكاردانه‌وه‌ی‌ جۆراوجۆر وهه‌ڵوێستی‌ لێبڕاوانه‌ی‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ده‌سه‌لاتدارانكردۆته‌وه‌. به‌لام له‌نێوان ئه‌م دوو قوتبه‌دا له‌م سالانه‌ی‌ دوایدا وبه‌تایبه‌ت به‌دوای‌ ئینشقاقی‌ نه‌وشیروان له‌یه‌كیتی‌ نیشتمانی‌ وپێكێهنانی‌ ڕه‌وتی‌ گۆڕان و كیتله‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی‌ به‌ناوی‌"ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌" لایه‌نێكی‌ نیوبه‌ندی‌ سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ كه‌به‌ڕواله‌ت له‌به‌ره‌ی‌ خه‌ڵكدایه‌و بۆ خواسته‌كانی‌ جه‌ماوه‌ر تێده‌كۆشی‌، له‌كاتێكدا ماهیه‌تی‌ چینایه‌تی‌ و كاراكته‌ری‌ سیاسی‌ ئه‌م ڕه‌وته‌ شتێكی‌ جیاواز له‌هه‌رباڵێكی‌ ناسیونالیستی‌ كورد ناخاته‌ پێشچاو. له‌بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری‌یه‌كانی‌ ئه‌م دوایانه‌شدا كه‌به‌تیرۆری‌ سه‌رده‌شت عوسمان شاره‌كانی‌ كوردستانی‌ گرته‌وه‌، ڕه‌وتی‌ گۆڕان وهه‌ڵسوكه‌وتێك كه‌له‌خۆی‌ نیشاندا، ده‌ریده‌خات كه‌ئه‌م ڕه‌وته‌ تاچه‌ند شێلگیرانه‌ بۆ دیفاع له‌ئازادی‌ سیاسی‌ و له‌دژی‌ تیرۆر له‌مه‌یداندایه‌. ناوه‌رۆكی‌ ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ش سه‌ره‌تا به‌هه‌ڵوێستێكی‌ سنورداری‌ كیتله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ وخۆبه‌یانكردن له‌به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، كه‌ئیسلامیه‌كان به‌شیكن لێ‌ی‌ ده‌ستی‌ پێكرد وپاشان له‌خواره‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كاندا كه‌وتنه‌ جۆڵه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕاسته‌وخۆ ناوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ببه‌ن و له‌كه‌ناریشه‌وه‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن كه‌وته‌ په‌مپكردنی‌ خه‌ڵك له‌دژی‌ پارتی‌.. ئایا ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ ده‌توانێ‌ ڕه‌وتی‌ گۆڕان به‌كرده‌وه‌ له‌به‌ره‌ی‌ ئازادیخوازان وخواسته‌كانی‌ خه‌ڵكدا دابنێ‌؟
باله‌وه‌ بگه‌رێین كه‌سه‌رانی‌ نێو ڕه‌وتی‌ گۆڕان له‌نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ تاوه‌زیری‌ ناوخۆی‌ دوێنێ ی‌ یه‌كێتی‌ وبه‌رپرسی‌ ئاسایش و پاریزگای‌ سلێمانی‌، له‌ڕابردوودا كه‌پاریزگارو وه‌زاره‌ت و پۆستی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ یه‌كێتیان به‌ده‌سته‌وه‌بوو، چ مێژوویه‌كی‌ تیرۆرو كوشتن وسه‌ركوتی‌ ئازادیه‌كانیان تێپه‌ڕاندووه‌، كوشتنی‌ كۆمۆنیسته‌كان، سه‌ركوتی‌ خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ خانوه‌ بێتاپۆكان وتیرۆری‌ به‌كر عه‌لی‌، تا شكاندنی‌ عه‌ره‌بانه‌ی‌ ده‌ستفرۆشان ... ئه‌مانه‌ هه‌ر ئه‌و كرده‌وانه‌بوون كه‌له‌كارنامه‌ی‌ ڕابردووی‌ به‌شێك له‌سه‌رانی‌ ڕه‌وتی‌ گۆڕاندایه‌و به‌ڵگه‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ئه‌م ڕه‌وته‌ تاچه‌ند له‌دژی‌ تیرۆره‌و تاچه‌ندیش بۆخواستی‌ ئازادی‌ سیاسی‌ وبیروڕا له‌مه‌یداندایه‌.
به‌ڵام كارنامه‌ی‌ ئه‌م ڕه‌وته‌ هه‌رله‌سه‌روبه‌ندی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كانی‌ كوردستاندا كه‌به‌دوای‌ تیرۆری‌ سه‌رده‌شت عوسماندا هاته‌كایه‌وه‌، ڕۆشنتر ئه‌م ماهیه‌ت وكارنامه‌یه‌ نیشان ده‌دات. دژایه‌تی‌ كردنی‌ گۆڕان به‌بلاوكردنه‌وه‌ی‌ ئایاتی‌ شه‌یتانی‌ له‌گۆڤاری‌ خه‌ڵكداو ڕاوه‌ستان له‌كه‌نار ئیسلامیه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه‌، لایه‌نگری‌ له‌بڕیاره‌كانی‌ دانای‌ ئه‌حمه‌د مه‌جید بۆتوندكردنه‌وه‌ی‌ فه‌زای‌ ئیسلامی‌ له‌مانگی‌ ڕه‌مه‌زانی‌ ڕابردوودا، نمونه‌گه‌لێكی‌ ڕۆشنن كه‌چۆن ئازادی‌ بیروڕا له‌لای‌ ڕه‌وته‌كه‌ی‌ نه‌وشیروان تێكه‌ڵه‌ به‌هه‌مان سوننه‌تی‌ ئه‌حزابی‌ ناسیونالیستی‌، سوننه‌تێك كه‌پاڵی‌ داوه‌ به‌دیبلۆماسی‌ وسازان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئیسلامیه‌كاندا. له‌مه‌ش زیاتر بێده‌نگبوونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌مه‌رداخستنی‌ گۆڤاری‌ ئیوه‌ و وێران و قسه‌نه‌كردن له‌سه‌ر خۆپیشاندانی‌ مه‌لاكانی‌ ده‌ربه‌ندیخان دیسانه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ئه‌م ڕه‌وته‌ له‌په‌یوه‌ندیه‌كی‌ سیاسی‌ له‌گه‌ڵ ئیسلامیه‌كاندایه‌و مه‌سه‌له‌ی‌ ئازادی‌ سیاسی‌ وبیروڕای‌ وه‌ك بابه‌تێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هێز له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌ وپارتیدایه‌. به‌واتایه‌كی‌تر باسی‌ ئازادی‌ سیاسی‌ وڕاوه‌ستانه‌وه‌ به‌دژی‌ تیرۆر بۆ ده‌ستگرتنی‌ كیتله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ و به‌ده‌ستهێنانی‌ مه‌وقعیه‌تێكی‌ باشتره‌ بۆڕه‌وتی‌ گۆڕان نه‌ك له‌به‌ره‌ی‌ خه‌ڵك وخواسته‌كانیدا.. هه‌ڵوێسته‌كانی‌ ڕه‌وتی‌ گۆڕان هه‌ڵوێستی‌ باڵێكی‌ ناسیونالیستی‌ ناڕازیه‌ به‌یه‌كێتی‌ وپارتی‌ كه‌له‌نێوخه‌ڵكه‌وه‌ قسه‌ده‌كات، نه‌ك لایه‌نێكی‌ په‌یگیر بۆئازادی‌ به‌یان وبیروڕا.
له‌لایه‌كی ‌تریشه‌وه‌ ده‌رکه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌م ده‌وره‌یه‌ كه‌ناوه‌رۆكێكی‌ ئازادیخوازانه‌ و ڕادیکالی دژی ده‌سه‌ڵات و حزبه‌ ناسیونالیستی‌یه‌كانی‌ هه‌یه‌، ئه‌و ڕێگایه‌ی‌ له‌به‌رده‌م هیچ هێزیكدا نه‌هێشته‌وه‌ كه‌له‌كام به‌ره‌دان، به‌ره‌ی‌ ئازادیخوازان یان ده‌سه‌لاتداران؟ به‌ڵام ڕه‌وتی‌ گۆڕان كه‌له‌ژێر په‌رده‌و به‌ناوی‌ "ناره‌زایه‌تی‌ خه‌ڵك وڕۆشنبیران ورۆژنامه‌نوسانه‌وه‌" كه‌وته‌قسه‌ وئاماده‌نه‌بوو به‌خاوه‌ندارێتی‌ لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ وبه‌شیعارو هه‌ڵویستی‌ خۆیه‌وه‌ خۆی‌ به‌یان بكات، بگره‌ به‌رده‌وام له‌زمانی‌ هه‌ڵسوڕاوانیه‌وه‌ ئه‌وه‌یان ته‌بلیغ ده‌كرد كه‌ خۆپیشاندانه‌كان سیاسی‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ و ڕێگانه‌ده‌ین به‌ئه‌حزابی‌ سیاسی‌ به‌شداری‌ تێدابكه‌ن و سه‌ره‌نجام هه‌موو هه‌وڵێكیان ڕووی‌ له‌وه‌بوو كه‌ناڕه‌زایه‌تیه‌كان سنورداربكه‌نه‌وه‌ به‌ڕۆژنامه‌نوسان و ڕۆشنبیرانه‌وه‌.. ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ نیشانی ده‌دات كه‌ئه‌م ڕه‌وته‌ بۆئامانجێكی‌ گروپی‌ خۆی‌ تێكه‌ڵ به‌بزوتنه‌وه‌كانی‌ خه‌ڵككردووه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌دوای‌ به‌یاننامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ كه‌وته‌پاشه‌كشه‌كردنه‌وه‌ و ئه‌م پاشه‌كشه‌كردنه‌شی‌ به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌دا داسه‌پاند. چونكه‌ ره‌وتی‌ گۆڕان نه‌یویست شه‌ڕی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌یدا به‌ناوی‌ خۆیه‌وه‌ و بۆخۆاستی‌ خه‌ڵك درێژه‌پێبدات.
ئگه‌ر لێره‌وه‌ جێگاوڕێگای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و جۆری هه‌ڵوێست و خۆنواندنه‌كه‌ی‌ له تیرۆری سه‌رده‌شت عوسماندا وه‌ربگرین ئه‌وا نمونه‌ی‌ هه‌مان دیفاعكردن له ‌ئازادی وه‌رده‌گرین كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن حزبه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تیه‌وه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر. نمونه‌یه‌ك كه‌داكۆكی‌ كردن له‌ئازادی‌ به‌مه‌رجی‌ به‌هێزبوونی‌ گروپه‌كه‌ی‌ خۆو بۆ به‌ده‌ستهینانی‌ جێگاوڕێگای‌ زیاتر له‌به‌رامبه‌ر حه‌ریفه‌كاندا. له‌ڕاستیدا ‌گۆڕان نایه‌وێت به‌ناوی خۆیه‌وه‌و ڕاسته‌وخۆ بێته‌ مه‌یدان ویه‌خه‌ی‌ پارتی‌ بگرێ‌، چونكه‌ له‌م كه‌یسه‌دا بودجه‌ و ئیمتیازاتی‌ په‌رله‌مان و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ له‌ئارادایه‌ كه‌له‌ئیئتلافاتی‌ لیسته‌كان وبه‌شداری‌ له‌په‌رله‌ماندا چاوه‌ڕوانی‌ لێده‌كری‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نیا به‌هه‌ڵوێستی کتله‌ په‌رله‌مانیه‌که‌ی مه‌حکومی تیرۆر ده‌کات، ده‌یه‌وێت له‌لایه‌ك درێژه‌ به‌چاوبه‌ستی خه‌ڵكی بدات که‌پێستر کردویه‌تی و به‌تایبه‌ت کرێکاران و زه‌حمتکێشان له‌ئاسۆ وئامانجی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆیان له‌ناره‌زایه‌تیه‌كاندا دوربخاته‌وه‌ و له‌بازنه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ناسیونالیستی‌ وكێشمه‌كێشی‌ باڵه‌كانیدا ڕایانبگرێ‌، تاهه‌ركات بۆی‌ لوا سازشی‌ له‌سه‌ر بكات. له‌لایه‌كی‌تریشه‌وه‌ ترس له‌ رادیكاڵبوونه‌وه‌ و هاتنه‌مه‌یدانی‌ كرێكاران و ڕۆیشتنی‌ بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان له‌مه‌وقعیه‌تی‌ ئێستاوه‌ به‌ره‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ شۆرشگیرانه‌ی‌ وا‌ كه‌سه‌رتاپای‌ ده‌سه‌لات وسیاسه‌تی‌ ناسیونالیستی‌ ده‌پێچیته‌وه‌، خۆی‌ نیگه‌رانیه‌كی‌ جدی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌ و هه‌رئه‌مه‌ش وای‌ كردووه‌ كه‌نه‌توانێ‌ وه‌ك لایه‌نێكی‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ناوی‌ خۆیه‌وه‌ هه‌ڵوێستبگری‌.
خه‌ڵكی‌ كوردستان بۆئه‌وه‌ی‌ به‌خواسته‌كانی‌ خۆیان بگه‌ن، ته‌نانه‌ت بۆئه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ جه‌ماوه‌ریان تاسه‌ر له‌مه‌یداندا بمێنیته‌وه‌ و ئه‌وتوانایه‌ بگرێ كه‌ده‌سه‌لاتداران ناچاربكات به‌خواستی‌ ئازادی‌ سیاسی‌ و بیروڕا و سنورێكیش بۆ كارنامه‌ی‌ تیرۆرو سه‌ركوتگه‌ری‌ وئینسان كوژیان دابنێ‌، ده‌بێ‌ ڕیزی‌ خۆیان له‌ره‌وتی‌ گۆڕان و هه‌رهێزێكی‌ ناپه‌یگیر جیابكه‌نه‌وه‌ وته‌سلیم به‌سیاسه‌ت و هه‌ڵویسته‌كانی‌ نه‌بن.


 

           

 

17/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com