راگه‌یاندنی كه‌مپینی"سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئازادی راده‌ربڕین" له‌ شاری هه‌ولێر
 

  

 

 

ئاشكرایه‌ كه‌ تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسی(سه‌رده‌شت عوسمان) یه‌كێكه‌ له‌و هه‌وڵه‌ ترسناكانه‌ی كه‌ ده‌درێت بۆ سنورداركردنی ئازادی را ده‌بڕین له‌ هه‌رێمی كوردستاندا. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ به‌شێكی زۆری هاووڵاتیان و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و هونه‌رمه‌ندان و خه‌ڵكانی ئازادیخوازی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م تیرۆركردنه‌ ناڕه‌وایه‌ هاتنه‌ ده‌نگ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ست ده‌كرێت هه‌وڵه‌كان تا ڕادده‌یه‌ك په‌رش و بڵاوی پێوه‌ دیاره‌. بۆیه‌ پێمان باش بوو كه‌ هه‌وڵه‌كانمان له‌ چوارچێوه‌ی كه‌مپێنێك رێكبخه‌ین، بۆ كاركردنی به‌رده‌وام له‌سه‌ر كه‌یسی شه‌هید(سه‌رده‌شت عوسمان).
ئێمه‌ وه‌كو ده‌سته‌یه‌ك نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كه‌سانی ئازادیخواز له‌ شاری هه‌ولێر كه‌مپینێكی نوێ راده‌گه‌یه‌نین به‌ناوی(كه‌مپینی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئازادی را ده‌ربڕین) و هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان چڕ ده‌كه‌ینوه‌ بۆ كاركردنی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ و ئازادی بیروڕا له‌ سه‌رانسه‌ری دونیا به‌تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان.
ئاشكرایه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ هه‌وڵێكی ئه‌وتۆ نه‌دراوه‌ بۆ ئاشكرا كردنی بكوژانی شه‌هیدی رۆژنامه‌نووس و خوێندكار(سه‌رده‌شت عوسمان)، ئێمه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نیگه‌رانین له‌و كه‌مته‌رخه‌مییانه‌ی ده‌زگاكانی ئاسایشی و پۆلیس و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ته‌واوی ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، پێمانوایه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئازادی را ده‌ربڕین هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌بێت هه‌موومان كار بۆ فراوانتركردنی ئازادییه‌كان بكه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌وڵی به‌رده‌وام ده‌ده‌ین بۆئه‌وه‌ی كه‌یسی تیرۆركردنی (سه‌رده‌شت عوسمان) به‌ كراوه‌یی بمێنێته‌وه‌ تا ئاشكراكردن و به‌ سزا گه‌یاندنی تاوانباران.
لێره‌وه‌ بانگه‌وازی جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی كوردستان و رۆژنامه‌نووسان و هه‌موو كۆمیته‌ و كه‌مپینه‌كانی (سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئازادی) له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌خۆی كوردستان ده‌كه‌ین هه‌موومان هه‌وڵه‌كانمان له‌ یه‌ك كه‌مپین و رێكخراوی سه‌رانسه‌ری و فراوان چڕ بكه‌ینه‌وه‌ له‌پێناوی به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی دۆسیه‌ی شه‌هیدی رۆژنامه‌نووس(سه‌رده‌شت عوسمان) و به‌ ڕه‌سمی ناسینی ئازادی راده‌ربڕین له‌ كوردستان.
له‌ڕێی ئه‌م راگه‌یاندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ راده‌گه‌ینین كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیمان ئاشكراكردن و دادگایی تاوانباران و بكوژانی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان و به‌ ره‌سمی ناسینی ئازادی راده‌ربڕینه‌ له‌ كوردستاندا كه‌ ئه‌وه‌ ئامانجێكی سه‌رده‌شت و هه‌موو سه‌رده‌شته‌كانی تره‌. هه‌روه‌ها ئامانجێكی دیكه‌مان كاركردنه‌ بۆ ته‌واو بوونی په‌یكه‌ری (ئازادی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان) و دواتریش له‌سه‌ر به‌چاپ گه‌یاندنی په‌رتوكێك كار ده‌كه‌ین كه‌ ته‌واوی نووسینه‌كانی شه‌هید سه‌رده‌شت و ئه‌و نووسنانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر تیرۆركردنه‌كه‌ی نووسراون له‌خۆ ده‌گرێت. جگه‌ له‌مانه‌ش چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌مان ده‌بێت بۆ داهاتوو. سوپاسی هه‌ر كه‌سێكیش ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر هاوكاریمان بكات. جا چ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆ په‌یكه‌ره‌كه‌ یاخود له‌ كاره‌كانی دیكه‌مان.
¬
كه‌مپینی"سه‌رده‌شت عوسمان بۆ ئازادی راده‌بڕین" له‌ شاری هه‌ولێر
2010-06-26

 

           

 

28/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com