ئامێری سه‌رخۆش

  

ره‌سول سه‌فه‌ریانی



به‌ ئه‌سپایی ده‌سگیره‌ی درگاکه‌م بادا،باوکی له‌ پشت درگاکه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و میوانانه‌ی ده‌کرد که‌ دره‌نگ گه‌یشتبون.به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی کرد که‌ به‌ بێده‌نگی بچینه‌ ژوره‌وه‌.له‌گه‌ڵ سه‌رم به‌ هۆڵه‌که‌دا کرد،شه‌پۆلێکی گه‌رمی موسیقا هه‌مو له‌شمی وه‌ک بارانی نه‌رمی به‌هاری داگرت. چراکانی نێۆ هۆڵه‌که‌ کوژرابونه‌وه‌،ته‌نیا چه‌ن چرا له‌ سه‌ر ساحه‌ی ئه‌وسه‌ری هۆڵه‌که‌ هه‌ڵکرا بوون،بۆیه‌ کاڵه‌ تاریکیێک به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌دا کێشرابوو.له‌ ژێر خوڕمه‌ی موسیقادا به‌ ئارامی پێم هه‌ڵگرت و چومه‌ سه‌ر نزیکترین کورسی به‌رانبه‌رم. دانیشتم. خۆم سپارده‌ خوڕه‌ی رووباری دڵ لاوێنی موسیقا.
نۆ ساڵ پێش بوو له‌ کۆڕه‌ شێعرێکدا، بۆ‌ یه‌که‌م جار خۆی و ویوڵۆنه‌که‌یم بینی. هاتبوو له‌گه‌ڵ شێعری شاعیره‌کان به‌ ناڵه‌ی ئامێره‌که‌ی شه‌وه‌که‌مان بۆ شاعیرانه‌تر بکات.ئه‌م میرمنداڵێک بوو،ویوڵۆنه‌که‌یشی ئه‌سپێکی سه‌رکه‌ش که‌ جار و بار له‌ کێشی شێعره‌کان ده‌رده‌چوو.ده‌یویست رامی کات و بیغارێنێ.به‌ ترسه‌وه‌ لێی نزیک ده‌بوه‌وه‌.له‌غاوه‌که‌ی پێ بوو،راکێشی شوێنی خۆی ده‌کرد، به‌ڵام جار و بار ئه‌یحیلان و هه‌وڵی خۆده‌ربازکردنی ده‌دا.زۆر نه‌بوو پێکه‌وه‌ بوون. سڵیان له‌ یه‌ک ده‌کرد.
هه‌مان په‌نجه‌ به‌ ئارامی،به‌ڵام به‌وپه‌ڕی دڵنیایی،به‌ جووڵه‌ی نه‌رمی هه‌ر ئه‌نگوستێک، ناڵه‌ی له‌ سیمێک و هاوارێکی له‌ هۆڵ ده‌خست. هۆڵ پر بوو له‌ په‌یکه‌ری بێ نه‌ست،دڵه‌کان به‌ ئاسمانی خه‌یاڵدا تا دوا ئه‌ستێره‌ی حه‌ز فرێبوون .چرکه‌کان نۆته‌کان بوون که‌ پێکه‌وه‌ زه‌مانێکی کۆنیان ده‌بوژاند‌وه‌،زه‌مانێکی خۆش وه‌ک چێشته‌کانی ده‌ستی دایکم. وه‌ک بۆنی قه‌زوان یان گڕکه‌ی دێم. ده‌نگ بۆن بوو،یان تامی بیره‌وه‌ریه‌کان،که‌ له‌ سه‌ر زاری هه‌ست تامیده‌داوه‌.
ئه‌مجاره‌ که‌س نه‌یده‌توانی ساز و ژه‌نیار لێک جیاکاته‌وه‌. له‌یه‌ک ئاڵاو و تێکه‌ڵاو. ژه‌نیار به‌ په‌نجه‌ی دڵ، قژه ‌نه‌رمه‌کانی ئامێری ده‌ژه‌ند. ئامێر له‌دڵی ژه‌نیاره‌وه‌ ناڵه‌ی ده‌کرد و قه‌ڵبه‌زه‌ی به‌زمی ئه‌وینی ده‌دا. ژه‌نیار دره‌ختێک بوو که‌ ئامێر وه‌ک گوڵه‌ لاولاو خۆی له‌ده‌وری ده‌پێچا و گوڵی نۆتی ده‌کرده‌وه‌.
چ به‌هارێکی ره‌نگاڵه‌ و بۆن خۆش له‌و هؤڵه‌ بچکۆلانه‌دا ره‌خسا بوو. به‌هارێک وه‌ک داوێنی ده‌ماوه‌ند و چلچه‌مه. هه‌ر نۆتێک گوڵێک و هه‌ر گوڵێک بۆنێک و هه‌ر بۆنێک بیره‌وه‌ریێکی ده‌هه‌ژاند. ‌موسیقایه‌ک که‌ وه‌ک خوڕه‌ی کانیاوه ‌بچکۆله‌کانی به‌ر پێی بناره‌کان، له‌ ده‌رونی که‌سه‌کاندا ده‌گه‌ڕا و له‌ هه‌ر دڵێکدا دیمه‌نێکی ده‌خولقاند. هه‌موو ببونه‌ شۆڕه‌بیه‌کانی گوێی روباره‌کانی وڵات.سه‌ریان به‌ شنه‌ی موسیقا ده‌شه‌کاند و گوێیان به‌ های های و هاواری ژه‌نیاری مه‌ست و ناهوشیاری داوێنی ئامێر،یان باشتره‌ بڵێم ئا‌مێری سه‌رخۆشی ده‌ستی ژه‌نیار، شل کردبوو.
کات ده‌فته‌ری نۆت بوو،له‌شوێنێکدا نۆت گه‌یشته‌ چوارگۆشه‌ی سپی بێده‌نگی و شه‌وقی چراکان هێنامانیه‌وه‌ بۆ هۆڵ و بوینه‌وه‌ به‌ که‌سه‌کان.چه‌پڵه‌ دوایین ماڵی چێژ و له‌خۆ بڕان بوو. حه‌زمان ده‌کرد به‌قه‌د قوڵایی چێژه‌که‌مان چه‌پڵه‌ لێده‌ین،به‌ڵام چه‌پڵه‌ چڵه‌ و هونه‌ره‌که‌ش جه‌نگه‌ڵێ بوو.
ده‌ستی له‌مل ویولۆنه‌که‌ی کرده‌وه‌ و هه‌ستا سه‌رپێ،وتی که‌ ئه‌شقی ئه‌م ئامێره‌ خۆری سپی له‌ شه‌وی قژم هه‌ڵهێناوه‌. به‌ڵام هه‌موان رسته‌ی نه‌وتراوه‌ی پدرامیان،له‌ نێوان کاره‌که‌یدا،پێش قسه‌کانی گوێ لێبوو. له‌ زبانی ئامێره‌وه‌ گه‌یشته‌ گوێی ئاماده‌بووان که‌ ده‌یوت: ئه‌مه‌ مامۆستای په‌نجه‌ ته‌ڵایی،پدرامی شالاییه‌ که به‌ ژه‌ندنی ده‌مژیێنێت،بۆیه‌ منیش ئیشی ده‌یان ئامێریتری بۆ ده‌که‌م.


ره‌سول سه‌فه‌ریانی
safaryani@yahoo.se
www.siber.kurdblogger.com

 



 

           

 

13/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com