پشوی په‌رله‌مان و هیلاكی هاوڵاتیان
 

  

ره‌زا جه‌بار


هه‌ركاتێك هاوڵاتیان له‌رۆژێك له‌ رۆژه‌كانی ساڵدا هه‌ستیان به‌ئارامی و حه‌وانه‌وه‌ كرد، ئه‌وكات ره‌وایه‌ نوێنه‌ره‌كانیان پشو بده‌ن، به‌ڵام زۆر ناڕه‌وایه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ به‌ده‌ست ناهه‌مواری ژیانه‌وه‌ بناڵێنن، نوێنه‌ره‌كانیان پشو بده‌ن و ئیسراحه‌تی شه‌ست رۆژه‌ وه‌ربگرن!.
وابڕیاره‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتو نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان بۆ ماوه‌ی شه‌ست رۆژ بحه‌وێنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا ئه‌وه‌نده‌ كاریان بۆ باشكردنی ژیانی هاوڵاتیان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان كردبێت،هێزیان لێبڕابێت و توانایان نه‌مابێت له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان له‌سه‌ر كورسی دابنیشن!. په‌رله‌مانی كوردستان له‌كاتێكدا شه‌ست رۆژ پشو وه‌رده‌گرێت كه‌ هاوڵاتیان له‌م هه‌رێمه‌ بچوكه‌دا وه‌ك درێژكراوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵی و بێدادی و نه‌بونی مافه‌وه‌ ئه‌ناڵێنن، كه‌چی نوێنه‌رانی خه‌ڵك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێك نه‌بێت بانگهێشتی په‌رله‌مانی بكه‌ن و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، پشو وه‌رده‌گرن!. نوێنه‌ره‌كانمان له‌كاتێكدا بڕیارده‌دن شه‌ست رۆژ بحه‌وێنه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌رێمه‌دا زۆر بێشه‌رمانه‌و به‌ده‌نگی به‌رز مافه‌ ئینسانییه‌كان وه‌ك منه‌ت ده‌فرۆشنه‌وه‌ به‌ به‌هاوڵاتیان و پێمان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ نییه‌ ئازادن! ده‌بو له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا نوێنه‌ره‌كانمان له‌بری ئه‌وه‌ی پشو وه‌ربگرن، وه‌ده‌نگ بهاتنایه‌و به‌جورئه‌ته‌وه‌ وه‌ڵامی ده‌سه‌ڵاتیان بدایه‌وه‌ كه‌ ماف نابێت بكرێته‌ منه‌ت، چونكه‌ ماف، مافه‌. ئه‌م حه‌وانه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌كانمان له‌ئان و ساتێكدایه‌ كه‌ هێشتا نه‌مانزانی بۆچی گه‌نجێكی رۆژنامه‌نوس رۆحی لێسه‌نرایه‌وه‌؟ نه‌مانزانی بۆ سێ‌ گولله‌ له‌ناوده‌می درا؟!
نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت ویژدانیان ئازاریان بدات له‌كاتێكدا پشو وه‌رده‌گرن كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی هاوڵاتیان نزیكه‌ی ساڵێكه‌ نانبڕاو كراون و ژیانێكی سه‌خت ده‌گوزه‌رێنن و هێشتا چاره‌یه‌كیان بۆنه‌كراوه‌ و مناڵه‌كانیان رۆژ ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌رۆژه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی لانیكه‌م ژیانیان وه‌ك جارانی لێبێته‌وه‌، كه‌چی چاوه‌ڕوانی هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌و نوێنه‌ره‌كانیش پشو وه‌رده‌گرن.
ئه‌وه‌ كێیه‌ نازانێت كه‌ هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌رووی جه‌سته‌یی و ده‌رونییه‌وه‌ هیلاك و شه‌كه‌تن؟ نۆزده‌ ساڵه‌ مرۆڤه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ بۆنی خوێن و بێدادی ده‌سه‌ڵات وه‌ڕزیان ده‌كات، كه‌چی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی بڕیاربو جێگه‌ی ئومێدو خواستی ئه‌وان بێت، وا بڕیارده‌دات به‌شه‌ست رۆژ ئینجا هیلاكی ده‌ربچێت. پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ی په‌رله‌مانی پێشو هه‌ر خه‌ریكی كڕینی ئۆتۆمبێل و وه‌رگرتنی موچه‌ی زۆری مانگانه‌و پشوی شه‌ست رۆژی و پاشانیش خه‌یاڵی خانه‌نشینی بن، ئیدی پێمان ناڵێن جیاوازیی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی پێشو له‌كوێدایه‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كانتان ئه‌وه‌بێت كه‌ له‌ماوه‌ی رابردودا زۆر پرۆژه‌ یاسا گفتوگۆی له‌سه‌ركراوه‌و زۆربه‌یان بونه‌ته‌ بڕیاری یاسایی، ئه‌وا ئێمه‌ش له‌ وه‌ڵامدا پێتان ده‌ڵێین كه‌ په‌رله‌مانی پێشو به‌هه‌مانشێوه‌ زۆر یاساو بڕیاری ده‌ركرد،به‌ڵام چاودێری و لێپرسینه‌وه‌ نه‌بو بۆ جێبه‌جێكردنیان، هه‌ربۆیه‌ به‌نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكمان نه‌زانین. ئێستاش هه‌روایه‌، كام بڕیارو یاسا جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌و ئێوه‌ی نوێنه‌ری خه‌ڵك لێپرسینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا كردووه‌؟. یه‌كێكی تر له‌و پرسیارانه‌ی كه‌ حه‌وانه‌وه‌كه‌تان ده‌یهێنێته‌ بیرمان ئه‌و پرسیاره‌یه‌: له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌ست رۆژه‌دا كه‌ دوو مانگ ده‌كات و دوو موچه‌ی تێده‌كه‌وێت، بێزیادوكه‌م موچه‌ی هه‌ردوو مانگه‌كه‌ وه‌رده‌گرن؟ ده‌ربڕینی ئه‌م پرسیاره‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هۆكاره‌كه‌ی بۆئه‌و جۆره‌ ژیانه‌ی هاوڵاتیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ نموونه‌كه‌ی له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا له‌قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ده‌ركه‌وت و بینیمان پیاوێك بڕیاریدا ئه‌گه‌ر ژیانی هه‌روا به‌رده‌وام بێت مناڵه‌كانی ده‌كوژێت و پاشان كۆتایی به‌ژیانی خۆی ده‌هێنێت!! ئێستا ئێوه‌ پێویستان به‌پشووه‌ یان هاوڵاتیان؟.


 

           

 

23/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com