گفتووگۆ له‌گه‌ڵ دڵشاد خدر
بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی دەرەوەی حزبی شیوعی کوردستان

  

هەڤبین رزگارکۆچەر

 

هاورێ دلشاد خدر بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی دەرەوەی حزبی شیوعی کوردستان ...حزبی شیوعی کوردستان ژمارە نیە، لە هاوکێشە سیاسیەکاندا، ئەوەندە لاواز بووە، زۆرینەی خەلکی کوردستان هەست بەبوونی ناکات...


هەڤدە ساڵ پێش ئێستا بە هۆئ نارەزای و داوەکارئ شوعیەکان کوردستان حزبئ شوعی کوردستان دامەزرا ئەو کاتە شوعیە کوردەکان لەناو حزبی شوعی عیراق خەبتیان دەکرد لەم پێناوەش شوعیەکانی کوردستان قوربانی زۆریان دا ، لە مێژوی خەباتی رزگاری کوردستان شوعیەکان رۆڵی بەرچاویان هەبووە لەم روەش بەسەدان وهەزاران شەهیدیان داوە ، ئێستا لە کوردستان حزبی شوعی بە هۆی چەند هۆکارێک رووبەرووی چەند قەیرانێک بۆتەوە هەردوو هەڵبژاردنەکەی ئەم دواوەیەش رێژەی هیزی دەنگ دەرانی حزبی شوعی دەرخست بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بارودۆخەی ئێستای حزبی شوعی کوردستان هاورێ دلشاد خدربەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی دەرەوەی حزبی شیوعی کوردستان وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە . پاش ماوەیەکی تر حزبی شیوعی کوردستان یادی حەڤدەمین سال رۆژی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە، جەنابت ئێستا چون وەزعی حزب دەبینیت؟
بەرێزم پێش وەلام دانەوەی پرسیارەکەت، پیروزبایی لە هەموو شیوعیەکانی کوردستان دەکەم لە یادی 17 مین سال رۆژی دامەزراندنی حزبە تێکوشەرەکەیان.
دەربارەی پرسیارەکەت، هەموو هاورێیان ئەو راستیە دەزانن، کە حزب ئەمرۆ لە قەیرانێکی هەمە لایەنەدا دەژێت، بە هۆی درێژە کێشانیان، قەیرانەکانیش گەیشتۆنەتە ئاستی هەرەشە لە مانی حزب، وەک حزبێکی زیندو. ئێستا ئەگەر سەیری هاوکیشە سیاسیەکانی کوردستان بکەین، ئەوە دەبینین کە حزبی شیوعی کوردستان ژمارە نیە، لە هاوکێشە سیاسیەکاندا، ئەوەندە لاواز بووە، زۆرینەی خەلکی کوردستان هەست بەبوونی ناکات، ئەوەی ئەمرۆ حزبی لە نەمانی یەکجاری پاراستوە، تەنیا ئەو مێژوە پر سەروەرییە کە تێکوشەرانی دێرین و شەهیدانی سەربەرزی حزب لە رابردوو بۆ حزبیان تومارکردوە، حەتمەن ئەم برە پارەیەی حکومەتی هەرێمیش، رۆلێک دەبێنیت بۆ مانەوەی حزب، بەم شێوەیەی ئێستا.
هەندێک لەم قەیرانانە دەگرێنەوە بۆ مێژوێکی درێژ بەر لە ئێستا، بەلام چونکە هەولنەدراو چارەسەربکرێت، قەیرانەکان هەم قولتر بوونەتەوە هەم ئالوزتر بوونە. ماوەیەکی درێژ سەرکردایەتی حزب نکۆلی لەوەی دەکرد، کە حزب دوچاری هەندێ قەیران بووە، هەموو تواناکان تەرخانکرابوو، کە ئەم قەیرانانەی حزب، لە ئەنجامی میتودو گوتاری سیاسی دوچاری بووە بەشاردرێتەوەو، وا لە هاورێیان و دوستانی حزب بگەینن، کە حزب لە ژیانێکی ئاساییدا دەژێت، بەلام هەموو چاودێرانی سیاسی و پێش ئەوانیش سەرکردایەتی حزب ئەم راستییەیان باش دەزانی، کە حزب رۆژانە لە پوکانەوەدایە. رێزەکانی حزب رۆژانە کالدەبێتەوە، هەم لە رووی چەندایەتی هەم لە رووی چونایەتی. بەلام دیسان سەرکردایەتی، یان باشتر بلێن دەست رویشتوانی نیو سەرکردایەتی، بەبێ گویدانە دواروژی حزب درێژەیان بە هەمان میتود و گوتاری سیاسی دا، کە پێش هەموو کەس خۆیان دەیانزانی ئەم رێگایە، حزب بەرەو کوێ دەبات. بەلام خواستی وان پاراستنی پەیوەندیەکانیان بوو لەگەل دەسەلات، پێش پاراستنی حزب و پێگەی لە نیو جەماوەردا. ئێستاش پاش ئەم دووشکستەی حزب لە هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عیراقدا، هەموو ئەدەبیاتی حزب خراونەتە خزمەت بەرگری لەم میتودو گوتارە سیاسیەی کە حزبی گەیاندۆتە لێواری مەرگ. ئەوەش تەنیا ئەوە دەگەینێت، ئێستاش سەرکردایەتی حزب نایەوێت رێگا چارەیەک بدۆزیتەوە، بۆ رزگارکردنی حزب لە مەرگی راستەقینەی.

بەرای جەنابت ئەم هۆکارانە چین کە حزبی دوچاری ئەم قەیرانانە کردوە؟

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، هەندێ لەم قەیرانانە دەگەرێنەوە بۆ ماوەیکی دێژ بەر لەئێستا. دەبێت ئەوەش لەبەر چاوبگرین کە هەندێ لە هوکارەکان بابەتین، بەلام هوکارە خودییەکان کەم نین، کە پێش هەموویان ئەم میتودو گوتارە سیاسییە کە بۆ پاراستنی هاوپەیمانیمان لەگەل لایەنە دەسەلاتدارەکان پەیرەومان کردوە و درێژەی پێدەدەین، کە باش دەزانین هۆکاری سەرەکی دابرانمان لە جەماوەر ئەو هاوپەیمانیە نابەرانبەریە کە لەگەل پدک و ینک هەمانە، ئەوە چەندین سالە هەموو هەلویستەکانی حزب خراوەتە خزمەت پاراستنی پەیوەندیمان لەگەل دەسەلات، ئەمەش بەدەر نیە لە پاراستنی بەرژەوەندی شەخسی هەندێ لە هاورێیانی سەرکردایەتی. هەر بۆ نمونە حزب لە هەردوو لایەنی دەسەلات، زیاتر بەرگری لەو ئێیدارەیە دەکات کە تێدا پێش جەماوەر شیوعیەکان و بنەمالەی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکانی حزب مافەکانیان پێشێلدەکرێت. پێش شیوعیەکان و بنەمالەی شەهیدانیش جەماوەر ئەوە دەبێنیت، کە دەسەلات بەرامبەر ئەم هەلویستانەی حزب زۆر سەخییانە دەستکەوت و ئیمتیازات بە هەندێک لە سەرکردایەتی حزب دەدات. هۆکاریکی تری ئەم قەیرانانە ناسنامەی فکری حزبە، کە زۆر تەم و مژاوییە و زۆر دیارنیە ئێمە چ حزبێکین، شیوعین یان سوسیالیزمین و یان سوسیالدیموکراتین. بێجگە لە نەبوونی ستراتیجێکی دیاریکراوی بۆ حزب. هۆکارێکی تری ئەم قەیرانانە ئەوەیە، کە حزب بە شێوەیکی زۆر دوور لە گیانی دیموکراتی مامەلە لەگەل ئەو دەنگانە دەکات کە رەخنەیان لە میتودو گوتاری سیاسی حزب و هەلسوکەوتی هەندێ لە دەست رویشتوانی نیو سەرکردایەتی حزب هەیە. هەرچەندە ئەم نەرێتە کونە لە نیو رێزەکانی حزبدا، بەلام دەبێت ئێستا وەزعی حزبمان لەبەر چاو بێت، کە حزب لەم وەزعیەتەی ئێستا پێویستە بە شێوازێکی تر مامەلە لەگەل ئەم دەنگانە بکات. خۆمان لەوە بەدوور بگرێن، کە حزب مولکی کۆمەلێکمانە و دەنگە نارازیەکان بخەینە خانەی تێکدەر و دژە حزب. لە هەمانکاتدا ئەو هاورێیانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان حزب ناشیرن دەکەن، بەبێ لێپرسینەوە رەت دەبێت، ئەگەر هاورابیت لەگەل دەست رویشتوانی نیو حزب. هۆکارێکی تری ئەم قەیرانانە ئەوەیە کەئەمرۆ حزب لە ژێر دروشمی پاراستنی یەک رێزی و دەستکەوەتەکانی راپەرین، خۆی لە کاری راستەقینەی خۆی دزیوەتەوە، کە بەرگری کردنە لە پەرژەوەندی خەلکی زەحمەتکیش و کرێکارانی هزرو بازو و چونە سەنگەری دژ بە گەندەلی و ....هتد، لەکاتیکدا رۆژانە ژمارەی هەژارەکانی لە کوردستان زیاد دەکات، لە ئەنجامی گورینی هەموو کەرتەکانی گشتی بۆ کەرتی تایبەت، کار گەیشتۆتە ئەو رادەیەی خەلکانیک گورچیلەی خۆی بفرۆشیت لە پێناو پژێوی رۆژانەیدا، لە هەمان کاتدا رێزەکانی حزبی شیوعی کوردستان لە پوکانەوە دابیت، ئەمرۆ حزب نە میتودو نەگوتاری سیاسی بە حزبێکی چینایەتی ناچیت. ماوەیەکی درێژە رۆژنامەی رێگای کوردستان ئەگەر وێنەی داس و چەکوچەکەی لەسەر لابەیت بە هیچ شیوەیەک بە بلاوکراوەی حزبیێکی شیوعی ناچیت، هەر ئەوەش وای لێکردوە کە بێتە ئەو ئاستەی، رێژەی خوینەرانی بگاتە ئاستی 0،02 %.

هەندێک لە هاورێیانی سەرکردایەتی هەلوەشاندنەوەی یەکێتی سوڤیەت وەک پاساو بۆ ئەم وەزعەی ئێستا حزب دەهێننەوە ، ئایا بەرای جەنابت روخانی یەکێتی سوڤیت چەند کاریگەری هەیە لەسەر پوکانەوەی حزب؟

هەلوەشاندنەوەی یەکێتی سوڤیەت و ئاشکرا بوونی هەندی هەلسو کەوتی سەرکردەکانی حزبی شیوعی سوڤیت کاریگەری سلبی لەسەر هەموو حزبە شیوعیەکانی جیهان بە گشتی و ئەوانەی لە بازنەی سوڤیەت دەسورانەوە بە تایبەتی هەبووە، ئەم کاریگەریە سلبیەش ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت، بەلام دەبێت ئەوەشمان لەبەر چاوبێت لە کاتەکانی بوونیشی کاریگەری سلبی لەسەر تێکوشانی شیوعیەکان عیراق هەبوو. بە هۆی ئەم پەیوەندیە توندو تۆلەی لەگەل رژێمی بەعس هەیبوو، وەک هەمووشمان ئاگادارین بەعسی چون ئەم پەیوەندەی لەگەل سوڤیەت هەیبوو خستبویە خزمەت لاواز کردنی حزبی شیوعی عیراق، لە دەزگا راگەیاندنەکەی سەرمایەگوزاری پێ دەکرد. نەبوونی هیچ هەلویستێکی سەرکردایەتی ئەو کاتی حزبیش بەرامبەر هەلویستەکانی سوڤیت، لەمەر شیوعیەکانی عیراق زیاتر زیانی بە پێگەی حزب لە نیو جەماوەر دا. حزبی شیوعی سوڤیت زەمەنێکی درێژ پێش روخانی، هیچ هەلویستێکی مەبدەئی بەرامبەر تێکوشانی شیوعیەکان نەمابوو، بەلام حزبی شیوعی عیراق بەهۆی ئەم ئیمتیازانەی سوڤیت دەیدا، نەیدەویست لەو بازنەیە دەرچێت و بۆ جاریکیش رەخنەیەک لە هەلویستە هەلەکانی سوڤیت بگرێت. پێویستە ئەوەش بزانین ئێستا ناتوانین روخانی یەکێتی سوڤیەت بکەینە بیانو بۆ ئەم پوکانەوەی ئێستای حزبی شیوعی کوردستان، چونکە یەکێتی سوڤیەت لە 1991 دارما، پاش ئەم کاتەش حزب خاوەنی جەماوەریکێ بەرچاو بوو لە نیو خەلکی کوردستان، لە راپەرین و پاش راپەرین حزب خاوەنی جەماوەرێکی بەرفەرەوان بوو، لە هەلبژاردنی شارەوانیەکانی 2002 حزب جەماوەرێکی زۆری مابوو. کە ئەوکاتی 11 سال بوو یەکێتی سوڤیت دارمابوو، خۆ ناتوانین بلێن تازە پاش 20 لە دارمانی، هەوالەکە ئیستا گەیشتۆتە کوردستان. پوکانەوەی حزب لەم کاتەوە دەستی پێکرد، کە سەنگەری دەسەلاتمان هەلبژارد لە جیاتی سەنگەری کومەلانی خەلکی کوردستان، هەرچەند لە سەنگەری دەسەلات نزیک تر دەبینەوە پوکانەوەکەی حزب زیاتر دەبێت.

پێش ماوەیەک هەندی زانیاری لەلایەن سەرکردایەتی حزب لەسەر ماموستا عەلی گەیاندرایە سەر سایتەکان، ئایا ئەمە چەند خزمەت بە حزب دەکات لەم وەزعیەی ئێستا؟

پێش هەموو شتێ ئەمە کارێکی نامۆ بوو لە مێژووی حزب و زۆریش دووربوو لە نەرێتی هاورێیەتی، ئەم کارە پێش ئەوەی وێنەیەکی سلبی ماموستا عەلی بە جەماوەر نیشانبدات، وێنەیکی ناشیرنی حزب بە جەماوەر نیشان دا، تەواو ئەو پەیامەی گەیاند، کە سەرکردایەتی حزبی شیوعیش وەک هەردوو حزبی دەسەلات گەندەلن!!! تا رادەیەکیش پاساوبوو بۆ ئەو رەخنانەی لە حزبی دەسەلات دەگیری لەسەر گەندەلی!!! چونکە ئەم پەیامە دەلێت هەموو حزبەکان بە حزبی شیوعیشەوە گەندەلن بۆ تەنیا رەخنە لە حزبی دەسەلات دەگرن!!! بە داخەوە ئەم شێوە هەلسو کەوتە تەنیا لە نیو گروپە مافیاکان هەیە، کە کاتیک کەسێک دەیەوێت لێیان جیابێتەوە، دەکەوێتە بەر هەرەشەی ناوزەند کردن و بلاو کردنەوەی کارە ناشیرنەکانی، نەوەک ئێمە هەموومان دەزانین ماموستا عەلی هەر لە دوای راپەرینەوە ئەم شێوە پەیوەندییەی لەگەل بەرێز مام جەلال هەبووە، هەموو سەرکردایەتی حزب ئاگاداری بوونە، بەلام کەسێک رۆژیک نەهات سنوریک بۆ ئەم شێوە پەیوەندیانە دابنیت، بەلکو هاندەدرا بۆ ئەوەی لەم رێگایە دەست کەوتێک بۆ حزب پەیدابکات، بەبێ لە بەرچاوگرتنی شێوازەکە. بەلام کاتیک ماموستا عەلی رەخنە لە ئەدای چەند هاورێیەک دەگرێت، دەبێت بەم شێوەیە، دوور لە نەریتی هاورێیانە ناشیرین بکرێت. بەداخەوە پاش بلاو بوونەوەی ئەم هەوالەش، سەرکردایەتی هیچ روونکردنەوەیەکی بلاو نەکردوە، کە ئەم قسانە لە سەرکردایەتی حزب رانەگەیاندراوە. ئێستا دەیان پرسیار لەلایەن هاورێیان و جەماوەر هاتووتە پێش، ئایا ئەگەر ماموستا عەلی هەروەک جاران ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوایەو هیچ رەخنەیەکی لە ئەدای ئەم هاورێیانە نەبوایە، کەس باسی ئەم هەلسوکەوتانەی دەکرد!! بەداخەوە ئێستا زۆرینە چاودێرانی سیاسی، پێیان وایە ئەم بێدەنگییەی زۆریک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حزب لەسەر وەزعی حزب، ترسانە لەم شێوازە فشارانە!!!

وەک هەموومان دەبینین سەرکردایەتی حزب لە جیاتی گۆی گرتن لە راو بۆچونەکانی هاورێیان، رێگا سزادانی گرتۆتە بەر!! ئەمە چەند خزمەت بە حزب دەکات؟
بەداخەوە کار گەیشتۆتە ئەم ئاستە!! وەک پێشتر باسم کرد ئەم نەرێتە تازەنییە لە نیو رێزەکانی حزبی شیوعی، بەلکو مێژویێکی درێژی هەیە، ئەم نەرێتە هوکارێکی سەرەکی بووە، کە ئەوانەی موخالیفی بیر کردنەوەی سەرکردایەتی حزب بوونە، بەداخەوە بێجگە لە چونە دەرەوە لە نیو رێزەکانی حزب، هیچ رێگایەکی تریان بۆ نەماوەتەوە، ژمارەیەکی زۆریشیان کە چوینەتە درەوەی حزبیش خۆیان پارستوەوە هەر وەفا داربوونە بۆ رێبازەکەی، هیچ کاریک بەقەد دەرکردن و دورخستنەوەی هاورێیان ئاسان نیە!!! بەلام ئەی پێگەی حزب و دوارۆژی. تەنیا وەک نمونە، هاورێی کوچ کردو مەلا حەسەن چونکە دژی بەرەی حزب و بەعس بوو، بە هەموو شێوەیک دژایەتی دەکرا. ئەو کات چەندین کەسی ناشیاو بۆ کۆمیتەی هەرێم بەرزکرایەوە، ئەویش هەر بە ئەندامی مەحەلی هەولێر مایەوە. ئەو کاتەی حزب کەوتە بەر هێرشی بەعس، زۆرێک لەوانەی سەرکردایەتی گرنگی پێدەدان و بەرزکرابوونەوە، بەزین و هەندێکیان بوونە پیاوی بەعس. بەلام هاورێ مەلا حەسەن وەک دلسوزێکی رێبازی حزب، بەبێ گویدانە هەموو شتێک سەنگەری پاراستنی حزبی هەلبژارد، ئەم نمونانە زۆرن لە ژیانی حزبدا، ئەو هەلسوکەوتەی ئێستای سەرکردایەتی، تەنیا بەرزکردنەوەی دروشمی هیچ هێزیک نیە ئێمە لەم میتودو گوتارە سیاسیە دروبخاتەوەو، ئەوەی رازی نیە دەتوانی حزب بەجێبێلن (بەراشکاوی لە هەندێ شوین ئەم قسەیان کردوە). ئەم میتودە هەموو دەرگایەکان لەرووی حزب دادەخات، کە بتوانرێت حزب لەم قەیرانە هەمە لایەنە رزگار بکات.

بەرای جەنابت چ رێگایەک هەیە بۆ ئەوەی حزب لەم قەیرانە هەمە لایەنە رزگاری بێت و بتوانی بگەرێتەوە شوێنی راستە قینەی خۆی؟
وەک پپشتر ئاماژەم پێدا، قەیرانەکان هەم هەمەلایەن و هەم زۆریش ئالوزبوونە، ماوەیەکی درێژیش کار بۆ گورینی پێکهاتەی حزب کراوە، لە پێکهاتەیەکی شورشگێر بۆ پێکهاتەیەکی فەرمانبەری، بۆیە ئەگەر بە شێوەیکی هەمەلایەن سەیری حزب و هەلویستی سەرکردایەتیەکەی بکەیت، ئەوە دەبینیت کە چارەسەری ئاسان نیە، بە تایبەتی هەلویستی سەرکردایەتی حزب تا ئێستاش بەرگری لەم میتودە و گوتاری سیاسیە دەکات، کە حزبی گەیاندە ئەم ئاستەی ئێستا، تا ئەم کاتەش هەلسەنگاندنێکی بابەتی نەکراوە بۆ شکستەکانی پرۆسەی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عیراق، بە پێجەوانەوە لێرە و لەوێ هەولی جدی دەدەن، ئەم شکستە لە وێنەیەکی سەرکەوتن بە هاورێیان و بنکە حزبیەکان نیشانبدەن، گوایە حزب لە چونەوە پێشەوەدایە، لەپاریزگای دهۆک 1600 دەنگمان هێناوە، چونکە لە هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەنیا 900 دەنگمان هێنابوو!!!! سەیری ئەم خۆیندنەوە بکە!!! حزب لە هەشتاکان بە هێزێکی بەرچاوی پێشمەرگەو کادیری حزبی تێکوشانی چەکداری لەم ناوچەیە ئەنجامداوە خاوەنی زیاتر لەم ژمارەیە شەهیدمان لەم ناوچەیە هەیە!!! بزوتنەوەی گوران بۆیەک رۆژیش لەم ناوچەیە بوونی نەبووە، بەلام توانی زیاتر لە 22000 دەنگ لەم ناوچەیە بەدەستبێنیت!! ئێمە لە کۆمیتەی رێکخستنی دەرەوەی حزبدا هەر لە دوای شکستەکەی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەیەکی تایبەتمان بۆ هەلسەنگاندنی شکستەکە کردو راگەیاندنێکمان بلاو کردەوە، کە تێیدا هەم هۆکاری شکستەمان دیاری کردبوو هەم رێگا چارەشمان بۆ دەست نیشان کردبوو. بەلام بەداخەوە دیسان کەس گۆی لە ئێمە نەگرت و بە هەمان میتود و گوتاری سیاسی چوینەوە نیو پرۆسەی هەلبژاردنی پەرلەمانی عیراق، حزبیان دوچاری شکستێکی گەورەتر کرد. پێویست بوو هەر لە دوای شکستەکەی پەرلەمانی کوردستان، حزب گرێدانی کونگرەیەکی نائاسایی، بکردبایە کاری یەکەمی، ئەمە کەمترین کاربوو بۆ ئەوەی بتوانرێت متمانەی هاورێیان و جەماوەر بۆ حزب بگەرێتەوە، بەلام بەداخەوە ئەوان هەولدان بۆ بەشداربوون لە حکومەتی هەرێمیان کردە کاری یەکەمیان و ئەم کێشانەی لە ئەنجامی ئەم شکستیە هاتە کایەوە، بۆ قەدەریان بەجێهێشت و ئێستاش هیچ هەنگاوێک لە ئارادانیە لەلایەن سەرکردایەتی حزب بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، تەنیا گرتنەبەری سزادانی ئەم هاورێیانەی رەخنەیان لە میتودو گوتاری سیاسی حزب هەیە و نایانەوێت بەچاوی خۆیان مەرگی ئەو حزبە ببینن، کە تەمەنێکی درێژ لە رێزەکانی تێکوشاون و قوربانیان داوە و هەندێکیان گیانی ئەزیزەکانیان لە رێگای سەربەرزی ئەم حزبە بەختکراوە. تاکە رێگای رزگار کردنی حزب گرێدانی کونگرەیەکی نائاساییە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانەی ماوەیەکی درپژە لەسەر یەک کەلەکە دەبن. راستە ماوەیەکی درێژ نیە حزب کونگرەی سێ یەمی خۆی گرێداوە ، بەلام دەرئەنجامەکانی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عیراق، سەنگ و کاریگەری حزبی بە شێوازیک نیشاندا کە هیچ پاساوێک بۆ ئەوە نەهێشتەوە بێ باکانە لێگەرێین حزب لە گورەپانکە وونبێت و ئێمەش خۆمان بە ئیستحقاقی کونگرە ببەستینەوە!!! بۆیە جارێکی تریش دووپاتی دەکەمەوە، بێجگە لە گرێدانی کونگرەیەکی نائاسایی بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانەی لە ئەنجامی ئەم میتودو گوتارە سیاسیە هاتونەتە کایەوە. هەموو رێگایەکانی تر تەنیا خۆ دزینەوەیە لە چارەسەری راستەقینەوە خوازیاری بەردەوام بوونە لە لاواز کردنی حزب. هاورێیانی سەرکردایەتیش بەرپرسیاری مێژوویان لەسەرە بۆ چارەسەرکردنی ئەم وەزعیەتەی حزبی خراوەتە ناو.

باشە ئەو هاورێیانەی سەرکردایەتی وەک ئێستا گوییان لەم رەخنانە نەگرتوو، بەردەوام بوون لەم میتودە، چ رێگایەک بۆ هاورێیانی نارازی دەمینێتەوە.

ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و رۆژانە چەندین هاورێ دوبارەو سێ بارەی دەکاتەوە. لەسەرەتا پێویستە ئەوە بگوترێت، لە ئەنجامی پەیرەوکردنی ئەم میتودە کۆمەلێک ئەندامانی سەرکردایەتی سوود مەندن لە رووی وەرگرتنی دەستکەوت لە دەسەلات، ئەمانەش بە شێوازێکی توند دژی هەموو بوچونێک دەبنەوە کە داوای گورانکاری ئەم میتودە دەکات، بۆ لاوازکردنی ئەم سەنگەرەش هەموو رێگایەک دەگرنەبەر، ئەمرۆش زۆرێک لە جومگەکانی حزبیان لەدەستدایە و لەوانەیە دەسەلاتیش خوازیاری ئەوە بێت حزبی شیوعی کوردستان هەر بەم شێوەیەبێت. بەلام دیسان لەسەر هەمووان پێویستە هاورێیان بە شێوازێک تێبکوشن بۆ گورانکاری کە لە کوتایدا زیان بە حزب نەگەینێت، چونکە حزب ئەمرۆ لە وەزعێکی زۆر لاوازدایە، بەرگەی دووکەرت بوون و لێکجیابوونەوەی هاورێیان ناگرێت.پرۆسەی گورانکاری پرۆسەیەکی درێژ خایەنە و پێویستی بە سسنگێکی فەرەوان هەیە، هاورێیانی سەرکردایەتی هەر ئیجرائەتێک بکەن ناتوانی ئەم کێشانە کۆتایی پێبێنیت و لە کوتایدا هەر پێویست دەبێت گورانکاری بکرێت و حزب بگرێتەوە شوێنی راستەقینەی خۆی کە بەرگری کردنە لە بەرژەوەندیەکانی خەلکی زەحمەتکیش. بەلام پێویستە لە رێگای نووسین و کورو کۆبونەوە زیاتر ترسناکیەکانی سەر حزب بۆ هاورێیان روونکەنەوە. راستە زۆرینەی ئەو کەس و گروپانەی لە حزب دابران، نەیانتوانی درێژە بە تێکوشانیان بدەن، ئەمەش لە ئەنجامی دلسوزی هاورێیان و بنکە حزبیەکان بووە، بەلام کاتی حزب لەم ئامانجانە دوور دەکەوێتەوە کە لە پێناوی دروست بووە، ئەوکات شتێکی تر دەبێت. دەبێت ئەوەش بزانین کە سەرکردایەتی حزب ئەمرۆ ئەرکێکی مێژووی لەسەر شانە کە بتوانی بە شێوازیک مامەلە لەگەل ئەم وەزعیەتە بکات کە لەبەرژەوەندی حزب کوتایی بێت!!! گرتنەبەری دەرکردن و محاسەبە کردنی هاورێیان، ئەوە تەنیا قەیرانەکانی حزب قولتر دەکات و حزب زیاتر دەپوکێنیێتەوە. ئێستاش حزب خاوەن جەماوەرێکی زۆرە، لە ئەنجامی زەحمەت و ماندوبوونی تێکوشەرەانی دێرین و شەهیدانی حزب، حزب خاوەن سەرمایەکەی زۆر گەوەرەیە لە کوردستان، بەلام ژمارەیەکی زۆری لە بنەمالەی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکانی و تێکوشەرانی دێرینی حزب بە هۆی ئەم میتودو گوتارە سیاسیە هەلویستیان لە حزب وەرگرتوە و لە حزب دوورکەوتۆنەتەوە، هەرچەندە ئەوە ئازارێکی گەورەیە. هەموو جەماوەری حزب و بنەمالەی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و ...هتد، چاوەروانی ئەوەن حزب بگەرێتەوە سەنگەری راستەقینەی خۆی، ئەو سەنگەرەی کە ئەوان تێیدا تێکوشان و قوربانیان تێداوە، تا ئەوانیش وەک جاران خۆیان لە نیو حزبە بدۆزنەوە، کە هەم قوربانیان لە پێناو داوە هەم تەمەنێکی درێژیان لە پێناو ئەم حزبە بەسەر بردوە.






 

           

 

30/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com