له‌و سه‌ری ونبوونه‌وه‌ دێمه‌وه‌ تكایه‌ بوه‌سته‌ ژیان
 

  

ڕۆژ هه‌له‌بجه‌یی


له‌و سه‌ری ونبوونه‌وه‌ دێمه‌وه‌،
له‌ نه‌سلی ئه‌و نامانه‌ی په‌نجه‌كانی ئاگرئاوه‌ڵای كردن،
هه‌نگاوه‌كانی دووكه‌ڵ موتاڵا...
له‌بورجی ئه‌و سێبه‌رانه‌ی گوڵێك سه‌ری دێشێ و
باخچه‌یه‌ك ناڵێت مه‌رحه‌با..!
بولبولێك گێلانه‌ بۆ چڵ ده‌خوێنێ و
چڵ به‌ پایپی نه‌فه‌س كێشانی خه‌یاڵه‌وه‌،
شعوری پڕه‌ له‌ چنینی قه‌فه‌س...!!
له‌یه‌قینی ئه‌وچیمه‌نه‌ قژمۆرانه‌ی،
دوگمه‌ی كراسه‌كانییان ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ده‌ستی سه‌راب و
دوودڵن له‌ له‌ دڵۆپێ ئاو....
له‌ بێئاگایی ئه‌و مۆمانه‌ی،
له‌ناو تۆخترین تاریكییا زیكره‌كه‌ن و
ته‌با له‌گه‌ڵ كزه‌بایه‌كداو
ڕه‌شه‌با ده‌كه‌نه‌ به‌رماڵ...!!
له‌و سه‌ری وونبوونه‌وه‌ دێمه‌وه‌...
له‌گه‌وره‌بوونی ئه‌و ئازارانه‌ی،قیژه‌ تۆخه‌كا
ئه‌وه‌ قاقای پێڵاوێكه‌،به‌هه‌نگاوی كونكونه‌وه‌
ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر لارترین عاتیفه‌....
له‌گه‌وجێتی ده‌زووی باران،كه‌ئه‌دا له‌قژی سه‌حرا،
چما سه‌حراچ مانایه‌كی هه‌یه‌ ئه‌ی باران ...
جگه‌ له‌ له‌شكری لم و له‌نوتفه‌ی غوبارو
له‌چوارگۆشه‌ی گه‌رده‌لوول؟!
له‌كاڵفامی ڕیشۆڵه‌یه‌ك،
ته‌ریقه‌تی به‌فر جێدێڵێ و
ڕه‌چڵه‌كی فڕین ده‌باته‌وه‌ناو پێستی شه‌و
داگیرسانی خه‌و....
له‌بیركۆڵی شكۆفه‌یه‌ك خۆی ڕووتده‌كاته‌وه‌،
له‌شه‌ونخوونی گه‌ڵاو
نیگای پڕناكا له‌فرمێسكی ئاونگ و
گوێ ناگرێ له‌مشتوومڕی جۆگه‌له‌...
له‌و سه‌ری ونبوونه‌وه‌ دێمه‌وه‌...
له‌كوچه‌ی نیوه‌ڕۆدا،سێبه‌ر قۆڵبه‌ست ده‌كرێ و
نۆته‌كانی ئاو قفڵ و
ئه‌ندێشه‌ی دره‌خت ئارشیف و
زاكیره‌ی گوڵ تینوو...
ئه‌م هه‌موو كه‌ڕه‌تی مردنه‌ ده‌كاته‌ چه‌نی ژیان،
ئه‌م هه‌موو پارانه‌وه‌ی چه‌ترانه‌
دابه‌شه‌ بۆ چه‌ند قومی خورافه‌و
چه‌نی ده‌گاته‌ ماچی باران؟!
ئه‌م لێده‌ركردنه‌ له‌ماچی بارانا،
یه‌كسانه‌ به‌چه‌ند شینبوونی شه‌ریعه‌ت،
چه‌ند یاسای بێ یاسا....
چ یاسایه‌كه‌ نابیناله‌قوڵای نیوه‌ڕۆدا،
دانه‌وێڵه‌ی چاوهه‌ڵۆی بكه‌ینه‌ داوێك،
بۆ په‌ڕنده‌یه‌كی تازه‌ ڕواو...
چ شه‌ریعه‌تێكه‌ شێتگه‌را،
زستان به‌ڕیشی به‌فره‌وه‌،
به‌عومله‌ی په‌ڕه‌سێلكه‌وه‌قومار بكاو
به‌هاریش بلێ له‌م قوماره‌دا هه‌ر من براوه‌م...!!
چ تاوانه‌ ئه‌و ده‌ستووره‌ به‌چاندنی شه‌تڵی عاتیفه‌،
له‌بژوێنی كۆتره‌ ته‌ریبه‌كانی ماتماتیك...
له‌هه‌ڵكردنه‌وه‌ی فڕین،
بۆ په‌پووله‌ شیفۆنه‌كانی لوغمی چرایه‌ك....
له‌ زه‌خره‌فه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆلارانه‌ی،
پێده‌كه‌نن له‌ئاسمانی ئاشوب....
له‌ هۆنینه‌وه‌ی ئه‌و ملوانكه‌ پچڕاوانه‌ی،
جۆگه‌له‌ی (با) دزینی شه‌و ده‌یكاته‌ ملی....
له‌به‌دحاڵیبوونی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌كان،
چاو بۆ خۆر ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌یپه‌رستن،
كه‌ده‌شمرن ئێواره‌ ده‌بێته‌ تابووتیان!!
له‌و سه‌ری ونبوونه‌وه‌ دێمه‌وه‌...
چی له‌مه‌رحه‌مه‌تی ئه‌م حیكمه‌ته‌ بكه‌م،
كه‌ ده‌ڵێ(مردن ئه‌نجامی ژیانه‌)
مردن چه‌ندجوانتره‌،له‌درزی فرمێسكی ئه‌و كچانه‌ی،
ماڵه‌ شووشه‌ییه‌كانییان كۆپی كران له‌ هه‌ناسه‌ بڕكێی خوێن...
مردن چه‌ند گرانتره‌ ،له‌هه‌ڕاجكردنی عومری ئه‌و بێوه‌ ژنانه‌ی،
چه‌تری ئومێدییان چنی،له‌قامچی نیتشه‌و له‌قوڵپی شه‌وه‌زه‌نگ!
مردن چه‌ند به‌تامتره‌،له‌میمه‌ مزره‌كانی نارنج ولیمۆ،
كه‌ده‌چنه‌ ته‌مه‌نی تامه‌زرۆ موحیبه‌ت مه‌ودایه‌كی نییه‌،
بۆ به‌رچینه‌یه‌ك گفتوگۆ....
مردن چه‌ند به‌ئه‌مه‌كتره‌،له‌ناڵه‌ی ئه‌و گۆزانه‌ی،
به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ستی كانییه‌ كه‌له‌پووته‌كانه‌وه‌ ده‌شكێن و
ناچنه‌وه‌ سه‌ر ئاهونزووله‌ی ده‌نگ و ڕه‌نگێ له‌دڵی خه‌ییام
مردن چه‌ند ئاشتیتره‌،له‌هه‌وری هه‌نارێك ده‌چێته‌ شه‌ڕی دانه‌كان و
له‌جوانییا سوهراب وێنای ده‌كا،
نه‌ك قڵیشانی به‌ده‌م گلله‌ییه‌كانی چه‌قۆوه‌ شه‌ڕ شه‌رم ده‌كا...
مردن چه‌ندئازیزتره‌،له‌تینوێتی گوڵه‌ شه‌وبۆیه‌ك،
گه‌ر له‌یادی جۆگه‌له‌یه‌كدا مه‌له‌ نه‌كا،
ده‌شتی شه‌هوه‌ته‌كانی،له‌ئینجانه‌ی چ سه‌فه‌رێكا ئاو ئه‌یبا؟؟
مردن چه‌ند نیانتره‌،له‌به‌یانییه‌ك له‌هه‌موو ته‌مه‌نیا،
ده‌ستی گزنگی نه‌گرت و بیری چوو نامه‌یه‌ك بۆ ئێواه‌ بنێرێ و
له‌كوچه‌ی مانگدا مناڵی ئه‌ستێره‌ به‌گڕوگاڵی شه‌و بشنێ...!!
مردن چه‌ند ئاوه‌دانتره‌،له‌ڕسته‌ی ئاوێك مانای خۆی،
له‌دێڕی دره‌ختێكا ڕه‌شنووس ناكا
هه‌تا مه‌رحه‌با له‌و چۆله‌كه‌ عاریفانه‌بكا،
به‌پۆستی جریوه‌وه‌ ئاسمان ده‌كه‌نه‌وه‌!!
له‌و سه‌ری ونبوونه‌وه‌ دێمه‌وه‌،تكایه‌ بوه‌سته‌ ژیان...
ئه‌م هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌ كه‌ ده‌مانكوژێ،
چ كوشتارێك ڕاڤه‌كه‌م؟؟
ته‌ماشا هه‌موو رۆژێك،سه‌ریاسه‌كانی سیاچاره‌ ناتوانن،
حه‌قیقه‌ت ڕاو بكه‌ن و
نه‌زیفی دواهه‌مین هه‌نار دروێنه‌...
چ فه‌ره‌یدونێك بكه‌مه‌ ئینشا،
له‌جه‌نگه‌ڵستانه‌كانی عیشقا،
هه‌موو فڕینه‌كانی په‌روانه‌له‌ ئێواره‌دا وه‌همی هێنا...!!
وه‌ی!چ فه‌رته‌نه‌یه‌كه‌ عیشق،
سێبه‌ری باڵای خۆی بڕنێ و
چاوه‌كانی بڕێژێ به‌میقاتی چۆڵه‌وانی و
نوسخه‌یه‌ك له‌چاپی نائومێدی....
له‌وسه‌ری ونبوونه‌وه‌ دێمه‌وه‌...
ئاخر حه‌قیقه‌ت به‌كاشیفه‌ی چ زمانێك و
به‌مۆدێرنه‌ی چ عیرفانێك و به‌ وێردی چ مه‌سیحێك و
به‌ ئایدیای چ ئه‌فلاتونێك وبه‌سۆفیستی چ ڕابێعه‌یه‌ك و
به‌قوڵنگی چ فه‌رهادێك وبه‌موباره‌زه‌ی چ دۆنكیشوه‌تێك و
به‌زۆربای چ یۆنانییه‌ك و به‌ئه‌لیف لامی چ ئایه‌تێك و
به‌ سیخورٍی چ یه‌هودایه‌ك حه‌قیقه‌ت ده‌كرێته‌وه‌ ...حه‌قیقه‌ت؟؟
ئه‌و هه‌موو ستایشه‌ی حه‌قیقه‌ت ده‌كه‌م و
كه‌چی دالغه‌كانی له‌گۆمی چاوه‌كانمدا شه‌و ده‌چێنن...
كه‌چی ماچه‌كانی له‌سێوی ستیانێكدا،
لاستیكی په‌شیمانی كرماندن لێده‌دا...
كه‌چی ئیمامه‌كانی له‌كلۆربوونی هه‌ورێكدا،
دانی گه‌ڵایه‌كی پایز ده‌كێشن....
كه‌چی عاریفه‌كانی له‌گوشینی باخێكی ڕه‌زدا،
تامی شه‌رابێكیان نییه‌،
بچێته‌وه‌ سه‌ر ئاخ هه‌ڵكێشانی ترێ....
ئێی حه‌قیقه‌ت تۆ ته‌نیایمان پڕ ده‌كه‌یت له‌ تۆنی نای
به‌رده‌كان به‌ده‌م فلوتی ژه‌نینی خۆیانه‌وه‌،
ده‌مانبه‌نه‌وه‌ سه‌ر ئه‌به‌دییه‌تی سكون...
تۆ ئیعرابی ئاو دێنی بۆ خنكان و
خۆرئاوابوون ده‌مانباته‌وه‌ سه‌ر تینووبوون...
تۆ قافڵه‌ی عیشقمان ئاوێزان ده‌كه‌یت به‌خه‌وی نه‌عنا،
كه‌چی هه‌ر ده‌چینه‌وه‌ سه‌رهیجره‌تی
وه‌لی دێوانه‌و قه‌یسی مه‌جنون..!!
تۆ پێمان ده‌ڵێی چ شه‌ڕێكی دۆراِوه‌،
بێ هۆشانه‌ دژی یه‌ك بین،
كه‌چی هه‌ر گرێی ئودیب تائاوسانی هۆش،
ده‌مانباته‌وه‌ سه‌ر هه‌وكردنی زه‌لكاوترین كوشتن...
له‌و سه‌ری ونبوونه‌وه‌ دێمه‌وه‌ قه‌ده‌رێكم به‌رێ ژیان،
بوه‌سته‌و قولانجێك تێڕامان...
قه‌ده‌رمانه‌ بگه‌ینه‌ سروته‌ ساراكانی كه‌نده‌ڵان،
به‌بێ ئه‌وه‌ی چاویلكه‌كانی چاومان،
تۆزێك خه‌یاڵ له‌ جامی مه‌عریفه‌دا هه‌ڵگرێ....
به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ مه‌له‌ بكا له‌ ئاوی تێگه‌یشتن...
قه‌ده‌رمانه‌ مردن سه‌فه‌ر بكا،
به‌كۆڵانه‌كانی بیره‌وه‌ریمان،به‌بێ ئه‌وه‌ی شوێنێك هه‌بێ
به‌مردن بڵێین به‌قه‌ده‌ر دوو باوێشكی گیا
بچۆره‌وه‌ سه‌ر باڵی زاهیدبوونی ڕه‌شه‌با...
به‌بێ ئه‌وه‌ی زه‌مه‌نێك هه‌بێ به‌مردن بڵێین،
به‌قه‌ده‌ر دوو سڵاو به‌قریوه‌ی مناڵییه‌وه‌ دیلانێ بكه‌،
له‌ناو ده‌قیقه‌ پشت قه‌مووره‌كاندا...
قه‌ده‌رمانه‌ بڕۆینه‌وه‌ بۆلای مه‌نفاكانی ڕۆح،
چوون هاژه‌ی باڵی په‌له‌وه‌ران و
پژمه‌ی گوڵان تێكه‌ڵاوكه‌ین و
له‌ناو موحازه‌ره‌كانی باخدا،
فێر نه‌بین په‌رداخێك ئاو بده‌ینه‌،
چاوه‌ڕوانی چاوه‌كانی دارچنار...
چوون ده‌ست له‌هه‌مه‌ڕه‌نگی گوڵه‌كانی عاتیفه‌ بده‌ین و
له‌عه‌تری گوڵستانه‌وه‌ فێر نه‌بین مشتێك ڕه‌نگ بدورین،
بۆ باڵه‌كانی كه‌نسمه‌و كه‌ناری....
چوون ته‌ونی هه‌موو جاڵجاڵۆكه‌كان تێك بده‌ین و
له‌حه‌وزه‌ی خه‌رابستاندا فێر نه‌بین قاپێك په‌شیمانی،
بده‌ینه‌ له‌وه‌ڕگای زینده‌وه‌رزانی...!!
له‌و سه‌ری ونبوونه‌وه‌ دێمه‌وه‌ تكایه‌ بوه‌سته‌ ژیان،
قه‌ده‌رێ، قه‌ده‌رێكم به‌رێ ژیان....


rozhhalabjay@yahoo.com



 

           

 

11/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com