ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی که‌ ده‌بوایه‌ په‌سه‌ند بکرێت
 

  

ڕووناك شوانی


گه‌لێك سه‌یر بوو به‌لامه‌وه‌ که‌ هه‌واڵی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی بیمه‌ی ژنی ماڵم پێگه‌یشت، چونکه‌ له‌لایه‌که‌وه‌ پێم وابوو که‌ خه‌می خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی داهاتی خێزان له‌ پاڵ یاساکانی مافی مرۆڤ و ئه‌منی قه‌ومی و.. و .. له‌ ئه‌وله‌ویاتی ئه‌جیندای ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانه‌، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌، ئاستی ئه‌ندامانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانم زۆر پێ جیاواز بوو له‌و خوله‌ی که‌ یاسای فره‌ژنی په‌سه‌ندکرد. بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی کێ و کامه‌ فراکسیۆن خاوه‌نی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یه‌، ئه‌توانین ئه‌م پڕۆژه‌یه‌‌ به‌ پێشنیاریکی هه‌ره‌ شارستانی و ژیرانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین. په‌سه‌ندکردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌بوو به‌ ده‌ستکه‌وتێکی مێژوویی و خاڵیکی پرشنگداری ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان، ده‌کرا به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی بێوێنه‌ بژمێردرێت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، چونکه‌ مه‌تره‌حکردنی ئه‌م جۆره‌ داخوازییه‌ شارستانیانه‌ و ئه‌و داخوازییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که‌ ئاستی خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك له‌به‌رچاو ئه‌گرێت، به‌رزی ئاستی وشیاری و فراوانی ئاسۆی بیرکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ و نوێنه‌رانیمان له‌ په‌رله‌مان نیشان ئه‌دات، داخوازیگه‌لێك که‌ له‌ ئه‌وروپا و وڵاتانی پێشکه‌وتوودا ته‌مه‌نێکی لێ به‌سه‌ر چووه‌، که‌چی تازه‌ به‌ تازه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری ئێمه‌ ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه‌! ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی وردی بۆ بکرایه‌ و لایه‌نه‌ ئه‌رێنییه‌کانی به‌هه‌ند وه‌ربگیرایه‌، ده‌کرا ده‌وڵه‌مه‌ندتریش بکرایه‌، ته‌نانه‌ت مه‌رجداریش بکرایه‌. یاسای بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ( بیمه‌ی بێکاری کابان) ده‌کرا ئه‌و ژنانه‌ بگرێته‌وه‌ که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رفه‌تی کارکردنیان نییه‌، یان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ن به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بووه‌ کاریان ده‌ست ناکه‌وێت، به‌له‌به‌رچاوگرتنی باری ئابووری کوردستان و ده‌رفه‌ته‌کانی کارکردن له‌ هه‌رێمێکدا که‌ بواری وه‌به‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی تێدا زۆر که‌مه‌ و زۆرترینی پڕۆژه‌کان ئیستیهلاکین، به‌تایبه‌تیش بۆ مێینه‌. ژن به‌ گشتی به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ به‌شداره‌ له‌ به‌رهه‌مهێناندا، ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ و منداڵ به‌خێوکردن و چێشت لێنان و هه‌موو کاره‌کانی دیکه‌ی ماڵ له‌ ئه‌ستۆی ژندایه‌، بگره‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ داخراوه‌کاندا ژن وه‌کو ئامێرێکی به‌رهه‌مهێنان ته‌ماشا ده‌کرێت. بیمه‌ کردنی ژیانی ئابووری ژنی ماڵ ده‌بێته‌ فاکته‌رێکی ته‌ندروستسازی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو خێزاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ زۆربه‌ی کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و کێشه‌ خێزانییه‌کان له‌ بنه‌ڕه‌تدا هۆی ئابووری له‌ پشته‌وه‌یه‌. نازانم مه‌عاشیکی بیست و پێنج هه‌زاری چی بارقورسییه‌کی ئه‌خسته‌ سه‌ر بوجه‌ی حکومه‌ت؟ له‌ کاتێکدا که‌ خه‌رجی پڕۆژه‌ بێسووده‌ دووباره‌کراوه‌کان ناڕه‌زایه‌تییه‌کی زۆری خه‌ڵکی کوردستانی لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌. ئایا ئه‌ندام په‌رله‌مانێك بۆ خۆی به‌ ڕه‌وا ئه‌بینێت که‌ ئه‌و هه‌موو ئیمکاناته‌ زۆره‌ی خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست، که‌چی بڕه‌ مه‌عاشێکی به‌و که‌مییه‌ بۆ ژنه‌ بێکارێکی داماو به‌ زۆر و زیانبه‌خش له‌ بوجه‌ی حکومه‌ت لێکئه‌داته‌وه که‌ ڕۆژانه‌ ده‌ست له‌ مێرد و باوك و برا پان ئه‌کاته‌وه‌‌؟!! ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ نابێته‌ هۆی ته‌مه‌ڵی ژن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ژنێك که‌ فێری ئه‌وه‌ بێت خاوه‌نی گیرفانی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێت، و چه‌شه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ ئابوورییه‌ بکات، له‌ قۆناغی داهاتوودا بیر له‌وه‌ ئه‌کاته‌وه‌ که‌ گیرفانه‌که‌ی به‌ مه‌عاشی زۆرتر و کاری باشتر ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکات. هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕوانیه‌کی زۆرمان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان نییه‌، به‌ڵام به‌هیواین جارێکی دیکه‌ چاوێك به‌و پڕۆژه‌یه‌ بخشێنرێته‌وه‌ و ده‌ستکه‌وتێکی مه‌زن بۆ خۆتان تۆمار بکه‌ن.


 

           

 

09/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com