تیشكه‌ پڕه‌كان
 

  

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر



1

ماوه‌یه‌كی پڕ گیان و دڵا
له‌ ده‌شت و ده‌ر و كێڵگه‌دا
هاوگیانی گا و ئه‌سپ بوو
به‌ ده‌ستی پڕ ده‌مار و خوێنی
سمۆره‌ی ترساوی خستووه‌ته‌وه‌
سه‌ر لكی بڵند و به‌ به‌رهه‌می دارگوێز
دوای ماندوویی و پڕ تاسه‌بوون
ده‌رگای ماڵی بۆ نه‌كرایه‌وه‌
خوێنبه‌ری ده‌ستی خۆی بڕی
خۆی كوشت و نه‌چووه‌ جیهانی مردووانه‌وه‌
بووه‌وه‌ منداڵێكی فڕفڕۆكه‌فرۆش
پاشان شخاته‌ و مۆم
2
كێ‌ بوو له‌گه‌ڵا مه‌سیح هاته‌ سه‌ر زه‌وی
مریه‌م نه‌یكرد به‌ برای شیری كوڕه‌كه‌ی
مه‌سیح هه‌ندێك دره‌ختی چاند و ڕۆیی
زه‌ویی جوان فێره‌ ناز بوو
ئه‌وه‌ی نه‌كرا به‌ برای شیریش ڕۆیی
شه‌پۆل له‌ ڕووبار په‌یدا بوو
گه‌را ترووكا
ماسی بیری له‌ بۆگه‌ن نه‌بوونی سه‌ری كرده‌وه‌
له‌و نێوانه‌دا تاقانه‌یه‌ك مردووه‌
له‌ گه‌ڕان به‌ناو كه‌لوپه‌له‌كانی
ده‌ستنووسێكیان دۆزییه‌وه‌
نامه‌یه‌كی كراوه‌ی بۆ شاعیرێك نووسیبوو
3
چ مرۆڤی چاك و چ به‌د مه‌له‌ بكه‌ن
ماسی ده‌ترسێت
چی بپرسین
جوانی بۆ بێته‌ سه‌ما
پاشا بۆ دڵكرانه‌وه‌ چووه‌ ده‌شت و ناو قۆپه‌نه‌ گیا
له‌ گرانیی ترپه‌ی پێیه‌كانی
كه‌روێشك
هێلانه‌ی جێ هێشت و هه‌ڵه‌ته‌ بوو
بێچووه‌كانیشی به‌ دوایه‌وه‌ بوون
خۆر به‌ دڵتوندی هێزی خۆی كۆ كرده‌وه‌ و ڕۆیشت
4
ده‌ریای بێ‌ ئامان
ته‌رمی خنكاوه‌كانی نه‌داینه‌وه‌
ترس و گومانی له‌ ڕۆخی ڕاخستووه‌
چی نه‌ماوه‌
به‌ خه‌یاڵی چنگێك خۆڵه‌مێشه‌وه‌
ده‌ست بۆ ماڵا و گۆڕستان ده‌به‌ین
خه‌تای ئێمه‌ی تێدا نییه‌
ده‌ریا
ترسناك و
سته‌مكار و
سه‌ماكاره‌
5
تریفه‌ له‌ خوێنی مرۆڤدا ده‌خنكێت
كه‌ داشبه‌زێته‌ ناو گۆم
به‌ناو گۆرانییه‌كی دڵخۆشدا دێت
گوڵێك له‌ دوو توێی كتێبی
هه‌واڵه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی جیهان داده‌نێت
6
خودا له‌ خۆیدا
هه‌موو شتێكی دروست كرد
له‌ كۆتاییدا جگه‌ له‌ خۆی
هیچ شتێكی تر نامێنێت
ئاره‌زووی ژیانه‌وه‌ سه‌رقاڵی ده‌كاته‌وه‌
هه‌موو شتێك دروست ده‌بێته‌وه‌
هه‌ردوو چاوی زه‌وی پڕ ده‌بێته‌وه‌ له‌ فرمێسك
7
گالیسكه‌یه‌ك به‌ ڕۆخی ڕووباردا گه‌ڕا
پاشماوه‌ی مه‌له‌وانه‌كانی كۆ كرده‌وه‌
ناخ هه‌ڵۆیه‌كی ئازاردراو بوو
به‌ره‌و ئاسمان به‌رز بووه‌وه‌
كه‌س نازانێ‌ له‌ نیشتنه‌وه‌یدا چی به‌سه‌ر دێت
به‌رزبوونه‌وه‌ خودی گشتمانه‌
هه‌میشه‌ش له‌ دیواری به‌رانبه‌رمان ده‌ڕوانین
8
په‌نجه‌ره‌ و ده‌رگا
ده‌ستیان بۆ ده‌ستمان هێنا
هه‌ر یه‌كه‌مان بۆ خۆمان هه‌نگاومان نا
ڕوومان له‌م ژوور و زیندانه‌ وه‌رگێڕا
گزنگ ڕووخۆشه‌
چرای كوێران دڵه‌
كوێر ته‌مه‌ن درێژن و ڕاز داده‌گیرسێنن
ڕووناكییان له‌ ڕێوه‌ بۆ دێت
حاڵا لێهاتووی نۆته‌ و ئاواز و دابه‌شكردنی تۆم
ئه‌ی ڕێگای هه‌موومان
سیمای ئه‌سپ له‌ به‌یاندا جوان و ئه‌فسوونی سرووشه‌
باران نه‌رم و سه‌نگین ده‌بارێ‌
دڵی منیش ده‌ڕژێ‌ و ئاوازی به‌دوادا دێت
9
كه‌س ناپرسێت
یان نازانێت
چۆله‌كه‌ له‌ كوێوه‌ دێت و بۆ كوێ‌ ده‌چێت
ئه‌شقی خوداییی له‌گه‌ڵا خۆیدا هێناوه‌
لاده‌داته‌ ناو كێوی سه‌ر به‌ته‌م
جاریش بووه‌
به‌خت یاوه‌ری نه‌بووه‌
له‌ ژێر باڵی واشه‌دا
سۆزی بۆ مانه‌وه‌ كردووه‌
ئه‌شقت له‌ هاتندا به‌چاو سڵاو ده‌كات
دنیا به‌ بۆنی خۆیه‌وه‌ ده‌باته‌ به‌هه‌شت
له‌ ڕۆیشتنیشدا به‌ ده‌ست ماڵئاوایی ده‌كات
به‌ بیر هه‌موومان دێته‌وه‌
له‌ كوێوه‌ دێت و بۆ كوێ‌ ده‌چێت
بۆنێكی یه‌كجار خۆش
له‌ كوێوه‌
بۆ كوێ‌
له‌ نه‌زانینمان ده‌پرسێت
10
به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌نقه‌ست
ته‌مه‌نی خۆم له‌ شیعرێك ده‌رهێنا
شیعره‌ هه‌ر دێت و ده‌چێت
چاو له‌ هه‌موو شتێك ده‌گێڕێت
كات ونه‌ و ڕێگاش چ زوو به‌سترا
جانتای گه‌شت ئاماده‌ مه‌كه‌
ناگه‌ی به‌ گۆڕستان
به‌خۆت نقومی له‌ دڵی شۆڕشه‌ كورته‌كان
11
ئه‌سپ كه‌ له‌ ناو ته‌می به‌یانییاندا ده‌ڕوات
شاژنی ڕۆژه‌
مانگیش شاژنی شه‌وه‌
په‌پووله‌یه‌ك به‌ناو قوڕێكی شێلدراودا دێت
پرسیاری چرا به‌ ده‌ستان ده‌كات
پێی وایه‌ هاوڕازبوون ئاسانه‌
ئه‌ی هاوڕاز كه‌مێك خێراتر ڕاكه‌
12
كاتێك گوڵه‌گه‌نم شیری ده‌مه‌یی
ڕه‌نگی سه‌وزی له‌ بیر ناچێ‌
سه‌رده‌می وه‌فا ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌
با دڵنه‌رم و په‌یامده‌ره‌
بۆن و به‌رامه‌ی بۆ مێرووستانی باڵدار هێناوه‌
به‌ لێواری مه‌نجه‌ڵی بێری بنیشێته‌وه‌
له‌سه‌ر پێستی گا وێنه‌ی گۆڕێكم كێشا
ئاگرم له‌ ناو دانا
ئه‌ی خودای ئارامكه‌ره‌وه‌
مرۆڤـ له‌ ته‌ك ئاگردا چاوانی به‌سه‌ر چاوی كۆتردا زاڵن
13
ڕۆژی پێش جه‌ژن
داوای گوڵێكم له‌ كیژه‌كه‌م كرد
بۆ سه‌ر گۆڕی دایكم
گه‌ڵا سه‌وزاییی تێدا بێ هێز بێت
با چه‌ند به‌ ئاسانی جێگۆڕكێی پێ‌ ده‌كات و هه‌ڵی ده‌دا
نازانم بۆ مردوو هێنده‌ ته‌ماشای گوڵا ده‌كات
14
مانگ وێنه‌گری گه‌ڕۆكه‌
له‌ ئاسمان ماندوو ده‌بێت و لایه‌كی زه‌وی ده‌گه‌ڕێت
له‌ كانییه‌كدا وێنه‌كان ده‌شواته‌وه‌
مانگ جوانییه‌كی كوشنده‌یه‌
بۆنی قاچی قڕژاڵا له‌ كانی دێت
كه‌ به‌ناو قه‌وزه‌یه‌كی لینجدا هاتووه‌
15
هاوسه‌ره‌كه‌م ماسیی ترش و خوێ‌ ده‌كرد
منداڵه‌كه‌مان گوتی
بابه‌ ئه‌ها ماسی شه‌هید بووه‌
چاوی ماسی دیوانی شاعیرێكی پڕ ڕاز و داخ بوو
تاسام
هه‌نارێكی ترشم گوشییه‌ چاوم
بۆ درۆ و فێڵا له‌خۆكردن سوور هه‌ڵگه‌ڕا
شه‌قامی شار چۆڵا و وشك
ده‌توانم له‌ ناو چاوی ماسیدا خه‌ڵووه‌تدار بم
نزا و سۆز بكه‌م
16
مردوو له‌ گۆڕه‌كانیان هاتوونه‌ته‌ ده‌رێ‌
له‌ نزیك كێلیان دانیشتوون
ڕۆژی له‌دایكبوون و مردنیان یاد ده‌كه‌نه‌وه‌
دنیا چه‌رمی چۆله‌كه‌ بوو
17
به‌ڕه‌زامه‌ندییه‌وه‌
دان به‌ژیانی دوای مردندا ده‌نێم
خدری زینده‌
ئه‌و خه‌ون و خۆشییه‌ی به‌ با چووه‌
هاوته‌مه‌نی كێیه‌
بیره‌وه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵا كێدان
به‌خت یاوه‌ری نه‌بووه‌
ترووسكایییه‌كی لاواز بوو
نه‌یتوانی بێته‌ ناو تینی ڕۆژ و سروشت گه‌رم بكاته‌وه‌
مردن شكۆی ڕووناكییه‌
به‌سه‌ر زه‌وییه‌وه‌ ڕژاوه‌
18
گوڵێك له‌ ناو گوڵان
گه‌یشت به‌ مانای بۆن
له‌ په‌ڕۆیه‌كی ڕه‌شدا به‌خه‌تی سپی
به‌داخ و حه‌سره‌تێكی ئاگرینه‌وه‌
پیاوێك شاگه‌شكه‌ به‌ ده‌فته‌ر و ئه‌فسوونی مه‌ره‌كه‌ب
زه‌نگیانه‌ی ناوی به‌ ڕسته‌ی مه‌رگه‌وه‌ كرا
له‌ گۆڕستانی شیعردا ناشتمان
ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م ڕۆژی پرسه‌كه‌یه‌تی له‌ مزگه‌وتی دیوانه‌كه‌ی
ئاو له‌ ڕه‌گدا سه‌رسامه‌ و هه‌ڵده‌كشێ‌
له‌ پۆپدا ده‌بێته‌ هه‌ڵم
زه‌وی به‌ڕاستی خه‌مبار دیاره‌
19
ئه‌ستێره‌یه‌ك هه‌ڵات و بووه‌ نه‌خشی كه‌وچكی چام
زانیم به‌ڕێوه‌یت و دێیت
شووشه‌ی چرام پاك ده‌كه‌یته‌وه‌
گه‌زه‌یه‌ك له‌ سه‌ری په‌نجه‌م ده‌ده‌یت
ده‌شبینم زه‌وی هه‌ڵده‌كۆڵن
ته‌رم ده‌شارنه‌وه‌
یان گه‌نجینه‌
ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیه‌م له‌ به‌ڕێوه‌بوونتدایه‌
قه‌له‌باچكه‌یه‌كی كلك درێژ
خۆی له‌به‌ر خۆری پایزان هه‌ڵخستووه‌
به‌ده‌نووك له‌شی خۆی ده‌خورێنێت
پێیه‌كانیشی به‌ په‌لكی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ خاوێن كرده‌وه‌
باشترین هاوڕێی خۆی دۆزییه‌وه‌
20
شه‌وی سه‌ری ساڵه‌
مۆم به‌سینگی قه‌ڵای هه‌ولێره‌وه‌ ده‌سووتێت
به‌گوتنی گۆرانیی فۆلكلۆرییه‌وه‌
تا شل بووم
شه‌قامه‌كانی شارم ته‌ی كرد
ده‌ڵێی یه‌كه‌م جاره‌ ئاشق ده‌بم
یان ژیان ده‌ناسم
به‌شی خه‌ونبینینێك شه‌و مابوو
سه‌رما ڕاوی نام بۆ ماڵا
جلوبه‌رگی سووری بابه‌نوئێلم
له‌ ناو سندووقێكی گولله‌نه‌بڕ دانا
ئێمه‌ هه‌موو
ژیان ده‌ناسین و ئاهه‌نگگێڕین
یه‌كه‌م جاریشه‌ ئاشق ده‌بین
21
وه‌رزشوانی له‌سه‌ر په‌ت ڕۆیین
به‌جوانی ڕێوڕه‌سمی یاریی به‌ڕێوه‌ برد
ئێمه‌ هه‌موومان سه‌رسام بووین
به‌مۆمه‌كانی له‌سه‌ر ده‌ستی دای گیرساندبوون
بۆ سواربوونی ئه‌سپی دارین
هاته‌ خواره‌وه‌
دایكیشی ڕای سپارد
ده‌رزییه‌ ونبووه‌كانی بۆ بدۆزێته‌وه‌
ڕووبارێكی تیژ بردبوونی
له‌ ناو گوێچكه‌ماسی
ئه‌فسوونی بێ‌ ئومێدی هه‌یه‌
ده‌رزیی نه‌دۆزراوه‌ش
22
به‌یان ڕه‌نگی ته‌نیا به‌ گۆرانی ده‌گوترێت
ته‌م گوێ‌ له‌ ترپه‌ی دڵمان ڕاده‌گرێ‌
گه‌رمایی دێت
ئه‌م چاودێره‌ ده‌توێنێته‌وه‌
زستان به‌ چ ناوێكه‌وه‌ داڵده‌ی ته‌م ده‌دا
نه‌مانزانی ئه‌ی دڵا
ڕه‌نگی به‌یان بۆ ته‌نیا به‌ گۆرانی ده‌گوترێت
په‌ری باڵدار
هێشتان هۆگری ئاگر نه‌بووه‌
23
مۆم له‌ داگیرسانیدا به‌ ئازاره‌
له‌گه‌ڵا تاریكی به‌ ئارامه‌ و هێرشی بۆ نابات
ڕووناكی ده‌یكوژێت
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌یه‌ك
ڕۆژێك تووشی به‌ڵایه‌ك دێت
24
ئه‌گه‌ر بۆ نهێنیی به‌خته‌وه‌ری گه‌ڕای
سه‌یری به‌فرێك بكه‌
چه‌ند ڕۆژێك له‌سه‌ر گه‌ڵایه‌كی پان مابێته‌وه‌
ڕێبوارێك به‌لاتدا تێ په‌ڕێ‌
زیاتر له‌ سیمای خۆی
له‌ سێبه‌ری ورد به‌ره‌وه‌
گیان له‌ سێبه‌ردایه‌ نه‌ك له‌ جه‌سته‌
شیعر له‌ سێبه‌ر و جه‌سته‌ تێ‌ ده‌په‌ڕێت
ده‌چێته‌ ناو بڵێسه‌ی گیان و ئه‌فسوونی
سێ‌ شه‌و و سێ‌ ڕۆژ باران بارین
له‌ كتوپڕدا سه‌كۆی پڕ ده‌بێت له‌
خه‌ڵك و
خودا و
دیدار
25
خۆر به‌ ئاره‌زووی خۆی هێرش دێنێ‌
به‌فر ده‌توێنێته‌وه‌
پیر به‌ ڕێگاوه‌ بێزار و ماندوو ده‌كات
ده‌ستیش ده‌داته‌ بن باڵی لكه‌ گه‌نمی كه‌وتوو
خۆری نیوه‌ڕۆ
ڕه‌نگی مرۆڤه‌
قه‌ت بیرم له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌
ده‌ست بۆ ڕه‌نگی مرۆڤ درێژ بكه‌م
ویستمه‌ ده‌ست به‌ په‌یكه‌ره‌ ئێسك دابهێنم و بۆنی بكه‌م
كه‌ په‌یكه‌ره‌ ئێسك گۆشت و ده‌مار دایپۆشن
زه‌وی جۆره‌ ئه‌وینێك به‌دی ده‌كات
له‌ناو گۆشت و ده‌ماریدا
ئاگرێك ده‌ستی به‌رز ده‌كاته‌وه‌
شادی سه‌رمایه‌ی ئه‌م ئاگر و ده‌سته‌یه‌
ئێمه‌ وه‌ك نهێنی سروشت
له‌ده‌وریدا ئاشكرا ده‌بین و نمه‌ك ده‌ناسین
هه‌ست به‌ ئاره‌زووی منداڵانه‌ی زه‌وی ده‌كه‌ین
26
ئه‌م له‌ به‌رده‌م مێزێك دانیشتبوو
ئه‌ویش له‌ به‌رده‌م مێزێكی تردا
ئه‌م چاویلكه‌ی ئه‌وی له‌ چاو كردبوو
ئه‌ویش چاویلكه‌ی ئه‌م
ده‌موچاوی ئه‌وانیان وه‌ك ته‌م بینی
پێشتر جوان له‌ زه‌وییان نه‌ڕوانیبوو
27
مانگ له‌ ناو شیعره‌كانمدا ماڵی خۆی گواسته‌وه‌
له‌به‌رئه‌وه‌ی پێم گوت
ئه‌و ڕۆژه‌ پشووی ئه‌ستێران بوو
دڵی به‌ په‌ڕ و باڵم
خۆی دا له‌ په‌نجه‌ره‌ و داو و قه‌فه‌س
ڕووگه‌نمای دۆزییه‌وه‌
ده‌ستی گرت به‌
هه‌ناو و
هه‌وێن و
هه‌نییه‌ی چرای دیوار كۆ
28
خۆر ئاگایی و هۆشیاریی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌
ئه‌وه‌ی له‌ ته‌واوی ڕۆژ ته‌ماشام بكات
ده‌بێت به‌ مانگ
مۆزه‌خانه‌یه‌كی داخراو
حیكمه‌تی ڕه‌نگ و مانگی تێدایه‌
مانگ ده‌توانێت
به‌سه‌ر لك و چڵه‌كانی
دره‌ختی بنه‌ماڵه‌ی بابه‌نوئێل بنیشێته‌وه‌
ئاهه‌نگگێڕان
ته‌ماشای هه‌موو جوانییه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌پرسن
خۆر له‌ ڕۆژێكدا چه‌ند جار ئاڵوگۆڕ به‌ ڕه‌نگی ده‌كات
29
له‌ ڕۆخی ڕێگادا دانیشتووم
باش ته‌ماشا ده‌كه‌م
چاوم ده‌كه‌مه‌ په‌رژینی هه‌موو شت
نه‌ جوانه‌كان هه‌مان جوانین له‌ باڵی سیمرخه‌وه‌ ڕژابن
نه‌ دڵی منیش هه‌مان دڵی بانگكراوه‌ بۆ زیكر و ئه‌فسوون
شوێن له‌گه‌ڵا دڵدا ده‌گۆڕێت
له‌م نێوانه‌دا ئه‌وه‌ی چناره‌ بووه‌ته‌ ده‌وه‌ن
مێشكم چه‌خماخه‌یه‌كی دا
له‌ ڕۆخی ڕێگا بێ‌ ئومێد بووم
هاتمه‌وه‌ ژووره‌وه‌
له‌ هیچ شتێكم نه‌پرسی
تاریكی كۆڵانی داپۆشی
30
شه‌ڕی دڵا و زمان
هێنده‌ گه‌رمه‌
وه‌خته‌ یه‌كتر له‌ ناو ببه‌ن
ئه‌ی باڵی ئومێد له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دا بسووتێ‌
یه‌ك ئه‌وی دی له‌ ناو ببا
ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌ بزر ده‌بێت و خواردنی دایكم سارد ده‌بێته‌وه‌
ڕێوڕه‌سمی ته‌رم بردنه‌ ناو مۆزه‌خانه‌ش
ده‌ستی پێ‌ كردووه‌
له‌ ناو تاشه‌ به‌رده‌ هه‌ڵكۆڵدراوه‌كه‌ی
بێستوونی داده‌نێن
كرمی ئاوریشم هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانی
له‌سه‌ر پشتی هه‌ڵگرتووه‌
له‌ مانگی یه‌كشه‌وه‌وه‌ تا پڕبوونی مانگ
عه‌وداڵا و سه‌رسام ده‌پرسێت
ئه‌رێ‌ په‌پووله‌ بۆ نابێته‌ براده‌ری گیانی چرای دزان


 

           

 

28/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com