بازنه‌ لاكێشه‌ییه‌كان
 

  

جابر محمد جابر
وه‌رگێڕانی له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: صلاح جلال



بازنه‌ی یه‌كه‌م
*ئه‌وه‌ی بێده‌نگی نایڵێت
له‌ كونه‌ ده‌رزیه‌كه‌وه‌
شه‌و هاته‌ ناومانه‌وه‌
ئێمه‌ سه‌رقاڵا بوین
به‌ چارۆكه‌ كۆكردنه‌وه‌ بۆ بیره‌وه‌ریمان
له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی هه‌وره‌كان به‌شه‌ڕ بهێنین
له‌ په‌نجه‌ره‌ی ده‌شتایی دور كه‌وتینه‌وه‌
به‌ ده‌زوی خۆر
پاڵتۆكانمان دوریه‌وه‌
له‌ دوای خه‌وه‌كانمانه‌وه‌ راده‌كه‌ین
به‌ بیرچونه‌وه‌ ئاماژه‌ ده‌كه‌ین.
دار بڕه‌كان هه‌ڵه‌كانمانیان كۆكرده‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی روتی پایز دابپۆشن
ئازاره‌كانمان بڵاوبكه‌نه‌وه‌
به‌سه‌ر ده‌رگای ونبونی
زه‌مین..
قوڕگی خۆی گۆڕی
له‌ زۆربونی كۆكه‌
هه‌تا (خوێ)كه‌ بۆگه‌ن بكات
پایه‌كانی ئیره‌می روخاند،
ئێمه‌ش به‌ساڵاچو نین
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پشت شه‌قامه‌كان رابكه‌ین
وه‌ دره‌نگ وه‌ختانێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌
خۆمان به‌گازینۆكان داده‌پۆشین
چاوه‌ڕوانی خۆشبه‌ختی ده‌كه‌ین
له‌بار هه‌ڵگرێكی گه‌وره‌دا بۆمان دێته‌وه‌
له‌ دڵی مێرولله‌یه‌ك گه‌وره‌تر
یان..
له‌ كونه‌ ده‌رزیه‌ك بچوكتر.
بازنه‌ی دووه‌م
*هپچ پرسیارێكی ره‌ش نیه‌
چه‌قۆكه‌ له‌ده‌ستما برینداره‌
ده‌مه‌قاڵه‌ی ژنان لێیانداوه‌
كێ تۆڵه‌ی ئه‌نگوستیله‌كان بابلیه‌كان ده‌سێنێته‌وه‌
له‌ دوژمنایه‌تی دره‌خته‌كاندا..؟
كه‌سێك نیه‌..
به‌ئاگر جوێن بدات
ده‌م و چاوی به‌ ئه‌فسانه‌ داپۆشێت
له‌وێ نیه‌
كێ سه‌رنجی ده‌گرێته‌ بێ ناونیشانی
فریشته‌ بێ خه‌وی ناچێژن
له‌كاتێكا بێده‌نگی به‌ فیزه‌وه‌ ده‌ڕوات،
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سێبه‌ری نامۆیی ده‌مێنێته‌وه‌..
كێ له‌سه‌ر رێگاكان هه‌نگاو ده‌پارێزێت..؟
كێ ژیان بۆ ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ خۆی كوشتوه‌..؟
پرسیاره‌ سپیه‌كانم به‌سه‌ردا باراندن
وه‌ من..
دواهه‌مین هه‌ڵهاتوی ئێستام
بازنه‌ی سێه‌م
*من بۆ میرایه‌تی ئه‌وان ناشێم
دڵخۆشی..چاوه‌كانی لێك نا كوێر ئاسا
هاوڕێكانم نه‌ناسراون
یه‌كێكیان رۆژی شكاند
دایه‌ قوڵپه‌ی گریان
وه‌كو ئه‌وه‌ی گوڵێكی رو پۆشكراو بێت
ئه‌وی تریان..
زستانه‌كه‌ی دێرینه‌
له‌ گه‌ڵ رێگه‌كاندا گفت و گۆ ده‌كات
بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی بگێڕنه‌وه‌
وه‌ له‌ ترسدا هاوار ده‌كات
ئه‌وان..بۆ دابڕانه‌كه‌م پێشم ده‌كه‌ون
درۆكانیان پرۆڤه‌ ده‌سته‌ مۆ ده‌كه‌ن
ده‌م و چاویان به‌ خه‌م ده‌پێچنه‌وه‌
من بۆ میرایه‌تی ئه‌وان ناشێم
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاوانبارم ده‌كه‌ن..
1-سوكایه‌تی به‌ جێگه‌
2-په‌نابردنه‌ به‌ر بیره‌وه‌ری.

 


سه‌رچاوه‌: )أحلام مبلله‌( شعری )جابر محمد جابر( چاپی یه‌كه‌م بغداد 2007.
له‌گۆڤاری هه‌نار ژماره‌ (52)له‌ مایۆی 2010 دا بڵاوبۆته‌وه‌.




 

           

 

03/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com