نووسینە دوو بەشییەكەی شوان ئەحمەد لە رۆژنامەی
ئاوێنەدا، كە بەشێوەیەكی زۆر روون پەردەی لەسەر
گەندەڵییەكانی دەزگای چاپو پەخشی سەردەم هەڵداوەتەوە،
دەتوانین بە یەكێك لە نووسینە جریئەكان دەیبنێین.
گرنگی ئەو نووسینە تەنیا لەوەدا نییە كە پشت ئەستورە
بەژمارەیەك بەڵگە، بەڵكو لەوەدایە كە سنورەكانی ئەو
تابۆیەی شكاندوە، كە دەمێكە بواری رۆشنبیری ئێمە
تێپەڕی بكات، ئەویش رەخنەگرتنە لە كاركردێك كە لەبواری
خودی رۆشنبیران خۆیاندایە. رۆشنبیری وڵاتی ئێمە ئەوەی
لەبەر خۆی بردۆتەوە كە مەرج نییە هەمیشە قەڵەمو
نووسین رێگایەك بووبێتن، یان رێگایەك بن بۆ پاكی.
دەتوانرێت قەڵەمو نووسین وەك هەر بوارێكی تر
رێگایەكیش بن بۆ خراپیو بۆ ئەنجامدانی كارێك كە
نەشیاوو قێزەونە.
شوان، پەردەی لەسەر ئەوە هەڵدایەوە، كە چۆن دەزگایەكی
وەك سەردەم لەو ماوە دوورودرێژەدا بەو بێ سەروبەرییە
ئیداریو پارە خواردنو جۆرێك لە گروپچێتیدا تێپەڕ
بووەو، لەو لایشەوە هیچ شتێك لەبارەیانەوە نەوتراوە.
سەلماندنی پارە خواردنو بەكارهێنانی قاسەو بوجەی
دەزگایەكی وەك سەردەم، بۆ مەرامی شەخسی، لەوانەیە
ئەگەر لە زمانی یەكێك نووسەرە دیارەكانی ناو دەزگاكەوە
نەبوایە، جێگای قبوڵ نەبوایە، چونكە زۆربەی ئەوانەی
سوودمەند بوون لەو دۆخە، هەر ئەوانەن كە ساڵانێكی زۆرە
زۆرترین رەخنەیان لەو دیاردانە گرتووە، كە خۆیان
بەكردەوە تێیدا ژیاونو كردوویانە.
دەمێكە لە وڵاتی ئێمەدا بەشێوەكی فراوان، سەروەتو
سامانی گشتی دەبرێتو فراوانترین گەندەڵی ئابووری،
لەپاڵا گەندەڵییە سیاسیو ئیدارییەكاندا تێدا دەكرێت.
دەمێكە لە هەر كەسێكەوە كە دەبێتە ئەندامی لیژنەیەكی
كڕین بۆ فەرمانگەیەك تا دەگاتە بەڕێوەبەرو، دواجار، تا
دەگاتە ئەندام پەرلەمانو لێپرسراوی باڵای حیزبەكان،
یەكەمین شت كە بیری لێدەكاتەوە ئەوەیە كە چۆن زۆرترین
بڕی پار بۆ خۆی بەرێت. گەندەڵییەك كە لەم بوارەدا
كراوەو دەكرێت پێویستی بە سەلماندن نییەو هەر
هاوڵاتییەك دەتوانێت لەماڵەكەی خۆیەوە هەستی پێبكات.
بەشێك رۆشنبیرانیش لەم چەند ساڵانەی دوایدا
كەمتەرخەمیان نەكردووەو دیاردەیەكی لەو جۆرەیان لە
نووسینەكانیاندا وەك دیاردەیەكی قێزەون باسكرادووە.
بەڵام كارەساتەكە لەوەدایە كە ئەم جارە ئاراستەی
رەخنەكان، ئاشكراكردنی بەڵگەكان بەرەو رووی خودی
نووسەرانو، لەناویشیاندا ژمارەیەك لە دیارترین
نووسەران كراوەتەوە.
رۆشنبیرو نووسەر ئەگەر پێگەی خۆی بۆ خراپ بەكارهێنانی
سامانی گشتی بەكارهێنا، ئەگەر نووسینو ناوبانگی خۆی
كردە سەرمایەیەك بۆ پەیداكردنی قازانجی زیاتر
بەشێوەیەكی نا شەرعی، ئەو كاتە دەبێت چی بە سیاسییەكان
بڵێین، كە ئەركی زۆرێك لەوانە تەنیا دزیو گەندەڵییەو
بەهەر شێوازێك بۆیانكرابێت سامانی گشتی ئەم وڵاتەیان
بۆ خۆیان بردووە.
ئێستا نووسینەكەی شوان، بەرەوڕووی چەند كاردانەوەیەك
بووەتەوە. یەكێك لەو كاردانەوانە وڵامدانەوەی دەزگای
سەردەم خۆی دەبێت، كە بەڵێنێكی لەو جۆرەیان داوە. من
لەوەدا بەگومانم كە ئەو دەزگایە بتوانێت ناڕاستی ئەو
نووسینە بسەلمێنێت، چونكە نووسینە رەخنەییەكە پشت
بەستورە بە بەڵگەیەكی زۆر. بەشەكەی تری كاردانەوەكە
دەگەرێتەوە بۆ ئەوانەی ناویان هاتووە یان بەشێوەیەكی
تر پەیوەندییان بە بابەتەكەوە هەیە. من لەبارەی ئەو
روونكرداوانەوە كە هەندێك كەس ناوهاتنی خۆیان لە
نووسینەكە راست دەكەنەوە هیچ قسەیەكم نییە، بەڵام
روونكردنەوە چوار قۆڵییەكەی نووسەرانی رەهەند جێگای
لەسەر راوەستانە. لەكاتێكدا كە چاوەڕوانییەكی زیاتریان
لێدەكراو دەكرا نووسینێكی پڕ بەڵگەی لەو جۆرەیان
بەهەند وەربگرتایە، بەڵام ئەوان بە پێچەوانەوەو بە
بیانووی "بەكارهێنانی زمانی زبر!" لە نووسینەكەدا،
هەڵوێستێكی وەهایان وەرگرت كە بۆ ماوەی دوو هەفتەیەك
گۆشەكانیان لەو رۆژنامەیە رابگرن، كە نووسینەكەی شوانی
بڵاوكردووەتەوە. نووسەرانی رەهەندو، بەتایبەت ئەوانەی
كە رونكردنەوەكەیان بڵاوكردووەتەوە، خۆیان لە نزیكەوە
ئاگایان لەكاروبارەكانی دەزگای سەردەمەو، لەناویاندا
رێبین ئەحمەد، لەسەرەتای دروستبوونی ئەو دەزگایەوە
كاری تێدا دەكاتو ناكرێت زانیارییەكانی ئەو لە
زانیارییەكانی شوان ئەحمەد كەمتر بێت، ئەویش لەسەر
دەزگایەك كە شوێنێكی دیاریكراوی تیدا هەبووە.
بوارێك كە شوان دەرگای لەسەر وەڵا كردووە، بواری
بەشداری رۆشنبیرانو نووسەرانە لە گەندەڵیو بەفیڕۆ
بردنی سامانی گشتی. ناكرێت بەهۆی شێوازی نووسینەوە،
ناوەڕۆكی نووسینەكە بخەینە كەنارەوە. ئەمە خۆدزینەوەو
بێماناییەكە دیارە.
|