وته‌یه‌ك:
زانستگای كوردستان یه‌كه‌م هه‌نگاوی پرۆژه‌یه‌كی
نه‌ته‌وه‌یی و نێو نه‌ته‌وه‌یی له‌شاری سنه‌ی
رۆژهه‌ڵات كرده واقیعێكی كۆنكریتی. توێژه‌رو
ئوستادهكانی به‌شه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر خوانی
(زمان) و (ئه‌ده‌بی كوردی) كۆكرده‌وه.
ئه‌و هه‌وڵه، هه‌وڵی دوو ئوستادی دیاری زانستگای
كوردستان و ناوه‌ندی كورستانناسی بوو: ئه‌ویش د.
نه‌جمه‌دین جه‌باری (پسپۆر له ئه‌ده‌بی فارسی!) و د.
عبدالله ڕه‌سول نژاد (پسپۆر له ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی!)
بوون ـ هه‌ردووكیان پسپۆریان له‌زمانی كوردی نه‌بوو،
كه‌چی هێنده كورد بوون,خه‌می زمان و ئه‌ده‌بی كوردیان
بوو تا بوونه ئه‌ندازیاری یه‌كه‌م كۆنفرانس له‌باره‌ی
ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه له‌مێژوودا!!
ئه‌و دوو زاته، له‌گه‌ڵا هه‌ندێ زانا‌و سه‌رمایه‌داری
تری كورد، كۆششی زۆریان كرد، تاكو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی
توێژه‌رو ئوستاد له‌باشور نه‌مانتوانی له‌ماوه‌ی 20
ساڵا دا بیكه‌ین، ئه‌وان له‌وێ ئه‌و ئه‌ركه
نه‌ته‌وه‌ییان به‌جێبهێنن.
ئه‌وان، به‌و كۆنفرانسه توانیان سه‌ره‌تایه‌ك بۆ
بزاڤێكی نه‌ته‌وه‌یی ساغله‌م و پڕ ئاشتی به‌رپا بكه‌ن
و بێده‌نگی ئێمه‌و خۆیان پێ بشكێنن.
كارنامه‌ی یه‌كه‌مین
كۆڕی نێو نه‌ته‌وه‌یی وێژه‌ی كوردی
سه‌ره‌تایه‌ك بۆ شكاندنی بێ ده‌نگی
زانستگای پارێزگای كوردستان له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
له‌رۆژانی 5 و 6 ی ئایاری 2010 دا گه‌وره‌ترین
كۆنفرانسی له‌باره‌ی ئه‌ده‌بی كوردیه‌وه به‌ست.
كۆنفرانسه‌كه (83) توێژینه‌وه‌ی له‌ڕووی
ئه‌كادیمیه‌وه قه‌بوڵا كرد‌و كورته‌ی ئه‌و
توێژینه‌وانه‌ی وه‌ك كتێبێك بڵاوكرده‌وه به‌ڵام
له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رفه‌تی ته‌واو، ته‌نها (42)
توێژینه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو رۆژه پێشكه‌ش كران و
چاوهڕێدهكرێ هاوینی ئه‌مساڵا هه‌ر (83) بابه‌ته‌كه
له‌كتێبێك بڵاوبكرێنه‌وه.
كارنامه‌ی
كۆنفرانسه‌كه ئه‌وها ڕێكخرابوو:
به‌شێك له‌دانی به‌یانی رۆژی چوارشه‌ممه ته‌رخانكرا
بۆ پێشكه‌شكردنی سێ وتار، وتاری پارێزگاری سنه،
وتاری د. نه‌جمه‌دین جه‌باری، نوسیاری زانستی كۆنفرانس
هه‌روه‌ها وتاری ئه‌حمه‌دی قازی. له پاشان كارنامه‌ی
زانستی كۆنفرانسه‌كه له‌هه‌ردوو هۆڵی (مه‌وله‌وی) و
(فیرده‌وسی) زانستگای كوردستان به‌سه‌ر چه‌ند پانێلێك
دابه‌شكران. پانێلی یه‌كه‌م له‌هۆڵی مه‌وله‌وی بوو.
ئه‌و پانێله سێ توێژینه‌وه‌ی له‌خۆ گرتبوو:
1ـ پرۆفیسۆر ئۆسنه ره‌شید (ئوسترالیا).
ئه‌ده‌بیاتا كوردی ل یه‌كیتی سۆڤیه‌ت
2-رۆشان له‌زگین (توركیا): ئه‌ده‌بیاتا كرمانجێكی
(زازاكی).
3ـ د. به‌ختیار سه‌جادی (زانستگای كوردستان):
مێژوونووس ئه‌ده‌بی له ئه‌ده‌بی كوردیدا.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه، بابه‌ته‌كه‌ی د. سه‌جادی
زۆرترین مشت و مڕی له‌م پانێله به‌خۆوه بینی، چونكه
تاكو ئێستا له پرۆسه‌ی مێژوونووسی ئه‌ده‌بیدا بنه‌ما
میتۆدییهكان ته‌واو ڕه‌چاو نه‌كراون هه‌روه‌ها
مۆدیلێكی پۆلینكراو په‌یڕه‌و نه‌كراوه,بۆیه ئه‌و
هه‌وڵه‌ی سه‌جادی به پێشه‌نگ دهژمێندرێ. هه‌ر هه‌مان
رۆژ له ته‌لاری مه‌وله‌وی له پانێلی دووه‌م، سێ
توێژینه‌وه پێشكه‌شكران:
1ـ عه‌روز وه‌كو پێوه‌رێك بۆ ساغكردنه‌وه‌ی شیعری
كلاسیكی كوردی: د. یادگار باله‌كی (سه‌لاحه‌دین)
2ـ دینامیكا رۆناهی وتاریێ د ئاڤاكرنا ریتما شیعریدا:
یاسرێ حه‌سه‌ن (دهۆك).
3ـ دخهباتا ره‌وشه‌نبیریێ جهێ وێژه‌یا كلاسیكا
كوردی: سامی تان (ئه‌نستیتۆی كوردی ئه‌سته‌نبۆل)
ئه‌و پانێله‌ش گه‌نگه‌شه‌یه‌كی زۆری لێكهوتهوه
به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به بابه‌تی عه‌روزو ڕیتم
هه‌ریه‌ك له د. یادگار و یاسر حه‌سه‌ن داكۆكی زۆریان
له‌بابه‌ته‌كه‌ی خۆیان كرد.
عه‌روز به‌شێكی گرنگ له ئه‌ده‌بی كلاسیكی كوردی
پێكدێنێ عهروزناسی خه‌سڵه‌تێكی شیعری رۆژهه‌ڵاتییه
ئه‌ده‌بی كلاسیكی عه‌ره‌بی، كوردی، فارسی، توركی،...
هتد. په‌یڕه‌وی عه‌روزی كردووه.
له‌مه‌سه‌له‌ی عه‌روز پرسیاری زۆركران هه‌موو به‌ره‌و
ئاراسته‌ی فه‌راهیدی بوون، به‌ڵام (ڕا)ی تر هه‌یه كه
عهروزناسی به كه‌لتورێكی هیندی ده‌به‌ستێته‌وه و
فه‌راهیدی عهروزناسی له‌وان وه‌رگرتووه و به‌سه‌ر
شیعری كلاسیكی عه‌ره‌بی تاقیكردۆته‌وه!
د. یادگار جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه چه‌مكی
عه‌روز په‌یوه‌سته به (شیعره)وه بۆیه پێویست
ناكات بڵێین "عه‌روزی شیعریی!" هه‌روه‌ها وتی كورد
زۆربه‌ی كێشه‌كانی عه‌ره‌بی وه‌رنه‌گرتووه به‌ڵكو
وه‌ك فارسه‌كان ته‌نها ئه‌وانه‌ی وه‌رگرتووه كه
زیاتر ده‌گه‌ڵا كوردی ده‌گونجێن.
یاسرێ حه‌سه‌ن چه‌ن دوالیتیهكی سه‌یری پۆزه‌تیڤ و
نێگه‌تیڤی رۆناهی و تاری له‌ده‌قی شیعری مۆئهیهد
ته‌یب ی ئاشكراكرد. هه‌روه‌ها یاسر ئاماژه‌یه‌كی پڕ
ئه‌ستاتیكای له‌بواری ڕیتمی ئه‌و دوالییه خسته‌ڕوو.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر چه‌مكی (فۆرم) و (واتا) له‌و
پرۆسه‌یه كرده‌وه.
رۆژی چوارشه‌مه پانیلی سێیه‌م له ته‌لاری مه‌وله‌وی
تایبه‌ت بوو به (چیرۆك) و (وه‌رگێڕان) له‌به‌شی
دووه‌می تاقی ئێواره‌دا سێ توێژینه‌وه‌ی تر،
پێشكه‌شكران.
1ـ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قورئان له‌هۆنراوه‌كانی نالی دا: د.
ره‌ئوف عوسمان (ز. سلێمانی).
2ـ ل سه‌ر بنگه‌هێن فهلسهفێن (مهم و زین)ێ دلشاد
ئۆپێنگین (توێژه‌ر).
3ـ گوڵبژێرێك له سروده پیرۆزه‌كانی یارسان. ئه‌یوب
رۆسته‌م.
له‌م پانیلهش مشت و مڕێكی گه‌رم دروست بوو هه‌رسێ
بابه‌ت چه‌نده‌ها پرسیاریان له‌لایه‌ن ئاماده‌بووان
وروژاند. له‌ڕێگای بابه‌ته‌كه‌ی د. ره‌ئوفه‌وه دنیا
پڕ ئه‌ستا تیكاو مه‌عریفییه‌كه‌ی نالی جوانتر
ده‌ركه‌وت. كاریگه‌ری ئه‌ستاتیكای په‌یڤه‌كانی قورئان
به‌سه‌ر نالی به‌جۆرێك بووه به‌ده‌گمه‌ن له‌لای
شاعیری تر به‌و جۆره بووه.
بابه‌ته‌كه‌ی كاك دلشادیش ته‌واو گوزارشتی له ده‌قی
سۆڤیانهی مهم و زین ده‌كرد و هه‌روه‌ها ئه‌و
تێڕوانینه ماتریا لیسته‌ی ڕه‌دكرده‌وه كه
هه‌ندێ نووسه‌ر له‌زه‌ینی خۆیان بۆ ئه‌و ده‌قه
دایده‌ڕێژن.
هه‌رچی بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌یوب رۆسته‌م بوو، هه‌وڵێك بوو
بۆ گۆڕانی مێژووی یه‌كه‌م ده‌قی كوردی، به‌ڵام ئه‌و
ڕایه‌ی كاك ئه‌یوب نه‌یتوانی له‌به‌رده‌م توێژه‌ران
جێی خۆ بگرێ. كاك ئه‌یوب نه‌ك هه‌ر ده‌قی شیعره‌كانی
بابهتاهیری هه‌مه‌دانی به به‌شێك له شیعری
(یارسانی) ده‌زانی، به‌ڵكو داكۆكی له‌و شیعره
ته‌زویره‌ی سه‌ر پێسته‌كه‌ش ده‌كرد!
له‌ڕاستیدا نه شیعره‌كانی بابه‌تاهیر سه‌ر به
ئاینزانی یارسانین و نه ئه‌و پێستهش له‌هیچ
مۆزه‌خانه‌یه‌كی ئه‌وروپی بوونی هه‌یه، به‌ڵكو ئه‌وه
ده‌ستكردی د. سه‌عیدی كوردستانییه، كه پاش ئه‌وه‌ی
له دینی خۆی وه‌رگه‌ڕا ئه‌و گۆبه‌ند و په‌نده‌شی بۆ
مێژووی كورد دروستكرد. یه‌كه‌مجار ئه‌و شیعره‌ش, حوزنی
موكریانی له‌گۆڤاری زاری كرمانجی بڵاویكردۆته‌وه!
رۆژی پێنج شه‌ممه هه‌ردوو ته‌لاری مه‌وله‌وی و
فیرده‌وسی ته‌رخانكران بۆ ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی به
كوردی نووسراون:
پانێلی چواره‌م
له‌هۆڵی مه‌وله‌وی به‌م شێوه‌یه بوو:
1ـ پ. ی. سه‌لام ناوخۆش: زمانی( ئایینی نه‌ته‌وه‌یی) و
زمانی نووسراوه ئاینییه‌كانی كاكه‌یی.
2ـ د. فواد ره‌شید: مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی.
3ـ د. یه‌شار عبدالسه‌لام گولو (سۆفیا): بنگه‌هێن
هۆڤیهتا كوردی ل ئه‌ده‌با كوردیێ.
لێره‌دا گرنگه ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه ده‌بوو،
د. ئازاد عبدالواحید له‌زانكۆ سلێمانی و كه‌ركووك
بابه‌تێك به‌ناوی( نیگه‌رانی له مه‌رگ له‌فه‌لسه‌فه‌ی
شیری گۆران)دا پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام ئه‌و نه‌یتوانی
بێت!
هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌ی سه‌لام ناوخۆش و د. فواد ره‌شید
زۆر مه‌سه‌له‌ی حه‌ساسیان وروژاند. بابه‌ته‌كه‌ی
سه‌لام ناوخۆش خوێندنه‌وه‌یه‌كی تربوو بۆ زمانی
"ئایینی نه‌ته‌وه‌یی" به‌تایبه‌تی زمانی هه‌رسێ
ئایینی نه‌ته‌وه‌یی كورد: زه‌رده‌شتی، كاكه‌یی،
ئێزدیاتی" . له‌نه‌زه‌ر (ناوخۆش)ه‌وه دوو كتێبی
ئا‌ڤێستا هه‌ن، ئاڤێستای سه‌رده‌می زه‌رده‌شت و
ئاڤێستای سه‌رده‌می ساسانی!! ئاڤێستاكهی زه‌رده‌شت
وه‌ك زۆر كه‌لتوری دی كوردی به‌ده‌ستی ئه‌سكه‌نده‌ری
مه‌كدۆنی له‌ناوچوو! بۆیه ئاوێستاكه‌ی ساسانییه‌كان
به‌هیچ جۆری كۆپیه‌كی ئه‌وه‌ی زه‌رده‌شتی نییه‌و
له‌نێوان ئه‌و دوو ئاوێستایه شه‌ش سه‌د ساڵا هه‌یه!!
هه‌روه‌ها (ناوخۆش) گوتی: هه‌ردوو ئایینی( كاكه‌یی )و(
ئێزدیاتی)، ئایینی نوێن نه‌ك كۆن و پێش ئیسلام. ئه‌و
(ڕا)یه‌ش له‌خوێندنه‌وه بۆ ده‌قی ئایینی ئه‌و دوو
ئایینه سه‌رچاوه‌ی گرتووه!زمان و مێژووی نووسینی
ئه‌و ده‌قانه له سه‌ده‌ی (ده) خوارتر نییه!!
هه‌روه‌ها هه‌ر له‌و پانێله مه‌سه‌له‌ی پێسته‌كه
هاته‌وه گۆڕێ و هه‌روه‌ها هه‌ندێ پرسیار ده‌رباره‌ی
هاتنی له‌شكری ئیسلام بۆ كوردستان كران، ناوخۆش
وه‌ڵامی بۆ ئه‌و پرسیارانه ئه‌وه‌بوو: ئه‌و پێسته‌یه
ده‌ستكرده هیچ گرنگییه‌كی مێژوویی نییه، هه‌روه‌ها
له‌سه‌ده‌ی حه‌وتی زاینی كوردستان دوو پارچه بوو،
پارچه‌یه‌كی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ساسانی دابوو،
كورده‌كانی ئه‌و پارچه‌یه زۆربه‌ی (زه‌رده‌شتی) ,
(مانی)یان( ئاگر په‌رست) بوونه، هه‌رچی پارچه‌كه‌ی
تره ئه‌وه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی (ڕۆم) ه‌كان دابوو،
كورده‌كانی ئه‌و ده ڤه‌ره زیاتر (عیسایی) بوون!
ئیسلام هه‌ردوو به‌شی كوردستانی به‌یه‌ك به‌سته‌وه و
كردیه (یه‌ك) هه‌روه‌ها له‌ڕێگای خوێندنی حوجره‌وه
زمانی كوردی بووه زمانێكی ئایینی و هه‌روه‌ها زمانی
ئاخاوتنی كوردان .. بابه‌ته‌كه‌ی د. فوادیش
خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بوو بۆ چه‌مكی ڕه‌خنه‌ی
ئه‌ده‌بی Literary Criticism، د. فواد، به‌پێچه‌وانه‌ی
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و
چه‌مكی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی دواون، ته‌مه‌نی ڕه‌خنه‌ی
ئه‌ده‌بی زۆر كورت كرده‌وه. ئه‌و دێره شیعرانه‌ی
ئه‌حمه‌دی خانی و نالی و سالم و حاجی قادری كۆیی
ته‌نها به "هه‌ستێكی ڕه‌خنه‌یی" دانا نه‌ك به
به‌رهه‌می ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، چونكه ڕه‌خنه‌ی
ئه‌ده‌بی (زمان) و (میتۆد) و (بنه‌ماو شه‌نگستی) خۆی
هه‌یه كه هیچیان له‌و ده‌قه شیعرانه‌دا نیین،
چونكه ئه‌و دێره شیعرانه شیعرن، نه‌ك توێژینه‌وه!!
له‌هه‌مان كات، له‌ته‌لاری فیرده‌وسی پانێلی چواره‌م
له‌ژێر ناونیشانی فۆلكلۆر به‌ڕێوه‌چوو له‌وێ،
هه‌ریه‌ك له د. سه‌لاح هه‌روری و د. عبدالله ئامێدی و
م. ره‌مه‌زان حه‌جی سێ بابه‌تی فۆلكلۆریان پێشكه‌ش
كرد. ته‌لاری فیرده‌وسی بچووك بوو، بۆیه جم و جۆڵ و
شلۆغی گه‌نگه‌شه‌كردنی تێدا زۆر نه‌بوو!
له‌به‌شی دووه‌می دانی به‌یانی پانێلی پێنجه‌م
به‌سه‌رۆكایه‌تی فه‌رهه‌نگنووسی ناوداری كورد ماجید
مه‌ردۆخی ڕۆحانی به‌ڕێوه‌چوو. له‌و پانێله هه‌ریه‌ك
له محمد عه‌لی قه‌ره‌داغی و محمد ره‌شید ئه‌مینی و د.
نه‌وید نه‌قشه‌به‌ندی سێ بابه‌تیان له‌سه‌ر
ده‌ستنووسه كوردییه‌كان پێشكه‌ش كرد. هه‌ریه‌ك له
محمد قه‌ره‌داغی و محمد ئه‌مین پێكۆڵێكی باشیان كرد بۆ
ئه‌وه‌ی بنه‌مایه‌ك بۆ "شانامه‌ی كوردی" دابنێن.
هه‌بوونی شانامه‌ی كوردی هه‌وڵێكه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندی
كه‌لتوری كوردی! له‌وێ ڕه‌خنه له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی
كوردی له باشورگیرا به‌وه‌ی تاكو ئێستا (مه‌ڵبه‌ندێك)
دروست نه‌كراوه بۆ كۆكردنه‌وه و پاراستنی ده‌ستنووسی
كوردی!ئه‌و ده‌ستنووسانه زاده‌ی زه‌ین و مه‌عریفه‌ی
كوردیین و به‌شێكی گرنگ له كه‌لتوری كورد پێكدێنن.
له‌هه‌مان كاتدا، له‌ته‌لاری فیرده‌وسی پانێله‌كه
تایبه‌ت كرابوو به (ئه‌ده‌بی كوردی و كارتێكه‌ری
زانسته ئیسلامییه‌كان) به‌ڵام بابه‌ته‌كانی د.
مه‌ریوانی عومه‌ر ده‌وڵه‌ت و د. نه‌جم ئه‌لوه‌نی
(نه‌هات بوو!!) و ئهرگێن ئۆپهنگین هیچ په‌یوه‌ندیان
به‌و ناونیشانه‌وه نه‌بوو!! د. مه‌ریوان له
ته‌كنیكه هونه‌ریه‌كانی دیالۆك دواو، د. نه‌جم یش
ده‌بوو بابه‌تێك له‌سه‌ر( ئاسته‌كانی گۆشه نیگای
هه‌موو شتزان له‌ڕۆمان) پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام نه‌هات
هه‌رچی ئۆپهنگێن بوو بابه‌تێكی له‌سه‌ر بزاڤی
وه‌رگێڕانی له‌كرمانجی باكوور پێشكهكش كرد.
دانی ئێواره‌ی رۆژی پێنج شه‌ممه له ته‌لاری
مه‌وله‌وی سێ بابه‌ت له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ی تیۆری ئه‌ده‌بی
بۆ كه‌لسوم عوسمان بوو و د. محمد كه‌ساس و د.
عبدالرحمن ئاداك پێشكه‌شكران هه‌روه‌ها له ته‌لاری
فیرده‌وسی پانێلی شه‌شه‌م تایبه‌ت بوو به‌چه‌ند
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی كرمانجی با كور‌و د.
سه‌لیم ته‌مۆ له‌زانكۆی ماردین و د. ئیبراهیم شوان
له‌زانكۆی سه‌لاحه‌دین و د. خه‌یرولڵا له‌زانكۆی
ماردین هه‌ریه‌كه بابه‌تێكیان پێشكه‌شكرد.
له‌دوا به‌شی كۆنفرانسه‌كه، شه‌ش بابه‌ت له پانێلی
حه‌وته‌م له‌هه‌ردوو ته‌لاری مه‌وله‌وی بۆ خه‌یروللا
پیری و د. سه‌لام فه‌ره‌ج و ئازاد زاڵا و
(فیرده‌وسی)یش سێ بابه‌تی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی منداڵان
جوانناسی بۆ ئه‌حمه‌دی شابانی و عادل محمد بوو سه‌لما
ساعێدی پێشكه‌شكران!
له‌كۆتایی كۆنفرانسه‌كه‌دا ماجید مه‌ردۆخی رۆحانی
بابه‌تێكی له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی كوردستانناسی
پێشكه‌ش كرد. ئه‌و فه‌رهه‌نگه, كه فه‌رهه‌نگێكی
فارسی كوردیه به‌سه‌رپه‌رشتی (رۆحانی) نووسراوه،
فه‌رهه‌نگێكی زۆر دانسقه‌یه، چونكه شێوازی
ئاماده‌كردنی زۆر جودایه
له‌و فه‌رهه‌نگانه‌ی هه‌ن!
جگه له‌مه‌سه‌له‌ی فه‌رهه‌نگ، رۆحانی وته‌یه‌كی
به‌نرخی پێشكه‌شكرد داوای له‌حكومه‌تی ئێرانی كرد كه
كار بۆ كردنه‌وه‌ی به‌شی كوردی له (زانكۆی كوردستان)
بكاته‌وه و هه‌روه‌ها داوای له حكومه‌ت كرد كه كار
به‌و به‌نده‌ی ده‌ستووری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بكات
كه دان به زمانی كوردی وه‌ك زمانێكی نه‌ته‌وه‌یی
كورد داده‌نێت!
له‌كۆتایی هه‌ریه‌ك له د. سه‌لیم ته‌مۆ و د.
خه‌یروڵڵا و سامی تان وه‌ك نوێنه‌رانی زانكۆی ماردین و
ئه‌نستیتۆی كوردی دیاریه‌كیان به فرمێسكه‌وه پێشكه‌ش
به "د. نه‌جمه‌دین جه‌باری" ڕێكخه‌ری زانستی
كۆنفرانسه‌كه كرد، به‌ڵام ئه‌فسووس شاندی كوردی
باشوور له‌هه‌رسێ زانكۆی سه‌لاحه‌دین و سلێمانی و
دهۆك نه‌ك هه‌ر هیچ دیاریه‌كیان پێشكه‌ش نه‌كرد،
به‌ڵكو هه‌تا وتارێكی هاوكۆشیان به‌ناوی شاندی هه‌رێمی
كوردستانه‌وه پێشكه‌ش نه‌كرد!!
|