با له‌ ڕۆژی جیهانی مناڵاندا بڵێین( مه‌یانفه‌وتێنن ئه‌وانه‌ نه‌وه‌ی داهاتون)

  

سالار جاف



له‌ ئێواره‌یه‌کی دره‌نگدا کاتێک ئه‌خوازی پیاسه‌یه‌ک به‌ شه‌قامه‌کانی شاردا بکه‌ی به‌تایبه‌ت شه‌قامه‌ قه‌ره‌باڵخه‌کانی شار، چه‌نده‌ها دیمه‌نی جیاواز ئه‌بینی، هه‌ندێک که‌س ئه‌بینی زۆر به‌ هێمنی ڕێ ئه‌که‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی کێشه‌یان نه‌بێت له‌م ژیانه‌دا هه‌ندێک په‌له‌یانه‌ ڕا ئه‌که‌ن شڵه‌ژاون هه‌ندێک له‌م هه‌موو قه‌ره‌باڵخیه‌ بێ ده‌ربه‌ستن له‌ ناو بیری خۆیاندا ڕۆچوون هه‌ندێکی تر بێ منه‌تانه‌و به‌ فیزه‌وه‌ ڕێگه‌ ته‌ی ئه‌که‌ن، جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه کۆمه‌ڵێکی که‌ ئه‌بینی که‌ هه‌ر به‌ بینینیان دڵت داده‌خورپێت چونکه‌ زۆر خه‌مناکانه‌یه‌ هه‌ستت به‌ جارێک ئه‌شێوێت بێز له‌وگه‌ردونه‌ش ئه‌که‌یته‌وه‌ که‌ نه‌یتوانیوه‌ ببێت به‌ جێی خۆشبه‌ختی بۆ ئه‌مانه‌! ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵه‌ مناڵێکن له‌ جوانیدا په‌ری ئاسان له‌ پاکیدا گه‌ردی ئه‌ڵماس و له‌ ساده‌یشدا شه‌قامێکن بێ پێچ و په‌نا! ژیان وای کردووه‌ هێناونیه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و قێزه‌ونترین کاریان پێ ئه‌کات که‌ ده‌رۆزه‌یه‌ (سواڵکردن)، منداڵێکی بێ تاوان، منداڵێک که‌ نازانێت ئه‌و کاره‌ی ئامڕۆ ئه‌یکات سبه‌ینێ چی گۆرزێک له‌ پاشه‌ڕۆژی ده‌دات! ئه‌وانه‌ ته‌نها منداڵ نین به‌ڵکو ئه‌توانین بڵێین جگه‌رگۆشه‌کانیشن که‌ به‌ بچوکترین چینی منداڵان ئه‌وترێت، چونکه‌ باوه‌ڕکه‌ن منداڵی چوارساڵه‌ش ئه‌بینی که‌ ئه‌م کاره‌ی پێ ئه‌کرێت! ئه‌م منداڵانه‌ که‌ ده‌رۆزه‌ ئه‌که‌ن هه‌ندێک جار دیمه‌نێکی خه‌مبارانه‌ پیشان ئه‌ده‌ن که‌ فێریان کراوه‌ بۆ وروژاندنی سۆزی به‌رامبه‌ر به‌ڵام له‌ گه‌ڵ یه‌که‌م دواندا یه‌کسه‌ر ده‌مامکه‌که‌ لاده‌چێت و ناخه‌ منداڵانه‌ جوانه‌که‌ خۆی به‌یان ده‌کاته‌وه‌، به‌ ده‌مته‌وه‌ پێده‌که‌نێت و یاریت له‌ گه‌ڵدا ده‌کات هه‌ر بیریشی ئه‌چێته‌وه‌ که‌ داوای یارمه‌تی لێ کردوی! به‌ڕاستی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ئه‌م منداڵانه‌ به‌ کار ئه‌ هێنن بۆئه‌م کاره‌ که‌سانێکی لێزانن چونکه‌ منداڵ و پیر باشترین چه‌کن بۆ وروژاندنی هه‌ستی به‌رامبه‌ر، به‌ڵام ئه‌م که‌سانه‌ که‌سانێکی خاڵین له‌ مرۆڤایه‌تی خاڵین له‌ ئه‌خلاقی ئینسانی خاڵین له‌ ویژدان بگره‌ مرۆڤ نین دڕنده‌ن! با دایک و باوکیشیان بن چونکه‌ زۆر سه‌یره‌ ئه‌بێت چی شتێک وا له‌ودایک وباوکه‌ بکات که‌ جگه‌رگۆشه‌و هه‌ناسه‌که‌ی خۆیان بنێرنه‌ سه‌رجاده‌ بۆ کار، به‌ڵام چۆن کارێکیش قێزه‌ونترین کار! ئاخر بۆ ئه‌بێت منداڵێک ببێت به‌ قوربانی هه‌ژاریی خێزانێک؟! بۆ ئه‌بێت منداڵێک بێ ئاینده‌ بکرێت له‌ پێناوی چه‌ند قروشێکی ئه‌مڕۆدا، نا نه‌ک منداڵ به‌ڵکو کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ئه‌فه‌وتێت کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک بێ ئاینده‌ ئه‌بێت کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک نه‌فام ئه‌بێت چونکه‌ منداڵ شاده‌ماری کۆمه‌ڵگه‌ی سبه‌ینێن! چونکه‌ ئه‌م منداڵانه‌ له‌ ته‌مه‌نێکی ئه‌ونه‌ بچوکدا ده‌خرێنه‌ به‌رئه‌م کاره‌ نازانن ماناکانی ژیان لێک به‌نه‌وه‌ ئه‌وان ته‌نانه‌ت نازانن بۆ داوای یارمه‌تی ئه‌که‌ن بۆ خه‌ڵک یارمه‌تیان ده‌دات، ئه‌وان ته‌نانه‌ت نازانن بۆ له‌ سه‌ر شه‌قامن؟! ئه‌وان نازانن ڕۆژه‌ خۆشه‌کانی منداڵێک چییه‌؟! له‌وانه‌یه‌ خۆشترین ڕۆژی ئه‌وان ئه‌وڕۆژه‌ بێت که‌ زیاتر ده‌ستکه‌وتیان ئه‌بێت و ئه‌و نامرۆڤ و مافیایانه‌ی که‌ خستونیانه‌ته‌ به‌ر ئه‌م کاره‌ ده‌ستخۆشاین لێ ده‌که‌ن! ئه‌وان ته‌نانه‌ت نازانن له‌م شاره‌دا منداڵانێکی تر هه‌ن له‌ خۆشترین گوزه‌راندا ده‌ژین! چونکه‌ به‌ ڕاستی ئێستا منداڵی چوارساڵه‌ ئه‌بینرێت که‌ ئه‌م کاره‌ی پێئه‌کرێت! ئاخر منداڵێکی وه‌ها مرۆڤ نازانێت چۆن هه‌ستی ده‌رببڕێت! له‌ حه‌شمه‌تا نازایت ڕوبکه‌یته‌ کێ گازنده‌ی لا بکه‌ی چونکه‌ به‌ چاوی خۆت ئه‌بینی وا کۆمه‌ڵگه‌که‌ت له‌ ناو ئه‌چێت! ته‌نها ئه‌ونه‌ت له‌ ده‌ست دێت له‌ ناخه‌وه‌ بۆی بسوتێی بۆ چاره‌نوسێکی شووم که‌ توشی هاتوه‌و خۆی هه‌ستی پێناکات! ئاخر چونکه‌ له‌ هه‌موو دونیادا ده‌رۆزه‌ کردن وه‌ک ئه‌م شارو وڵاته‌ی ئێمه‌ نیه‌ ده‌ست پانکردنه‌وه‌و کروزانه‌وه‌ نیه‌! له‌وێ هیچ نه‌بێت منداڵه‌کان به‌ شێوه‌ ئه‌شکراکه‌ی پارێزراون به‌ڵام لێره‌ تێهه‌ڵدراو! ئه‌وان له‌وێ پارجه‌یه‌ک موسیک یان نمایشێکت پێشکه‌ش ئه‌که‌ن له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ندێك پاره‌دا به‌ڵام لێره‌ وروژاندنی هه‌ستی به‌رامبه‌ره‌ که‌ منداڵ چه‌کی ئه‌تۆمی ئه‌م کاره‌یه‌! چونکه‌ منداڵی وا ئه‌بینی به‌ شێوه‌یه‌ک سۆزت بۆی ده‌جوڵێت ته‌نانه‌ت ماچیشی ده‌که‌یت له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ یارمه‌تی ده‌ده‌یت! به‌ڵام ئه‌و منداڵه‌ وه‌ک پێشوتر وتم نازانێت به‌رامبه‌ر بۆ وا ئه‌کات چونکه‌ ناخێکی ساده‌ی هه‌یه‌! نازانم هۆکاری چییه‌ ئه‌م منداڵانه‌ی وڵاتی ئێمه‌ به‌م شێوه‌بن؟! ئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانیه‌یه‌ که‌ به‌ سه‌ر کوردا هات؟ یان قه‌ده‌رێکی نه‌بڕاوه‌یه‌ بۆ ئه‌م گه‌له‌؟؟بۆ منداڵانی وڵاتی من هه‌ر له‌ نه‌هامه‌تیدا بژی؟ منداڵانی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ر جگه‌ر گۆشه‌که‌ی دایه‌و بابه‌ نین؟ له‌ هه‌مووی سه‌یرتر کاتێک که‌ ئه‌م منداڵانه‌ ئه‌بینی یه‌کسه‌ر ئه‌که‌ویته‌ بیری ئه‌و هه‌موو ڕکخراوه‌ی که‌ بۆ پاراستنی منداڵان هه‌ن له‌ کوردستان، زۆر جار ده‌ڵێی تۆ بڵێی کارمه‌ندێکی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ ڕێگه‌ی نه‌که‌وێته‌ شه‌قامه‌کان و ئه‌م دیارده‌یه‌ نه‌بینێت؟! ئه‌ی هۆکاری بێ ده‌نگی ئه‌وان چییه‌؟ له‌ به‌رئه‌وه‌ بێ ده‌نگن که‌ دایک و باوکیان سکاڵای نه‌بونی ئه‌که‌ن و داوای قه‌ره‌بوو ئه‌که‌ن که‌ ڕێگه‌ی ئه‌و کاره‌یان لێ بگیرێت؟! چی شتێک ئه‌بێت به‌ به‌دیل بۆ فه‌وتاندنی جیلێک؟ کوان کاری ڕێکخراوه‌ منداڵپارێزه‌کانی کوردستان؟ هه‌تا که‌ی بێده‌نگ ده‌بن له‌م شته‌ قێزه‌ونه‌و گوێی خۆیانی لێ که‌ڕ ده‌که‌ن؟یان هه‌موو کاره‌کانیان له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند گوتارێکدا ده‌خولێته‌وه‌؟ کوا ویژدانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری که‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی به‌زه‌یی و سۆز ئه‌ناسرێت؟ ئه‌وه‌ سۆز نیه‌ که‌ یارمه‌تی منداڵه‌ ده‌رۆزه‌که‌ره‌کان بده‌ین، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ زیاتر هاندانی گه‌وره‌کانیانه‌ که‌ زیاتر له‌ سه‌ر ئه‌م کاره‌ بیانهێڵنه‌وه‌!! به‌ڵکو ئه‌بێت ده‌نگ هه‌ڵبڕین بڵێن مه‌یانفه‌وتێنن ئه‌وانه‌ نه‌وه‌ی داهاتون.




 

           

 

01/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com