گۆڕان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، خه‌تی‌ سور‌و سنوری‌ هاوبه‌ش!
له‌ په‌راوێزی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژ به‌ تیرۆكردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان
 

  

سامان كه‌ریم
zaryak@yahoo.com



پاش كپ بونه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژ به‌ ڕفاندن‌و تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌ریه‌ك‌و له‌ ڕوانگه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ به‌شداریكرد له‌ ململانێیه‌كی‌ سیاسی‌- پراتیكیدا له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م ڕوداوه‌دا. پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ململانێ‌ سیاسییه‌كان له‌نێوان هێزو حیزبه‌ جیاوازه‌كاندا گه‌یشته‌ بارێكی‌ توند ئامێزو هه‌ڕه‌شه‌كردنه‌وه‌ و له‌ وچوارچیوه‌یه‌شدا خه‌لکی کوردستان ناره‌زایه‌تی خویان ده‌ربری، ئیستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌م روداوانه‌دا بچینه‌وه‌ و لیکدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین تا ده‌رس و ته‌جه‌ربه‌کانی بۆ خه‌باتی داهاتوو به‌ده‌سته‌وه‌ بگرین. ئه‌م ووتاره‌ هه‌ولیکه‌ له‌م راستایه‌دا.
ماوه‌ی 20 رۆژ زیاتره‌ سه‌رده‌شت له‌ نێوماندا نه‌ماوه‌، ئه‌م ماوه‌یه‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م نییه‌ بۆ مه‌مله‌كه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و ده‌سه‌لاته‌كه‌ی‌ بۆئه‌وه‌ی‌ تاوانبارانیان ئاشكرا بكردایه‌‌و بیاندایه‌ته‌ داداگایه‌كی‌ ئاشكرا‌و راستیه‌كانیان بۆ خه‌ڵكی‌ ئاشكرا بكردایه‌ به‌لام ئه‌مڕۆ 24.ئایار وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ لیكۆلینه‌وه‌ له‌كه‌یسی‌ سه‌رده‌شت هه‌نگاوی‌ باشی‌ بڕیوه‌ و ئه‌مه‌ له‌کاته‌کدایه‌ که‌هه‌موو ئه‌م راگه‌یاندنانه‌ هیچ هه‌نگاویکی رۆشن نیشان نادات که‌ پارتی و وه‌زاره‌تخانه‌که‌ی ده‌یه‌ویت به‌کرده‌وه‌ تاوانباران ئاشکرابکاو به‌رائه‌تی خۆی بسه‌لمینیت. به‌پیچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو ئه‌م قسانه‌ بۆ چاوبه‌ستی خه‌لک و دامرکاندنه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تیه‌کانه‌.
به‌لام له‌مباره‌وه‌ پارتی‌ دیموكرات قسه‌ی‌ كردوه‌، به‌یاننامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ پارتی‌ دیموكرات وه‌لامێكه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌لام به‌هۆی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هێزیكی‌ دیكه‌وه‌، له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و به‌دیاریكراوی‌ سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ له‌ گشت كۆمه‌ڵگا به‌لاَم به‌هۆی‌ پۆستی‌" به‌رید"ی گۆڕانه‌وه‌، هه‌ره‌شه‌یه‌كه‌ له‌گشت ئازادیخوازی‌‌و پیشكه‌تنخوازی‌‌و ئازادییه‌ك به‌لام له‌ ڕیگای‌ ناونیشانێكی‌ هه‌ڵه‌وه‌. به‌یانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ هه‌م دژایه‌تیه‌كی‌ قوڵه‌ له‌َكه‌ل حه‌قیقه‌تدا، هه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ به‌سه‌ری‌دا، ئه‌گه‌رچی‌ بۆ كورت ماوه‌ش بێت، ئه‌مه‌ واقعیه‌تی‌ تاڵی‌ ئه‌مڕۆی‌ هه‌لومه‌رجی‌ كوردستانه‌. هه‌لومه‌رجێك كه‌ ڕۆشنبیرانی‌ كۆنه‌په‌رست ته‌پڵی‌ بۆ لێده‌ده‌ن‌و پێیان وایه‌ گۆڕانێك به‌قازانجی‌ ئازادی‌ یان ته‌نانه‌ت دیموكراسی‌ ڕۆژئاوایی‌ ڕیچكه‌ی‌ گرتوه‌.
په‌یامی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ئه‌گه‌ر جێ هێمن تر، بوو، به‌لام خه‌ته‌رناكترو هه‌ڕه‌شه‌ ئامیز تره‌ له‌ به‌یانه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ پارتی‌. په‌یانه‌كه‌ سه‌ڕه‌رای‌ هه‌موو كۆنه‌په‌رستی‌‌و دواكه‌وتوییه‌ك كه‌ ئه‌م حزبه‌ پێیده‌ناسرێته‌وه‌ هاوکات روی له‌و ئامانجه‌بوو که‌مه‌کته‌بی سیاسی له‌و رقو توره‌ییه‌ ده‌رباز بکات که‌خه‌لک به‌ره‌مبه‌ر به‌ هه‌ره‌شه‌و گوره‌شکانی هه‌یان بوو. به‌لام ناوه‌رۆکی به‌یانه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی رووی له‌وهیه‌ که‌ شه‌ری خۆی له‌گه‌ل خه‌لک له‌ریگای روبه‌روبونه‌وه‌ له‌گه‌ل بزوتنه‌وه‌ی گۆراندا به‌ریته‌ پیشه‌وه‌.
بانگه‌وازی‌ بارزانی‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تره‌ به‌ زمانی‌ شیرین به‌ قه‌وڵی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ زمانی‌ "گوڵ"! هه‌ڕه‌شه‌ی " به‌زاندی‌ هیڵه‌سوره‌كانه‌" به‌بێ‌ ئه‌و ناوی‌ بهێنێ‌، پێمان ده‌ڵێت "... له‌ پێناویاندا پێویستیمان به‌ یه‌كڕیزی و یه‌ك هه‌ڵوێستی و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێ‌تی مێژوویی هه‌یه‌. مه‌ترسی و پیلان و هه‌ڕه‌شه‌ی تێكدانی بارودۆخی عێراق به‌ گشتی و كوردستانه‌ به‌تایبه‌تی. به‌رزانی پێمان ده‌ڵێت که‌پێویستیمان به‌ وریایی و هاوده‌نگی هه‌یه‌." و"به‌رپرسی یه‌كه‌م له‌ ئاسایشی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمه‌ .... ێگه‌ ناده‌ین هیچ كه‌س و لایه‌نێك مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كه‌مان دروست بكات."
به‌م پێیه‌ باسی‌ بارزانی‌ باسی‌ "مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئه‌زمونه‌كه‌یان" ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگا وه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو ئه‌و ئینسانانه‌ی‌ كه‌ له‌كوردستاندا ده‌ژین‌و تینوی‌ ئازادی‌‌و پێشكه‌وتنخوازین، تینوی‌ یه‌كسانیین، دژی‌ تیرۆو ڕفاندن‌و خوازیاری‌ "ئازادی‌ بێقه‌یدو شه‌رتن"، تینون بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌ سیاسی‌‌و مه‌ده‌نی‌‌و ئابوری‌‌و فه‌ردی‌‌و كۆمه‌لایه‌تیه‌كانی‌ خۆیان.. چونكه‌ "مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ئه‌زمون" ده‌كریت له‌به‌رانبه‌ردا بۆ نمونه‌" داواكردنی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ كرێ" له‌ لایه‌ن كرێكارانه‌وه‌، به‌رزبكرێته‌وه‌ له‌ لایه‌ن بارزانی‌ یان سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رمایه‌دارانی‌ جیهان‌و كۆمپانیاكانیان ڕونه‌كه‌نه‌ كوردستان‌و سه‌رمایه‌كانیان وه‌به‌رنه‌هێنن. یان له‌به‌رانبه‌ر داواكاری‌ " بیمه‌ی‌ بیكاریدا"، مه‌ترسی‌ هه‌یه‌ بۆ سه‌ر " بودجه‌و نه‌فقه‌ی‌ دسه‌لاتداران" یان له‌به‌رانبه‌ر خواستی‌ جیایی‌ دین له‌ ده‌سه‌لاتدا"باسی‌ ده‌وڵه‌ت له‌ مه‌مله‌كه‌تی‌ كوردستاندا نییه‌ له‌سایه‌ی‌ سه‌ری‌ حزبه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تییه‌وه‌" . بۆیه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م بانگه‌وازه‌دا سه‌ركردایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان چۆك داده‌دات.
به‌لام خالێكی‌ دیكه‌ی‌ بانگه‌وازی‌ بارزانی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌وێنه‌ی‌ ڕابه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ ڕێنوینی‌ لایه‌نه‌كان ده‌كات ومه‌به‌ست له‌" گۆڕانه‌" پێ‌یان ده‌لێت: وه‌رن ئه‌زمونه‌كه‌مان له‌ مه‌ترسیدایه‌ ئَیوه‌و ئازادی‌ گوجا مه‌رحه‌با، به‌مانایه‌كی‌ دیكه‌ ده‌یانهێنیته‌وه‌ سه‌ر ڕیگای‌ ڕاستی‌ خۆیان. له‌دوای‌ بانگه‌وازی‌ بارزانی‌ یه‌وه‌ گۆڕان كپ ده‌بێته‌وه‌‌و چالاكی‌ نامێنێت له‌گه‌ڵیدا ناڕه‌زایه‌كان كپ ده‌بنه‌وه‌.
خاڵی‌ هاوبه‌شی‌ پارتی‌‌و گۆڕان خۆی‌ ده‌كات به‌ په‌رله‌ماندا‌و له‌ ژیر ناوی‌ بانگهێشتی‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ ئه‌منی‌دا ده‌یانه‌وێت كلاوێكی‌ باش بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ كه‌ خوازیارن راستی‌ ئه‌م تیرۆركردنه‌ بزانن، به‌ڕیوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر بانكهێشت ده‌كریت. ئه‌مه‌له‌کاتێکدایه‌ که‌ هه‌موو که‌س ده‌زانێت ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌ ئاگاداری‌ هیچ شتێك نییه‌، گاڵته‌جاری‌و خۆش باوه‌ری‌ دروستكردنێكه‌ له‌ عه‌قلیه‌تی‌ دانیشتوانی‌ مه‌مله‌كه‌تی‌ بێ‌ وولاتدا.
به‌لام ئه‌مه‌ چۆكدادانی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ نییه‌، له‌به‌رانبه‌ر پارتی‌ ‌و سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دا به‌ڵكو پێشتر له‌كاتی‌ كه‌مپینی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 7ئازاردا بینیمان كه‌ چۆن له‌به‌رانبه‌ر ڕاگه‌یاندنی‌ بارزانی‌دا له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ "پێشمه‌رگه‌ میلیشیا نییه‌" چۆكی‌ داداو ته‌سلیم بوو. ته‌سلیم بونی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م مه‌سائیله‌ندا" ئه‌م خه‌ته‌ سورانه‌ی‌ بارزانی‌دا" ته‌سلیم بونێكی‌ ترس ئامیز نییه‌، وه‌ته‌نانه‌ت له‌ ترسی‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ر نییه‌ له‌ نیوان هه‌ردوو میلیشیاكانیاندا.. ئه‌وانه‌ ئه‌گه‌ر هۆكاریك بن، هۆكاری‌ سانه‌وین. مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان هاوبه‌ش بونه‌ له‌گه‌ڵ هیڵه‌ سوره‌كانی‌ پارتی‌و بونی‌ سنوری‌ هاوبه‌شی‌ ئه‌م دووهێزه‌ نیشان ده‌دات له‌ ئاستی‌ سیاسیی‌‌و به‌رنامه‌یی‌‌و ئیسترتیژیدا له‌ چوارچیوه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تیدا، سه‌ڕه‌رای‌ بونی‌ خیلاف له‌نیوانیاندا له‌ هه‌مبه‌ر ده‌سه‌لاتی‌ سیاسی‌و میكانیزمی‌ بردنه‌پێشه‌وه‌ی‌ سیاسه‌ت.
هیڵی سوری‌ هاوبه‌شی‌ نێوان پارتی‌‌و سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان!
هێڵه‌ سوره‌كانی‌ پارتی‌ دیموكرات‌و بارزانی‌ له‌ ئاستی‌ گشتی‌دا هێله‌ سوره‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تیین، "پێگه‌ی‌ گورد، سنوری‌ كوردستان، ئالای‌ كوردستان، پاراستنی‌ ئه‌زمونی‌ كوردستان، پێشمه‌رگه‌، دینی‌ ئیسلام، سرودی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كوردستان ...." به‌لام له‌هه‌موو ئه‌مانه‌دا سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵیدا، هیچ یه‌كیك له‌م سنورو "مقه‌ده‌ساتانه‌ " نییه‌ كه‌ گۆران بتوانیت لێ‌ی‌ لابدات‌و بازی‌ به‌سه‌ردا بدات، له‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ مه‌لاو قورئان خوینه‌كانه‌وه‌ بگره‌ تاده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ "پێشمه‌رگه‌ میلیشیا نییه‌" وه‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌به‌غدا "پێگه‌ی‌ كورد" به‌هیز بكات واته‌ پێگه‌ی‌ حزبه‌ كوردییه‌كان‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌وره‌ سه‌رمایه‌دارانی‌ ئه‌هلی‌‌و حزبی‌ به‌گۆرانیشه‌وه‌.
گۆڕان‌و پارتی‌ مه‌سه‌له‌یانه‌ كه‌ پیگه‌ی‌ كورد له‌ به‌غدا به‌هیز ببێت، واته‌ فیدرالیه‌ته‌كه‌یان تۆكه‌مه‌تر بێت، جا با خیلافیان هه‌بیت له‌سه‌ر میكانیزمه‌كه‌ی‌، هه‌ردوكیان ئاینی‌ ئیسلام وه‌ك پایه‌یه‌ك له‌ده‌ستور ده‌بینن به‌ده‌ستوری‌ كوردستانیشه‌وه‌، هه‌ردوكیان خاوه‌نی‌ میلیشیای‌ پێشمه‌رگه‌ن، جیاوازی‌یه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان پاره‌و موچه‌ی‌ میلیشیاكه‌ی‌ له‌ گیرفانی‌ یه‌كێتی‌ ده‌دات‌و پارتی‌ خۆی‌ سه‌رفی‌ ده‌كات...
به‌لام هاوبه‌ش بوونی‌ ئه‌م دووهێزه‌ له‌ هیله‌ سوره‌كاندا له‌ بناغه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌ به‌ هاوبه‌ش بون له‌ قولایی‌ ئیستراتیژی‌ سیاسی‌ نیوان هه‌ردوكیاندا وه‌كوو دووهێزی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌. ئیستراتیژیه‌كه‌ یه‌كه‌میان: فیدرالیه‌ته‌ وه‌ دووه‌میان: كه‌ركوكه‌. سه‌ڕه‌رای‌ هه‌ر جیاوازییه‌ك هه‌یان بێت له‌ په‌یوه‌ند به‌فیدرالیه‌تی‌ كوردستان‌و سنوری‌ كوردستان‌و هه‌روه‌ها له‌ په‌یوه‌ند به‌ گه‌ركوك‌و مادده‌ی‌ 140... له‌سیاسه‌تدا هاوبه‌شن به‌لام میكانیزمی‌ به‌ڕیوه‌بردنیان جیاوازه‌، شێوه‌ی‌ بیركردنه‌وه‌یان بۆ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ به‌غدادا جیاوازه‌، ئه‌وانه‌ش فۆرمن نه‌ك ناوه‌رۆك‌و جیاوازی‌ سیاسی بنچیه‌یی‌.
بۆیه‌ جاریك سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان له‌ به‌رانبه‌ر " پێشمه‌رگه‌ میلیشیا نییه‌" ته‌سلیم ده‌بیت‌و فزه‌ له‌خۆی‌ ده‌بڕیت‌و له‌وه‌ش زیاتر پاكانه‌ ده‌كات كه‌ وایان نه‌گوتوه‌، و وێنه‌ كۆنه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌ویش پێش چه‌ندین ساڵ هه‌مان قسه‌ی‌ كردوه‌. جاریكی‌ دیكه‌ له‌ به‌رانبه‌ر "مه‌ترسی‌ ئه‌زموندا" سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان واز له‌ " ئاڕه‌زایه‌تی‌ " خۆی‌ ده‌هێنێت و ده‌یكاته‌وه‌ به‌هۆڵی‌ په‌رله‌ماندا، هۆلێك كه‌ كۆمه‌لێك فه‌رمانبه‌ری‌ حزبی‌ تیدایه‌‌و موچه‌یه‌كی‌ باش وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌گرێته‌وه‌ بۆیه‌ باشترین شوێنه‌ بۆ دانوسان‌و مساومه‌ كردن‌و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌ ناوه‌ڕۆكی‌ واقعی‌ خۆی‌.
ناڕه‌زایتییه‌كان‌و حزب‌و بزوتنه‌وه‌كان!
ناڕه‌زایتییه‌كان له‌به‌رانبه‌ر تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شتدا ناڕه‌زایه‌تییه‌كی‌ حیزبی‌ بوون پڕ به‌ مانای‌ ووشه‌كه‌. هه‌ڵچونی‌ شاری‌‌و جه‌ماوه‌ری‌ نه‌بون، ناره‌ِزایه‌تی‌ خۆرسك‌و عه‌فه‌وی‌ نه‌بوون ناڕه‌زایه‌تیه‌ك نه‌بون كه‌ خۆینی‌ كۆمه‌لگاو رق‌و توڕه‌ی‌ كۆمه‌لگای‌ له‌ناخه‌وه‌ هێنابێته‌ ده‌ره‌وه‌و خستبێتیه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و زانكۆكانی‌ كوردستان. كۆمه‌ڵگای‌ كوردستان تا ئێستا به‌ كوتانی‌ ده‌رزی‌ دژه‌ تیرۆر نه‌ كوتراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئیمه‌ شاهیدی‌ خۆپیشاندانی‌ كرێكاران‌و كاسبكاران وه‌ فه‌رمانبه‌ران‌و مامۆستایان نه‌بوین له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌دا، ئیمه‌ ته‌نها شاهیدی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ خویندكاران‌و توێژی‌ ڕۆشنبیران بوین. ئه‌مه‌ یه‌كیك له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بوو، سه‌ڕه‌رای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ وه‌لامێك بوو پارتی‌ و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ هه‌راسان كردبوو.
ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ڕاسته‌وخۆ به‌ ئه‌مری‌ حزب‌و لایه‌نه‌ حزبیه‌كان ده‌جولان ‌و هه‌ریه‌ك له‌ حزبه‌كان له‌ پیناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیاندا به‌شداریان كرد له‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا.. به‌لام لایه‌نی‌ دیارو به‌رچاو حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بوون به‌تایبه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ نه‌خشێكی‌ زیاتری‌ هه‌بوو، له‌ هه‌موو شاره‌كانیش هێزێكی‌ دیار بوو. به‌لام چه‌ندین هیزو لایه‌نی‌ دیكه‌ش هه‌ریه‌ك به‌پێ‌ به‌ژزه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ به‌شداری‌ كرد له‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا تا ده‌گاته‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیش. به‌لام ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ به‌شداربوون له‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا سه‌ر به‌ گۆڕان یان حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاریی‌ن یان لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ بوون؟! دیاره‌ نا. ئه‌وه‌ واقعیه‌تی‌ هه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌كه‌ كه‌ دێته‌ سه‌ر شه‌قام‌و خه‌لكی‌ پێوه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ مۆتیڤی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوبه‌ش‌و جولاندنی‌ ویژدانی‌ خۆی‌.. جا پۆزه‌تیڤ یان نه‌گه‌تیڤ. له‌م باره‌ی‌ سه‌رده‌شتدا په‌یوه‌ست بوون به‌ ناره‌زایه‌تیه‌كانه‌وه‌ باریكی‌ پێشكه‌وتنخوازی‌‌و پۆزه‌تیڤی‌ هه‌بوو، كه‌ ئینسانه‌ ئازادیخوازه‌كان له‌ ڕوانگه‌ی‌ هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسێتی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ خۆیانه‌وه‌ هاوبه‌شیان تیدا كرد.
بزواندنی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و ڕیكخستنی‌‌و به‌رده‌وام بونی‌ كارێكی‌ حزبی‌ بوو وه‌ به‌ ڕینوینی‌ حیزبی‌ ده‌چوه‌ پێشه‌وه‌. ئه‌مه‌ واقعیه‌تی‌ ئه‌مڕۆی‌ كوردستانه‌. به‌لام له‌هه‌مانكاتدا نیشانه‌یه‌ك له‌ ئاست‌و خه‌باتی‌ بزوتنه‌وه‌ چینایه‌تی‌ نیوان كرێكارو بورژوازی‌ نیشان ده‌دات. ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ڕۆشن مه‌رامی‌ هێزیكی‌ بزوتنه‌وه‌ كوردایه‌تی‌ " گۆڕان" ئاشكرا ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خه‌لك له‌ هه‌موو چین‌و توێژه‌كان به‌ چه‌پ‌و راسته‌وه‌ به‌ كۆنه‌په‌رست‌و پێشكه‌وتنخوازه‌وه‌ به‌ موته‌مه‌دن‌و و دواكه‌وتوه‌و له‌ خۆی‌ كۆبكاته‌وه‌و وه‌ك هێزێكی‌ پۆپۆلیستی‌ ورده‌ بورژوازی‌ ئالای‌ " ئازادی" یه‌كی‌ بێ‌ ناوه‌ڕۆك به‌رزبكاته‌وه‌ به‌مه‌ش، واته‌ به‌هۆی‌ هیزی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ ململانێ‌ی‌ خۆی‌ له‌ئاست نه‌یاره‌ سیاسیه‌كانی‌دا، پارتی‌‌و یه‌كیتی‌ به‌رێته‌ پێشه‌وه‌.
به‌لام خواستی‌ "گۆڕان" یان دروست بلێم سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان خواستێكی‌ كرچو كاڵ و ناته‌واو بوو " كه‌ خواستی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ی‌ " بوو وه‌هه‌م سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان له‌ئاستی‌ ئاشكرادا خۆی‌ نه‌كرده‌ خاوه‌نی‌ ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی‌ ده‌كرد به‌ به‌رۆكی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ڕۆنامه‌نوس‌و سه‌رنوسه‌رو چالاكه‌وانه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌، كه‌ ئه‌مه‌ش مانای‌ دیاركراو سیاسی‌ خۆی‌ هه‌یه‌. به‌لام تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت زۆر له‌ ئاستی‌ خواستی‌ " ئازادی‌ ڕۆنامه‌گه‌ری‌" به‌رزرترو بالاتره‌. خواستێك كه‌ پێویسته‌ وه‌ پێویست بوو ناڕازیان به‌رزیبكه‌نه‌وه‌ وه‌ بناغه‌ی‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ تیرۆركردنه‌وه‌ی‌ سه‌رده‌شته‌كان بنه‌بڕ بكات یان لایه‌نی‌ كه‌م له‌ئاستی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌دا هه‌موو مقه‌ده‌ساته‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و ئاینی‌‌و حیزبییه‌كان به‌تاڵ بكاته‌وه‌" خواستی‌ ئازادی‌ بێقه‌یدو شه‌رتی‌ سیاسییه‌" ئه‌و خواسته‌ی‌ كه‌ مه‌لا به‌ختیار بێ‌ بیركردنه‌وه‌ توانجی‌ لێده‌كات‌و نه‌زانانه‌ باسی‌ لێوه‌ ده‌كات.
ئازادی‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ به‌ندێكی‌ هیجگار بچوكی‌ یاسای‌ ئازادی سیاسییه‌ یان ده‌بێت وا بێت. سه‌رده‌شت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كوژراوه‌ كه‌ گوایا خه‌تی‌ سوری‌ یاسای‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ پێشێل كردوه‌، كوشتنی‌ سه‌رده‌شت له‌ بناغه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئازادی‌ بیرو راوه‌ هه‌یه‌، به‌ خه‌یاڵو خولیاو ئاره‌زوویه‌كی‌ واقعی‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ وه‌ گۆڕاندا جێگای‌ نابێته‌وه‌... په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌ سه‌ركوتێكی‌ 20 ساڵه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ی‌ كۆمه‌ڵگاوه‌، سه‌ركوتی‌ سیاسی‌‌و فه‌رهه‌نگی‌‌و كۆمه‌لایه‌تی‌‌و فه‌ردی‌‌و مه‌ده‌نی‌، له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌لاتدارێتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌دا.
گۆڕان‌و گۆڕانخوازان، جیاوازییه‌ك!
له‌ نێوان سه‌ركرایه‌تی‌ گۆڕان‌و گۆرانخوازاندا كه‌ سه‌ر به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ن جیاوازییه‌ك هه‌یه‌، ئه‌م جیاوازییه‌ ده‌مینێت تا ئه‌وكاته‌ی‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان خۆیان وه‌ك حزب یان رێكخراوه‌یه‌ك ڕێكده‌خه‌ن. بۆیه‌ من له‌م وتاره‌دا تا پێم كرابێت ناوی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕانم بردوه‌، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌رزان كه‌سی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ خواستی سیاسی‌ و بۆ پارێزگاری‌ له‌ ئازادی‌ سیاسی‌‌و دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و... هاتونه‌ته‌ مه‌یدان رقوتوڕه‌یی‌ خۆیان له‌ هه‌ردوو حزبی‌ بالا ده‌ستی‌ كوردستان‌و له‌وانه‌ پارتی‌ له‌ ڕیگای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ ده‌ر ده‌بڕن. ئه‌مه‌ واقعیه‌تێكه‌ كه‌ هه‌یه‌.
گۆڕان كه‌ ناوی‌ خۆی‌ ناهێنی‌‌و وه‌ك خاوه‌نی‌ به‌شێك له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان خۆی‌ ڕاناگه‌یه‌نێت، كۆمه‌لێك گۆڕی‌ سیاسی‌ گه‌وره‌و دژایه‌تی‌ نێویی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌ی‌ له‌ پشته‌. شه‌ری‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان شه‌ری‌ خه‌ڵك و خواسته‌كانی‌ خه‌ڵك نییه‌، شه‌ری‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئازادی‌ سیاسی‌و ته‌نانه‌ت ئازادی‌ ڕۆنامه‌گه‌ی‌ نییه‌، شه‌ڕی‌ خۆشگوزه‌رانی‌‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ژاری‌ نییه‌، شه‌ڕی‌ یه‌كسانبونی‌ ئینسانه‌كان نییه‌ له‌ به‌رانبه‌ر یاسادا، هه‌ر بۆیه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان پێویستی‌ به‌وه‌ نییه‌ كه‌ خۆی‌ به‌ دواكارییه‌ك بچوكی‌ وه‌گ " ئازادی‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریشه‌وه‌" نیشان بدات ئه‌مه‌ بناغه‌ی‌ سیاسی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یه‌ كه‌ گۆڕان دیاریكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ خۆی‌ به‌ ئاشكرا نه‌خاته‌ پشت ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌وه‌. دیاره‌ هۆكاری‌ دیكه‌ هه‌ن له‌ چه‌شنی‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ حزبی‌‌و په‌یوه‌ندی‌ نێو حزبه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ گه‌ڵ پارتی‌ دا.. به‌لام ئه‌وانه‌ هۆكاری‌ سانه‌وین.
به‌لام كاتیك بۆ نانبڕینی‌ چالاكوانه‌كانی‌ خۆی‌ كه‌ نانیان ده‌بڕیت وانییه‌، ده‌یكات به‌هه‌را به‌ناوی‌ خۆیه‌وه‌ كه‌مپین ده‌كات له‌ ناوه‌و ده‌ره‌وه‌، وه‌ كه‌یسه‌كه‌ی‌ ده‌دات به‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی‌ هه‌ریم وله‌مباره‌وه‌ ته‌واوی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ گۆڕان قسه‌ده‌كه‌ن، ئه‌م كه‌یسه‌ كه‌یسی‌ داخراوی‌ حزبی‌ خۆیانه‌‌و په‌یوه‌ندی‌ نییه‌ به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌.
مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ دیكه‌ مافو ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌ له‌ لاوانه‌وه‌ بگره‌ تا كرێكارو خه‌ڵكی‌ زه‌حمه‌تكێش‌و ئاواره‌و بیكاران‌و كرێكارانی‌ وولاتانی‌ دیكه‌ له‌ كوردستان. به‌لام له‌واقعیه‌تی‌ نوێ‌ی‌ ئه‌مرۆی‌ كوردستاندا كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردستان به‌ته‌واوی‌و به‌زه‌قی‌ دابه‌ش بوه‌ به‌سه‌ر دوچینی‌ گه‌وره‌ی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌دا كرێكارو بوررژوازی‌، سه‌رمایه‌دارانی‌ گه‌وه‌ره‌و كۆمپانیا گه‌وره‌كانیان له‌لایه‌ك‌و پرۆلیتاریا له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌.
بزوتنه‌وه‌ یان حزبیك ده‌كریت له‌ نیو چوارچێوه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌دا له‌دایك ببێت‌و به‌رنامه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ بێت، كه‌ فه‌سادی‌ كه‌متر بێت، ده‌سه‌لاتی‌ حكومه‌ت‌و حزبه‌كه‌ی‌ بڕێك كه‌متر تیك ئالا بن... به‌لام هیچ هیزو بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ بورژوازی‌ ناتوانێت ئالاهه‌ڵگرو لایه‌نگری‌ ئازادییه‌ سیاسیه‌كان بێت له‌كوردستاندا، هیچ هیزو بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ نیو ریزی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ ناتوانێت له‌گه‌ڵ دابینكردنی‌ بیمه‌ی‌ بێكاری‌ گونجاو دابیت بۆ بیكاران " تۆڕی‌ خیره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان نالێم ئه‌وه‌ صه‌ده‌قه‌یه‌ بیمه‌ی‌ بێكاری‌ نییه‌"، ناتوانێت له‌گه‌ڵ دیاریكردنی‌ لایه‌نی‌ كه‌می‌ كرێیه‌كدا بێت كه‌ باش بژیه‌تی‌ گونجاو بۆ خیزانی‌ و سفره‌ی‌ كرێكاران دیار بكات...
ئه‌م دووخاڵه‌ دژایه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ نێوان گوڕانخوازان‌و سه‌ركردایه‌تی‌ گۆڕان نیشان ده‌دات. هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پیدا ئه‌م دژایه‌تییه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت تاكو گۆڕان خۆی‌ ده‌كات به‌ حزبیك یان ڕیكخراوێك. هه‌ر ئه‌م دژایه‌تیه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و گرفت‌و كۆسپانه‌ی‌ كه‌ له‌به‌رده‌م ئالوگۆڕی‌ گۆڕاندان بۆ حزبێكی‌ سیاسی‌ دیاره‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین هۆكاری‌ تردا كه‌ لیره‌دا جێگای‌ باس نیین.

تیرۆری‌ سه‌رده‌شت‌و وانه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌:
ئه‌و كه‌سانه‌ زۆر كه‌من كه‌ له‌دوای‌ مردنیان، ده‌بنه‌ ره‌مزو قه‌زیه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ ده‌بزوێنن. سه‌رده‌شت یه‌كێكه‌ له‌وانه‌. تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت دوو ئاگاداری‌ یان دوونامه‌ی‌ به‌په‌له‌ی‌ ئاراسته‌ كرد، یه‌كێكیان بۆ كۆمه‌ڵگا ئه‌وی‌ دیكه‌یان بۆ ده‌سه‌لاتداران. به‌ كۆمه‌ڵگا ده‌ڵێت: له‌مه‌مله‌كه‌تی‌ ئیمه‌دا ده‌سه‌لات هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌ خه‌ڵكه‌وه‌ نییه‌، ئه‌و له‌ " به‌هه‌شتی‌ شارو كۆمپانیاكانی‌ كۆڕه‌ك‌و فامیلی‌ فه‌ن‌و كۆشكه‌كانی‌ صلاح الدین‌و فیرعه‌وناوی‌ سلێمانی‌و كارگه‌كانی‌ چیمه‌نتۆی‌ تاسلوجه‌‌و بازیان‌و كۆمپانیای‌ كۆنكرێتی‌ هه‌ولیر..."دا خه‌ریكی‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی‌ خۆیه‌تی‌، وه‌ك كۆمپانیه‌كی‌ ئه‌منیش میلیشایی‌ خۆی‌ هه‌یه‌‌و ده‌یژیه‌نێت، به‌ئه‌مری‌ سه‌رۆكی‌ كۆمپانیاش، میلیشیا ئاماده‌یه‌ نه‌ك تیرۆر بكات به‌ڵكو كۆمه‌ڵكوژی‌ بكات. له‌چه‌شنی‌ كۆمپانیای‌ بلاك ۆته‌ر به‌لام له‌ كوردستاندا. ئه‌و نامه‌یه‌ پێما ده‌ڵیت ته‌واوی‌ باس‌و ئیدعای‌ یاساو ریساو دیموكراسی‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یبینن یانی‌ تیرۆركردنی‌ ئینسان له‌سه‌ر ئازادی‌ بیرورا وه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ رلێدانی‌ خه‌یاڵو خولیایه‌كی‌ به‌رحه‌ق" ئاگادار بن خه‌یاله‌كانتان نه‌نوسنه‌وه‌".
وه‌ به‌ ده‌سه‌لاتداران ده‌ڵێت، ئیوه‌ ئینسان كوژن، به‌لام نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ ناتوانێت تاسه‌ر ئه‌م تاوانه‌ قبوڵ بكات.
ڕیگایه‌ك كه‌ ده‌بێت بگیرێته‌ به‌ر ئاسۆیه‌ك كه‌ ده‌بێت له‌ پێش كۆمۆنیسته‌كان‌و گشت ئازادیخوازان‌و یه‌كسانیخوازو پێشكه‌وتنخوازان‌و گشت ئه‌وانه‌ی‌ دژی‌ تیرۆن ببێت، ڕیگای‌ به‌رده‌وامی‌ خه‌باته‌ نه‌ك ته‌نها له‌ پێناو گه‌یشتن به‌حه‌قیقه‌ت له‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شتدا كه‌ حه‌تمه‌ن ئه‌وه‌ ئامانجێكی‌ گرینگ‌و گه‌وره‌یه‌، به‌لام له‌هه‌مانكاتدا نه‌سره‌وتن تا گه‌یشتن به‌ به‌دێهینانی‌ " ئازادی‌ بێه‌قه‌یدیو شه‌رتی‌ سیاسی‌ له‌ كوردستان وه‌كو یاسایه‌ك كه‌ ئاماده‌ نه‌بیت ملكه‌چی‌ هیچ مقده‌ساتێكی‌ ئاینی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و حیزبی‌ بێت... بژی‌ سه‌رده‌شت.

 

           

 

03/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com