ئاماده‌كارییه‌كانی شانۆگه‌ری (سێوه‌كه‌ی خۆم)ی كارۆخ ئیبراهیم ده‌ست پێده‌كات
 

  

 




بۆ نمایشكردنی به‌رهه‌می ساڵی (گرووپی گه‌نج بۆ شانۆ)، ئاماده‌كارییه‌كانی شانۆگه‌رییه‌كه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌، كه‌ له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی كاره‌كه‌دا 40 كه‌س كار بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی شانۆگه‌ری (سێوه‌كه‌ی خۆم) ده‌كه‌ن.
شانۆگه‌ری (سێوه‌كه‌ی خۆم) كه‌ له‌ نووسین و ده‌رهێنانی (كارۆخ ئیبراهیم)ه‌، به‌رهه‌می ساڵی (گرووپی گه‌نج بۆ شانۆ)یه‌. له‌ ئێستا رۆژانه‌ قۆناغی مه‌شق و راهێنان 5 كاتژمێر به‌ دوو كاتی جیاواز له‌ لایه‌ن 40 كه‌س له‌ ستافی شانۆگه‌رییه‌كه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری شانۆگه‌رییه‌كه‌ كارۆخ ئیبراهیم سه‌باره‌ت به‌ شانۆگه‌ری (سێوه‌كه‌ی خۆم) گووتی: "سێوه‌كه‌ی خۆم، له‌ سێوی هیچ كه‌سێك ناچێت، سێوێك نییه‌ دوێنێ‌ بۆ كه‌سێك مێخه‌ك رێژ كرا بێت، یان كرا بێته‌ دوو له‌ت و هه‌ر له‌تێكی لای كه‌سێكیتر بێت، یاخود سێوه‌كه‌ی (ئاده‌م و حه‌وا)ش نییه‌ كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ گوازرانه‌وه‌ بۆ ناو قۆناغێكی پر له‌ ململانێ‌ و ئاڵۆزی و جه‌نجاڵی، سێوه‌كه‌ی خۆم... ناخی هه‌ر تاكێكه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌یشتن و وه‌ستاندایه‌، بیستنی ئاوازه‌كان و جووڵه‌ی هه‌ر یه‌كێك له‌ كه‌سه‌كان خانه‌یه‌كه‌ بۆ پێكهێنانی سێوه‌كه‌ی خۆم، له‌ كه‌سێكدا خانه‌كان ده‌بینن، ئه‌و كاته‌ هه‌ست به‌ له‌ دایك بوونی سێوێكیتر ده‌كه‌ن، هه‌ست به‌ ناوئاخنی ویژدان و ئه‌و ره‌حمه‌ی لێی له‌ دایك ده‌بین ده‌كه‌ین".
هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆك و رووداوه‌كانی نێو شانۆگه‌رییه‌كه‌ گووتی: "كچێك شوو به‌ پیره‌مێردێك ده‌كات، جیاوازی ته‌مه‌ن و په‌روه‌رده‌ی منداڵی و هۆكاری كۆمه‌ڵاییه‌تی و ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕو ئیستیغلال كردنی ده‌وروبه‌ر و به‌كارهێنانی بۆ مه‌رامه‌ تایبه‌تیه‌كان، رووداوه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی (سێوه‌كه‌ی خۆم)ن".
له‌م شانۆگه‌ییه‌دا هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌كته‌ره‌كان (سه‌لام كۆیی، سایه‌ حسێن، به‌همه‌ن حاجی، دیار عومه‌ر، سامان عومه‌ر، هه‌ردی ئه‌نوه‌ر) رۆڵی تێدا ده‌بینن. هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتیاری گشتی كارگێری و دارایی (ئاشتیڤان سه‌لام)ئه‌نجامیده‌دات. یاریده‌ده‌رانی ده‌رهێنه‌ریش پێكهاتوون له‌ (ره‌گه‌ز ئیسماعیل و كاریان شێركۆ). هه‌روه‌ها به‌ڕێوبه‌ری شانۆ (شوان كاوه‌)یه‌.

كاری په‌یكه‌رسازی تایبه‌ت به‌ دیكۆری شانۆگه‌رییه‌كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ (سامان هیدایه‌ت، كارزان ئه‌حمه‌د، ره‌نج ئیبراهیم، شێركۆ سه‌ڵاحه‌ددین) ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌روه‌ها (شیاو كه‌مال)مۆسیقای كاره‌كه‌ی داناوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر یه‌ك له‌ (شیاو كه‌مال و هۆگر عه‌زیز) كاری دابه‌شكردنی موسیقا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كه‌ مۆسیقای كاره‌كه‌ش له‌ 22 تراك پێكهاتووه‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و پرۆفیشناڵ به‌ به‌شداری 15 موزیكژه‌ن و ئه‌ندازیارانی ده‌نگی كاری موزیك ئه‌نجام دراوه‌.




 

           

 

21/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com