پێڵاوه‌کانی ره‌فۆ.....
 

  

شوان عوسمان


ده‌مێکی خۆش بوو پێڵاوه‌که‌، به‌ سه‌ر ده‌سته‌کانی له‌ سه‌فاو مه‌ڕوای یه‌کتردا بوون، ده‌مێک له‌ پێشه‌وه، ده‌مێک له‌ دواوه،ئنجا له‌ ته‌نیشته‌کانی ورد ده‌بووه‌وه، جارێکی دیکه‌ هه‌ڵیسوڕاندنه‌وه.. به‌ سه‌ربادان‌و خێسه‌‌یه‌کی منۆخانه‌، ناڕه‌زامه‌ندییه‌کی خورت له‌ سیمای ده‌خوێنرایه‌وه، به‌ڵام وره‌ی به‌ر نه‌داو دیسان به‌ وردی ‌که‌وته‌وه پشکنین وهه‌ڵ گێرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وجاره ئه‌وها هه‌ڕه‌مه‌کی نا، به‌ڵکو به‌ ده‌ست و چاو وپه‌نجه‌و هه‌سته‌کانی ده‌گه‌ڕا...وه‌کو تفه‌نگچییه‌کی کارامه، به‌رده‌وام بوو له‌ پێکانی نیشانه‌کانی، به‌ڵام دیسان له‌ به‌د به‌ختی هه‌ردوولا، نه‌ نێچیر دیاره‌و نه‌ نیشانه‌ش ده‌که‌وێته به‌ر سێره...
‌ دوای هه‌ناسه‌یه‌کی سارد، ئاخێک به‌ گه‌روویدا هه‌وراز چوو، ئنجا ‌ره‌شه‌بایه‌کی تووڕه‌،‌ بووه ده‌ستپێکێکی واڵا بوونه‌وه‌ی ئه‌و گفتوگۆیه :
- ده‌به‌سه..قه‌حپه‌ پیاو.. خۆ ‌من تاقه‌تم له‌و عاجبا‌تیه‌ت نه‌ما.. چ حه‌فت روحه‌که ئه‌و بیژمۆته‌ .. مه‌کینه‌ دروومانه‌که‌شم سه‌قه‌ت ئه‌بیت...ئه‌و هه‌ر نه‌ بای دیتیه‌ ونه‌ باران ..ده‌ته‌وێ له‌ جارانیس ساغتر بێت ..
- باشه ئه‌توو راوه‌سته ...سه‌برت هه‌بێت ..تووڕه مه‌به‌ وه‌ستا(سلیوه)..به‌س ئه‌و جاره‌..بیکه‌ شه‌رت بیت ئاخیر جاریش بیت..ئیتر ئه‌و توحفه عه‌نتیکه‌م‌‌ .. قه‌ت نه‌بینیه‌وه..
- کوڕم(ره‌فؤ)..ئاخر ئه‌وه ئێکه‌م جارت نی یه .. هه‌موو جارێ ئه‌و که‌ره‌م پێ ده‌عه‌مه‌ل دینی، ئه‌وه عاده‌تته‌ ‌و تا ئیشه‌که‌ت ئه‌ڕوات ، ئه‌و سندانه‌م پێ ره‌شاو ئه‌که‌ی..به‌سه ئه‌خۆن*..حه‌یای پیشه‌که‌شم چوو، به‌ واسته‌ی ئه‌و که‌چه‌ پێراوه‌ت‌ ..
- حه‌یاتم وه‌ستا..چه‌ند وه‌ستای تر له‌ (شه‌قراوێ) هه‌نه، ئه‌من بچمه‌ کنی..کێ له‌و وه‌ستاییه‌ش هه‌یه مل له‌ ملت بدات .. وه‌ستا قوربانۆخ*..ئه‌زانم لۆتوو زه‌حمه‌ته..ئاخر لۆ منیش ئاسان نیه..گواله‌ها*..چاره‌م نیه..ئاخر ده‌ پێم بلێ کوو بچمه دێرێ .. ئه‌دی کوو نوێژ بکه‌م؟؟ .. ئاخر خواش قبوول ناکات.. په‌نجه‌ی پێکانم ئه‌لێی مارمیلۆقی داکه‌مارن له‌ کونه تانۆکان سه‌ر ده‌ردێنن..ئه‌و په‌نجه بێنامووسانه‌م لۆ نالێی ..گو(مریه‌م)* حه‌یاو شه‌ره‌فم ئه‌به‌ن..له‌ پێش مه‌عشوقه‌که‌شم به‌ ناموسم ..ئه‌بمه‌ قه‌تره‌ک ئاو...
- ئاخر به شه‌ره‌فم ..ئه‌وه ئیش نیه..ئه‌وه سوغره‌یه..ما هه‌ر حه‌یای‌توو چووه، حه‌یای منیشیان بردیه..ئاخر (ره‌فۆ) ئه‌و پێراوه نه‌گبه‌ت وره‌زا قورسانه‌ت..هه‌ر قوڕی به‌ سه‌ره‌ توو نه‌کردیه قوری به‌سه‌ره‌میش کردیه..پێم ناڵێی چیان لێ بکه‌م ئاخر ما ئه‌وانه هیچ کون و قوژبنێکیان ‌ماوه..داوو ده‌رزی منیان پێوه نه‌بێت..به‌ شه‌ڕه‌فت (ره‌فۆ) ..ده‌توو به‌ من بلێ ئه‌وه حاره ..ئه‌وه ئیشه ئه‌من ئه‌یکه‌م..ئه‌وه چه‌ند ساره ئه‌وه حاری منه..رووح تێنانی ئه‌و مردۆخه پێراوه‌ حیزانه‌ته‌..ئه‌من ئه‌چمه‌ قه‌بری وئه‌وان هه‌ر ملیان پانتر ئه‌بیت..سارانه‌که‌ له‌ سه‌ر یه‌ک ئیشیان تێ ئه‌که‌م وحه‌یاتیان لێ بڕیم..ئاخر کوڕم.. مردوو کوو قیت ئه‌بیته‌وه...
(ره‌فاییل)ش له‌به‌ر نه‌داری و نه‌گبه‌تی ژیان وخه‌جاله‌تی په‌نجه‌ ده‌رپه‌ڕیوه‌کانی ‌ناو پێڵاوه‌که‌ی، زه‌نده‌قی چوو بوو وزاره‌تره‌کی چاو وزاری خه‌ڵکیش ببوو، بۆیه جیهان له‌به‌ر چاوی رۆژ به‌ رۆژ گچکه ده‌بووه‌وه، خۆیشی ئه‌وه‌نده گچکه ده‌هاته‌ به‌رچاو که‌ هه‌ندێ جار واهه‌ستی ده‌کرد، له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رنجه‌کانی ده‌وروبه‌ر، ده‌توانێت له‌ کونی ده‌رزیله‌‌یه‌ک خۆی بشارێته‌وه‌.. قسه‌کانی ئه‌ورۆژه‌ی وه‌ستای پینه‌دۆزیش خه‌مێکی ره‌شی دیکه بوون، بێ ئاره‌قی قاچاغی که‌رکوژ سه‌رخۆشیان ئه‌کرد، بۆیه به‌ په‌له‌په‌ل و هه‌ناسه‌بڕکێیه‌که‌وه‌ که‌وته‌وه قسه قۆزتنه‌وه‌ :
- وه‌ستا گیان..قوربانۆخ* ..هه‌زار جار قوربانی ‌توو وروون و تۆزی سه‌ر ئه‌و مه‌کینه‌ت بم..خۆت ئه‌زانی له‌ مارێ مه، قانونی گۆڕان که‌س مه‌رحه‌بای ناکا‌..که‌ون بوون میراته‌..نوێ بوونیش هه‌ر مۆدیل نیه ..ما ئه‌توو نزانی پێچک چاره‌ به‌ ژماره.. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و نیه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ پێش چاوته..گواله‌ها* پاره لتی*.. ئه‌گه‌ر ئه‌منیش پاره‌م له‌ به‌ری بایه.. له‌ باته‌ی (هه‌ولێر)ت ئه‌دیتمه‌وه‌ نه‌ک لێره..به‌لاش نه‌یانگۆتیه‌ ، (پاره چاره‌یه) .. بیلا ..گو رێشۆخ*..ئه‌من چاره‌ی ترم هه‌بایه‌، ته‌شقه‌ره‌ی وام پێ نا‌‌‌کردی وقه‌شمه‌ڕیشم به‌ پێلاوه بێ حه‌یاکانم نه‌ئه‌کرد...
- ئێ باشه ئه‌خۆن*..ئه‌توو به‌س وه‌ره‌ ده‌ستت له جێیه‌ک دانێ ..تا ئه‌منیش ده‌رزی وده‌زووی تێڕاکه‌م ..به‌ران کا له‌ کێنده‌ر دانێم..کێنده‌ر بدرووم..ئاخر ته‌ماشای ئه‌و پینانه که‌، ئه‌وه هی پێراره، ئه‌وه‌ش هی پاره..خواش قبوڵ ناکات تووشی کوفرم مه‌که..وازم لێ بینه..شه‌ڕ‌م پێ مه‌فرۆشه، پسوو قه‌بێته*‌..بڕۆ تاقه‌تم نه‌ما..چاوم نه‌مان هه‌ندی لێیان هوردببمه‌وه..گووم له‌و ئیشه‌ش کردیه که‌ (ره‌فۆ) فه‌ندی ته‌شریفی لۆمان دینی ..ئه‌وه قه‌ت حار نیه.. سه‌ر باری بێ ئیشی جه‌نابی (ره‌فۆ)شم لێ بۆته مامۆتک و ها.. گه‌یشته سه‌ر روحم..
- (وه‌ستا سلیوه) .. وه‌ڵلا باشم به‌ بیرن ..ئه‌وه‌ شازده‌م جاره‌ لۆ ئه‌و پێراوه‌ هاتیمه‌‌ کنت ..حه‌قی خۆته‌ چارێی برێ.. چ بکه‌م ..ئێمه‌ وامان ئه‌زانی ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ست (سه‌دام) رزگارمان بیت..ئه‌که‌وینه‌ به‌هه‌شتێکی بێ بنی ئازادی و هه‌موو شتێکمان له‌ تێری ئه‌بی ..ئیتر به‌ حه‌یاتی ناخۆشی نابینین..به‌ران له‌زه‌ت کو له‌ ئازادی ئه‌بینین ئه‌گه‌ر نه‌تانین به‌ری ئازادی تام که‌ین .. ئازادیش به‌ زگی برسی گیزه‌کی کیرک وبه‌تاره‌، ترێیه‌کی قرپۆکه‌ ناخورێ..چ له‌ ئازادیه‌ک بکه‌م که‌ ئه‌من نه‌تانم په‌ ئازادی پێلاوه‌ک بکڕم....
(وه‌ستا سلیوه) له‌ بێهووده‌یی ریسوابوونی پیشه‌که‌ی به‌ده‌ست (ره‌فاییل) و درامای چه‌کمه شڕه‌کان، له‌ لایه‌ک وله‌‌ لایه‌کی دیکه‌ش قات وقڕی وبێکاری ژیان وگوزه‌رانی گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی برا دڵره‌شه‌کان به‌رامبه‌ر یه‌کتریدا، هزر له‌ مێشکی ده‌فڕێت وهه‌وڵ ئه‌دا به‌ چه‌کوشه‌که‌ی به‌ر ده‌می، مه‌هزه‌له‌ی کڕیاڕه‌که‌ی دوایی پێ بێنێت، به‌ڵام له‌ پڕهاته‌وه بیری،که‌ ده‌یه‌وێت تاوانێک ئه‌نجام بدات، به‌ ده‌م نه‌فره‌ت کردن له‌ خۆی به‌ رووی خۆی که‌وته قسه و بۆڵه‌ بۆڵ‌:
- ئه‌وه که‌نگی نه‌ریتی ئێمه‌یه به‌ کوشتن حه‌قی خۆن وه‌رگرین.. ئینسان لۆ ئه‌وه نه‌هاتیه‌ بکوژرێ، عومرێکی دوورو درێژی ئه‌و شه‌خسه‌، له‌یه‌ک چاوقوچاندا بکوژێنرێته‌وه‌..به‌خته‌وه‌ری مه‌ له‌ ژیانی مرۆڤه‌کانه‌، نه‌ک له مردن وکوژرانییان....ئاخر ئێمه‌ش ده‌بی که‌نگی به‌ زمانی ئاشتیخوازانه‌ قسه‌ له‌گه‌ل یه‌کتر بکه‌ین ..واز له‌ عه‌قڵیه‌تی پاوانخوازی‌ وشه‌ڕخوازنیش‌ بینین..با ئیمه‌ش وه‌کو گه‌وره‌کانمان دۆ و دۆشاو تێکه‌راو نه‌که‌ین ..
ئه‌و قسانه‌ی چه‌ند بڕک وتلیه‌کی ئه‌و قه‌رتاره‌ هه‌نجیر وترێیه‌ بوون که‌ له‌ سه‌رده‌می لاوێنی ئه‌و ، له‌ ره‌زه‌ رۆحییانه‌که‌ی (ئنجیل) و سۆشیالیزمه‌ ‌، هه‌ڵپرووکان بوون ، به‌ ده‌م حه‌یفێک له‌‌ده‌ست رۆژگاری به‌دکارو هزری چه‌په‌ڵ، که‌ ده‌یه‌وێت تامی ئه‌و مێوه‌ خۆشانه‌ی بن زمانیان له‌ بیر بباته‌وه‌ ..نه‌ختێک خۆی ئارام کرده‌وه وبه‌ ده‌نگێکی هێشتا زبریش وا هاته‌وه قسه :
- ده‌وه‌ره به‌و سبه‌ینێ سالحانه، تووشی چ به‌زمه‌کی بوویمه؟..نزانم چت لێ بکه‌م..بڕۆ برۆنی..چاوه‌که‌م با شه‌یتان زه‌فه‌رم پێ نه‌بات..بڕۆ له پێش چاوم بزربه‌..وه‌زعی مارو حارم به‌و شه‌ڕی قه‌تڵ وعامه‌ی یه‌کتر، گه‌له‌ک خۆش نیه، ئه‌تووش خؤشتری مه‌که..تاقه‌تی به‌رو مه‌حکه‌مانیشم نینه..ئێقه‌م به‌رده..خوا ئێقه‌ت به‌رده..
(ره‌فائییل)ی نه‌داریش که‌ زانی ئه‌وجاره وه‌ستا(سلیوه)،( سلیوه)ی جاران نیه،هیچ شتێکیشی بۆ ناکات، ناچار له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ ئاگراویه‌کانی وه‌ستا ئیراده‌ که‌ی ده‌به‌زێ وبیر له‌ پاشه‌کشه ده‌کاته‌وه..له ده‌رگای دوکانه‌که ده‌رکه‌وت وبه‌ره‌و رێکه‌وت وچاره‌نووسێکی شه‌رمه‌زارانه رووی وه‌رگێڕا، به‌ڵام له‌ پڕ کونی پێڵاوه‌ کانی هاته‌وه‌ به‌ر چاو..
خوین له‌ جه‌سته‌ی قه‌تیس بوو، به‌ ده‌م منگه‌ منگێکی مالۆسانه‌ وا که‌وته‌ به‌ر که‌وڵی خۆی :
- ئێ باشه‌..کو ئه‌وها بڕۆم.. کو شه‌قاو باوێم...
بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ سه‌ره‌تاتکێی په‌نجه‌کانی پێ و سه‌رنجه‌کانی چاوی رێبواران بپارێزێت، پێلاوه‌ دوابڕاوه ئابڕووبه‌ره‌که‌شی چیتر ئابڕووی نه‌تکێنێت، که‌وته‌ بیری نوێ کردنه‌وه‌ی فێڵه‌ کۆنه‌که‌ی .. له‌ بڕی ئه‌وه‌ی پێڵاوه‌کان جه‌سته‌ی ئه‌و له‌ شان بکه‌ن ورایکێشن، ئه‌و ئه‌وانی له‌ شان ده‌کردن به‌م شێوه‌یه؛
پێڵاوه شڕه‌کانی ‌یه‌ک له‌ دوای یه‌ک وله‌سه‌ره‌خۆ به‌ دوای یه‌کتر راده‌کێشان بۆ ئه‌وه‌ی دڕان وکونه‌کان له‌ چاوی خه‌ڵک بشارێته‌وه وکه‌س هه‌ستیان پێ نه‌کات.. به‌مه وه‌کو جاران ئاوازه‌ ناوازه‌که‌ی رۆیینی(ره‌فۆ) ده‌ستی پێکرد.. خشپه وخشه‌ خشی پێڵاوه‌کانی، له‌و پاییزه زه‌رده‌دا، دڵی خامۆش وخه‌مناکی دارو پۆته‌ڵاکی رووتی چناره‌کانی گه‌ڕه‌کی (بێترمه‌)شی راده‌چه‌نان...
ئه‌و ده‌نگه‌ش بۆ (ره‌فائییل) شتێکی نامۆ نه‌بوو، مۆسیقایه‌کی دراماوی وبه‌رده‌وامی ژیانی خوا پێداوی ئه‌و بوو، ئه‌و بۆ خۆی خۆشی له‌و‌ ده‌نگه‌ نه‌ئه‌دیت، کابرایه‌کی شه‌ڕاوی وشه‌قاوه‌ی چه‌توونیش نه‌بوو که‌ ده‌وروبه‌ری وایان لێ ده‌ڕوانی وبه‌و جۆره‌ سۆراغیان ده‌کرد، به‌ڵکو فڕوفێلێکی مه‌کربازانه‌ی (ره‌فائییل) بوو، بۆ خۆ ده‌رباز کردن له‌ نیگا وسه‌رنجه ‌پڕ ئازاره‌کان، خۆی ده‌خسته‌ هه‌شت وحه‌فتی ئه‌و چه‌رمه‌سه‌رییه‌..
ساڵانێک بوو ئه‌و نه‌وایه‌ش له‌‌گه‌لیدا چه‌که‌ره‌ی ده‌کردو گه‌وره ده‌بوو، به‌ شێوه‌یه‌ک خه‌ڵک وا راهاتبوون که‌ نه‌توانن به‌ بێ یه‌کتریان ببینن، ئه‌و ده‌نگه‌ و(ره‌فۆ) ئاوێته‌یه‌‌ک بوون له‌ یه‌کتر..له‌و ساته نه‌داری و نیگه‌رانیه‌شیدا ماڵ ودایک وکه‌س وکاری هاته‌وه بیر..ئنجا وه‌کو جاران که‌وته سه‌رزه‌نشتی سه‌رو پۆته‌ڵاکی خۆی:
- ئێ ئاخر ئه‌گه‌ر نیوچه‌وانم سێزده‌ نه‌بایه،لۆله‌و ماله پڕ چه‌کمه‌سه‌ریه ‌دا چاوم ده‌کرده‌وه..
قسه‌که‌ی (جوبرائیلی)ی برای هاته‌وه بیر، ئه‌و قسه‌ی که‌ هه‌میشه‌ به‌ سه‌ر زاری دووباره‌ ده‌بووه‌وه‌ ‌:
- ئاخر ئه‌وه‌ که‌نگی ماره ..ئه‌گه‌ر که‌ر به‌ربێته مارمان..له‌ برسان.. ددانی ئه‌شکێت..
(ره‌فاییل) هه‌ر به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام ئه‌و جاره‌ زینده خه‌ونه‌کانی وا شه‌نه‌با ده‌کرد :
-ئه‌دی ئه‌گه‌ر به‌دبه‌خت نه‌بامایه.. لۆ له‌و وڵاته کاول وپڕ شه‌ڕه‌دا ‌ چاره‌نووسم له‌ نیو چاوان ئه‌نوسرا..ئێ خۆ کفر بوو ئه‌گه‌ر له‌ کاوله‌ گوندۆکه‌کی (ئه‌ڵمانیا) خۆم بناسیبا..له‌ ئامێزی(ئیتاڵیا) نۆیه‌کی خوا پێداو گه‌وره بام..ناوی من له‌ کێ و ناوی ئه‌و وڵاته کاوله‌ش له‌ کێ..
له‌ راستیشدا سروشتی راسته‌قینه‌ی(ره‌فاییل) ئه‌وه نه‌بوو که‌ له‌ پێناو ژیانێکی ئاسووده‌و چاره‌نووسێکی چاکتری خۆیدا خۆی بداته‌ ده‌ست گالیسکه‌ی رۆژگار وشه‌ڵم کوێرم ناپارێزم ئۆغر بکات، هه‌رگیز نه‌یده‌توانی ده‌ست له‌ ناسنامه‌ که‌سێتیه‌که‌ی خۆی هه‌ڵگرێت، به‌ها مرۆییانه‌که‌‌ی خۆی به هیچ شتێک سه‌ودا نه‌ئه‌کرد، به‌ڵام هه‌ندێک جار مرۆڤیش‌ هه‌رچه‌ند به‌هێز بێت، له به‌رده‌م ده‌وروربه‌ری ناڵه‌بار و هه‌ندێک نه‌ریت ودیارده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ،ساتی لاواز‌ی لێ ده‌رئه‌که‌وێت وده‌که‌وێته هه‌ڵه‌ی ده‌ستبازی وچاوبازێتی له‌گه‌ل هه‌ست و نه‌سته ناسک وته‌ڕه‌‌کانی‌ ..
له‌گه‌ل خشپه‌ی چه‌کمه‌ شڕه دوابڕاوه‌کانی له‌ به‌دبه‌ختی (ره‌فۆ) به‌ ئاگا هاته‌وه، یه‌کاویه‌ک کونه‌ ده‌م شڕه‌کانی پێڵاوه‌که‌ی هاته‌وه بیر، ده‌ماو ده‌م به‌ ده‌م واقیعه تاڵه‌که‌ی خۆی هه‌ڵزنایه‌وه ..هه‌ناسه‌یه‌کی وشکی هه‌ڵکێشاو بێ ئاوڕدانه‌وه له‌ دوکانه‌که‌ی دواوه‌ی که‌وته رێگا..ده‌نگی نه‌شازی پێڵاوه‌کانیش له‌ خۆشبه‌ختی (ره‌فۆ) داوه‌ ده‌زووه‌ تووڕه‌ییه‌کانی وه‌ستای پینه‌ دۆزیان خاو کرده‌وه..هاوکات ئه‌ویش مرۆڤ بوو هه‌ستی به‌ مه‌ینه‌تیه‌کانی که‌سانی دیکه‌ ئه‌کرد، هه‌روه‌ها حه‌زیشی نه‌ده‌کرد دڵی کڕیاڕێکیشی لێ بڕه‌نجێت، نه‌خاسمه‌ ئه‌گه‌ر نه‌داریش بێت، بۆیه هه‌رزوو هاته‌وه خۆی وبه‌ په‌له‌ که‌وته‌ بانگ کردن :
- کوڕم (ره‌فۆ)..ئسمۆخ*..راوه‌سته..مه‌ڕۆ....وه‌ره بگه‌ڕێوه.. بزانم فکرێکی لێ ناکه‌مه‌وه.. ئه‌و جاره‌ش لۆت ئه‌دروومه‌وه.. به‌ران با ئاخیر جار بیت وبه‌س.. نامه‌وێ جاره‌کی تر چاره‌و بچمی ئه‌و که‌چه پێراوانه‌ ببینمه‌وه..




لێکدانه‌وه‌ی‌ وشه ‌و ده‌سته‌واژه‌کان :

- ئه‌خۆن* : برا
- تانۆک : په‌رژین که‌ به‌ شوول یان شواڕک هه‌لئه‌چنرێ
- مامۆتک : به‌ که‌سێکی عاقڵ و زانا ده‌گوترا
- مارمیلۆق : مارمێلکه
- قوربانۆخ * : به‌ قوربانت ببم
- گواله‌ها* : سوێندێکه به‌ مانای به‌خوای دێت
- زه‌نده‌ق : ترسان و زراو چوون، زاره‌تره‌ک بوون
- مار : لێره‌دا به‌ شێوازی ئاخاوتنی شه‌قڵاوه‌ به‌کارهاتووه،‌ به‌ مانای ماڵ هاتووه‌
- گو رێشۆخ* : به‌ سه‌ری تۆ
- برۆنی * : کوڕم
- قه‌رتاره‌ : به‌رچن،زه‌مبیلێکی له‌ شواڕک دروست کراو بوو بۆ ترێ وهه‌نجیر هه‌ڵگرتن،کاتی خۆی به‌کار ده‌بردرا
- پاره لتی * : پاره‌م نی یه
- به‌ران : به‌ڵام (به‌ شێوه‌زاری ئاخاوتنی شه‌قڵاوه)
- ئسمۆخ *: راوه‌سته
- پسو قه‌بێته* : بڕۆ ماڵه‌وه‌
- پێچک چاره‌ به‌ ژماره‌ : په‌ندێکی کوردی یه‌

*ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ (به‌ شێوه‌زاری ئاخاوتنی دیانه‌کانی شه‌قڵاوه‌‌)یه‌





شوان عوسمان
‌‌هۆڵه‌نده –دێلفت
30-5-2010




 

           

 

13/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com