به‌ بۆچوونی خۆم چه‌ند پێناسه‌یه‌ک..
 

  

سمکۆ ئه‌حمه‌د ره‌شيد
2010


ره‌شه‌با..

موسافیرێکی جه‌للاده‌
پێ بخاته‌ نیشتيمانی هه‌ر باخچه‌يێ
کاره‌ساتێک ده‌نێته‌وه..

به‌خته‌وه‌ری..

له‌ هاتندا
به‌ پشتی کیسه‌ڵ رێده‌کا
بۆ رۆيشتن
به‌ سواری بروسکه‌ ده‌ڕوا

ته‌نهايی..

به‌ره‌یه‌که‌
له‌ به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ
شاشه‌یه‌که‌
هه‌میشه‌ مردنت به‌ فوول سکرین نيشان ده‌دات
هه‌تا ژیان

مردن..

ئیزگه‌یه‌کی ده‌مشڕه‌
به‌رده‌وام ته‌شهیر به‌ عه‌شق و
به‌ جوانييه‌کانی ژیان ده‌کات

دایک..

له‌ ئاو ساده‌ تره‌ دایکم
دایکم ئێستاش به‌ چل ده‌ڵێت دوو جار بیست
دایکم ئێستاش له‌ ساده‌ييدا
سپی سپی ده‌چێته‌وه‌

نیشتیمان..

ئه‌وه‌نده‌
هه‌نگوینی تاڵمان کرد به‌ گه‌رووی
نیشتیمانا
تا وه‌ک خۆمان که‌چه‌ڵمان کرد
***
شه‌و و رۆژێک حه‌ڤده‌ رکات نوێژ ده‌که‌ين
که‌چی له‌ شه‌و و رۆژێکا
هه‌زار رکات دڵی نیشتیمان ده‌شکێنین

عه‌شق..

گرتنه‌وه‌ی زه‌رنه‌قووته‌یه‌که‌ به‌ر له‌وه‌ی بکه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی
ده‌رکردنی ترسه‌ له‌ مشکێکی سپیکه‌ڵه‌ی هه‌تره‌شچوو
له‌ پشیله‌یه‌کی ره‌ش‌
چوونه‌ ژێر باڵی خودایه‌
به‌ ده‌فته‌رولئه‌عمالێکی پڕ له‌ په‌لکه‌زیڕينه‌وه‌
پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی مینێکی چێنراوه‌ له‌ ژێر پێی میرووله‌یه‌کدا




esmael970@yahoo.com


 

           

 

23/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com