مردن کۆتره‌کانم ده‌دزێت...
 

  

سمکۆ ئه‌حمه‌د ره‌شيد
25/5/2010


دلم خۆشه‌
بوومه‌ته‌ دراوسێی به‌خته‌وه‌ری
ته‌نها ئاسمان و زه‌مینێکمان نێوانه‌
***
ده‌چمه‌ دادگا
سکاڵایه‌کی یاسایی له‌سه‌ر مردن تۆمار ده‌که‌م
ئه‌و بێ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگا بدات
به‌سه‌ر ده‌رگاو ديواره‌کانا ئاوديو ده‌بێت
دێ و کۆتره‌کانم ده‌دزێت
دێ و پێکه‌نينه‌کانم تيرۆر ده‌کات
دێ و مۆمه‌کانم ده‌داته‌ به‌ر با
دێ و ده‌فته‌ری شيعره‌کانم په‌ڕ په‌ڕ ده‌کات
دێ و چيمه‌نی خه‌ونه‌کانم پڕ ده‌کات له‌ ته‌پ و تۆز
***
که‌ دێت په‌له‌يه‌تی مردن
ناوه‌ستێت تا تۆ ده‌چيته‌ سالۆن و
ره‌سمێک له‌گه‌ڵ بووک دا ده‌گريت
ئه‌و په‌له‌يه‌تی
ناوه‌ستێت تا تۆ
چاره‌گی کۆتايی خه‌ونه‌که‌ت
ده‌بينيت و راده‌په‌ڕيت
ناوه‌ستێت تا تۆ عه‌شق ده‌خه‌يته‌
رسته‌يه‌کی بێ مه‌عناوه‌
ئه‌و هه‌ميشه‌ به‌ په‌له‌يه‌
ناوه‌ستێت تا تۆ
له‌ وه‌ڵامی سڵاوێکی هاوڕێکه‌تدا
ده‌ڵێيت :
سوپاس هاوڕێم


 

           

 

15/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com