لەو رۆژەوەی هەواڵێك
لەزانكۆی «حاجەت تەپەی» توركیاوە كە گەورەترین زانكۆی
ئەو وڵاتەیە بڵاوكرایەوە و كارەساتی هەڵەبجەی
بەئەفسانە لەقەڵەمدا، چاوەڕێ بووم دەسەڵات لەهەرێمی
كوردستاندا هەڵوێست و وەڵامێكی هەبێت، هەتا توركیا
ناچار بكات داوای بەخشین لەكورد بكات، كەچی دەسەڵات
بەئۆپۆزسیۆنیشەوە سادەترین هەڵوێستی بەنووسینی
بەیاننامەیەكیش نیشان نەدا، ئەم سوكایەتیكردنە بەگەلی
كورد لەكاتێكدایە كە تیرۆر كردنی رۆژنامەنووسی لاو
سەردەشت عوسمانیش لەئارادایە.
ئەگەر بەراورد لەنێوان ئەم دوو كارەساتەدا بكەین،
دەبینین لەرۆژی تیرۆركردنی سەردەشتی رۆژنامەنووسەوە،
دەسەڵات یەكسەر كەوتە هەڵوێست نواندن لەدژی
خۆپیشاندانەكان و بەلارێدابردنی، ئێستاش سەرقاڵی
شاردنەوەی راستیو وردەكارییەكانی ئەم تیرۆرەیە و
كەناڵەكانی راگەیاندنیشیان لەو كاتەوە بێ راوەستان
خەریكی تاوانباركردنی هەموو ئەو كەس و لایەنانەن بە
ناوی جۆراوجۆرەوە كەدژی تیرۆر راوەستانەوە، بە بیانوی
چۆن رەخنە لەموقەدەسات دەگرن؟.
كەچی گەورەترین زانكۆی توركی كارەساتی هەڵەبجە بەدرۆ
لەقەڵەم دەدات و خوێندكارانی بەشدار لەیادی (16/3)ی
ئەمساڵدا سزا دەدات ئەو بێدەنگە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە
ئەم دەسەڵاتە تەنها لەكاتی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی
حزبیو بنەماڵە رادەچڵەكێت، لەكاتی مەترسی بۆ سەر
نەتەوە و چارەنووسی گەل دەنگی نیەو بێ كێشەیە.
هێندەی قورسایی سوكایەتیەكە بە نەتەوەی كورد، پێویست
بوو لەهەرێمی كوردستاندا گەورەترین خۆپیشاندان و
ناڕەزایی پیشانبدرایە و توركیا ناچار بكرایە داوای
لێبوردن لەگەلی كورد بكات، ئەمە ئەركی سەرۆكایەتی
هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و حزبی دەسەڵاتو
ئۆپۆزسیۆنیش بوو، بەتەواوی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی
مەدەنی و رۆژنامەنووسان و هتد... كەچی ئەوە زیاتر
لەهەفتەیەك بەسەر ئەم كارەساتەدا تێدەپەڕێت و دەنگێك
لەم بارەیەوە نەبیستراوە. دەسەڵات لەدوای شەهیدكردنی
سەردەشتی رۆژنامەنووسەوە، راگەیاندنەكانی بۆ سوكایەتی
بە رۆژنامەنووسانی ئازاد و ئەهلی تەرخانكردوە و زمانی
هەرچی رۆژنامەنووسە حزبیەكانیەتی تاقیكردووەتەوە،
بەڵام تاكە جارێكیش ئەم هەڵوێستەی زانكۆی توركیایان
نەكردە باس و تاوانباریان نەكرد.
هەمیشە باس لەمەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەرێم دەكەن و
رۆژنامەنووسانی نا حزبیشیان بە مەترسی زانیوە، بەڵام
دەرك بە ئەم رووداوە بۆ سەر هەرێم و ئاسایشی نەتەوەیی
و هەرێمیمان لەداهاتودا ناكەن، ئەگەر ئەمە مەترسی
نەبێت بۆ سەر ئاسایشی هەرێم و نەتەوەیی، كەواتە هیچ
شتێكیتر مەترسی نیە، چونكە لەلایەن دوژمنێكی سەرسەختی
كوردەوەیە، كە ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی لۆبیەكی
توركیە لەباشوردا، كار بۆ دابەزینی ئاستی ناسنامەی
كوردی دەكات و تا دێت ژمارەی قوتابخانەی گولەنیەكان،
لەسلێمانی و هەولێر و كەركوك زیاد دەكات، بەم روداوەش
دەیەوێت لەرێگەی دەسەڵاتی كوردییەوە زەبر لەو رۆحە
بدات كە لەناو گەلی كورد لەهەرێمدا ماوە.
ئەگەر لەئەمڕۆدا هەڵوێستی روون لەلایەن دەسەڵات و
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە لەمبارەیەوە نەبێت،
دەبێت لەداهاتودا چاوەڕوانی روداوو كارەساتی لەمە
گەورەتر و دڵتەزێنتر بكەین، ئۆپۆزسیۆنیش بەهۆی خۆ
قەتیسكردنی لەناوچەیەكی دیاریكراوداو نەبوونی
دونیابینییەكی جیاواز لەدەسەڵات، لەبارەی مافی نەتەوە
و كوردبوون و ناسنامەی كوردییەوە هەڵوێستی نیە،
نایەوێت خۆی لەقاڵبی ناوخۆ دەربكات و روونتر بۆ
داهاتوی كورد لەدەرەوەی هەرێم بڕوانێت، لەهەمووی
كارەسات تر ئەوەیە لەكاتی ئەم روداوەدا، كەناڵی
ئۆپۆزسیۆن تەنها هەواڵێك لەسەر خەڵكی هەڵەبجە دەكەن و
كێشەكە دەكەنەوە بەموڵكی خەڵكی هەڵەبجە بەتەنها،
ناكرێت بەموڵكی سەرجەم كورد وەك نەتەوە، كە زۆر
پێویستە ئۆپۆزسیۆن لەم كاتە هەستیارانەدا بجوڵێت و
دەنگی جیاواز لەدەسەڵاتی هەبێت.
لةذمارةي"9"رؤذي 31/5/2010ي رؤذنامةي ضةتردا دابةزيوة
|