له‌ مه‌راسیمێكی شاری سدنی دا یادی سه‌رده‌شت عوسمان به‌رزراگیرا....
 

  

 


ئه‌مڕۆ به‌ به‌شداری ده‌یان كه‌س ، مه‌راسیمی ڕێز لێنان بۆ یادی سه‌رده‌شت عوسمانی ڕۆژنامه‌نوسی به‌ڕێوه‌ چوو كه‌ له‌ 6مانگی پێنج له‌ شاری هه‌ولیرَ تیرۆركرا.له‌م مه‌راسیمه‌دا وێرای ڕازاندنه‌وه‌ی هۆڵی مه‌راسیم به‌ وێنه‌ی سه‌رده‌شت و دروشم و خواستی جۆراجۆر به‌ زمانی كوردی و ئینگلیزی ، هاوكات پێشه‌نگایه‌كی فۆتۆگرافی به‌ پرۆجێكته‌ریش له‌سه‌ر شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌ نیشان ده‌درا ،كه‌ بریتی بوون له‌ وێنه‌ی سه‌رده‌شت له‌ زانكۆ و زۆر شوێنی تر و وێنه‌ی ناڕه‌زایه‌تی یه‌كان له‌ شاره‌كانی كوردستان و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ،كه‌ بۆوه‌ مایه‌ی سه‌رنج ڕاكێشانی ئاماده‌بوان.
شایانی باسه‌ سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ دوای به‌خێر هاتنی ئاماده‌بوان و به‌ ده‌قه‌یه‌ك وه‌ستان و بێده‌نگی ،له‌ لایه‌ن موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا ڕێكخه‌ری به‌رنامه‌كه‌وه‌، ده‌ستی پێكرا. پاشان له‌ وته‌ی پێشه‌كیدا ریكخه‌ری به‌رنامه‌ ،جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ و تۆمه‌ته‌كانی لیپرسراوانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ كوردستان، له‌وانه‌ قسه‌كانی مه‌سعود بارزانی و هه‌ندێك له‌ لیپرسراوانی یه‌كێتی ،كه‌ له‌ دژی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌یكه‌ن، سه‌رده‌شت عوسمان كه‌سێكی ڕۆژنامه‌نوسی ڕه‌خنه‌ گری واقعی و جدی و به‌ جورئه‌ت و به‌ ئیراده‌ و ڕاشكاو بوه‌ له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ كوردستان ،بۆیه‌ ئه‌و لیپرسراوانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌یانه‌وێت ئه‌م كارێكته‌ره‌ له‌ سه‌رده‌شت بسرنه‌وه‌و بۆ ئامانجی دواكه‌وتوانه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ی خۆیان ناوی بزڕێنن.
پاشان وتاری ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتی له‌ لایه‌ن جه‌بار مسسته‌فاوه‌ پێشكه‌ش كرا .كه‌ له‌وێدا وێرای ئیدانه‌و ڕیسوا كردنی ئه‌و تاوانه‌، هاوكات ئاماژه‌ی دابوو به‌و زنجیره‌ ناڕه‌زایه‌تی یانه‌ كه‌ دوای تیرۆری سه‌رده‌شت له‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ به‌ڕیخراوه‌ و ده‌یان هه‌زار كه‌س ڕژانه‌ شه‌قامه‌وه‌كانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان له‌ كوردستان به‌ به‌رپرسی سیاسی دانا له‌م تاوانه‌ .وه‌ خواستی گرتن و ئاشكرا كردن و دادگایی كردن له‌ دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیدا له‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پارتی دایه‌.
به‌ دوای ئه‌م وتاره‌ ڕاپۆرتیكی سیاسی له‌ لایه‌ن عه‌دنان كریمه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش ئاماژه‌ی به‌و ده‌نگدانه‌وه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ژوڕنالی یه‌ كردبوو كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی تیرۆری سه‌رده‌شت ده‌ستی پێكردو پاشان چۆن ڕێزیكی به‌رینی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئاستی جۆراوجۆر بۆ به‌رگری له‌ ئازادی سیاسی و ئیدانه‌ی ئه‌و تیرۆره‌ و گرتن و ئاشكرا كردنی تاوانباران هاته‌ ئاراوه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ چه‌ندین ناڕه‌زایه‌تی و به‌یان و وتاری سیاسی له‌ لایه‌نه‌كان و كه‌سایه‌تی یه‌كان و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان دابوو.
هه‌ر له‌و ڕاپۆرته‌دا ده‌ڵێت: به‌م شێوه‌یه‌ له‌ یه‌ك مانگی ڕابردوو دا زۆربه‌ی شاروشارۆچكه‌كانی كوردستان و عیراق و ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌وروپاو كه‌نداوه‌ تا ئوسترالیا جه‌ماوه‌ر له‌ هه‌موو چین وتویژه‌كان كه‌وتنه‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین .تا ڕاده‌یه‌كی زۆر جه‌مسه‌ر به‌ندنی یه‌كی به‌رچاو ده‌بینرا له‌ نێوان جه‌ماوه‌رو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یه‌كێتی و پارتی.
برگه‌یه‌كی تری به‌رنامه‌كه‌ خوێندنه‌وه‌ی كه‌مپه‌ینی واژۆ كۆكردنه‌وه‌بوو كه‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی لێبوردنی نێو ده‌وڵه‌تی یه‌وه‌ سازكراوه‌ له‌ دژی تیرۆری سه‌رده‌شت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ریمی كوردستان كراوه‌ له‌ ژیر ناوونیشانی: پێویسته‌ لیكۆڵینه‌وه‌ بكرێت له‌و هێرشانه‌ی كه‌ بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان ده‌كرێت له‌ كوردستانی عیرَاق كه‌ له‌ لایه‌ن كامیار سابیره‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌.له‌م باره‌یه‌وه‌ وێرای خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م نامه‌ی كه‌مپه‌ینه‌ داوا كرا له‌ ئاماده‌بوان كه‌ هه‌وڵ بده‌ن واژۆ له‌سه‌ر ئه‌و نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تی یه‌ بكه‌ن و هه‌روه‌ها ئاشنایانی خۆشیان له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.جێی ئاماژه‌یه‌ ڕێكخراوی لێبوردنی نێو ده‌وڵه‌تی له‌ به‌شێك له‌ نامه‌ی كه‌مپیه‌نه‌كه‌یان ده‌ڵێن:له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا هێرشێكی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر به‌دی كراوه‌ بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسانی كوردستانی عیراق كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌ردوو حزبی پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندایه‌.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌كه‌دا وه‌ك چۆن ده‌یان نوسه‌رو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامه‌نوسی عه‌ره‌ب ئیدانه‌ی ئه‌م كاره‌ تیرۆریستیانه‌یان كردو به‌ وتارو شیعر و نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان، لیرَه‌شدا نوسه‌ر و ڕۆشنبیری عیراقی جمال الحلاق وته‌و قه‌سیده‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، كه‌ سه‌ره‌ڕای ڕیسوا كردنی ئه‌م كاره‌ پڕ تاوانه‌، هاوكات ئاماژه‌ی به‌ نوسینه‌كانی سه‌رده‌شت دا كه‌ شیوازی نوسینه‌كانی ڕاده‌ی توانایی ئه‌و ده‌رده‌خات له‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌یدا.
بڕگه‌یه‌كی تر بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی په‌یامی به‌كر عوسمان(ئارام عه‌لی) به‌ ناوی خێزان و كه‌سو كاری سه‌رده‌شت عوسمان كه‌ ناردبوی بۆ مه‌راسیمه‌كه‌و له‌ لایه‌ن ئیسماعیل عه‌سكه‌ری خوێندرایه‌وه‌ . له‌ په‌یامه‌كه‌ی به‌كر عوسمانی برای سه‌رده‌شت وێرای سوپاسگوزاری له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ ئه‌م بۆنانه‌ ڕێكده‌خه‌ن و به‌شداری ده‌كه‌ن، هاوكات جه‌ختی له‌وه‌ كردبۆوه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ وه‌ك كه‌س و كاری سه‌رده‌شت عوسمان له‌ هه‌وڵو تیكۆشانی خۆیان ناوه‌ستن له‌ پاڵ ناڕه‌زایه‌تی ده‌یان هه‌زار كه‌س تا بكوژانی سه‌رده‌شت ده‌دۆزنه‌وه‌و ده‌درێنه‌ دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و ئاشكرا و تاوانباران به‌ سزا ده‌درێن.
پاشان ئاماژه‌ به‌ چه‌ند په‌یامێكی پشتیوانی كرا كه‌ ئاراسته‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ كرابوو . له‌وانه‌:
په‌یامی كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك له‌ ڕه‌وه‌ندی كوردی له‌ برس بن كه‌ به‌ واژۆی نه‌به‌ز محه‌مه‌ده‌وه‌ نیردرابوو. هه‌روه‌ها په‌یامی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ كه‌مپه‌ینی كۆمه‌ك بۆ دروست كردنی په‌یكه‌ری ئازادی له‌ هه‌ولیر درا ،كه‌ بریتی یه‌ له‌ په‌یكه‌ری سه‌رده‌ست عوسمان و، داوا كرا كه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ دریغی نه‌كریت له‌ كۆمه‌ك كردن.
به‌م شێوه‌یه‌ دوای دوو كاتژمیرَ له‌ كه‌شێكی پڕ جۆش و خرۆش بۆ به‌رگری له‌ ئازادی سیاسی و هاوخه‌می له‌گه‌ڵ كه‌سو كاری سه‌رده‌شت و ڕیسوا كردنی ئه‌و كاره‌ تیرۆریستی یه‌و خواستی ده‌ستگیر كردنی تاوانباران و دادگایی كردنیان، مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ سوپاسی ئاماده‌بوانه‌وه‌، كۆتایی هات و جارێكی تریش به‌شێكی به‌رچاو له‌ خه‌ڵكی ئازادیخواز له‌ سدنی په‌یوه‌ست بوون به‌و زنجیره‌ ناره‌زایه‌تیانه‌وه‌ كه‌ بۆ ریسوا كردنی تیرۆرو به‌رگری له‌ ئازادی هاتونه‌ته‌ مه‌یدان.
13-6-2010
سدنی - ئوسترالیا

 

           

 

15/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com