بنوو .. ئه‌ی یار
 

  

هۆنراوه‌ی : ته‌یب جه‌بار

 

پێشكه‌شه‌ به‌ : فــ




بنوو .. ئه‌ی یار ، یاری نازدار
بنوو .. بێ خه‌م ،
بێ ئاگا له‌ حاڵم ..ئه‌ی یار .
من ده‌مه‌وێ‌ ..
جیهانێكت بۆ رایه‌ڵكه‌م
له‌ ( ئه‌سپایی) .
وڵاتێكت بۆ دروستكه‌م
له‌ ( ئاسایی ) .
من نازانم ..
تۆ حه‌ز له‌ چ خاكێك ده‌كه‌ی ؟!
ده‌شتی به‌رز ؟!
بیابانی سه‌خت ؟!
هه‌رده‌ی نزم ؟!
یا شاخی ته‌خت ؟!
من نازانم ..
تۆ حه‌ز له‌ چ وه‌رزێك ده‌كه‌ی ؟!
به‌هاری تیژ ؟!
هاوینی زل ؟!
پاییزی خاو ؟!
یا زستانی شل ؟!
من نازانم ..
تۆ حه‌ز له‌ چ كاتێك ده‌كه‌ی ؟!
به‌یانیی تاڵ ؟!
نێوه‌ڕۆی دڕ ؟!
ئێواره‌ی مۆن ؟!
یا شه‌وی كاڵ ؟!
* * *
بنوو .. ئه‌ی یار
من ده‌مه‌وێ‌ ..
باخێكت بۆ به‌خێوكه‌م
له‌ ( رۆشنایی ) .
كه‌شێكت بۆ بسازێنم
له‌ ( سانایی ) .
من نازانم ..
تۆ حه‌ز له‌ چ باخێك ده‌كه‌ی ؟!
سێوی سروه‌ ؟!
به‌ڕووی باران ؟!
هه‌رمێی هه‌ور ؟!
یا گوێزی گیان ؟!
من نازانم ..
تۆ حه‌ز له‌ چ كارێك ده‌كه‌ی ؟!
چنینی مێژووی ژه‌نگ ؟!
رستنی هه‌ڵپه‌ڕكێ‌ ؟!
رنینی میوه‌ی ده‌نگ ؟!
یا دروونی دڵه‌ڕاوكێ ؟!
* * *
بنوو .. ئه‌ی یار
من ده‌مه‌وێ ..
ماڵێكت بۆ ئاماده‌كه‌م
له‌ (ته‌نكایی ) .
سازێكت بۆ بژه‌نم
له‌ ( دڵنیایی ) .
من نازانم ..
تۆ حه‌ز له‌ چ ره‌نگێك ده‌كه‌ی ؟!
زه‌ردی باریك ؟!
ره‌شی كه‌وان ؟!
سپیی تاریك ؟!
یا كه‌وه‌ی پان ؟!
من نازانم ..
تۆ حه‌ز له‌ چ ده‌نگێك ده‌كه‌ی ؟!
خه‌نینه‌ی شین ؟!
گریانی بۆر ؟!
قاقای سه‌وز ؟!
یا چه‌پڵه‌ی مۆر ؟!
* * *
بنوو .. ئه‌ی یار
من ده‌مه‌وێ‌ ..
گه‌شتێكت بۆ سازده‌م
له‌ ( فێنكایی ) .
سه‌یرانێكت بۆ رێكخه‌م
له‌ ( خۆبایی ) .
من نازانم ..
تۆ حه‌ز له‌ چ بارێك ده‌كه‌ی ؟!
پیاسه‌ی خڕ ؟!
وه‌ستانی جووت ؟!
دانیشتنی پۆشته‌ ؟!
یا پاڵكه‌وتنی رووت ؟!
من نازانم ..
تۆ حه‌ز له‌ چ ژه‌مێك ده‌كه‌ی ؟!
برژاوی كاڵ ؟!
كوڵاوی كۆن ؟!
هێلكه‌ی گه‌ییو ؟!
یا شله‌ی بۆن ؟!
* * *

بنوو .. ئه‌ی یار ، یاری نازدار
بنوو بێ خه‌م ،
بێ ئاگا له‌ حاڵم .. ئه‌ی یار .
تۆ بنوو .. خه‌ون ببینه‌ ،
خه‌ونی بۆنخۆش .
مه‌خورێنه‌ ..
پێستی پشكۆی (توڕه‌یی ) .
فڕێی بده‌ ..
كاژی كرژی ( منه‌یی ) .
قووتی بده‌ ..
گرێی گرنجی ( گله‌یی ) .
توڕی هه‌ڵده‌ ..
گڵوڵه‌ی زبری (ئیره‌یی ) .
تۆ بنوو .. خه‌ون ببینه‌ ،
خه‌ونی تامخۆش .
به‌سه‌ ئیتر .. وڕك مه‌گره‌ ،
گوێ رادێره‌ ..
بۆ گڕ وگاڵی ( شێنه‌یی ) .
خۆت بشۆره‌ ..
به‌ گوڵاوی ( ساده‌یی ) .
بهۆنه‌وه‌ ..
ده‌سرازه‌ی ( پێكه‌وه‌یی ) .
خۆت واڵاكه‌ ..
بۆ یه‌كبوونی ( كراوه‌یی ) .
له‌مه‌ودوا رازی نابم ،
له‌ خه‌ونیشدا ..
حاڵی من بكه‌ی فه‌رامۆش .


سلێمانی /تشرینی یه‌كه‌م /2009

* له‌ ژماره‌ (196)ی ، پاشكۆی ره‌خنه‌ی چاودێر ، رۆژی 11/1/2010 بڵاو بۆته‌وه‌ .

 

           

 

30/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com