ڕه‌خنه‌گری گه‌ورۆنه‌ !
 

  

ته‌یب قادر
taibeqadir@gmail.com



ده‌قێكی ئه‌ده‌بی پڕ جوانی و پڕ تێفكرین ده‌چێته‌ لای ره‌خنه‌گرێك ، مه‌به‌ست ده‌چێته‌ لای واته‌ به‌ به‌رده‌م خوێندنه‌وه‌ی تێده‌په‌ڕی ، هێزی كێشی جوانی ده‌ق ، ره‌خنه‌گر له‌ خۆی گیر ده‌كاو ده‌ق پێی ده‌ڵێ : له‌ باره‌م بدوێ ، شتێكم له‌ سه‌ر بنوسه‌ ، ره‌خنه‌گریش ناتوانێ بڵێ : تۆ ده‌م و چاوێكی ناشیرینت هه‌یه‌ چۆن ره‌خنه‌گرێكی گه‌وره‌ی وه‌ك من به‌و هه‌موو گه‌وره‌ییه‌ی خۆمه‌وه‌ ! قسه‌ له‌سه‌ر تۆی نه‌فام و گێلۆكه‌ ده‌كه‌م . چونكه‌ ئه‌و ده‌قه‌ هه‌ڵگری جوانی و جیهان بینییه‌ ، به‌ دونیاییه‌ك مه‌عریفه‌ خۆی ئارایشت كردوه‌ . ده‌ست ده‌كاته‌ منگه‌ منگ
ـ ده‌ڵێ : باشه‌ به‌ته‌نها هاتووی ؟ مه‌به‌ستم ناسیاوێك ، جیرانێك ، براده‌رێكی ئه‌ودیوی كۆڵانه‌كه‌مان ، هاوڕێیه‌كی چایخانه‌م ؟
ـ به‌ڵێ
ـ چۆن ده‌بێ نابێ به‌ڕێزم بڕۆ كه‌سێك له‌ گه‌ڵ خۆت بهێنه‌ ئینجا قسه‌ت له‌ سه‌ر ده‌كه‌م
ـ به‌خوا برا كه‌س ناناسم
ئه‌ی چۆن ده‌بێ ؟ باشه‌ بڕۆ پاكه‌تێك شیرینی یان میوانداریه‌ك یان مه‌كتوبێك شتێكی تێخه‌ .
ـ هیچم نیه‌ گیرفانم به‌تاڵه‌و كۆڵێك پاره‌ش قه‌رزاری دوكانه‌كه‌ی سه‌ری كۆڵانی خۆمانم واته‌ گیرفانم خاڵیه‌ .
ـ باشه‌ تۆ له‌ سه‌ر من بنوسه‌و منیش له‌ سه‌ر تۆ ده‌نوسم .
ـ نا شتی واناكه‌م ، ئه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی خراپه‌ .
ـ توڕه‌ده‌بێ و ده‌ڵێ : ئه‌ی باشه‌ تۆچی ؟
ـ ده‌قێكی جوانم
ـ ته‌ڕه‌ماشی ، ناسیاونی ، دراوسێ نی گیرفانت خاڵییه‌ ، جوانی چیه‌ جوانی ؟
ئه‌ی خه‌ڵكی كوێی ؟
ـ دانیشتوی شاری تۆ نیمه‌
ـ سه‌یری بكه‌ ها ، بڕۆ بابه‌ بڕۆ وازم لێبێنه‌
ده‌یه‌وێ بڕوا ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌ڵێ ـ هه‌رشتێك نزیكمان بكاته‌وه‌ ؟
ـ نازانم هیچم به‌ خه‌یاڵ دانایه‌
ـ له‌ چ حیزبێكی ؟
ـ باوڕم به‌ حیزبایه‌تی نیه‌
ئه‌ی قوڕ به‌سه‌رت چۆن ده‌ژی ؟ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ گیرفانت خاڵییه‌
دووباره‌ ده‌یه‌وێ بڕوا ، چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌هاوێ ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌ڵێ : هه‌رهیچت به‌ خه‌یاڵ دانایێ هه‌ر هیچ ؟
ـ نه‌خێر هه‌ر هیچ
ـ هیچ هیچ ؟
ـ نه‌خێر
ره‌خنه‌گری گه‌وره‌ به‌ ده‌قیی بێكه‌س و بێ ناسیاو گیرفان خاڵی ده‌ڵێ : بڕۆ چاره‌ سه‌رێك بدۆزه‌ره‌وه‌ ئینجا بۆلام وه‌ره‌ ، جارێكی تر هه‌ڵه‌ی وا گه‌وره‌ نه‌كه‌ی ، ئه‌گه‌ر نوسه‌رێكی به‌ ناوبانگیش بی هه‌رباشه‌ له‌ سه‌رت ده‌دوێم گرینگ نیه‌ ئه‌و نوسه‌ره‌ گه‌وه‌ره‌یه‌ چی ده‌نوسی ، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ناوی هه‌یه‌ ، من كه‌ شتی له‌ سه‌ر ده‌نوسم هه‌ست به‌ گه‌وره‌ی خۆم ده‌كه‌م له‌ ته‌نیشت ناوی ئه‌ودا ، ئه‌ی چۆن ره‌خنه‌گری گه‌وره‌ ده‌بێ له‌ سه‌ر ناوی گه‌وره‌ بنوسێ ، به‌ باڵای ناوی گه‌وره‌ هه‌ڵبدا ،
ـ تۆ چی ...... ؟
ـ ته‌نها ده‌قێكی جوانم
ـ ئاخ به‌ ده‌ست تۆوه‌ ، تۆ ده‌قێكی خاوه‌نه‌كه‌شت نێره‌ ، ئه‌گه‌ر خاوه‌نه‌كه‌ت مێ بوایه‌ زۆر باش بوو ، مامه‌ڵه‌یه‌كمان ده‌كرد، ده‌مكردیه‌ مشته‌ریه‌كی به‌رده‌وامی لێكۆڵینوه‌كانم ، چۆن ده‌قێك ده‌بویی گرینگ نه‌بوو ، ئاخ به‌ ده‌ست تۆوه‌ ، ئاخ تۆ چی ......؟
ـ ته‌نها ده‌قێكی جوانم ، ده‌قێكی جوان و هیچی تر به‌ڕێزم ئه‌ی ره‌خنه‌گری گه‌وره‌ ، ئه‌ی ره‌خنه‌گری گه‌ورۆنه‌ .


تێبینی : ئه‌م ره‌خنه‌یه‌م به‌ره‌و ڕووی ئه‌و جۆره‌ ره‌خنه‌گره‌ ناباشانه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسم كردوه‌ ، ئه‌گه‌رنا ره‌خنه‌گری زۆر به‌ڕێزو به‌ توانامان هه‌یه‌ ، شایسته‌ی ڕێزه‌ ، واتا مه‌به‌ستم هه‌موو ره‌خنه‌گرێك نیه‌ ، رێزم بۆ هه‌موو قه‌ڵه‌مێكی جوان هه‌یه‌ .
31/5/2010



 

           

 

21/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com