كه‌سێك ته‌نهایه‌
 

  

ته‌یب قادر




كه‌سێك به‌ ته‌نهایی ته‌ڕه‌
كه‌سێك له‌ كه‌ناری شار دانیشتوه‌ و سه‌یری بێزاری خۆی ده‌كا
كه‌سێك دوعای ده‌رچوون له‌ نێو ته‌پوو تۆزی ته‌نهایی ده‌كا
كه‌سێك له‌ ته‌نهایی چه‌قیوه‌
كه‌سێك ده‌رگای چونه‌ده‌ره‌وه‌ی ژووری دڵتوندی وون كردوه‌
كه‌سێك قووم له‌ سیگاری خه‌فه‌ت ده‌دا و ده‌ستی له‌ سه‌ر شانی چاوه‌ڕوانی داناوه‌
به‌ تیله‌ چاوێك سه‌یری باخچه‌ی ئومێد ده‌كاو ده‌ڵێ : نا فشه‌یه‌
هه‌ولێر26/5/2010

كۆشێك سێبه‌ری چرا

شتێكم بۆ بنێره‌
هه‌ندێك سه‌بوری و بڕێك تاقه‌ت
كه‌ڵكی ئه‌وه‌م نه‌ماوه‌ زۆر چاوه‌ڕێ بكه‌م
كه‌ڵكی ئه‌وه‌م نه‌ماوه‌
بڵێم : ده‌فته‌رێكی تری پشووم بۆ بنێره‌
دونیا به‌ سه‌عاتی من چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌می ماوه‌
بێڕاناگه‌ین دوو قسه‌ له‌ باره‌ی تریفه‌وه‌ بكه‌ین
قیچێك له‌ سه‌ر نقووم بوون له‌ تاریكی شه‌و بدوێین
پێم مه‌ڵێ : چاوه‌ڕێكه‌ ده‌تكه‌مه‌ دراوسێی روناكی
پێم مه‌ڵێ : جانتایه‌ك ئارامیت بۆ ده‌نێرم
پێم بڵێ : دوو سێ ده‌قه‌ی تر دێم به‌ جامێك شه‌وه‌وه‌ بمخۆره‌وه‌
پێم بڵێ : دوو سێ ده‌قه‌ی تر دێم
كۆشێك سێبه‌ری چرام پێیه‌

هه‌ولێر 27/5/2010



په‌نجه‌كانی سێبه‌ری سه‌بوری

گۆزه‌یه‌ك ژن و مشتێك هه‌نگاو
به‌سه‌ بۆ ڕاوكردنی ژیان
ژیان له‌ نێو په‌نجه‌كانی سێبه‌ری سه‌بووریه‌
ژیان له‌كن دوو قسه‌ی خۆشه‌
ژیان لای سه‌لامێكه‌
ژیان لای سه‌یركردنی كۆترێكی سپیه‌
ژیان هه‌نگاوێكه‌ بۆ لای ده‌ست گرتنی ژنێك
ژیان لای بانگ كردنه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ته‌ بۆ ماڵه‌وه‌
هه‌ر له‌و نزیكانه‌یه‌

هه‌ولێر28/5/2010
taibeqadir@gmail.com



 

           

 

03/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com