به‌توندی ئیدانه‌ کردن بۆ ؟
 

  

خالید هه‌رکی
Serben.com
khalidherki@chello.nl


ئه‌و کاته‌ی سه‌رهه‌ڵدان له‌ باشوری کوردستان سه‌ری هه‌ڵدا ئومێدێک له‌ دڵی هه‌موو کوردێکی ئه‌و دونیایه‌ دروست بوو. له‌ هه‌ر چوار پارچه‌که‌و له‌ ده‌ره‌وه‌یدا ، ئه‌و ئومێده‌ له‌ جێی خۆی بوو چونکه‌ په‌ناو حه‌شارگه‌ی هه‌موو کوردێکی به‌ شه‌ره‌ف بوو دیاره‌ که‌ تاکی کورد ئه‌مرۆ له‌ هه‌ر سێ پارچه‌ی کوردستان له‌ ئازادی و را ده‌ربڕین وبچوکترین ماف بێبه‌شه‌ هه‌رکاته‌ی ده‌نگ هه‌ڵبڕێ سه‌رکوت ده‌کرێ و راو ده‌نرێ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر په‌نایه‌ک نه‌بێ سه‌ری پێ بکا ناچار ده‌که‌وته‌ ده‌ست دوژمن وچاره‌نوسی به‌ چاره‌نوسی ئه‌و گه‌نجه‌ ئازادی خوازانه‌ ده‌گا که‌ رۆژانه‌ یا لاشه‌یان به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌بینین یا له‌ چیاو بن شاخه‌کاندا ده‌دۆزرێنه‌وه‌ یا له‌ زیندانه‌کان به‌ نادیرای بێسه‌روشوێن ده‌کرێن .
کاتێک کوردستانی باشور له‌ شێوه‌ خه‌باتی چه‌کداری دابوو ماوه‌ی 30 ساڵی ره‌به‌ق بێ پچران به‌ هاوشانی خه‌باتی سیاسی خه‌بات وکاری چالاکیشی ئه‌نجام ده‌دا که‌ به‌لگه‌یه‌کی حاشا نه‌ویسته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م خه‌باته‌ی چه‌کداری نه‌بوایه‌ ئۆپه‌راسیۆن وپیلانه‌کانی دوژمن گه‌لی کوردی ئه‌وه‌ی له‌ پاشماوه‌ی ئه‌نفال وکیمیاباران ده‌مایه‌وه‌ رایده‌گواسته‌وه‌ سنوره‌کانی سعودیه‌و ئوردن که‌ له‌وێ سێ ئوردوگای زۆره‌ملێی دروست کردبوو به‌ناوی هه‌ولێری نوێ وسوله‌یمانیه‌ی نوێ ودهۆکی نوێ ، به‌ڵام چالاکی و قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ و رێکخستنه‌کانی نهێنی به‌ری له‌م هێرش وپیلانه‌ گلاوانه‌ گرت ورێگه‌ی به‌ دوژمن نه‌دا ئه‌م مه‌رامه‌ی بێته‌ هه‌ر ئه‌و پاله‌وانێتیه‌ بوو که‌ تا ئه‌مرۆ وله‌ هه‌موو بۆنه‌کانی نیشتمانی ونه‌ته‌وایه‌تیدا سه‌رکرده‌کانمان شانازیی پێوه‌ ده‌که‌ن وپێی ده‌نازن ‌ که‌ به‌ دیدی من ئه‌م شانازی وبه‌ خۆ نازاندنه‌ له‌ شوێن خۆیه‌تی وئه‌گه‌ر ئه‌و توانا ودلسۆزیه‌ی پێشمه‌رگه‌و هێزی چه‌کداری کوردستان و رێکخستنه‌کان و له‌ سه‌روی هه‌موشیانه‌وه‌ خوێنی شه‌هیده‌کانمان نه‌بوایه‌ ئه‌مرۆ ئێمه‌ی کورد وا به‌ ئاسانی له‌ سایه‌ی به‌رهه‌مه‌ی ره‌نجیان نه‌ده‌ هه‌ساینه‌وه‌ .
ئه‌مه‌یان له‌ لایه‌ک له‌ لایه‌کی تریش ئه‌وه‌ی تا ئه‌مرۆ کورد شانازیی پێوه‌ ده‌کا وله‌وسه‌ر زاری سه‌رکرده‌کانمان رۆژانه‌ دوباره‌ ده‌کرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ درێژایی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شه‌ری چه‌کداریی کوردستان له‌ 1961 تا راپه‌رین ئێمه‌ شه‌ڕمان نه‌گواستۆته‌وه‌ ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌کان به‌ڵکو ته‌نها له‌ ناوچه‌کانی خۆمان به‌رگریمان له‌ خۆمان ومیله‌ته‌که‌مان کردوه‌ واته‌ ته‌نها به‌رگریمان له‌ ده‌رگای ماڵی خۆمان کردوه‌ .
به‌ڵام جێی داخ وسه‌رسورمانه‌ ئه‌مرۆ ده‌بینین ئه‌و حکومه‌ته‌ی کوردستان که‌ جێی ئومێدی 40 ملیۆن که‌سی کورده‌ دوای ئه‌وه‌ی یه‌که‌مجاره‌ له‌ مێژوو دونیا گوێ له‌ گوتاری ده‌گرێ وحساب بۆ راگه‌یاندن وبه‌یاننامه‌کانی ده‌کرێ ، له‌جیات ئه‌وه‌ی ده‌ستخۆشی له‌و پێشمه‌رگانه‌ بکات که‌ به‌رگریان له‌ خاکی کوردستان کردوه‌و له‌ ناوماڵی خۆیاندا وله‌ ئاقاری گونده‌کانیان ده‌ستیان له‌ دوژمن وه‌شاندوه‌ ، به‌ توندی ئیدانه‌یان ده‌کا وبه‌ کارێکی نادروست ده‌زانێ .
سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم که‌ ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌ شۆرشگێریه‌ ده‌کا خۆی نایه‌ته‌ بیر که‌ ئه‌و کاته‌ی مه‌فره‌زه‌یه‌کی هێزی پێشمه‌رگه‌ بیاندایه‌ته‌ سه‌ر ره‌بیه‌یه‌کی دوژمن جا له‌ هه‌ر شوێنێکی ئه‌م کوردستانه‌ی باشور بوایه‌ چه‌ند شانازیی پێوه‌ ده‌کردو وره‌ی جه‌ماوه‌ری کوردی چه‌ند به‌رز ده‌کرده‌وه‌ ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و لێدانانه‌ نه‌بونایه‌ دوژمن وه‌کو گورگی هار چی به‌و میله‌ته‌ سڤیله‌ ده‌کرد ؟
ئه‌گه‌ر جێی شانازی بێ بۆ ئێمه‌ که‌ شه‌ڕمان نه‌گواسۆته‌وه‌ ناوچه‌کانی عه‌ره‌بی و ته‌نها له‌ کوردستان به‌رگریمان له‌ خۆمان کردوه‌ بۆ بۆ براکانمان ئه‌م شێوازو هه‌لوێسته‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی ئیدانه‌کردنی به‌ توندی وله‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ؟
هه‌موومان ئاگادارین که‌ تا ئه‌مرۆ چه‌ندین جار یه‌ک لایه‌نانه‌ ئاگر به‌ست راگه‌یاندراوه‌ ، کێ گوێی لێگرتوه‌؟ وه‌لامی که‌مالیسته‌کان چی بوه‌ ؟ هیچ ئه‌رێنیه‌کی لێ وه‌ده‌رکه‌وتوه‌؟
هه‌روه‌ها کوردی باکور به‌ شێوازی سه‌رده‌مانه‌ له‌ رێگه‌ی خه‌باتی سیاسی و په‌رله‌مانیه‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌بو پارته‌که‌یان پارتی( د.ت.پ ) یان پێ هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ ؟ بۆ پارتێکی تیرۆریست بوو ؟ به‌ ره‌زامه‌ندی حکومه‌تی تورکیا دانه‌مه‌زرابوو ؟ هیچ کارێکی چه‌کدارانه‌ یا توندو تیژیه‌کی نواندبوو؟
هه‌ر ئه‌و حکومه‌ته‌ی که‌مالیسته‌کان نه‌بوو ئه‌ندامی په‌رله‌مان که‌ له‌ رێگه‌ی هه‌لبژاردنه‌وه‌ به‌ ده‌نگی گه‌ل ببونه‌ نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مان به‌بێ هۆ پارێزبه‌ندیان لێ سه‌ندنه‌وه‌و له‌ په‌رله‌مانیان وه‌ده‌رنان ؟
له‌یلا زانا و هه‌ڤالانی ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ کوردی سوێندیان خوارد زیندانی نه‌کران ؟ ئه‌ی ئه‌وانه‌ هه‌مووی شێوازی خه‌باتی هاوچه‌رخ وپه‌رله‌مانی وسیاسی نین ؟ چی ماوه‌ کورد ده‌ستی لێ هه‌لنه‌گرێ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی که‌مالیسته‌کان لێیان رازی بن ئه‌وساش دان به‌ بونی کورد نانێن ؟
له‌به‌ر چاوبرسێتی خۆیان سه‌رۆکی هه‌رێمیان داوه‌ت کرد به‌ڵام خۆزگه‌ ئه‌م داوه‌ت کردنه‌ش هه‌ر نه‌بوایه‌ ، چونکه‌ ئه‌وان لیکاوی برسێتیان له‌ ده‌م ده‌چۆرێ بۆ نه‌وت وغازی کوردستان ودۆشینی ئابوریی کوردستان له‌ رێگای کۆمپانیا ساخته‌و سیخوریه‌کانیانه‌وه‌ که‌ ئاسه‌واره‌ ژه‌هراویه‌کانیان دوای چه‌ند سالێکی تر بۆ هه‌موو لایه‌ک رون ده‌بێته‌وه‌ ئاخۆ چۆن به‌ رێگه‌ی داگیرکردنی نوێ ( ئیستعماری نوێ ) توانیویانه‌ له‌ که‌لتورو سامان و ئابوریی خۆمانمان داببرێنن .
ئه‌نوه‌ر سادات ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ولاتێکی داگیرکه‌ری کرد ده‌ستێک له‌ توندره‌وان له‌ناویان برد ، من نالێم هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ل ولاتانی داگیرکه‌ر بپچرێنن به‌لام نابێ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ له‌سه‌ر حسابی پارچه‌یه‌کی تری میله‌ته‌که‌مان بنیاد بنرێ ، هه‌موو مان ده‌زانین که‌ هاوکێشه‌کانی دونیا گۆرانیان تێ که‌وتوه‌ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوریه‌کانی تورکیا له‌وه‌دانه‌بێ که‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل کوردستان ببه‌ستێ ئه‌وا دڵنیام که‌ هه‌رگیز ئه‌م به‌ناو کرانه‌وه‌و به‌خۆداهاتنه‌وه‌یه‌ رو نادا ، ئه‌و کاته‌ی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌ر تورکیا یا هه‌ر ولاتێک ده‌سه‌پێنن که‌ په‌یوه‌ندی ئابوری یا سیاسی له‌گه‌ل هه‌رێمی کوردستان ببه‌ستن ده‌بێ سه‌رکرده‌کانمان ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌و له ئاست ئه‌م ده‌رفه‌تانه‌ وریابن سه‌روه‌ریه‌کان له‌م کاتانه‌دا ده‌پارێزرێن و له‌ده‌ست ده‌درێن ئه‌و جۆره‌ کاتانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد دان که‌ بتوانن بون وسه‌روه‌ری خۆیان و هه‌رێمه‌ تازه‌ به‌ڵکو هێشتا پێنه‌گه‌یشتوه‌ که‌یان بپارێزن .
ده‌ڵێن به‌ فه‌رمی بانگێشتی تورکیا کراوین به‌ڵام له‌م جۆره‌ سه‌ردانانه‌دا ده‌بێ رێنماکانی پرۆتۆکۆلی به‌ وردی ره‌چاو بکرێن و پیاده‌ بکرێن ئه‌ی رۆل وئه‌رکی ده‌ست وپێوه‌نده‌کانی یاوه‌رانی وه‌فده‌که‌ چیه‌ ؟ ئه‌گه‌ر به‌م ئاسانیه‌ وه‌کو خۆیان ده‌ڵێن ئاگامان لێی نه‌بوه‌ هه‌له‌ی وا کراوه‌ ؟ بۆ ده‌بێ حه‌ساسیه‌ت به‌رانبه‌ر به‌ ووشه‌ی کوردستان تا ئه‌م ئاسته‌ هه‌بێ ؟ بۆ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم ته‌نها یه‌کجار و زیاتر نا ناوی کوردستانی به‌سه‌ر زاردا هات ئه‌ویش ئه‌وه‌نده‌ به‌ خێرایی ره‌تی کرد وه‌رگێره‌که‌ یا گوێی لێ نه‌بوو یا به‌ ئه‌نقه‌ست وه‌ری نه‌گێرا ؟ دوای ئه‌وه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم له‌جیات ناوی کوردستان ( ئێمه‌ ) ی به‌کار ده‌هات .
له‌ گه‌ڵێک حاله‌ت وچاوپێکه‌وتن دا هه‌لوێستی سه‌رۆکی هه‌رێمم پێ له‌ هه‌لوێستی گه‌لێک سه‌رکرده‌ی کورد پێ باشتربوه‌ به‌ڵام هه‌رگیز نابێ ئیدانه‌ی هه‌ر کرده‌یه‌کی هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردی بکه‌ین که‌ له‌ پێناو سه‌لماندنی بونی گه‌له‌که‌یان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ، چونکه‌ هه‌روه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێێدا ئێمه‌ی باشوری کوردستان به‌ هه‌مان رێچکه‌و شێوازدا ره‌تمان کردوه‌ تا به‌ ئه‌مرۆ گه‌یشتوین .
بۆ تا ئه‌و راده‌یه‌ سه‌یری زاری ئه‌مریکا بکه‌ین ئه‌و چی پێ خۆشه‌ هه‌ر ئه‌وه‌مان پێ خۆشبێ؟ به‌م شێوه‌یه‌ پێم وایه‌ سه‌نگی خۆمان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین ، هه‌ر ئه‌و ئه‌مریکایه‌ بوو که‌ به‌ یاسر عه‌ره‌فات و رێکخراه‌وکه‌ی ده‌وت تیرۆریست ، به‌لام ئه‌مری واقیع وای به‌سه‌ردا سه‌پاند که‌ له‌ کۆشکی سپی پێشوازیی لێ بکه‌ن . مامه‌له‌ کردنی دوو فاقیی ئه‌مریکا پرسێکه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ ، به‌ڵام تا ئه‌مرۆش که‌ دوێنێ گه‌لێک له‌مرۆ زیاتر ئه‌مریکا سه‌نگی کورد وده‌نگی کوردی له‌ ناوچه‌که‌ لا گرنگ و به‌ به‌هایه‌ بۆیه‌ نابێ ئه‌م سه‌نگ وبه‌هایه‌ وا به‌ئاسانی نمایش و هه‌رزان فرۆش بکرێ ، سه‌ره‌تای هاتنی ئه‌مریکا بۆ کوردستان دوای راپه‌رین یه‌کێک له‌ ئه‌فسه‌ره‌ ئه‌مریکیه‌کان به‌ براده‌رێکی خۆمانی وتبوو له‌ یه‌کێک له‌ سه‌رکردایه‌تیه‌کانی کوردی : ئێوه‌ بۆ وا هه‌رده‌م له‌ ئاست داواکاریه‌کانی ئێمه‌دا ده‌ستتان له‌سه‌ر سنگه‌ ؟ هه‌ر شتێکلی ئێمه‌ لێتان داوا بکه‌ین بێ سێ و دوو ده‌ڵێن باشه‌ ؟ بۆ له بڕی هه‌ر داواکاری یه‌کمان ئێوه‌ش شتێک داوا ناکه‌ن ؟ ئه‌زانی کار وا بروا ئه‌مریکا هیچ حسابێکتان بۆ ناکا ته‌نها حسابی کرێگرته‌ نه‌بێ ؟

خالید هه‌رکی
Serben.com
khalidherki@chello.nl

 

           

 

23/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com