بۆچی سه‌رده‌شت تیرۆركرا؟
 

  

خه‌سره‌و سایه
Saya.xasraw@yahoo.co.uk


هه‌یه‌ پێی‌ی‌ وایه‌ نوسینه‌كانی‌ سه‌رده‌شت ئه‌وه‌ی‌ نه‌ده‌هێنا كه‌به‌تاوانێكی‌ ئاوا نامرۆڤانه‌ بكوژرێت.. كه‌وایه‌‌ كاریگه‌ری نوسینه‌كانی‌ سه‌رده‌شت چییه‌، واپارتی‌ ناچاربكات به‌تیرۆركردنی‌؟
له‌وه‌لامی ئه‌م پرسیاره‌دا.. ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌رده‌شت عوسمان زیاتر به‌هۆی‌ ئه‌و ووتاره‌وه‌ كه‌وته‌ به‌رهه‌ره‌شه‌ی‌ تیرۆره‌وه‌ كه‌به‌تایتڵی‌"من عاشقی‌ كچی‌ به‌رزانیم" نوسراوه‌، ووتارێكی‌ ئاواش كه‌به‌شێوازێكی‌ ته‌نز و خه‌یالاوی‌ ڕه‌خنه‌ له‌ناعه‌داله‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ ده‌گرێ‌ و جیاوازیه‌كی‌ چینایه‌تی‌ نێوان هاولاتیان به‌گشتی‌ و بنه‌ماڵه‌ی‌ به‌رزانی‌ مۆدێلێك له‌ ده‌سه‌لاتداریتی‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌حزبه‌ میلیشیاییه‌كانی‌ كوردستان ژیانی‌ نابه‌رابه‌ری‌ وژێر ده‌سته‌یی‌ لاوان و خه‌ڵكی‌ زه‌حمه‌تكێشیان پێ‌ له‌قاڵبداوه‌. دیاره‌ شێوه‌ ده‌ڕبڕینێكی‌ ئاوا و بگره‌ زیاتر له‌مه‌ش له‌ئه‌ده‌بیاتی‌ سیاسی‌ و ڕۆشنبیری‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردووی‌ كوردستاندا نمونه‌یه‌كی‌ یه‌كجار زۆری‌ هه‌یه‌. به‌لام له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌وه‌ كه‌ئایا نوسینی‌ ووتارێك له‌نمونه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رده‌شت نوسیویه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌هێنا كه‌ لاوێكی‌ ته‌مه‌ن 23ساڵه‌ی‌ بۆ بكرێ‌ به‌قوربانی‌؟ ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ بۆ پارتی‌ ئیحای‌ ناموسی‌ و ئه‌خلاقیات وموقه‌ده‌ساتێكی‌ لێ ده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌جێگای‌ قه‌بوڵكردن نییه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌له‌ هه‌ر وولاتێكی‌ دیموكراسیدا كه‌ئه‌م موقه‌ده‌ساتانه‌ جیگایان نییه‌، ڕۆژانه‌ سه‌روك و وه‌زیرو كاربه‌ده‌ستانی‌ وولات و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ شه‌خسی‌ و خێزانیان ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م تانه‌ لێدان و كۆمیدیای نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ و كه‌سیشی‌ له‌سه‌ر تیرۆر ناكرێ‌. به‌لام بۆ پارتی‌ وبنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ دیموكراسی‌ و قه‌بوڵكردنی‌ خه‌یالاتی‌ لاوێك نییه‌، به‌ڵكو بڕینی‌ سنوری‌ موقه‌ده‌ساتێكه‌ كه‌بنه‌مای‌ ده‌ستڕۆیشتوویی‌ و ده‌سه‌لاتی‌ خێڵه‌كی‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌. به‌تایبه‌تی‌ بۆ پارتی‌ وه‌ك یه‌كێك له‌حزبه‌ ته‌قلیدیه‌كانی‌ ناسیونالیزمی‌ كورد، بنه‌ماڵه‌و سه‌رۆك، پله‌و پایه‌ی‌ شا و مه‌لیك و میری‌ هه‌یه‌ كه‌گشت بونیاده‌كانی‌ ده‌سه‌لات و حزبی‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌. ڕاگرتنی‌ ئه‌م پێكهاتوانه‌ش وه‌ك "موحه‌ڕاماتێكی‌ ئاینی‌" له‌سه‌روكۆمه‌ڵگاوه‌، پێویستی‌ به‌پیرۆزكردنه‌، تائاستی‌ "مه‌وهیبه‌یه‌كی‌ ئیلاهی‌" و ده‌بێ‌ هه‌مووان له‌ئاستێدا ملكه‌چ بكرێن. شاردنه‌وه‌ی‌ نه‌هێنیه‌كانی‌ بنه‌ماڵه‌و ژیانی‌ سه‌رۆك وپێچانه‌وه‌ی‌ له‌ئاكارو ئادابێكی‌ ناموسی‌ و ئاینیدا، تاڕاده‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌خه‌یاڵ لێدانی‌ هه‌رلاوێك له‌مێشكی‌ خۆیدا وه‌ك "نامه‌حره‌م" لێك بدرێته‌وه‌، سنورێكه‌ كه‌نابێ‌ هیچ هاولاتیه‌ك بیبڕێ‌. به‌لام له‌م تابلۆیه‌دا ئێمه‌ نمونه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌ماره‌ته‌كانی‌ بۆتان وبه‌رزان وبابان ومیرنشینه‌كانی‌ كه‌نداو ده‌بینین كه‌چۆن بنه‌ماڵه‌ی‌ ده‌سه‌لاتدار ترۆپكێكه‌ كه‌ده‌بێ‌ نه‌ك هه‌رهاولاتیانی‌ ساده‌ به‌ڵكو وه‌زیرو كاربه‌ده‌ستانی‌ پله‌ی‌ خواره‌وه‌ له‌به‌رده‌میدا بچه‌مێته‌وه‌ و بۆ ڕاپه‌ڕاندنی‌ هه‌ركارێكیان ده‌بێ‌ له‌پێشدا ده‌ست ماچ بكرێ‌ و لێشاوی‌ پێدا هه‌ڵدان هه‌ڵبڕێژێ‌ وهه‌ركه‌سیش له‌م سوونه‌ته‌دا كه‌م بهێنێ‌، ژیانی‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. له‌نمونه‌ی‌ ناسیونالیزمێكدا كه‌پارتی‌ كۆرپه‌ی‌ باوه‌شیه‌تی‌ خه‌روارێك له‌پێداهه‌ڵدان به‌بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ و سه‌روه‌ریه‌كانی‌ ده‌بینن، كه‌"شۆڕشی‌ بارزان وسه‌ركرده‌ وشه‌هیده‌كانی‌" جیاوازیه‌كی‌ گه‌وره‌یان له‌پله‌و پایه‌ی‌ سه‌ركرده‌ و شه‌هید و شۆڕشه‌كانی‌ پێش وپاشخۆی‌ هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌مێژووی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردستان له‌م بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكردبێت. له‌كۆمه‌ڵگای‌ ئه‌مڕۆی‌ كوردستاندا پاراستنی‌ ئه‌م ترۆپكه‌ و ئه‌م سیسته‌م و فه‌رهه‌نگه‌ هه‌رچه‌ند قاچی‌ له‌ڕابردوودایه‌، به‌لام ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌ڕاگرتن و به‌ئه‌به‌دی‌ كردنی‌ به‌بنه‌ماكانی‌ ده‌سه‌لاتدارێتی‌ بۆرژوازی‌ كورد وبازاڕێكه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ڵێشاوی‌ سه‌رمایه‌و ژیانی‌ فیرعه‌ونی‌ بۆ به‌رپرسیارانی‌ ئه‌مڕۆی‌ كوردستان پێكهێناوه‌ و هه‌رجۆره‌ تانه‌دانه‌ لێدان و ڕه‌خنه‌گرتنێك لێ‌ی‌، مه‌رگی‌ هاوشێوه‌ی‌ سه‌رده‌شت دێنێته‌ كایه‌وه‌.


28ئایاری 2010


 

           

 

21/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com