چه‌ند حیکایه‌تێک له‌ خوێنم
 

  

زانا سامان



به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بینران
هه‌رجاره‌ی به‌ شێوازێک له‌ شێوازه‌کان،
له‌حزه‌یه‌ک هه‌بوو
هه‌موویانی کۆده‌کرده‌وه‌،
ئه‌وان ونبووی
نا‌و هاژوهووژی ته‌بیعه‌ت بوون،
له‌ناو ژووره‌کانی ته‌نیایدا
کڵۆم درابوون،
هه‌بوو.. نه‌بوو
لاسکی هیچ ته‌ڕه‌ شیعرێ
له‌ شیعره‌کانی من ناسکتر نه‌بوون،


لاوکێکی ڕۆح سووک هه‌بوو
هه‌موو ڕۆژێک له‌بۆ عیشق
حه‌یرانی بوو،
باڵشکاوی
به‌رده‌م ڕه‌هێڵه‌ی بوختان و
ده‌ستشکاوی
نێوان زریانی قه‌ده‌رو
دیمه‌نی کاڵی باغان بوو،
هه‌بوو.. نه‌بوو
ئه‌و لاوکه‌ رۆح سووکه‌ خۆم بووم
وه‌لێ یاران
که‌س وه‌ک من بریندار نه‌بوو،


هه‌بوو.. نه‌بوو
گۆرانییه‌کی چه‌تون
هه‌موو ئێوارانی حوزنێ
ده‌رده‌که‌وت و شه‌قامی پیاسه‌ی ده‌خرۆشان،
به‌ نێوان عاشقه‌کاندا
فرته‌ی ده‌کرده‌ ناو نیگاکانه‌وه‌
به‌ په‌نجه‌ ختووکه‌ی بارانی ئه‌دا
تا ده‌هات سه‌دای به‌رز ده‌بۆوه
هه‌موو شار گوێیان لێ ده‌گر‌ت
له‌ نێوان سرووشت و ژیاندا
له‌ یه‌کێک له‌ ئێواره‌کاندا
شه‌قامه‌که‌ی کرد به‌ ته‌م و
ئیتر له‌و ڕۆژه‌ به‌دواوه‌
بوو به‌ قه‌سیده‌یه‌ک و
تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ
له‌ گشت شوێنێکی ئه‌و شاره‌
ده‌یخوێننه‌وه‌و هه‌ر وه‌کو خۆی ده‌یڵێنه‌وه‌.
هه‌بوو.. نه‌بوو
یه‌ک دوو قولانجێک پێش ئێستا
باڵنده‌یه‌کی ڕه‌نگین
هه‌موو سپێده‌ی ئه‌ڤینێ
گمه‌ گمی
له‌ کۆتری قومری وه‌رده‌گرت
فڕینیش له‌ په‌ڕه‌سێلکه‌و
هێلانه‌ش له‌ دار سنه‌وبه‌ر،
به‌ڵام که‌ هاته‌ سه‌ر به‌زمی
ئه‌زموونکردنی شته‌کان
له‌ باڵنده‌یی خۆی لایداو
گشت ئاسمانیش بوو به‌ هی ئه‌و،


‌ ده‌گێڕنه‌وه‌و ده‌ڵێن:
چه‌ند ساڵانێک به‌ر له‌ ئێستا
باس هه‌ر باسی ئه‌وه‌ بووه‌
گوایه‌ که‌شتییه‌کی گه‌وره‌
له‌ ئۆقیانووسی شیعره‌وه‌
بۆ ئێره‌ دێت،
ده‌ڵێن گوایه‌..
ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌ ده‌گاته‌ جێ
قه‌سیده‌یه‌کی باڵابه‌رز
له‌ که‌شتییه‌که‌ دائه‌به‌زێ،
هه‌بوو.. نه‌بوو
به‌ خۆم و سه‌وڵی قه‌ڵه‌مه‌که‌مه‌وه‌
گه‌یشتمه‌ ئێره‌و
ئه‌و که‌شتییه‌ش هه‌ر دیار نه‌بوو بگاته‌ جێ.

 

           

 

13/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com