با كۆنگره‌ی
یه‌كێتی نووسه‌ران دوابخرێت
 

  

زانا سامان


دوور‌و نزیك ئێمه‌ وه‌ك ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌پاش كۆنگره‌ی ڕاپه‌ڕین، هاتینه‌ ناو كایه‌كه‌وه‌‌و جێ‌ په‌نجه‌ی خۆمان به‌ده‌رخست، ئه‌كرێ‌ ڕاسته‌وخۆ بچمه‌ ناو باسی هه‌ندێك له‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ له‌ ساڵانی نه‌ده‌كاندا دروستبوون، من وه‌ك خۆم ئه‌و كاته‌ی كه‌ (ده‌زگای چاپ ‌و په‌خشی سه‌رده‌م) له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 1999 دا دروست بوو، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێی نووسه‌ری خۆمدا چووین بۆ ( یه‌كێتی نووسه‌رانی كوردستان/ لقی سلێمانی) هه‌تا وه‌ك ئه‌ندام وه‌رمان بگرن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ چووین‌و سه‌ردانمان كردن، یه‌ك دوو نووسه‌ری ئازیز له‌وێ بوون‌و كاتێك داوای بوون به‌ ئه‌ندام بوونمان لێكردن، یه‌كسه‌ر بێ‌ هیچ پێوه‌رێكی مه‌عریفی كه‌ هاوتا بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ببینه‌ ئه‌ندامی ئه‌و یه‌كێتییه‌، پێیان وتین كه‌ ئه‌بێ‌ ته‌سكیه‌ی حزبتان پێبێت، ئه‌وكات ده‌توانن ببنه‌ ئه‌ندامی یه‌كێتییه‌كه‌مان، ئێمه‌ش ته‌ماشایه‌كی یه‌كترمان كرد‌و هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌.
ئیتر له‌و ڕۆژه‌ به‌دواوه‌ هه‌تا ئێستا ئاواتمان بۆ ئه‌وه‌ ده‌خواست كه‌ ڕۆژێك بێت ئه‌و یه‌كێتییه‌ له‌ چنگی حزب ده‌ر بهێنین‌و وه‌ك كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری گه‌نج ئه‌و یه‌كێتییه‌ دروست بكه‌ینه‌وه‌‌و ئاكتیڤی بكه‌ینه‌وه‌‌و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت باشترین پرۆژه‌مان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌بووه‌، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی كۆنگره‌ی نوێی ئه‌و یه‌كێتییه‌ درا، ئه‌گه‌ر چی ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری نه‌وه‌ی نوێ‌، دانیشتنێكی خێرامان كردو ته‌نانه‌ت نووسه‌رێكی هاوڕێی خۆمان هاندا كه‌ خۆی بپاڵێوێ‌‌و زۆرترین ده‌نگی بۆ كۆده‌كه‌ینه‌وه‌، ڕۆژێك دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوڕێیه‌مان په‌یوه‌ندیی پێوه‌ كردبوون، پێیان وتبوو كه‌ ته‌نها ئه‌و نووسه‌رانه‌ مافی خۆپاڵاوتنیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌ی ڕایه‌ڕینی شه‌قلاوا به‌شداربووبێتن.
من تێناگه‌م ئه‌م مه‌رجه‌ چییه‌ دراوه‌‌و به‌ چ پێوه‌رێك ئه‌و یه‌كێتییه‌ ئه‌و مافه‌ به‌خۆی ئه‌دات بڕیاری وا بدات، هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێك له‌و نووسه‌رانه‌ی دوای ئه‌و كۆنگره‌یه‌ هاتووینه‌ته‌ كایه‌كه‌وه‌‌و جێ‌ په‌نجه‌مان به‌ئاشكرا دیاره‌، به‌ مافی خۆمانی ده‌زانین كه‌ بڵێن ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی له‌ 1-7دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت نایاساییه‌‌و جێی بڕوا پێهێنان نییه‌، به‌ مافی خۆمانی ده‌زانین كه‌ ئه‌مانه‌وێ‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ ئاخۆ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ كوێوه‌ ده‌رچووه‌، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن حزبه‌ باڵا ده‌سته‌كانه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ ئێمه‌ به‌و كۆنگره‌یه‌ ڕازی نابین‌و داواش له‌سه‌رجه‌م هاوڕێیان ده‌كه‌م له‌ ئێستاوه‌ مانگرتن ئه‌نجام بده‌ین‌و داوایه‌ك به‌رز بكه‌ینه‌وه‌ بۆ پارله‌مان، چونكه‌ ئه‌و یه‌كێتییه‌ به‌ بڕیاری پارله‌مان مافی دروستبوونی پێدراوه‌.
هه‌رگیز رێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ین چه‌ند نووسه‌رێك به‌هۆی كایه‌ی سیاسی خۆیانه‌وه‌ له‌ناو حزبه‌كاندا بكرێنه‌ نوێنه‌ری ئێمه‌‌و وه‌ك ده‌زانین له‌چه‌ند كۆنگره‌‌و كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌نێكی تردا بێت، به‌ سه‌دان خوێندكار‌و فه‌رمانبه‌ر براون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بده‌ن یان به‌شداری ئاهه‌نگێكیان پێ بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌یانه‌دا ده‌سته‌وه‌ستان نابین‌و ئه‌بێ‌ به‌فعلی یه‌كێًتی نووسه‌ران له‌لایه‌ن ئێمه‌ی گه‌نجانه‌وه‌ نوێبوونه‌وه‌ی تێدا بكرێت‌و ڕازیش نابین هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌ ئێستاوه‌ پۆستیان بۆ ده‌ستنیشان كراوه‌، هه‌روا به‌ ئاسانی ئه‌و پۆستانه‌یان وه‌ربگرن، ده‌بێت كۆنگره‌ ڕابگیرێت هه‌تا ئه‌وكاته‌ی ئێمه‌ش بتوانین به‌شداری تێدا بكه‌ین‌و به‌ دروستی نوێبوونه‌وه‌ی تێدا بكه‌ین، نه‌ك وه‌ك چاوبه‌ستن گۆنگره‌ ساز بكرێت‌و هه‌مان ده‌موچاوه‌كانی جاری جاران كه‌ هه‌تا ئێستا ته‌حه‌دایان ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر توانیبێتیان چالاكییه‌ك ئه‌نجام بده‌م، ئه‌گه‌ر خه‌می ئه‌و پیره‌ نووسه‌رانه‌ ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ن به‌ پۆستێك‌و پاره‌‌و بودجه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌ به‌ هه‌وه‌ستی خۆیان ببه‌شنه‌وه‌، ئه‌وا ئێمه‌ له‌ خه‌می ئه‌وه‌داین ڕه‌وتی ڕۆشنبیری له‌م شاره‌دا به‌ره‌و پێشتر بكه‌ین‌و به‌جیددی خوێنه‌ر به‌ كتێب ئاشتكه‌ینه‌وه‌ له‌ڕێی كۆڕ‌و سیمیناره‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان مه‌به‌سیانه‌ ببنه‌ ئاغای ناو ئه‌و یه‌كێتییه‌ی كه‌ یه‌كێتی ئێمه‌شه‌، ئه‌وا ئێمه‌ ده‌بینه‌ چقڵ ‌و به‌ چه‌ندین پرۆژه‌‌و كاری جوانه‌وه‌ ئه‌توانین یه‌كێتییه‌ك نوێبكه‌ینه‌وه‌ مایه‌ی هه‌موو فه‌خرێك بێت، ئێمه‌ ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی كه‌ بۆ خۆممانمان داناوه‌ كه‌سانێكن شایسته‌ی ئه‌وه‌ن له‌ناو ئه‌و یه‌كێتییه‌دا كار بكه‌ن‌و خاوه‌ن بڕیاری خۆیان ببن، ئه‌وكات ده‌بینرێ‌ كه‌ ئاشتبوونه‌وه‌ی نه‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕین ‌و نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین به‌ كار‌و چالاكی ده‌بێت، نه‌ك دورخستنه‌وه‌ی ئێمه‌‌و زیاتر به‌ قیندا چوونمان له‌و نه‌وه‌یه‌ی ده‌یه‌یه‌كه‌ ته‌نانه‌ت توانای نووسینێك یان تێكستێكی جوانیشیان نه‌ماوه‌،ئیتر با هه‌وڵ بده‌ین هه‌رچۆنێك بووه‌ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ ڕابگرین ئه‌تا ئێمه‌ش ئه‌توانین به‌شداری تێدا بكه‌ین.

له‌ ژماره‌ (5202) پێنج شه‌ممه‌ی به‌رواری (17/6/2010)ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

 

           

 

19/06/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com