بزوتنەوەی گەندەڵ، رۆشنبیرانی گەندەڵ

  

عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com




بە دوای بڵاوبونەوەی بابەتێکی شوان ئەحمەد لە دوو ژمارەی یەک لەدوای یەکی ئاوێنەدا سەبارەت بە گەندەڵیەکانی دەزگای سەردەم، و هەڵوێست وەرگرتنی چەند نوسەرێک بەرامبەر بە ئاوێنەو پاشانیش چەندین رونکردنەوەو بابەتی تر لەو بارەیەوە، نووسران و تا ئێستاش ئەم دۆسیەیە بە گەرمی ماوەتەوە. ئیستا تۆپی گەندەڵی لە ناو دەزگای سەردەم و ناوەندی ڕۆشنبیریدایە.
ئەوەی کە جێگای سەرنجە، زوربەی ئەو بەرێزانەی کە وەڵامی شوان ئەحمەدیان داوەتەوە یان هەلوێستیان بەرامبەر بە هەفتەنامەی ئاوێنە نیشانداوە، زوربەیان لایەنی زمان زبری شوان و درەنگ درکاندنی ئەو نهێنیانەیان کردۆتە نیشانە، نەک بابەتە سەرەکیەکە کەباسی گەندەڵی ناو دەزگایەکی پانو پۆڕی وەکو سەردەمە و نووسەریش بەڵگەکانی نیشانداوە.
لەوەش واوەتر هەموو ئەو بەریزانەی لەبەرامبەر زمان زبری شواندا، نارەحەتن، خۆشیان بەهەمان کەلتوری زبر زمانی وەڵامیان داوەتەوە. و کەسیشیان بە شێوەی جدی رەخنەیان روبەرووی ئەم دزی و گەندەڵییە نییە، کە لە تاڵەبانیەوە بۆ ناو دەزگای سەردەم شۆڕ بۆتەوە.
گەندەڵی و تاڵانی و زمان زبری لە تایبەتمەندیەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردن، بزوتنەوەی ناسیونالیستیش تەنها چەندحزبێک نین، وە تەنها لە زەمینەی سیاسیدا ئامادەییان نییە، بەڵکە بزوتنەوەیەکە لەهەموو زەمینەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، فکری و فەرهەنگی و کەلتوری... ئامادەیی هەیە. جگە لە حزبەکان و سیاسەتیان، بەسەدان تیۆریسیۆن هەزاران نوسەر و رۆشبیر، هەزاران هونەرمەند و ئەدیب و شاعیرو، میژوونووس، .....هەیە لە ناو ئەم لەشکرەدا تەنها ژمارەیەکیان حزبین و موچەخۆری حزبن باقیاتەکەی لەدەرەوەی تەلاری رێکخراوەیی حزبدان و ئەندامی حزبەکان نین، بەڵام هەمویان هەڵسوراو چالاکوانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردن.
لە حاڵێکدا بزوتنەوەیەکی سیاسی و حزبەکانی تاسەر مۆخ گەندەڵ بن و تەنانەت تاڵانیەکی ئاشکرا ناو بنێن گەندەڵی، چۆن دەکرێت ناوەندی رۆشنبیریەکەیی و میدیاکانی (بەحزبی و ناحزبیانەوە)، ناوەندە ئەدەبی و هونەریەکەی و نوسەرانی سەر بەم بزوتنەوەیە لە گەندڵی بەدەر بن؟
شەڕی گەندەڵی بە چالاکوانانی بزوتنەوەکە خۆی ناکرێت، شەری گەندەڵی بەو نوسەرو قەڵەم بەدەستانە ناکرێت کە سەر بە خانەوادەی بزوتنەوەی ناسیونالیسی کوردن، وە بەوانە ناکرێت کە تیرۆری داهاتی کۆمەڵگا، تاڵانکردنی ئاشکرا و سیستماتیکی داهاتی کوردستان ناو بنێن گەندەڵی. گەندەڵی لەتەواوی دنیای سەرمایەداریدا هەیە، لە دیموکراسیترین وڵاتانی دنیادا گەندەڵی دەبینرێت تا دەگاتە وڵاتانی دیکتاتۆرو دواکەوتوو، بەڵام ئەمەی کوردستان دزی و تاڵانیەکی ئاشکرایی دوو دەسەڵاتی میلیشیایی و بزوتنەوەکەیەتی بەگشتی. وەئەم بزوتنەوەیە لە هەموو زەمینەکانیدا، تاڵانچی و گەندەڵ و دژە مەدەنییە، کە ناوەندە ئەدەبی و رۆشنبیریەکەیشی گۆشەیەکییەتی.
زمان زبریش بەرچاوترین کەلتوری بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و نوسەرەکانیەتی. هەر بارگرژیەک لە نیوان حزبەکاندا بێتە پێشەوە، زمانی زبرو تۆمەتبارکردن، جنێو سوکایەتی بەیەککردن تا دەگات بە هەڵدانەوەی فایلی تایبەتی و رۆچون بۆ ناو ژیانی تایبەتی... دەست بۆ دەبەن. ئەمە هەر حزبەکان نین کەهەڵگری ئەم کەلتورەن. نوسەران و قەڵەم بەدەستانی ئەم بزوتنەوەیە لەشکرێک دا‌هێنەری جنێو و سوکایەتی بە ئینسان و کارگەی داهێنانی جنێو و زمانی زبریان هەیە، زۆر دوور رۆشتنی ناوێت هاوڕیی ١٠ سالە و ٢٠ ساڵەی هاوفکرو و هاوپیشەی یەکتری کە کەوتنە بەرامبەر یەکتری هیچی تیا ناهێڵنەوە، هەرچی لە هەگبەیان دایە لە زبر زمانی و سوکایەتی بە یەکتری و درۆ بۆیەک هەڵبەستن و تۆمەتبارکردنی یەکتری دەیگرنە بەر، فایلی دۆسیەی سەردەم نمونەیەکی گەرمە کە تائێستا هاڵاوی لێهەڵدەستێ.
تاڵەبانی و نەوشیراونی هاوڕیی ٤٠ ساڵەی یەکتری کاتێک بەهۆی ناکۆکی سیاسیەوە لیکدەترازێن و چی بەیەک ناکەن، و چیان نەکرد، کاتێک ئەمە کەلتوری رەمزە سیاسیەکانی بزوتنەوەی قەومی بێت، دەبێ چ چاوەروانیەک لە نووسەرانی بکرێت؟
ئەوەی کە هەموو نوسەرە ناسیونالیستەکان بەیەکتری دەکەن، سروشتی ترین دیاردەی کەلتوری ناسیونالستییە و هەمویان لەمەدا راست دەکەن کە دەڵێن زمانی زبر بەکاردەبەن.
یان باسی ئەوە دەکەن بۆ شوان دوای ١٢ ساڵ ئێستا ئەمانەی درکاندووە، بەراستی ئەمەش ڕەخنەیەکی هیچە، گرنگ ئەوەیە کەسێک دێت شتیک دەدرکێنێ، فایلێک ئاشکرا دەکات، ئەگەر کەسانیک رەخنەیان لە فایلەکە هەیە، بەڵگەکان و کێشەکە بەراست نازانن، ئەوە دەبێ وەڵامی ناراستیەکان، تۆمەتەکان بدەنەوە، بەڵام حەقیان نییە تەوقیت و کات دیاریبکەن بۆ ئاشکراکردنییان.
سەدان و هەزاران پرس و دۆسیەی لە تاریکی راگیراودا، سەدان هەزاران کێشەی نهێنی .... هەن. تازە لەوانەیە ئاشکرا ببن، ئایا درەنگ ئاشکرا بوونیان ‌هیچ لە ناوەرۆکەکانیان کەم دەکاتەوە؟ یان دەکرێت ئەمە بکرێتە پاساو بۆ دیزەبەدەرخۆنە کردنیان؟ ئایا ئەگەر ئێستا کەسوکاری قوربانیانی شەری ناوخۆ داوای چارەنووسی کوڕ و هاوسەر و برا... دەکەن، حەقی داواکردنیان فەوتاوە چونکە چەند ساڵە وەکو ئێستا داوایان نەکردووە؟ ئایا کەسانێک کە نهێنیەکانی کوشتنی نەیارانی سیاسی، نهێنی شەری ناوخۆ، نهینی تیرۆرەکان، نهینی پەیوەندیە ژێربەژێرەکان لەگەڵ دەزگا جاسوسیەکانی وڵاتەکانیان و... لایە، حەقیان نییە ئیستا یان دوای دەیان ساڵی تر، ئاشکرای بکەن؟ یان بەدوای کاتێکدا بگەڕین کە خۆیان بە شیاوی دەزانن؟
یەکێکی تر لە داهێنانەکانی میدیای ناسیونالیستی و نووسەرانی ئەوەیە کە بەشیوەی ئیلتقایی و بە مەزاج دەیانەوی زانیاری بگوازنەوە و کۆمەڵگای لێ بەئاگا بهێنەوە، نەک ئەوەی بەئەرکی خۆیانی بزانن هەموو زانیاریەک بە شێوەی خۆی بگەیەنە کۆمەڵگاو بەیەکسانی سەیری فایلەکان بکەن و هەموویان بگوازنەوەو بوروژێنن.
ئێستا کە دۆسیەی سەردەم کراوەتەوە زوربەی نووسەرانی سەر بەو کەلتورە دەیانەوێ پەردەپۆشی بکەن. هەروەکو چۆن لە دۆسیەی شەڕی ناوخۆ و ‌هەڵەبجە و تیرۆری نەیارانی سیاسی کە لە گۆشەیەک لە دانپیانانەکانی تاڵەبانی و نەوشیروان، هات. هەر مۆدیلی ئەم نوسەرانەو میدیاکەیان لە ژیر ناوی ئەوەی کاتی نییە، وەزع ناسکە، بارگرژی دروست دەکات، داویان دەکرد کە بڵاوکردنەوەیان ئەمانە رابگیرێن، لە کاتێکدا ئەگەر راستگۆیی لە کاری راگەیاندن و میدیاییدا ببووایە، ئەبوایە هەموو هەوڵیكیان ئەوە بویە، کە ئەم کەیسە گرنگانە کە بەسەدان ئینسان تییادا کوژراون و بخەنە بەردەم کۆمەڵگاو دادگاش بەدواداچوون و لێێچینەوە لە تۆمەتبارانی بکات، بەسەرە بچوک و گەورەکانەوە.
رۆشنبیران و نووسەرانێک کە خۆیان بەبەشیک لە دنیای شارستانی و عەوداڵ بەدوای راستی و عەدالەتدا دەزانن، و لە دنیای واقعیدا بەشیک نیین لە هەڵگرانی کەلتوری ناسیونالیستی، بەکردەوە دەزانن ناسیونالیزم و کەلتورەکەی لەم سەردەمەدا، چ فایرۆسێکی ویرانکەری کۆمەڵگاو ئینسانیەتە، ئەرکیانە کە زۆر بەجدی بەدوای تۆمارو فایلە شاراوەکاندا بچن و گوشار بهێنن تا لایەنە سیاسیەکان، کارکتەری ناو دۆسیەکان، لە دۆسیەی هاوکاری کردن لەگەڵ دەزگا جاسوسیەکانی وڵاتانی ناوچەکەوە، تا دۆسیەی شەرە زنجیرەیەکانی ناوخۆ، دۆسیەی شەڕی نارەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان، دۆسیەی راوەدونان و شکنجەدان و تیرۆرو پلان لەدژی حزب و نەیارانی سیاسی یەکتری و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی ناوچەکە، دۆسیەی سەرکوت و شکنجەو زیندان و تیرۆری نوسەرو رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی سیاسی و چەپ و کۆمۆنیست و رابەرانی جەماوەری، تا دەگات بە فایلی تاڵانی و گەندەڵی... ئاشکرا بکەن و ڕێگەبگرن لەوەی ئەم هەموو تاوان و ناحەقیانە، بێدەنگەو چاوپۆشیان لێبکرێت و دیزە بەدەرخۆنە بکرێن. میدیای حزبی و ناحزبی سەر بەکەلتوری ناسیونالیستی، حزب و هێلە سورەکانی بزوتنەوەکەیان رێگەیان پێنادات ئەم راستیانە، بگەیەنە کۆمەڵگا. ئەمە کاری ڕێکخراو و حزبی سیاسی رادیکاڵ و شارستانی، نووسەران و رۆشنبیران و میدیایەکی نەترسە، کە بۆ ئازادی بیقەیەوشەرتی سیاسی و بەیان و بڵاوکردنەوەو رادەربڕین و و راستی دەرخستندا، نەسنورێکی هەیە و نە ئامادەی هیچ سازشێکە.
١٣-٠٧-٢٠١٠



 

           

 

16/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com