بەڵگە نەویستە کە ژیان خۆشترە، لەمەرگ. بەهای ژیان زۆر
گەورەترە لە بەهای مەرگ و کەس خوازیاری مەرگ نییە.
مەرگ دۆستی، خولیایەکی شێتانەو گەمژانەیە کە یەخەگیری
ئومێدبڕاوەکان، بێداهاتووەکان دەبێ. هەربۆیە هەوڵ و
تێکۆشان بۆ ژیانێکی باشتر، هیواو خولیایەکی بێ کۆتای
ئینسانە. مێژووی تائێستای بونەوەرەکانی گۆی زەوی،
مێژووی خەباتێکی نەپساوەیە بۆ ڕەنگینترکردنی ژیان و بە
پیرۆز راگرتنی.
هەمیشە وا باوە، ئەو ئینسانانەی لە ژیانیاندا،
ئەفراندنێك، دۆزینەوەیەک، گۆرانکارییەک، وەرچەرخانیک،
خزمەتێکی دیاریان... کردوە بە کۆمەڵگا یان بەلایەنێکی
دیاری کۆمەڵ، ناسراو بوون و ناوبانگیان دەرکردووە، بە
وێنەی ڕەمز لە کۆمەڵگادا، ناسراون و مرۆگەلی زۆر
هەوڵیانداوە یان ئارەزوویان بووە، وەک ئەمان بن و ببنە
سومبل. ببنە ناودارانی کۆمەڵی خۆیان و کەسانی دیاری
ناو ژیانی نەوەکانی داهاتوو.
دەگمەنن ئەو ئینسانانەی بە مەرگ و تراژیدیای مەرگ،
بەهایان لە بەهای ژیانکردنیان بەرزتر بووبێت. دەشێت
ئەو مرۆڤانەی بەهای مەرگی تراژیدیان لە بەهای ژیانیان
گەورەتر بووە، لە ژیانیاندا بە مانەوەیان لە ژیاندا،
بە داهێنانیك، بە دۆزینەوەیەکی زانستی، بەگەورە کارێک،
بە نمایشکردنی توانایەکی پڕسەلیقەو دیاری هێنانێک بۆ
رەنگینترکردنی ژیان، بەهای ژیانیان بە ئاراستەی
ترۆپکدا کێش کردبا. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە ناوازەن ئەو
ئینسانانەی بەهای مەرگیان لە بەهای ژیانیان لە چاوی
کۆمەڵگادا گەورەترە.
سەردەشت عوسمانی خوێندکارو ڕۆژنامەنووس، سەردەشتی تازە
تەمەن لاوی چرۆ کردوو، مەرگە تراژیدی ئامێزەکەی،
بەهایەکی گەورەی پێبەخشی، کە زۆر گەورەتر بوو لە بەهای
تەمەنی ٢٣ ساڵەی.
سەردەشت تا ئەو ڕۆژەی مەرگچینەکان، گیانیان لێسەندو
ژیانیان بۆ هەمیشە لێ تاراند، کوڕی خێزانێکی هەولێر،
خاوەن کەس و کارو خزمانێکی دیاریکراو، خۆشەویستی چەند
هاوڕێی کۆنی تەمەنی مناڵی و قۆناغەکانی خوێندن،
خۆشەویستی ژمارەیەک هاوپۆل و هاوڕێیانێکی لە زانکۆ،
ژمارەیەک رۆژنامەنووس و هاوپیشەی، و خۆشەویستی چەندین
دۆست و هاوڕێێ ناو دنیا تۆرەکانی ئەنتەرنێت و ... بوو.
بەڵێ سەردەشت خۆشەویست و خاوەنی ئەمانە بوو، لەگەڵ
دەریایەک لە خولیاو ئارەزووی وەدی نەهاتوو کە لەدڵی
هەموو لاوێکی هیواخنکێنراوا، هیواجوانەکانی ژیانن.
سەردەشت لەدیدی بەرابەری خوازییەوە، لە "نا" وتنی بۆ
ژیانی شاهانەی کەمینەیەک کە ژیانی ملیۆنەها ئینسانیان
لەهەموو زەمینەیەکی ژیاندا بە دەسەڵاتی زۆرو
داسەپاویان زنجیر کردووە، هەزاران حەرام و حەڵاڵی
درۆزنانەیان بە پیرۆز راگرتووەو لە قاڵبی یاساییدا،
دایان سەپاندۆتە سەر کۆمەڵگا و نەوەی دڵپڕ لە ئارەزوو
خولیا، گیانی لێدەسەنرێتەوە. ئەو کاتەی هەواڵی
سەندنەوەی ژیان لە سەردەشت بە خێرایەکی بێئەوپەڕ
کۆمەڵگا دەتەنێ و وەکو هەوا دەچێتە ناو خانەکانی
کۆمەڵگاوە، ئیدی زوو سەردەشت دەبێتە خۆشەویستی هەموو
ئەوانەی لە خۆشەویستی ژیان تێدەگەن و مانای ئازادی
بۆیان، "نا" وتنە بە دەم بەستن و سنوردانان بۆ بەیان و
دەربرینی پەیفی ئازاد، مانای ئازادی بۆیان "نا" وتنە
بە نابەرابەری، و دەنگ هەڵبڕینە بەرووی دەسەڵاتی
کەمینەیەک و لە ناو کەمینەکەشدا، ئیلێتی" بژاردە"ی
بنەماڵە.
خۆشەویستان و غەمبارانی دوای مەرگی پڕ تراژیدی سەردەشت
ئێستا هەر خیزان و کەسوکار و هاوڕییانی مناڵی و
قۆناغەکانی خوێندن و زانکۆ و چەند رۆژنامەنووس و
هاوپیشەکانی پێشووی نین. ئێستا خۆشەویستانی لێوان لێوی
کۆمەڵگای کوردستان و دەنگی رەسایی ئازادیخوازیی دنیای
داواکراوی ئازادی و بەرابەریخوازییە. لەهەر شوێنێکی
کوردستان باسی ئازادی هەیە، سەردەشت ئامادەییە، لەهەر
گۆشەیەکدا باسی ڕەچەشکێنی لە ئارادایە، بابەتی من
عاشقی کچی بارزانیم، وێردی زمانە. لەکەنار هەر کۆرو
کۆبونەوەیەکدا، کە باسی نابەرابەری و دەسەڵاتیی
بنەماڵەیی بوونی هەیە، سەردەشت لەوێیە. وە لەهەر
پانتایەکدا باسی نەفرەت لە ڕفاندن و تیرۆرە، سەردەشت
یەکێک لە زیندوترین کائینی ئەو پانتایەیە.
تیرۆری سەردەشت، نەدەنگی ئازادی و نە هاواری دژ بە
نابەرابەری، پێ لاواز کرا. نا، تیرۆری سەردەشت بوو
بەزەنگی بێدارکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگا. راسانی
ئازادیخوازی و دادپەروەری گەورەتر کرد. ژیان
رفاندنیشی، کردە هاوارێکی غولئاسا بۆ ژیان.
بۆیە مەرگی سەردەشت پڕ بەهاتر لە ژیانی بوو، چریکەی
گەروەکانی بۆ ئازادی و ژیان، بۆ نەوەی دڵپڕ لەهیوا، بۆ
ئاییندەی گەشاوە، بەرزتر کرد.
٢/٧/٢٠١٠
|