ئه‌ستێره‌کان ڕه‌شپۆشن
سه‌رده‌شت ئاوای گووت!

  

نووسینی : عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)


 په‌خشانه‌شیعر



ئه‌ستێره‌کان ڕه‌شپۆشن، چونکه‌ باڵنده‌ زمانی فڕینی لێ قه‌ده‌غه‌ ئه‌کرێ، چونکه‌ دار زمانی به‌روبوومی لێ ئه‌سه‌نرێته‌وه‌،چونکه‌ گژوگیا زمانی سه‌وز بوونی زه‌رد هه‌ڵئه‌گه‌ڕێ. ڕه‌شپۆشن چونکه‌ هه‌تاو مانی له‌ هه‌ڵهاتن گرتووه‌. "با" له‌ سه‌ر جێگه‌ی مردنه‌ و شاخه‌کانیش له‌ ڕیزێکی درێژدا چاوه‌ڕوانن به‌ڵکه‌ ناویان له‌ نێو لیستی لێبووردنی گشتی به‌غدا هاتبێته‌وه‌. ڕه‌شپۆشن، چونکه‌ سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ له‌ گۆڕه‌که‌ی یاخی بووه‌ و ده‌یه‌وێ گؤر بۆ شه‌مشه‌مه‌کوێره‌کان هه‌ڵبکه‌نێ. ڕه‌شپۆشن چونکه‌ من له‌ مه‌رگ هه‌ڵگه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ و ده‌مه‌وێ به‌ ده‌سته‌کانی خۆم په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌ی گۆڕه‌که‌م لا ببه‌م وچاوم له‌ هه‌تاوی ڕه‌شی ژیان بێت. ڕه‌ش ئه‌پۆشن چونکه‌ لێره‌ له‌ کوردستان،شه‌مشه‌مه‌ کوێره‌ی چاخه‌کانی به‌ردین و ئه‌شکه‌وته‌ دژ به‌هزره‌کان فتوا ئه‌ده‌ن له‌ وشه‌ و له‌ شیعر و جوانی. دڵه‌ ڕه‌ش و تاریکه‌کان چاویان به‌هه‌تاو هه‌ڵنایێ وهه‌موو ڕۆژێ مۆمێک له‌ مۆمدانی خه‌یاڵ سه‌رئه‌بڕن و ڕاپۆرت ئه‌ده‌ن له‌ ئازادی. ڕه‌نگه‌کان هه‌موو ڕه‌شپۆشن. گۆرانییه‌کان ڕه‌شپۆشن. ئازادییه‌کان ڕه‌شپۆشن، چونکه‌ وشه‌ نایه‌وێ دڵ جێبهێڵێ، چونکه‌ عه‌شق له‌سه‌ر سینی سیاسه‌تا له‌سه‌ر بان و سه‌ر کۆلیته‌ نزمه‌کانی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌درێته‌ خۆر. ڕه‌شپۆشن چونکه‌ کلتوور کوژه‌کان سه‌ری ئه‌فسانه‌کان شۆڕ ئه‌که‌ن و نه‌ورۆز و حامورابی به‌ده‌ست به‌ستراوه‌یی له‌باخچه‌کانی یاده‌وه‌ری ڕائه‌گرن و به‌ شمشیری زولفوقار و زولشته‌کانی تر ئاڤێستا له‌توپه‌ت ئه‌که‌ن.سه‌رده‌شت ئاوای گووت.
ئه‌ستێره‌کان ڕه‌شپۆشن چونکه‌ له‌ هه‌نگووچکه‌که‌ی دایکم شیعرم ئه‌شارده‌وه‌ و ئێوارانیش گوێم له‌ به‌سه‌رهاتی پیره‌ قه‌رات ئه‌گرت. ئه‌چوومه‌ پارکه‌ تازه‌کان،به‌ڵام دڵم هه‌ر له‌ لای کۆلیت و کوخه‌کانی کلک مشک و باداوه‌ بوو. ئه‌چوومه‌ پۆل به‌ڵام دڵم هه‌ر له‌لای تاقیکردنه‌وه‌ی ئازادی بوو. ئه‌چوومه‌ باژێڕ و که‌چی دڵم هه‌ر لای ئه‌و که‌نیشکه‌ بوو که‌به‌تیله‌یه‌ک بۆی ببووم به‌ عاشق. ئه‌چووم بۆ ئاهه‌نگ و سه‌یرانه‌کانی زانکۆ،به‌ڵام دڵم هه‌ر لای ئایه‌تولکورسییه‌که‌ی دایکم بوو. دڵم نه‌ئه‌هات پیاسه‌کانم جێبهێڵم تا کۆتره‌کانی شێخه‌ڵڵام لێ زویر نه‌بن. ئای ئێستاش بیری هاوڕێکانم و زانکۆ ئه‌که‌م. سه‌رده‌شت ئاوای گووت.
ئه‌ستێره‌کان ڕه‌شپۆشن چونکه‌ له‌تای ته‌رازووی دادپه‌روه‌ری کوردستانم حه‌رام و بێده‌نگ بوون‌ له‌تایه‌ک و تیرۆر له‌تایه‌که‌ی تره‌. چونکه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ گوڵ بده‌ی له‌یه‌خه‌ی خۆشه‌ویستی. چونکه‌ ناکرێ مۆڵه‌ت له‌ زمان وه‌ربگری تا نه‌یه‌ته‌ گۆ، چونکه‌ ناکرێ داوا له‌ ده‌م بکرێ خۆی دابخات. چونکه‌ ناکرێ په‌پووله‌کان باڵیان بسووتێ به‌مۆمی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات. نا‌کرێ له‌ حیکمه‌ته‌کانی جوانییه‌وه‌ ببینین ژیان ئه‌ڕژێ به‌سه‌ر کوخه‌کانی نه‌هامه‌تی مرۆڤ و که‌چی سوڵتان خۆر زیندانی ئه‌کات و تریفه‌ سه‌رئه‌بڕێ. سوڵتان ته‌وقێکه‌ له‌ملی ئازادیدا و هه‌تا دێت ته‌نگتر ئه‌بێته‌وه‌. سوڵتان خه‌ون کوژه‌ .سه‌رده‌شت ئاوای ده‌گووت.
کۆچی من کۆچێکی ساده‌یه، ئاڵۆز و موعه‌مما نییه‌. کۆچی من له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ک بوو به‌ر له‌هه‌ڵهاتنی خۆر و پێش فڕێدانی ده‌مامکه‌کان. من نه‌ له‌گوناهه‌کان هه‌ڵگه‌ڕابوومه‌وه‌ و نه‌ڕوخساری ویژدانێکم ئازاردابوو.له‌شانشینی خه‌مه‌وه‌ خه‌ریک بووم مه‌رگم کاتاگۆری ئه‌کرد، له‌ناکاو لۆزه‌نده‌کانی سوڵتان به‌سه‌ر پردی تاریکییه‌وه‌ په‌ڕاندمیانه‌وه‌ بۆ ئه‌و مێرگه‌ تاریک و ته‌نیایانه‌ی که‌ هیچ که‌س نه‌ بینیویه‌تی و نه‌ ئه‌شتوانێ هه‌ستی پێبکات.ته‌نیایی مژۆڵ و ئازاربه‌خشه‌ و من له‌م ئارامگایه‌ خه‌ریکی نووسینێکم له‌سه‌ر برینه‌کانی ئازادی و هه‌توانه‌کانی. سه‌رده‌شت ئاوای گووت.
ئه‌ستێره‌کان ڕه‌شپۆشن چونکه‌ ڕێگه‌ی خه‌وبینینم لێگیراوه‌، چونکه‌ بۆم نییه‌ به‌فه‌نتازیا هه‌ڵگه‌ڕێم،نابێ بڤه‌کان ماچ بکه‌م، چونکه‌ بۆم نییه‌ له‌سه‌مای ئێوارانی شاره‌که‌ما ، چاکه‌ته‌ زه‌ی موه‌حه‌ده‌که‌م دابکه‌نم و به‌په‌نچه‌ی دۆشاومژه‌ما بیده‌مه‌ سه‌ر شانی چه‌پم و له‌سه‌ر یه‌ک پێ جاویدانه‌ وه‌ک سه‌رخۆشێک به‌ شه‌رابی حه‌قیقه‌ته‌وه‌ خۆم بکه‌م به‌ئاپۆره‌که‌ی لای باتا‌وه‌ و له‌به‌رده‌م گه‌س فرۆشه‌که‌ی سه‌ر جاده‌که‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ر په‌ڵه‌خوێنی ئاراس بکه‌م و بڵێم سڵاو ئه‌ی مۆمه‌ نه‌کوژاوه‌که‌ی ڕێگای ڕاستی، سڵاو ئه‌ی گوڵه‌ ژاکاوه‌که‌ی به‌هار.ئینجا بچم له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزه‌رانی ئاسایشی سوڵتانه‌کان، تا ئه‌توانم وه‌ک نه‌وڕه‌سێکی بریندار بقیژێنم. ئای که‌چه‌ند تووڕه‌م ئازادی.سه‌رده‌شت ئاوای گووت.
ئه‌ستێره‌کان ڕه‌شپۆشن چونکه‌ گزنگ ئه‌بینن کیسه‌ی شه‌ویان له‌سه‌ر ئه‌کرێ و ئه‌بردرێن بۆ هه‌رێمه‌ قاچاخه‌کانی بوون، چونکه‌ به‌هار ئه‌بینین گه‌ڵا له‌پایز قه‌رز ئه‌کا و گوڵ ئه‌بینین هه‌ر به‌خونچه‌یی سیس ئه‌بێ و ئه‌ژاکێ.چونکه‌ نیشتمان عه‌جمانی لێبڕاوه‌ و به‌بێ تاقه‌تی له‌سه‌ر تیله‌ی کۆڵانه‌ ڕیشنه‌کان چاوه‌ڕوانمه‌ بڕؤمه‌وه‌ و گله‌یی دوواکه‌وتنم لێبکات، چونکه‌ زناره‌کان به‌پۆلێ مه‌لی سپییه‌وه‌ خه‌ریکن خۆیان ده‌هاونه‌ باوه‌شی گه‌رمه‌سێری بیابانی بێکه‌سیمان.سه‌رده‌شت ئاوای گووت.
به‌دووای فه‌لسه‌فه‌یه‌کدا ئه‌گه‌ڕێم به‌قه‌د دڵی دایکم میهره‌بان بێ.تووڕه‌ش بێ وه‌کو ئاخه‌کانی ئێمه‌. فه‌لسه‌فه‌یه‌ک دڵگیر بێ تا چه‌می ژیان پڕ له‌سۆز بێ و تاڤگه‌ی خۆشه‌ویستی قه‌ڵبه‌زه‌ بکا.وێڵم به‌دووای ڕێگایه‌کدا نه‌مباته‌وه‌ به‌ره‌و بانه‌،به‌ڵکو به‌ره‌و قووڵایی ده‌ریاکانی بیرکردنه‌وه‌ و ڕامانم ببات.بمبات به‌ره‌و که‌ناره‌کانی خۆشنوودی. به‌دووای ماچێکدا عه‌وداڵم تازه‌ ماچ بێ و به‌هیچ لێوێک ئاشنا نه‌بێ، ماچێک له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵم بگرێ و بمبا به‌ره‌و زه‌رده‌په‌ڕه‌ ونبووه‌کانی شاره‌که‌م، بمبا به‌ره‌و ئۆقره‌یی و دانووسان له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌. سه‌رده‌شت ئاوای گووت.
ئه‌ستێره‌کان ڕه‌شپۆشن و هه‌ر به‌ڕه‌شپۆشیش ده‌مێننه‌وه‌ تا بڵێسه‌کانی تووڕه‌ییم خۆیان نه‌سپێرن به‌ ئه‌ڤین و تا خه‌مه‌کانم له‌ژێر کانیاوی کامه‌رانیی کاڵ نه‌بنه‌وه‌. تا خه‌ونه‌کانم بکوژرێن، تا وێنه‌کانی دایکم و کچه‌ ده‌زگیرانه‌کم له‌باخه‌ڵ نه‌بێ،تا نه‌یه‌مه‌وه‌ نێو پۆله‌کانی زانکۆ و ڕۆژنامه‌ی ژیانم ده‌رنه‌که‌م و وه‌ک سه‌رنووسه‌ری عاشقێکی شێت و گومڕای ڕۆژنامه‌یه‌ک خۆم نه‌نووسمه‌وه‌.تا کڵاوی ده‌رچوونم له‌ئاهه‌نگی ڕۆژی ده‌رچوونم هه‌ڵنه‌ده‌م به‌ئاسمانا، تا منداڵانی باداوه‌ و ڕه‌حیماوه‌ و سه‌رچنار و خانووه‌ گڵ و نزمه‌کانی کوردستانم برسی بن.تا قه‌ڵه‌م له‌سێداره‌ بدرێ من هه‌ر له‌وێم و له‌ناوتانم. له‌ئاهه‌نگ و له‌کۆڕو کۆمه‌ڵتانم و به‌رده‌وامیش یادتان ئه‌که‌م. سه‌رده‌شت ئاوای گووت.

که‌نه‌دا / ئایاری 2010
تێبینی : ئه‌م په‌خشانه‌شیعره‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی (هه‌واڵ) ژماره‌ 385 ی 10-07-2010 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.


 

           

 

10/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com