تێكه‌و فڕكه‌

  

عه‌لی سدیق



ئه‌مساڵ (یوسفی چایچی) وه‌زاره‌تی رۆشنبیری خزمه‌تی ده‌بێته‌ 32 ساڵ چایه‌چیاتی له‌و وه‌زاره‌ته‌، له‌ (1978)ه‌وه‌ له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ و له‌ (1991)ه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌ت. ئه‌و 32 ساڵه‌ چا تێده‌كا و رۆشبیرانیش فڕی ده‌كه‌ن، جارجاره‌ش ده‌ڵێ:"تێكه‌و فڕكه‌". ئه‌و زۆر به‌ ده‌گمه‌ن چای دووه‌م بۆ هه‌ركه‌سێك تێ ده‌كا، هه‌ر چایه‌ك و ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی نه‌بێت، ده‌یكات به‌ دوو، به‌ڵام جۆرێك له‌ هه‌ڵچوونی پێوه‌ دیاره‌ كاتێك ناچار ده‌كرێت!.
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجی راكێشام ئه‌و نووسینه‌ له‌سه‌ر (یوسفی چایچی)بنووسم، ساده‌یی و راستگۆیی بوو له‌و پیاوه‌، ده‌ڵێن: له‌ نه‌وه‌ته‌كان پیاوێك به‌ناوی (حاجی مسته‌فا) ژن بۆ یوسف دێنێ، (یوسف)یش، وه‌ك وه‌فایه‌ك یه‌كه‌م كوڕی خۆی ناو ناوه‌ مسته‌فا.
راوێژكارێكی وه‌زاره‌ت باسی له‌وه‌ ده‌كرد كاتێك زانراوه‌ یوسف ناوی منداڵه‌كه‌ی ناوه‌ مسته‌فا، چه‌ند كه‌سێك نووسراوێكیان بۆ وه‌زیر (محمود محمد)كردووه‌ و بۆیان نووسیوه‌: "یوسفی چایچی كوڕێكی بووه‌و به‌ناوی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ناوی ناوه‌" وه‌زیریش كه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانێ، بریارده‌دا پاداشتی (یوسف) بكات، كاتێك بانگی یوسف ده‌كه‌ن پاداشته‌كه‌ی وه‌رگرێ، له‌به‌رده‌م وه‌زیر ده‌لێ"جه‌نابی وه‌زیر من پاداشت وه‌رناگرم، چونكه‌ من منداڵه‌كه‌م به‌ناوی حاجی مسته‌فا كردووه‌، ئه‌و ژنی بۆ هێنام".
له‌و كاته‌ی (سامی شۆرش) وه‌زیری رۆشنبیر بووه‌، یوسفی چایچی كوڕێكی دیكه‌یان ده‌بێت و ناوی لێ ده‌نێن (سامی) ، هه‌ر ئه‌و راوێژكاره‌ باسی له‌وه‌ ده‌كرد، نووسراوێكیان بۆ وه‌زیر كردوه‌و باسیان له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ یوسف كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی وه‌زیره‌وه‌ ناوناوه‌، ده‌یگوت كه‌ (سامی شۆڕش) به‌وه‌یزانی، 300,000 دینار پاداشتی بۆ ده‌نووسێ، به‌لام كاتێك یوسفی چایچی بانگ ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی پاره‌كه‌،یوسف ده‌لێ" جه‌نابی وه‌زیر من كوره‌كه‌م به‌ناوی تۆ نه‌كردووه‌و به‌ناوی( سامی یوسف)ی هونه‌رمه‌ندی ئاینی ناوم ناوه‌و پاره‌ش وه‌رناگرم".
ئه‌مه‌ دوو نموونه‌ی پڕ له‌ راستگۆیی پیاوێكی ساده‌یه‌، كه‌ به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵات له‌ فه‌رمانگه‌كه‌ی (وه‌زیر) نیشانی داوه‌و ئه‌وانیش كاتێك هه‌ستیان به‌ راستگۆیی ئه‌و پیاوه‌ كردووه‌، نه‌ دڵیان شكاوه‌و نه‌ قسه‌یان پێگوتووه‌و نه‌ ده‌ریان كردووه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ باكگراوندی ئه‌و پیاوه‌وه‌ بڕوانین و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر راستگۆیی و پاكی له‌ مرۆڤی ساده‌دا بكه‌ین، ده‌بینین كه‌ پیاوێكی وه‌ك (یوسفی چایچی) پڕه‌ له‌ به‌رائه‌ت و 32 ساڵه‌ به‌و گیانه‌ له‌خۆبرده‌ییه‌وه‌ كارده‌كات و هیچ شتێك ناچاری ناكات درۆی له‌ پێناو بكات، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و پێشینه‌یه‌ له‌ خۆڕا نییه‌و په‌یوه‌ندی به‌ په‌روه‌رده‌كردن و قه‌ناعه‌تێكه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌شێ مرۆڤ تا مردنیش پێی ئاسوده‌ بێت. راستگۆیی وه‌ك زنجیره‌یه‌كه‌و له‌ منداڵیه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كاو له‌ قۆناغه‌كانی دیكه‌ی ژیان پته‌وتر ده‌بێت، كه‌ په‌روه‌رده‌و هه‌ڵس وكه‌وتی خێزان په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به‌ پته‌وبوونی هه‌یه‌، دروست بوونی ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ش به‌ داهات و ماڵ و ژیان په‌یوه‌ندی به‌ خوێندن و خێزانی رۆشنبیر و خاوه‌ن پله‌و پایه‌ نییه‌، به‌ڵكو هێزی باوه‌ڕ به‌خۆ بوون و مانه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ره‌وشتێكی به‌رز، كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆر كه‌م بووه‌و، ئێستا سه‌رده‌م سه‌رده‌می ناپاكی و ئه‌زمه‌ی ره‌وشت و ویژدان و پاكی و وه‌فایه‌، له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو شته‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ته‌سكی ماددی كۆبوونه‌وته‌وه‌و زۆربه‌مان به‌رامبه‌ر خودی خۆشمان راستگۆ نین و هه‌میشه‌ له‌ ترسێك راده‌كه‌ین كه‌ بوون و مانه‌وه‌مانه‌ له‌ پله‌ و پایه‌یه‌كی ئابووری و كۆمه‌لایه‌تی و ئه‌خلاقیه‌، باوه‌ڕشمان به‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ شه‌خسیه‌كانمان ده‌توانین ئه‌و به‌هایانه‌ وه‌ك خۆی بهێلینه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ك هه‌موو ئه‌و نووسه‌رو رۆشنبیرانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ ئیشیان فڕكردنه‌، ئاوڕێك له‌و كه‌سانه‌ش بدرێته‌وه‌ كه‌ ئیشیان تێكردنه‌و هیچ له‌ وه‌زاره‌تێكی ئاوا كه‌م نابێت، كه‌ ده‌یان فه‌رمانبه‌ری بێكاری هه‌یه‌، هیوادارم له‌ هه‌ڵگیرساندنی مۆمی 33 ساله‌ی ته‌مه‌نی چا تێكردنی (یوسفی چایچی) رێزی لێ بگرن و چایه‌كی بۆ تێكه‌ن، تاكو ئه‌ویش وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیكه‌ فڕی بكات.


Ali.sediq@yahoo.com



 

           

 

06/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com