له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که چاوه‌ڕوانی یه‌کانی زۆربه‌ی
هه‌ره زۆری خه‌ڵکی عێراق له (کاره‌با) هه‌ر
ئه‌وه‌یه، که وایان لێبکات به‌سه‌ر ئه‌و دیارده
سروشتیانه‌دا زاڵ بن، که له ئه‌نجامی خولانه‌وه‌ی
پلانێته نه‌سره‌وته‌که‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆیی و
خۆردا دروست ده‌بن، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و
ده‌سڵاتدارانه‌ی که ناتوانن خولانه‌وه‌ی زه‌وی ڕاگرن،
ناچار بوبن له نه‌بوونی کاره‌باکه‌دا، بگه‌ن به
ئاواته‌کانیان و له جیاتی ئه‌وه‌ی پلانه‌کانیان به
ڕوناکی جێبه‌جێ بکه‌ن و کێشه گه‌رمه‌کانی نێوانیان
له‌به‌ر هه‌وای فێنکدا تاوتوێ بکه‌ن و دانوستان بکه‌ن،
ده‌بێت له تاریکی و له پله‌ی گه‌رمای په‌نجا
پله‌ییدا مشوریان بخۆن! هه‌ربۆیه منیش ناچارم له‌به‌ر
تیشکی ئه‌و بێکاره‌باییه‌دا ئامانج و
پلانه‌کانه‌کانیان لێکبده‌مه‌وه! به‌واته‌یه‌کی تر
ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت نیشانه‌ی ململانێیه‌کی لاسه‌نگه
له نێوان به‌ره‌یه‌کی فراوان و به‌هێز(له‌وانه‌ی که
قازانجیان له درێژه‌کێشان و قورستربوونی کێشه‌ی
کاره‌بادایه) و به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی عێراقدا، که
جگه له په‌رچه کردارێکی پرش‌وبڵاو و ناڕۆشن
به‌رامبه‌ر هه‌نگاوه ورده‌کانی ئه‌و نه‌خشه و
پلانانه، خاوه‌نی هیچ ڕابه‌رایه‌تی و تاکتیک و
نه‌خشه و پلانێک نین بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و
کێشه‌یه.
ئه‌ی که‌واته ئه‌و به‌ربه‌سته چی یه که واده‌کات
ئه‌و بڕیارده‌رانه یه‌کسه‌ره ئامانجه‌کانیان
ڕانه‌گه‌یه‌نن و ناچار بن ئه‌م هه‌موو کاته چاوه‌ڕێ
بکه‌ن و ئه‌م هه‌موو نه‌خشه و پلانانه بخه‌نه‌کار؟
من سه‌ره‌تا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره و
ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و خاڵی هێزه‌ی که خه‌ڵکی عێراق
سه‌ره‌ڕای ئه‌و لاوازی یانه‌ی سه‌ره‌وه له‌م ململانێ
یه‌دا هه‌یه‌تی، ئاماژه‌یه‌کی کورت به پێوه‌ری خه‌ڵكی
عێراق بۆ کاره‌با و چه‌مکه‌که‌ی ده‌که‌م.
له مێژووی عێراقدا، فشاری( ماف) کاره‌بای له بوارێکی
وه‌به‌رهێنانه‌وه گۆڕی به ( ئه‌رک)ێکی ده‌وڵه‌ت
مێژووی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با له عێراقدا
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1917( که مۆتۆڕی دیزڵ ته‌نیا
بۆ ڕوناک کردنه‌وه‌ی خه‌سته‌خانه‌کان و سه‌ربازگه‌کان
و شه‌قامی ڕه‌شید به‌کار ده‌هێنرا) به‌ڵام مێژووی
به‌هره‌مه‌ندبونی خه‌ڵکی عێراق( به تایبه‌تی
دانیشتوانی به‌غدا) له ساڵی 1955 ه‌وه
ده‌ستپێده‌کات( ئه‌و کاته‌ی که دوو کۆمپانیای سویسری
و به‌ریتانی توانی یان ژماره‌ی یه‌که‌کانی ئه‌و دوو
وێستگه هه‌ڵمی یه‌ی که کۆمپانیایه‌کی سویسری دروستی
کردبوو، بگه‌یه‌ننه 7 یه‌که و هه‌موویان پێکه‌وه 41
مێگا وات توانایان هه‌بوو). بڕوانه
http://www.moelc.gov.iq/default.aspx
به‌م شێوه‌یه مێژووی به‌هره‌مه‌ندبوونی خه‌ڵکی عێراق
له کاره‌با، ئه‌و کاته ده‌ستی پێکردوه که بوه‌ته
بوارێک بۆ( وه‌به‌رهێنان و ده‌سکه‌وتنی قازانج) ی
کۆمپانیاکان. به‌ڵام هه‌ر له‌و مێژوه‌دا و له‌هه‌مان
ئه‌و ساڵه‌دا که توانای به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با
ده‌گاته لووتکه، حکومه‌تی پاشایه‌تی وێستگه‌کان
خۆماڵی ده‌کات! ئالێره‌دا ده‌توانین ئه‌و نهێنی یه
بدۆزینه‌وه که ڕژێمێکی پاشایه‌تی ناچار ده‌کات
کۆمپانیاکانی وه‌به‌رهێنان ده‌سبه‌ده‌ر بکات !
به‌ڕای من ئه‌و نهێنی یه‌ش خۆی له چه‌ند فاکته‌رێکدا
ده‌بینێته‌وه:
یه‌که‌م: له ساڵی 1955 دا ئیتر زۆربه‌ی خه‌ڵکی عێراق
هه‌بوونی کاره‌بایان به( ماف) ێکی خۆیان زانیوه(
به‌ڵام ئه‌مه ناکاته ئه‌وه‌ی که به (ئه‌رک) ی
حکومه‌تیان زانیبێت و فشاری ڕاسته‌وخۆیان خستبێته
سه‌ری)، به‌ڵکو:
دوه‌م: به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ، ئاواتی
به‌ده‌سهێنانی کاره‌با بو بو به یه‌کێک له
مه‌سه‌له‌کانی به‌هێزبوونی گه‌وره‌ترین بزوتنه‌وه‌ی
دژه ئیمپیالیزم و دژه ڕژێمی پاشایه‌تی و تێکه‌ڵ به
ئاواتی دامه‌زراندنی ده‌سڵاتێکی وه‌ک یه‌کێتی سۆڤیه‌ت
بو بو( که دابینکردنی کاره‌بای به یه‌کێک له
(ئه‌رک) ه‌کانی خۆی زانیوه و گه‌یاندنی کاره‌با به
هه‌موو شوێنێکی ئه‌و وڵاته گه‌وره و فراوانه یه‌کیک
بووه له بڕیاره‌کانی لینین) له‌وێشه‌وه مێژویه‌کی
تر بۆ چه‌مکی کاره‌با ڕه‌سمیه‌تی پێدرا و له ناو
پێوه‌ره‌کانی خه‌ڵکی عێراقدا بۆ به‌رپرسیارێتی حکومه‌ت
له‌به‌رامبه‌ر دابینکردنی پێداویستی یه‌کانی ژیاندا
جێگیر بوو، وه ته‌نانه‌ت ڕژێمێکی پاشایه‌تی و
ده‌سنێژی به‌ریتانیاشی ناچار کرد مل بدات به‌و
به‌رپرسیارێتی و چه‌مکه.
بازاڕی ئازاد و چۆنێتی دابینکردنی پێداویستی یه‌کانی
ژیان
بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه سه‌ره‌تا
به‌کورتی ئاماژه به چه‌ند خاڵێک ده‌که‌م:
1. به‌جیا له هه‌ر ئامانجێکی تری ئه‌مریکا له
ڕوخاندنی ڕژێمی به‌عسدا، ئامانجی سه‌ره‌کی و کۆتایی
بریتی یه له جێگیر کردنی سیسته‌می بازاڕی ئازاد، که
سیسته‌مێکه سه‌رمایه‌داران و کۆمپانیاکان له
به‌رهه‌مهێنان و دابه‌ش کردنی زۆربه‌ی پێداویستی یه
ماددی و مه‌عنه‌ویه‌کانی ژیاندا خاوه‌نی مه‌وقعیه‌ت و
بڕیاری سه‌ره‌کین و پاڵنه‌ری سه‌ره‌کیشیان، بریتی یه
له به‌ده‌سهێنانی قازانج و به‌بێ ئه‌مه به‌هیچ
جۆرێک(ماف) ی به‌هره‌مه‌ندبوون به‌که‌س ناده‌ن. بۆ
نمونه ئه‌گه‌ر کۆمپانیایه‌ک هه‌زاران خانووی هه‌بێت،
تا ئه‌و کاته مافی به‌کارهێنانی ده‌دات به
کرێنشینه‌کانی که قازانجیان بۆی هه‌بێت، ئه‌گینا ئه‌و
کاته‌ی که ئیتر نه‌یانتوانی کرێ بده‌ن، با
پێویستیشیان به خانوو بێت، به‌ڵام مافی
به‌کارهێنانیان نابێت. واته قازانج کردنی
سه‌رمایه‌داران بڕیار ده‌دات نه‌ک پێویست بوون(
ساڵانه سه‌دان هه‌زار که‌س له دنیادا ئه‌مه‌یان
به‌سه‌ردا دێت). له‌م سیسته‌مه‌دا ده‌وڵه‌ت بێجگه له
پاراستنی بنه‌ماکانی ئه‌و سیسته‌مه و ڕێکخستنی
هه‌مه‌لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌وه‌ی چینه
سه‌رمایه‌داره‌که قازانجی زیاتر بکه‌ن، به هه‌موو
شێوه‌یه‌کیش هه‌وڵ ده‌دات دابین کردنی زۆربه‌ی هه‌ره
زۆری ئه‌و پێداویستیانه به ( ئه‌رک) ی خۆی نه‌زانێت.
به‌ڵام ئاشکرایه:
2. سیسته‌می ئابوری عێراق له‌سه‌ر بناغه‌ی
سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی دامه‌زرا بوو، سیسته‌مێک بوو
که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری سامانی کۆمه‌ڵگای له‌ژێر
ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا کۆکردبوه‌وه و ئه‌ویش خۆی به
به‌رپرسیاری دابینکردنی هه‌ندێک له‌و پێداویستیانه‌ی
ژیان ده‌زانی، که فشاری خه‌بات و تێکۆشانی خۆیان( که
هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ‌کرد، مه‌رج نی یه
ڕاسته‌وخۆ بوبێت) وه‌یان چینه نه‌داره‌کانی جیهان،
کردبوونی به ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت( له‌وانه کاره‌با) .
که‌واته:
3. یه‌کێک له پێداویستیه‌کانی دامه‌زراندنی سیسته‌می
بازاڕی ئازاد بریتی بوو له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و
سیسته‌مه و گۆڕینی ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت و سپاردنی
به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردنی پێداویستی یه‌کانی ژیان
به سه‌رمایه‌داران و کۆمپانیاکانیان. ئه‌مه‌ش
ڕوبه‌ڕوی چه‌ند گرفتێک بوه‌وه:
ـ نه‌بوونی چینێکی سه‌رمایه‌داری وا که بتوانێت ئه‌و
ئه‌رکانه بگرێته ئه‌ستۆ.
ـ زۆربه‌ی هه‌ره زۆری به‌رهه‌م و سامانی کۆمه‌ڵگای
عێراق میراتی یه‌ک بوو، که دوای مردنی خاوه‌نه‌که‌ی(
واته ڕژێمی عێراق) هه‌روا به خێرایی و به ئاسانی
نه‌ده‌بوو به موڵکی چینێک و له موڵکایه‌تی کۆمه‌ڵگای
عێراق ده‌رنه‌ده‌کێشرایه ده‌ره‌وه( به‌تایبه‌تی دوای
ئه‌وه‌ی که ڕژێمی به‌عسی زه‌وتکه‌ر مردبوو و خه‌ڵکی
عێراق چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و موڵکانه بوون بۆ
کۆمه‌ڵگا).
4. به‌و جۆره هێزه بڕیارده‌ره‌کان ناچار بوون،
له‌پاڵ دروستکردنی ده‌یان حزب و باندی مافیاییدا، بۆ
دزین و تاڵان‌کردنی سامانی کۆمه‌ڵگا، ده‌وڵه‌تێکیش
دروست بکه‌ن بۆ وه‌رگرتنی میراتیی ده‌وڵه‌ته
مردوه‌که، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشکرایه ده‌وری ئه‌م
ده‌وڵه‌ته و داموده‌زگاکانیشی هیچی له بانده
مافیایی یه‌کان جیاواز نه‌بوو! ئه‌و به‌شه میراتی
یه‌ی که نه‌توانرایه ڕاسته‌وخۆ تاڵان بکرێت، ئه‌وا
له ڕێگای پرۆژه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌وه( که گوایه بۆ
دابینکردنی پێداویستی یه‌کانی ژیان و خزمه‌تگوزاریه
گشتی یه‌کان، ئه‌نجام ده‌دران) ، له ڕێگای
به‌ندوبه‌سته‌کانیه‌وه له‌گه‌ڵ کۆمپانیا جیهانی و
ناوخۆیی و ناوچه‌یی یه‌کان و ئه‌و ئیمتیازاته
سه‌یرانه‌ی پێی ده‌دان، ته‌نانه‌ت له ڕێگای مه‌عاش و
ئیمتیازاتی خه‌یاڵی بۆ حزب و سه‌رکرده و
سیاسه‌تمه‌دار و کاربه‌ده‌سته گه‌وره‌کانه‌وه، له
موڵکایه‌تی کۆمه‌ڵ دایبڕین و خستنیه سه‌ر کۆنتۆ
تایبه‌ته‌کان.
5. به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و پێوه‌ره‌ی که خه‌ڵک بۆ
ده‌وڵه‌ت و به‌رپرسیارێتی یه‌کانی هه‌یانبوو و ئه‌و
چه‌مکه‌ی که له مێژووی خه‌باتی خۆیاندا بۆ
کاره‌بایان جێگیر کردبوو( که به مافی خۆیان و به
ئه‌رکی ده‌وڵه‌تیان ده‌زانی) بواری کاره‌با بوو به
یه‌کێک له‌و بوارانه‌ی که هه‌م خه‌ڵک چاوه‌ڕێی
ده‌وڵه‌ت بێت، دابینی بکات و کێشه‌کانی چاره‌سه‌ر بکات
و هه‌م سه‌رجه‌م هێزه جیهانی و ناوچه‌یی و ناوخۆیی
یه کاریگه‌ره‌کانیش، زۆرترین بایه‌خی پێبده‌ن(
هه‌ڵبه‌ته بۆ گه‌یشتن به مه‌رامه گشتی و
تایبه‌ته‌کانی خۆیان و بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ر و
چه‌مکانه‌ش که خه‌ڵک هه‌یانبوو، نه‌ک بۆ دابین کردن و
چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کانی).
ئێستا به‌م زانیاری و تێبینی یه گشتی یانه‌وه
ده‌چینه سه‌ر ورده‌کاریه‌کانی تری چۆنێتی ده‌وربینینی
هه‌ریه‌که له‌م هێزانه له‌و بواره‌دا، که ده‌توانن
به‌ڵگه‌ی زیاتر بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاوبۆچونانه‌ی
سه‌ره‌وه و ماهیه‌تی دوژمنکارانه‌ی ئه هێزانه
له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی و ژیانی زۆربه‌ی خه‌ڵکدا،
بخه‌نه ڕوو:
درێژه‌کێشانی کێشه‌ی کاره‌با دروست کراوه
ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئاماژه به‌م به‌ڵگانه‌ی خواره‌وه
بکه‌ین، ده‌بینین ئه‌م کێشه‌یه به بڕیار و پلان
ئه‌وه‌نده درێژه‌ی کێشاوه و له‌پشت ئه‌و درێژه
کێشانه‌وه چه‌ندین هێزی جیهانی و ناوچه‌یی و ناوخۆیی،
به چه‌ندین ئامانجی ئابوری و سیاسی و ئیداری جیاجیا
وه هه‌ن و له مانه‌وه‌ی کێشه‌ی کاره‌بادا ڕاسته‌وخۆ
و ناڕاسته‌وخۆ ده‌ور و به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌یه و هه‌ر
خودی به‌ڵگه‌کانیش ده‌توانن سه‌روکه‌لله‌ی ئه‌و بڕیار
ده‌رانه نیشان بده‌ن:
1. له ماوه‌ی حه‌وت ساڵی ڕابردودا چه‌ندین ملیار
دۆلار بۆ چاره‌سه‌رکردنی خه‌رج کراوه و که‌چی هێشتا
کێشه‌که چاره‌سه‌ر نه‌کراوه!
2. هه‌ر له کاربه‌ده‌سته‌کانه‌وه تا ده‌گاته
وه‌زیره‌کانی کاره‌با، ده‌یان جار به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان
داوه، که کێشه‌که له چاره‌سه‌ر نزیک بوه‌ته‌وه!
بڕوانه
http://www.moelc.gov.iq/news_ar.aspx
3. چه‌ندین پرۆژه ده‌ستیان پێکراوه، که یان هێشتا
ته‌واو نه‌بوونه وه‌یان کارکردن و به‌رده‌وام بونیان
له ژێر ڕه‌حمه‌تی ناردنی سوته‌مه‌نیدایه له‌لایه‌ن
ده‌سڵاتدارانی ئێران و کوه‌یت و تورکیا و هه‌ندێک جار
وه‌زیر و کاربه‌ده‌ستێکی تری عێراقه‌وه!
4. هه‌ندێک له‌و کۆمپانیایانه‌ی که سه‌رقاڵی
ئه‌نجامدانی پرۆژه‌کانن، خاوه‌نی پێشکه‌وتوترین
ته‌کنه‌لۆژیان ( وه‌ک سیمێنس و جی ئی)! بڕوانه
http://www.gppproject.com/
5. هه‌ندێک له چاره‌سه‌ره‌کانیان پشت به هاورده
کردنی کاره‌با ده‌به‌ستێت له هه‌ریه‌که له: ئێران و
تورکیا و کوه‌یت!
قورس‌تر کردنی کێشه‌که له‌م هاوینه‌دا، دروست کراو بوو
گه‌یاندنی ئه‌م کێشه‌یه به ئه‌وپه‌ڕی خۆی له‌م دوایی
یانه‌دا دروستکراو بوو و به‌شێک بوو له نه‌خشه و
پلان و مونافه‌سه و سازشی هێزه بڕیارده‌ره ناوخۆیی
و ناوچه‌یی و جیهانی یه‌کان، چونکه بۆ ده‌بێت:
1. له‌و کاته‌دا که ئێران ناردنی سوته‌مه‌نی
ڕاده‌گرێت، کوه‌یتیش ڕایبگرێت؟ دواتر هه‌ر ئێران
ناردنی 600 مێگاواته‌که‌یش ڕابگرێت؟
2. هه‌ر له‌و کاته‌دا هه‌ندێک له کۆمپانیا ئه‌جنه‌بی
یه‌کان ئیش ڕابگرن؟
(بڕوانه:
)
http://www.moelc.gov.iq/detailsnews_ar.aspx?id=522&page=1
3. هه‌ر له‌و کاته‌دا، وه‌زاره‌تی کاره‌با خه‌ریکی
چاکسازی هه‌ندێک له وێستگه‌کان بێت؟ ( بڕوانه
)http://www.moelc.gov.iq/detailsnews_ar.aspx?id=502&page=2
4. ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره بکات و
وه‌زاره‌تیش داواکه‌ی قه‌بووڵ بکات؟
5. ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌وه وه‌زاره‌تی نه‌وت له ڕێگای(
سه‌بتایتڵ) ی ته‌له‌فزیۆنی عێراقیه‌وه، بانگه‌واز بۆ
وه‌زاره‌تی کاره‌با بنێرێت، تا بچن به‌شه سوته‌مه‌نی
خۆیان وه‌ربگرن! (بڕوانه
)http://www.moelc.gov.iq/detailsnews_ar.aspx?id=492
ئامانجه ئابوری و سیاسی یه گشتی یه‌کانی هێزه
بڕیارده‌ره‌کان له عێراقدا
هه‌ریه‌که له ئه‌مریکا و هه‌ندێک له وڵاتانی
ناوچه‌که و نوێنه‌ره سیاسی یه‌کانی سه‌رمایه‌دارانی
عێراق( هه‌موو ئه‌و حزب و لیست و که‌سایه‌تی یانه‌ی،
که له په‌رله‌مان و حکومه‌ت و داموده‌زگاکاندا
ده‌وریان هه‌یه) ئه‌و هێزه بڕیارده‌رانه‌ن که حاڵی
حازر( له هه‌لومه‌رجێکی پڕ له ڕێکه‌وتن وه‌یان
مونافه‌سه‌ی ئاشکرا و نهێنیدا) به‌پێی گرنگی و
ئه‌وله‌ویه‌تی ئامانجه‌کانیان خه‌ریکی جێبه‌جێکردنی
پلانه‌کانی خۆیانن بۆ زه‌مینه خۆش کردن وه‌یان
به‌دیهێنانی ئامانجه ئابوری و سیاسی یه‌کانیان.
لێره‌دا هه‌ریه‌که له‌و هێزانه و ئامانجه گشتی
یه‌کانیان دیاری ده‌که‌م و دواتر ده‌چمه سه‌ر
ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجانه له بواره
تایبه‌ته‌که‌ی کاره‌بادا.
1. ئه‌مریکا و ڕۆژاوا، ئاڵاهه‌ڵگری بازاڕی ئازادن و
خوازیاری ئه‌وه‌ن که نه‌ک هه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی
کۆمه‌ڵگای عێراق بکه‌وێته ده‌ستی چینێکی دیاریکراو،
به‌ڵکو خوازیاری ئه‌وه‌شن ، که ئه‌و پێوه‌رانه‌ش له
تێگه‌یشتنی خه‌ڵک ده‌ربکێشن، که ده‌وڵه‌ت به
به‌رپرسی دابینکردنی پێداویستی یه‌کانی ژیان بزانن.
2. وڵاتانی ناوچه‌که( به‌تایبه‌تی ئێران و کوه‌یت و
سعودیه و تورکیا) له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان چ له ئێستادا
و چ له‌و داڕشتنه‌وه‌یه‌دا که ئه‌مریکا و ڕۆژاوا
کردویانه‌ته ئامانج، زۆرترین به‌شی ئابوری سیاسی و
ئیداری یان به‌ر بکه‌وێت و پێگه‌یان هه‌بێت.
3. حزب و لایه‌نه ناوخۆیی یه‌کان، که ئه‌و هێزانه‌ن
ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ ورده‌کاری یه‌کانی ئه‌و به‌دیهێنان و
پراکتیزه کردنی پرۆسه‌کانی به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی
ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌نجام بده‌ن، له‌م نێوه‌دا:
ئه‌رکه‌کانی دزین و تالانکردنی سه‌روه‌ت و سامانی
کۆمه‌ڵگا و په‌نکوێر کردن و کۆکردنه‌وه‌ی له ده‌ستی
خۆیان و سه‌رمایه‌داراندا، درۆکردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی
خه‌ڵک، ترساندن و سه‌رکوت و به‌ندوبه‌ست له‌گه‌ڵ
کۆمپانیاکان و حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌که‌دا ده‌که‌وێته
ئه‌ستۆی ئه‌وان. خوازیاری ئه‌وه‌ن که : تاڵانی یه‌کی
زیاتر و به‌شێکی زیاتری ده‌سه‌ڵاتیان به‌ربکه‌وێت،
متمانه و پشتیوانی یه‌کی زیاتری هێز و کۆمپانیا
جیهانی و ناوچه‌یی یه‌کانیان ده‌سبکه‌وێت، هێزێکی
زیاتری ململانێ و مونافه‌سه و گه‌مه‌ی سیاسی یان
هه‌بێت.
ئامانجه دیاریکراوه‌کان له کێشه‌ی کاره‌بادا
ناوه‌ڕۆکی په‌یامی لایه‌نگران و پارێزه‌رانی بازاڕی
ئازاد ئه‌وه‌یه که به خه‌ڵک بڵێن: ئێوه ته‌نیا
کاتێک له کاره‌با به‌هره‌مه‌ند ده‌بن،که ئیتر به
ئه‌رکی ده‌وڵه‌تی نه‌زانن، ده‌بێت(قازانج کردن) ی
سه‌رمایه‌داران بڕیار بدات ئێوه چه‌ند به‌رچاوتان
ڕوناک ده‌که‌نه‌وه، چه‌ند خۆتان فێنک ده‌که‌نه‌وه،
چه‌ند ئاوی سارد ده‌خۆنه‌وه، چه‌ند سه‌یری
ته‌له‌فزیۆنه‌کانتان ده‌که‌ن....تد، نه‌ک مافه‌کانتان!
ئه‌وه‌ی که دوای حه‌وت ساڵ و خه‌رج کردنی ملیاره‌ها
دۆلار بۆ دابین کردنی کاره‌با! هێشتا باس له
چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی کاره‌با ده‌کرێت! ته‌نیا
ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که کێشه‌ی ئه‌م حکومه‌ت و
وه‌زاره‌تانه شتێکی تره و هه‌وڵ و ته‌قه‌لاکانیان
ئاراسته‌ی شتێکی تر کراوه، نه‌ک دابینکردنی کاره‌با!
به‌ڕای من ئه‌و ئامانجانه‌ش بریتین له:
1. تێکشکاندنی پێوه‌ره‌کانی خه‌ڵک، که بۆ
به‌رپرسیارێتی ده‌وڵه‌ت له به‌رامبه‌ر پێداویستی
یه‌کانی ژیاندا هه‌یانه. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و
پێوه‌ره جێگیر بکه‌ن، که به‌هره‌مه‌ندبوونی ئینسان
له کاره‌با، ته‌نیا به‌سراوه‌ته‌وه به بڕیاری
سه‌رمایه‌دارانه‌وه، بڕیاری ئه‌وانیش له‌سه‌ر ئه‌وه
به‌نده که وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌کانیان، تا چه‌ند
قازانجی تیایه.
2. دزینی سامانی کۆمه‌ڵگا و کۆکردنه‌وه‌ی له‌ده‌ستی
حزب و کاربه‌ده‌سته مافیاکاندا و هه‌وڵدان بۆ گشتی
کردن و جێگیر کردنی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی که هیچ
حکومه‌تێک ناتوانێت کێشه‌ی کاره‌با چاره‌سه‌ر بکات و
ئه‌وه ته‌نیا که‌رتی تایبه‌ته که ده‌توانێت به
ئومێدی قازانج کردن ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکات!
3. ناچار کردنی خه‌ڵک بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێکی زیاتری
داهاتیان بۆ ئه‌م پێداویستی یه گرنگه‌ی ژیان ته‌رخان
بکه‌ن، تا ورده ورده بگات به‌و نرخه‌ی که
سه‌رمایه‌داران و کۆمپانیاکان پێی رازی ده‌بن.
4. هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی وه‌زاره‌تی کاره‌با و کردنی
به پاشکۆی وه‌زاره‌تێکی تر( که وا ده‌رده‌که‌وێت
وه‌زاره‌تی نه‌وت بێت، به‌تایبه‌تی که ئێستا وه‌زیری
نه‌وت ئه‌و وه‌زاره‌ته‌شی گرتوه‌ته ئه‌ستۆ).
5. هێزه مونافسه‌کان( که خۆیان له مالکی و
عه‌لاویدا ده‌نوێنن)، ده‌یانه‌وێت له ململانێکانی
نێوان خۆیاندا سوود له ناڕه‌زایه‌تی یه‌کان و
ئاراسته کردنی به قازانجی ئامانجه ئابوری و سیاسی و
ئیداری یه‌کانی ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که و
سه‌رمایه‌داران وه‌ربگرن و زیاتر جێپێی خۆیان چ له
ئێستادا بێت( بۆ دابه‌شکردنی پۆست وه‌زاره‌ته‌کان
بێتیان بۆ داهاتوو بێت بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی ناو به‌ناوه‌ی
ڕۆڵیان له فریودانی خه‌ڵکدا و ڕاکێشانی ده‌نگی زیاتر)
قایم بکه‌ن.
6. هێشتنه‌وه‌ی بوارێک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و کاریگه‌ری
حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌که له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووی
ئابوری و سیاسی و ئیداری عێراق.
ئه‌نجامگیری یه گشتی یه‌کان
1. تا ئێستا ئه‌وه‌ی له ڕووی ئابوری و سیاسی و ئیداری
یه‌وه و له باری گشتیدا ده‌گوزه‌رێت، قۆناغێکی
مافیایی یه بۆ دزین و تاڵان‌کردنی سامانی کۆمه‌ڵگای
عێراق و ده‌سته‌مۆ کردن و له قاڵب دانی زۆربه‌ی
خه‌ڵکه‌که‌ی و ئاماده کردنیان بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی
هه‌مه لایه‌نه له بازاڕی ئازاد‌دا. له‌م نێوه‌دا
سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ناکۆکی و مونافه‌سه سه‌رجه‌م
هێزه کاریگه‌ره‌کان( ئه‌مریکا و وڵاتانی ناوچه‌که و
هێزه ناوخۆیی یه‌کان) به یه‌ک ئاراسته و له‌ژێر
یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا کار ده‌که‌ن و هه‌ڵده‌سوڕێن
و هیچیان له بازنه‌ی دوژمنایه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان
بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی چینه چه‌وساوه و
به‌شخوراوه‌کان ده‌رناچن.
2. چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان، له‌وپه‌ڕی
شپرزه‌یی و بێهێزیدان و کاریگه‌ریه‌کانیان ته‌نیا
بریتین له په‌رچه‌کرداری خۆڕسک و پرش‌وبڵاو و ناڕؤشنی
پلان و به‌رنامه‌کانی ئه‌و هێزانه ( نه‌ک نیشانه و
ئاستێک بن له هاتنه‌مه‌یدانی وشیارانه و
ئامانجدارانه وه‌یان تێکه‌ڵ به ئامانجێکی ئابوری و
سیاسی و ئیداری ڕۆشن بوبن، وه‌ک ئه‌وه‌ی که
دابینکردنی کاره‌با به‌سرابوه‌وه به ڕوخانی ڕژێمی
پاشایه‌تی و ده‌رکردنی به‌ریتانیاوه).
3. تاقه خاڵی هێزی چینی کرێکار و توێژه
به‌شخوراوه‌کان ئێستا له‌وه‌دا ماوه‌ته‌وه و خۆی
نیشان ده‌دات، که له مێژووی خه‌باتکارانه‌ی خۆیدا
به‌ده‌ستی هێناوه، که ئه‌ویش بریتی یه له به
به‌رپرسیار زانینی حکومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر دابینکردنی
پێداویستی یه‌کانی ژیانیاندا و جێگیربوونی چه‌مکی ماف
و ئه‌رکه بۆ خۆیان و به‌سه‌ر حکومه‌تدا.
ته‌رازووی هێزی چینه‌کان و چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی
کاره‌با
تا ئێستا ئه‌وه‌مان ڕوونکرده‌وه، که هه‌م کێشه‌ی
کاره‌با دروستکراوی ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ن که
نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی چینه دارا‌کان و
سه‌رمایه‌داران ده‌که‌ن، هه‌م سه‌ره‌نجام به‌و جۆره‌ش
چاره‌سه‌ری ده‌که‌ن، که دوژمنانی چینی کرێکار و
توێژه به‌شخوراوه‌کان سوودی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی
لێوه‌ربگرن. واته وه‌ک چۆن کێشه‌ی کاره‌با
نیشانه‌یه‌ک و مه‌یدانێکی ململانێی چینایه‌تی و
دوژمنایه‌تی چینه دارا‌کان و هێز و ده‌وڵه‌ته
بۆرژوازی یه‌کانه بۆ چینی کرێکار و توێژه
نه‌داره‌کان، ئاوا چاره‌سه‌ر کردنه‌که‌شی ده‌توانێت
شێوازێکی تری ئه‌و دوژمنایه‌تی یه و چه‌وساندنه‌وه‌ی
چینی کرێکار و توێژه نه‌داره‌کان بێت( که له
سه‌رجه‌م مه‌یدانه‌کاندا هه‌یه). به‌ڵام لێره‌دا
پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا چینی کرێکار و توێژه
به‌شخوراوه‌کان، ده‌توانن له‌م ململانێیه‌دا قورسایی
یه‌کی زیاتریان هه‌بێت و هه‌م چاره‌سه‌رکردنه‌که
خێراتر بکه‌ن و هه‌م ته‌رازووی هێزی نێوان خۆیان و
دوژمنه چینایه‌تی یه‌کانیان له‌سه‌رجه‌م
مه‌یدانه‌کانی ململانێی چینایه‌تیدا، به قازانجی
خۆیان بگۆڕن؟
به‌ڕای من هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ک بیه‌وێت، کێشه‌ی
کاره‌با به‌وجۆره چاره‌سه‌ر بکات، که به قازانجی
چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان بێت، به‌ناچاری
ده‌بێت به‌رگری له‌و پێوه‌ر و چه‌مکه مێژوویی یانه
بکات و بیشیبه‌ستێته‌وه به نمونه‌یه‌کی تری
ده‌سڵاتداره‌تی و سیسته‌می ئابوری و سیاسی یه‌وه( که
هه‌م جیاواز بێت له بازاڕی ئازاده‌که‌ی
سه‌رمایه‌داری، که سه‌رمایه‌داران بڕیار له‌سه‌ر
به‌هره‌مه‌ندبوونی ئینسانه‌کان له پێداویستی
یه‌کانیان ده‌ده‌ن و هه‌م جیاوازیش بێت له
سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی، که دیسان چینی کرێکار و
توێژه به‌شخوراوه‌کان له‌موڵکایه‌تی و ئازادی و
ده‌سه‌ڵات بێبه‌شن و ده‌وڵه‌ت ده‌یانچه‌وسێنێته‌وه)
ئه‌و نمونه‌یه‌ش ته‌نیا سۆسیالیزمه.، چونکه:
1. هه‌روه‌ک له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێ‌کرد، مێژووی
کاره‌با و مێژووی خه‌باتی چینه‌کانی کرێکار و جوتیار و
توێژه به‌شخوراوه‌کان، ئه‌وه‌یان نیشانداوه
سه‌لماندوه، که کاریگه‌رترین گورزی شپرزه‌کردن و
ناچارکردنی ده‌سڵاتداران بۆ قه‌بووڵ کردنی (ماف)
ه‌کانی چینه چه‌وساوه‌کان وه‌ک (ئه‌رک) ی ده‌وڵه‌ت،
ئه‌و کاته‌یه که چینه چه‌وساوه‌کان به نهێنی و
ئاشکرا خوازیاری نمونه‌یه‌کی تری سیسته‌می ئابوری و
سیاسی بن( وه‌ک ئه‌وه‌ی که ڕژێمی پاشایه‌تی ناچار بوو
له ساڵی 1955 دا کاره‌با خۆماڵی بکات و وه‌ک موڵکی
گه‌ل ڕایبگه‌یه‌نێت) و ئێستاش ئه‌گه‌ر ئاستی وشیاری و
ڕێکخراوبوون و ئاماده‌یی چینه چه‌وساوه و توێژه
به‌شخوراوه‌کان هه‌ڵبسه‌نگێنین، ده‌بینین ته‌رازووی
هێز له نێوان ئه‌مان له‌لایه‌ک و به‌ره‌ی دوژمنه
جۆراوجۆره ناوخۆیی و ناوچه‌یی و جیهانی یه‌کان
له‌لایه‌کی تره‌وه، ئه‌وه‌نده لاسه‌نگه که
به‌راورد ناکرێت. ئه‌و هێزانه توانیویانه تا ئاستێکی
زۆر به‌رز له فریودان و ترساندن و سه‌رکوتدا
سه‌ربکه‌ون و ئه‌گه‌ر تا ئێستا ڕێگرێک هه‌بوبێت ته‌نیا
ئه‌و پێوه‌ر و چه‌مکانه بووه له به‌رده‌م ئه‌م
هێزه مافیایی یانه‌دا و نه‌یهێشتوه یه‌کسه‌ره
ده‌رگای دۆزه‌خی بازاڕی ئازاده‌که‌یان بکه‌نه‌وه و به
کرێکاران و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش بڵێن، ئه‌مه ئه‌و دوا
مه‌نزڵه‌یه که ئێمه بۆ ئێوه‌مان کردوه‌ته ئامانج!
به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نی یه که ته‌نیا ئه‌م تاقه
خاڵی هێزه ناتوانێت ڕێگه له‌وه بگرێت که به پشت
به‌ستن به تواناکانیان له فریودان و ترساندن و
سه‌رکوتدا، چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان به
ڕێگای پێجاوپێچدا بۆ ئه‌و دۆزه‌خه نه‌به‌ن!
2. هیچ جیاوازی و مونافه‌سه‌یه‌کی نێوان هێزه
بڕیارده‌ره‌کان و به‌شه‌کانی سه‌رمایه و
سه‌رمایه‌داران، له کێشه‌ی کاره‌با و چۆنێتی
جاره‌سه‌رکردنیدا، به قازانجی چینی کرێکار و توێژه
به‌شخوراوه‌کان نی یه و هه‌رهه‌موویان پارێزه‌ری
سیسته‌می چینایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی
سه‌رمایه‌داران و توێژه مشه‌خۆره‌کانن( که تیایدا
چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان له ژیان و
مردن‌دا، له نه‌خۆشی و له‌شساغیدا، له بێ‌کاری و
کارکردن‌دا، له ڕه‌زیلی و ده‌سبڵاویدا، له نه‌بوون و
هه‌بوونی پێداویستیه‌کانی ژیاندا، له خۆشی و
ناخۆشیدا، ته‌نانه‌ت له مردنیشدا، پرۆژه‌یه‌کن بۆ
قازانجی سه‌رمایه‌داران و توێژه مشه‌خۆره‌کان).
هه‌ربۆیه ته‌رح و ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌ر چین و توێژێک،
که چ کێشه‌ی کاره‌با( له قۆناغه مافیایی یه‌که‌ی
سه‌رمایه‌داریدا) و چ چاره‌سه‌رکردنه‌که‌ی( له قۆناغی
وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه و بازاڕی ئازاد‌دا) وه‌ک
به‌شێک و مه‌یدانێکی ململانێی چینایه‌تی له دژی چینی
کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان نه‌بینێت، نه‌ک هه‌ر
له به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکار و توێژه
به‌شخوراوه‌کاندا نابێت، به‌ڵکو شێوازێکی تری
درێژه‌دان ده‌بێت به‌و دوژمنایه‌تی یه چینایه‌تی یه.
به‌و شێوه‌یه به وه‌رگرتنی ئه‌و خاڵی هێزه، وه‌ک
بنه‌مایه‌ک ، ده‌توانرێت به شێوازی جۆراوجۆر
دوژمنایه‌تی هێزه ناوخۆیی یه‌کان و لایه‌نگرانی
بازاڕی ئازاد بۆ ئه‌و چه‌مک و پێوه‌رانه ڕوون
بکرێته‌وه و ناڕه‌زایه‌تی یه عه‌مه‌لی یه‌کان به
ئاراسته‌ی ناچار کردنی ده‌وڵه‌تدا ببرێت بۆ به
ڕه‌سمیه‌ت ناسینی دابین کردنی کاره‌با ( به نرخێکی
گونجاو) وه‌ک (ماف) ێکی خه‌ڵکی عێراق و ( ئه‌رک) ێکی
ده‌وڵه‌ت و ناچار بکرێت ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر سامان و
سه‌رمایه‌ی دز و تاڵانچی و ده‌ڵاڵه‌کانی ئه‌م چه‌ند
ساڵه‌دا.
03.07.2010
amang70@hotmail.de
|