ئاغر.. ئاغر رۆشنبوونه‌وه،
به ـ زیل و به‌م ـ ی بێده‌نگی گه‌وره
مینا بێده‌نگیه، فره وه‌نه‌وشه‌ییه‌کانی وشه.
ئا.. وشه‌یه‌ک بێ شیره‌خۆره، روو ره‌وان
به نیگای ساده و رووتیه‌وه
به بای باڵی مێش هه‌نگوینی ئه‌ستێره‌کان، که چه‌شه،
له گوڵاوو
گوڵشه‌نی شه‌و ده‌به‌ن، رابچه‌نێ.
سه‌رومڕ.. له‌گه‌ڵ ته‌جه‌للای خونچه‌یه‌کی تازه
ده‌مکراوه‌ی دوندی دره‌ختێکدا سه‌راسیمه ببێ،
که له ئه‌وه‌ڵین شکۆفیانه‌وه‌ی به‌یانیه‌کی
گوڵئه‌ندامدا،
ئه‌بڵه‌قبوو، ده‌سته‌مۆ به بێخی لقه‌که‌یه‌وه، به
چاوی ئاوه‌ڵای زیته‌زیتکه‌رییه‌وه
سڕ‌و گوێ قووت، سه‌رسام سه‌رسام هه‌ناسه ده‌دات،
وه‌خته به‌و گفت و لفته‌ی خۆیه‌وه:
جیوه‌جیوی نوورێکی نه‌ونه‌مام
خشپه‌خشپی گه‌ڵا خۆشاوازه‌کان
گرشه‌گرشی گۆل ئاوێکی به‌شۆڕوشه‌وقی خه‌مڵیو، به
ورشه‌ورش
چپه‌چپ و گمه‌گمی بای مێرگوزاریک ته‌ته‌ڵه بکا و
بئاخفێ.
یانه‌خۆ ته‌نیا.. زۆر ته‌نیا
ته‌ما به ته‌ما به‌شوێنه‌وه‌بوون،
هه‌تا کشان بۆ ئه‌وپه‌ڕی ترپه‌ترپی مه‌له‌کوتی واڵایی
مینا په‌پووله‌پاییزه‌ی رۆح سوکه‌ڵه، بێده‌ربه‌ست
بێ چاوتروکاندنیش
له‌سه‌ر له‌پ و بالۆره‌ی بایه‌کی به ئینساف ڕێکردن.
لێکدا لێکدا، چه‌شنی له‌فزی بارانێکی له‌بله‌بان
ده‌ندوک له ده‌نک ده‌نکی موعه‌مماکانی
ب ۆ ش ا ی ی ژه‌ندن
به هه‌ژمه‌تی رۆح لێپژانێکه‌وه، روانین.....
له له‌ش ولاری شه‌هوه‌تاوییانه‌ی ره‌وه تیشکێکی
ره‌خش ئاسا
که له نێو دڵۆپه خڕیله‌و زیوینه‌کانی ده‌فرێکی
به‌رهه‌تاودا
له‌سه‌ر نوکی پێ.. زوڵاڵ زوڵاڵ
به چریسکه چریسکی چاوی بازییانه‌وه.. ده‌یچێنن
سه‌ماگه‌لێکی شوعله‌یی
به له‌ونی له‌نگاندنه‌وه‌ی گاگۆڵکێی منداڵان.
ته‌ححا، له‌و حه‌له‌دا
خۆش به حاڵی رۆحێکی حه‌لحه‌له‌نشین
که په‌نایداوه، دڵۆپه‌یه‌کی کریستاڵی، له ئه‌فسونی
ئه‌و شوعله ته‌ڕوبڕانه.
منیش.. ئا منیش
ماته ماتێک، له‌سه‌ر ره‌زمی ئاممان.. ئاممانێ
له سروشتێکی به شان و شه‌وکه‌تدا
ده‌بیسم چه‌هچه‌هه‌ی چرۆسانی سپێدان.
حاڵه حاڵ به رێڕه‌وی بێده‌نگیه‌کی بێناودا،
کۆڵانه‌و کۆڵانی مه‌حاڵ
له‌بۆ رنینه‌وه‌ی هێشووه ئه‌ندێشه‌یه‌کی دڵاوا
له شڕکه‌وپڕکه‌ی ئه‌و دیمه‌نه مه‌ند و سرکانه
به نێو ده‌لاقه‌ی خه‌یاڵگه‌لێکی بێ قاودا
دۆشداماوانه پ ه ر ت ی م جه‌مده‌که‌مه‌وه
له زه‌فه‌ربردن له خه‌تمی نهێنی جوانیه‌کی
جاویدانیدا.. وه‌ها هه‌ڵده‌له‌رزم
که هه‌ر ده‌ڵێی: خۆم.. زۆر ته‌نیا له هه‌موو
ته‌نیاییه‌ک
به گشت ئازای به‌یه‌نمه‌وه، بێ‌وچان.. بێ‌وچان
غه‌وری غه‌زه‌لخوانیی
دڵێکی سه‌رشێتبووی غه‌ڕراو
غه‌ور و غه‌واره‌ی پێچه‌ڵپێچی غه‌زه‌بی ئیدراکێکیشم
که له‌وه‌ته‌ی هه‌ن.. تافه‌تاف و
سه‌گه‌ردان سه‌رگه‌ردان
له سۆراخ سه‌رفرازییه‌کی گومبودان!
* * *
بێده‌نگی: خه‌ڵاتێکه له ده‌ستێکی نه‌ناسراوه‌وه،
به هێمنیه‌ک ده‌به‌خشرێت، که بۆی باخی خواوه‌ندێکی
لێدێت یاخی.
مه‌سه‌له‌ن "هێمنی پشکوتن" یانه‌خۆ " هێمنی پڕبوون"
که به وێنه‌ی له‌ره‌له‌ری مه‌مکۆڵان، رۆحلاوێنن.
با: ته‌نها واژۆکه‌یه، که له پاڵ واژۆکانی خۆڵ و
ئاو و ئاگردا به قه‌باڵه‌ی بوونمانه‌وه‌یه.
گه‌ڵا: خولیایه‌ک بۆی خاوی لێده‌هات، گا شلڕه و گا
توندڕه‌و، به داب و نه‌ریتی هه‌ڵکشان و داکشاندا،
به پێچ و خولی رێنوێنی کردنێکی تاریف نه‌هاتوودا به
موحیبه‌ته‌وه به خوددا رۆچوو هه‌تا له خود تێپه‌ڕی.
پاشان بێ چۆکدادان توێ به توێی توێکڵه‌کان خۆی
گه‌یانده چڵوچێوێکی سه‌رسه‌وز، به ئیمانی تروکان،
تروکانی ژیان.
شه‌هوه‌ت: ونگه‌یه‌کی تره، ئه‌و جێیه‌ی ته‌نانه‌ت
خه‌یاڵیشمانی ناگاتێ، هه‌میشه!
شوعله: په‌یبردن به قاڵب و قه‌واره‌ی ئاوازی
ساته‌وه‌ختێکه، که هه‌رگیز، ئاگر په‌رێشان حاڵ نیه
تیایدا.
چونکونێ کردنه‌وه‌ی دڵه‌خوته و قوفڵی سه‌ماکانیه‌تی.
بێده‌ربه‌ست: په‌نایه‌که بۆ ته‌قوا، گه‌لێك نه‌ناس
هه‌ن سوژده‌ی تیا ده‌به‌ن بۆ ساغ و سه‌لامه‌تی "هیچ"..
هه‌تا گه‌یشتن به که‌وڵی ـ له‌به‌رده‌م خۆداـ
تازه‌بوونه‌وه.
نهێنی: له کتێبه موباره‌که‌کاندا به کانیه‌کی رۆحی
ناوئه‌برێت. گوایه هه‌موو تاسه‌بارانه ئاوی دانایی
لێ ده‌خۆینه‌وه،
که‌چی باوانێکته، به‌ردی نادانیشی تێده‌هاون،
رووداریمان! په‌ححا، له حونه‌ری ئه‌و حاله‌مه‌ی!
..............................................................................................
|