به‌ ده‌ستێکی جلوه‌ی مانگی گرتوه‌و،
به‌ ده‌ستێکی تری،نه‌هه‌نگ فێری شه‌ڕه‌ ئاو ده‌کا
 

  

ئارام ئه‌حمه‌د علی



مه‌فتوون ئه‌مینی ده‌ڵێ"
پێم،دوێنێ بوو که‌ پێم گووت..... له‌وه‌ ژیر تری که‌ شۆخیش نه‌بی...... بزه‌یه‌کی شیرینی هاتێ و گووتی..... هێی.....بووینه‌ ورده‌فرۆشی مانا.....ئاخۆ.....باخچه‌ وه‌رز جوان ده‌کا؟.....یان وه‌رز، باخچه‌؟...گوتم، به‌ هه‌ردوکیان، ئه‌وین.....ئاوڕی داوه‌و گوتی نا!.....ئه‌وین هه‌ردوکیان.
ئه‌حمه‌دی شاملۆ گه‌وره‌ شاعیری خۆشناوی ئێرانی ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌،به‌منداڵی ده‌چێته‌ ماڵی که‌سێکی نزیکیان،به‌ڕێکه‌وت ماڵی ئه‌و که‌سه‌ دراوسێی سه‌ربازگه‌یه‌ک ده‌بێ،ده‌بینێ که‌سێکیان ڕووتکردۆته‌وه‌و له‌سه‌رده‌م له‌سه‌ر ته‌ختێک درێژیان کردووه‌و هه‌رچوار په‌لیان به‌ستۆته‌وه‌و به‌قامچی له‌پشتی ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ لێدانی هه‌ر قامچیه‌ک، هاوار له‌ قوڕگی قوربانیه‌که‌وه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه،ئه‌میش که‌ ئه‌وه‌ ده‌بینێ، به‌ گریان خۆی ده‌خزێنێته‌ باوه‌شی دایکی یان دایه‌نه‌که‌ی،ئه‌وه‌ی که‌جێگای باسه‌که‌ی منه‌ له‌په‌یوه‌ند به‌م ڕووداوه‌وه‌،ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌سێک له‌سه‌ر شاملۆ ده‌نوسێت وده‌ڵێت،شاملۆ،"ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌و سوکایه‌تییه‌ بکاته‌وه‌‌ که‌ به‌مرۆڤ ده‌کرێ"شاملۆش له‌وه‌ڵام به‌وکه‌سه‌دا ده‌ڵێت"جوانترین قسه‌به‌رامبه‌ر به‌ من و شیعرم کرابێت ئه‌و قسه‌یه‌یه‌، وه‌لێ مخابن له ‌قه‌ڵه‌می خائینێکه‌وه‌ ده‌رچووه‌،هه‌ر به‌ڕاستی ده‌مه‌وێت تۆڵه‌ له‌وسوکایه‌تییه‌ بکه‌مه‌وه‌ که‌ ده‌رهه‌ق به‌ مرۆڤ ده‌کرێت.
براده‌رێکی زێده‌ ئازیزو جوان بۆی نووسیبووم "ئارام ئه‌حمه‌د به‌ ده‌ستێکی جلوه‌ی مانگی گرتوه‌و،به‌ ده‌ستێکی تری نه‌هه‌نگ فێری شه‌ڕه‌ ئاو ده‌کا"هه‌ڵبه‌ته‌ نازانم ئه‌م دێڕه‌ جوانه‌ خاوه‌نه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ی کێیه‌و بۆ کێ ی نوسیوه‌،وه‌لێ ئه‌وه‌ی وای لێکردم، ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌سه‌ر بنووسم،لێکچونێک له‌ به‌ینی خۆم و ئه‌و دێڕه‌دا ده‌بینم،وه‌لێ به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی که‌مێ جیاوازتره‌وه‌،نه‌هه‌نگ خۆی مه‌له‌وانێکی به‌ حه‌وسه‌ڵه‌یه‌و له‌ شه‌ڕه‌ ئاویشا دانامێنێ، نه‌ مامۆستای ده‌وێ نه‌ هیچ،ئاخر قه‌ده‌ری ئێمه‌ وه‌ک مرۆڤ وابوو،نه‌هه‌نگه‌کانی سه‌ر زه‌وی، به‌درێژای مێژوو، خه‌ریکی شه‌ڕه‌ خوێن بوون، ده‌مانه‌وێ یان نه‌مێنن یان فێری شه‌ڕه‌ ئاو بن، نه‌هه‌نگه‌کانی عێراق و کوردستانیش، به‌ نه‌هه‌نگه‌کانی قه‌ڵاچوالان و سه‌ری ڕه‌شیشه‌وه‌ له‌ناو ئه‌و بازنه‌ی شه‌ڕه‌ خوێنه‌دا ڕمبازێن ده‌که‌ن.
بۆ خۆم وه‌ک شیعر،به‌هه‌موو ماناو جوانی و میهره‌بانیه‌کانی خۆیه‌وه‌.له‌گه‌ڵ تونترین توڕه‌ بوون دژی ده‌سه‌ڵات، واته‌ مه‌یلێک بۆ جوانی و ژیان دۆستی و مرۆڤ دۆستی، مه‌یلێکی" به‌رهه‌ق" بۆ جه‌نگ له‌ ئه‌برایاتۆس،له‌ کوردستان،تا له‌ناوچوونی هه‌ردوو په‌تای دیکتاتۆره‌ بچکۆله‌کان.
دایکم هه‌میشه‌ ده‌یوت تۆ له‌یه‌ک کاتدا دوو که‌سایه‌تیت،دوو شتی جیاوازیت،بۆیه‌ تۆم پێ جوانه‌،دوو وێڵ و دوو سه‌رگه‌ردانی، یه‌کیان تا ئه‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستی، ئه‌وی تریان تا ئه‌وپه‌ڕی تووڕه‌ بوون، خۆشه‌ویستی بۆ هه‌موو شته‌ جوانه‌کان، نه‌فره‌تت بۆ هه‌موو ناشیرینییه‌کان.
نێزگزێک له‌سه‌ر پشت ڕاکشاوه‌و،له‌درزی مه‌مکه‌وه‌سه‌یرم ده‌کا،ده‌ڵێی گۆرانیم،به‌ده‌م ڕێژنه‌ی گوله‌وه‌. ئه‌گه‌ر ژیان ومه‌رگ هه‌ڵوێست بێ،که‌ واقعه‌ن هه‌ڵوێسته‌،که‌سێک که‌ به‌ ده‌ستێکی ئاو ده‌کات به‌ده‌م په‌پوله‌یه‌کی ماندوه‌وه،ده‌توانێ به‌ده‌سته‌که‌ی تریشی،ته‌قه‌ له‌و که‌سه‌ بکات،که‌ بێ ئاوی خولقاند،که‌ سه‌رچاوه‌کانی وشک کرد،که‌ په‌پوله‌ی تینوو کرد،تامن ده‌ستێکم له‌ گره‌وی شکاندنی تینوێتی ئه‌ودا دابنێم،شه‌ڕه‌که‌ لێره‌دایه‌،شیعرو جوانی،میهره‌بانی تادووره‌ده‌سترین جێگا،شتێک ناکات،ژیان ناگۆڕێ، ئه‌گه‌ر به‌ پراتیک نه‌ڵێی:نا،ئه‌گه‌ر خه‌ونی دیکتاتۆر نه‌زڕێنی،ئه‌گه‌ر چه‌پڵه‌ بۆکونه‌ په‌پو لێنه‌ده‌ی تا بۆ وێرانه‌ نه‌خوێنێ،که‌سانێک که‌ به‌ناوی شاعیربوون ونووسینه‌وه‌،خۆیان زیندان ده‌که‌ن و کاته‌کانی خۆیان له‌ پێنووس ماره‌ ده‌که‌ن، که‌ پیرۆزو له‌به‌ر دڵانه‌،وه‌لێ ده‌بێ خه‌ونی هه‌بێ،خه‌ونێک که‌ واقع تێدا عه‌کس بکاته‌وه‌و به‌ پراتیک ده‌رخواردی کۆمه‌ڵگا بدات،بزانێ کچێک له‌وبه‌ریه‌وه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی ئازادی خۆی سووتاندوه‌، ئه‌و شیعری ناوێ پێی داپۆشی،یان له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی بیخوێنیته‌وه‌،ئه‌وه‌ی‌ بۆ گرنگه‌، نووسه‌ر بێته‌ سه‌ر شه‌قام و گیان بازی بکا ، دژی ئه‌وه‌ بجه‌نگێ که‌ ئازادی وێران ده‌کا، مرۆڤ به‌ر له‌وه‌ی شیعرو چیرۆک و ڕۆمان و گۆرانی بووێ، نان و ژیان و ئازادی ده‌وێ، ئاخر ئه‌گه‌ر برسیت بوو،نه‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی گۆرانیت هه‌یه‌ بڵێی نه‌ گوێگرتن،ئه‌گه‌ر پاره‌یه‌کت بێت تا نان وه‌ستابێت نایده‌ی به‌ کاغه‌ز،وه‌ختێک ئێوارانێک بێت وپڕت بکات له‌ پیر بوون‌،خۆده‌بێ ئاوێنه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر به‌ تریفه‌ دانیشێ و سه‌رڕێژتکا له‌ دیار نه‌بوون.
له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ هه‌ردوو ده‌ستی مرۆڤ جیان، یه‌کیان ڕاسته‌و ئه‌ویدیان چه‌پ، ده‌کرێ به‌ یه‌کیان ئاو له‌ گۆزه‌ بکه‌ی و به‌یه‌کیان ئاوله‌زه‌وی،یه‌کیان بۆ خواردنه‌وه‌و ئه‌ویشیان بۆ ئاودانی گوڵدانێ،هه‌ردوکیان شادی هێن و به‌که‌ڵك.
تۆ که‌ ته‌نها شیعر بۆ ژنان ده‌ڵێی،بۆ منداڵان وبۆ جوانی و ئازادی ده‌ڵێی،مشت پڕده‌که‌ی له‌ جلوه‌ی که‌ناری و ده‌یکه‌ی به‌ده‌م مانگه‌ شه‌وه‌وه‌، کلوه‌ به‌فر ده‌که‌یته‌ ملوانکه‌و ده‌یکه‌یته‌ ملی کچی خه‌یاڵ، گۆڕانی به‌ باڵاو چاوو ئه‌گریجه‌ی ژنا ده‌ڵێی،هه‌موو شته‌کان که‌ره‌سه‌ی تۆن،ده‌توانی هه‌موو ووشه‌کان پڕ که‌یت له‌ یاری، که‌ خۆیان به‌ کامی دڵ بجریوێنن،هه‌ژاران به‌ووشه‌ بلاوێنی.
شیعر ناکه‌یته‌ گواره‌و نایکه‌یته‌ گه‌ردنی ژنی سوڵتان،داهێنانه‌کانت ناگاته‌سه‌رسفره‌ی ئه‌وانه‌ی ئینته‌لا ده‌که‌ن،وه‌لێ پێت وایه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌؟گرێکه‌ لێره‌دایه‌،ئاخر له‌دووره‌وه‌ واده‌رده‌که‌وێ تۆ له‌سه‌نگه‌ری خه‌ڵک و قوربانیه‌کانیدای، وه‌لێ له‌ کرداردا هیج لێکچوون و نزیکایه‌تییه‌ک له‌ به‌ینتاندا نییه‌،ده‌کرێ ئاشقانه‌ جۆرێک باڵنده‌ت خۆش بوێ،خه‌یاڵت سه‌رڕێژکه‌یت له‌ په‌ڕه‌کانی،وه‌لێ ناگاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ به‌ کردار باڵی شکابێ و تۆ بۆی ببه‌ستی، کردنی کولوه‌ به‌فر به‌ ملوانکه‌ جوانه‌، وه‌لێ بۆ کچێکی ئاشق ده‌یه‌وێ ملوانکه‌یه‌ بێ له‌ ڕاستی و پیاسه‌یه‌کی پێوه‌ بکا له‌کۆڵانی غه‌ریبانا.
ئالوده‌ بوون به‌ هه‌رشتێ دزێوی به‌رهه‌م ده‌هێنێ، ئه‌وین نه‌بێ، وه‌لێ ئه‌وینێ به‌ دوو باڵه‌وه‌، به‌ دوو هاواره‌وه‌ بۆ باڵنده‌کان،به‌دوو ده‌سته‌وه‌،به‌دوو ڕه‌دکردنه‌وه‌وه‌ بۆ مرۆڤه‌کان.
دزێوه‌ سه‌روه‌ختێ له‌جوانی توڕه‌ده‌بی،له‌ منداڵی و له‌ پاکی،له‌ به‌هارو پایز،له‌سپێتی به‌فر،له‌تیشکی ڕۆژ،له‌ شیرینی و ئه‌سمه‌ری ژن،توڕه‌ده‌بی.
چه‌ند دزێوه‌،له‌ مقاش و دکتاتۆر،له‌جه‌للادو سه‌جان،له‌ قه‌ڵه‌م شکێن وجوانی شکێن،له‌ڕێگران و ژن کوژان، له‌وانه‌ی باخچه‌کان ده‌ده‌نه‌ به‌ر به‌ردی تف،له‌وانه‌ی"به‌ڵێ"یان وتوه‌و له‌به‌رده‌م گه‌وره‌ سه‌جانا چۆکیان داداوه‌،دۆڕاون تا ئه‌وپه‌ڕی دۆڕان، توڕه‌ نه‌بی.
که‌واته‌ بۆ ژیان دوو باڵ،دووده‌ست پێویسته‌،دوو گه‌رو بۆ دوو هاواری جیاو،دوو چاو بۆ دوو بینینی جیاو،دوو قه‌ڵه‌م پێویسته‌،هاوارێ بۆ ئازادی و ماناجوانه‌کانی،هاوارێ دژ به‌ دیکتاتۆرو مرۆڤ کوژان،
چاوێ بۆ بینینی هه‌موو جوانیه‌کان،چاوێ بۆ بینینی دێوه‌زمه‌کانی تاڵی شه‌و، که‌ ئاڵیان له‌ لێو سه‌ندۆته‌وه‌،قه‌ڵه‌مێ بۆ نووسینه‌وه‌ی هزر بۆ داهێنان، بۆ تێكست و بۆ وێناکردنی په‌یکه‌ره‌ی هه‌موو پێکهاته‌و ڕۆحه‌ جوانه‌کان، قه‌ڵه‌مێ بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی خوێن خۆران، به‌ دژی سێداره‌و زیندان، نوکی تیژی بۆ ناو چاوه‌کانی دێوی شه‌و،بۆ هه‌ڵكۆڵینی کێوی شڕه‌خۆران و مرۆڤ خۆران.
که‌واته‌،من ده‌مه‌وێ به‌ده‌ستێکم جلوه‌ی مانگ بگرم،گۆرانی بکه‌م به‌ده‌م مرۆڤ بوونه‌وه‌،فێنک بونه‌وه‌ به‌ شه‌ڕه‌ ئاوێکی دۆستانه‌ بکه‌ینه‌ فه‌رهه‌نگ،به‌ده‌سته‌که‌ی ترم نه‌هه‌نگه‌ تێر نه‌خۆره‌کانی سه‌ر زه‌وی ئه‌و نه‌هه‌نگانه‌ی مێژویه‌که‌ له‌ جیاتی شه‌ڕه‌ ئاو فێری شه‌ڕه‌ خوێن بوون، بسڕمه‌وه‌،یان نه‌مێنن یان فێربن، له‌ جیاتی شه‌ڕه‌خوێن، شه‌ڕه‌ ئاو بکه‌ن،مه‌یلی سه‌رکه‌وتنم هه‌یه‌ منی مرۆڤ،وه‌لێ ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌ره‌یه‌ش به‌م زوانه‌ سه‌رنه‌که‌وت، که‌واته‌، نه‌هه‌نگه‌کان هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر شه‌ڕه‌ خوێنه‌کانی خۆیان.
بیرتان نه‌چێ باڵه‌کانی ئێمه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ تافێر بوونی شه‌ڕه‌ ئاو،یان نه‌مانی نه‌هه‌نگه‌کان.

ئارام ئه‌حمه‌د علی





 

           

 

02/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com