لەنێوان ""سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو"" و ""دانی مەرگ"" دا:
یان پاتوچکە لە تێگەیشتنی ئیتیکی ژاک دێریدا دا

  

ئازاد حەمە


‌تێبینی: ئەم نووسینە بەشێکە لەو کتێبەی لەژێرناوی (فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی یان پاتوچکە لە ""سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو"") بۆ چاپکردن ئامادەیە. بەهیوای ئەوەی بلاوکردنەوەی ئەم بەشە بەتەنیا تێگەیشتن لەسەر ڕەوتی توێژینەوەکە بەدەستەوە بدا و لەو مانایانە داینەبڕێ پرۆژەی توێژینەوەکە خۆی بۆمەلاسداوە بیپێکێ.



مەرام و دەروازە


جێی سەرسوڕمان نییە ئاماژە بەوەبکەین کە، لە گفتووگۆ فەلسەفییە هاوچەرخەکانا کاتێ باس دێتە سەر شوێنی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی یان پاتوچکە ناوی ژاک دێریدا یەکێکە لەو ناوانەی لەمبارەیەوە ڕۆشنای دەخرێتەسەر کە لەتەک هزری یان پاتوچکەدا لە گفتووگۆدا بووە. لەم بەینەدا نابێ فەیلەسوفێکی فینۆمینۆلۆژی تری فەڕەنسی بەناوی "پۆل ریکۆر" مان لەبیرچێ کە لەگەل نووسینەکانی یان پاتوچکە دەستوپەنجەی نەرمکردووە و نووسخەی فەڕەنسی نووسینی "سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو" ی یان پاتوچکە لەگەل پێشەکی ئەم فەیلەسوفە بەچاپگەێندراوە(1).
بۆئەوەی لەسەر ئەو گفتوگۆ فەلسەفیەش بەردەوامبین ، کە لەسەرەتاوە لەسەر کتێبەکەی پاتوچکە "سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو" کارمانلەسەر کردووە، بەپێویستی دەزانین ئاوڕ لە دیتنی ژاک دێریدا لەو نوسینەیدا بدەینەوە کە بەناوی ""دانی مەرگ"" (یان بەخشینی مردن) (2) بۆ خوێندنەوەی کتێبەکەی پاتوچکە ئەنجامیداوە، کە لەخودیخۆشیدا ئەم نووسینەی دێریدا بە یەکێ لە کارە فەلسەفییە دیارەکانی سەدەی بیستی ڕۆژئاواش لەقەلەمدەدرێ. لەڕێگای ئەو نووسینەی دێریداوە تیۆریزە بەسەر ئەو لایەنانەوەدەکەین کە مانایان بۆ نووسینەکەی ئێمە تایبەت بە کتێبەکەی پاتوچکەوە هەیە. بەمجۆرە لەم بەشەی نووسینەکەمان دا گفتووگۆی "سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو" ی پاتوچکە لە تێگەیشتنی ئیتیکی(ڕەووشتی) ژاک دێریدا دا دەکەین.
لە بنەڕەتدا نووسینەکەی دێریدا، ""دانی مەرگ""(یان بەخشینی مردن) ، باسێکبووە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسێ لەژێرناوی ""ئیتیکی دان"" کە لە دیسەمبەری 1990 دا لە پاریس سازکراوە (3). ئەلبەتە لەگەل ئەم نووسینەی دێریدا دا وشەی ""دان"" قوورسای فەلسەفی خۆی پەیدادەکا و پێگەێکیش لە نووسینە فەلسەفییە هەلوەشانەوەیەکان بۆخۆی مسۆگەردەکا و دەبێ بە وشەێ لە وشەکانی لێکسیکۆنی هەلوەشانەوەگەری و دەچێتە خانەی وشە گەلێ تری بەکاربراو لەلایەن دێریداوە وەک :"جیاوازی" ، "نووسین" ، "پاشماوە" و ..هتد.
گرینگە هەر لەم سەرەتایەوە ئەوەشبلێین کە، هەلوەشانەوەگەری ،وەک ئاڕاستەێ ڕەخنەی لە بواری فەلسەفەی هاوچەرخ دا ، چ بۆ واتای مەرگ و چش بۆ ئەو واتایانەی (بەرپرسیاریەتی، پیرۆز، نهێنی ، ئاین) لەرێگای ئەو واتایەوە لە نووسینی ""دانی مەرگ""دا بەرباسیدەخا خاوەنی بۆچوونی ئیتیکی خۆیەتی و ئەو بۆچوونەش وەک خۆی لە نێوەندە جیاوازەکانی فەلسەفە لە ڕۆژئاوا پێشوازیلێناکرێ. ئەمەشلەبەرئەوەی، گەلێ لە ڕەخنەگران ئەو بۆچوونانە بە بۆچوونهاێکی ڕێژەگەر و یان هیچگەرا لەقەلەمدەدەن و بەوپەری هەستیاریەوە مامەلەیان لەتەکادەکەن. ئەم لایەنە کە لە فەلسەفەی هاوچەرخدا مشتومرێ زۆری لەسەرە و لەبەرئەوەی باسێکە دەچێتە خانەی گفتوگۆکردنی لەلاێ فەلسەفەی هەلوەشانەوەگەری دێریدا و لەلاێتر هزری دێریدا بەگشتی بابەتی ئەم باسەی ئێمە نییە و لێرەڕا هەلوێستەی لەسەرناکەین. وەلی ئەوی ئێمە لێرە کاری لەسەر دەکەین و ڕاوبۆچوونی خۆمانی لەبارەوە دەستنیشاندەکەین گفتووگۆی واتای مەرگ و واتای بەپرسیاریەتییە لە سنووری ئەو باسەی تایبەت بە فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی پاتوچکە کاریلەسەردەکەین. بەپێیئەوەش کە فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی پاتوچکە ، یاخود چاترە بلێین هزری فەلسەفی پاتوچکە ، بۆ دێریدا لە کتێبی ""دانی مەرگ"" دا بابەتی گفتووگۆێ فەلسەفی چڕ بووە بایەخی ئێمەش بۆ ئەم کتێبەی دێریدا لێرەوە سەریهەلداوە.
دێریدا لە کتێبی ""دانی مەرگ"" دا قسەلەسەر چەند تێماێ فەلسەفی ناوەڕۆکدار دەکا کە هەلوێستی فەلسەفی پاتوچکە لە "سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو" تایبەت بە هەندێ سێرکردنی ئیتیکی و ئاینی و تەنانەت سیاسیش دەخەنە ژێپرسیارەوە. بالێرە ئەوەش بلێین کە ، ئاوردانەوەی دێریدا لە پاتوچکە لە کتێبی ""دانی مەرگ""( نوسخەی فەرەنسی 1992) دەچێتە خانەی قۆناغی "دوا دێریدا" وە. ئەم قۆناغە ، کە لە 1990 کانەوە دەستپێدەکا تا کاتی مردنی دێریدا لە 2004 بەردەوام دەبێ، قۆناغێکە دێریدا تیایا زۆرتر ئاورلە باسهاێکی چڕی سیاسی، یاسا، ماف ، هاوڕێیەتی، ماتەمینی، مەرگ ، لێبووردەی، هاوسێیەتی، سوپاس، و پرسیارە سیاسی و ڕەوشتی و ئاینیەکان دەداتەوە. ئەو جۆرە نووسینانە، مەبەست نووسینە سیاسی و ڕەوشتیەکانی دێریدا، بە نووسینەکانی سەردەمی پیری دێریدا دەناسرێن و خۆیان لە قەرەی باس ئاینی، ڕەووشتی(ئیتیکی) و سیاسی دەدەن و لە ڕەوتی نووسینە فەلسەفیە پووخت و ئەدەبییەکانی دێریدا ،کە لە قۆناغی لاویدان نووسراون ، زێدە جیان.

شوێنی باسە، دێریدا لە نووسینەکەیدا گفتووگۆی بینینی فەلسەفی پاتوچکە لە "سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو" دەکا و ئەمەش لەمیانەی واتاگەلێ وەک بەرپرسیاریەتی ، مەرگ (شەهیدبوون، قووربانیبوون، خۆکوشتن) ، پیرۆز- موقەدەس- و نهێنییەوە دەکا و ، ئەلبەتە دێریدا بۆئەوەی مەودای گفتووگۆکەی تایبەت بە هزری پاتوچکە بەرین و فڕەئاقارکا دێ و پردێ لە گفتووگۆ لەنێوان ئەم کارەی پاتوچکە و تێگەیشتنە فەلسەفیەکانی هایدیگەر لە ""بوون و کات""، لێڤیناس لە ""مەرگ و کات"" و کیێرکگەرد لە ""ترس و لەرز"" دا دروستدەکا و، ئەو واتایانەش کە لایسەرەوە گۆکران بەجۆرێ ڕاڤەدەکا کە لە نووسینەکەی پاتوچکە هەمان ئاڕاستەیان نییە و ، ئەلبەتە دێریدا ئامانجیشی لەمە پەرەپێدانە بە بزاڤی بینینەکانی پاتوچکە لەئاستێ فەلسەفی نا- میتافیزیکیدا.
دێریدا بۆئەوەی خوێنەری نووسینەکەی نووقمی بیری ئاینی و ئیتیکی بکا لە هێندێ شوێنا لەرێگای ئەم نووسیینەیەوە میراتی مەسیحایەتیش تایبەت بە واتای بەرپرسیاریەتی لەرێگای تێخوێندنەوەی هەقایەتی ئیبراهیمەوە دەخاتە ژێرپرسیارەوە. لەم حالەتەدا دێریدا بە پشتبەستن بە هەقایەتی ئیبراهیم، کە ئیسحاقی کوری دەکا بە قووربانی بۆ خوا و مەرگی ئیسحاق دەکا بە دیاریێ لەپێناوی خوا دا، باس لە دیاردەی خۆبەقووربانیکردن لە ئاین دەکا و مەسیحای ئەوروپایش دەکا بە مۆلگەی گفتووگۆکانی. ئەم بەرپرسیاریەتیەی ئیبراهیم بەرامبەر بەخوا دێریدا ناویدەنێ بەرپرسیاری بەرامبەر بە "گشت ئەویتر" . ئەم ئەویترە ، ئەویترێ ڕەها و نهێنیە کە مەبەستیش لێی یەزدانە(خوا). لوغزی ئەم جۆرە گفتووگۆیەش لە نووسینەکەی دێریدا خۆی لەو بینینە فەلسەفیانە حەشاردەدا کە دێریدا دەخوازێ لەڕێگای ڕوونکردنەوەی لەلاێ نەشونمای واتای بەرپرسیاریەتی لە نەرێتی ئەفلاتوونی و مەسیحای هەروەها لەلاێتر پێوەندی نێوان قووربانی (هەقایەتی ئیبراهیم و ئیسحاق) و ڕەووشتگەری ئەوەمان بۆ یەکلاکاتەوە چۆن بەرپرسیاریەتی شیاودەکرێ و چۆنیش ڕەووشتی دان (دان وەک دیاری یان خەلات) لە ئاین دا کار دەکا.
دێریدا کە دیارە مێژووی ئەورووپا و مێژووی بەرپرسیاریەتی لێکدی جیاناکاتەوە خۆی دەخاتە بەردەم کۆمەلێ پرسیاری زێدە ئالۆزی نەک هەر فەلسەفی یان سیاسییەوە بگرە ئاینیشەوە.چونکە بۆ ئەم بیرمەندە فەرەنسییە مێژووی بەرپرسیاریەتی بە مێژووی بەرپرسیاریەتییەوە گرێدراوە (4) وەلی لە توێژینەوە فەلسەفیەکانی ڕۆژئاوادا گەر ناهاوسەنگێک لە بینینا تایبەت بەم لایەنە هەبێ ئەوا ئەم بیرمەندە پاریسیە دەیخاتەسەرئەستۆی مێژووکردی ڕرژئاواییەوە. بەواتاێ دی، بۆ دێریدا بەهەلەتێگەیشتنی مێژووکردی ئەورووپای لە مێژووگەری بەپلەییەک بریتییە لە بەهەلەتێگەیشتن لەوەی چۆن مێژووگەری لە پێوەندیدایە بە بەرپرسیاریەتییەوە (5). دێریدا، بۆچڕترکردنەوەی دیتنەکانی، لەسەر زمانی پاتوچکە باسلەوەدەکا کە مێژووگەری هەمیشە وەک کێشە دەشێ بمێنێتەوە ، کێشەی مێژووگەری کێشەێ کراوەیە و هەرگیز چارەسەرکراو نابێ (6). ئەمە بەباوەڕێ ئێمە هەنگاوێکە لەلایەن دێرێداوە بۆ چاندنی تۆوی گومان تایبەت بەو تێگەیشتنانەی سەبارەت مێژووی تازەی ئەوروپاش دەووترێ. تەنانەت بۆ دێریداش ئەوەیان باسە کە چۆن لەدایکبوونی ئەورووپا بەمانا تازەکەی ئەم وشەیە دەشێ لێکدرێتەوە؟( 7). بەلام بەپێیئەوەی دێریدا پێیوایە دانی مەرگ بریتییە لە عەقدی نێوان بەرپرسیاریەتی و باوەڕ (8) ئەم حالەتە سێرکردنە سیاسی و ئیتیکیەکانی دێریدا بەرەو شوێنێ دەبا کە ڕێک خۆیان لەسەر سنووری گفتووگۆی نێوان ئاین و ڕەووشت دا ببیننەوە. ئەلبەتە ئەم لایەنەش دەرگا لەسەر گفتووگۆیێ زێدە بە پیتی ئیتیکی و تیۆلۆژی(لاهوتی)یش دەکاتەوە کە بەهاێ بێئەندازە گرینگ بە نووسینەکەی دێریدا دەبەخشێ.
بەپێی ئەو چەند دێرەی دوای بێ مەرامی ئێمە لەم گفتووگۆکردنەی نووسینی ""دانی مەرگ""ی دێریدا خۆنووقمکردنە لە فێرگە فەلسەفییەکانی دێریدا دا تایبەت بە ئاین و ئیتیک. ئەو شێوە گفتووگۆ فەلسەفیەی دێریداش لەو نووسینەیدا ئارەزوومەندە بهێنێتەپێشەوە هەر پرسیار نیە لەسەر دان (یاخود بەخشین)ی مەرگ بەلکو پرسیاریشە لەسەر چۆنیەتی بوونی ئاین بە باسێ سەرەکی و زێدەسەرنجڕاکێش لەکاتی گفتووگۆی بابەتی مەرگ یان ڕەووشتی بەرپرسیایەتی دا.
هەر لەم نووسینەشماندا تایبەت بە هزری پاتوچکە و لەسەرەتای دەستپێکی کتێبەکەدا ئەوەمان بەرچاوخست کە دەمانەوێ پردێ فەلسەفی گفتووگۆئامێز لەنێوان پاتوچکە و دێریدا دا دروستکەین. مەرام و مەبەستی ئێمە لە دروستکردنی ئەم پردە بۆئەوەیە کە، دێریدا لەو کتێبەی لایسەرەوە ناویهات (واتە دانی مەرگ) هەندێ لایەنی تری کردووە بە سەکۆ بۆ مشومڕلەسەر دونیابینینی پاتوچکە لە کتێبی ""سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو"" ، کە ئێمە لە خوێندنەوەکەمان دا ئەو لایەنانەمان ئاوا شینەکردۆتەوە و بەوشێوە دێریدایانەشەوە ئاورمانلێنەداوەتەوە. بەماناێ دی، دێریدا لەو کتێبەدا کە گفتووگۆی شیاوی و ناشیاوی دان دەکا و سرووشتی ئەنترۆپۆلۆژی و ئابووری دان(بەخشین)یش دەخاتە بەرباس ئەمە بۆئێمە و لە توێژینەوەکەمان تایبەت بە بیری پاتوچکە شوێنی تێڕامان نەببوو.
وێرای ئەویووترا، ئەم نووسینەی دێریدا ئەوەش بیردەخاتەوە کە فەلسەفە کە خۆی وەک دۆزەرەوەی ئازادی ، ئازادی مرۆڤ، نیشاندەدا ئەرکی لە ئێستادا گەورەیە. بەلام ئەم بیریارە فەڕەنسییە ئازادی لە چوارچێوەی بینینی هەلوەشانەوەگەری ڕاڤەدەکا کە ئەوەش بریتییە لە بەرپرسیاریەتی( 9). بۆیە ئێمە، بۆ پتر قوولبوونەوە لە هزری پاتوچکە و یەکلاکردنەوەی ئەوی گرینگ و سەرەکیە لە هەناوی ئەم هزرە بەچاکمانزانیوە کار لەسەر ڕاڤەکردنی ئەو واتایانەش بکەین (بۆنموونە: مەرگ، بەرپرسیاریەتی، ئاین، پیرۆز ، نهێنی) کە بۆ دێریدا موتیڤ (پالنەر) بوونە تا بیری خۆی لەسەر نووسینەکەی پاتوچکە بەوشێوە داڕێژێ و ، ئەلبەتە ئەوەش لەسەرێ ترەوە ئاقارێتری بە تێگەیشتنی ئێمە تایبەت بە هزری پاتوچکە داوە.

ئەم کتێبەی دێریدا کە بەسەر چوار بەشدا دابەشدەبێ (یەکەم: نهێنی بەرپرسیاریەتی ئەوروپایی، دووەم: لەودیو: دان بۆ وەرگرتن ، فێرکردن و فێربوونی دان ، مەرگ ، سێهەم: بە کێ بدرێ و چوارەم: هەموو ئەویتر هەموو ئەویترێکە) تەنیا ئەو لایەنانەی کتێبەکە بەرگفتووگۆ دەخەین کە هزری پاتوچکە لە کتێبی""سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو"" دەخاتە ژێرپرسیارەوە. چونکە دێریدا لەم کتێبە دا جگەلە پاتوچکە قسەلەسەر کیێرکگەرد و پەڕەگرافی 49 ی کتێبی "بوون و کات"ەکەی هایدیگەریش دەکا. بەلام لەو شوێنانەی کە پێویستکا فەلسەفەی ڕەەوشتی دان و واتای مەرگ و شیاوبوونی بەرپرسیاریەتی بەپێی بینینی دێریدا ڕوونکەینەوە ئەوا ڕوومان لە دەرگای بابەتەکانی تری ئەو کتێبەی دێریدا ناوە.
مایەوە لەم دەروازەیەدا ئەوەش بلێین کە، ئەوەی لە نێوەندە فەلسەفیەکانا تایبەت بە فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی پاتوچکە باوە ئەوەیە کە پاتوچکە لە ڕووی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژییەوە قووتابی هۆسڕل و دواتر هایدیگەر بووە و گفتووگۆی ژێراوژێریشی لەتەک دیتنە فەلسەفەییە فینۆمینۆلۆژییەکانی لێڤینانسیش هەبووە بەلام ئەم لایەنە لەم نووسینەی دێریدا بەوجۆرە باسیلێناکرێ و تەنانەت دێریدا ئاماژە بە سەرنجێکی شەخسی خۆی تایبەت بە ئەزموونی پاتوچکە دەدا کە جیایە لەوەی لایسەرەوە ووترا. چونکە بەقسەی دێریدا بێت پاتوچکە لە لەگەل هایدیگەر (کە کارەکانی چاک دەناسێ) و لێڤیناس(کە ڕەنگە و ڕەنگیش نییە خوێنیبێتیەوە ) دا لە گفتووگۆدا بووە ، بەلام ئەوی پاتوچکە ، دێریدا وتەنی، لەو دوو بیریارە جیادەکاتەوە تەنیا مەسیحایەتەکەی پاتوچکە (ئەلبەتە دێریدا گومان دەکا ئەو دوو بیریارە مەسیحای بووبێتن) نییە (10). بەلام بەشبەحالی خۆمان بۆ ئەوەدەچین کە مەسیحایەتی هزری فەلسەفی پاتوچکە کاریگەری بەسەر ئاوردانەوەکەی دێریدا بۆ پاتوچکە لە نووسینی ""دانی مەرگ"" دا هەبوو بێت. ئەمەو دێریدا پێشتریش، واتە پێش نووسینی ""دانی مەرگ""، بە دۆزی ڕوناکبیری نووسەرانی چیکی دژە ڕژێمی کۆمۆنیزمی ئەو دەمەی چیکۆسلۆڤاکیا ئاشنا بووە و ، ئاگایێ ووردی لەسەر هەولە سیاسییە هزریەکانی پاتوچکە و هاوبیرانی لە پراگ لە داڕشتنی بیرۆکەی چارتە77، کە دەنگێ مرۆی و ڕەووشتی بووە دژ بە زۆرداری و ناهاوسەنگی سیاسی لە کۆمەلگەی چیکی، هەبووە(11).



هەولی دێریدا بۆ ڕوونکردنەوەی ئیتیکی بەرپرسیاریەتی لە رێگای واتای مەرگەوە


لە هزری فەلسەفی فەیلەسوفی چیکی یان پاتوچکە دا مەرگ شوێنێ گرینگی هەیە و ئەم مەرگە لەتەک بەرپرسیاریەتیدا لەپێوەندیدایە. یان پاتوچکە لە نووسینەکەیدا بۆئەوە دەچێ، بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەر قووربانی ، زەبرووزەنگ و بەدڕەووشتی دا گەشەدەکا (12).جا لەبەرئەوەی پاتوچکە لە نووسینەکەیدا ئەو دیتنەمان لابەرجەستەدەکا کە مردن لە پێوەندیدایە بە بەرپرسیاریەتیەوە ئەم لایەنە گرینگی بۆ دروستبوونی گفتووگۆێ قوول لای دێریداش هەبووە. لەبنەڕەتیشدا سێرکردنی فینۆمینۆلۆژیانەی پاتوچکە بۆ مەرگ کارێوایکردووە بینینە فەلسەفییە ڕەوووشتیەکانی دێریدا ئاقارێ ئەوتۆش وەرگرن کە مەرگ، ڕەووشتی بەرپرسیاریەتی و سینگولاریتێ (تاکی) لە کۆنتێکستی ڕاڤەکردنەکەدا بەجۆرێ پێکەوە پابەندبن کە کاردانەوەیان بەسەریەکەوە هەبێ.
لێرە بەسوودە ئەوەش بێژین کە، لەکاتی خوێندنەوەی نووسینەکەی دێریدا تایبەت بە کتێبەکەی پاتوچکە چەقترین شتێک کە دەشێ خوێنەر خەیالی بۆ بچێ بابەتی چۆنیەتی دانی یان بەخشینی مەرگە، واتە تەرکیزی دێریدا لە دانی مەرگ دا کۆدەبێتەوە و مەرگ فۆڕمێ ئەوتۆ وەردەگرێ کە دەدرێ یاخود دەبەخشرێ. لێرە دەکرێ بۆئەوەشبچین کە ، لە بینینی دێریدا دا مەرگ دەبێ بە شتێک و دەدرێ، یان مەرگ بەویتر پێشەکەشدەکرێ. دانەکە ، یاخود پێشکەشکردنەکە، شێوە وەردەگرێ کە پاشان دێینەوە سەری وەلی مەرگ لە هزری دانا خۆی چڕدەکاتەوە. دانی مەرگ کە لە بناغەدا لەم نووسینەی دێریدا دا ، بابەتی گفتووگۆکردنەکەی دێریدایە تایبەت بە پاتوچکە دەرگا لەو گفتووگۆیەش دەکاتەوە کە لەسەر نەرێتی مەسیحای و ئەفلاتوونی دەهێنرێتەپێشەوە. چونکە بۆ دێریدا بێئەندازە گرینگە حالیبوونی ئیتیکی خۆیمان لە چەند بینینێکا بۆبەرجەستەکا سەبارەت بە چۆنیەتی ڕەفتارکردنی مەسیحای و ئەفلاتوونیزم لەتەک بەرپرسیاریەتی و باوەڕ و قووربانی دا.
لە نووسینەکەی دێریدا دا جۆرە هۆنینەوەێک تایبەت بە واتای قووربانی و مەسیحای لەگەردایە کە خۆی لەو بیرکردنەوەیەدا بەرجەستەدەکا کە، ئەزموونی بەقووربانیدان لە مەسیحایەتەوە دەستپێدەکا. هەروەها لە نووسینەکەی دێریدا دا مەسیحای وەک ئاینێ میستری (ڕازاوی، نهێنیاوی، لوغزاوی) ، ئاینی نهێنی و قووربانی دەخرێتەڕوو ( 13)، دێریدا بۆئەوەی ئەم لایەنەش لەتەک تێخوێندنەوەکەی بۆ پاتوچکە تێهەلکێشکا دێ و خوێندنەوە بۆ بابەتی قووربانی لەمیانەی خوێندنەوەی نووسینی ""ترس و لەرز""ی کیێرکگەردەوە ئەنجامدەدا. ئەمەش لایئێمە ئەوە دەگەێنێ کە بۆ دێریدا بەرپرسیاریەتی گشتی لە دەرەوەی باوەری ئاینیەوە دەجولێ و پێویستە بەرباسخرێ. گەروابێ، ئەمە وا لە دێریدا دەکا باس لە ئاین و تەنانەت یەزدانیش بێنێتەگۆرێ. چونکە لە هۆنینەوە فەلسەفیەکانی دێریدا دا سەبارەت بە مەرگ وەک ئەوەی دەدرێ (یان دەبەخشرێ)، ئاین و بەرپرسیاریەتی لە پێوەندی ڕاستەوخۆدان لەتەک ئەوەی دێریدا ناویدەنێ دانی مەرگ. دێریداش بۆ ئەومەبەستە قسەی خۆی لەسەر بەرپرسیاریەتی لەناو باوەری ئاینی و ئایدیۆلۆژیای ئاینیدا دەکا.
بێچەندوچۆن دەلێین: گرینگە خوێنەری ئەم نووسینەی ئێمە فوکوس(تەرکیز) لەسەر ئەوەشبکا کە "بەرپرسیاریەتی وەک مێژووی نهێنی" شتێ زێدە هەستیارە چ لە نووسینەکەی پاتوچکە و چش لەوی دێریدا دا ، بەلام ئەم لایەنە لە گفتووگۆی باسی ڕەووشتی ،یاخود بەرپرسیاریەتی ڕەووشتی، ڕەنگدانەوەی خۆی خستۆتەوە. بەتایبەت بەپێی بۆچوونی دێریدا ڕەووشتی شتێکە لە دەرەوەی بەرپرسیاریەتی. ئەمەش ئەوەدەگەێنێ کە ڕووشتی لە بەرپرسیاریەتی هەلدێ. بەلام ناکرێ بەهیچجۆرێ ئەو تێزەی دێریدامان لە نوسینەکەیدا ، لە "" دانی مەرگ"" دا ، لەبیرچێ کە نەخشە بۆ ئەوە دادەنێ بەرپرسیاریەتی و مێژوو پێکەوە گرێدات (14).
تێگەیشتنی دێریدا لەم توێژینەوەی تایبەت بە مەرگ و ڕەووشتی بەرپرسیاریەتی لە تێگەیشتنی کانتەوە نزدیکە هەروەها لای دێریدا ڕەووشت شتێ گەردووناوی نییە بەلکو شتێ تاکیە (ئیندڤیدوالیە). وەلی ئەوشتە پڕگرینگ و بایەخەی لەمڕوەوە دێریدا ئاماژەی پێدەدا ئەوەیە کە ، دێریدا پێیوایە واجیبێ(ئەرکێ، ئیلتزامێ ) ڕەووشتیە قووربانیدان بە ڕەووشت. لێرەوە بەباوەڕی ئێمە ، دێریدا دەیەوێ وتارێ نا-میتافیزیکی بێنێتەکایەوە کە سەرتاپا دژی ئاڕاستەی نووسینەکەی پاتوچکەیە لە کتێبی ""سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو"". بۆهەندێ لە توێژەرەوان پاتوچکە لەو نووسینەیدا ئایدیالیستێ کراوە نیە و داکۆکی لە وتاری میتافیزیکی ڕۆژئاوا ناکا و ، بگرە بەپێچەوانەوە کار بۆ کۆتایهێنان بە هزری میتافیزیکی دەکا و لەو شوێنانەی پێویستکا بە هەناسەێ دژەمیتافیزیکیانەوە بیریخۆیمان بۆ ڕاڤەدەکا کە ئەمەش پاتوچکە فرێدەداتە دەڤەرێ فەلسەفی ترەوە. بەلام لایەنێ لەو لایەنانەی پاتوچکە لەو نووسینەیدا ڕوناکیدەخاتەسەر و بە تەماشاکردنە ئیتیکی و سیاسیەکانی خۆیەوە تێهەلکێشیدەکا بابەتی "بەڕوحانیکردن"ە. لێرە و بۆ زێتر ڕوونکردنەوەی ئەم لایەنە و کاریگەری پاتوچکە لەم لایەنەوە بەسەر نەوەی پاشخۆیەوە دێینەسەر تێگەیشتنێکی پێتەر لوم لەو پێشەکیەی بۆ کتێبی ""ئەفلاتوون و ئەورووپا"" ی پاتوچکە نووسیویەتی کە تیایا بۆئەوەچێ ، پاتوچکە کاریگەری بەسەر هزری پۆستمۆدێرنی فەڕەنسیەوە هەبووە بەتایبەت لەسەرئاستی هەلوەشانەوە و چێژوەرگرتنی یاریئامێزانەی ڕەووشت و ڕۆحانی (15).لوم پێیوایە ئەم لایەنە لە دوا کارەکانی فوکۆ و دێریدا دا بە باشی دەرکەوتوون (16). ئەمەو لوم پێگیری لەوەشدەکا، لە ئەوروپا و بەزۆری لە گفتووگۆی سیاسی یان ناسنامەی ئەوروپایدا ئیدیاکانی پاتوچکە و بەتایبەت دیتنی بۆ میراتی ئەورووپای، کە لە بنەڕەتدا ڕیشەی لە دیدی فەلسەفی "بایەخدان بە ڕۆح" ەکەی سوکرات داکوتیووە، لەبەرهۆی سیاسی و کولتووری بەجدی سەرنجی دەخرێتەسەر (17 ). هەر لەم بارەیەوە ڕیکارد ڕۆرتیش قسەیخۆی هەیە و بۆئەوەدەچێ کە، "پرسی ڕۆحانی یان ترانسندێنس" لەبیرکراوە و دانیشبەوەدادێنێ کە لەمدوایەدا بۆ بەشێ لە فەیلەسوفانی کۆنتنێنتالی فەڕەسی و ئەمەریکی بووە بە بابەتی توێژینەوە. بەوەشدەچێ ڕۆرتی لێرە مەبەستی لە کاریگەری پاتوچکە بێ بەسەر فەیلەسوفانی ناوبراوەوە. لەلاێ تریشەوە دەکرێ بلێین ، هەردوو نووسینەکەی دێریدا چ ""ئاین "" و چش ""دانی مەرگ"" کە مانای بۆ ئاوەردانەوەی هەندێ لە ڕوناکبیرانی ڕۆژئاوای بۆ "بەڕۆحانیبوون" هەبووە کارێئەوتۆشی کردووە "ترانسندێنس" لە فەلسەفەی چ سیاسی و چش ڕەووشتدا جارێتر ببێتەوە بە بابەتی گفتووگۆ. بەلام ئەو تێکەلکردنەی لەم دوو دەیەی دوایدا لەنێوان ڕۆحانیەت و ڕەووشت یان ڕۆحانیەت و سیاسەت یان ژیانی کۆمەلایەتی کرا هەندێ حەساسیەتی سیاسی و کولتووری خستەوە ، ئەمەش بەزۆری پاش هەندێ لە ڕوداوەکانی سەدەی بیست (لەوانە ژینۆساید لە کۆسۆڤۆ یان 11 ی سێپتەمبەر) خۆیدەرخست.
با لەم سەرەتایەوە ئاماژە بەوەشبکەین کە، لە هزری دێریدا دا دانی مەرگ بەواتای ئەوەدێ کە مەرگ دەشێ بدرێ، یاخود پێشکەشکرێ. واتە مەرگ وەک خەلات دەدرێ، یان لەشێوەی دیاری بەویتر پێشکەشدەکرێ. گەرئەمەش بێ دۆزی مەرگ ، مەرگ وەک دیاری، لەم نووسینەی دێریدا دا دەشێ بپرسین کێ چی دەدا؟ و کێ چی وەردەگرێ؟ بۆ وەلامدانەوەی ئەم دوو پرسیارەش ،کە دەرگا لەسەر بەواتابوونی مەرگ لەو نووسینەی دێریدا دەکەنەوە ، ئاساییە بلێین: دێریدا وشەی دان وەک دیاری نابینێ بەلکو وەک نهێنی چونکە پێیوایە دیاری هەر بە نەدراوەی دەمێنێتەوە و خۆی وەک شتێ نهێنی نیشاندەدا. بۆیە دێریدا نهێنی مەرگ وەک ئەزموونێ نوێی مەرگ نیشاندەدا. ئێمە گەر لە چوارچێوەێ سیاسیدا تەماشای دیتنەکانی دێریدا بۆ دانی مەرگ بکەین دەلێین: لەزۆر حالەتەدا بۆنموونە جەنگ ، قەتلوعام (هۆلۆکۆستی جووەکان یان کورد) مەرگ کە بەویتری دەدرێ ئەم مەرگە ویستێکە و بەسەر ئەویتردا دەسەپێنرێ. ڕوونتر بدوێین دەلێین: ئەو دەمەی نازیەکان جووەکانیان دەسوتان یان بەعسیەکان کوردیان زیندەبەچالدەکرد مەرگیان بەویتر بەزۆر دەبەخشێ. لەم حالەتەدا مەرگ بەزۆرە ملێ دەبێ بە ڕیشی ئەویترەوە و ئەویتر ئازاد نییە لە ڕەتکردنەوەی. وەلی لەحالەتیتردا مەرگ بەخشین شەقلێ تر وەردەگرێ بۆنموونە بەشداری سەربازەکانی ئێرانی لە شەڕ دژ بە سوپای عێراقی و مردنیان لەبەرەی جەنگ لەسەر ئەو تێگەیشتنە گوزەری دەکرد کە مردووەکان بەلێنیئەوەیان پێدرابوو کە شوێنیان لەودونیا، لەئاخیرە ،هەیە. ئێمە وایبۆدەچین هەر مەرگێک بەرپرسیاریێکی خۆی هەیە. بەباوەڕی دێریداش بێ تەنیا مەرگ دەکرێ بەرپرسیار بێ. واتە، تەنیا مەرگ لە مەرگی خۆی بەرپرسیارە (18 ).
بەبۆچوونی پاتوچکە ،و بەقسەی دێریدا، وەرگر مەرگ وەردەگرێ و ، ئەگەر مەرگیش پێدراو بێ ژیانیش پێدراوە 19). بەلام کێیە ئەوەی ئەم پێدراوە دەدا؟ گەر بە بەواتاێ دێرێداییانە بپرسین دەلێین: ئەو شتە چییە کە مەرگ شیاو دەکا؟ ئایا ئەوە خوایە مەرگ شیاو دەکا یان کەسێ (یاخود شتێ) تر؟ هەروەها ڕاستە ئازادی لە مردندا نییە بەلام مردن چۆن ڕوودەدا؟ بۆ وەلامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئەوەی ڕوونە لێرە بووترێ ئەوەیە کە، ڕوودانی مەرگ ڕووداوێکە و دێ. بەواتاێتر، هاتنی مەرگ لەخودیخۆیدا ڕووداوە. هاتنەکەی مەرگ کە کتوپڕ و ڕووداوئاسایە خورپەهێنەرە. لێرەوە دەشێ بەو بینینەش بگەین کە بەمشێوەیە خۆی فۆرمولێرەدەکا : گەر مەرگ پێدراو بێ ئازادی لەم حالەتەدا ناتوانێ سنووری مەرگ ببەزێنێ. ئەمەو ئێمەی بوونەوەر دەبێ لە چاوەڕوانی مەرگ دا، مەرگی ڕاستەقینەی خۆمان دا، بین. لەوە زێدە گرینگتر بشێ لێرە بووترێ ئەوەیە کە، کەس لە بڕی ئەویتر نامرێ. بەپێیئەم دیتنەبێ لەسەر مەرگ، هەرکەسە لە چاوەڕوانی مەرگی خۆیدایە و جێگۆڕکێ بە مەرگی یەکتر ناکرێ. بەماناێتر، کە دەمرین ئەوە منە دەمرێ و منێتر لەبڕی ئەو منە نامرێ. واتە سینگولاریتێ (تاکێتی) لە پێوەندیدایە لەتەک مەرگ دا. ڕوونتر بدوێین ئێژین: دێریدا وەک هایدیگەر پێیوایە هەریەکە مەرگی خۆی دەژی، کەس ناتوانێ لە شوێنی ئەویتر بمرێ (20).
بەلام نە دێریدا و نەش پاتوچکە ناتوانن هاتنی مەرگ وەک ڕووداوێ ئاسانکەن. بەواتاێتر، هاتنی مەرگ شتێ ئاسان نییە و خۆشی هێنەریش نییە لە چەند حالەتێ ڕیزپەڕدا نەبێ کە زۆربەمان ڕەنگەبزانین کامانەن (بۆنموونە خۆزگە بە مەرگ خواستن لە زیندان،لە گیانەلایا یان لەکاتی ئازارچەشتن بەدەست ئازاری نەخۆشیەکی کوشندەوە و... ). کەواتە ترس لە مەرگ شتێکە بوونی هەیە و گومانیناوێ. دێریدا پرسیاری ئەوەدەکا ئەوشتە چیە کە وامانلێدەکا بلەرزێن (یان بترسیێن)؟ دێریدا پێیوایە خوا یان مەرگ ئەو شتەیە کە دەمانخاتە لەرزین (21). بەلام ئەوی زێدەگومرایە و کەمکەس باسیدەکا ئەوەیە کە هەموو کەسێ ئامادە نییە بمرێ و، ترسێک لە مەرگ هەمیشە بوونی هەیە، یان لەگەل نزدیکبوونەوەی مەرگ دا هەموو هاواردەکەین و دەترسین بمرین. بەکورتی مەرگ خورپەهێنەرە. مەرگ میوانێ زێدە ئازیز نیە. مەرگ هاورێیێ میهرەبان نییە لە هەندێ دۆزی تایبەت و دەگمەندا نەبێ. لەوانەی ووتمان سەیرتر ئەوەیە ، لە مەرگ دا زۆرداریێک هەیە، چونکە مەرگ دێت و خۆی دەسەپێنێ. دەکرێ ئەوەش بلێین کە بەپێیئەوەی مەرگ مەترسیێ حاشاهەلنەگرە بەسەر بوونمانەوە تێکدەری قەوارەی ئۆنتۆلۆژیشمانە. بەلام کە مەرگ پۆلدەکرێ و، مەرگ شێوەی جیا وەردەگرێ (شەهیدبوون، لەسێدارەدان، کوشتن یان تیرۆر) ئیدی مەرگ دەبێ بە کاتیگۆریێ زێدە ئالۆزی ڕەوشتی و تەنانەت سیاسیش. بەلام لەگەلئەوەشدا ئەوی هەیە و شێوەی جیا وەردەگرێ ئەوە مەرگە نەک شتێتر ،مەرگیش ئەو شتەیە کە فەوتان و نەمانمان بەرجەستەدەکا. چونکە مەرگبوونمان نیشانەیە لەسەر لوغزی فەوتان و نەمانیشمان. مەرگبوونمان کۆلەکەی نهێنی نەبوونمان لە بوونا شیدەکاتەوە.
بائەوەش بلێین کە، دێریدا کە خوا یان مەرگ دەکا بە هۆکاری لەرزین مەرگ دەکا بە هاوواتای خوا. لەبەرئەوەی خوا لە هزری دێریدا دا نهێنیە ، نەناسراو و شاراوەشە. خوا کە ئەمە بوو کەواتە مەرگیش نهێنیە. بۆیە هاتنی مەرگ نهێنیە و نادیاریشە. چونکە مەرگ دێ و لەناکاویش خۆیپیادەکا و ئەستەمیشە بەریلێبگیرێ.ئەمەشوادەکا دێریدا ، لەسەر قەولی هایدیگەر، لە نووسینەکەیدا زۆر ئەوە دووبارەکاتەوە کە هەریەکە مردنی خۆی دەژی (22). ئەم جۆرە سێرکردنە سیمای شیکردنەوەکەی دێریدا دەگۆڕێ. ئەمە جەغتکردنە لەلایەن دێریداوە بۆ سەرزەنشتکردنی بینینە فەلسەفیەکانی تر بۆ مەرگ. ئەمە ئوستادیێکی هەلوەشانەوەگەرانەیە کە مەرگە شتێ ئۆنتۆلۆژییە. ئەمە دەستەبەرکردنی تێگەیشتنە بۆ مەرگ کە لە بوونیا میتافیزیکیە. وەلی ئەمە کۆی تێگەیشتنەکان نییە بۆ واتای مەرگ و بەمەرگبوون. چونکە ئەم جۆرە تێگەیشتنە دێرێدایانەیە ئەوەمان پێنالێت چەند مەرگ لەتەک ژیانا لە کۆنتراستدایە، چەند مەرگ تەحەمولی ژیان دەکا یان بەپێچەوانەوە.
وێرای ئەوەی ووترا با ئەوەش بلێین کە، دێریدا پێیوایە خوا بەوجۆرەی دەیەوێ ڕەفتاردەکا و، بۆ چۆنیەتی یان شێوەی ڕەفتارکردنەکانی پرسیار لە ئێمە ناکا ، هەروەها هۆ بۆ ڕەفتارکردنەکانیشی هەرگیز نادۆزێتەوە. کەواتە خوا لەکاتی بریار وەرگرتن هیچ شتێکی هاوبەشی لەگەل ئێمەدا نییە. ئەمەش بۆ دێریدا بەومانایە دێ ئەگەر خوا ئەوەی بکردایە ئەوا خوا نەبوو. واتە خوا لەبەرئەوە خوایە کە لە کەس ناپرسێ چیبکا و چۆنیبکا (23). ئەلبەتە دێریدا پێوەندیێک لەنێوان خوا و ئەویتردا دەبینێتەوە. چونکە خوا بۆ دێریدا بریتیە لە گشت(هەموو) ئەویتر. ئەم ئەویترە ،دێریدا پێیوایە، ئەویدەیەوێ دەیکا بێگەرانەوە بۆئێمە ئەمەش لەبەرئەوەی خوا وەک گشت ئەویتر بریتییە لە نهێنی (24). نهێنیش هیچی هاوبەشی لەگەل ئێمە نییە ئەگەرنا نهێنی نەدەبوو. ئەم بەنهێنیبوونەی خوا فۆرمێ تریش بۆ خوا زیاددەکا کە ئەوەش بێدەنگییەکەیەتی. خوا بەرامبەر بە ڕەفتارەکانی بێدەنگی هەلدەبژێرێ. دێریدا بە هەناسەێکی فەلسەفیەوە لە ڕێگای کتێبەکەی کیێرکگەرد ەوە خوا وەک ترانسندێنس (مەزن، بالا) ێ ڕەها دەبینێ.، خوا وەک شتێ نهێنی دەبینێ، پێوەندی بە خواوەوە وەک ئەویتر، بریتییە لە پێوەندی بە ئەویترەوە، بەو ئەویترەی ڕەهایە ، ئەلبەتە ئەم ئەویترە مەزنیشە. بەرپرسیاریەتی ڕەهاش ئەو بەرپرسیاریەتیەیە کە هەیە بەرامبەر بەویتری ڕەها، واتە خوا. بەمشێوەیە، خوا وەک ئەویتر، وەک ئەویترێ ڕەها ، شتێ ترانسندێنس (بالا) و نهێنییە (25).
بەماناێتر ، بەنهێناوی بوونی خوا کاریگەری بەسەر مەرگیشمانەوە هەیە. مەرگی ئێمە کە لەبنڕا نهێناوی و لوغزاویە بێئەندازە ڕەهایە. بەمجۆرە بێ دەستکاریکردنی واتای مەرگ دەستکاریکردنی ئەو شتەیە کە ڕەها و نهێنیە. چونکە مەرگی ئێمە لە نادیاری و لوغزا دەژی. مەرگی ئێمە لە نهێنیا پەنهانە. مەرگی ئێمە ئەو شتەیە زانیاریمان لەسەری نییە هەربۆیشە ڕەها و ناڕوونە. ناڕوونی مەرگ ناسنامەی ڕاستەقینەی مەرگە کە خۆی لە سڕێکدا قایمکردووە هەموانی گیرۆدەی خۆیکردووە. بۆیشە مەرگ ڕووداوێ زێدە گومڕا و نائاشکرایە. مەرگ دێ و ڕوودەدا کەیبیەوێت. ڕووداوی مەرگ ئازادیێکە تەنیا بە مەرگبوون دەبەخشرێ. واتە ، ئازادی ڕوودانی مەرگ، ئازادی نهێناویبوونی مەرگ مافێکە تەنیا بە مەرگ بەخشراوە.
هەر لێرە و تایبەت بەوی لایسەرەوە بەرباسخرا ئەوەشدەلێین، دۆزی مردن و نهێنی هەروەها پێوەندی نێوان مردن و جەستە دوو باسی گرینگن لە ڕیزی ئەو باسانەی دێریدا لە کتێبی ناوبراودا دەرگای گفتووگۆیان لێدەکاتەوە. ئەلبەتە لەگەلێ شوێن دێریدا دەچێتەوە سەر گفتووگۆی بۆچوونی هایدیگەر لە کتێبی ""بوون و کات"" لەبارەی مەرگەوە. وەلی ئەوی هایدیگەر لەو کتێبە باسیدەکا درێژەپێدانەوەیە بە نەرێتی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەبارەی مەرگەوە ، بەتایبەت ووتنەکانی ئەفلاتوون لە دیالۆگی فیدۆ لەسەر مەرگی سوکرات (26). شایانیباسە، هایدیگەر مەرگ وەک شیاوی بۆ ڕۆح دەبینێ و لە جەستە جیایدەکاتەوە. بەلام هایدیگەر ئەوەمان بەووردی بۆشیناکاتەوە ئەوەی پێوەندی بە نهێنییەوەیە ئەوەیە کە ڕۆح یان خود لە پێوەندیدایە بە مەرگەوە. چونکە نهێنی مەرگ لەو ڕاڕایەدایە کە لەتەکخۆیدا دەیهێنێ. هەروەها بەهاتنی مەرگ جەستە و ڕۆح دەکەوێتە حالەتێ لە شپرزەیی ئەوتۆوە کە پێوەندی نێوانیشیان ڕوو لە ترازان دەنێ.
بۆ زێتر شیکردنەوەی ئەوی لایسەرەوە ووترا دەلێین، دێریدا لەڕێگای تێگەیشتنی هایدیگەر بۆ مەرگ ، مەرگی هەریەکە ، گفتووگۆی ئەو لایەنانە دەکا کە بە شیاوی مەرگی گشت منێکەوە تایبەتە. ئەمەش بەو مانایەی هەرمنە و مەرگی خۆی لەگەل خۆیەتی، یان هەر منە بەرامبەر بە مەرگی خۆی بەرپرسیارە. گفتووگۆی ئەم شیاویە گفتووگۆی واتای بەرپرسیاریەتیش دێنێتەپێشەوە. وەلی تێگەیشتنەکانی هایدیگەر بۆ مەرگ لەتەک تێگەیشتنەکانی لێڤیناس یەکناگرێتەوە کە بۆ پاتوچکە بووە بە باس (27). چونکە لێڤیناس سێری مەرگ بەوجۆرەی هایدیگەر ناکا و پێیوانیە مەرگ بریتیبێ لە مەرگی خۆژیان بەلکو لێڤیناس بۆئەوەدەچێ مەرگ وەک ئەویتر وایە، وەک ئەو ئەویترەی لەناکاو دێ. کەواتە، مەرگ بەپێیبینینی ئیتیکی لێڤیناس بێ، بکوژە یاخود دزی شەوە. کەوابێ لێڤیناس دەیەوێ ئەو سێرکردنەمان لادروستکا کە مەرگ وەک بکوژێ یان دزێ لە شەواخۆیپیادەکا و لەناکاوا دێ (28). بۆیە مەرگ لەم حالەتەدا شتێکە لە ئەویتر نەک لە خۆ. ئەمەش ئەو دەگەێنێ کە، هزری لێڤیناس تایبەت بە مەرگ کە لەتەک هایدیگەر دا یەکناگرێتەوە بۆئەوەدەگەڕێتەوە لێڤیناس تێگەیشتنی بۆ مەرگ لەسەر بناغەی بیرۆکەی "ئەویترگەری" بوونیاد دەنێ و ئیندڤیدوالیتێ لە مەرگا نابینێتەوە(29). ئەو گرژییەش کە لەنێوان بینینە ئیتیکیەکانی لێڤیناس و هایدیگەر دا هەیە سەرچاوە و ڕوونکردنەوەی خۆی هەیە و بەشێ زۆری دەگەرێتەوە بۆ بینینی ئۆنتۆلۆژیانەی هایدیگەر بۆ بوون و مەرگ. لێڤیناس کە ئیتیک بە فەلسەفەی یەکەم دەزانێ نەک ئۆنتۆلۆژی ئەمە سەرجەم بینینەکانی بۆ مەرگ و ژیان دەگۆرێ. ئەو "ئەویتر"ەی لێڤیناس باسلێوەدەکا لە هزری هایدیگەر دا ڕوو نییە و ،هەروەها بوونیادێ ئۆنتۆلۆژی لە دازاین (واتە بوون، بوون لەوێ) دا هەیە (30).لای هایدیگەر مەرگ ئیندڤیدوالیزەی دازاین دەکا(31) و، ئەم مەرگە تاکییە شوێنی لە بووندایە و لەپێوەندیشدایە بە کاتەوە.
پێشەوەی لایخوارەوە وەک پێویستێک چەند سەرنجێ لەسەر فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی لێڤیناس و لایەنی ئیتیکی ئەم فەلسەفەیە بەرباسخەین و ، تونێلێکیش لەنێوان واتای "ئەویتر" و دیاردەی مەرگ لای ئەم بیرمەندە هەلچنین بەپێویستی دەزانین دەستبۆ ئەو هەقیقەتە فەلسەفیە ڕاکێشین کە گەلێ لە توێژەرەوانی هزری چ لێڤیناس و چش هایدیگەر دەرکیانپێکردوە کە لێڤیناس ئیتیک نەک ئۆنتۆلۆژی.، کە یەکەم فەلسەفەیە، دەکا بەبناغە بۆ تیۆریزەکانی ، هەروەها ئەم بیرمەندە فەرەنسیە بەڕەچەلەک جووە کە لە بنەمالەێ ڕووسی جوو هاتۆتەدونیاوە هەرلە زارۆکییەوە خولیای خوێندنەوەی بیبل (کتێبی موقەدەس) بووە و پێشئەوەش کە دەست بە خوێندنەوەی فەلسەفە یان ئەدەبی کلاسیکی ڕووسی بکا زۆر مەیلی تەلمود(کتێبی عورف و عادەتی جووەکان) خوێندنەوەی هەبووە(32).
بالەسەرەتاوە لەوێوە دەستپێکەین کە، بۆچوونی فینۆمینۆلۆژی لێڤیناس کە ئیتیکیین بۆ دێریدا سەرچاوەێ بەپیتبوونە. ئەم دوو بیریارە فەڕەنسیە ، کە هەردوو بە ڕەچەلەک جوون(یەهودیین) و فەرەنسیش نین(لێڤیناس لە لیتوانیا هاتۆتە دونیاوە و دێریداش لە جەزائیر) ،لە ژێرکاریگەری هزری فینۆمینۆلۆژی هاوچەرخی ئەلمانی دا بوونە ، کە دەکا هۆسڕل و دواتر هایدیگەر. ئیتیک بۆ لێڤیناس سەرچاوەی فەلسەفەیە و یەکەم فەلسەفەشە، واتە ئیتیک بۆ لێڤیناس پێش ئۆنتۆلۆژی دەکەوێ. فەلسەفەواویکردنی شتەکان لای لێڤیناس ڕیشەێ ئیتیکی هەیە. هەرلەسەرەتاشەوە توێژینەوە فینۆمینۆلۆژیەکانی لێڤیناس بۆ ئیتیک ڕووی لە باسی "ئەویتر" کردووە و ئەو لایەنەی بەرباسخستووە تایبەت بووە بە تێمای "ئەویتر "، کە لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا هەقیخۆی نەدراوەتێ (33). بەبێگومانیشەوە ئاماژە بەوەدەکەین کە، کۆلەکەی ئەم ئیتیکە ئەو "ئەویتر"ەیە کە تووشی دەبین یان ڕێبەدیدەکەین (ڕووبەڕوویدەبینەوە). فەلسەفەی ئیتیکی لێڤیناس بێ ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە هەناسە نادا. ئەم ڕووبەڕووبونەوەیە لەگەل ئەویتر مانا بە بوونی ژوانێک دەدا دەبێ بە ڕیشەی ئیتیک. چونکە ئەم ئیتیکە تەنیا و تەنیا کارلەسەر ڕوو بە ڕوویی دەکا (دەمووچاو بەرامبەر بە دەمووچاو).
وێرایئەوە، ئەوەی لێڤیناس لەڕێگای ئەو فینۆمینۆلۆژییە ئیتیکیەی کاریلەسەرکردووە ئەوەیە کە "ئەویتر" لەگەل "خۆ" یان "خود" دا ڕووبەڕوو دەکاتەوە. بۆ لێڤیناس ئەمە دەکا؟ لێڤیناس ئەمە لەبەرئەوە دەکا چونکە لە فەلسەفەی ئیتیکی ڕۆژئاوادا "ئەویتر" وەک "ئەویتر" قبوولنەکراوە بەلکو وەک "هەمان" قبوولکراوە. واتە "ئەویتر" وەک ئەوەی کە هەیە لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا پەسەندنەکراوبووە. ئەم جۆرە فەلسەفەیە باوەری بە "من" ە (یان خودە) تەنیا لە سنووری جیاکردنەوەی "من" لە "ئەویتر"، "من" لە "تۆ". واتە، ئێمە، من و تۆ ، نابین بەیەک بەهاوتابوونمان بەلکو ئێمە هەین و دەبین بە ناهاوتابوونمان( بەجیاوازبوونمان) ئەمەش بەو مانایە دێ کە من منم و تۆش تۆی چونکە ئێمە لێکچوو نین. ئێمە دوو ڕوو (دەمووچاو، سیما)ی جیاوازمان هەیە کە هەریەکە ڕووێکی ترە. "ڕوو" بۆ فەلسەفەی ئیتیکی لێڤێناس بێئەندازە مانای هەبووە. لەبەرئەوەی ڕووی "ئەویتر" لەبنڕا لە ڕووی "من" ناچێ. ئەمانە دوو ڕووی جیان. ئەم دوو ڕووە جیایە بۆ هەمیشە ناهاوشێوەن وەلی لەنێوان ئەم دوو ڕووەدا خۆشەویستی هەیە ئەلبەتە هەست بە "بەرپرسیاریەتی" و "قەرزاری"ش. ئیتیکی خۆشەویستی ئەو دوو ڕووەی ڕاگرتوە ، ئەلبەتە هەست بە بەرپرسیاریەتەکەش بێمانا گرینگی خۆی بۆ ئەو پێوەندیە هەیە کە لە نێوان "من " و "ئەویتر" دا دێتەسازاندن. واتە، ئەو ڕووەی "من" هەمە ڕووی "تۆ" نییە و نابێ ، ئەلبەتە "تۆ" ش ڕوویخۆتت هەیە و ، هەربۆیشە ئێمە لێکنەچووین. بۆیە ناشێ و نابێ ئێمە بەیەک بچوێنرێین. چوواندنی ئێمە بەیەکتر هەلەیە. سمکۆ سمکۆیە و ساکاریش ساکارە. سمکۆ و ساکار دوو شێوە ڕوویان هەیە کە وێکچوو و هاوشێوە نیین. بەلام ئێمە بە جیاوازی لە ڕووەکانمان دەشێ هەبین و ببین بە ئێمە.
ئەم جۆرە تێهزرینە فەلسەفیە بەسەر "من"ەوە لە بەرامبەر ئەوی تر کە "هەمان" نییە فەلسەفەی ئیتیکی لێڤیناس لە هی کانت و هیگلیش جیادەکاتەوە. ئەو فەلسەفە ئیتیکیەی لێڤیناس باوەڕی پێبووە شتی "تایبەت" ی لە شتی "گشتی"ی جیاکردۆتەوە. چونکە فەلسەفەکەی وابوونیادناوە کە "من" هەمان نەبێت. بەواتێتر، "من" لەتەک "ئەویتر" دا هەمانشت نییم. هەمانشتنەبوونی "من" و "ئەویتر" فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی لێڤیناس لە فەلسەفەی مامۆستاکەشی، هۆسڕل مەبەستە، جیادەکاتەوە. ئەم جۆرە بناغەدانانە ئیتیکیە بۆ تێگەیشتن لە "من" یان لە "خۆ" ڕێگای لەبەردەم نەوەی پاش-لێڤیناس کردەوە قسە لە "ئەویترگەری" بکەن. ئەویترگەری باسی "جیاوازیسازی"ش دێنێتەپێشەوە. چونکە "من" و "تۆ" کە جیاوازین ئەمە کوفر نییە بەقەدئەوەی مافیخۆمانە و لە بوونیادماندایە ئەم جیاوازیە. لێرەوە دەکرێ هەردوو واتای "جیاوازی" و "هەمان" بێتەگۆرەپانی گفتووگۆی فەلسەفیەوە و بۆئەو مەبەستەش لێڤیناس و لێڤیناسگەرەکان یادخرێنەوە. واتە تۆ خۆتی منیش خۆمم. بەمجۆرە ئێمە هەمان نیین و جیاین لەیەکدی. ئەم بایەخدانە بە "ئەویتر" لە هزری لێڤیناس دا موحاسەبەکردنێکی فەلسەفیانەی فەلسەفەی ڕۆژئاواشی بەدەمەیەوە کە چۆنچۆنی ئەم فەلسەفەیە مامەلەی لەگەل "ئەویتر" کردووە. بەلام نابێ لاریمانلەوەدا هەبێ کە کۆششی لێڤیناس بۆ جیاکردنەوەی "من" لە "ئەویتر" کۆشش بووە بۆ بەرپرسیاربوونی ئەم "من" ە بەرامبەر بە "تۆ" وەک ئەویترێ. کەواتە ، بیرۆکەی بەرپرسیاریەتی لای لێڤیناس لەسەر ئەو بناغەیە خۆی دادەمەزرێنێ کە "من " بەرامبەر بە "ئەویتر" ، بەرامبەر بە "تۆ"ێک کە ئەویتری و جیای لە "من" ، بەرپرسیارم.
ئەلبەتە، نازداری فەلسەفەی ئیتیکی لێڤیناس لەمەڕ "ئەویتر " لەوەدایە لەناواخنیدا وتارێک تایبەت بە "بەرپرسیاریەتی" حەشاردەدا. لێڤیناس وەک جوو، وەک ئەوەی قووربانی ئەویترە، ئەویتری نازی، وورد لە چەمکی"بەرپرسیاریەتی" دەگا(34). بۆیە جەغتکردنی لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ئەویتر بەشێ لە ڕووبەری فەلسەفەی ئیتیکی لێڤیناس داگیردەکا. ئەم بەرپرسیاریەتیەی لێڤیناس جەغتگیری لەسەردەکا کەلێن ناخاتە نێوان "من" و "تۆ" وە چونکە بەپێی ئەو فەلسەفەیەی ئەم بیرمەندە کاریلەسەردەکا کە "من" لە "تۆ" جیام ئەم جیاوازیە ترسێ نیە بۆ سەر "تۆ". بۆیە بیرۆکەی بەپرسیاریەتییەکە لێرە "من" منم و "تۆ"ش تۆی دەپارێزێ. گەر هەموو "من"ێک خۆی بەرامبەر بە "ئەویتر" بە بەرپرسیار بزانێ ئیتیکی جیاوازی بۆسەر هیچ یەکێکمان مەترسیدار نابێ. واتە فەلسەفەی ئیتیکی لێڤیناس ناتوانێ منێ دروستکا کە بکارێ بەبێ ئەویتر هەلکا. ئێمە جیاین بەلام هەین. ئێمە هەین چونکە جیاین چونکە هەمانشت نین. تەنانەت "من "بۆ لێڤیناس جیاواز نیە ، واتە "ئەویتر" نییە، "ئەویتر"یش ئەویتر نییە (35). مەبەستی لێڤیناس ئێمە هەریەکە خۆمانین لەبەردەم "ئەویتر"دا.
کارکردنی بەشێ لە بیرمەندانی پۆستمۆدێرنەش لەسەر "ئەویتر"، "جیاوازیسازی" و "ناهەمانشتی" لەگەلێ لاوە قەرزاری فەلسەفەی ئیتیکی لێڤیناسە. چونکە لێڤیناس وەک قووربانی "هەمانشتی"، ئەوەی کە هەموو وەک یەکبین، هاوشێوە و لێکچووبین چاک لەوەدەگا باس لە "من" بێ باس لە "ئەویتر" شیاو نییە. نکولیلەوەشناکرێ گەر بلێین: ئەم "هەمانشت"ییە لە فەلسەفە و سیاسەتی ئەوروپا کێشەێ زۆری خستەوە و پێویستی بە هەلوێستەبوو ، هیچنەبێ لەلایەن هزربەتەندروستان ویژدانباشانێکی وەک لێڤیناس یان دێریداوە. مەگەر هۆلۆکۆست ، ئەو کێشەیەی بەدووی تاکڕووی دا ویلبوو ، کە دەیویست هەموو هاوشێوە بین و یەک ڕوومان هەبێ، یەکێ نیە لە دیوەکانی ئەو کێشەیە؟ لەوەگرینگتر کە باسکرا ئەوەیە، ئەو فەلسەفەی ئیتیکەی لێڤیناس داکۆکیلێدەکا ئەو فەلسەفەیەیە بەدووی شوێنێ دەگەرێ بۆ کەسی غەریب، کەسی نامۆ و بێگانە، ئەو کەسەی لە ئێمە نییە و لە ئێمە ناکا. بۆیە یەکەمین ئەرکی ئیتیکی لێڤیناس بۆ دامەزراندنی ئەمجۆرە ئیتیکە ڕووکردنە لە "ئەویتر" ، سێرکردنی "ئەویتر"ە ، داکۆکیکردنە لە "ئەویتر" و خۆ بەبەرپرسیارزانینە بەرامبەر بە "ئەویتر". هەرلەبەرئەوە فەلسەفەی ئیتیکی لێڤیناس پڕبەدونیاێک دەقیژێنێ و دەلێ: مەمکوژە. لێڤیناسی جوو، لێڤیناسێ کە کراوە بە "ئەویتر" دەیەوێ هەبێ و بژێت. ئەم لەرێگای ئەم بینینانەوە دەیەوێ زەمینە بۆئەوە دروستکا هیچیتیانیە کە ئەم "ئەویتر" بێ. واتە ئەم کە هەیە و "ئەویتر"ە ، ئەمە مەترسی نییە بۆسەر کەس. ئەم ، واتە لێڤیناس، مەبەستدارە لەوەی "ئەویتر" بێ و پەسەندکراویش بێ. بە" ئەویتر "بوون ڕەوایە ، پێویستیێکی بوونی "تۆ" یە. "تۆ" کە ئەویتری ئەمە شیاوییە نەک ئەستەمیی وەلی سالانێک لە ڕۆژئاوا دۆزێک هاتەگۆڕێ ئەویتربوونی حەرامکرد. هاوشێوەبوون و لێکچووی تاکە ئیتیکێ سیاسی و کولتووری بوو کە ڕۆژئاوا باوەڕی گەورەی پێبوو. ئێستاش ئەویتربوون و لە ئەویتر نەکردن هەر لەژێرهەڕەشەدایە. ئەو ئیتیکە سیاسییەی لەئێستادا لە جیهانا گەشەدەکا زۆرتر ڕووەو ئاڕاستە پێچەوانەکە گەشەدەکا. لە گەلێ کۆمەلگە تاهەنووکەش ئەویتر ناپەسەندکراو و پێشوازیلێنەکراوە. تائەمڕۆش کولتووری بالا هەولی قۆرخکردنی گشت ئەوانیتر دەدا و هەر هەموو بەیەک جۆر ڕەنگدەکا و دەخوازێ یەک سیما و خاسلەتیان هەبێ و بدرێتێ.
"ئەویتر " کە لە هزری لێڤیناس دا لایەنێ هێجگار پرشنگدارە مۆلگەی ڕووبەرووبوونەوەیە لەتەک دەرەوەی "خۆ" دا ، لەتەک ئەوەی پێیدەلێن "من" دا. وەلی چۆن لەتەک "ئەویتر " ڕووبەڕوودەبیتەوە، چۆن "ڕوو"ی خۆتی نیشاندەدەی ئەوە "تۆ" ی ئەوەدەکەی نەک کەسێ تر. کەوابێ دەبێ بزانی کە "تۆ" چیدەکەی و چۆنی ئەو شتە دەکەی. ئەوەی دەیکا ئەوە "تۆ" ی ئەو شتە دەکا نەک کەسێ تر. بۆیە "تۆ " هەمیشە بەرامبەر بەوەی دەیکەی بەرپرسیاری. هەریەکە لە کرداری خۆی بەرپرسیارە. بەرپرسیاربوون لە کرداری خۆ و خۆبەپرسیارزانینش بەرامبەر بە "ئەویتر" کێشەێ گەورەی بەرپرسیاریەتیە کە تاهەنووکە وەک خۆی ماوەتەوە. ئیتیکی بەرپرسیاریەتی لەگەل مێژووی بەرپرسیاریەتی دا هاتۆتەکایەوە. بەلام چەند ئەم ئیتیک و مێژووە لەتەک یەکا هەلدەکەن ڕوون نییە. ڕوون نییە چەند ئێمەی بوونەوەر لە بەرپرسیاریەتیەکانمان حالیبووینە هەروەها چۆن ئەم حالیبوونە پراکتیزەدەکەین. بۆیە هەلەناکەین بلێین: ئایندەی ئیتیکی بەرپرسیاریەتیمان ناڕوونە و تابلێی تەلخیشە. چونکە مرۆڤی تازە کەمتر دەروەسی ئیتیک دێ. ئیتیک بۆ مرۆڤی سەردەم شتێ وەزیفی و سەرپێیە. ئیتیک لەوەکەوتوە پێوەندیداربێ بە باوەڕ یان بە ویژدانەوە. سییەکانی ئیتیکی نوێ پڕە لە ویژدانی هەلە و باوەڕی خراپ.
لێرەوە دەمانەوێ بۆئەو سێرکردنە بچین کە ئیتیک ئەو مانایەی لە ژیانمانا نیە. ژیانی ئێمە پتر خۆی لەگەل نائیتیکیدا (بێڕەووشتی) دەکونجێنێ. وەکیتریش ئیتیک بووە بە شەڕی نێوان واژە و واتاکان. ئاکار و ویژدانی ئێمە کە پشتی لە ئیتیک کردووە خۆی بە هەندێ زاراوە و مانای پەلە و سەرپێییەوە سەرقالکردوە کە ئیتیکی نیین. بۆیە سەختە لەمبارودۆخەدا بکارین لە واتای ئەرک یان بەرپرسیاریەتی بگەین چونکە لەبنەڕەتدا ئێمە لە مافی خۆمان و لەوەش کە پێیدەلێن باشە ناگەین. بەکورتی ویستمان ، ویست بۆ باشە، لە ئێمەدا ڕۆژبەدوای ڕۆژ ڕوو لە لاوازی و کەمیدەنێ.
کاتێ لە فەلسەفەی ئیتیکی لێڤیناس قولدەبینەوە دەبینین لێڤیناس دەیەوێ فێری دوو شتمانکا یەکەم تێگەیشتن لە "بەرپرسیاریەتی" و ئەویتریش لە "کرانەوەی". لێڤیناس لەڕێگای ئەو ئیتیکەوەی باوەڕی پێیەتی دەخوازێ ملکەچمانکا بەوەی کە لەمیانەی ئەویترەوە لە خۆمان بگەین. باشە ئێمە چۆن دەکارین ئەمە بکەین؟ ئێمە تەنیا دەکارین ئەمە لەڕێگای دانپیاهێنانەوە بیکەین ، دانپیاهێنان بەویتر، دانپیاهێنان بەو ئەویترەی نامۆ و غەریبە، ئەو ئەویترەی کە دەشێ ڕەش بێ یان جوو یاخود بستەبالا یانیش قەرەج یاخود ئافرەتێک. کەوابێ شەرم نیە کە ئێمە قەرەج بین یان ئافرەت بین ، یانیش سەرڕەش و تایبەت بین. ئێمە تایبەتین چونکە وەک ئەویتر نین و ئەویتریش وەک ئێمە نیە. ناشێ ئێمە هەموو جوان بین یان پیاو بین ، یاخودیش سپیپێست بین دەکرێ شتیتر و کەسیتریش بین. بۆیە ئەو جیهانەی لێڤیناس لە فەلسەفە فینۆمینۆلۆژیەکەیدا چێیدەکا جیهانێکە بۆ هەموان، هەموان بەهەموو جیاوازیەکانمانەوە شوێنمان تیایادەبێتەوە. بەبێگومانەوە ئەو جیهانەی لێڤیناس قسەیلەسەردەکا جیهانێکە پێچەوانەی ئەو جیهانە ترانسندنتالییەی مامۆستاکەی نەخشەی بۆداناوە. چونکە جیهانی ترانسندنتالی(بالا) ،کە جیهانی هۆسڕل بوو، جیهانێکە منێ ترانسندنتال دایدەڕێژێ. ئەمەی هۆسڕل بناغەی بۆدادەنێ کارلەسەر بەتەنیا "من" دەکا و "من"ەکان هەموو پێکەوە یەک شتی هاوبەشیان هەیە ئەوەش "خود"ە. بەلام لێڤیناس وایدەبینێ ئەمە دیتنێ فینۆمینۆلۆژیانەی ئایدیالیستیانەیە. کەواتە لە فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی ترانسندنتالیدا ئیتیکی "ئەویتر" شوێنی بزرە و باس لەم جۆرە فەلسەفەیەدا باسە لە "هەمان".
ئێستا لەرێگای ئەو خستنەڕووەی فەلسەفەی ئیتیکی لێڤیناسەوە کە لایسەرەوە کارمانبۆکرد دەکارین بەو ئاکامەبگەین لەسەر واتای مەرگ کە مەرگ بریتیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەل "ئەویتر" دا. مەرگ بریتییە لە مەرگی "ئەویتر" و ، ئەمەشە خالی جیاکارەی نێوان هایدیگەر و لێڤیناسە لەبارەی مەرگەوە (36) ، هەرئەوەشە لێڤیناس لە دێریداش جیادەکاتەوە. بەواتاێتر، مەرگ بریتیە لە "ئەویترگەری". مەرگ دێ و وەک ئەویتر خۆیپیادەکا هەروەک لایسەرەوەش ئاماژەمانپێدا. ئەم تێگەیشتنە لێڤیناسیە بۆ مەرگ پێچەوانەی بینینی دێریدایە کە بینینێ فەلسەفی- ئۆنتۆلۆژیانەی هایدیگەرانەیە. بینینی دێریدا کە خۆی لەسەر بناغەی بینینی هایدیگەر دەسازێنێ بینینێ ئیندڤیوالیە(تاکییە). ئەو ئیتیکەی لێڤیناسیش کاریبۆدەکا دێریدا پێیوایە میتافیزیکیە. لای لێڤیناس بوون سەرچاوەی مانا نیە و مانا لەودیو بوونەوە دێتەکایەوە، واتە هەیە. هەر بۆنموونە خوا بوونی دەکەوێتە دەرەوەی بوونەوە ئەمەش جۆرە ڕەتکردنەوەێکی هایدیگەرانەی پرسیاری بوونە. چوونکە پرسیاری بوون لەناو پرسیاری "ئەویتر" خۆیدەبینێتەوە بۆیە "ئەویترگەری" شوێنێکیشە بۆ پێوەندی بە خواوە ، بۆیە ئەزموونی مەرگ لای لێڤیناس بریتیە لە ئەزموونی مەرگی "ئەویتر"(37).
ئەو سێرکردنە دێریداییەی لایسەرەوە باسمان کرد ، کە بەخۆی گەشەدانە بە سێرکردنێ هایدیگەرانە بۆ مەرگ، ئەوەشی تیابەدیدەکەین کە دێریدا زۆر بایەخ بە مردن وەک مردنی هەریەکە دەدا. واتە کەس مردنی ئەویتر ناکارێ بژی و کەس ناتوانێ مەرگ لەویتر وەرگرێ(38). دێریدا بۆ زۆرتر ڕاڤەکردنی بینینیەکانی لەمەڕ مەرگ دەگەڕێتەوە لای هایدیگەر و جارجارەش لێڤیناس و بۆئەوەش دەچێ کە ، مەسیحایبوونی پاتوچکە لە مەسیحایبوونی هایدیگەر و لێڤیناس جیایە (39).
گەر ئەوی ووتمان لە ڕوانگەێ هایدیگەر- دێریداییانەوە فەلسەفاویکەین دەلێین: مەرگ هەیە و یەک جاریش دێ. مەرگ قەرزناکرێ و جێگۆرکێشی پێناکرێ. مەرگ دێ وەک ئەوەی کە هەیە. مەرگ وەک خۆی ، لەو فۆرم و شقلەی کە دێت دەبێ پێشوازی لێکرێ. لەبەرئەوەی ڕوون نییە کەی دێ و چۆنیش دێ. ئەلبەتە هەر ئەوەشە لوغزی گەورەی بوونی مەرگ. مەرگ بێ ئەم لوغزە ناژی. مەرگ تا ماوە لەسەر ئەم لوغزە، کە جەوهەری بەنهێنیبوونەکەشیەتی، مشەخۆرە. مشەخۆری مەرگ لەسەر بەلوغزبوونی خۆی بەنهێنیبوونەکەی دەپارێزێ. بۆیە کەم شت هەیە هێندەی مەرگ لوغزاوی بێت، هێندەی مەرگ نهێناوی بێت. مەرگ کە تەنیا شوێنپێی خۆی هەلدەگرێتەوە دەستەمۆناکرێ. چونکە کەس فریای ئەوە ناکەوێ لەتەک مەرگا چەنوچونکا. مەرگ نادیموکراسیترین دیاردەیە لە بوونا. بۆیە ئێمە ناپەرژینەسەرئەوەی مەرگ بوەستێنین و لەکاریبخەین. ئەوەی ئێمە وەستانومانە و لەکاریشمانخستووە مەرگی ڕاستەقینە نەبووە. بەپیئەوەی مەرگ تەنیا دەمڕاستی خۆیەتی ئەستەمە لەگەل ئێمە سازشکا. سازشی و مەرگ دوو شتی لێکەوەدوورن. چونکە مەرگ کەی بیەوێت دەستبەکارە و زێدەچالاکیشە. ئەمەش بەو مانایەدێت کە ئێمە ناکارین فشاربخەینەسەر مەرگ. ئەوەی لەمەرگا زێدەشوێنی سەرنجدانە ئەوەیە کە مەرگ پەککەوتە و لاواز نیە. مەرگ تابلێی گورج و بزێوە. مەرگ خۆی کاریخۆیدەکا و هەلسوراوی نییە. وەلی فەرمانەکانی میتافیزیکین. ئێمە ناکارین تەگەرە لەبەردەم فەرمانەکانی مەرگا دانێین. ناپەرژینەسەرئەوەی مەترسیبین بۆ سەر مەرگ. بەپێچەوانەوە ئەوە مەرگە کە مەترسییە بۆسەر ئێمە. سەرزەنشتکردن و بوخزاندنی مەرگ هیچ لە کردەی مەرگ ناگۆرێ. مەرگ کە بێباک و بێدەروەسە لەبەرئەوەیە چۆنی بوێ ئاوا دەیکا و کەی بیەوێت ئەو دەمە دێ. هەربۆیشە بێدەنگبوون لەئاست مەرگ ، هەلوەستەنەکردن لە ئاست کارایەتی مەرگ تاکە شیاویێکە کە بۆ ئێمە ماوەتەوە. لێرە مەبەستمان لە ئێمە ئەو ئێمەیەیە کە لەچاوەروانی مەرگدایە. چونکە هەموو لە چاوەنواڕی مەرگداین. ئێمە ناکارین پشت لە مەرگ کەین، ئێمە تابلێی مەرگمان بیرە بۆیشە بەردەوامین. بەردەوامین بەومانایەی کە بکارین فریاکەوین پێشئەوەی مەرگ زەفەرمان پێبەرێ. مەرگ کە ئاستەنگە لەبەردەم گەشەی هەمیشەی حەزەکانمان تابلێی واقیعیبینە. چونکە مەرگ خەمخۆری کردەکانی خۆیەتی. ئێمە دەتوانین مەرک وەک خەمسارد و خۆپەرستێ وێنەکەین وەلی مەرگ لەرادەبەدەر دلسۆزی بەئاکامگەیاندنی بەرپرسیاریەتی خۆیەتی. بەلێ بڕێکی زۆر لە مەرگەکان پێویستە بێن و لەکاتی خۆشیانا دێن وەلی مەرگ هەروەک زیانبەخش و خەمساردێ تەماشادەکرێ. بەلام ئەوەی لەمەرگا جێیتێرامانە ئەمە نیە بەلکو ئەوەیە کە مەرگ گوێنەدەر و تایبەتمەندە. بەلێ مەرگ سامناکە وەلی شتێ ئەوتۆ لەگەل ئەم بەسامناکبوونەی مەرگا ناکرێ. ناتوانرێ مەرگ بمرێنرێ. دەکرێ مەرگەکان تاوتوێکرێن و هەروەها پۆلیشکرێن بەلام لەکۆتای دا هەر ناوی مەرگی لێدەنرێ. ئەمەش ئەوەدەگەێنێ کە، مەرگ ئەو شتەیە کە هەمیشە گومانی لەسەر دادەنرێ. کۆی پرۆسەی مەرگ لە ئەرکێکا خۆی دەبینێتەوە ئەستەمە لێیبگەین ئەمەش زۆرجار وادەکا مەرگ وەک نادادپەروەر ببینرێ وەلی مەرگ بێباکە لە ئاوەلناوەکانی ئێمە. ئێمە بێئەندازە ئازادین لە دروستکردنی ئاوەلناو بۆ مەرگ بەلام چەند ئاوەلناوەکانی ئێمە لە بزاوت و کارایەتی مەرگ کەمدەکەنەوە ئەمە پێویستە بۆئێمە ببێ بە پرسیار و شوێنی تێفکرێنێ بەردەوام. ئەمەش ئەوە دەگەێنێ تیشکخستنەسەر مەرگ تیشکخستەسەر ئەستەمییە. جەنگی ئێمە تاهەتایە لەتەک مەرگا بڕەوی هەیە و دەشبێت ، وەلی ئەوە هیچکات لە ئاماری مەرگ کەمناکاتەوە. مەرگ ئاماری خۆی هەیە. مەرگ بیرکاری(ماتماتیک، ریازیات)ێ تایبەت بەخۆی چێکردوە بەئێمە تێکنادرێ. ئێمە و مەرگ واتە ئێمە و دەسەلات بەلام شایدەسەلاتەکان. ئێمە لەبەرئەوەی لە مەرگ دەترسین و زۆریش حەزمانبەچارەیناێتەوە بۆیە بە کینەین لە مەرگ بەلام مەرگ ئەوە ڕەچاوناکا چۆن ئێمە تێیدەروانین. مەرگ یەک بۆچوونی هەیە کە ئەوەش بەجێگەیاندنی فەرمانێکە تەنیا خۆی تێیدەکا. کەواتە ئەوە مەرگە ئاستەنگە نەک ئێمە. ئەوە مەرگە کە ناوەرۆکدارە نەک ئێمە. ئێمە لەهەل (فورسەت) دەگەرێین خۆمان لە مەرگ قووتارکەین. خۆقووتارکردن لە مەرگ خۆ قووتارکردنە لەوشتەی تێیناگەین. ئێمە مەرگناس نین و بۆیە مەرگ دەکارێ کەی و چۆن بیەوێت زەفەرمان پێبەرێ. زەفەربردنی مەرگ بێوێنە تایبەتە. ئەمەشە زۆرجار وادەکا هەمیشە لەکاتی هەنگاوهەلگرتن بەرەو ئایندە مەرگمان لەبەرچاوبێ. ئێمە شتە ئایندەییەکانمان بێ مەرگ ناژین. مەرگ لە ئێستا و دواتریشمانا نیشتەجێیە. ترسی بنەرەتی ئێمە لە مەرگ ترسە لەوەی نەبا مەرگ بێ، نەبا ئەوەی کردومانە، ئەوەی نەخشەمان بۆداناوە ، لەلایەن مەرگەوە سەروژێرکرێ. ئێمە بێ ئەندازە لە مەرگ دەترسین. دەترسین چونکە ئاشکرا دەزانین مەرگ بوێرە. بوێری مەرگ ناگێردرێتەوە. بوێری مەرگ لە ناوەرۆکەکەیدایە. ئەلبەتە بەهانە هێنانەوەش بۆ مەرگ وەک ڕێگریوایە. هەروەکئەوەی کە ئێمە ناکارین بەهانە بۆ مەرگ بێنینەوە ناکارینیش ڕێگریلێکەین. چونکە ئەوە مەرگە لەخودیخۆیدا ڕێگرە، ڕێگری لە مەرگەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە. ئێمە لە مەرگەوە فێری ئەوەدەبین ڕێگری چیە و چۆن ئیشدەکا. هاوکات بوونی مەرگ لەیەکحالەتدا پاساودەکرێ ئەوەش کە مەرگ مەرگە نەک شتێ تر. مەرامی مەرگ لە ئەرکە نرانسندنتالیەکەیدایە کە بەکەس دلی لە لێدان ناوەستێ. بۆیە نابێ بیر لە ڕێگری بکەینەوە. ئەمە ستایشکردنی مەرگ نیە چونکە ،هەروەک ووتمان، مەرگ بێباک و بگرە نادادپەروەریشە. مەرگە کە هانماندەدا بژین و چالاکیشبین لە ژیاندا ئەمە بۆئەوەیە تا فریایئەوەکەوین کە پێش ئەوەی مەرگ زەفەرمان پێببا بیکەین. ئەمە گەورەترین لاوازی ئێمەیە هەروەها دلنیاشماندەکاتەوە هیچ لەتەک مەرگا ناکرێ. بۆیە ناوزڕانی مەرگە کارێ هێجگار هیچگەرایە و پێویستە دەستی لێهەلگرین. مەرگ، خودی پرۆسێسکە، ڕەنگە بەدگومانیمان تیا بسازێنێ وەلی مەرگ لە خودیخۆیدا تەنیا بەتەنگ ئەوەوە دێ کە دەیکا. مەرگە ئوستادی بەرپرسیاریەتیە. ئێمە کە لە مەرگ دەترسین لەبەرئەوەیە دەمانەوێ مەرگ بە کاری خۆی هەلنەسێ بەلام لەوەحالینین کە مەرگ لە هەوای ئیتیکی خۆیەتی. ئیتیکی مەرگ لەڕادەبەدەر بالایە و ناشێ دەستکاریکرێ. ئیتیکی لەمجۆرە کە لەبنڕا لێوانلێوە لە ترانسندێنس جێیسەرسورمانی هەرهەموومانە. ئیتیکی مەرگ ختووکەی ژیان دەدا و کەیبیەوێت بە ژیان ئێژێ : بەسە. هاوکات ئیتیکی مەرگ قابیلی ڕەخنەکردن نییە. ئیتیکی مەرگ چارەی ڕەخنەی ناوێ. هیچنەبێ لەو جۆرە ڕەخنانەی بە مەرگ دەلێ: تۆ بۆ هاتی ، هاتنەکەت ناوەختبوو، لەکاتیخۆیا نەهاتی. ئیتیکی مەرگ تائەوشوێنە دلساف و نەرمونیانە کە مەرگ ، ئیتیکەکەی، وەک خۆی قبوولکرێ و پێشوازیلێکرێ. بەکورتی ئیتیکی مەرگ بەجۆرێ سازاوە حەزناکا کەسدەستبخاتە کاریەوە. خۆشی بەوەناێت ئێمە دەستلەکاری وەردەین. ئیتیکی مەرگ خووی بەوە گرتووە کە خۆیدەزانێ چیدەکا و ئەمجار چۆنیشی دەکا. ئیتیکی مەرگ هیچکات لەگیانەلادا نابێ. ئیتیکی مەرگ سەرووی گشت ئیتیکەکانی ترە چونکە ئیتیکێ تابلێی میتافیزیکییە. ئەلبەتە مایەی خۆشحالیە بۆ ئیتیکی مەرگ کە سەرووی گشت ئیتیکەکانی ترە و هیچ ئیتیکێکی تر ناکارێ زەفەری پێبەرێ. ئەو کە خۆی بە هەقبێژ و ڕاستڕەو دەزانێ بەگژ ئێمە دا دەچێتەوە، ئێمە ، کە نامانەوێ بمرین. ئەمە کە ڕاستیێکەو پەردەپۆشناکرێ مەرگیش لێیبەئاگایە. بۆیە مەرگ بە ڕەفتارەکانی هوشیاری ئەوەماندەداتێ بەگژاچوونەوەی من ناشیاوە. ئێمە دەکرێ لە میانەی تێگەیشتنی خۆمانەوە بۆ مەرگ بۆئەوەبچین کە بەگژاچوونەوە و ڕەتکردنەوەی مەرگ شتێ هەمیشەییە وەلی ئەمە ناوزڕاندنی مەرگە، ناوزڕاندنی ئەو ئەرکە میتافیزیکییەیە مەرگ هەلدەستێپێی. بۆیە ئێمە نابێ غەدر لە مەرگ کەین دەبێ تێیگەین. کە لە مەرگیش گەیشتین بەدلنیایەوە لەوەشدەگەین کە مەرگ بێوێنە نادیارە. ئیشی مەرگ لە نادیارەکەیدایە. مەرگ نادیارنەبێ ناکارێ هەبێ. هاوکات مەرگ لەسەر ئەم بەنادیاریەی خۆی دەژی. جەغتدەکەینەوە، مەرگ لەبەرئەوە نادیارە تا بتوانێ هەبێ، بۆئەوەی ئیشیخۆی ئەنجامدا.
هاوکات لەتەک ئەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەش دەلێین: بەپێیئەوەی دێریدا لە نووسینەکەیدا گرینگیێ زۆر بە ڕوونکردنەوەی واتای مەرگ دەدا ئەو وێنەیەشمان لادروستدەکا کە مردن چەند شێوەێ وەردەگرێ. واتە ڕاستە مردن خودی پرۆسێسەکە تاکییە و بریتیە لە نەمانی تاک ، واتە نەمانی کەسێ لە ژیانا، بەلام ئەم نەمانە دەکرێ شێوە وەرگرێ. ئەو شێوانە بەبێگومانەوە لە: مردن لە شێوەی خۆکوشتن (ئینتیحار)، مردن لە شێوەی شەهیدبوون، واتە مردن وەک شەهیدێ، هەروەها مردن لە شێوەی لە سێدارەدان و دوا هەمیشیان مردن لەشێوەی کوشتن(تیرۆر) بریتین. بەلام ئەم شێوانە بەدەرنین لە خۆگرێدانەوەیان بە بەرپرسیاریەتیەوە.
وەلێ پێشئەوەی ئەوەی لایسەرەوە ووتمان گفتووگۆکەین دێینەوە سەر لایەنێتر. بۆنموونە ئەوەی لە نووسینەکەی پاتوچکەدا بۆئێمە بابەتی تێڕامانێ هێجگارە زۆرە تایبەت بە مەسەلەی بەرپرسیاریەتی ، کە درێداش گفتووگۆی نەکردووە ، ئەوەیە کە پاتوچکە لە نووسینەکەیدا واتای بەرپرسیاریەتی لە چوارچێوەی ئەوروپادا قەتیسدەکا. بۆنموونە کاتێ پاتوچکە بەرپرسیاریەتی تەنیا لە مەسیحایەتدا دەبینێتەوە ئەمە بۆخۆی نەبینینی مێژووە لە چوارچێوەێ گەردووناویدا. مێژووی ئەوروپای کە بریتیە لە چەندین حالەتی وەک بەرفڕاوانگەری و داگیرکردن و زەوتکردنی خاک و مافی ئەویتر ئەمانە بە قوولی لەلایەن پاتوچکەوە بەرباسنەخراون یان جوگرافیای غەیرە ئەوروپای لای پاتوچکە گفتوگۆێ فەلسەفی یان سیاسی ووردی ئەوتۆی بۆنەکراوە.
ئەلبەتە نکولیناوێ گەربوترێ، فەلسەفەی هەلوەشانەوەگەری، یان تێگەیشتنی فەلسەفی دێریدا بۆ بەرپرسیاریەتی ، هەولدانە بۆ بەستنەوەی بەرپرسیاریەتی بەوەی پێیدەلێن خودی خۆ ، واتە بەرپرسیاریەتی هەولێکە بۆ بەرپرسیاریەتی بۆ خودی خۆ(کە من دەکا). ئەم بەرپرسیاریەتیەش لەمیانەی خودی خۆوە بەرەو ئەویتر گەشەدەکا (40). ئەم گەشەکردنەش لە فۆڕمی جۆرە خۆقووربانیەکەوە دەستپێدەکا.با لێرە ئاماژە بەوەشکەین کە، لەم نووسینە فەلسەفیەی دێریدا دا واتای وەک قووربانی، ئەویتر و بەرپرسیاریەتی تائەندازەێزۆرلەیەکتر تێهەلکێشدەکرێن. قووربانی قووربانیدانە لەپێناو ئەویتر و لەپێناو بەئاکامگەیاندنی بەرپرسیاریەتی. بۆنموونە ، دێریدا کردەی بەقووربانیکردنی ئیسحاق لەلایەن باوکیەوە وەک بەرپرسیارێ بەرامبەر بە خوا تەماشادەکا. ئەوەی جێیسەرنجە لێرە ئەوەیە کە دێریدا بەرپرسیاریەتی لە ڕوانگەی مەسیحایەتەوە وەک بەرپرسیاریەتیێ بەرامبەر بە "گشت ئەویتر" دەبینێ (41). بۆیە دێریدا لە دوا بەشی کتێبەکەی(فەسلی چوارەمی) باس لە مەسەلەێ زێدە ئالۆزی ڕەووشتی – ئاینی دەکا و ناویدەنێ "گشت (هەموو) ئەویتر و گشت ئەویتر". لێرە دێریدا باس لە خوا دەکا وەک گشت ئەویتر. بۆنموونە ئیبراهیم خۆی وەک بەرپرسیار بەرامبەر بەگشت ئەویتر ، ئەویتر وەک خوا ، نیشاندەدا(42). لەڕوانگەی فەلسەفی دێریداوە ئەم بەرپرسیاریەتیە بەرپرسیاریەتیە بەرامبەر بە گشت ئەویتر. لەمحالەتەدا جەوهەری شتەکان لای دێریدا خۆی لەسەر ئەو بیرۆکەیە بوونیاددەنێ کە قووربانیدان بۆ ئەوی تر بریتییە لە قووربانیدان بۆ ئەوانیتریش هەروەها بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ئەویتر بەرپرسیاریەتییە بەرامبەر بە ئەوانیتر. دێریدا لە میانەی گفتووگۆکردنی مەسەلەی بەرپرسیاریەتی لەمڕوەوە جەغتلە گفتووگۆی لێڤیناس دەکات و ئەمەشوادەکا دێریدا پشتگیری لە بەرپرسیاریەتی لە گشت (هەموو) ئەویتر یان ئەویترەکان بکا.
شیابووبونی بەرپرسیاریەتی بۆ دێرێدا مەسەلەێ زێدە ناوەڕۆکیە و بایەخدارە تیشکیبخرێتەسەر. هەر بۆئەو مەبەستەش دێریدا لە نوسینەکەیدا دەپرسێ کە لە چ هەلومەرجێکا بەرپرسیاریەتی شیاوە ؟ بەبۆچوونی دێریدا بەرپرسیاریەتی لەوهەلومەرجەدا دەشێ شیاوکرێ کە باشە ئیدی ئوبژێکتیڤێ ترانسندنتال نەبێ، باشە پێوەندی بە شتە ئۆبژیکتیڤەکانەوە نەبێ، بەلکو باشە تەنیا پێوەندی بێ بەویترەوە، ئەزموونێ بێ لە باشەێ شەخسی و بزووتنەوەی ئامانج (43). بۆئەوەی بەرپرسیاریەتیش هەبێ و بەردەوام بێ گرینگە نهێناویبێ (نهێنیداربێ). نهێنی بەرپرسیاریەتیش ئەوەیە کە نهێنی بپارێزرێ. واتە ، بەرپرسیاریەتی دەبێ لە پێوەندیێ ڕۆحیدا بێ لەتەک نهێنیدا.
لێرە تایبەت بەو چەند گوزارەیەی لایسەرەوەی دێریدا ئەوەندە دەلێین کە، کاتێ دێریدا باشە دەکا بە شتێ نامیتافیزیکی هاوکات مەرگیش بە نهێناوی دەکا. ئەوەی لەم حالەتەدا بۆئێمە شایانی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەل هزری دێریدا دا ئەوەیە کە لەکاتی لکانی باشە بە نامیتافیزیکەوە باشە لە ئاگایێ باشی نائاینیەوە سەرچاوەدەگرێ ئەمەش لەسەرێترەوە لەئاینیخستنی باشەیە و بە عیلمانیکردنی ئەو شتەیە پێیدەەوترێ ویژدانی باش، شتی چاک ، بەلام زۆربەی ئەو باشانەی کە سەرچاوەی ئاینییان هەیە خۆیان وەک شتی ڕەووشتی نیشاندەدەن ئەی ئەمەیان چۆن؟ لێرەوە پێکدادانێ لەنێوان چی باشەیێ ئاینییە و چیش نائاینییە دێتەسازاندن. چونکە جیاکردنەوەی ئەم دوو لایەنە لەتەک یەکا پابەندماندەکا بە جیاکردنەوەێ تر کە ئەوەش جیاکردنەوەی شتی ڕەووشتییە لە شتی ئاینی. لەبەرئەوەش کە بەشێ زۆر لەباشەکان بە هەناسەێ ئاینیەوە ئەنجامدەدرێن و سەرچاوەی ڕەووشتیشیان بۆ مسۆگەردەکرێ ئەستەمە شتی ئاینی و ڕەووشتی بێدەستنیشانکردنی سەرچاوەی واتای ئاین و واتای ڕەووشت لێکدیجوداکرێتەوە. تایبەت بەم لایەنە بێسلەمینەوە ئەوەش دەلێین کە، دەستنیشانکردنی ئەو دوو سەرچاوەیە بوارێ بەپیتە بۆ ناسینەوەی شتە ئاینی و غەیرە ئاینیەکان و سنووردانانێکیش لەنێوان ئاینی ڕەووشتی و ڕەووشتی ناڕەووشتی. ڕاستە ئەم جۆرە جوداکردنەوەیە بەخوێندنەوەی گشت مێژووی ئەوەی پێیدەلێن ترانسندێنس مەحکوومان دەکا بەلام ڕووبەڕووبونەوە لەتەک ئەم مێژووەدا ڕووبوونەوەیە لەتەک مێژووی مرۆڤایەتی ، یان بەرینتر بدوێین ڕووبەڕووبوونەوەیە لەتەگ گشت بوونمان. ئێمە هەروەک دیمان ئاین لە توێژینەوەکەی پاتوچکە دا شتێ بیۆلۆگی نییە(44) بەلام خودی پاتوچکە ئازادانە مەسیحایانە بیردەکاتەوە و لەگەلێ شوێنی توێژینەوەکەشیدا هزریاری بەسەر مەسیحایبوونەوە دەکا و هەربۆیشە پاتوچکە وایدەبینێ کە مێژوو هەمیشە لە جیهانی "سرووشتیەوە" دێتە ناو ئەو جیهانەی کە پێشمێژووییە و لەسەر بناغەی یاسا سرووشتیەکانیش دامەزراوە (45). پاتوچکە وایدەبینێ کە سرووشت شتێکە دەکەوێتە دەرەوەی مێژوو. بەلام ناکرێ ئەوەمانبیرچێ کە ، بەبۆچوونی پاتوچکە مێژوو ، هەروەک ئەوەی بوونیش ، بریتی نییە لە تەماشاکردن (بۆچوون) بەلکو لە بەرپرسیاریەتی(46). هەروەکدیشمان بایەخدانی پاتوچکە بە تێگەیشتنی""جیهانی ژیان""ی هۆسڕل لە چوارچێوەی دیدی مێژووگەری هایدیگەرەوە بووە. بەواتاێتر، واتای مێژوو کە لە نوسینەکەی پاتوچکە بایەخێ زۆری دەدرێتێ سەرچاوەێ هایدیگەریانەی هەیە و لەگەلێ شوێن دژایەتی دیتنی هۆسڕلیش بۆ مێژوو دەکا. وەلی ئەو گەرانەوەیە بۆ مێژوو پاتوچکەی لە هزری مەسیحایبوون نەخستووە. ئەلبەتە ئەمەی ئێمەش باسیلێوەدەکەین بۆ دێریدا شتێ دەرکپێکراوە بەلام دێریدا ئارگومێنتە ترانسندنتالیەکانی پاتوچکە زۆر ووردناکاتەوە و سەرچاوە فەلسەفیەکانیشی پۆلناکا وەلی بلیمەتانە دووری تێگەیشتنە فەلسەفیەکانی دەستنیشاندەکا و هەیبەتی هزری پاتوچکە لەئاستێ ئیتیکیدا وێنەدەکا.

شوێنی باسە کە بووترێ، دێریدا لە فەسلی دووەمی کتێبەکەیدا لە ڕێگای گفتووگۆی هزری ئیتیکی هایدیگەر و لێڤیناسەوە دێتەوە سەر گفتووگۆی واتاهێکی وەک بەرپرسیاریەتی، مەرگ ، دان (یان دیاری) و قووربانیدان. گفتووگۆکان سەرەتا بەرەو ئەوەدەچن کە بەختکردنی ژیان لەپێناو ئەویتر ، یان خۆقووربانیکردن لەپێناوی کەسێ تر کردەێ تەواو ئیندڤیدوالییە(واتە خۆییە، تاکییە، فەردییە). بەباوەری دێریدا ئینڤیدوالیتێی ئەم کردارە لەوێوە دەستپێدەکا کە ئەوەی ئامادەیە قووربانیبدا کەسێ ئازادە و خودی کردەکەی بەخۆیەوە گرێدراوە و ئەوەی ئەو دەیکا تەنیا خۆی لێیبەرپرسیارە و ،کەسێ تر ناتوانێ شوێنی ئەو بگرێتەوە. گفتووگۆکانی دێریدا لەبارەی تێگەیشتنی هایدیگەرەوە تایبەت بەم لایەنانە سەرچاوە لەو سێرکرنانەی هایدیگەرەوە هەلدەگرێ کە ناوبراو لە کتێبی""بوون و کات""ەکەیدا بەرباسیخستوون. لەم حالەتەدا دێریدا جەغتلەو سێرکردنە هایدیگەریە دەکا کە باسلەوەدەکا ناکرێ کەسێک ژیانی خۆیبکا بە قووربانی بەو مانایەی کە بەم خۆبەقووربانیکردنە بەلەجیاتی مەرگی کەسێ تر بکا. بۆنموونە کە عیسا لەپێناوی ئێمە دەمرێ ئەم مردنە بەو مانایە نیە کە عیسا لەشوێنی ئێمە دەمرێ. هەریەکە پرۆسەی مردنی خۆی هەیە. ئەمەش ئەو تێکەیشتنە دروستدەکا کە قووربانی ناتوانێ لە مەرگی ئەویتر بگۆرێ. هەروەها قووربانیدان بە ژیانی خۆ لەپێناو ئەویتردا دەبێ لەپێناو شتێبێ شایانی ئەوەبێ. هەروەها ئەوەش باسدەکا کە ئەو کەسەی قووربانی بەژیانی خۆیدەدا بەمە هیچ سوودێ وەرناگرێ و یان بەلەجیاتی مەرگی ئەویتریش ناکا. واتە ئەوەی مردووە مردووە و مردنی ئەو کەسەی مردووە مردنی خۆیەتی و شوێنی مردنی کەسێ تر پرناکاتەوە و ، بەلەجیاتی مردنی کەسێ تریش ناکا کە ئەویش هەر دەبێ بمرێ. وەلی دێریدا پێیوایە ئەوی دەدرێ شتێ ئەوتۆ نیە بەلکو ئەوەی گرینگە لەم دانە ئەوەیە کە ئەوی دەدرێ باشەیە، کردەی دان یان باشەش کردەێکە لە دان ( یان دیاری)، واتە باشەکردن دانە (47). ئەوەتا لێرە دێریدا جارێتر دەگەرێتەوە سەر هزری ئاینی. جارێتر دەخزێتە ناو تێگەیشتنەئاینیەکانەوە بەلام بە هزرێ عیلمانیەوە. دێریدا زۆرجار بە هەناسەێ فەلسەفی عیلمانییانەوە بیرۆکە و ئامۆژگاریە ئاینیەکان پەسەنددەکا، وەلی ئەوەی دێریدا چاوپۆشی لێناکا ئەوەیە کە ، ڕووداوی مەسیحایەت بریتیە لە خۆبەقووربانیکردن ، کردنی مەرگی خۆ بە خەلات بۆ ئەویتر، کە ئەمەش لەخودیخۆیدا بریتییە لە خۆشەویستیێ ئەبەدی (بێکۆتای)ش. ئەم خۆشەویستیەش بۆ ئەویتر، لەپێناوی کەسێترە نەک خودی خۆدا. واتە عیسا ئێمەی خۆشدەوێ بۆیە بەسەرخاچەکەوە ڕۆحی بۆماندەرێ ، یان مامەریشە لەبەرخاتری ئێمە گیانیخۆیفیداکرد کە ئەوەش لەسەرێترەوە خۆشەویستییە بۆ خاکی کوردستان. ئەمە لە ئاستێ تردا هەقایەتی سەربڕینەکەی حسێن و لەسێدارەدانەکەی قازی موحەمەدیش دەگرێتەوە. چونکە ئەمانە هیچکات کەمترخەمنەبوونە لەوەی خۆیان بکەن بە قوربانی بۆ ئێمە. ئەمانە ئامادەبوونە ببن بە قووربانی چونکە لە پرینسیپی بەرپرسیاریەتی گەیشتوون. ئەمانەش (واتە: قازی موحەمەد، عیسا یان حسێن یاخودیش مامەڕیشە) بۆئەوەی ئەمەبکەن ئەوی هەیانبووە بریتیبووە لە گیانیان ئەویشیان بەختکردووە. خۆبەختکردن ،کە شتێ زێدە میتافیزیکیە، بۆ ئەو کەسەی بەئاگاییەوە ئەمە دەکا زۆر دەگەێنێ چونکە ئەم کەسە دەزانی چیدەکا. لێرەوە بەسەرهاتی بەرپرسیاریەتی خۆی لەگەل بەقووربانیبووندا تێهەلکێشدەکا.
هەروەک لایسەرەوەش کارمان لەسەرکرد، ژیانی خۆبەختکردن فۆڕمی زۆرە. بەپێی نووسینەکەی دێریدا دەکرێ کەسێ ژیانی خۆی لە پێناو خوا یاخود خاک(نیشتیمان) یان ئەویتر (بۆ نموونە لە خۆشەویستیدا) بەختکا بەلام ئەوەی دێریدا لەم حالەتەدا جەغتیلێدەکا بۆچوونێکی هایدیگەرە ، کە مردن لەپێناو ئەویتر یان ژیانی خۆبەختکردن لەپێناو کەسێ بۆ هایدیگەر مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسە لەبڕی ئەویتر دەمرێ(48). واتە کە کەسێ ژیانی خۆی لەپێناو کەسێکا بەختدەکا ئەم کەسە بەمە دەمرێ بەلام ئەم مردنە مردنی کەسەکە خۆیەتی نەک ئەویتر چونکە بەپێی تێگەیشتنی هایدیگەر یان گەر تێگەیشتنەکە هایدیگەر زۆرتر شیکەینەوە دەلێین کەس لەجێی ئەویتر نامرێ و هەریەکە مردنێکی خۆی هەیە ، هەرکەسە و مردنی خۆی دەژی و کەس مردنی ئەویتر ناژی. دێریدا لە ڕاڤەکردنەکەی بۆ بینینی مردن لای پاتوچکە داکۆکیێ زۆر لەم تێزەی هایدیگەر دەکا ، واتە دێریدا خۆمرانن یان خۆبەختکردن لە پێناو ئەویتر وەک ئەوە سێردەکا کە ئەو خۆمراننە شوێنی مردنی ئەویتر ناگرێتەوە بەلکو ئەویتریش مردنی خۆی دەبێ بژی و لە چاوەروانی مردنی خۆیدا بێ. بەمجۆرە هەریەکە لەم دونیایە مردنێکی خۆی دەژی کە تەنێ ئەو ئاوا دەمرێ و ئەویتریش نۆبەی مردنی هەر دێ. چونکە بەبۆچوونی دێریدا، کە لەبنەڕەتدا بۆچوونێ هایدیگەریانەیە، هەریەکە بۆخۆی دەمرێ، هەریەکە مەرگێکی هەیە(49). ئەمە لە گشت ئاستەکانا دەشێ وەک خۆی ببینرێ. ئەو پێشمەرگەیەی لەناو شارا دەگیرێ و دواتر لەسێدارە دەدرێ یان لە شاخ لەکاتی شەڕ گیانی خۆی بەختدەکا ، ئەم کەسە ئەمەی لەپێناو کورد و خاکپارێزی کردووە ، ئەم جۆرە مەرگ و گیانفیداییە مەرگە لەپێناو ئەویتر، واتە لەپێناو کورد و نەوەکان بەلام ئەم پێشمەرگەیە کە بەوجۆرە دەمرێ مردنی خۆی ژیاوە و نەوەکانیش کە ئەم خۆی کردووە بە قووربانی بۆیان ڕۆژێ دێ ئەوانیش مردنی خۆیان بژین. هەروەها ئەو کوڕە یان کیژە هەرزەکارەی لەپێناو خۆشەویستەکەی گڕ لەخۆی بەردەدا و کۆتای بە ژیانی خۆیدێنێ ئەویش مەرگی خۆی بەوە دەژی و دولبەرەکەی کە جارێ لە ژیانە ئەویش پێویستە لەسەرەی مەرگی خۆیدا بێ. ئەو پۆل سیلانەی لەسەر پردی "پۆنت میرابۆ" لە پاریس خۆیفڕێدەداتە خوارەوە و خۆی دەکوژێ بەخۆکوژی کۆتای بە ژیانی خۆی دێنێ و ، ئەوەی دەمرێ ئەوە سیلانە لە جێی سیلان مردووە نەک "ئیریک "ی کوڕی یان کەسێتر. مامەڕیشە یان ژیڤاراش کە دەکوژرێن یان دەبن بە قووربانی لەپێناوی مەسەلەێک دا ئەوە ئەوانن دەکوژرێن و یان دەبن بە قووربانی و بەو کوژرانە یان بەقووربانیبوونە مردنی خۆیان دەژین. ئەلبەتە دێریدا لەژێرکارتێکردنی پاتوچکە و بەتایبەت ئەو فەسلەی نووسینەکەی پاتوچکە تایبەت بە جەنگ ڕاستینەێک بەرچاویدەکا کە جەنگیش ئەزموونێکی تری دانی مەرگە "دوژمنەکەم دەخەمە بەردەم مەرگەوە و ژیانی خۆم لەپێناو ولاتەکەم بەختدەکەم" (50). لێرە دێریدا دەگەڕێتەوە سەر گفتووگۆی واتای جەنگ لە نووسینەکەی پاتوچکە (ئەو بەشەی کە پاتوچکە تیایا قسە لەسەر "جەنگەکانی سەدەی بیست و سەدەی بیست وەک جەنگ" دەکا). بەلام جەنگ مەرگە یان قووربانی ئەمە نە بۆ دێریدا و نەش بۆ پاتوچکە زۆر ڕوونیە و ویستێ لەئارادا نابینین کە ئەم دوو وشەیەی بەجۆرێ فەلسەفی قوول یەکلایکردبێتەوە. پرسیاری جیاوازیکردن لەنێوان دانی مەرگ و قووربانی یان ئەوەی کەسێ بمرێ لەپێناو ئەوی تر و مردن وەک خۆکوژی (51) یاخود جیاوازیکردن لەنێوان قووربانی، خۆکوژی و ئابووری ئەم دانە (52) بووە بە تەوەرەێ سەرەکی لە توێژینەوەکەی دێریدا دا، ئەمەش لەخودیخۆیدا زۆرجار دێریدای لە پاتوچکە نزدیکردۆتەوە و جارجارەش دوورخستۆتەوە. چونکە مەیلی کراوەی مەسیحای پاتوچکە ڕەنگە ڕێگرێ بێ لە نزدیکبونەوەێ هەمیشەی لەنێوان پاتوچکە و دێریدا دا، بەلام مەیلی دێریداش بۆ تێخوێندنەوەی ئاین و دەستکاریکردنی مێژووی بەرپرسیاریەتی ئەورووپای وادەکا دێریدا دەستبەرداری پاتوچکە نەبێ هیچنەبێ دێریدا بەخۆی دەزانێ پاتوچکەش عیسا و یان سوکرات ئاسا قووربانیە لەپێناوی ئەویتر.
ئێمە هەروەک لایسەرەوەش ووتمان کە ، پاتوچکە لەلایەن دێریداوە تا ئاستێ بەکاردەبرێ. مەغزای ئەم بەکاربردنە بۆ ئێمە پێوەندی بەوەیە کە دێریدا لەڕێگای پاتوچکەوە دەچێتە ناو ئەو جۆرە گفتووگۆ فەلسەفییانەوە کە بۆ دێریدا مانادارن لە ئاوردانەوە، جا ئەوەیان ئاین بێ یان بەرپرسیاریەتی ، هەروەها مەرگ بێ یان نهێنی و پیرۆز. وەلی لەو شوێنەی کە دێریدا بە هەناسەێ قوولی ئیتیکیەوە گفتووگۆی بینینەکانی پاتوچکە دەکا بێچەندوچوون نەرێتی مەسیحای دەخاتە ژێر پرسیارەوە و لەوەش دەکۆلێتەوە کە چۆن ئەم نەرێتە ڕەفتار لەتەک ئاین و ڕەووشت دەکا کە هەر ئەو جۆرە ڕەفتارەش دەکا بە بناغە بۆ قسەکردنەکانی لەسەر مەرگ و بەرپرسیاریەتی. بۆنموونە لەو شوێنەی پاتوچکە ئاین لە فۆڕمی شەیتانی قووربانی جیادەکاتەوە ئەمە وادەکا دێریدا لە ڕێگای نووسینەکەی پاتوچکەوە پرسیاری ئەوە دروستکا کە ئاین چییە؟ (53). دێریدا پێیوایە ئاین یان بەرپرسیاریەتیە یانیش لەبنڕا هیچ نییە(54). وەک دانپیاهێنانێ بەوەی دێریدا لەبارەی ئاینەوە دەیلێ ئەوەش دەلێین کە ئاین وەک ئەوەی هەیە لای دێریدا زەمینە بۆ بەرپرسیاریەتی خودێ ئازاد خۆشدەکا (55) بەلام بۆ دێریدا ئەوەش جێیباسە کە لە چ هەلومەرجێکدا دەکرێ قسەلەسەر ئاین ، بەتایبەت ئاینی مەسیحی، بکرێ(56).ئەوەی دێریدا لەگەل پاتوچکە لەم ڕوەوە لەسەریەکخوانی بینین کۆدەکاتەوە ئەوەیە کە دێریدا لەسەر قسەی پاتوچکە جەغتگیری لەوەدەکا کە لەتەک باس لە ئاین باس لە ئەوەی پێیدەلێین نهێنی شەیتانی و تقووسی عەربەدی یش بێتەباسکردن (57). بۆ چڕترکردنەوەی ئەم سێرکردنە دێریداییە ئەوەشیدەخەینەسەر کە دێریدا پێوایە مەسیحایەت هەردوو توخمی ئەفلاتوونی و عەربەدیشی تێدایە، گەر مەسیحایەتیش ئەو دوو توخمەی تیابێ ئەمە ئەوەدەگەێنێ کە مەسیحای هەلگری هەردوو حالەتی بەرپرسیاریەتی و نابەرپرسیاریەتیشە( 58) لەبەکاتدا.
بۆ فراوانکردنی مەودای گفتووگۆکە ئاماژەبەوەشدەکەین کە، پاتوچکە باس لە بوونی دوو جۆر قووربانی دەکا یەکێکیان مەسیحییە و ئەویتر دیمۆنی (ئەهریمەنی) (59) بەلام دێریدا کوماندەخاتە ئەم ئارگومێنتەی پاتوچکەوە و پێیوایە کە ، هەریەک لەم فۆڕمانەی قوربانی لەیەکتر هەلهاتوون(60).
گشت ئەوانەش لەو چەند دیتنە فەلسەفییانەی لایسەرەوە ووتران پیێلەسەر ئەو ڕاستییە فەلسەفیە دادەگرن کە جیاوازی لەنێوان بۆچوونی دێریدا و پاتوچکە بۆ پێوەندی نێوان مەسیحایەت و ئەفلاتوونیزم هەیە. دێریدا لە نوسینەکەی پێیوایە ئەفلاتوونیزم سەرچاوەی مەسیحایەتە (کە ئەوە بۆچوونێ نیچەییانەشە بۆ مەسیحای) ، وەلی پاتوچکە بەو جۆرە ناڕوانێتە پێوەندی نێوان مەسیحایەت و ئەفلاتوونیزم(61) بەلام هەردوو تێکرا بەیەکدەنگ نەفی بوونی ترانسندێنس لە بوونمانا ناکەن ئەگەرچی شێوازی جیایان لە ڕەنکردنەوەی هزری ترانسندێنسدا هەیە. لەو شوێنانەش کە باس لە قووربانیداندەکەن خۆیان لە دەڤەری زاتی(منی)ترانسندنتالدا دەبینەوە. چونکە تاڕادەێک هەردوو لەوێڕا کانتین(واتە کانت) بگرە پتر هۆسڕلیشن کە ئاگامەندی و بابەتی ئاگامەندی بەدووشت دەزانن.

بۆ بەرینکردنی ئاسۆی بۆچوونەکانی لایسەرەوە بائەوەش بلێین کە، لەدرێژەی ووتنەکانی دێریدا و گفتووگۆکانی لەسەر بۆچوونەکانی هایدیگەر ئەوەشمان لایەقینداردەبێ کە خۆبەقووربانیکردن تەنیا لایەنی ئەوەش ناگرێتەوە کە ئەم خۆبەقووربانیبوونە بریتیە لە کردنی مەرگ بە دیاری (دانی مەرگ) و پێشەکەشکردنی بە ئەویتر بەلکو تایبەت بەم لایەنە گرینگە سەرنجبخرێتەسەر مەسەلەێتریش کە ئەوەش بەرپرسیاریەتیە بەرامبەر بە مەرگی ئەویتر. بەلێ دێریدا لە نووسینەکەیدا باس لە فۆڕمێ زۆر ڕادیکالی بەرپرسیاریەتی دەکا(62) و ،ئەم فۆڕمەش بە فۆڕمێ نوێ لەقەلەمدەدا بەلام دێریدا لەمیانەی پشتبەستن بە نەرێتی مەسیحایەتیەوە ، کە نەرێتێ ئەوروپاییە، ئەو فۆڕمە بەرباسکردن دەخا. بۆنموونە مەرگی عیسا بەسەر دارەکەوە ، کە نیشانەیە لەسەر گۆڕینەوەی ژیان (یان بوون بە قەولی هایدیگەر) بە مەرگ، ئەم مەرگە لای دێریدا وەک بەرپرسیاریەتی تەماشادەکرێ بەرامبەر بە ئەویتر. بۆئەوەی ئەم بەرپرسیاریەتیە دەستبەجێکرێ پێویستە کەسێ ژیانی (یان بوونی) خۆی بکا بە قووربانی و ئەمەش دێریدا ناویدەنێ بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ئەویتر.

ئەلبەتە دێریدا لەرێگای گفتووگۆی بۆچوونەکانی پاتوچکەوە بۆ هەردوو واتای بەرپرسیاریەتی و پیرۆز دەچێتەسەر کتێبی ""ترس و لەرز""ی فەیلەسوفی دانیمارکی کیێرکگەرد و لەو گفتووگۆیەدا ئەوە نیشاندەدا کە فەیلەسوفی دانیمارکی بۆچوونەکانی بۆ هەردوو واتای بەرپرسیاریەتی و پیرۆز مەسیحاییە. هەروەها گفتووگۆی واتای بەقووربانیبوونیش دەکا تا ئەو وێنە فەلسەفییە لەسەر مەرگ دروستکا کە مەرگ لە فۆڕمی قووربانی دەدرێ و ئەم قووربانیەش لەپێناوی ئەویتردایە.واتە کەسێ خۆی بۆئەویتر دەکا بە قووربانی. لێرەوە دێریدا دێتەسەر باسی بەرپرسیاریەتی ئیتیکی و بەرپرسیاریەتی ڕەها. بەهۆی ئەوەوە دێریدا دێتەسەر باسی ڕووداوی قووربانیکردنەکەی ئیسحاقی کوری ئیبراهیم. بۆیە دێریدا هەولدەدا گفتووگۆکان تایبەت بە بەرپرسیاریەتی و قووربانی بەرەو ئەو شوێنەبەرێ کە پرسیاری ئەوە لای خوێنەر دروستکا چ شتێک ئاینیە و چیش ڕەووشتییە. کەواتە دەشێ خوێنەری گفتووگۆکانی دێریدا خەیالی بۆئەوەبچێ کە ئایا ئەوی ئیبراهیم دەیکا ڕەووشتییە؟ ئایا ئەو شتە ڕەووشتیە ئاینیشە؟ کەوابێ پرسیار لای خوێنەر تایبەت بە شیکردنەوەکانی دێریدا سەبارەت بە بۆچوونی دێریدا لەسەر دیاردەی قووربانی لە نەرێتی مەسیحایەتی لەوێوە دەستپێدەکا کە کردەی بەقووربانیدانی ئیسحاق ، کردنی ئیسحاق بە قووربانی بۆ یەزدان، چ جۆرە کردەێکە. بەلام ئەوەی لای ئێمە بووە بە تێبینی لەسەر دیتنی دێریدا بۆ ڕووداوی بەقووربانیدانی ئیسحاق لەلایەن باوکیەوە ئەوەیە کە دێریداش پاتوچکەئاسا و کێرکجاردئاسا مەسیحاییانە لەم ڕووداوە دەڕوانێ بەتایبەت کە دێریدا پێیوایە "کەسمان لە ئیبراهیم بەڕووشتترنین کە چەقۆکەی خستەسەر ملی کورەکەی و ویستی بیکا بە قووربانی بۆ یەزدان." وێرایئەوە ، دێریدا ،لەسەر قسەی پاتوچکە، پێیوایە ئاینی مەسیحای بناغەیە بۆ ڕۆحێ ئازادی دادپەروەر (کە لای دێریدا ئەم ڕۆحە دەبێ بە بناغە بۆ خودگەری)، ئەم بەرپرسیاریەتیەش ئاکامی پرۆسەێ زۆر ئالۆز و سیحری ڕۆحە لەگەل خوا و مەرگدا( 63).
سەرباری ئەویووترا، گشت وتنەکانی لایسەرەوە بەرەو ئەوەمان دەبەن بلێین: کەسێ کە ژیانی خۆی دەکا بە قووربانی بۆ ئەویتر ئەمە بەرپرسیاریەتی نواندنە. بەواتاێتر، قووربانیدان یان خۆ قووربانیکردن ئەمە بۆ دێریداش وەک بەرپرسیاریەتی دەبینرێ. ئەم جۆرە بەربەرپرسیاریەتیە بریتیە لە خۆگیافیداکردن لەپێناو ئەویتر. ئەوی بەسەر عیسا یان سوکرات ئەلبەتە پاتوچکەش هات ئەوە ئەو بەرپرسیاریەتیەیە دێریدا باسیلێوەدەکا. ئەوەش لەخودیخۆیدا بەو مانایە دێ کە کەسێ ئامادەیە خۆی بۆ ئەوی تر بکا بە قووربانی، لەم حالەتەشدا مەرگ دەبێ بە دیارێکو بەویتر دەدرێ. ئالێرەوە هەقایەتی دانی مەرگ دەستپێدەکا. ئەم هەقایەتە پابەندە بەوەی کە کەسێ ، بۆنموونە عیسا یان سوکرات یاخود پاتوچکە، ژیانی خۆی دەکا بە دیاریێ و پێشکەشی ئەویتری دەکا. ئەوی ئەمانە پێشکەشیانکردووە مەرگی خۆیان بووە. مەرگ کە دەبێ بە دیاری و بەویتر دەدرێ ئەوە ئەو بەرپرسیاریەتیەیە ئەم بە ئەویترەوە دەبەستێتەوە. ئەلبەتە ئەم هاوکێشەیە خۆکوشتن(ئینتیحار)یش دەگرێتەوە. ئەم خۆکوشتنە یان شەهیدبوونە ئەو بەرپرسیاریەتیەیە خۆکوژ یان شەهید لەرێگای هەستی بەرپرسیاریەتیەوە هەلدەستێ پێی. ئەو ژنە ئەلمانیەی دێتە ڕیزی پێشەمەرگەوە و دواتر شەهید دەبێ ئەم شەهیدبوونە ئامانجلێی بەجێگەیاندنی بەرپرسیاریەتیە. ئەو بەرپرسیاریەتیە تەنیا لە دۆزێ وادا ، لە پێشەمەرگایەتیدا، دەکرێ بگەێنرێ. واتە تەنیا ڕێگای مەرگ یان شەهیدبوون دەتوانی ئەوە پراکتیزەبکا. دانی مەرگ یان کردنی مەرگ بە خەلات و پێشکەشکردنی بەویتر دەکرێ لەئاستێ تریشدا ببینرێتەوە بۆنموونە لە پێوەندی خۆشەویستیدا. بۆنموونە خۆبەختکردن بە ناوی خۆشەویستیەوە لەپێناوی کەسێکا ئەم جۆرە مەرگەش بریتییە لە دانی مەرگ وەک دیاری بە ئەویتر. ئەلبەتە مێژووی خۆشەویستیش گەلێ نموونەی لەو شێوەیەی تیایە (مەم و زین).
دێریدا ،لەسەر ڕەووتی هایدیگەر، بۆئەوەدەچێ کە هەریەکێ لە ئێمە ئەزموونی مەرگی خۆی هەیە. تەنانەت شەهیدبوون و یان خۆکوشتنیش (ئینتحاریش) ئەزموونێ کەسیە و شەهید یان خۆکوژ مردنەکەی بە خۆی دەیژیێ. واتە هەریەکە مەرگی خۆی دەژی و ، هەریەکەش دەبێ تەحەمولی مەرگی خۆیبکا. تەنانەت کوشتن هەمان ئەو فۆرمەی هەیە. چونکە کە تۆ دەکوژرێ ئەوە تۆی کوژراوی نەک کەسێ تر. واتە تۆ لەبری کەسێ تر ناکوژرێ. کاتێ هەولی کوشتنی مارتن لۆتەر کینگ دەدرێ ئەوە مارتن لۆتەر کینگە کوژراوە نەک کەسێ تر. بەمجۆرە هەریەکە مردنی خۆی هەیە و دەبێ هەموو لە چاوەڕوانی سەرەی مەرگی خۆماندا بین. ڕاستە مەرگ بە عیسا یان بە پاتوچکە دەدرێ و ئەمانیش مەرگی خۆیان دەژین بەلام ئەم مەرگە کە پێدراوە مەرگێ هەلبژاردەیە لە دەرەوەی ئەوان. بەمجۆرە بێ کەس ناتوانێ لەبری عیسا یان پاتوچکە یانیش عەبدولخالق مەعروف بمرێ. ئەوی دەمرێ لەبری ئەوانە تەنیا خۆیانن.
دێریدا لە شیکردنەوەی دانی مەرگ، ئەگەر بکرێ بلێین کردنی مەرگ بە دیاری ،جەغتلە ڕۆلی مەسیحایەت دەکا کە فۆرمێ نوێ بە مەرگ دەدا و ئەم فۆرمە نوێیەش بەوە لێکدەداتەوە کە مەسیحایەت لە دانی مەرگ دا ماناێ نوێ بە مەرگ دەدا. ئەم بینینە بۆ مەرگ لەژێرکاریگەری مەسیحایەتدا دووریتر بۆ بینینە ئیتیکیەکانی دێریدا دروستدەکا. چونکە گفتووگۆی دێریدا لەسەر واتای بەرپرسیاریەتی لای پاتوچکە بەرەو قسەکردنی دەبا لەسەر مەسیحایەتی. مەسیحایەتی وەک مۆلگەی بەرپرسیاریەتی. بەلام دێریدا بۆئەوەش دەچێ کە ئەوەی تاهەنووکە لە مەسیحایەتدا نەقەوماوە مەسیحایەتە. واتە مەسیحایەت هێشتا نییە. ئەوی هەیە بۆ دێریدا مەسیحایەتی ڕاستەقینە نییە هەروەها بۆئەوەش دەچێ مەسیحایەتی ڕاستەقینە دەبێ لەتەک ئەفلاتوونیزم دا لە دابڕان بێ. زۆر بە کورتی ، بۆ دێریدا گرفتی مەسیحایەت لە نەبوونیەتی بە مەسیحای. کەواتە لە لکانیشیەتی بە ئەفلاتوونیزمەوە. بەمجۆرە بێ، بۆئەوەی مەسیحایێ ڕاستەقینە بوونی هەبێ پێویستە لە ئەفلاتوونیزم دابڕدڕێ.
گرینگە بزانین بەرپرسیاریەتی لە هزری دێریدا و لەمیانەی خوێندنەوەی هزری مەسیحای پاتوچکە شیاوە یان نەخێر؟ ئەلبەتە لەمیانەی خوێندنەوەی دێریدا بۆ دیتنی پاتوچکە لەسەر واتای بەرپرسیاریەتی بەو وەلامە دەگەین کە بەلێ بەرپرسیاریەتی شیاوە. وەلی ئەم شیاویە هەلومەرجی خۆی هەیە. واتە بۆئەوەی هەبێ پێویستە خۆی لە ئەفلاتوونیزم دوورخاتەوە، خۆی لەوە دوورخاتەوە کە تەگەرە لەبەردەم پێوەندیکردن بەویترەوە دروستدەکا. بۆیە دێریدا کە قسەلەسەر سیاسەتی ئەوروپای دەکا پێیوایە ئەم سیاسەتە دەبێ خۆی لە سیاسەتی ئەفلاتوونی دوورخاتەوە. بەواتاێتر سیاسەتی مەسیحای گرینگە خۆی لە سیاسەتی ئەفلاتوونی یۆنانی-ڕۆمانی داببڕێ.
وەکیتریش دەلێین، لە کتێبی ناوبراوی دێریدا دا(واتە دانی مەرگ)، تەماشاکردنەکانی دێریدا بۆ بەرپرسیاریەتی لە دیتنە فینۆمینۆلۆژیەکانی پاتوچکەوە سەرچاوەدەگرێ. لای پاتوچکە بەرپرسیاریەتی لە پێوەندیدایە بە باوەڕەوە(64). ئەمە کە دیتنێ فینۆمینۆلۆژی پاتوچکانەیە سەرچاوەێ مەسیحای هەیە و کاردانەوەی بەسەر نووسینەکەی دێریداشەوە بەجێهێشتووە. لەهەمانکاتدا ، شیکردنەوەکەی دێریدا بۆ واتای بەرپرسیاریەتی ئەوەشیتیا دەدرکێنرێ کە بەرپرسیاریەتی کردەێکە لە باوەڕ. واتە دەشێ لێرە ئەوەبووترێ کە بەرپرسیاریەتی شتێ نەک هەر ئیتیکیە بەلکو ئاینیشە. ئەم لایەنە کە لە فەلسەفەی ئاین و ڕەووشتی ڕۆژئاوایی گفتووگۆی قوولی فەلسەفی لەپشتەوەیە لای دێریداش بایەخی خۆی دراوەتێ. دەکرێ بلێین کە هەلوەشانەوەی تیۆلۆژی کە دێریدا لەم نووسینە و لە هەندێ نووسینی تری ، وەک نووسینی""ئاین"" (نووسخەی فەرەنسی 1996)، کاری لەسەردەکا بەشێ لەو توژینەوە هەلوەشانەوەییانەی دێرێدا پێکدێنن کە گەرانەوەیان بۆ ئاین ، باوەڕ و ئیتیک پێکەوەگرێداوە و ، ڕوونکردنەوەی گرینگیشیان لەسەر ئاین لە نەرێتی مەسیحای و میراتی مەسیحی- یەهوودی ئەنجامداوە و، هەروەها شوێنی ئاینیشیان لە شارستانی تازەی ڕۆژئاوادا نیشانداوە. وەکیتریش، ڕەچەشکاندنی دێریدا لە نووسینەکەی لەوێوەدەستپێدەکا کە دێریدا دەیەوێ مێژووی خوا و ناوی خوا وەک مێژووی نهێنی بخاتەبەرباس. بۆیە مەرجە ئاماژە بەوەبکەین کە بەهۆی ئەم نووسینەی دێریداوە (واتە دانی مەرگ) دەکرێ لە دوو شت بگەین. یەکەمیان ئەوەی کە چۆن دەشێ ڕۆلی نوێی ئاین لە ژیانمانا دەستنیشاکەین و ، دووەمیش ئەوەی کە چۆنچۆنی هزری فەلسەفە و ئیتیکی عیلمانی ڕۆژئاوا شتە ئاینیەکان ، یان باوەر ڕاڤەدەکا.

دوا پەیڤ و دەرئەنجامەکان

توێژینەوەی ئاین یان واتای مەرگ ،ئەلبەتە بەرپرسیاریەتیش ، تابلێی گرینگ و بایەخدارە. گرینگی و بایەخەکەی سەرچاوەێ تەنیا سیاسی یان فەلسەفی نیە بەلکو پێشهەمووشتێ ئیتیکیشی هەیە. چونکە تەنێ لەمیانەی توێژینەوەکانەوە دەکرێ بەو هەقیقەتە سللێنەکراوە بگەین کە چ شتێک لە ژیانی ئێمەی مرۆڤ ئاینییە و چیش ئاینی نیە هەروەها چۆنچۆنی شتی ئاینی و ئیتیکی لێکدیجیادەکرێنەوە.
باسی واتای مەرگ کە باسی ئاین و باوەر دێنێتە پێشەوە لە فەلسەفەدا سەدەها (چاخهاێ) بەسەر گفتووگۆکردنی تپێەڕیووە. وەلی تێپەڕاندنەکە خودی باسەکەی لاواز نەکردووە و ، ئەلبەتە لەهەمووی زێدە گرینگتریش کە دەبێ لێرە بیرخرێتەوە ئەوەیە کە، ئەو تێپەراندنە کارێواینەکردوە ئەو باسە خۆی وەک باسێ چاسەرکراو نیشاندا. بۆیە وەک دەرئەنجامی ئەو چەند لاپەڕەیەی لایسەرەوە دەمانەوێ بلێین:ئاشکرایە کە خستنەژێرپرسیاری بەرپرسیاریەتی ڕەووشتی و ڕەووشتی بەرپرسیاریەتی ، کە بابەتی گفتووگۆکردنی باوەریش زیندوودەکەنەوە لە فەلسەفە و ئاینی ڕۆژئاوا، هەمیشە باسێ زۆری لەسەر بووە بەلام ئەو باسە لەگەل کات باسی پتر سەرنجراکێش و گفتووگۆئامێزی پەلەکێشی ناو ژیانی تاک و کۆمەلگە کردووە.
هەروەک دیمان ، دێریدا لەم نووسینەی ""دانی مەرگ"" دا لە رێگای گفتووگۆی کتێبی""سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو"" ی پاتوچکە ڕاڤەکردنێ بەدەستەوەدەدا کە بەهۆیەوە پردێ لەنێوان بۆچوونەکانی خۆی و بۆچوونە فینۆمینۆلۆژیەکانی پاتوچکەش دروستدەکا ، ئەلبەتە دێریدا ئەمەش بەهۆی لەلاێ بەسەرکردنەوەی تێگەیشتنە فەلسەفیەکانی هایدیگەر لەسەر مەرگ و لێڤیناسیش لەسەر ڕەووشتی "ئەویتر" و ،لەلاێتریش بۆچوونە مەسیحایەکانی فەیلەسوفی دانیمارکی کیێرکگەردەوە ئەنجامگیردەکا.
بەبێگومان هەولی دێریدا لەم نووسینەی لەلاێ دەکرێ وەک جۆرە هەولێ بۆ هەلوەشانەوەی ئیتیک تەماشاکرێ و لەلاێتریش ئەم کتێبەی دێریدا لەخودیخۆیدا هەلوەشانەوەی وتاری میتافیزیکیش دەکا بە یەکێ لە نیەتە سەرەکیەکانی. بائەوەشمان بیرنەچێ کە ، ڕوونکردنەوەی بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە مێژووی ئاین و پیرۆز(موقەدەس) یەکێکە لە ئەرکەکانی ئەم هەلوەشانەوەیەش (65). هەرلەبەرئەوە لەم ڕاڤەکردنەی دێریدادا گەرانێ بەردەوام لەئارادایە بەدوای واتای خوا، بەرپرسیاریەتی ، ڕوووشت و ئاین و ، گرینگیێ زۆریش بە نەرێتی فەلسەفی ئەفلاتوون و نەرێتی ئاینی مەسیحایی و یەهوودیش دەدرێ. ئەمەش لەوسەرەوە بە قازانجی ڕاقەکردنەکە گەراوەتەوە و وایکردوە ئاقاری ڕاڤەکردنەکە هەمەلایەنێ ئیتیکی بێ.

ئێمە کە لایسەرەوە لە بەرکەوتنێ هزریدا بووین لەتەک تەماشاکردنەکانی دێریدا- پاتوچکە لەلاێ و لەلاێتر هایدیگەر- لێڤیناس ئەوەمان گفتووگۆکرد کە واتای بەرپرسیاریەتی توانای ئەوە هەیە ئەو پرسیارەشمان تیادروستکا کێ بەرامبەر بە چی بەرپرسیارە. ئەم جۆرە پرسیارە دەکارێ تێگەیشتنە ئاینیەکان بە تێگەیشتنە ڕەووشتیەکان تێکەلکا. چونکە بەشێ زۆر لە بەرپرسیاریەکان زۆرجار سەرچاوەی ئاینی بۆدەدۆزرێتەوە و هەندێکیتریشی سەرچاوەی ڕەووشتی بۆ دەهێنرێتەوە. ئەلبەتە گرینگە لەوەش بەئاگابین کە لەو شوێنەی کەسێ خۆی بە بەرپرسیار دەزانی بەرامبەر بە شتێ کەسێ تر خۆی بە بەرپرسیار نازانێ بەرامبەر بە هەمان شت ، یان خۆی لە بەرپرسیاریەتی لەو شتە دەدزێتەوە. زۆرجاریش بەرپرسیاریەتی وەک خۆی ڕوونناکرێتەوە و بەهەلەتێگەیشتن لەپاشخۆی بەجێدێلێ. بۆیە پێویستە دەرک بە پێویستی بۆ بەرپرسیاریەتی بکەین و بزانین کەی و بەرامبەر بە چی و کێ بەرپرسیارین. ئێمە ئەم لایەنەش دەکارین لەئاستی تریشدا ببین ، بۆنموونە : بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە خاک (نیشتیمان) ، پیر و پەکەوتە و یان هەژار هەروەها کەسێ نەخۆش و یان شێت ئەلبەتە بەرپرسیاریەتی دەشێ فۆڕمی تریش وەرگرێ وەک خۆ بە بەرپرسیارزانین بەرامبەر بە ئاژەل ، ژینگە و تەنانەت لەئاستی هاوڕێیەتی و هاوسێیەتیشدا دەشێ هەر خۆمان بە بەرپرسیاربزانین.

ئەوەی بۆ ئێمە زێدە سەرنجئامێزە و لێرە شایانی قسەلێکردنە ئەوەیە، دێریدا لە نووسینەکەیدا ، ئەلبەتە پاتوچکەش، ئەو شیاوییە بۆ گفتووگۆ دروستناکەن کە بکرێ لەدایکبوونی مەسیحایەت وەک ڕووداوێ لەدەرەوەی ئەفلاتونیزم تەماشاکرێ؟
بەبۆچوونی پێتەر گۆلدمان پاتوچکە باس لە هەلوەشانەوەی شارستانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن دەکا و ئەفلاتوونیزم و مەسیحایەت دەکا بە بناغە بۆ ڕەووشتێ دژ بە بەدڕەووشتی و دیاریکردنی بەرپرسیاریەتی(66). ڕاستە پاتوچکە میستری(ڕاز، نهێنی) ئەفلاتوونی وەک دژە جەمسەرێکی میستری مەسیحای دەبینێتەوە و ، بۆ پاتوچکە ئەوەی ئەفلاتوونیزم کاریبۆدەکا سەبارەت بە بەرپرسیاریەتی بەراسیۆنالیکردنی بەرپرسیاریەتیە بەلام مەسیحایەت تەماشای بەرپرسیاریەتی وەک پێوەندی یان ئەرکی تاک بەرامبەر بە خوا (67) دەکا بەلام ئەوەی پاتوچکە و دێریداش باسیلێوەدەکەن لە سنووری یەک شارستانیدا دەخولێتەوە کە ئەوەش شارستانی ئەورووپاییە یان وورتر بلێین شارستانی مەسیحاییە (بە یەهوودیەکەشیەوە). بۆیە گۆلدمان وایدەبینێ کە پاتوچکە هەلوەشانەوەی مۆدێرنیتێ وەک باغەێ بۆ غروری ڕاسیۆنالیزمی ئەفلاتوونی دەبینێ (68) و مەسیحایەتیش ئاراستەێکە بۆ زالبوون بەسەر بەدڕەووشتیدا. ئەمەو گولدمان بۆئەوەش دەچێ کە هەردوو ئاراستەکەش بۆ پاتوچکە مانای بۆ مۆدێرنیتێ هەبووە. لێرەوە دەشێ پێبنێینە ناو باسێکەوە کە لای پاتوچکە وروژاندنی زێدە مانادار بووە کە ئەوەش ترسە لە شارستانی تەکنەلۆژی نوێ یان ڕۆلی ئەم شارستانیەتە لە دروستکردنی ترس. ئەم باسە کە لای هایدیگەر شوێنی مشتومڕبووە لە نووسینەکەی پاتوچکەدا ڕەهەندی دی لێدەکەوێتەوە. چونکە بینینی پاتوچکە بۆ ئەم مەسەلەیە لەوێوە بووە بە بابەتی ئاخاوتن کە شارستانی تەکنەلۆژی نوێ ڕەنگدانەوەی خۆی بەسەر لەبیرکردنی پیرۆزییەوە (واتە لەبیرکردنی ئەو شتەی کە پیرۆزە) هەیە. لێرە گەر بگەرێینەوە لای هایدیگەر دەلێین : تەکنەلۆژیا جێگای ئاینی گرتۆتەوە. ئەم ووتنەی هایدیگەر ئاماژەیە لەسەر ترس لە تەکنەلۆژیا. هایدیگەر بێپێچوپەنا لەو لێدوانەی بۆ هەفتەنامەی ""دێر شبیگل"" ی ئەلمانی داویەتی و کە داواشدەکا پاش مەرگی بلاوکرێتەوە پربەدل لە تەکنیکی تازەی ڕۆژئاوا بەقینەو لێشیدەترسێ و مەیلی بۆ ئەوەنیە کە ئەم تەکنیکە شوێنی باوەڕ یان ئاین بگرێتەوە، هەرئەوەشە کە والە گەلێ لە بیرمەندانی پاش- هایدیگەری دەکا هایدیگەر ، کە خۆی بە دژە میتافیزیک دەزانی ، بە میتافیزیکی بزانن (69).

وێرای ئەویووترا، ناونیشانی کتێبەکەی دێریدا جۆرە یاریێ زمانەوانی تیا بەدیدەکرێ چونکە دێریدا لە ""دانی مەرگ "" مەبەستی کردنی مەرگە بە دیاری(خەلات). ئەم دانە جۆرە دیارێکیشە کە وەک گشت دیاریێ تر دەدرێ. ڕاستە، پەسەندکردنی مەرگ لە نووسینەکەی دێریدا شێوەی زۆری وەرگرتووە لەوانە خۆکوشتن (ئینتیحار)، بەقووربانیبوون، لەسێدارەدان و کوشتن (قەتل یان تیرۆر) و ، بەلام خودی ئەم پەسەندکردنەی مەرگ لای دێریدا وەک بابەتێ لە دیاری و دیاریێک لە ناواخنێ ئاینیدا گفتووگۆدەکرێ و، زۆرجار گفتووگۆکانیش تەنیا لەنێوان بابەتی مەرگ و هزری ئاینی مەسیحایدا قەتیسدەبن. گومانیشی ناوێ بلێین: لە ""دانی مەرگ""دا مەسیحایەت وەک ئاین ، کە بۆ دێریدا پڕە لە نهێنی و قووربانی، خۆی وەک ئاینێ میستری دەردەخا. گەر لێرە بۆچوونێکیش لە پێتەر گۆلدمانەوە قەرزکەین دەلێین: کێشەی هەرە گەورەی دێریدا لە کتێبی ""دانی مەرگ"" دا لەوەدایە کە تێگەیشتنی دێریدا لەو کتێبە بۆ مەسیحایەت بەهەلەتێگەیشتنی تیایە. بناغەی ئەم بەهەلەتێگەیشتنە لای دێریدا ، بەبۆچوونی گۆلدمان، لەوەدا خۆیچڕدەکاتەوە کە میستری مەسیحای لەناواخنیا هەلگری تووخمی ئەفلاتوونی و پیرۆزیێ دیمۆنی (شەیتانی)یە. چونکە گۆلدمان پێیوایە تێگەیشتنی دێریدا بۆ مەسیحایەت تێگەیشتنێ عیرفانییە ، ئەمە و بەبۆچوونی گۆلدمان شیکردنەوەی دێریدا بۆ بەرپرسیاریەتی لەو کتێبە دا خۆی نایەکانگیر و ناکۆکیش نیشاندەدا (70). تا ئەندازەێ زۆریش ئەو نایەکانگیری و ناکۆکیانەش دەشێ بۆ ئەوە بگەڕێنەوە کە دێریدا مەسیحای و عیرفانیەت لەژێر یەک چەتر کۆدەکاتەوە و لە ئەفلاتونیزمیشی دەخا. بۆیە پرسیارەکە بۆ زۆربەمان لێرە ڕەنگە ئەوەبێ کە، ئەگەر مەسیحایەت لە عیرفانیەتەوە نزدیک بێ بۆ دەبێ لە ئەفلاتونیزمەوە دووربێ؟ مەگەر سەرچاوەی عیرفانیەتی مەسیحای ئەفلاتونیزم نییە؟
هەرلەهەمانکاتدا شوێنیئاماژەپێدانیشە ئەوەش باسکرێ، هەروەک پێتر لومیش لەو پێشەکیەکەی بۆ کتێبەکەی ""ئەفلاتوون و ئەورووپا""ی پاتوچکەی نووسیوە جەغتیلێدەکا، کە پاتوچکە وەرچەرخاندنی ئیتیکی لە فەلسەفەی دێریدا دا کردووە(71) بەلام ئێمە وایدەبین ئەم وەرچارخاندنە لەلایەن دێریداوە خراوەتە خزمەتی ئیتیکی هەلوەشاوەگەرییەوە.

فڕە بایەخدارە ئەوەش بێژین: لە نووسینی ناوبراودا دێریدا گفتووگۆی ئەو دابەشکردنە دەکا پاتوچکە لەنێوان "حەماس" یان "ئەهریمەنی" و "بەرپرسیاریەتی" دەیکا. دێریدا ووتەنی ئەم دابەشکردنەی پاتوچکە دەستوپەنجە لەتەک تیۆریێ تایبەت بە ئاین نەرمدەکا. لە دابەشکردنەکەدا شتی مرۆی لە شتی ئاژەلی جیادەکرێتەوە، یان جیاکردنەوەکە لەسەر بناغەی جیاکردنەوەی ئەو شتەیە کە مرۆییە لەوی کە مرۆی نییە ، واتە ئەوەی کە یەزدانییە، ئەمەو ئەم جیاکردنەوەیە ئەوەش دەگرێتەوە کە نهێنییە یان پیرۆزە (موقەدەس) و جیایدەکاتەوە لەوەی کە ئەوە نییە ، واتە ئەوەی کە نانهێنی و ناپیرۆزە. چونکە، پاتوچکە ئاین ڕووبەرووی پرسیاری ئەوەدەکاتە کە چی نهێنییە یان نهێنیێ شەیتانییە یان پیرۆزە و پیرۆزێ بەد ڕەووشتانەیە، بەلام چ دێریدا و چش پاتوچکە دەکرا زۆرتر لەسەر ئەم دوو لایەنە بوەستن و ئەوشتانەش ڕوونکەنەوە کە سەرچاوەی باشە و خراپەن، هەروەها ئەوەش کە چۆن شتی ئیتیکی لە شتی غەیرە ئیتیکی هەروەها شتی باوەرئامێزی یان ئاینی لەشتی ناباوەرئامێزی یان نائاینی جیادەکرێتەوە.

بۆچوونی پاتوچکە بۆ ئەورووپا بۆچوونێکە سەرچاوە لە نەرێتی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژییەوە (هۆسڕل، هایدیگەر) هەلدەگرێ. بۆ فەیلەسوفێکی لۆگسۆمبۆرگی وەک ڕۆدۆلڤ گاشێ ، کە توێژینەوەی لەسەر واتای ئەورووپا لە ڕوانگەی فەلسەفیەوە هەیە، گرینگە لەوە بگەین چۆن فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی هۆسڕل، ئەلبەتە هی هایدیگەر و پاتوچکەش فەلسەفیانە لە واتای ئەورووپا گەیشتوون. بەبۆچوونی گاشێ واتای ئەورووپا بۆ هۆسڕل هاوشانی ئیدیای یۆنانیە کە لەسەر زانستێ گەردووناوی خۆی بونیاددەنێ. هەرچی بۆ هایدیگەرە ئەم واتایە لەتەک تێگەیشتنی فەلسەفەی یۆنانی بۆ فەلسەفە و شوێنی بوون لەم فەلسەفەیەدا هاوشانە ، کەچی بۆ پاتوچکە واتای ئەورووپا پابەندە بە تێگەیشتنێ ئەفلاتوونیانەوە لە بایەخدان بە ڕۆح. بەپێیتێگەیشتنی گاشێ ئەم سێ سێرکردنە بۆ واتای ئەورووپای (زانستێ گەردووناوی، هزری بوون و بایەخدان بە ڕۆح) لەناوەرۆکدا کێشاوین و دەمانخەنە بەردەم حالەتێ لە ناسیۆنالیزم، ڕاسیزم، تریبالیزم، بەربەریت و..هتدەوە(72). بۆیە گاشێ بۆچوونی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی هۆسڕل، هایدیگەر و پاتوچکە بۆ واتای ئەورووپا پەسەندناکا. لێرە پرسیاری ئێمە لە تێخوێندنەوەکەی دێریدا ئەوەیە کە ، دێریدا دەبایە پەیبەم لایەنە ببردایە و هەلوێستەی فەلسەفی و ئیتیکی خۆی لەوبارەوە دەستنیشانکردبا.

بۆئێمە کە خوێندنەوەمان لەم کتێبەماندا بۆ هزری پاتوچکە ئەنجامداوە لەوەحالین کە، تێژیانی سیاسی پاتوچکە تایبەتیەتی خۆی هەبووە و ئەمەش تەنیا پێوەندی بە دۆزی سیاسی ئەو دەمەی چیکۆسلۆفاکیای جاران و ئەورووپاوە هەبووە کە دابەشی دوو بلۆکی سیاسی ببوو ، ئەورووپای ڕۆژئاوا و ئەورووپای ڕۆژهەلات ، بەلام پاتوچکە لە توێژینەوەکەیدا (واتە لە ""سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو"" ) کە قسەێ زۆر لەسەر بەدیەکانی هەردوو جەنگە جیهانیەکە دەکا ، کە ژیانی مرۆڤی ئەورووپاییان خستە تالوکەوە، ڕوون نادوێ و ئەوە بە تایبەت شیناکاتەوە کە بۆ دەبایە جەنگ شوێنی مەرگ بگرێتەوە. وەلی لەهەمانکاتدا پاتوچکە بێئەندازە بەئاگایەلەوەی کە ئەم دوو جەنگە کە مەرگیان شیاوکرد تێگەیشتنیان بۆ ژیان گۆڕی و، هەروەها پاتوچکە لەو باوەڕەشدایە جەنگ وەک شتێ بێ مانا بۆ گشت فەیلەسوفانی مێژوو و گشت ئەوانەش جەنگی جیهانیان شیکردۆتەوە شتێ نامۆ بووە. ڕوونکردنەوەکانی پاتوچکە تایبەت بە جەنگ خوێنەری نووسینەکەی بەرەو ئەوەشدەبا کە ویست بۆ جەنگ ویستە بۆ مەرگ. ئەمەش بە واتاێتر ، جەنگ پەرەدانە بە ژیان. ژیان لەناو جەنگەوە دەستپێدەکا ، واتە ژیان لە پێوەندیدایە لەتەک مەرگا. لێرەوە دەشێ قسە لەسەر بیرۆکەی پۆلیمۆس کرێ ، کە بیرۆکە فەلسەفیە ناودارەکەی هێراکلیتۆسە کە هایدیگەر و نیچەش پێوەیبوونە. بەلام دێریدا گفتووگۆی ئەم لایەنە بەجۆرێ ناکا توونیەتی فەلسەفی خوێنەری نووسینەکەی بشکێنێ. مەگەر پاتوچکە لە نووسینەکەیدا داکۆکی لە بیرۆکەی پۆلیمۆس ناکا؟ ئەوەی کە پاش پێکدادان و شەر یەکیەتی و ئاشتی بەرقەراردەبێ. بەباوەری ئێمە دێریدا پێویست بوو بەووردی پۆلیمۆسمان لە هزری فەلسەفی هاوچەخی ڕۆژئاوا بۆ ڕاڤەکا.

مایەوە لەم دەرئەنجامەدا ئەوەشبووترێ کە، دێریدا لە نووسینەکەیدا بۆئەوەدەچێ کە کانت، هیگل و تەنانەت هایدیگەریش بەبێ ئاین شیاوییەکانی ئاین دووبارەدەکەنەوە. واتە، ئەم بیریارانە بە زمانێ عیلمانی و بە هزرێ عیلمانیەوە بەهەمان ئەو دەرئەنجامانە دەگەن کە ئاین پێیدەگا. ئەمە گەر لەڕووی لۆژیکیەوە ڕاستبێت پێمانوایە ئەم دەرئەنجامە مەزنە کە دێریدا تایبەت بە تەقەلای ئەو سێ هزرەڤانە پێیگەیشتووە خۆشی دەگرێتەوە. دێریداش ئەوانئاسا لە فەلەکی ئەو دەرئەنجامانە دەخولێتەوە کە میتافیزیکین. دێریداش بە هزرێ ئەنتیمیتافیزیکی هەلوەشانەوەگەرانەوە لەگەلێ شوێن لە نووسینەکەی میتافیزیکیە(73). لەسەرێتریشەوە ئەمە ڕەنگە پێوەندی بەوەوە بێت کە هەلهاتن لە هزری میتافیزیک ئەستەمبێت. بەواتاێتر، گلان بە هزری میتافیزیکەوە هەمیشە شیاوە و ئەوی ئەستەم و سەختە دەربازبوونە لە مشتی ئەم هزرە و، لە میتافیزیکیشدا قۆرخکردنێ پەنهانە کەمتازۆر هەموان توڕهەلدەداتە ناوەوەیخۆی و گرفتاریدەستیخۆشیماندەکا.




----------------


سەرچاوە و پەڕاوێزەکان

1. بۆ خوێندنەوەی پێشەکیەکەی پۆل ڕێکۆر لەسەر فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی یان پاتوچکە بڕوانە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە. ئەو پێشەکییەی پۆل ڕێکۆر لەتەک نوسخەی ئینگلیزی کتێبەکەی ""سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو"" ی یان پاتوچکەدا چاپکراوە :
Jan Patočka . Heretical Essays in the Philosophy of History. Translated by Erazim Kohák. Edited by James Dodd. With P R Preface to the French Edition. Chicago Open Court Publishing Company،1996.
2. کتێبی """دانی مەرگ""ی دێریدا کە لەم نووسینەی ئێمە دا بەکاربراوە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوەیە:
Jacques Derrida. The Gift of Death. Trans. David Wills، University Of Chicago Press، 1995 .

پرۆفیسۆر داڤید ویلس . وەرگێڕی ئینگلیزی کتێبەکەی دێریدا، لەو پێشەکیەی بۆ نووسینەکەی ""دانی مەرگ"ی دێریدای نووسیوە باس لە سەختی وەرگێرانی وشەی فەڕەنسی "دونێ" بۆ ئینگلیزی "گیفت"دەکات کە ئێمە بە "دان" لەقەلەممانداوە (یان دەکرا بە "بەخشین" یش لەقەلەمیبدەین). وشەی "دونێ" ی فەرەنسی لە ئینگلیزیدا دەشێ بە دان بێ و دەششێ بە دیاری(خەلات)یش بێ کە چاوگی وشەکە بە دان دێ، بۆنموونە دانی فلانە شت بە کەسێ. ئەلبەتە وەرگێڕاوی ڕووسی نووسینەکەی دێریدا وەک وەرگێراوە ئینگلیزیەکەوایە، لەبڕی وشەی "دونێ" وشەی "داڕ" دانراوە کە ئەوەش لە واتا ئینگلیزیەکەوە نزدیکە کە دەکا "دان ". هەرچی لە نووسینی سویدیدایە ئەوا لەبڕی وشەی ناوبراوی فەڕەنسی وشەی "گۆڤە" دانراوە. کەواتە "دونێ"و "گیفت" و "داڕ" و "گۆڤە"ش هەمان ئەو مانایانەیان هەیە کە ئێمە لە کوردیەکەی "دان"مان بۆ داناوە نەک "دیاری" یان "دراو". بۆیە ئێمە گوزارە "دانی مەرگ" بەنزدیکتر دەزانین لە دیدی دێریداوە تا "دیاری مەرگ" یاخودیش "دراوی مەرگ".
3. دێریدا لە نووسینی ""دانی مەرگ""دا ئەو لایەنانە لە گفتووگۆکردندا پەرەپێدەدا کە لە نووسینی ""دانی کات""دا وەسەرەتای گفتووگۆکردنی هاتووە. نووسینی ""دانی مەرگ"" لەگەل نووسینی ""لەمەڕ ناو"" و نووسینی ""دانی کات"" دا دەچنە خانەی ئەو باسەوەی لە کۆنفرانسی دیسەمبەری 1990 لە پاریس’ ، لە رۆیئاومۆنت، لەژێرناوی ""ڕەووشتی دان"" بەڕێوەچووە.
کتێبی ""لەمەڕ ناو""ی دێریدا باس لەچەند تەوەرێک دەکا. چاپی فەڕەنسی کتێبەکە لە 1993 لە چاپخانەی گالیلێ لەژێر ناوی ""سۆزەکان ، بەلام ناو ، چۆرە""دەرچووە و ناوی وەرگێراوە ئینگلیزیەکەی کتێبەکە بریتیە لە""لەمەڕ ناو""، کە لە 1995 دا چاپی یەکەمی هاهۆتەدەر. تەوەرەکانی کتێبەکە بەمجۆرەیە:1. سۆزەکان: قووربانیێ لادراو، 2. بێ ناو(پاشکۆ)، 3. چۆرە.
لەم کتێبەدا دێریدا باس لە چەند بابەتێ سەرنجراکێش دەکا لەوانە وەلام و ئەرکی وەلامدانەوە ، لادان (ئینحیراف) لە وەلامدانەوە. ئەمەش دێریدا رادەکێشێتە ناو باس لە بەرپرسیاریەتی وەلامدانەوە و قسەکردن لە ڕەووشتی بەرپرسیاریەتی و وەلامدانەوە. ئەمەو باس لە ناو و ناولێنانیش دەکات هەروەها قسەلەسەر مەسەلەی شوێن یان وشەی "چۆرە" دەکا کە وشەێ یۆنانیە و لای ئەفلاتوون لە "تیامۆس" دا بەکاربراوە.
هەرچی کتێبی"" دانی کات ""ی دێریدایە باس لەچەند لایەنێ تر دەکا بەلام خالی هاوبەشی ئەو لایەنانە واتای دانە (دان لە فۆڕمی شتێ پێدراو یان بەخشراو ). لێرە دێرێدا باس لە شیاو و نەشیاوی دان دەکا. هەروەها لەرێگای گفتووگۆی بۆچوونی فەلسەفی هایدیگەر و شتراوس و موسەوە دێتەوە سەر شیعری بۆدلێر.
جگەلە کتێبی ""دانی مەرگ"" ، دێریدا لە کتێبی ""گلاس"" یشدا ڕوونکردنەوەمان لەسەر واتای مەرگ پێدەدا ، بەتایبەت دێریدا ئەم کتێبەی، (واتە ، گلاس)، پاش مەرگی باوکی نووسیوە.
بۆیە داوا لە خوێنەری ئەم نووسینەمان لەسەر نووسینەکەی دێریدا""دانی مەرگ""دەکەین بگەرێتەوەسەر ئەو دوو نووسینەی تری دێریدا کە وا لایخوارەوە ئاماژەی پێدەدەین. یەکەمیان بریتیە لە کتێبی""لەمەڕ ناو "" و دووەمیان بریتیە لە کتێبی ""دانی کات "" :
Jacques Derrida. On the Name. Edited by Thomas Dutoit. Translated by David Wood، John P. Leavey، Jr.، and Ian McLeod، Stanford Univ. Press، 1995.

Jacques Derrida. Given Time : I. Counterfeit Money (Vol 1) trans. Peggy Kamuf University Of Chicago Press1994.

4. Jacques Derrida. The Gift of Death. Trans. David Wills، University Of Chicago Press، 1995،p. 5.
5. هەمان سەرچاوەی لایسەرەوە لاپەڕە 4.
6 . هەمان سەرچاوە لاپەڕە5.
7. هەمان سەرچاوە لاپەڕە3.
8. هەمان سەرچاوە لاپەڕە6.
9. بڕوانە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە کە بە ڕووسییە و تایبەتە بە چەند تێکستێکی هەلبژاردەی دێریداوە کە کراون بە ڕووسی. لەوێ وەرگێر تێگەیشتنی خۆشی لەسەر ئەزموونی نووسینی دێریدا تایبەت بە "نووسین"، "جیاوازی"، "گراماتۆلۆژی"، هەروەها واتای وەک "مەرگ" ، "دان" و "ئاپۆریا" ش ئەخاتەڕوو.
Гурко Е، Тексты деконструкции. –Томск: «Водолей»، 1999. С. 87.
http://www.gumer.info/bogoslov_Buks/Philos/gurko/index.php

10. Jacques Derrida. The Gift of Death. Trans. David Wills، University Of Chicago Press، 1995،p. 48.

11. لە سالی 1981 دا دێریدا لەگەل ژان – پیێر ڤێرنان رێکخراوێک بەناوی "یان هاس" بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕوناکبیرە مونشەقە چیکییەکان( کە مانفێستی چارتەر 77 یان نووسیوەتەوە) دامەزراندووە. لیژنەی ئەم رێکخراوە چەند سەفەرێک بۆ پراگ ، بۆ سازکردنی سمینار بۆ ئەو ڕوناکبیرە چیکیانە، ئەنجامدەدا، لە یەکێ لە سەفەرەکانا لە سالی 1982 دا دێریدا دەگیرێ و دوو ڕۆژ لە فرۆکەخانە دەستبەسەر دەبێ و بەهۆی هەولی سەرۆکی فەرەنسی ئەو دەمەی فەرەنسا ، فرانسوا میتێران، دێریدا ئازاد دەکرێ و بەرەو پاریس دەگەرێتەوە. دێریدا ئەم سەفەرەی بۆ پراگ پاش مردنی پاتوچکە بە سێ سالێک ئەنجامداوە.
مایەوە ئەوەشبلێین کە "یان هاس " ، ئەو ناوەی دێریدا بۆ ناوی ڕێکخراوەکەی هەلیدەبژێرێ ، بیرمەندێکی ناسراوی چیکی سەدەی چواردەیە.

12 . بڕوانە سەرووتاری شەشەم لە نووسینەکەی پاتوچکە لە کتێبی"" سەرووتارە هەرتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفە مێژوو "". بگەڕێرەوە سەر ئەم سەرچاوەیە:
Jan Patočka. Kätterska essäer om historiens filosofi. Inledning Ivan Dubský översättning: Leo Kramár ،Göteborg : Daidalos، 2006.
13. لەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە دا "پێتەر گۆلدمان" گفتووگۆی "میستری مەسیحای و بەرپرسیاریەتی و عیرفانیەت لە نووسینی "دانی مەرگ" ی دێریدا" دا دەکا.

Peter Goldman. Christian Mystery and Responsibility، Gnosticism in Derrida’s The Gift of Death
Anthropoetics IV، no. 1 (Spring / Summer 1998)
http://www.anthropoetics.ucla.edu/ap0401/pg_DERR.htm


14 . بروانە سەرچاوە ڕووسییەکەی لایسەرەوە لاپەڕە 89.
15. پرسیاری ڕۆحانی لەنێوان سیاسەت و ڕەووشت لەو بابەتە گرینگانەیە کەلەم سالانەی دوایدا و لە توێژینەوە فەلسەفیە سیاسییەکاندا بایەخێ زۆری بۆگەڕاوەتەوە. ئەلبەتە سەفەرەکەی فوکۆ بۆ ئێران بەشێکە لەو تەوژمەی لەپشت سەرهەدانی دیاردەی توێژینەوەی "ڕۆحانیەتی سیاسی"یەوەیە. بایەخی فوکۆ بۆ ئەم دیاردەیە لە سالی 1978 وە دەستپێکرد کە فوکۆ وەک پەیامنێری ڕۆژنامەی "کۆرێر دیلا سێرا" و "لۆنوڤێل ئۆبزەرڤەتۆر" لە ئێرانەوە لەژێر ناونیشانی ڕۆژنامەوان نووسینی بۆ ئەو دوو ڕۆژنامەیە دەنارد. فوکۆ پێشەوەی سەفەری تاران بکات لە پاریس چاوی بە ئیمام خومەینی کەوتبوو. بەشێ زۆر لەوانەی لەو دەمەدا چاودێری دۆزی سیاسی ئێرانیان دەکرد پێیانوابوو پاش ئاوابوونی دەسەلاتی شای ئێران هێزی چەپ دێتە سەر حوکوم بەلام فوکۆ بەپێچەوانەی ئەو تەوژمەوە پێیوابوو کە ئیسلامی سیاسی پێویستێکە و توانای گۆڕینی گەلێ شتیشی لەو ناوچانە دەبێ.
نووسینە ڕۆژنامەییەکانی فوکۆ کە تا سالانێ بەچاپنەکراوەی مابوونەوە پاش کۆکردنەوە و چاپکردنیان بۆچوونی سەیری لای ڕوناکبیریانی ڕۆژئاوا تایبەت بە دیتنە سیاسی و ڕۆحانیەکانی فوکۆ دروستکرد. کتێبەکەی فوکۆ کە لە سالی 2005 بەناوی ""فوکۆ و شۆڕشی ئێرانی""چاپکراوە گەلێ بۆچوونی سیاسی و ڕۆحانی ڕادیکالی فوکۆی تیایە کە تایبەت بە شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی گوزارەی لێکردووە. بەلام لای بەشێ زۆر لە ڕوناکبیرانی ڕۆژئاوا ئەوە بووە بە پرسیار کە چۆن فوکۆ دواتر بێدەنگی تایبەت بە ئاڕاستەکانی ئەو شۆڕشە ئیسلامییە هەلبژارد و ، تەنانەت شتێئەوتۆشی لەسەر جەنگی ئێرانی- ئێراقیش نەوت. فوکۆ لە یەکێ لەو نووسینە ڕۆژنامەوانیانە،کە لە ئێرانەوە ڕەوانەی ئەو ڕۆژنامانەی لایسەرەوەی ناویانهات دەکرد ، ئیسلام بە "بەرمیلێ باروود" ناودەبا. ئەم بەرمیلەی باروودەی فوکۆ باسیلێوەدەکا ئەو تەوژمە ئیسلامییەیە ئەمڕۆ لێرە و لەوێ لە جیهانا بلاوبۆتەوە و هەمیشە قابیلە بەتەقانەوە.
بڕوانە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە کە بریتیە لە کتێبەکەی فوکۆ لەسەر ئێران:

Janet Afary and Kevin B. Anderson. Foucault and the Iranian Revolution: Gender and the Seductions of Islamism. Publisher: University Of Chicago Press، 2005.


16. پێتەر لوم لەگەل وەرگێڕانەکەی کتێبی ""ئەفلاتوون و ئەورووپا"" ی پاتوچکە بۆسەر زمانی ئینگلیزی پێشەکییەکی نووسیوە و لەوێڕا داوامانلێدەکا بۆ ئەم مەبەستە بگەڕێینەوە سەر ئەم دوو سەرچاوەیە :

Michel Foucault. Ethics : Subjectivity and Truth (Essential Works of Foucault، 1954-1984، Vol. 1). Edition by Paul Rabinow، New Press ; 1 1997.
Jacques Derrida . The gift of death. Chicago : University of Chicago Press، 1995.
بەلام بۆ بەراووردکاری لەنێوان فوکۆ و پاتوچکە پێیوایە دەکرێ بڕوانینە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە :

Arpad Szakolczai. Thinking Beyond the East West Divide: Patocka، Foucault، Hamvras، Elias، and the Care of the Self. Publisher: Firenze: European University Institute 1994. (EUI Working Papers in Political and Social Sciences).

خودی کتێبەکەی ""ئەفلاتوون و ئەورووپا"" ی پاتوچکە کە پێتەر لوم وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی ئەمەی لایخوارەوەیە:

Jan Patočka. Plato and Europe. Translated by Petr Lom، Stanford University Press، 2002.

17. Jan Patočka. Plato and Europe. Translated by Petr Lom، Stanford University Press، 2002، p. xix.
18. بە پێی سەرچاوەی ژمارە 10 کە دەکا تێکستە وەڕگێڕاوەکانی دێریدا کە لەلایەن گیرکۆ وە کراون بە ڕووسی داوامان لێدەکا بۆ لاپەڕەی 12 ی نووسخەی فەڕەنسی کتێبی ""دانی مەرگ""ی دێریدا بگەڕێینەوە.
19. بڕوانە لاپەڕە 10 لە کتێبەکەی ""دانی مەرگ"" ی دێرێدا :
Jacques Derrida. The Gift of Death. Trans. David Wills، University Of Chicago Press، 1995،p.10.
20 . بڕوانە هەمان سەرچاوەی لایسەرەوە لاپەڕە 57.
21. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 55.
22. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 43.
23. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 57.
24. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 58.
25. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 67 بۆ 73.
26. هەمان سەرچاوەی ژمارە 10 ی لایسەرەوە.
27. دێریدا لە فەسلی دووەمی کتێبی ""دانی مەرگ""دا لە میانەی دیتنی لێڤیناسەوە بۆ مەرگ دەگەڕێتەوە سەر هایدیگەر و لەوێ نەختێ لەسەر بەهەلەتێگەیشتنی لێڤیناس بۆهایدیگەر دەوەستێ.

28. خوێنەر بۆ زۆرتر ئاشنابوون بە تێگەیشتنەکانی لێڤیناس لەبارەی مەرگەوە دەکرێ بۆ خودی کتێبەکەی لێڤیناس لەمەر مەرگ بگەرێتەوە. بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:

Emmanuel Levinas. God، Death، and Time. Translated by Bettina Bergo. Stanford University Press; 2000.

29. Hans Ruin. ”Ljusets förvandlingar” i Kris nr. 38، 1989. s. 49 .
30. Emmanuel Levinas. Time and the Other. Translated by Richard A. Cohen Duquesne University Press 1990. p . 40.

31. Hans Ruin. ”Ljusets förvandlingar” i Kris nr. 38، 1989. s. 49.


32. بڕوانە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە:

Emmanuel Levinas. Ethics and Infinity: Conversations with Philippe Nemo. Translated by Richard A. Cohen.Duquesne University Press; 1st edition 1985.
ئەم کتێبەی لایسەرەوە کتێبێکی لێڤیناسە بەناوی ""ئیتیک و ناپایانی"" کە لێدوانێکی تێدایە بەناوی "بیبل و فەلسەفە" کە "فیلیپ نێمۆ" لەگەل لێڤیناس سازیکردووە. لەم لێدوانەدا ، کە دەکەوێتە لاپەرەکانی 19 بۆ 35 ، لێڤیناس دانبەوەدا دێنێ کە بیبل (کتێبی پیرۆز، ئینجیل) کاریگەریێ گەورەی بەسەر بیرکردنەوەیدا هەبووە.

33. ئەلبەتە لەبارەی واتای "ڕوو"ەوە (دەموچاو) یەکێ لە سەرچاوەکانی بیری لێڤیناس فەیلەسوفی یەهوودی ( فرانز رۆزنزویک)ە . بۆ زێتر تێگەیشتن لەم لایەنە و بەگشتیش لە هزری لێڤیناس داوا لە خوێنەر دەکەین بگەرێتەوە سەر ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە کە دەروازێکە بۆ لێڤیناس لەلایەن فەیلەسوفی دانیمارکیەوە "پێتەر کێمپ"ەوە نووسراوە:


Peter Kemp. Emmanuel Lévinas. En introduktion. Daidalos 1992.

34. ئێمانوێل لێڤیناس(1995-1906) لە لیتوانیا ، لە کۆڤنۆ (کاوناس) ، لە بنەمالەێکی جوو لەدایکبووە کە زمانی مالەوەیان ڕووسی بووە و ئەدەبی کلاسیکی ڕووسیش ( بەتایبەت پوشکین، تۆلستۆی و گۆگۆل و دیستەیۆفسکی) کاریگەریێ زۆری بەسەر ئەندێشەیەوە هەبووە. لە سالی 1916 و لەماوەی جەنگی جیهانی دوودا خێزانەکەیان بەرەو ئۆکراینا گوازتویانەتەوە و لە شاری خارکۆڤ نیشتەجێبوونە و پاش شۆرشی بەلشەفی و لە 1920 دا جارێتر گەڕاونەتەوە بەرەو شارەکەی خۆیان لە لیتوانیا. لە 1923 لێڤیناس بەرەو شاری ستراسبۆرگی فەرەنسی سەفەردەکا و لەوێ دەست بەخوێندن دەکا سەرەتا سالێ لاتینی دەخوێنێ و دواتر فەلسەفە. لەوێ دەبێ بە هاورێهەرە نزدیکی مۆریس بلانشۆ، کە ئەو دەمە بلانشۆش لەهەمان زانکۆدا فەلسەفە دەخوێنێ. پاش ئەم قۆناغە لێڤیناس خۆی بۆ دیراسەکردنی توێژینەوە لۆژیکیەکانی هۆسڕل تەرخاندەکا بەلام بەخۆدورخستەوە لەوەی پێیدەلێن ئیندوکشن ، دیدوکشن و دیالیکتیک. ئەلبەتە تیۆری ئنتویشنی هۆسڕلی وەک باسێ سەرەکی بۆ تێزی دکتۆراکەشی هەلبژاردووە و لە 1929-1928 دا سالێ لە زانکۆی فرایبۆرگ بەسەردەبا و لەوێ فینۆمینۆلۆژی لەبەردەست هۆسڕل دەخوێنێ و،هەرلەو ماوەیەدا ئاشنایەتی لەگەل هایدیگەریش پەیدادەکا و ، هایدیگەر ئەوکاتە بەتازەگی لە تێزی دکتۆرانامەکەی لەسەر ""بوون و کات"" بۆتەوە. پاش ئەو ماوە کورتەی ئەلمانیا جارێتر دەگەرێتەوە بۆ ستراسبۆرگ و تێزی دکتۆرانامەکەی لەوێرا لەژێرناوی ""تیۆری حەدەس لە فینۆمینۆلۆژی هۆسڕل"" داکۆکیدەکا و لە خودی ئینستیتوتەکەش خەلاتی لەسەروەردەگرێ و لە 1930 دا لە شێوەی کتێبێکیش چاپدەکرێ و ئەم کارە دەشبێ بە سەرەتاێ بۆ بلاوبوونەوەی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی هۆسڕل لە فەرەنسا و مانای بۆ سەرهەلدانی سارتەر و نەوەێک لە فەیلەسوفانی پاش جەنگ لە فەرەنسا دەبێ. لێڤیناس وەرگێری کارە ناودارەکەی ""تێرامانە دێکارتیەکان"" ی هۆسڕلیشە بۆسەر فەرەنسی. لەماوەی جەنگی جیهانی دوو دا زۆربەی خێزانە جووەکەی لێڤیناس لە لێتوانیا بەر شالاوی نازیەکان دەکەون و دەکوژرێن و ئەمەش کاریگەریێ زۆر بەسەر لێڤیناسەوە جێدێلێ و تەنانەت هاوسەرەکەی و منالەکانیشی لەهەمانکاتدا لە فەڕەنساش دووچاری هەمان گرفت دەبنەوە وەلی خۆشبەختانە دەربازیان دەبێ . بۆئەو مەبەستەش بلانشۆ ، هاوڕێی هەرە نزدیکی لێڤیناس ، دەکارێ بیانشارێتەوە و لەبەرچاو وونیانکات.
مایەوە ئەوەش بلێین کە لێڤیناس موتو(شیعار)ێکی بەناوبانگی هەبووە کە بەمجۆرەیە: "گەلێ ئەلمانی دەشێ لێیببوورین بەلام هەندێ ئەلمانی هەیە ، بۆنموونە وەک هایدیگەر، ئەستەمە لێیببوورین ".
بۆئەم پێشەکیەی لایسەرەوە لەسەر لێڤیناس سودم لە دەروازەکەی کتێبی""ئیمانوێل لێڤیناس: نووسینە بناغەییە فەلسەفیەکان"" وەرگرتووە بروانە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە:

Emmanuel Levinas. Basic Philosophical Adriaan T. Peperzak (Editor)، Simon Critchley(Editor)، Robert Bernasconi (Editor) Writings Indiana University Press 1996.
35. Emmanuel Levinas. Totality and Infinity : An Essay on Exteriority . Translated by Alphonso Lingis. Springer ; 4th edition 1980. p. 37.
36. Emmanuel Levinas. God، Death، and Time، Stanford، California: Stanford University Press، 2001. translated by Bettina Bergo. P. 10.
37. هەمان سەرچاوەی لایسەرەوە لاپەڕە 12.
38. Jacques Derrida. The Gift of Death. Trans. David Wills، University Of Chicago Press، 1995،p. 44.
39. هەمان سەرچاوەی لایسەرەوە لاپەڕە48.
40. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 2.
41. هەمان سەرچاوە ،لاپەڕە31.
لایخوارەوە دەڕبڕینەکەی دێریدا بە ئینگلیزی و فەڕەنسی دادەنێین کە ئێمە لەبڕی ئەوە گوزارەی ""گشت (هەموو) ئەویتر گشت ئەویترە"" مان بەکاربردووە:

tout autre est tout autre= « every other (one) is every (bit) other »

42. هەمان سەرچاوە ،لاپەڕە78.
43. هەمان سەرچاوە ،لاپەڕە50.
44. Jan Patočka. Kätterska essäer om historiens filosofi. Inledning Ivan Dubský översättning: Leo Kramár ،Göteborg : Daidalos، 2006. s. 189.
45. Александр Бобраков-Тимошкин. «Чешский вопрос»: попытки разобраться в самих себе. В основе чешской философской традиции лежит склонность к саморефлексии.
http://kultura.prag.ru/litera07.htm
46. Jan Patočka. Kätterska essäer om historiens filosofi. Inledning Ivan Dubský översättning: Leo Kramár ،Göteborg : Daidalos، 2006. s. 17.
47. Jacques Derrida. The Gift of Death. Trans. David Wills، University Of Chicago Press، 1995،p. 41.
48. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە42 و دواتر.
49. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 43
50. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە17
51. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە10
52. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە10
53. هەمان سەرچاوە ،لاپەڕە2
54. هەمان سەرچاوە ،لاپەڕە2
55. هەمان سەرچاوە ،لاپەڕە2
56. هەمان سەرچاوە ،لاپەڕە2
57. هەمان سەرچاوە ،لاپەڕە2

58. Peter Goldman. Christian Mystery and Responsibility، Gnosticism in Derrida’s The Gift of Death
Anthropoetics IV، no. 1 (Spring / Summer 1998).
59 . هەمان سەرچاوە و سەروتاری پێنجەمیش لە کتێبەکەی پاتوچکە""سەروتارە هەرتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو"".
60. هەمان سەرچاوە و لاپەڕەکانی 8 بۆ 9 ش لە کتێبەکەی ""دانی مەرگ""ی دێریدا.
61 . هەمان سەرچاوە کە ئاماژە بە لاپەڕەی 9ی کتێبەکەی ""دانی مەرگ""ی دێریدا ش دەکا لەگەل فەسلی پێنجەم لە کتێبەکەی پاتوچکە.

62. Jacques Derrida. The Gift of Death. Trans. David Wills، University Of Chicago Press، 1995،p. 27.
63. Гурко Е، Тексты деконструкции. –Томск: «Водолей»، 1999. с. 88.

64. هەمان سەرچاوەی لایسەرەوە و هەمان لاپەڕە .
65. گرینگە خوێنەری کتێبی دانی مەرگی دێریدا کتێبی ""ئاین""، ""ڕووشتی دان""، ""دانی کات"" یش بخوێنێتەوە تا لە کۆی ئەو پرۆژە هەلوەشاندنەوەگەرییە ئیتیکییە بگا دێریدا کاری لەسەر دەکا.

66. بۆ ئەم مەبەستە بڕوانە نووسینەکەی پێتەر گۆلدمان کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
67. بڕوانە سەروتاری پێنجەم لە کتێبەکەی پاتوچکە""سەروتارە هەرتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو"".
68. هەمان سەرچاوەی لایسەرەوە.

69. هایدیگەر ئەم بۆچووانە لەو لێدوانە بەرباسدەخا کە هەفتەنامەی ""دێر شبیگل"" ی ئەلمانی لەتەکیا سازیکردووە. لێرەدا دەمەوێ چەند سەرنجێ لەبارەی ئەم لێدوانەی هایدیگەر بەرچاوخوێنەر بخەم کە هەفتەنامەی دیر شبیگلی ئەلمانی لە سێپتەمبەری 1966 دا لەتەکیا ئەنجامیداوە.
لێدوانی ناوبراو ئەو دەمە لەتەک هایدیگەردا کراوە کە لە ئەلمانیا لە مێدیاکانا باس لە پێوەگلانی هایدیگەر بە دیاردەی نازیزمەوە کراوە. هەفتەنامەی ناوبراو لە ئاداری 1966 دا نامەێکی لەلایەن هایدیگەرەوە بەدەستدەگا کە لەوێڕا هایدیگەر هەندێ ڕوونکردنەوە سەبارەت بەو مەسەلانە بەرچاودەخا کە لەمێدیاکانا لەبارەی ئەو پێوەگلانەوە دەووترێ بۆیە لە سێپتەمبەری هەمانسال دا دوو کەسی ئەو هەفتەنامەیە(رودۆلف ئۆگستین، جۆرج ڤۆلف ) پلان بۆسازدانی لێدوانێ لەتەک هایدیگەردا دادەڕێژن .بەلام لەسەر داوای هایدیگەر بلاوکردنەوەی ئەم لێدوانە بۆ پاش مەرگی هەلگیرێ بۆیە لێدوانەکە لە 31 ی ئایاری 1976 دا بلاودەکرێتەوە. ئەم لێدوانە لە هەمانسالدا لەلایەن ماریە پ. ئالتەر و پۆن د.کەپوتۆ کراوە بە ئینگلیزی. بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:
The Heidegger controversy: A Critical Reader، Edited by Richard Wolin، The MIT Press، Lodon، 1993،p. 110 .

70. Peter Goldman. Christian Mystery and Responsibility، Gnosticism in Derrida’s The Gift of Death
Anthropoetics IV، no. 1 (Spring / Summer 1998).

71. Jan Patočka. Plato and Europe. Translated by Petr Lom، Stanford University Press، 2002، p. xix.

72. Rodolphe Gasché. Anders Lundbergs samtalar med Rodolphe Gasché „Att rädda tänkandets heder“ i Eurozine. http://www.eurozine.com/articles/2002-05-03-gaschelund-sv.html

73. بروانە ئەم دوو سەرچاوەیەی لایخوارەوە بۆ تێگەیشتن لەبەشێ لەو گفتووگۆیانەی تایبەت بە بیری ئیتیکی و ئاینی دێریدا دەکرێن:
Graham Ward. Barth، Derrida، and the Language of Theology. Cambridge University Press، 2008.
Andrew J. McKenna. Violence and Difference : Girard، Derrida، and Deconstruction: University of Illinois Press، 1992.


 

           

 

26/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com