ئنستیتیوتی كه‌له‌پووری كورد
پڕۆژه‌یه‌كی له‌سه‌ر (كۆمه‌ڵی هه‌قه‌) جێبه‌جێ‌ كرد
 

  

بوار نوره‌دین
bwar.khi@gmail



كتێبی (كۆمه‌ڵی هه‌قه‌- له‌ شێخ عه‌بدولكه‌ریمی شه‌ده‌ڵه‌وه‌ تا حه‌مه‌سووری كڵاوقوت) به‌رهه‌می پڕۆژه‌یه‌كی ئنستیتیوتی كه‌له‌پووری كورده‌ و له‌لایه‌ن (ڕێبوار حه‌مه‌ تۆفیق)ـه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌. ئه‌م به‌رهه‌مه‌، له‌چوارچێوه‌ی 256 لاپه‌ڕه‌ی قه‌واره‌ (17×23سم)دا بڵاو بووه‌وه‌. پڕۆژه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵی هه‌قه‌ له‌ نێوان ساڵانی (1920- 1986)دا، كه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ پێشتر به‌ چه‌ند شێوه‌یه‌ك (ڕێباز، تایفه‌ی ئایینی، بزووتنه‌وه‌، ڕێچكه‌، ته‌ریقه‌ت، كۆمه‌ڵا...) ناوی هاتووه‌.
له‌ ده‌روازه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا، چه‌ند باسێكی وه‌ك (گرنگی هۆكاری هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌كه‌، ئامانج و ڕێبازی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی، پێكهاته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌، شیكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كان، گرفتی به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌كه‌) به‌دی ده‌كرێن، هه‌روه‌ها ناوه‌رۆكی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ش به‌سه‌ر سێ‌ به‌شدا دابه‌ش كراوه‌:
((به‌شی یه‌كه‌م: ده‌روازه‌ی چوونه‌ ژووره‌وه‌یه‌ بۆ ناو بابه‌ته‌كه‌ و تێیدا (سۆفیگه‌رێتی) وه‌ك چه‌مك و زاراوه‌ باس كراوه‌ و به‌ ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیی و به‌ ڕێبازی هه‌قه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا، جگه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی دامه‌زرێنه‌ر، پوخته‌ی ناوی ڕێبازه‌كه‌ و سنووری جوگرافیای هه‌قه‌نشین، خراونه‌ته‌ ڕوو.
به‌شی دووه‌م: ژیان و هه‌ندێك له‌ به‌سه‌رهاته‌كانی هه‌ریه‌ك له‌: شێخ عه‌بدولكه‌ریمی شه‌ده‌ڵه‌، مامه‌ڕه‌زا و حه‌مه‌سووری كڵاوقوت خراونه‌ته‌ ڕوو، كه‌ زانیارییه‌كان زۆرتر له‌ سه‌ر حه‌مه‌سووری كڵاوقوت چڕكراوه‌ته‌وه‌؟ چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خاوه‌نی ڕێچكه‌یه‌كی تایبه‌ت بووه‌، تا ئێستایش كه‌مترین نووسینی له‌ سه‌ر نووسراوه‌.
به‌شی سێیه‌م: قوڵایی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌ و تێیدا: جیهانبینی بیری هه‌قه‌، په‌یوه‌ندی هه‌قه‌ له‌گه‌ڵا (ئه‌هلی هه‌ق) و (به‌هائییه‌كان)دا خراوه‌ته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها به‌ربه‌ره‌كانێكردنی هه‌قه‌كانیش هه‌ر له‌م به‌شه‌دا باس كراوه‌.))
له‌پاشكۆی كتێبه‌كه‌شدا: به‌ڵگه‌نامه‌كان، ئه‌نجام، ڕاسپارده‌، پوخته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی، سه‌رچاوه‌كان، ئیندێكسی ناو، ئیندێكسی شوێن، پوخته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ شێوه‌زاری كرمانجیی ژوروو (لاتینی) و چه‌ندین وێنه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ خراونه‌ته‌ ڕوو.
ئه‌م كتێبه‌، پشتی به‌ (88) سه‌رچاوه‌ به‌ستووه‌ و توانیوێتی كۆمه‌ڵێك لایه‌نی نهێنیی و نادیاری كۆمه‌ڵی هه‌قه‌ ساغ بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها (15) خاڵی وه‌ك ئه‌نجام به‌ده‌ست هێناوه‌، له‌وانه‌:
* زنجیره‌ی ته‌ریقه‌ت له‌ مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندییه‌وه‌ تا شێخ عه‌بدولكه‌ریم، به‌ حه‌وت كه‌سدا تێپه‌ڕیوه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی كوڕ و باوك، یان خزمایه‌تی، له‌ نێوان زۆربه‌یاندا هه‌بووه‌.
* ڕێبازی هه‌قه‌ به‌ ته‌نها ده‌رئه‌نجامی تێڕوانینی بیری شێخ عه‌بدولكه‌ریمی شه‌ده‌ڵه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامی ئاسۆی گۆڕانكاری: ئایینی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووریی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ڕۆژگاره‌شی تێكه‌ڵاو بووه‌.
* سنووری دانیشتوانی هه‌قه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌وتووه‌ته‌ ناوچه‌كانی ده‌وروپشتی ده‌ریاچه‌ی دوكانه‌وه‌.
* حه‌مه‌سووری كڵاوقوت له‌ دوای شێخ عه‌بدولكه‌ریمی شه‌ده‌ڵه‌وه‌، له‌گه‌ڵا مامه‌ڕه‌زادا له‌ سه‌ر شوێنگرتنه‌وه‌ی شێخ، ناكۆكی له‌ نێوانیاندا په‌یدا بووه‌.
* هه‌قپه‌روه‌ریی وه‌ك بنه‌مایه‌كی ڕێبازه‌كه‌ له‌ سه‌رده‌می شێخ عه‌بدولكه‌ریمدا، زۆرتر له‌ لایه‌نی ئایینییه‌وه‌ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و له‌ سه‌رده‌می مامه‌ڕه‌زادا، تێكه‌ڵاوی باری كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌.
* یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندی به‌شێك له‌ حه‌مه‌سوورییه‌كان، نه‌یان هێشتووه‌ منداڵیان ببێت.
بۆ گرنگیدانی زۆرتر و به‌هه‌ند وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌، لێكۆڵه‌ر (5) ڕاسپارده‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، له‌وانه‌: وه‌ك پڕۆگرامێكی خوێندن دابنرێت و بیر له‌وه‌ش بكرێته‌وه‌ كه‌ بكرێته‌ كه‌ره‌سه‌ی فیلمی سینه‌مایی و دۆكۆمێنتاری یان ده‌قی ئه‌ده‌بی، هه‌روه‌ها پێی باشه‌ كه‌ بیر بكرێته‌وه‌ له‌ دیاریكردنی چه‌ند (سومبولێك) بۆ بیره‌وه‌ری ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌.
شایانی باسه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ كه‌ڵكی له‌ ڕێبازی (مێژوویی- كۆمه‌ڵایه‌تی) وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر فره‌ ڕه‌هه‌ندیی بابه‌ته‌كه‌، له‌هه‌ندێ‌ شوێندا، له‌م ڕێبازه‌ لای داوه‌. هه‌روه‌ها، هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان (مسته‌فا عه‌سكه‌ری و ڕه‌شید محه‌ممه‌د عه‌لی) به‌ ده‌ستنووسی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا چوونه‌ته‌وه‌، مامۆستای مێژوونووس (د. كه‌مال مه‌زهه‌ر)یش جگه‌ له‌ په‌سه‌ندكردنی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌، تۆمارێك له‌ بیره‌وه‌ری خۆی و كه‌سێكی سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵی هه‌قه‌ی، پێشكه‌ش به‌ كتێبه‌كه‌ كردووه‌.
جێی ئاماژه‌ پێكردنه‌ كه‌ هه‌موو ئایین و ئاییینزا و ڕێبازه‌ ئایینییه‌كانی كوردستان، له‌نێویشیاندا (كۆمه‌ڵی هه‌قه‌)، خاوه‌نی سامانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی فه‌رهه‌نگیین و جێگه‌ی خۆیه‌تی كه‌لتوور و كه‌له‌پووره‌كه‌یان تۆمار بكرێت و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێت ... له‌به‌رئه‌مه‌، ئنستیتیوت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی په‌سه‌ند كردووه‌، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی تریشی ده‌رباره‌ی ئایین و ئایینزا و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كوردستان، له‌ به‌رنامه‌ی خۆی داناوه‌ و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كات.


 

           

 

22/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com