پشتگیری داواکارییه‌کانی په‌ناخوازانی سویسرا ده‌که‌ین

  

 


به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ که‌ کێشه‌ی په‌نابه‌ری دیارده‌یه‌کی کۆنه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌‌ڵدانی قه‌یران و شه‌ڕ و نائارامیش له‌ هه‌ر وڵاتێکدا زیاتر به‌ دیار ده‌که‌وێت، دیاره‌ پشتگیری و داکۆکی له‌ مافی په‌ناخوازانی کورد به‌ تایبه‌تی و نه‌ته‌وه‌کانی تر به‌ گشتی یه‌کێکه‌ له‌‌و ئامانج و خاڵانه‌ی رێکخراوی چاودێری کوردۆساید – چاک کاری له‌سه‌ر ده‌کات.
وه‌ک هه‌موو لایه‌ک ئاگادارین که‌ به‌ دوای بانگه‌وازی چه‌ندان حزب و رێکخراوی چه‌پ و مرۆڤدۆست و هه‌قخواز رۆژی 26.6.2010 له‌ پایته‌ختی وڵاتی سویسرا (بێرن) خۆپیشاندانێک به‌ به‌شداری هه‌زاران که‌سی ئاشتیخواز و پشتگیریکه‌ری مافی مانه‌وه بۆ په‌ناخوازان، ساز کرا. له‌ میانه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریی و گه‌وره‌یه‌دا سه‌دان که‌س له‌ به‌شدارانی خۆپیشاندانه‌که‌ و له‌ نێویاندا ده‌یان په‌ناخواز له‌ وڵاتانی جۆراوجۆر و ره‌نگ و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز له‌وانه‌ش کوردی باشور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، وه‌ک نیشانه‌ی مانگرتن و داواکاری جێبه‌جێکردنی داواره‌واکانیان ده‌ستیان به‌سه‌ر پارکی (کلاینه‌ شانسه‌)دا گرت و ڕه‌شماڵیان لێهه‌ڵدا و تێیدا نیشته‌جێ بوون.
ئاشکرایه‌ ته‌نها داواکاریی ئه‌و مرۆڤه‌ به‌شمه‌ینه‌ت و دووره‌ وڵاتانه‌ مافی مانه‌وه‌ و نیشته‌جێ بوونیانه‌، تا له‌و دۆخی بێ پێناسه‌یی و چاوه‌ڕوانییه‌ ده‌رچن و ژیانی ئاسایی خۆیان له‌م وڵاته‌دا ده‌ست پێ بکه‌‌ن، که‌ ئه‌مه‌‌ش مافێکی ره‌وای خۆیانه‌.
بۆیه‌ ئێمه‌‌ لێره‌دا پشتگیری ته‌واوی خۆمان بۆ په‌ناخوازانی نیشته‌جێی پارکی کلاینه‌ شانسه‌ راده‌گه‌یه‌نین و داواکارین له‌ وه‌زاره‌تی کاروباری کۆچبه‌ران مافی نیشته‌جێبوون به‌ سه‌رجه‌م په‌ناخوازانی وڵاتی سویسرا ببه‌‌خشێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی شه‌ڕ و نائارامیی و نادادی له‌ وڵاته‌کانیاندا هه‌یه و ده‌ربه‌ده‌ری کردون‌.
هیوادارین که‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی حکومه‌تی سویسرا به‌ گفتوگۆ و دانیشتن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی په‌نابه‌رانی مانگرتوی ئه‌و پارکه‌دا چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ بکات، تا وێنه‌ی وڵاتی سویسرا وه‌ک وڵاتێکی داڵده‌ده‌ری په‌ناخواز و لێقه‌وماوان له‌لای رای گشتی و جیهان ناشرین نه‌بێت...


چاودێری كوردۆساید-چاك
کۆمیته‌ی سویسرا
1.7.2010
www.kurdocide.com


 

           

 

02/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com