چاوپێکه‌وتنی رِۆژنامه‌ی رِووداو له‌گه‌ڵ
ده‌شتی جه‌مال سكرتیَری فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عیَراق‌

  

ئاماده‌کردنی:هه‌وار عه‌لی


"ئه‌و ده‌یان په‌نابه‌ره‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رِابردوودا دیپۆرتی كوردستانكراونه‌ته‌وه‌ تاوان كار نه‌بوون به‌ڵكو قوربانی سیاسه‌تی سه‌ركوتگه‌ره‌و جه‌نگی ناوخۆو بیَ مافی ناهه‌مووریه‌ك بوون كه‌ خه‌ڵكی كوردستانی له‌گه‌ڵ به‌ره‌و رِووكراوه‌ته‌وه‌ به‌ناچار ژیانی ئاواره‌ی هه‌ڵبژاردوه‌"

ئه‌م چاوپیَكه‌وتنه‌ چه‌ند مانگ به‌ر له‌ ئیَستا له‌لایه‌ن به‌ریَز هه‌وار عه‌لی له‌ رِۆژنامه‌ی رِووداو له‌گه‌ڵ ده‌شتی جه‌مال سكرتیَری فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عیَراقی سازدراوه‌ .
ناوه‌ندی هه‌واڵگری فیدراسیۆن به‌ پیَویستی زانی ده‌قی ئه‌م چاوپیَكه‌وتنه‌ بلاَوبكاته‌وه‌.

1-
وه‌كو ئاگاداریت ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌نابه‌ر و په‌ناخوازی كورد له‌ به‌ریتانیا هه‌ن، به‌ڵام هه‌ندیَكیان كاری نه‌گونجاو و تاوانیان ئه‌نجام داوه‌، بۆ نموونه‌ وه‌كو ده‌ستدریَژی سیَكسی و كاركردن بیَ مۆڵه‌تی كاركردن و لیَخوورِینی ئوتومبیَل بیَ مۆڵه‌تی شۆفیَری، ئایا ئه‌م كارانه‌ كاریگه‌ری نه‌گه‌تیڤی نه‌كردووه‌ته‌ سه‌ر ویَنه‌ی كورد به‌گشتی له‌ لایه‌ن به‌ریتانییه‌كانه‌وه‌؟

ده‌شتى جه‌مال: ئه‌م جۆره‌ پرسیاره‌، ئه‌گه‌رچى به‌نیازیَكى دڵسۆزانه‌شه‌وه‌ ئارِاسته‌ بكریَن، به‌لاَم سه‌رئه‌نجام ده‌كاته‌ شیَواندنى ناوه‌رِۆكى ئینسانی و هه‌قخوازانه‌ی كیَشه‌ى په‌نابه‌ری و به‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ كۆمه‌لاَیه‌تی و سیاسیه‌ی كه‌ ئه‌و ده‌یان هه‌زار كه‌سه‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان ناچار به‌ په‌نابه‌ریتی كردوه‌. ناكریَ هه‌ڵسوكه‌وتی نا شایسته‌ی چه‌ند كه‌سیَك ئه‌و خۆیَندنه‌وه‌یه‌ی بۆ بكریَ كه‌ ئیَوه‌ له‌ پرسیاره‌كه‌تاندا ده‌یخه‌نه‌ رِوو! كۆمه‌ڵگای به‌ریتانیاو ئه‌وروپا وه‌كو هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌كو كوردستان له‌لایه‌ن هاولاَتیانی خۆیانه‌وه‌ تاوانی تیَدا ئه‌نجام ده‌دریَ و یاسا شكیَنی تیَدا ده‌كریَ.بۆیه‌ تاوان و یاسا شكیَنی تایبه‌تمه‌ندی په‌نابه‌رانی كورد نیه‌! پیَموانیه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی له‌و جۆره‌ له‌ ئاستی رِای گشتی خه‌ڵكی به‌ریتانیا بایه‌خیَكی هه‌بیَ.به‌ پیَچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵكی به‌ریتانیا به‌شیَوه‌یه‌كی گشتی سه‌مپاتی بۆ په‌نابه‌رانی كوردو عیَراقی هه‌یه‌ وه‌كو قوربانیانی شه‌رو نا ئارامی وچه‌وسانه‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كه‌ن .پاشان كارگه‌لیَكى وه‌ك ئه‌وه‌ى ئیَوه‌ ئاماژه‌ى بۆده‌كه‌ن له‌لایه‌ن كه‌سانیَكى په‌نابه‌ره‌وه‌ بۆچى به‌"وینه‌ى كورده‌وه‌" ده‌یبه‌ستنه‌وه‌! ئایا له‌ ناوخۆى كوردستان ده‌ستدریژى سیكسى و سایه‌قى بیَمۆڵه‌ت وكارى قاچاغ له‌گۆریَ نییه‌؟ ئایا گه‌نده‌لى و فایلدار و ده‌ستدریژى بۆسه‌ر رِۆژنامه‌نوسان و كوشتنى ژنان و ده‌یان دیارده‌ى دزیۆى تر له‌ناوخۆى كوردستاندا، چ ویَنه‌یه‌كى جوانیان به‌ كورد داوه‌ تا ئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ى چه‌ند په‌نابه‌ریك ناشرینى بكات؟
به‌لاَم ئه‌و پرۆپاگه‌نده‌یه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندیَ ده‌زگای رِاگه‌یاندنو لایه‌نی سیاسیه‌وه‌ دژ به‌ په‌نابه‌ران به‌گشتی وه‌كو یاسا شكیَن و تاونبار ده‌كریَ(په‌نابه‌ری كوردیش وه‌كو به‌شیَك له‌وان)،ئه‌وه‌ بیَگومان سیاسه‌تی رِاسیستی و نه‌ژادپه‌رستی ئه‌و لایه‌نو ده‌زگایانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌ویَ رِووخساری دزیو ناشرین ده‌رباره‌ی په‌نابه‌ر لای خه‌ڵكی به‌ریتانیا دروست بكه‌ن.به‌و جۆره‌ش زه‌مینه‌ی كۆمه‌لاَیه‌تیو سیاسی و بگره‌ یاسایی دیپۆرتكردنه‌وه‌یان ده‌ستبخه‌ن. ده‌یانه‌ویَ په‌نابه‌ران به‌ درِنده‌و و مه‌ترسی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگا و كه‌لتۆروفه‌رهه‌نگی خۆیان بناسیَنن تا ده‌ریان په‌ریَنن و بیان كه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ ،چونكه‌ ئیَستا سه‌رمایه‌ له‌م ولاَتانه‌دا توشی ئه‌زمه‌ بووه‌ وه‌ ئیتر پیَویستیان به‌ هیَزی كاری ئه‌و خه‌ڵكه‌ نه‌ماوه‌.ئه‌و رِاستیه‌كی هیَرشی باڵی رِاستی كۆمه‌ڵگا یه‌ بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگای به‌ریتانیا و ئه‌وروپی كه‌ له‌ یه‌كه‌م سه‌نگه‌ره‌كانیدا به‌شی لاوازی چینی كریكاریی ئه‌م ولاَتانه‌ی نیشانه‌ گرتووه‌ كه‌ ئه‌ویش كریكاریی ده‌ره‌كی و په‌نابه‌رانن.
2- هۆكاری تووشبوونی ئه‌و كارانه‌ له‌ لایه‌ن كورده‌كانه‌وه‌ بۆچی ده‌گه‌رِیَنیته‌وه‌؟
به‌ براِوی من تووش بوونی رِووداو و كاره‌سات له‌لایه‌ن هه‌ندیَك له‌ په‌نابه‌رانه‌وه‌ ده‌گه‌ریَته‌وه‌ بۆ باری ناله‌باری ده‌روونی ونائیستقراری بیَ مافی تاكی كورد كه‌ له‌گه‌ڵ زۆر كیَشه‌و گیروگرفت رِوویه‌رووی ده‌كاته‌وه‌، بهیَنه‌ پیَش چاوی خۆتان په‌نابه‌ریَكی كورد وه‌ختیَك ده‌گاته‌ به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵیَك به‌ربه‌ستی واقعیدا رِووبه‌روو ده‌بیَته‌وه‌ . وه‌كو ئینسانیَك ڤاوچه‌ریَ (واته‌ بیتاقه‌یه‌ك بۆ كرینی خۆراك و جلوبه‌رگ )ی بۆ دیاریكراوه‌ ده‌توانیَ به‌كاریبهیَنیَت.واته‌ هیچ پاره‌یه‌ك نادریَ به‌ په‌نابه‌ر كه‌ بتوانیَ خۆی ئازادانه‌ به‌كاریبهیَنیَ.بۆ نمونه‌ چوونه‌ سینه‌ما یان پاره‌ی سه‌فه‌ر بۆ سه‌ردانی هاوریَ ودۆسته‌كانت و شتی له‌و بابه‌ته‌...تۆ ئیتر مافی كاركردنت نیه‌ .وه‌كو زیندانی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سی تردا له‌ خانوویه‌كدا داتده‌نیَن.په‌نابه‌ریش ئینسانه‌ حه‌زی له‌ چوونه‌ سینه‌مایه‌ و حه‌زی له‌ چونه‌ ده‌ره‌وه‌و و گه‌رِانه‌.حه‌زی له‌په‌یوه‌ندی گرتنو تیَكه‌لاَوبوونه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا و ده‌یان ئاره‌زووی ئینسانی تر. به‌لاَم ده‌وڵه‌ت ناچارت ده‌كات كه‌ وه‌كو ووتم له‌ زیندانیَكی "موحته‌ره‌م"دا بژیت! پاشان دا نانی سیسته‌می ئیمزای هه‌فتانه‌ یان مانگانه‌ی پۆلیس بۆ په‌نابه‌ران ، كه‌ ئازادى هاتوچۆ و نیشته‌جآ بوونت لیَوه‌رده‌گرنه‌وه‌ . هه‌موو ئه‌مانه‌ بارودۆخیَكی هیجگار خراپی پیَكهیَناو، ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی رِاگرتن به‌دیار وه‌لاَمی په‌نابه‌ری بارودۆخیَكی نه‌فسی و ناهه‌موار بۆ په‌نابه‌ران پیَك ده‌هیَنیَ. هه‌موو ئه‌مانه‌ وا ده‌كات په‌نابه‌ری كورد ته‌ریك بیَته‌وه‌ و دابریَت له‌ كۆمه‌ڵگا.
هه‌ر وه‌كو یاسای فره‌كه‌لتوری كه‌ ئه‌م وولاَتانه‌ گرتوویانه‌ته‌ پیَش هۆكاریَكه‌ بۆ دابران و تیَكه‌لاَنه‌بوون و په‌راویَزخستنی په‌نابه‌ری كورد .ئه‌وه‌ش بیَگومان تووشی ده‌یان كیَشه‌و كاره‌ساتت ده‌كات!
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ گۆیَزانه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگو كه‌لتۆره‌ی كه‌ تاكی كورد له‌گه‌ڵ خۆی له‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌ڵی ده‌گریَت .له‌ناو ئه‌و دابران وته‌ریك كه‌وتنه‌وه‌وبیمافی و چاوه‌روانیه‌ی ئیَره‌دا ده‌چنه‌ سه‌ریه‌ك و كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌ندیَ په‌نابه‌ری كورد داده‌نیَت بۆ نمونه‌ ئه‌وانه‌ی ئیَوه‌ له‌پرسیاری پیَ شوتاندا ئاماژه‌تان پیَدا له‌ لیخۆرینی ئۆتۆمۆبیَل بیَ مۆڵه‌ت تا ژن كوشتن ، كه‌ تا ئیَستا چه‌ند تاوانی وا له‌ لایه‌ن هه‌ندیَك له‌ خیَزانه‌ كورده‌كانه‌وه‌ له‌به‌ریتانیا ئه‌نجامدراوه‌ و یژدانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ی رِاچله‌كاندوه‌.به‌كورتی ده‌توانم بڵیَم دابرانو ته‌ریك خستنه‌وه‌ی په‌نابه‌ر و باری سه‌ختی ژیانو و یاسای فره‌كه‌لتۆری و رِیَزگرتن له‌ دواكه‌تووترین فه‌رهه‌نگ له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاَتی ئه‌م ولاَتانه‌وه‌ له‌پاڵ ده‌ستگرتنی په‌نابه‌ران به‌ فه‌رهه‌نگی دواكه‌تووانه‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ سه‌رئه‌نجام به‌ ئیَمه‌و خه‌ڵكی موته‌مه‌دینی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ نامۆیه‌.
3- ئایا هۆكاری ئه‌م كارانه‌یه‌ كه‌ حكوومه‌تی به‌ریتانیا سووره‌ له‌سه‌ر دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌ناخوازه‌ كورده‌كان؟
ده‌شتى جه‌مال: نه‌خیَر ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ هۆكارى دیپۆرتى په‌نابه‌ران نیین، به‌ڵكو به‌هانه‌یه‌كه‌ بۆ په‌یره‌وكردنى. به‌واتایه‌كىتر ده‌مه‌وىَ بڵیَم سیاسه‌تى دیپۆرتى په‌نابه‌ران رِیشه‌ى له‌ده‌ستبه‌رداربوونى مافى په‌نابه‌ریتى ورِیَكه‌وتن نامه‌وى جنیفى سه‌ده‌ى پیشووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تانى رِۆژ ئاوا به‌ناوى مافى مرۆڤ و دیموكراسیه‌وه‌ ئیمزایان لیَكرد تا له‌به‌رامبه‌ر بلۆكى رِۆژ هه‌لاتدا خۆیان به‌ ئینسان دۆست و لایه‌نگرى مافى خه‌ڵكى ژیر سایه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ تۆتالیتاریسته‌كان هه‌ڵخه‌ن، به‌ڵام پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى بلۆكى رِۆژ هه‌ڵات وهاتنه‌ سه‌ركارى ده‌سه‌لاَته‌ رِاسته‌كانى دنیا ئیتر ئه‌م رِیَكه‌وتن نامه‌یه‌(ئه‌گریمینته‌) پیَویستى نه‌ماو پى به‌پىَ خرایه‌ لاوه‌.
ئیَستاش حكومه‌تی به‌ریتانیا بۆ دیپۆرتى په‌نابه‌ران پیَویستی به‌ بیانوو و پاساو هه‌یه‌ تا سیاسه‌تی دیپۆرتی په‌نابه‌رانی پیَ به‌ریَته‌ پیَشه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش خه‌ریكه‌ به‌هانای جۆراجۆر وسیمای په‌نابه‌ران له‌پیَش چاوی رِای گشتی ناشرین ده‌كات ئه‌مه‌ ته‌نها به‌هانه‌یه‌ك نیه‌ به‌ده‌ستی حكومه‌تی به‌ریتانیاوه‌ به‌ڵكو له‌ چه‌ند ساڵی رِابردووه‌ ئه‌حزابی ده‌سه‌لاَتدار له‌كوردستانیشدا به‌خاتری قازانجو به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری وبه‌ره‌سمیت ناسینی ده‌سه‌لاَته‌كه‌یان خه‌ریكی چه‌واشه‌كاری وهه‌مان پاساو له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌ دیپۆرتكراوه‌كانیان بردۆته‌ پیَشه‌وه‌ .
هه‌موو ئه‌و رِاستیه‌ باش ده‌زانین ئه‌و ده‌یان په‌نابه‌ره‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رِابردوودا دیپۆرتی كوردستانكراونه‌ته‌وه‌ تاوان كار نه‌بوون به‌ڵكو قوربانی سیاسه‌تی سه‌ركوتگه‌ره‌و جه‌نگی ناوخۆو بیَ مافی ناهه‌مووریه‌ك بوون كه‌ خه‌ڵكی كوردستانی له‌گه‌ڵ به‌ره‌و رِووكراوه‌ته‌وه‌ به‌ناچار ژیانی ئاواره‌ی هه‌ڵبژاردوه‌، هه‌روه‌ها سیاسه‌تی جه‌نگخوازی و داگیركاری و برسیتیو بیكاری و ماڵویرانیه‌ك كه‌ سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگای عیَراقی تیا نقومكراوه‌ ، به‌ریتانیاو رۆژئاواش لایه‌نیَكی سه‌ره‌كی خولقاندنی ئه‌و تراژیدیایانه‌ن .بۆیه‌ له‌سه‌ریشیان باجه‌كه‌ی بده‌ن نه‌ك به‌ پیَچه‌وانه‌وه‌ په‌نابه‌ران بنیَرنه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ دژواره‌ی بۆیان خۆلقاندون!
رِووكردنه‌ ژیانی په‌نابه‌ری و هه‌ڵ بژاردنی ئه‌و ژیانه‌ سه‌خته‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ نیه‌ بۆ هاولاَتیانی كوردستان به‌ڵكو ناچاریه‌.
4- ژماره‌ی په‌ناخوازه‌كانی كورد له‌ به‌ریتانیا چه‌نده‌ و چه‌ندیان مه‌ترسی دیپۆرتكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌؟
ئه‌گه‌رچی رِه‌وشی په‌نابه‌ران له‌ دۆخیَكی دژواره‌ وحكومه‌تی به‌ریتانیا به‌ ته‌واوی پشتی له‌به‌ها ئینسانیو یاسا نیو ده‌وڵه‌تیه‌كانكردوه‌ له‌باری مافی په‌نابه‌ریوه‌ كردوه‌، ژماره‌ی په‌نابه‌رانی كورد له‌ به‌ریتانیا روو له‌ زیاد بوونه‌.
تا ئیَستا ئاماریَكی ووردمان له‌به‌رده‌ستا نیه‌ به‌هۆی جیَگۆریَكی په‌نابه‌رانو له‌ هه‌ڵبژاردنی شۆینی ژیان و به‌هۆی هه‌ره‌شه‌ی ناردنه‌وه‌یان كه‌ ناچارن شۆینو زانیاری خۆیان بشارنه‌وه‌ به‌لاَم به‌پیَ ئاماره‌كانی ویستگای سه‌ر سنوره‌كان هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك ژماره‌یه‌ك په‌نا خوازی كورد داوای مافی په‌نابه‌ری ده‌كه‌ن زۆرترینیان له‌رِیَگای لۆریه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ به‌ریتانیا .
تا 2008 نزیك به‌ 8 هه‌زار په‌ناخوازی كورد هه‌ره‌شه‌ی ناردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بوو كه‌ تا ئیَستا ئه‌و ئاماره‌ به‌ هه‌ردوو باردا روو له‌زیاد بوونه‌ له‌لایه‌ك دیپۆرتی په‌نابه‌ران رِوو له‌هه‌ڵكشانه‌ و له‌لایه‌كی تر وه‌لاَمی نیگه‌تیڤیش به‌داوا خوازی په‌نابه‌ری رِوو له‌ زیاد بوونه‌.

 

           

 

08/07/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com